ڕێگە لە ئێران نەگیراوە؛ تاران و واشنتۆن و ئەو شکستانەی بوونە هۆکاری شەڕ
نووسینی: وەلی نەسر*
وەرگێڕان و ئامادەکردن: ئارام مەحمود
شەڕی دوانزە ڕۆژەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، کە ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی ئێران بەشدار بوو، لوتکەی چوار دەیە بێ متمانەیی، دژایەتی و ڕووبەڕووبوونەوە بوو. کۆماری ئیسلامیی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە 1979 بەردەوام بووە لە دژایەتی ئەمریکا و ئەمریکاش بەردەوام گوشاری زیاتری خستووەتە سەر تاران.
پێشتریش ئێران و ئەمریکا لە ململانێی ڕاستەوخۆ نزیکبوونەوە. ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ سەکۆی نەوتی دەریایی و کەشتییە دەریاییەکانی ئێرانی تێکشکاند و دواتر بە هەڵە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئێرانی خستە خوارەوە. ئێران ئەو کردەوانەی بە شەڕێکی ڕانەگەیەنراو لێکدایەوە، بەڵام هەر زوو سەرنجی واشنتۆن ڕووی لە عێراق و شەڕی کەنداو کرد. لە هەمان کاتیشدا دوژمناییەتی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوام بوو. کوژرانی قاسم سولەیمانی ژەنەراڵی ئێرانی ساڵی ٢٠٢٠، ململانێی نێوان ئەو دوو وڵاتەی گەیاندە لوتکە، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمساڵ بە هاویشتنی دەیان مووشەکی کروز و بۆمبی 30 هەزار تەنی سێ شوێنی ناوەکی ئێرانی کردە ئامانج.
ئێران لە مێژە ئەمریکای وەک دوژمنی سەرەکی خۆی، شەیتانی گەورە داناوە، کە بە پشتیوانی لە کودەتایەکی سەربازی ساڵی ١٩٥٣ سەربەخۆیی وڵاتەکەی تێکدا و ڕژێمی پاشایەتی هێنایە سەر تەخت. ساڵی ١٩٧٩ سەرکردەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران نیگەران بوون لەوەی ئەمریکا بەردەوام بێت لە دەستوەردان لە ئێران و ڕێگری لەو گۆڕانکارییە گەورەیە بکات کە لە ئارادایە. کۆماری ئیسلامیی بۆ ڕێگری لە هەوڵەکانی ئەمریکا بڕیاری دا، ئەمریکا نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەربکرێت. ئەم گریمانانە سیاسەتی دەرەوەی تارانیان خستە سەر ڕێڕەوی پێکدادان لەگەڵ واشنتۆن. ئێران بە ئامانجی هەڕەشە لە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئیسرائیلی و عەرەبییەکانی، پشتیوانی لە دەوڵەتان و گرووپە چەکدارە نەیارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کردووە. لە بەرامبەردا ئەمریکا ستراتیژی گوشاری پەیڕەو کردووە و بە سزاکان، ئابووری ئێرانی خنکاندووە. لە کۆتاییدا، ئەمساڵ ئەمەریکا ڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر بنکە ناوەکییەکان لە قووڵایی خاکی ئێراندا.
زۆرێک لە چاودێران ئەم ململانێیە بە درێژکراوەی مێژوویی لە ساڵی 1979وە لێکدەدەنەوە، بەڵام دەکرا خۆ لە پەرەسەندنەوەی گرژییەکان بپارێزرێت. دەکرا بە ڕێگەی ئاشتیانە ڕێگە لە ئاڵۆزییەکان بگیرێت و ئێران و ئەمریکا دەیانتوانی ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و تەنانەت ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بدۆزنەوە.
ئاسۆیەکی درۆینە لە ئەفغانستان
بۆ ماوەیەکی کەم دوای ١١ی سێپتەمبەر، پێدەچوو پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا باشتر بێت. عەلی خامنەیی ڕابەری ئێران و محەمەد خاتەمی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئێران هێرشە تیرۆریستییەکانیان شەرمەزار کرد و خەڵکی ئێرانیش لە شەقامەکان وەک هاوسۆزی لەگەڵ هاوڵاتییانی ئەمریکا مۆمیان داگیرساند و لە یاریگاکانی تۆپی پێدا چەند ساتێک بێدەنگ بوون. لەناکاو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران و ئەمریکا یەکیان دەگرتەوە و لەناوبردنی قاعیدە بوو بە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی ئەمریکا. ئێرانی شیعە بە نیگەرانییەکی قووڵەوە سەیری ڕادیکالیزمی سوننەی قاعیدە و تاڵیبانی خانەخوێی دەکرد. سێ ساڵ پێشتر و لە ١٩٩٨ تاڵیبان ١١ دیپلۆماتکار و ڕۆژنامەنووسی ئێرانی لە مەزار شەریف لە باکووری ئەفغانستان کوشتبوو، ئەمەش ئێرانی هاندا بۆ کۆکردنەوەی هێز لەسەر سنوورەکانی ئەفغانستان. دوای چەندین ساڵ لە دژایەتی، بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا بۆیان دەرکەوت، کە کۆمەڵێک ئامانجی هاوبەشیان هەیە.
ئێران لەمێژبوو پشتیوانی لە هاوپەیمانی باکوور دوژمنە سەرەکییەکانی تاڵیبان دەکرد. تەنیا چەند ڕۆژێک پێش هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر، خۆکوژەکانی قاعیدە، ئەحمەد شامەسعود سەرکردەی ئەفسانەیی هاوپەیمانی باکووریان کوشت، تیرۆرکردنێک کە ئاماژە بوو بۆ هێرشی تاڵیبان بۆ سڕینەوەی یەکجارەکی هاوپەیمانی باکوور و کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان. ئێرانی شیعە ترسی لە هەڵکشانی ناوچەیی ڕادیکالیزمی سوننە لە شێوەی تاڵیبان، قاعیدە، لایەنە چەکدارەکانی دیکە و ناسەقامگیری زیاتر لە سنووری ڕۆژهەڵاتی خۆی هەبوو.
ئێران لە ڕێگەی شێوازە جیاجیاکانی هاوکارییەوە، کە پێدەچێت ئەمڕۆ باوەڕپێنەکراو بن، هاوکاری لەشکرکێشی ئەمریکای کرد بۆ ئەفغانستان. سوپای پاسدارانی ئێران هاوکاری هەواڵگری و لۆجستی پێشکەشی ئەمریکا کرد. ڕایان کرۆکەر و زاڵمای خەلیلزاد دیپلۆماتکارانی ئەمریکی بەشدارییان لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکان و ئەفسەرە باڵاکانی سوپای پاسداران کردبوو، لەنێویاندا فەرماندە باڵاکان و ڕەنگە تەنانەت سولەیمانیش. زیاتر لە دوو مانگ دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، تاڵیبان لە کابول و شارە گەورەکانی دیکە دەرکرا و بەناو میرنشینی تاڵیبان لە ئەفغانستان کۆتایی پێهێنرا.
ئێران و ئەمریکا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان
ئێران بەرژەوەندییەکی تایبەتی هەبوو لە داڕشتنی ئەو حکومەتەی جێگەی تاڵیبانی دەگرتەوە. لە کۆنفرانسی بۆن لە کانوونی دووەمی ٢٠٠١ کە داهاتووی ئەفغانستانی یەکلا کردەوە، لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکا کاریان کرد. هەردوو وڵات هەمان ئامانجیان هەبوو لە داڕشتنی سیستەمێکی سیاسی نوێ، کە لە ڕێگەی حکومەتێکی دیموکراسی گشتگیرەوە، ئەفغانستان یەکبخات و سەقامگیری بکات. جەیمس دۆبینز کە سەرکردایەتی هەوڵەکانی ئەمریکای دەکرد لە کۆنفرانسەکەدا، دواتر ستایشی جەواد زەریف هاوتا ئێرانییەکەی کرد بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لە نێوان هەموو کوتلە ئەفغانییەکان لەسەر داڕشتنی دەستوورێکی نوێ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە کابول. لە بەرامبەردا زەریف ستایشی سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی کرد کە سازشەکانی لە هاوپەیمانی باکوور دەستەبەر کردبوو، وەک ئاسانکارییەک بۆ ڕێکەوتن لە بۆن.
بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ئەم هاوکارییە دەگمەنە دەرفەتێک بوو بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا. کارکردن پێکەوە لە ئەفغانستان دەیتوانی وەک ڕێوشوێنێکی بەرچاو بۆ دروستکردنی متمانە و پاڵنەرێک بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دواتر بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ ئاساییکردنەوەی وردە وردەی پەیوەندییەکان. سەرکەوتن لە ئەفغانستان دەیتوانی پەیوەندییەکە بخاتە سەر ڕێڕەوێکی جیاواز.
بەڵام ئەوەش بەدی نەهات. لە مانگی یەکی ٢٠٠٢، ڕاستەوخۆ دوای کۆنفرانسی بۆن، ئیسرائیل ڕێگەی لە بارێکی چەکی ئێرانی بۆ حەماس گرت. بۆ ئێران، هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا لە ئەفغانستان، داڕشتنەوەی ستراتیژی ئێرانی پێکنەهێنا، کە هەموو لایەنەکانی سیاسەتی ناوچەیی ئێران بگرێتەوە. ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوویدا تەنیا کرانەوەیەکی ئەزموونی بوو، تاران بەو خێراییە سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی خۆی پێچەوانە نەدەکردەوە و هێزە لە برییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا ئامادە دەکرد. جۆرج بوش سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا ئاماژەی بە توڕەیی و زەنگی ئاگادارکردنەوە کرد و ئێرانی وەک دوژمنێکی بێ ئیرادە ناساند و ئەو نیازپاکییەی کە بەهۆی پێشهاتەکانی ئەفغانستانەوە دروستبوو، لەناوی برد. بوش لە وتاری مانگی یەکی ٢٠٠٢ ئێرانی لە ڕیزی ئەو وڵاتانە ناوبرد کە پشتیوانی تیرۆر دەکەن.
دوای سەرکەوتن لە ئەفغانستان، واشنتۆن تیشکی خستەسەر شەڕی دژی تیرۆر و لەو شەڕەدا ئێران دەیتوانی تەنیا ئامانجێک بێت، نەک هاوپەیمان. دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ عێراق لە 2003، زۆرێک لە ئێرانییەکان ترسیان هەبوو لەوەی تەنیا پرسی کاتە تا ئەمریکا هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەیان. بە وتەی حەسەن کازمی قومی، یەکەم باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، دوای لەشکرکێشی ئەمریکا و ڕووخانی سەدام حسێن، “دوای عێراق سەرەی ئێران بوو”. بۆیە ئێران هەوڵیدا ئەمریکا ئارام بکاتەوە. لە ئایاری 2003، خاتەمی سەرۆکی ڕیفۆرمخوازی وڵاتەکە، پێشنیارێکی بۆ دانوستان و نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی “هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات” بۆ واشنتۆن نارد، لەوانە بەتایبەتی بەرنامە ناوەکییە تازەپێگەیشتووەکەی ئێران و سیاسەتی فراوانتری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کۆشکی سپی تەنانەت دانی بە وەرگرتنی ئەو پێشنیارەدا نەناوە.
ئەو ڕەتکردنەوەیە بووە هۆی ئەوەی ئێران هەڵوێستەکانی توندتر بکاتەوە و خۆی بۆ ململانێ ئامادە بکات. بە پێچەوانەی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان، لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق هیچ ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئێران بەرهەم نەهێنا، بەڵکو دوو وڵاتی خستە ناکۆکی قووڵەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی ئەو بەرپرسانەی ئیدارەی بوش کە تارانیان وەک هەڕەشەیەکی گەورە سەیر دەکرد، ئێران پێیوابوو دەبێت خۆی بپارێزێت. لە ئاژاوەگێڕییەکانی دوای ڕووخانی سەدام، لەوانەیە ئێران بە هاوبەشی لەگەڵ سووریا ئەو تاڵاوەی ئەمریکا لە عێراق ڕووبەڕووی بووەوە قووڵتر کردبێتەوە. سوننە بە پاڵپشتی سووریا و میلیشیا شیعەکان بە پاڵپشتی ئێران دژی هێزەکانی ئەمریکا وەستانەوە و ئەو توندویژییەی لە عێراق ڕوویدا، پرۆژەی ئەمریکی لە عێراق مەحکوم بە شکست کرد.
بەم شێوەیە سەرکردەکانی ئێران ئەو مەترسییەی ئەمریکایان لە خۆیان دوورخستەوە، کە زۆر لێی دەترسان: سوپای سەرکەوتووی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام بوو لە هەڵمەتەکەی لە ڕۆژهەڵات بۆ ناو ئێران. بەڵام تێڕوانینی ئەمریکییەکان بۆ ئێران توندتر بوو. لای خۆیەوە ئێران بەو ئەنجامە گەیشتووە کە دەتوانێت بە باشترین شێوە هەڕەشەکانی ئەمریکا بە سەرقاڵکردنی لە شانۆ جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەببات. ئەمریکا بەهۆی ململانێ درێژخایەنەکانەوە ماندوو بوو، لە ناوچەکە بێزار دەبوو، نەیدەویست لەگەڵ ئێران شەڕ دەستپێبکات. بڕیارەکەی واشنتۆن بۆ کێشانەوەی هێزەکانی لە عێراق لە ٢٠١١، پێدەچوو ئەم شێوازە بیرکردنەوەیەی ئێرانییەکان بسەلمێنێت. تا بەرپرسانی ئەمەریکا زیاتر باسیان لە جێهێشتنی ناوچەکە دەکرد، ئێران زیاتر مکوڕ دەبوو لەسەر ستراتیژەکەی.
ئەم ستراتیژە کاریگەری لەسەر گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەناو ئێرانیشدا هەبوو. هێزە لایەنگرەکانی شەڕ دژی واشنتۆن کۆنترۆڵی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیان کرد. لە ڕووداوەکانی عێراقەوە، سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران گەشەی کرد و بوو بە هێزێکی فراوانی ناوچەیی کە زاڵبوو بەسەر بڕیاردانی سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا.
پەیوەندیی درۆینە
دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر، سەرکردەکانی ئێرانی تێگەیشتن، کە واشنتۆن هەرگیز ئامادە نییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی بکاتەوە. تاران لە سیاسەتەکانی ئەمەریکا تێگەیشت، لەوانە دروستکردنی بنکەی سەربازی لە ئەفغانستان، کەنداوی فارس و ئاسیای ناوەڕاست و توندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران، کە هەموویان ئامانجیان گۆڕینی ڕژێمی تاران بوو. دوای شەڕی عێراق، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆیان دەرکەوت، کە دەبێت لە ڕێگەی بنیاتنانی بەرنامەی ناوەکی و بەهێزکردنی توانای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیی ئێرانەوە بەرەنگاری ئەمریکا ببنەوە و ڕێگری لێبکەن. دەبوو ئابووری ئێران و دامودەزگاکانی دەوڵەت و سیاسەت لە خزمەت ئەو ستراتیژەدا ڕێکبخرێن.
خواستی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی و بەدانانی ئێران لە بەرەی پشتیوانانی تیرۆریزم لەلایەن ئەمریکاوە، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران بەرەو خراپتر چوون. دۆزینەوەی ناوەندێكی ناوەکی نهێنی ململانێکانی قووڵتر کردەوە و ئێران پێیوابوو ئەمریکا ئەم بەرنامە ناوەکییە دەکاتە پاساوێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان، وەک چۆن بە پاساوی هاوشێوە هێرشی کردە سەر عێراق. لای خۆیەوە واشنتۆن نەیدەویست ئێران توانای ناوەکی بەدەستبهێنێت، بەڵام تا کۆتایی ئیدارەی بوش لە ٢٠٠٩، بەرپرسانی ئەمریکا گرنگییان نەدەدا بە چارەسەری سەربازی بۆ کێشەی ئێران، چونکە کاتێکی زۆر بەسەر هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق تێنەپەڕی بوو. دیپلۆماسی نەک شەڕ، دەبوو بەرنامە ناوەکییەکانی ئێران لەخۆ بگرێت و بەم شێوەیە دەرفەتێکی دیکە بۆ ئێران و ئەمریکا کرایەوە بۆ ئەوەی لە ململانێ دوور بکەونەوە و بەرەو پەیوەندییەکی ئاشتیانەتر هەنگاو بنێن.
ئەمریکا دەیتوانی زووتر ئەم ڕێگەیە بگرێتە بەر. ٢٠٠٣ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا دانوستانیان بۆ ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێران دەستپێکرد، کە دەبووە هۆی وەستاندنی گەشەی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان. ساڵی 2004 ئیدارەی بوش ڕێکەوتنەکەی پەکخست و پێداگربوو لەسەر ئەوەی پێویستە ئێران دەستبەرداری بەرنامە ناوەکییەکەی بێت و لە بەرامبەردا هیچ ئیمتیازێکی پێشکەش ناکرێت.
دیپلۆماسی ناوەکی
بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بەردەوام بوو لە فراوانبوون و تاران پێیوابوو واشنتۆن ئارەزووی بەشداریکردنی لە دیپلۆماسی واتاداردا نییە، تەنانەت لە پرسی ناوەکیشدا. حەسەن ڕوحانی سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ناوەکی ئێران ساڵی 2003، کاتێک لە 2013 بوو بە سەرۆک کۆماری ئێران، هەوڵی زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی دا. لە ساڵی 2004دا خۆی و سەرکردەکانی دیکەی ئێران گەیشتبوونە ئەو ئەنجامەی، کە ئەمریکا لەبەرئەوە بە خێرایی ڕێکەوتنی ئەورووپای ڕەتکردووەتەوە، چونکە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران زۆر بچووکترە لەوەی شایستەی دیپلۆماسی و ئیمتیازاتی ئەمریکا بێت. ئێران پێویستی بە بەرنامەیەکی زۆر گەورەتر بوو بۆ ئەوەی ئەمریکا ناچار بکات بێتە سەر مێزی دانوستان. لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیە چالاکییەکانی ئێران لە سەردەمی ئیدارەکانی ئۆباما و یەکەم ترەمپ و بایدندا زیاتر بوو.
ئەگەر واشنتۆن پاڵپشتی لە هەوڵە ئەورووپییەکان بکردایە، پێدەچوو بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بە بچووکی بمایەتەوە و دەکرا تاران کەمتر لە واشنتۆن بترسێت و لە ئەنجامدا ئێران لە عێراق ڕەفتارێکی جیاوازی دەنواند و ئەوەندە دوژمنایەتی ئەمریکای نەدەکرد، بەڵام ڤیتۆی ئەمریکا زیاتر قەناعەتی بە تاران کرد کە خوێندنەوەیان بۆ ویستی ئەمریکا ڕاستە. واشنتۆن تەنیا بە هێز سەرسام دەبوو. بۆ ڕاگرتنی ئەمریکا، ئێران دەبوو بەرنامەیەکی ناوەکی گەورەتر بنیات بنێت و شەڕی ناهاوسەنگی خۆی دژی ئەمریکا لە عێراق و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بکات.
ئێران لەبارەی ئەوەی بەرنامەیەکی ناوەکی گەورەتر ڕای واشنتۆن دەگۆڕێت، ڕاست بوو. تا ساڵی ٢٠١١ بەرنامەی ناوەکی ئێران گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. ئیسرائیل بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ لە خێرایی پێشکەوتنەکانی ئێران، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانی کرد بۆ ئەوەی نەبێتە خاوەنی بۆمبی ناوەکی، بەڵام دوا شت کە ئیدارەی ئۆباما ویستبووی، گیرۆدەبوون بوو لە شەڕێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئۆباما پێیوابوو تاکە ڕێگە بۆ ڕێگری لەوەی ئێران ببێت بە هێزێکی ناوەکی، دیپلۆماسییە.
باراک ئۆباما لە 2010 سەرەتا گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێرانی زیاتر کرد، بەڵام دواتر بۆ تارانی ڕوونکردەوە کە واشنتۆن بەدوای گۆڕینی دەسەڵاتی ئێرانەوە نییە. ئۆباما لەوە تێگەیشت کە فشار وا لە ئێران ناکات بەرنامە ناوەکییەکەی بوەستێنێت. بەم شێوەیە ئەمەریکا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دانوستان بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان.
لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەر پێشنیاری ئۆباما ناکۆکییان هەبوو. سوپای پاسداران و هاوپەیمانە سیاسییەکانی گومانیان لەوە هەبوو، کە ئیدارەی ئۆباما جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئیدارەی پێش خۆیدا هەبێت. ئەوان پێیان وابوو، دیپلۆماسی ئەنجامێکی ماناداری نابێت، بەڵکو ئاماژەیە بۆ لاوازی و ئەو مەترسییە ناڕەوێنێتەوە کە ئەمریکا بۆ ئێران دروستی دەکات، بەڵام ڕیفۆرمخوازەکان بە سەرۆکایەتی ڕوحانی کە 2013 بوو بە سەرۆک کۆمار، پێیانوابوو دیپلۆماسی سەرکەوتوو لەگەڵ ئەمریکا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و گوشارەکانی سەر ئابووری ئێران کەمتر دەکاتەوە و دووبارە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕێکدەخرێنەوە. ڕیفۆرمخوازەکان هیوایان دەخواست دیپلۆماسی دەرەنجامی ئەرێنی لێبکەوێتەوە، وەک هاوکارییەکانی ئەفغانستان لە ٢٠٠١، پێشنیاری دانوستانەکانی لە ٢٠٠٣ و ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ٢٠٠٣ لەگەڵ ئەورووپا، بەڵام دوای ئەوەی واشنتۆن ڕەتیکردەوە، هەڵوەشابووەوە.
دوو ساڵ گفتوگۆی چڕ لە نێوان ئێران، چین، ڕووسیا، ئەمریکا و سێ زلهێزی ئەورووپی، کە پێشتر دانوستانیان لەسەر ڕێکەوتن کردبوو، دەستیپێکرد. لە 2015دا بە کۆمەڵێک ئەنجام گەیشتن، لەوانە لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان، لانیکەم بۆ ماوەی دە ساڵ سنووداری توند بخرێتە سەر چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران و بە وردی چاودێری بکرێن. لەو کاتەوە مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەوە دروست بوو، کە ئایا ئەم ڕێکەوتنە بە شێوەیەکی کاریگەر ویستە ناوەکییەکانی ئێرانی سنووردار کردووە؟ ئایا ئەمریکا دەیتوانی لەسەر مێزی دانوستان داواکاری زیاتری لە ئێران هەبێت؟ لە تارانیش، ئێرانییەکان پێیانوابوو زۆریان بەخشیوە و کەمیان وەرگرتووە، بەڵام ئەم ڕێکەوتنە بەرنامەی ناوەکی ئێرانی خاو کردەوە و ١١ ڕاپۆرتی جیاواز ئاماژەیان بە پابەندبوونی ئێران بە مەرجەکان دەکرد. لە ڕوویەکی ترەوە ئەم ڕێکەوتنە نوێنەرایەتی پێشکەوتنێکی دەکرد لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا. دوای دەیان ساڵ دوژمنایەتی، دواجار ئەمریکا و ئێران ڕێکەوتنێکیان ئەنجامدابوو، لانیکەم تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبوو، سەرکەوتووانە جێبەجێی کردبوو.
ئەگەر ئەو ڕێکەوتنە بەردەوام بوایە دەیتوانی ببێتە بەردی بناغەی ڕێکەوتنەکانی دواتر لە بارەی بەرنامە ناوەکی و مووشەکییەکانی ئێران لەلایەک و سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا. کەمکردنەوە گەمارۆکان دەیتوانی ببێتە هۆی بەهێزبوونی ڕیفۆرمخوازەکان لە ئێران و لاوازکردنی کاریگەریی توندڕەوەکان لەسەر بڕیارەکانی ئێران لە سیاسەتی دەرەوەدا و بە تێپەڕبوونی کات دەکرا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرەو ئاساییبوونەوەی زیاتر هەنگاو بنێن.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکەوتنەکە ستراتیژی بەرفراوانتری ئێرانی نەگۆڕی. سوپای پاسداران و هاوپەیمانە سیاسییەکانی لە پەڕلەمان و دامەزراوە ئابووری و سیاسییەکان پێیانوابوو، سەرەڕای پێشکەوتنی دیپلۆماسی، هیچ بەڵگەیەک بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێراندا ڕووی نەداوە. ئەمریکا هێشتا هەڕەشەیەک بوو بۆ سەر ئێران و هیچ هەوڵێکی نەدابوو بۆ گۆڕینی ئەو تێڕوانینە. چەند مانگێک دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە، واشنتۆن پابەند نەبوو بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران و ئەوەش نیگەرانی ئێرانی لێکەوتەوە. توندڕەوەکانی ئێران باسیان لەوە دەکرد، کە هەموو ئەمانە فێڵێک بوون بۆ وەستاندنی بەرنامەی ناوەکی ئێران. بۆیە پێویستە ئێران بەردەوام بێت لەسەر ئەو سیاسەتە ناوچەییانە، وەک پابەندبوونی بە پاڵپشتیکردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، یاخیبوونی حوسییەکان لە یەمەن، حزبوڵڵا لە لوبنان و میلیشیا جۆراوجۆرەکان لە عێراق.
تاران بەهاری عەرەبی و ئەو نائارامییە جەماوەرییەی جیهانی عەرەبی گرتەوە، وەک دەرفەتێکی نوێ قۆستەوە بۆ فراوانکردنی شوێنپێی خۆی لە ناوچەکەدا. هەرچەندە ئەو دەرفەتە نوێیە مەترسی نوێشی بەدوای خۆیدا هێنا، ڕووخانی ئەسەد لە سووریا کە هاوپەیمانی ئێران بوو، زیانێکی ستراتیژی بوو بۆ ئێران و بووە هۆی لاوازکردنی حیزبوڵڵای لوبنانی. سەرهەڵدانەوەی سوننەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە سووریا کە لەلایەن زلهێزە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانەوە پشتیوانی دەکرا، دەستکەوتەکانی ئێرانی لە عێراقیش خستووەتە مەترسییەوە. دەسەڵاتدارانی ئێران، بە تایبەتی سوپای پاسداران و هاوپەیمانە سیاسییەکانی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئامانجی ڕاستەقینەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕووخاندنی ئەسەد، کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامییە.
شکستی ڕێکەوتننامەی ناوەکی
تاران بەرنامە ناوەکییەکەی بچووک کردەوە، بەڵام شوێنپێی خۆی لە ناوچەکەدا پاراست و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانە عەرەبییەکانی، بەتایبەتی سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی فراوانتر کرد. ئەو هاوپەیمانانە سوودێکی کەمیان لە ڕێکەوتنی ناوەکی بینی، بەڵام زۆر ترسیان لە یارییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا هەبوو. ئەوان دەیانویست ئەمریکا سەرنجی لەسەر سیاسەتی ئێران لە ناوچەکەدا بێت، نەک تەنیا بەرنامە ناوەکییەکەی. ئەوان لەگەڵ ئیسرائیل بەرەیەکیان دژی ئێران و دیپلۆماسیەتی نوێی ئەمریکا (ڕێکەوتنی ناوەکی) پێکهێنا.
سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ ئاڵۆز بوو. بە وتەی زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتە، ئێران بەهۆی ململانێی نێوان دیپلۆماسی و مەیدانی شەڕەوە ئیفلیج بوو، لە ئەنجامیشدا شەڕ بەسەر دیپلۆماسیدا سەرکەوت. لای خۆیەوە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر سوپای پاسداران جێگیر بوو. ئەمریکا لەجیاتی ئەوەی دەستبەرداری دیپلۆماسی بێت، بۆ سزادانی ئێران بەهۆی هەڵسوکەوتە ناوچەییەکانییەوە دەیتوانی دەست بە دەستکەوتە دیپلۆماسییەکانی خۆیەوە بگرێت و لە هەمان کاتیشدا فشار بخاتە سەر ئێران بۆ گۆڕینی سایسەتی خۆی لە ناوچەکەدا. بە واتایەکی تر دەیتوانی لە ڕێکەوتنی ناوەکیدا بمێنێتەوە و ڕێکەوتنی نوێ لەبارەتی سیاسەتی ناوچەیی ئێران ئەنجام بدات.
ئەگەر ئەمریکا ئەم ڕێگەیەی بگرتایەتەبەر، بەرنامەی ناوەکی ئێران بە سنوورداری دەمایەوە و متمانەی زیاتر لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دروست دەبوو، ئەو کاتە واشنتۆن دەیتوانی کاریگەری لەسەر ڕەفتاری ناوچەیی تاران دروستبکات.
ڕێکەوتنێکی ناوەکی سەرکەوتوو دەیتوانی تێڕوانینەکانی ئێران بۆ هەڕەشەی ئەمریکا کەم بکاتەوە و لە بەرامبەردا ڕێگەی بەو وڵاتە دەدا چاو بە چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا بخشێنێتەوە، یان سنووری بەرنامە مووشەکییەکەی تاوتوێ بکات. ئەو دەستکەوتە ئابوورییانەی بە مانەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا دەهاتە دی، وای لە ئێران دەکرد پابەندی ڕێکەوتنەکە بێت. سەرەڕای بێزاری تاران بەهۆی خاوی هەنگاوەکانی سووککردنی سزاکان، ئێران نەبووە هۆی هەڵوەشانەوەی ڕێکەوتنەکە، بەڵکو ئەمریکا هۆکار بوو. ئەوەش وەک بەرچاوترین دەرفەتی لەدەستچوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەمێنێتەوە.
کشانەوەیەکی چارەنووسساز
کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێكەوتنەکە، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆنی ئاڵۆزتر کرد. دوای کشانەوە لەو ڕێکەوتنە، ترەمپ لە چوارچێوەی بەرنامەی “زۆرترین فشار” سزای توندی بەسەر ئێراندا سەپاند. ئامانجی ڕاگەیەنراوی ئەو هەڵمەتە، ناچارکردنی ئێران بوو بۆ هاتنەوە سەر مێزی دانوستان، بەڵام ئێران ئەو هەوڵەی ترەمپی بە هیچ کەمتر لە هەوڵێک بۆ هێنانەدی گۆڕینی ڕژێم لە ڕێگەی گەمارۆی ئابووری و هاندانی یاخیبوونی جەماوەری نەدەزانی. لە وەڵامدا ئێران بە خێرایی دەستی بە چالاکییە ناوەکییەکانی کردەوە و لەو ئاستەی بۆی دیاریکرابوو پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر کرد. ساڵی ٢٠١٩ هەنگاوی شەڕانگێزانەتری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا، لە مانگی ئایاردا بە هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ئاوەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، دواتر لە مانگی حوزەیراندا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی خستە خوارەوە، لە مانگی ئەیلولدا هێرشی کردە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە. ئەم پەرەسەندنی توندوتیژییە بووە هۆی ئەوەی ترەمپ مانگی یەکی ٢٠٢٠ فەرمانی کوشتنی سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس لە عێراق بدات. کوشتنی سولەیمانی ئێرانییەکانی تووڕە کرد. کۆماری ئیسلامیی بە هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە عێراق وەڵامی دایەوە.
هەڵبژاردنی جۆ بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ٢٠٢٠ و گەڕانەوەی ئیدارەی دیموکراتەکان لە ٢٠٢١ دەیتوانی گرژییە پەرەسەندووەکان بوەستێنێت. لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دیموکراتەکان، لەنێویاندا بایدن، ئاماژەیان بە ئامادەیی خۆیان کردبوو بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتننامە ناوەکییەکە، بەڵام کاتێک بایدن گەیشتە دەسەڵات، ڕەتیکردەوە. لەبری ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی سەردەمی ئۆباما، هەڵوێستی ترەمپی لە زۆرترین فشاردا درێژە پێدا. ئیدارەی ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە کرد، کە ئەو کاتە ئەمریکا بیر لە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنە دەکاتەوە، کە سەرەتا ئێران هەموو ئەرکەکانی بەپێی ڕێکەوتنی ناوەکی جێبەجێ بکات. لەم نێوەندەدا سزای زۆرترین فشار لە شوێنی خۆیدا مایەوە. مانگەکانی سەرەتای ئیدارەی بایدن هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتیی ڕوحانی. ڕوحانی و تیمەکەی ڕێکخەرانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بوون و دەیانویست نوێکردنەوە بیبیننەوە، بەڵام ئەوەیان لە بایدن-دا نەدۆزیەوە. ئەوەی تاران بینی بەردەوامی بایدن بوو وەک سەرۆکی پێش خۆی و پێیانوابوو خوازیاری گۆڕینی ڕژێمی ئێرانە.
ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دانوستان لەگەڵ ئێران لە ڤیەننا لە نیسانی ٢٠٢١. بەڵام تا ئەو کاتە ئێران گەیشتبووە ئەو ئەنجامەی کە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە سیاسەتی ئەمریکادا ڕوونادات. ڕێبەرانی ئێران ڕایانگەیاند، دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەن تا ٦٠٪. لە بەرامبەر ئەم مەترسییەدا، ئیدارەی بایدن ستراتیژی خۆی گۆڕی و جەختی لەسەر دانوستان لەگەڵ ئێران کردەوە و بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و لە بەرامبەر پابەندبوونی تەواوەتی ئێران بە ڕێکەوتنەکە، سزاکانی سەر ئەو وڵاتە سووک دەکرێت، بەڵام تا ئەو کاتە سەرۆکایەتیی ڕوحانی لە کۆتاییدا بوو. دوای ئەویش توندڕەوێکی وەک ئیبراهیم ڕەئیسی گەیشتە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار.
لەو چوارچێوەیەدا ئێران بڕیاریدا لە ٢٠٢٢دا پشتیوانی لە شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا بکات، ئێران لە کاتی شەڕی ناوخۆی سووریادا پەیوەندیی هەواڵگری و سەربازیی نزیکی لەگەڵ ڕووسیا پەرەپێدابوو، هاوبەشی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ مۆسکۆ بە گرنگ دەزانی بۆ ڕزگاربوون لە هەوڵە یەکلاکەرەوەکانی ئەمریکا بۆ گۆشەگیرکردن و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی. ئەم پشتیوانییە بۆ ڕووسیا پاساوێکی زیاتری دا بە واشنتن بۆ گوشار خستنە سەر تاران. بەم شێوەیە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئەورووپا دژی ڕووسیایەکی فراوانخوازدا، تێکەڵ بوون. ئەگەر ئیدارەی بایدن پێش ئەوەی ڕوسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، ڕێکەوتنێکی نوێی لەگەڵ ئێران ئەنجام بدایە، تاران زۆر شتی دەبوو، کە بە هۆی پشتیوانی لە ڕووسیا بکەونە مەترسییەوە، بەڵام بەو پێیەی بایدن ئامادە نەبوو لە سیاسەتی ترەمپ بکشێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنەکەی ئۆباما، ئێران بڕیاریدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بەهێزتر بکات و ئەوەش لە بەرامبەردا کاری دیپلۆماسی هێندەی تر قورس کرد. ئێران و ئەمریکا تەنانەت کەمتر لە پێشوو متمانەیان بەوی دیکە هەبوو، واشنتۆن ناچار بوو لەگەڵ تارانێکی یاخیبووتردا مامەڵە بکات. دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا نەیتوانی پێشکەوتنێک بەرهەم بهێنێت.
کۆتایی
لە ساڵانی دواتردا پێگەی ناوچەیی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێز بوو. دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئیسرائیل بە شێوەیەکی سیستماتیک بریکارەکانی ئێرانی لە ناوچەکەدا کردە ئامانج و زیانی گەورەی بە حەماس لە غەززە گەیاندووە و لە لوبنانیش حزبوڵڵای بە تەواوی لاواز کردووە. ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئێرانی بێ یەکێک لە بەسوودترین هاوپەیمانە ناوچەییەکانی هێشتەوە و سووریایەکی دژە ئێرانی بە سەرکردایەتی سوننە لێدروست بوو. لە ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا هێزەکانی ئیسرائیل لە قوڵایی خاکی ئێراندا هێرشیان ئەنجامدا و لاوازییە گەورەکانی هەواڵگریی ئێران و بێتوانایی ئەو وڵاتەی بۆ زیانگەیاندن بە ئیسرائیل دەرخست و لەگەڵ ئەوەشدا دوای هێرشەکەی ترەمپ بۆ سەر دامەزراوە ناوەکییە هەستیارەکانی ئێران، زۆر شت لەبارەی دۆخی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران و ئەگەری ئەوەی کە سەرکردەکانی ئێران هێشتا بتوانن خەریکی پەرەپێدانی بۆمبێک بن، نادیارە.
ئەگەر ترامپ نایەوێت ئێران نموونەی کۆریای باکوور پەیڕەو بکات و ببێتە دەوڵەتێکی ناوەکی و نایەوێت بەردەوام بێت لە شەڕ لەگەڵ ئێران، دەبێت ئیدارەکەی بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماسیدا بگەڕێت. ئێرانیش بە هەمان شێوە شەڕی لەگەڵ ئەمریکا ناوێت و ناتوانێت بە خێرایی و بە ئاسانی جبەخانەی چەکی ناوەکی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادە بکات. تاران بێجگە لە بژاردەی دیپلۆماسی، بژاردەی دیکەی نییە. پێویستە دوو وڵات نەک تەنیا بۆ ئەنجامدانی ڕێکەوتنێکی بەپەلە سەبارەت بە توانا ناوەکییەکانی ئێران، بەڵکو بۆ دروستکردنی متمانە و دانانی ڕێڕەوێکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانیان، ڕێگەی دیپلۆماسی بگرنەبەر.
ئیدارەی ترەمپ پێی وایە شەڕی 12 ڕۆژە سزایەکی توندی ئێرانی داوە و ئەگەر تاران بیەوێت بگاتە ئەنجامە دروستەکان و هەست بکات توانای دەستبەرداربوون لە بەرنامە ناوەکییەکەی و سیاسەتی ناوچەیی شەڕانگێزی خۆی هەبێت، ئەوا دەبێت دیپلۆماسی وەک ڕێگەیەکی باوەڕپێکراو بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی ببینێت.
* وەلی نەسر پرۆفیسۆری کاروباری نێودەوڵەتی و لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز بۆ توێژینەوەی نێودەوڵەتی پێشکەوتوو، نووسەری کتێبی ستراتیژی گەورەی ئێران: مێژوویەکی سیاسییە .
سەرچاوە:
https://www.foreignaffairs.com/iran/irans-roads-not-taken-nasr