ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل; دەرفەتەکانی بەردەم دیپلۆماسی و شەڕ
بارام مەجید خان

بەرایی
شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دیاردەیەکی مێژوویی بوو. بۆ یەکەم جار ئێران و ئیسرائیل ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە. لەگەڵ ئەوەی مێژوویەکی دوور و درێژ ئەو دوو نەتەوەیە پێکەوە گرێ دەدات. بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی ئێران و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران و وڵاتانی جیهان لە لایەکی دیکە تێکچوو. تا لە ١٣/٦/٢٠٢٥ پەیوەندی ئەم دوو وڵاتە لە ئەنجامی هێرشێکی کتوپڕی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چووە قۆناغی ئەوپەڕی خراپی. بۆ ئێران شەڕی دوازدە ڕۆژە دەربڕینێکی گونجاوە بۆ ئەو دۆخە تایبەتەی کە هاتە پێشەوە، هەرچەندە ئێران بە فەرمی دۆخی شەڕی ڕانەگەیاند. بەڵام ئەوەی ڕوویدا ڕاگەیاندنی شەڕ بێت یا خود ئۆپەراسیۆنێکی سنوورداری ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دۆخەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
لەبەر ڕۆشنایی چەمکی “کێشە و ململانی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و زانستی سیاسی” کە بە چەمکی” Conflict ” ناسراوە ئەم لێکۆڵینەوەیە بەرەوپێش دەبەین. گریمانەی سەرەکی ئێمە لەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە:
ئایا دیپلۆماسی یاخود شەڕ کامیان دەتوانێت کێشەکانی ئێران چارەسەر بکات؟ هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرسیارە سەرەکییە چەندین پرسیاری دیکە ئاوێتەی لێکۆڵینەوەکە دەبێت وەک: ئایا بەردەوامی دۆخی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی پێدێت؟ یاخود حکومەتی ئێران توانای بەرگریکردنی لە خۆی هەیە؟ ئایا بەردەوامی ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت؟ چۆن؟
لە کاتی ئەنجامدانی ئەم لێکۆڵینەوەیە هێشتا کڵپەی ئاگری ڕووداوەکان خامۆش نەبووبوو، ئەمەش وامان لێدەکات کە کۆمەڵێک پرسیاری سەرەکی و لاوەکی بەرۆکی لێکۆڵینەوەکە بگرێت و هیچ چارەیەکمان بۆ نەهێڵتەوە جگە لەوەی وەڵامیان بدەینەوە. پرسیارگەلێک لە چەشنی ڕەهەندەکانی کێشەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا و هەروەها کێشە بونیادییەکانی وەک: ئابووری و کۆمەڵایەتی و کێشەی پێکهاتە و داهاتووی ئەزموونی حوکمڕانی لە ئێران و ئیسرائیل. چەندین بابەتی تری نێودەوڵەتی و ناوچەیی کە پەیوەندییان بە کێشەی ڕەوای نەتەوەی فەڵەستینەوە هەیە.
مەودای لێکۆڵینەوەکە پابەندە بە کێشەو ململانێ نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان و ناوچەکە، لە پاشەکشەی ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەی بەرجام (JACOBA) تا ئاگر بەستی بێمەرجی شەڕی داوزدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل. بەڵام لە پێناو ئەوەی خوێنەری ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەگەر پێویستی بە زانیاری زیاتر هەبوو وەک پێشینەی مێژوویی، ئەوا لە پەڕاوێزی لێکۆڵینەکەدا ئاماژەیان پێدەدەین. ڕێبازی لێکۆڵینەوەکە سوود لەسەرجەم ڕێبازەکانی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی وەردەگرێت. بەڵام پابەندی سەرەکی نووسەر لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمە لە پەیوەندی نێودەوڵەتی و زانستی سیاسیدا. بەرمەبنای ئەم تیۆرە شیکاریمان بۆ چەمکی ململانێ و کێشە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتان دەبێت.
گرفتی سەرەکیمان لەم لێکۆڵینەوەیە کەمی لێکۆڵینەوەی هاوشێوەیە لەو بوارەدا. بە تایبەت کە ڕووداوەکان زۆر تازە و کتوپڕ بوون. دەستخستنی سەرچاوەی سەرەکی بۆ ئەم باسە زەحمەت و گرانە. بەڵام لەبەر ڕەگ و ڕیشەرداربوونی کێشەکە سوود لە سەرچاوە دەستی دووەکانی وەک کتێب وەرگیراوە. پشتیوانی سەرەکی لێکۆڵینەوەکە وتار و چاوپێکەوتن و دەستخستنی زانیای بووە لە پێگە باوەڕ پێکراوە جیهانیی و ئێرانییەکانەوە. هەرچەندە ئەوەندەی ڕێڕەوی ئەم باسە شیکاریە بۆ ڕووداوەکان، هێندە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری نەداوە لە لێکۆڵینەوەکەدا. لەبەرئەوەی لە سەردەمی ئێستاماندا بە دەستخستنی زانیاری لە پێگەکانی زیرەکی دەستکرد و پلاتفۆڕمە جیهانییەکان، کارێکی ئاسانە، خوێنەری بەڕێز خۆی دەتوانێت دەستی بگاتە ئەو چەشنە زانیارییانە.
وشە سەرەکییەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە: ڕیالیزم، ململانێ، شەڕی دوازدە ڕۆژە، ئەتۆم، بەرجام
١.دەرفەتی دیپلۆماسی
١.١ ساردخانەی مێژوو
ئێران لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا هەڵگری قوورسترین باری، کێشە و ململانێی سیاسی و ئەمنی بووە. کاتێک وڵاتانی داگیرکەری جیهانی پێیان کەوتە ناو خاکی ئێرانەوە پاشبەندی ئەوە چەندین شەڕ و پاشان ڕێکەوتننامەیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەورووپایی ئیمزا کردووە. کۆێ ئەم پرۆسەیە لە ئێران دوو سەدەی خایاند. ئەو دوو سەدەیە هاوکات بوو لەگەڵ ڕژێمی پاشایەتی قاجار و خانەدانی پەهلەوی لە ئێراندا. لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە سەردەمی کۆلۆنیالیزم ناو دەبرێت. هەرچەندە ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە واتای دەوڵەتی داگیرکراوی سەردەمی کۆلۆنیالیزم خۆی بە دەستەوە نەداوە. بەڵام پەیوەندی ئێران و وڵاتانی ئەورووپا زەمینەی ئەوەی بۆ ئەو وڵاتانە خۆش کرد کە ئارام و لەسەرخۆ ڕەخنە بکەنە ناو دەسەڵاتی ئێران و پەیماننامەی قوورس و جێگەی شەرمەزاری بە سەر گەلی ئێراندا بسەپێنن. بە تایبەت پەیوەندی ئێران و ڕووسیا لە چەندین شەڕی خوێناوی بە دوای خۆییدا هێنا. پرتوگالییەکان، بەریتانییەکان و ڕووس و ئەمریکا بە شێوازی ڕاستەوخۆ دەستوەردانیان لە کاروباری ئێراندا کردووە. کۆی ئەم پەیوەندییە قوورسانەی ئێران لەگەڵ ئەو وڵاتانە چەندین گرفتی بونیادی بۆ حوکمڕانی لە ئێراندا دروستکردووە.[1] ڕێکەوتننامەکان لە نێوان ئێران و ڕووس. ڕێکەوتننامە ئابووری و کولتوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی وەک فەرەنسا و بەریتانیا کە ناڕەزایەتی و نیگەرانی زۆری گەلی ئێرانی بە دوای خۆیدا دەهێنا. دەیانی وەک میرزای شیرازی و سەید جەمالەدینی ئەفغانی کەوتنە دژایەتی کردنی سیاسەتی ئیستعماری. [2] هەموو هەوڵەکانی ئێران بۆ هەستانەوە لە دوای ئیمزاکردنی هەر ڕێکەوتننامەیەک لە ئەنجامی شکسی سەربازیی کۆتایی بەو قۆناغە دەهێنا. جارێکی تر هەمان سیناریۆ دوبارە بووەوە. بینیان شەڕ و پەیماننامەی ئاشتی هیچ ئەنجامێکیان بۆ ئێران نەبووە جگە لە بچووکبوونەوەی ئێران و لە دەستدانی خاکێکی زۆری ئە وڵاتە. دەزگای دیپلۆماسی ئێران لەم دوو سەدەیە هەروا بە هەرەمەکی و بە دوور لە دامەزراوەیی بوون کاری کردووە. وەزارەوتەکان بەبێ هەبوونی هیچ ئەرشیفێکی نیشتمانی دەستاودەستی دەکرد. [3]تا سەردەمی خانەدانی پەهلەویی کە دەسەڵاتیان لە ئێران گرتە دەست کە هاوکات بوو لەگەڵ گەشەی ئابووری و بازاڕی نەوت و جووڵەی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
جارێکیتر ئێران بڕیاری هەستانەوەی دا. خواستی بوونی بە زلهێزی ناوچەیی و پاسەوانی کەنداو. پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ڕێکخست و سوودی لە شەڕی سارد بینی بۆ دەستگەیشتنی بە زانستی ئەتۆمی و خەونی بە دەستهێنانی بۆمبی ئەتۆم. [4]بەڵام گەل هەبوونی بەربەستی زۆر تا ڕوودانی شۆڕشی ئیسلامیی شای ئێران تەنها ئەوەندەی پێکرا بونیادی دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران دروست بکات. شۆڕسی ئیسلامیی بەهەمان ڕێچەکەو و ڕیبازی سەردەمی شای ئێران جارێکی تر پەرەی بە خەونی ئێرانی سەردەمی شا دایەوە. ئێران ڕووبەڕووی بەربەستەکانی وەک گەمارۆی ئابووری و چەندین بڕیاری قوورسی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بووەوە. کە لە ئەنجامدا لە ژێر گوشاری توندی نێودەوڵەتی و باری گرانی گەمارۆکان، توانرا گرنگترین و جەنجاڵیترین ڕێکەوتننامە لەگەڵ شەش وڵاتی جیهانی ئیمزا بکات کە بە ڕێکەوتننامەی بەرجام بە ناوبانگە.[5]
١.٢ بەرجام سەرەتای کۆتایی
بەرجام سەرەتای کۆتاییهاتنی قۆناغێکی دی مێژووی دیپلۆماسی ئێران بوو لە لایەن گەورە بەرپرسانی گرێدەری ئەم ڕێکەوتننامەیە وەک دەسکتەوتی مێژوویی سەیر دەکرا. لەناو باڵی پەڕگیری ئێرانیش دژایەتی دەکرا. لە ئەمریکاش بە هەمان شێوە لە لایەن دەوڵەتی ئۆباما بە سەرەتای سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە سەیر دەکرا. هەروەها لە لایەن کۆمارییەکانەوە بە خراپترین ڕێکەوتننامەی مێژوویی ئەمریکا پێناسە دەکرا. هەر دوو لایەنی دژبەری ڕێکەوتننامەکە هاوئاهەنگ بوون بۆ لەباربردنی ڕێکەوتننامەکە.
ئەگەر پێناسەیەکی ورد لەسەر بنەمای واقعی بۆ چەمکی ڕێکەوتننامەکە بکەین دەگەڕێمەوە بۆ وتووێژی نێوان محەمەد جەواد زەریف و جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. زەریف ئاماژە دەکات کە: ئەم ڕێکەوتننامەیە نە بە دڵی منەو نە بە دڵێ تۆیە. کەواتە ڕێکەوتننامەیە ئەو گرێبەستەیە لە نێوان دوو لایەن کە خواستی هیچ لایەکی بە تەواوی تێدا ڕەچاو نەکراوە. ئەگەر هەر لایەنێک لە لایەنەکانی ڕێکەوتننامەکە هەموو بەرژەوەندییەکانی ڕەچاو کرابێت کەواتە ئەوە ناتوانین ناوی بنێین ڕێکەوتننامە! بەرجام ئەو ڕێکەوتننامەیە بوو لە نێوان ئێران و وڵاتانی(٥+١) کە نە بە دڵی ئەمریکا بوو، نە بە دڵی ئێران. لەم خاڵەوە هەموو کێشەکان بە کراوەیی مانەوە و گرفتەکانی دواتر بەدوایدا دەرکەوتن. نە سیاسەتی ناوخۆی ئێران پشتیوانییەکی ڕاستگۆیانەی لە ڕێکەوتننامەکە کرد و نە ئەمریکاش، بە تایبەت لەسەردەی ویلایەتی یەکەمی دۆناڵد ترامپ، کە خۆشنود بوو بەم ڕێکەوتننامەیە. پاڵنەرەکانی ئەمریکا بۆ کشانەوە لەم ڕێکەوتننامەیە فرە چەشنن. ڕای جیاواز و خوێندنەوەی جیاواز هەیە بۆ ئەو بابەتە. بەڵام بە گشتی ئەو بابەتە پەیوەدنی بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەیە. بەڵام هەم لێکۆڵیارانی ئێرانی[6] و هەم ئەمریکایی لەسەر تەوەرە گشتییەکانی ئەو دەرچوونەی ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەکە هاوتەریبن. جیاواز لەوەی هەندێک، بابەتەکە بە کەسایەتی خودی ترامپەوە دەبەستنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کەسایەتی دۆناڵد ترامپ دەکەن، دەکرێت ئاماژە بە هەندێک خاڵی سەرەکی بدەین کە لە کۆی میدیاکانی جیهانی باس کراون.
- ئەمریکا پێیوابوو کە سنووردارییەکانی ئێران لە دۆسییەی ئەتۆمی بۆ هەمیشە نییە. لە کۆتاییدا ئێران دەتوانێت بە واڵایی دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی. ئەمەش وەک ڕەخنەیەکی قوورس لەو ڕێکەوتننامەیەی کە لە نێوانیان ئیمزا کراوە.
- هاوتەریببوونی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ گەشەسەندی زۆر خێرای بەرنامە موشەکییەکانی ئێران بووە جێی سەرنج و مەترسی ئەمریکا.
- میکانیزمەکانی چاودێران و پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وەزی ئەتۆمی گرفتی زۆریان لە لایەن لایەنی ئێرانی بۆ دروست دەکرا، ئەمەش بووە مایەی نیگەرانی ئەمریکا و وڵاتانی پەیوەندیدار بەو دۆسییەیە.
- ئەمریکا پێیوابوو کە ئێران لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆیدا ڕاستگۆ نەبووە و چالاکی شاراوە و دوور لە چاوی ئاژانسی وزە ئەنجامداوە.
- پەرەسەندن و چالاکتربوونی هێزە بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە و تێکچوونی باری ئەمنی و ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەش هەم ئەمریکا و ئیسرائیلی لە ناوچەکە هەراسان کردبوو. دەبوایە سنوورێک بۆ ئەم چالاکیانە دابنرێت.
- هەرچی پەیوەندی بە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکاشەوە هەبوو، سەرۆکی ئەمریکا خوازیاری سڕینەوەی میراتی باراک ئۆباما بوو لە ناوچەکە. لە ئەنجامدا ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا بە فەرمی لە ڕێکەوتننامەکە کشایەوە. ئەمەش وەک خاڵی وەرچەرخان بۆ ئەمریکا و ئێران و ڕەنگڕێژ کردنەوەی سیاسەتی ناوچەکە بە تایبەت و جیهانیش بە گشتی بوو.
١.٣ میراتی قاسم سولەیمانی
قاسم سولەیمانی کاریزماتیکترین جەنڕاڵی بێ ئەستێرەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، کە جگە لە کاریگەری سەربازی لە ناوچەکە، شوێنەواری کارە سیاسییەکانیشی بە جەستەی ناوچەکە و حکومەتی ئێرانیشەوە دیاربوو، دۆست و دوژمنانی سولەیمانی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە کاریگەرترین فەرماندەی سەربازیی ئێران بوو، کە لە پاش کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق دەرکەوتبوو.[7] ڕای جیاوازی ناوخۆیی و دەرەوە لەسەر ئەم کەسایەتییە هەیە. لە لایەک ئەو وەک باوکی سەربازی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە ناوزەد دەکەن. کە بە سیاسەتەکانی هانی ئەمریکا و ئیسرائیلی دەدا کە لە خەوی زستانە وەخەبەریان بهێنی و دەستی ئەوانی واڵا کرد، بۆ دوژمنایەتییەکی بێوێنە لە مێژوودا دژ بە ئێران.[8] لە لایەکی ترەوە سولەیمانی وەک کەسایەتییەکی سەربازی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز لە ناوخۆی ئێران لە بەرژەوەندی باڵی تونڕەو و پەڕگیر لە ناوخۆی ئێران. ئەو دوژمنی سەرسەختی سعودییەکان بوو لە ناوچەکە. پەروەردەی مەدرەسەی کلاسیکی مەزهەبی بوو لە ئێران. ئەو کتێبانەی لە هەمیشە لەگەڵ خۆی هەڵی دەگرتن کتێبی دوعا و نزای ئایینی بوون.
لە ڕووی سەربازییەوە توانیبووی ئیسرائیلییەکان بخاتە ناو گەمارۆیەکی بێ وێنە لە ناوچەکە. لە لایەک حیزبوڵڵای لوبنان و لە لایەکی تر پڕچەک کردنی گرووپە جیهادییە فەڵەستینییەکان لە غەزە. ئەو باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سووریا هەبوو. لە پاش ئیمام موسا سەدر ئەو توانیبووی گەرای ئایدیای ئێران لە ناوچەی شام و لە ڕێگەی سوورییەکانەوە دابنێت. کوژرانی قاسم سولەیمانی سەرەتای وەرچەرخانێکی گەورەبوو لە گۆڕانکارییە ڕیشەییەکانی دواتری ناوچەکە. ئێران گورزێکی کەمەرشکێنی بەرکەوت. بۆشایی نەمانی قاسم سولەیمانی گاپێکی گەورەی هەم لەسەر ئاستی فەرماندەیی باڵا لە ئێران دروستکرد، هەم هەناسەیەکی قووڵی بەخشی بە نەیارەکانی کە چیدی دەتوانن ئاسوودەتر لە ناوچەکە هەنگاو بنێنن. ئەم قۆناغە سەختەی کە ئێرانی پێدا تێپەری لە هەڵکشانی گرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام هیچ هەوڵێکی دیپلۆماسی و لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی نەیان توانی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ سازش دەستەبەر بکەن.
١.٤ سەڵتەنەتی عومان وەک ناوبژیوان
لە نێوان کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و گرژییەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئێران لە ئەمریکا و گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەرخاکی عێراق و سووریا و هێرشی نمایشی و دیزاین و کۆنترۆڵکراوی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و خولی دووەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا، بوونە بنچینەی خولێکی وتووێژی قوورس لە نێوان ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
سوڵتان نشینی عومان وەک ناوبژیوانی گەڕێکی دیکەی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیشەوە پێشوازی لێکرا. ئامانجی ئەم وتووێژانە هەم دەستگرتن و پابەندبوون بوو بە ڕێگەچارەی دیپلۆماسی و هەم ئامانجی گەیشتن بوو بە ڕێکەوتنێکی بونیاتنەر کە هیچ کام لە لایەنەکانی دانوستان هەست بە خەسارەتی گەورە نەکەن. چوارچێوە و فۆرمی دانیشتنەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بوو کە لە لایەن ئێرانەوە پێداگری لەسەر دەکرا. پێنج خولی دانیشتنە ناڕاستەوخۆکانی عومان کە لە لایەن ویکتاف نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و عەباسی عێراقچی بەڕێوە دەبران لەسەرەتاوە ئومێدی زۆری بۆ چارەسەری کێشەکان دروستکرد.[9] بەڵام پاشان گەیشتن بە ئاستی قووڵی چەقین لە دانوستانەکان. ئێران دوو ئامانجی سەرەکی هەبوو. بەدەستهێنانی کاتی زیاتر بۆ خۆیی و دەسگرتن بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆی کە لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم خۆی دەبینییەوە. لەگەڵ ئەوەی کە ئێران ڕەزامەندی تەواوی هەبوو بۆ ئەنجامدانی گەری نوێی دانوسان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر عومان ڕۆڵی بەنرخی بینیبوو لە ڕێکەوتننامەی بەرجامی (٢٠١٥). لەبەر ئەو هۆکارە سەڵتەنەی عومان شەخسیەتێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی باشی هەبوو لە بەڕێوەبردنی دانوستانەکان. پەسەندکردنی ناوبژیوانی عومان بڕیارێکی ستراتیژیک بوو بۆ هەر دوولا. بەڵام کێشەکان هەمان کێشەی جاران بوون لە بەرگێکی نوێدا، کە ئومێدی بە هەردوو لا دەبەخشی کە بگەنە ئەنجامی دڵخۆشکەر. بەڵام دوای پێنج خولی دانوستان دوبارە هەمان بنبەست و کۆڵانی داخراو لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی ئێران دروستبوو. داواکارییەکانی هەردوولا خول لە دوای خولی دانوستانەکان بەرزتر دەبوونەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی دانوستانەکانی عومان دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتی خودی دۆناڵد ترامپ. ترامپ کەسایەتییەکی سەوداگەری واقیعگەرایە. دەستکەوتی کورت خایەنی لە دەستکەوتی درێژخایەن لەگەڵ ئێران پێ پەسەندتر بوو. لە هەمانکاتدا ئێران بە چاوی فرسەت و ئەزموون دەیڕوانییە دانوسانەکان. هیچ سیگناڵ و ئاماژەیەکی دیاریکراوی نەدا بە ئەمریکا کە پێشوەختە ئامادەی سازشکردن بووبێت لەسەر بنەماکانی خۆی. ئەم دیپلۆماسیەتە بە دیپلۆماسیەتی “هاوسەنگی لە مامەڵە” ناونرابوو.[10] لە ڕاستیدا دانوسانەکانی عومان هەم بۆ ئەمریکا و هەم بۆ ئێران، مەیدانی تاقیکردنەوەیەکی بەهێزبوون، بۆ ئەوەی هەردوولا بە باشی لێکتێبگەن کە ئایا دیپلۆماسی بۆ چارەسەری کێشەکان مومکینە؟ یاخود نا. دوو هۆکاری زێدەباری گرفتی دانوستانەکان شکستی ئەو خولەی نێوان ئێران و ئەمریکای پێشخست. یەکەمیان: ئیسرائیل دووەمیان: ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بوون. کە هیچ کام لەم دوو لایەنە ڕۆڵی ئەرێنیان لەسەرکەوتنی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیان نەبینی. لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران کە هێشتا دانوسانەکان بە فەرمی کۆتایی پێ نەهاتبوو.
٢. شەڕ و سەپاندنی ئاشتی
٢.١ ئاهەنگی سوور
لەگەڵ دەستپێکی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرش کرایە سەر فەرماندە سەربازییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەو هێرشە دەکرێت شیکاری وردی بۆ ئەنجام بدرێت. ئیسرائیلییەکان هەمیشە کەسە گرنگ و پلە یەکەکانی نەیارەکانی خۆیان دەکەنە ئامانج. ئەوەی کە لە ئێران بە “شەڕی ساختاری “یا خود شەڕی پێکهاتە و دیواری فەرمانڕەوایی نەیارکان ناودەنرێت. کاتێک گورزی کوشندە بەر کۆی سیستەم و فەرمانڕەوایی دەکەوێت، چیدی کۆنترۆڵکردن و ئاڕاستەکردنی هێرشەکان بۆ سەر دوژمن ئاسان نابێت. وەک بینرا و لە میدیا فەرمییەکانی ئێران و لە زاری بەرپرسە باڵاکانی ئاماژەی پێدرا، لە چرکەساتی هێرشی یەکەمی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەوان توانای بەرگری لە خۆکردن و بەرپەرچدانەوە زۆر لاواز بوون.[11] لە دەستدانی کەسانی یەکەمی بەرەی شەڕ بۆ هەر دەوڵەتێک کارێکی ئاسان نییە. ڕووی شاراوەی بابەتەکە ئەوە بوو، کە چۆن ئیسرائیل توانیبووی بەو ڕادەیە ڕەخنە بکاتە ناو باڵاترین دەسەڵاتی سەربازیی و ئەمنی ئێران و چرکە بە چرکە چاودێری کراون. ئیسرائیل پێشبینی ئەوەشی کردبوو کە بەرپەرچدانەوەکانی ڕۆژانی کۆتایی شەڕ موشەکەکانی توانای وێرانکاریان بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرزبوونەوەدا بوو. میدیاکانی فەرمی ئیسرائیلیش قسوریان نەکرد لەوەی کە ئەو هێرشانەی ئێران بۆ سەر ناوەندی وڵاتەکەیان بۆ ڕای گشتی جیهانی بخەنە ڕوو، کە بە چ ڕادەیەک هێرشەکانی ئێران وێرانکاری بۆ سەر وڵاتەکەیان دروستکردووە. میدیای شەڕی ئیسرائیل توانیان سۆزی وڵاتانی جیهان بە لای خۆیان ڕابکێشن. لە میانەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران “ستراتیژی خۆپارێزی تۆڵەگەرانەی” [12] پەیڕەو دەکات. ئەم ستراتیژە خۆی لە دوو جەمسەری کشانەوە لە NPT و هاوکات کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسی دەکاتەوە، تاوەکو لەم ڕێگەیەوە بتوانێت ئاڕاستەی شەڕی هەمەلاینە بگۆڕێت بۆ ‘دیپلۆماسی سەوداگەرانە’.[13]
٢.٢ خەسارناسی شەڕ
بە پێی ئەوەی کە ئیندیپێندێت ئاماژەی پێداوە، کە شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل نزیکەی ١١٩٠ لە دانیشتوانی ئێران کوژراون و زیاتر لە ٤٤٧٥ کەس بریندار بوون. لە بەرامبەردا نزیکەی ٢٨ کە لە تەل ئەبیب و بیئر ئەلشەبع کوژراون و نزیکەی ٣٠٠٠ ئیسرائیلی بریندار بوون وەک تایمزی ئیسرائیل ئاماژەی پێداوە.[14] هەرچەندە ژمارەی کوژراو و بریندار لە شەڕدا نیشانەی سەرکەوتن نییە، بەڵام ئایا ئیسرائیل توانی ئامانجەکانی خۆی لە ئێران بپێکێت؟ ئیسرائیلییەکان پێێانوایە کە توانیویانە بنکە سەرەکییەکانی سوپای پاسداران و فەرماندە باڵاکان و چەندین زانای ئەتۆمی ئێران بکەنە ئامانج. هەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشە پێیانوایە کە سەرکەوتووی شەڕ ئەوانن، چونکە ئیسرائیل نەیتوانییوە بگاتە ئامانجی خۆی کە لەناوبردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە. لەگەڵ ئەوەی شەڕەکە، شەڕێکی کراوەی درێژ خایەن نەبووە، بەڵام لە ئەگەری درێژەکێشانی شەڕ و گەیشتنی شەڕ بۆ کەناراوەکان ئەوا ئیسرئیلییەکان تووشی کورتهێنان دەبوون. بە بڕوای زۆرێک لە شیکارە سەربازییەکان توانای سەربازیی ئێران لەسەر دەریا باڵادەستی بەرچاوی پێوە دیارە. ئێرانییەکان لە مێژووی خۆیاندا ئەزموونی شەڕی درێژخایەنییان هەبووە. بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکان دەکرا ئاڕاستەی شەڕ بە بارێکی نادیار و تاریکدا ببات. لە شەڕی دوازدە ڕۆژە توانرا بارودۆخەکە کۆنتڕۆل بکرێت و تەشەنە نەکات بۆ وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە.
٢.٣ میوانی ناوەخت
ئیسرائیل سەرکەوتوو بوو لەوەی توانی ئەمریکا تێکەڵ بە شەڕی دوازدە ڕۆژە بکات. بەبێ لێدانی ئەمریکا لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئیسرائیل هیچ کات لە تواناییدا نەبوو کە ئەو ئامانجانە لەناو ببات، بەبێ هاتنەناوەوەی ئەمریکا. هێرشەکانی ئیسرائیل [ڕاستە توانی خەسارەی گیانی و ماڵی زۆر بخاتە ناودەستی ئێران]، بەڵام ئامانجی سەرەکی خۆی نەپێکا کە سنووردارکردنی ئێران بوو، لە بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، کە بیانووی سەرەکی هێرشەکان بوو بۆ سەر ئێران. ئۆپەراسیۆنی ‘چەکوچی نیوەشەو’ فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی b-52 ی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە تەتۆمییەکانی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان ئەنجامیاندا، کاریگەری زۆری بۆ سەرکوتکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بەجێهێشت. ئەو هێرشانە مەودای شەڕی درێژخایەنی ڕاگرت. هێرشەکان کۆی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەکردە ئامانج. ئەو دامەزراوانە خەرجییەکی دارایی ئێجگار گەورەی لەسەر ئێران داناوە. بەڵام توانییان کە بۆ ماوەیەکی نادیار دەستی ئێران لە دوبارە پیتاندنی یۆرانیۆم کۆتا بکەن. دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران وەک جەواد زەریف ئاماژەی پێداوە نزیکە ٥٠٠ میلیارد دۆلار لەسەر ئێران کەوتووە.[15] بەبێ ئەوەی یەک گڵۆپی کارەبا لە ئێراندا بە وزەی ئەتۆمی ئیش بکات. ئەگەر ئەو زیانانەی کە بەر ئێران کەوتووە لە ئەنجامی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران کە بە هۆکاری دۆسییەی ئەتۆمی بووە، بە نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت. لە ئێستادا و لە دەرهاویشتەکانی شەڕی دوازدە ڕۆژە لەسەر ئێران و گەمارۆکانی سەر ئە وڵاتە، خەزێنە خاڵیە و توانای کۆنتڕۆڵکردنی سیاسەتی دارای و پێشگیری لەو هەڵاوسانە مێژووییەی کە توشی بووە ، لە دەستداوە و لە چاوەڕوانی داڕمانێکی ئابووری قوورسدایە.
٢.٤ ئاگری ژێر خۆڵەمێش
سەرۆکی ئەمریکا ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکای بۆ گەلی ئەمریکا و خەڵکی جیهان خستەڕوو.[16] لەو بڵاوکراوەی کۆشکی سپی ئێران بە هێزی سەرەکی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە ( ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ) ناوزەد دەکات. پێیوایە کە ئێران زۆر لاواز بووە. کردەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران و ئۆپەراسیۆنی چەکوچی نیوەشەو بە ڕادەیەکی بەرچاو توانیویەتی توانای ئەتۆمی ئێران پەک بخات. تێگەیشتنی باو لە ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئەوەیە کە چیدی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمریکا گرنگی نەماوە و ئەولەویەتی یەکەمی دەوڵەتی ئەمریکا و سەرۆک ترامپ نابێت. بەڵام تێگەیشتنی قووڵ بۆ ئەو بابەتە ئەوەیە کە؛ ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکە لەگەڵ خۆپاراستنی ئەمریکا لە شەڕی درێژخایەن کە زەمینە بۆ شەڕی جیهانی دروست بکات لە بەرنامەدا نییە. بەڵام ئەمریکا لە ڕێگەی بریکارە دەوڵەتییەکانی وەک ئیسرائیل و سعودیە و وڵاتانی کەنداو پلانەکانی خۆی بۆ ناوچەکە بەرەوپیش دەبات. ئەمریکا وازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران نەهێناوە، بەڵام خۆی لە شەڕی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت. ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە ئەگەری خولی دووەمی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کۆتایی پێهاتبێ. وەک ئەدمیرال بارد کۆپەر Admiral Bard Cooper فەرماندەی سێنتکام لە وتارێکی بۆ سوپای ئەمریکا ئاماژە دەکات؛ ئێمە توانیومانە تا ڕادەیەکی زۆر توانیومانە هێزی ستراتیژیکی ئێران لە ناوچەکە لاواز بکەین بەڵام نەمانتوانیوە هێزی تاکتیکی ئێران لاواز بکەین. مەبەست لە هێزی ستراتیژیک دەسەڵات و نفوزی ئێرانە لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین و یەمەن و عێراق. بەڵام هێزی تاکتیکی ئێران لە بنچینەدا چەند ڕووخسارێکی هەیە. وەک توانی موشەکی ئێران و کاریگەری ئێران بە سەر بریکارەکانی خۆی لە ناوچەکە و بەتایبەت توانی ئێران لە دوبارە ڕێکخستنەوەی ئەو هێزانە کە مەترسین بۆ سەر ناوچەکە. وەک چۆن هێشتا داعش لە ناوچەکە هەر ماوە و توانای دوبارە خۆڕێکخستنەوەی ماوە.
ئەمریکا چیدی دانوستان لەگەڵ ئێران ناکات. بەڵکو داواکانی خۆی پێشوەختە بە پەیامبەرەکانی خۆی بۆ ئێران دەنێرێت و دەیانسەپێنێت. کرۆکی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سێ خاڵی جەوهەری خۆی دەبینێتەوە.
یەکەم: ئەوەی ئەمریکا داوای دەکات بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە کە دەبێت بۆ هەمیشە لە کار بخرێت و توانای پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەستی نەمێنێت. بەڵام بە پێچەوانەوە ئێران دەستبەردای بەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆی نابێت و لە ئێستا و لە داهاتوو دۆسییەی ئەتۆمی خۆی بەرەوپێش دەبات. ئەمە خاڵی بنچینەیی کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێرانە لە ناوچەکە.
دووەم: ئەمریکا خوازیاری کۆنتڕۆڵکردن و سنوورداکردنی توانا موشەکییەکانی ئێرانە، بەڵام ئێران بە پێچەوانەوە پێێوایە ئەمریکا مافی ئەوەی نییە کە سنوور بۆ ئێران دابنێت لە بەرەوپێشبردنی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە.
سێیەم: ئەمریکا خوازیارە دەستی ئێران لە ناودەستی بریکارەکانی لە ناوچەکە کۆتا بکات و بۆ هەمیشە ئەو هێزانە لە کاریگەری دانان بەسەر سیاسەتی دەوڵەتانی ناوچەکە کۆتا بکات. بە تایبەت حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس و حەشدی شەعبی و حوسییەکانی یەمەن. هەرچەندە لە پێش و پاش شەڕی دوازدە ڕۆژە هەموو ئەو هێزانە بێجگە لە حەشدی شەعبی گورزی کاریگەریان بەرکەوتووە، بەڵام ئێران لە هەوڵی دوبارە ڕێکخستنەوەی ئەو هێزانەوەیە. ئەمەش ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە بێزار دەکات. ئەم سێ هۆکارە هەموو ئەگەرەکان لە بەردەم خولێکی دیکەی دانوستانی پیش شەڕ و شەڕێکی یەکلاکەرەوە لە ناوچەکە بە کراوەی دەهێڵێتەوە.
٣. ململانێی ناوچەیی و کاریگەری ناوخۆیی
٣.١ تەلئەبیب ناخەوێت
ڕاپرسییەکانی کە لە ناوخۆی ئیسرائیل ئەنجامدراون دەریدەخەن کە زۆرینەی ئیسرائیلییەکان پشتیوانی لە کردە سەربازییەکانی حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ دەکەن. لە کاتێکدا سەرکردایەتی ئێستای ئیسرائیل نوێنەرایەتی پەڕگیرترین حکومەتی مێژووی ئیسرائیل دەکات. حکومەتی دووەمی ناتانیاهۆ هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی پلانی پێشوەختە دژی نەیارەکانی هەنگاوی نا. ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر شکستێکی قوورس بۆ کابینەکەی ئێستا. فەشەلێکی ئەمنی و هەواڵگری بوو بۆ ئیسرائیل. هەر زوو حکومەت تاوانبار کرا بە فەشەلی بەڕێوەبردنی وڵات. ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ ناوچەکە پەرەپێدا کە بتوانێت فەشەلی سەرکردایەتی ئەو وڵاتە ڕاست بکاتەوە و وەک سەرکەوتووی شەڕی مێژووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران و بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە خۆی نمایش بکات. کابینەی شەڕی ئیسرائیل ئامانجی ئەوەی هەبوو کە هێڕش بکاتە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران و گورزی کاریگەر بوەشێنێت لە توانای موشەکی ئێران و دورخستنەوەی سەرکردە سەربازییەکانی ئێران بە لێدان لە بارەگاکانیان و شوێنی حەوانەوەیان. لە ڕوی ستراتیژی ئابوورییەوە بۆ ناوخۆی ئیسرائیل چاوی لەسەر “زنجیرەکانی دابینکردنی وزە” و پارێزگاریکردن لێیان لە کاتی ڕوودانی شەڕ پاراستنی ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە.
ستراتیژی سەربازیی و بەرگری ئیسرائیل پشتی بە چەند پلانێکی تۆکمە بەستووە کە دەکرێت ئاماژە بە بنچینە سەرەکییەکانی بکەین: هێرشی پێشدەستانە بۆ سەر ئێران و لاوازکردنی توانی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، تۆکمەکردنی سیستەمی دژە موشەکی دژ بە هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر خاکەکەی. ستراتیژی هێرشکردنە سەر زانا ئەتۆمییەکان و کەسە دیارە سەربازییەکانی ئێران هاوکات بەرپاکردنی شەڕێکی نەفسی و دەروونی لە ڕێگەی میدیاکانی ئەو وڵاتە و میدیا سێبەرەکانی لەسەر ئاستی جیهانی بە تایبەت بەکار هێنانی میدیان ئۆپۆزسیۆنی ئێران بۆ ئەو ئامانجە.
لە ڕووی دیپلۆماسیشەوە ئیسرائیل چەند ئامانجێکی وردی پەیڕەو دەکرد لە کاتی شەڕەکەدا لەوانەش: جیاکاری لە نیوان خەڵک و حکومەتی ئێران لە پەیامەکانی ناتانیاهۆ بە ئامانجی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی ناوخۆیی و گۆڕینی ڕژێم لە لایەن خەڵکی ئێران خۆیەوە. ئیسرائیل و بە ئاشکرا دیسکۆرسی خۆی لە دوژمنایەتی عەرەبەوە گۆڕیوە بۆ دوژمنایەتی ئێران. ئەمەش خاڵیکی گرنگە کە کەمتر بیرمەندان و شیکارە سیاسی و سەربازییەکان ئاماژەیان پێداوە. ئیسرائیل بە گشتی دوو ئامانجی سەرەکی پەیڕەو دەکات لە دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە.
یەکەم: گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی درێژخایەن و پایەدار لە ناوچەکە لە چوارچێوەی پەیمانی ئیبراهیمی.
دووەم: لاوازکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە.
٣.٢ شەوگاری تاران
هێرشەکانی ئیسرائیل کاریگەری بەسەر تارانی پایتەختەوە بە قوورسی بەجێهێشت. هێرشی بەردەوام. چوڵبوونی بەشی زۆری دانیشتوانی تاران بارگرانی زۆری خستە سەرشانی حکومەت. لە ماوەی شەڕدا حکومەتی ئێران لە مەشهەدی سیاسی و سەربازی دیار نەمابوو. لە هەمانکاتدا چاوەڕوانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەرهەڵدانی جەماوەری خەڵک تووشی شکست هات و خەڵکی ئێران وەک سروشتێکی مێژووی کولتووری ئەو وڵاتە بێدەنگییان هەڵبژارد تا کۆتاییهاتنی شەڕەکە. لە مێژووی ئێراندا ئەوە یەکەم شەڕی ئەو وڵاتە بوو کە خەڵکی ئێران بە هیچ شێوەیەک دەرفەتی بەشداریکردن و پارێزگاریکردن لە وڵاتی خۆیان نەبوو. شەڕی ئەلیکترۆنی و ساروخی دەرفەت بۆ بەشداری خەڵکی سڤیل بۆ بەرگریکردن لە وڵاتی خۆیان ناهێڵێتەوە. لە کاتی شەڕدا هیچ شێوازێک لە دەربڕینی ناڕەزایەتی گشتی لە ئێران بەدینەکرا، ئەمەش وەک خاڵێکی بەهێز بوو بۆ ئێران کە توانی بەرگری لە بوونی خۆی بکات و خۆی بە سەرکەتووی شەڕ بزانیت. بەڵام بەپێی هەندێک لەو سەرکردە سیاسییەکانی وەک دکتۆر حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران [کە ئێستا وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ناوخۆیی خۆی نمایش دەکات.] پێیوایە کە سەرکردە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئێران لە هەڵسەنگاندی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زانیاری نادروستیان بە سەرکردایەتی سیاسی ئەو وڵاتە داوە و پێێانوایە کە هێرش ناکرێتە سەر ئەو وڵاتە. هەر بۆیە لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکان سەرکردە سەربازی سیاسییەکانی ئێران لە ڕۆژانی یەکەمی شەڕەکەدا تووشی شڵەژان و دەستەوەستانی بوونەوە، هێرشی بەرپەرچدانەوە لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرا. بەڵام لە کۆتا ڕۆژەکانی شەڕەکە ئێران توانی هاوسەنگی بۆ هێزەکانی بگێڕێتەوە.
ئەنجام:
شەڕ گۆڕەپانێک نییە بۆ تەسلیمبوون و دانوستانیش مەیدانێک نییە بۆ ڕەزامەندی. ئەمە ئەو دۆخەیە کە دۆسییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستی لەخۆگرتووە. بونیاتنانی داهاتوویەکی ڕووناک بۆ ناوچەکە کاتێک دەستەبەر دەبێت کە بە قووڵی لە ڕابردووی ناوچەکە بڕوانین و داهاتوو دەستەبەر بکەین.
لە پاش ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتە ناو تۆفانێکی جیۆپۆلەتیکی ترسناک. دەرگاکانی جەهەننەم لە چەندین بەرەوە کرانەوە. شەڕێکی خوێناوی کۆی ناوچەکەی گرتەوە. ئێران سەنتەری ڕووداوەکان بوو. غەزە و بەرەی موقاوەمە، گیانبەخشەکانی ئەو شەڕە خوێناوییە بوون. ئیسرائیل ئامانجی بە دەستهێنانی ئاشتییە لە ڕێگەی هێزەوە و لاوازکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. هاوشان هیچ ئاماژەیەکی ڕوون بۆ گۆڕانکاری بونیادین لە سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە بەدی ناکرێت. هەردوو ڕێڕەوی ئاشتی و شەڕ بە کراوەیی ماونەتەوە. ئێران کارتەکانی بۆ ئەنجامدانی دانوسانێکی هاوسەنگ و ڕێز لێگیراو لەدەستداوە. ئەمریکا لایەنی سەرەکی پرۆسەی ئاشتی و یەکلاکەرەوەی شەڕە لە ناوچەکە. دۆسییەی ئەتۆمی چیدی ناتوانێت وەک کارتێکی دیپلۆماسی بەهێز بەکار بێت. گەورەترین هەڵەی ستراتیجی ئێران لە مێژووی کاری دیپلۆماسی خۆیدا، کاتێک ڕویدا کە لەگەڵ ‘ترۆیکای” ئەورووپی’ نەگەیشتە ڕێکەوتن و پەلکێشی ئەمریکا و ڕووس و چین کرا بۆ دانوسانەکان لەگەڵ ئێران و لە کۆتاییدا دۆسییەکەی دۆڕاند. ئەوەی هەیە پەرەپێدانی توانا سەربازیی و موشەکییەکانی خۆیەتی بە هاوکاری چین و ڕووسەکان کە گومان لە پشتیوانی بەردەوامی ئەوانیش دەکرێت بۆ پاڵپشتی ئێران. بژاردەی شەڕ ئەگەرێکی کراوە و نزیکە. ئیسرائیل لە پاش وەستانی شەڕ لەگەڵ ئێران ئەوانیش خەریکی خۆسازدانەوەن بۆ خولێکی دیکەی شەڕ لە پێناو دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی کۆتایی شەڕ.
[1] محمد جواد زریف. زمستان ١٤٠٣ ڕاهبرد وفاق برای تامین امنیت ملی مبنی بر ڕویکرد تاریخی بە مسائل امنیت ملی ایران. معاونت ڕاهبردی ڕئیس جمهور. شمارە مسلسل ٨٩١ – کد گزارش: ١١/١٤٠٣
[2] ادوارد براون. ١٣٨٠ انقلاب مشروطیت ایران. مترجم: مهری قزوینی. ناشر: انتشارات کویر. تهران
[3] یرواند ابراهامیان. ١٣٨٩ تاریخ ایران مدرن. مترجم: محمد ابراهیم فتاحی. انتشارات: نشر نی. چاپ چهارم تهران
[4] جان قزوینیان. ١٤٠٠ – تاریخ ڕوابط ایران و امریکا. مترجم: سعید عدالت جو، علی فیض اللهی. نشر: کتابستان، تهران
[5] بەرجام یا بە فارسی برجام ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو کە لە نێوان ئێران و وڵاتان ٥+١ لە سالی ٢٠١٥ ئیمزا کرا. بەرجام کورتکراوەی دەقی ڕێککەوتننامەکە بوو بە فارسی کە تێکستە ئینگلیزیەکەی Joint Comprehensive Plan of Action (JCPOA) لە لایەن جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئیران بەکارهات.
[6] جواد شریفیان، سعید مرادی فر، عسکر صفری. ١٤٠٣ فصلنامە علمی امنیت ملی. سال دوازدەهم. شمارە ٤٩ مقالە ششم
[7] https://www.britannica.com/biography/Qassem-Soleimani
[8] فایلی دەنگی جەواد زەریف لە یوتیوب کە دزەی پێکراوە. https://www.youtube.com/watch?v=Q-J8QuYE5vI
[9] https://www.rte.ie/news/world/2025/0412/1507252-iran-us/
[10] ارش ڕضایی. ١٤ اردیبهشت ١٤٠٤ مذاکرات ایران و آمریکا در عمان، گامی به سوی دیپلماسی یا نبرد ارادهها؟ http://www.irdiplomacy.ir/fa/news/2032610
[11] ماجرای جنگ دوازدە ڕوزە. گفتگو با قالیباف. ٢ مهر ١٤٠٤ https://www.youtube.com/watch?v=6El8LmRvWTY
[12] Deterrance through retaliation
[13]extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://www.grc.net/documents/68527c604ba00StrategicandPoliticalImplicationsforIsraelandIran2.pdf
[14] https://www.independent.co.uk/news/world/middle-east/israel-operation-red-wedding-iran-war-b2778097.html
[15] گفتگۆی جەواد زەریف لە گەڵکەناڵی جەزیرە کە ماڵپەری تابناک بڵاوی کردوەتەوە. https://www.tabnak.ir/fa/news/1346230
[16] extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://www.whitehouse.gov/inc/uploads/2025/12/2025-National-Security-Strategy.pdf
كوردی

