ئێران و ئاسیای ناوەڕاست: مێژوو، کولتوور و سیاسەت
ئامادەکردنی: تەحسین وسو عەبدوڵڵا | توێژەر و مامۆستای زانکۆ
ئەم کتێبە لە نووسینی توێژەر و مامۆستای زانکۆ د. دینموحەمەد ئامێدبەک کە لە بنەڕەتدا بە زمانی تورکی لەژێر ناونیشانی (İran ve Orta Asya: Tarih, Kültür ve Politika) لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن ناوەندی ئەنقەرە بۆ قەیرانەکان و توێژینەوەی سیاسی “Ankara Kriz ve Siyaset Araştırmaları Merkezi” (ANKASAM) بڵاوکراوەتەوە لە دوو توێی (٩٨) لاپەڕەدا بە قەبارەی ١٦ ٢١ سم.
د. دینموحەمەد ئامێدبەک لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٨٠ لە باشوری کازاخستان لەدایکبووە. لە دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتای و ناوەندی و ئامادەیی لە وڵاتی خۆی، لە ساڵی ١٩٩٩ لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی نیشتیمانی فارابی – کازاخ لە شاری ئەلماتی لە ماستەر وەرگیراوە و لە ساڵی ٢٠٠٤ لەژێر ناونیشانی (کازاخستانییەکان و پرسی گەڕانەوەی کۆچبەری) بە سەرکەوتووی ماستەرنامەکەی تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٥ لە زانکۆی خینژیانگ (XİNJİANG)ی چینی دوای تەواوکردنی خولی زمانی چینی دەستی بە کارکارکردن کردووە لە فەرمانگەی کۆچبەران و دیموگرافیای سەربە وەزارەتی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، کە ئەم فەرمانگەیە تایبەتمەندە بە گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەرەوەی کازاخستان دەژین و گەراونەتەوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ – ٢٠٠٨ وەک بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی زانکۆی ئۆراسیای نیشتیمانی لیڤ گومیلۆڤی (LEV GUMİLYOV AVRASYA ULUSAL ÜNİVERSİTESİ) کاری کردووە. ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٨ لە پەیمانگای توێژینەوەی دونیای تورکی سەربە زانکۆی ئیجە دوای وەرگرتنی کۆرسیکی یەک ساڵەی زمانی تورکی خوێندنی دکتۆرای لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MIDDLE EAST) دەستپێکرد و لە ساڵی ٢٠١٥ لەژێر ناونیشانی (دیاریکردنی شوێنی تورکیا لە چوارچێوەی ناسنامەی ئۆراسی کازاخستانی) (Kazakistan’ın Avrasya Kimliğindeki Türkiye’nin Konumu) دکتۆرانامەکەی بەسەرکەوتووی تەواو کرد و نازناوی دکتۆرای وەرگرت. د. ئامێدبەک تایبەتمەندە لە بوارەکانی “سیاسەتی دەرەوەی کازاخستان، دونیای تورکی، بابەتی ناسنامە و کولتوور، ئۆرسیایی و دید و ڕوانگەی نوێی تیۆرەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی”. نوسەر وەک سەرۆکی بەشی توێژینەوەی ئۆراسی لە ناوەندی ئەنقەرە بۆ قەیرانەکان و توێژینەوەی سیاسی “Ankara Kriz ve Siyaset Araştırmaları Merkezi” (ANKASAM) کاری کردووە. هەروەها وەک یاریدەدەری سەرنوسەر لە گۆڤارەکانی (Bölgesel Araştırmalar) لێکۆلینەوەی هەرێمی و (Uluslararası Kriz ve Siyaset Araştırmalar) قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و لێکۆلینەوە سیاسیەکان لە ئەنکاسام کاریکردوو. ئامێدبەک جگە لە زمانی ڕەسمی خۆی کە زمانی کازاخستانییە، زمانەکانی تورکی، ئینگلیزی، ڕوسی و چینی دەزانی.
ناوەڕۆکی کتێبەکە لە چوارچێوەی پێشەکییەک و چوار بەشێ سەرەکی و دەرەنجامێکدا خراوەتە ڕوو. نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا لە دەڵێت ئێران وەک وڵاتێکی گرنگ، ئاسیای ناوەڕاست بە ڕۆژئاوای ئاسیا و کەنداوی فارسی (کەنداوی بەسرە – کەنداوی فارسی) دەبەستێتەوە. لەڕوانگەی تارانەوە ئاسیای ناوەڕاست ئەو ناوچەیەیە کە ئێران بە ناوەوەی ئۆراسیا دەبەستێتەوە. ئەو ناوچەیە لە مێژوو و یادەوەری ئێراندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. نووسەر لە میانی پێشەکیەکەدا لە ڕوانگەیەکی میژووییەوە تیشکی خستۆتە سەر ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست لە چورچێوەی ململانێیەکانی نێوان هێزەکانی ناوچەکەدا بە تایبەتی ڕووسیای قەیسەری. لێرەدا بە درێژیی باس لە هەژموونی ڕوسیای قەیسەری/ یەکێتی سۆڤییەت لە ناوچەکەدا کراوە بەپێی قۆناغە مێژووییەکان، کە لە سەدەکانی حەڤدە و هەژدەوە دەستپێدەکات تا دەگات هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤییەت لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، لەم چوارچێوەیەشدا باس لە کار و کاردانەوەکان کراوە لە نێوان ئێران و دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست.
بەشی یەکەم لە کتێبەدا تەرخانکراوە بۆ خستنەڕووی چوارچێوەی تیۆریی بابەتی لێکۆڵینەوەکە، لە میانی ئەم بەشەدا نووسەر بە خستنەڕووی تیۆرەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڕیالیزم بەتایبەتی ڕیالیزمی نوێ بە ڕیالیزمی پێکهاتەیی ناسراوە، ئەمە بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە لەسەردەمی جەنگی سارددا بەکارهاتووە. بەڵام داوی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و نەمانی جەنگی سارد دۆخی ناوچەکە گۆڕانکاری گەورەی بەسەرداهات ئەمەش وایکرد جارێکی دیکە لە چوارچێوەیەکی دیکەدا سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەمە هاوکات لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لەسەر ئاستی تیۆرەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتیدا هاتە کایەوە. کۆمەڵێک قوتابخانە و تیۆری دیکە دەرکەوتن وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر قوتابخانە کلاسیکییەکان کە تەنها جەختیان لەسەر فاکتەرە ماددییەکان دەکردەوە، بەڵام قوتابخانە نوێیەکانی وەک ئینگیز، کۆپنهاگن، کۆنستراکتیڤیزم، لقەکانی ڕیالیزم) بەدەر لە فاکتەرە ماددییەکان بە چڕی پڕژانە سەر فاکتەرە نا ماددییەکان (پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، شوناس، کولتوور و شارستانییەت)، ئەم بابەتانە بوونە بابەتی سەرەکی لە شیکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. لە ڕوانگەیەوە نووسەر باگکراوەندی ئەم قوتابخانەی خستۆتەڕوو.
بەشی دووەمی کتێبەکەدا تەرخانکراوە بۆ شیکردنەوەی شوناسی ئێران و کار و کاردانەوەی ئێران و ئاسیای ناوەڕاست. لەم چوارچێوەیەشدا سەرەتا شوناسی دەوڵەتی ئێران و هاوکات لەگەڵ کاریگەرییەکانی دونیای تورکی لەسەر شوناسی ئێران و چۆنیەتی دابڕینی ئێران لە جیهانی تورکیدا بە وردی خراوەتەڕوو. پاشان کاریگەری ئێران لەسەر ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست لە ڕوانگەیەکی ئایینییەوە لێکدانەوەی بۆ کراوە.
لە بەشی سێیەمدا ئاسیای ناوەڕاست لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە وردی گەنگەشەکراوە، بۆ ئەم مەبەستە چوارچێوەی گشتی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەرامبەر ناوچەکەدا ڕوونکراوەتەوە لە ڕوانگەی هەردوو باڵی پراگماتیسەتەکان/میانڕەوەکان و دۆگماتیستەکان/توندئاژۆکاندا. دواتر کارلێک و ململانێی ئێران لەگەڵ هێزە ئەژموونخوازەکانی ناوچەکە وەک ڕووسیا و چین لەلایەک و ململانێی کولتووری لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە و تورکیا لەلایەکی دیکەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە.
لە میانی بەشی چوارەمی پەرتووکەکەدا نووسەر ئەولەویان (مەرجە پێشینییەکانی)ی ئێرانی لەسەر ئاستی ناوچەکەدا خستۆتە بەرباس، کە خۆی دەبینێتەوە لە پارێزگاری کردن لە هاوسەنگییە هەرێمی وجیهانییەکان، پاڵپشتی لە ئاشتی و سەقامگیری سیاسی ناوچەکە، پشتیوانی لە سەربەخۆیی دەوڵەتانی ناوچەکە و هەناردەکردنی پرەنسیپەکانی شۆڕش (ئیسلامی سیاسی) بۆ ناوچەکە. پاشان پەیوەندیی دوولایەنی دەوڵەتانی ناوچەکە لەگەڵ ئێران هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، کە دەوڵەتانی (کازاخستان، قیرقیزستان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان و تاجیکستان) لەخۆدەگرێت.
لە کۆتاییدا دەرەنجامی پەڕتووکەکە (لێکۆڵینەوەکەی) خراوەتە ڕوو لە چوارچێوەی چەند خاڵێکدا، لەوانە؛
- ئێران لە دێر زەمانەوە لەگەڵ ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست لە ژێر کاریگەری و کارلێککردندا بووە. لەمیانەی پرۆسەی ئەم کاریگەرییەش لەلایەکەوە ئەگەر بە تورک کرابێت، ئەوا لەلایەکی دیکەشەوە گەڵانی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست بەشێوەیەکی بەهێز کەوتوونەتە ژێر کاریگەری کولتوور و زمانی ئێرانی لەڕێگەی فاکتەری ئایینییەوە لە چوارچێوەی هەمان شارستانییەت جێیان کراوەتەوە.
- پەیڕەوکردنی ناسنامەی شیعەگەرێتی لەسەدەکانی ڕابردوو لەلایەن ئێران و بوونی ئاسیای ناوەڕاست وەک ناوچەیەکی مەرکەزی بیروباوەڕ و تێگەیشتنی ئیسلامی سوننە هۆکارێک بوو بۆ پچڕان و داتەپینی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئاسیای ناوەڕاست. لە سەدەی بیستەمیشدا ناسیۆنالیست و نەتەوە پەرپەرستەکان، ئیران و ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستی زیاتر لە یەکتر دوورکردەوە. لێکهەڵوەشانەوە و دابەش بوونی یەکێتی سۆڤیەتی جاران و دەرکەوتنی دەوڵەتانی سەربەخۆ لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست، لەنێوان ئەو دەوڵەتانەی کە تازە سەریانهەڵدا تەنها تاجیکستان متمانەی هەیە بۆ ئەوەی بەها هاوبەشەکانی خۆی لەگەڵ ئێراندا بەش بکات. لەبەر ئەمە پەیوەندی ئێران لەگەڵ هەریەک لە دەوڵەتەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە ئاستێکی جیاوازدا دەمێنێتەوە.
- پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران زۆرترینی لەگەڵ ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستە، کە دێننە سەر دەوڵەتەکانیش زیاتر مەبەست وڵاتی کازاخستانە. لە ڕووی کولتوورییەوە لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست تاجیکستان نزیکترین هاوبەش و هاوپەیمانی ئێرانە. کاتێک سەیر دەکەین دەبینین پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ تورکمانستان لە ئاستی هاوسەنگدایە، بەڵام تاران پەیوەندییەکانی لەگەڵ قیرقیزستان خەریکە تازە بەرەو بارودۆخی باش دەڕوات، لەگەڵ ئۆزبەکستانیش پەیوەندییەکانی بە قۆناغی هەڵکشان تێپەڕ دەبێت.
- ئێران ئامانجییەتی زیاتر پەیوەندییەکانی لە بوارەکانی ئاسایش و ئابوورییەوە لە ناوچەکەدا پەرە پێبدات، لەم چوارچێوەیەشدا جەخت لەسەر دوو خاڵی گرنگ دەکاتەوە ئەوانیش؛ ترس و نیگەرانییە ئەمنییەکان و هەڵگرتنی گۆشەگیرییەکانی کە بەسەریدا سەپێنراون.
- بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی سیاسەتی شیعەگەرێتی ئێران لە ناوچەکە چەند بژاردە و ڕێگەیەک گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، لەوانە: یەکەمیان؛ حکومەتە دەسەڵاتخوازەکان کە ماف و ئازادییە ئایینییەکانی خەڵک سنووردار دەکەن، بژاردەی دووەم؛ بۆ ڕێگەگرتن لە هەناردەکردنی سیاسەتی شیعەگەرێتی ئێران، پێویستە دەوڵەتەکانی ئاسیای ناوەڕاست ستراتیژییەتی بەرگریکردن لە پێش بگرن. ستراتیژییەتی بەرگریکردن بەو واتایەی لە دەوڵەتەکانی ئاسیای ناوەڕاستدا شوناسی ئایینی خۆیان لە بەرامبەر ئێران بەهێز بکەن.
([1]) مەبەست لە چەمکی ئاسیای ناوەڕاست گوزارشتە لەو دەوڵەتانەی کە لە یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو جیابوونەتەوە، کە دەوڵەتەکانی کازاخستان، قیرقیزستان، ئۆزبەکستان، تاجیکسان و تورکمانستان لە خۆدەگرێت.