ئێران؛ قەیرانێکی هەڵئاوساو، پێشهات و سیناریۆکان
هەردی مهدی میکە

بۆچی ئێران بەم دۆخە گەیشت؟ ئەگەر پانۆرامایی بە ڕابردووی جوڵانەوە ناڕازییە جەماوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕوانرێتەوە، دەردەکەوێت ئەوەی هەنووکە لە شارەکانی ئێران لە ڕووداندایە، دۆخی شۆڕش و سەرەتای بارگۆرانی ڕیشەییە لەو وڵاتە، ناڕەزاییەکانی پێشوو دەکرێت لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە و بایکۆت و مانگرتن، تا جوڵانەوەی نیمچەیی چاکسازییانە و هەوڵی گۆڕانکاریی بەشەکی ناوبنرێن، بەڵام ئێستا ئیدی ئێران و نەتەوەکانی و هاووڵاتییە ماندوو و ناڕازییەکانی بە جۆرێک لە جۆرەکان هەم شتێک نەماوە لەدەستی بدەن لە دۆخی ئابووری و گوزەران و ئازادییەکان، هەم وەک پێکهاتە نافارسەکانیش (کورد و عەرەب و بەلوچ) هەر لە کۆی سیاسەتی ئێران لە مێژووی مۆدێرنییەوە تا هەنووکە لێی ناڕازیبوون و لە چەخماخە و چەکەوە تا قەڵەم و کیبۆرد بێ پسانەوە هەر ناڕازیبوون و ئێستاش لە پاڵ ناڕەزایەتیی شارە زۆرینە فارسەکان و دۆخییان، دووبارە سەرباری دۆخە گشتییەکە برینی ئەمانیش کولاوەتەوە و گوڕێکی دی بە خەباتی ماف و مرۆڤ و شوناس تەوەری ئەوانیش داوەتەوە.
بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێران گرنگە پرسە سەرەکییەکان بۆ هەنووکەی ئێران لەبەرچاو بگیرێن، چونکە لەوەڵامی ئەو پرسانەوە دەکرێت وەڵامی کەتواریی وەربگرینەوە: دەکرێت ئەمانە ئەو پرسانە بن کە نزیکمان دەکەنەوە لە تێگەیشتنی ئەو دۆخە: ئایا ئەم شەپۆلەی ناڕەزایەتیی ئەمجارە وەک ئەوانی دی سەرکوت دەکرێن؟ ئایا وەک جوڵانەوەی ژینا بەدووی خۆیدا گۆڕانکاریی ناچاریی زیاتر بە حکومەت دەکات یان دەیخات؟ ئەم باهۆزە لەگەڵ جوڵانەوە چەکداریی و سیاسییە ناڕازییەکانی نێو ئێران چ جۆرە پەیوەندییەک ڕێکیان دەخاتەوە و ئایا لە بزوتنەوەیەکی پەرتەوازەوە دەچێتە قۆناغی واتابەخشین و تیۆریزەکردن و ڕێککەوتنی شەقام بەرامبەر دەسەڵات؟ ئایا دەچێتە قۆناغی یەکگووتاری و یەکمەیدانی و یەخانگیریی جدی بۆ سیستەمەکە دروستدەکات؟ سیناریۆکان چیین و لەئەگەرەکانی مانەوە، نیوەمانەوە، دەسەڵاتوەرگرتنی ئۆپۆزسیۆنی پەهلەوی یان موجاهیدین و ئەوانی دی چ سیناریۆیەک چاوەڕێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات؟ ئایا ئەم جوڵانەوە نوێ شۆڕشگێڕییە یان کۆماریی ئیسلامی کامیان لەگەڵ شەپۆلی سیاسەتیی نێودەوڵەییدا یەکانگیرن و دۆخ لەبەرژەوەندی کام لادایە؟ لە ئەگەری لێدانی ئێران (ئەمریکا-ئیسرائیل) و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان، ئایا ئێران کارتی مانەوە و بەرگریی پێویستی هەیە بۆ جەنگ و بەرەنگاریی؟
ڕیزکردنی ئەم پرسانە لێرەدا هێندەی بۆ کۆمەک و دروستکردنی بانێژە و پەنجەرە بوون بۆ ڕوانین، هێندە بۆ وەڵامدانەوەیان دامان نەناون، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی ئەوانە دەکرێت تێگەیشتنێکی گشتیی نوێ لێرەدا بخرێتەڕوو:
دەکرێت بۆ وەڵامی باش لە ڕوانگەی گووتار و ئایدۆلۆژیا و باوەڕ، قەیرانەکانی سیاسەتیی ئێران، هەڵوێست و مامەڵەی وڵاتان، خەڵکی ناڕازی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە سەیری توانا و دۆخی ئێران لە ئێستادا بکەین:
– گووتارێکی پەشێو و مەزهەبێکی ماندوو لە مەیدانی ململانێدا
بۆ سیستەمە مەزهەبی و ئایدۆلۆژییەکانی وەک ئێران، گوتار و توانای قەناعەتسازیی و باوەڕمەندیی هاووڵاتیان لانیکەم نوخبەی باوەڕدار بە سیستەم و شیرازەکە گرنگە، بانگەشەکاران و تیۆرسێنانی لایەنگری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران باوەڕیان وایە کە ئەم دەوڵەت و دامودەزگایەی کە کە شیعەی ئیمامی لە ئێران لە ١٩٧٩ەوە بەرهەمهاتووە لانیکەم بەرهەمی چوار بزوتنەوەی ئاینی-مەزهەبی و نیمچە مەزهەبین(ئەگەرچی ئەمە تەنها بانگەشەیە و بۆ ڕیشەدارکردنی ئیسلامیزەکردنی شؤڕشی نەتەوەکانی ئێرانی ١٩٧٩یە و سەلماندنی سەختە، بەڵام با گریمان وابێت و بەو پێوەرەی خۆیان جارێکی دی گوتار و شەقامەکەیان بپشکنینەوە). ئەم چوار جوڵانەوەیە زۆر سەرکەوتوو نەبوون لە دەستگرتن بەسەر دەوڵەت و تەمەن درێژ نەبوون، کە ئەوانیش: جوڵانەوەی تەنباکۆ(توتن) قەدەغەی پیدانی جیاوگ بە بەریتانیا لە کۆتایی سەدەی نۆزدە کە دژی هەژموونی داگیرکەرە. جوڵانەوەی مەشروتە ١٩٠٥ بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی شاهی پەیوەست و دەستوردار. جوڵانەوەی دژە ئینگلیز و کۆتاییهێنان بە هەژموونەکەی سەرەتای پەنجاکانی سەدەی بیستەم. جوڵانەوەی چوارەم و کۆتایی جوڵانەوەی ڕوحوڵا خومەینی بوو دژی کودەتای سپی و چاکسازییە دیموکراسی و کشتوكاڵیی و زەویوزارییەکانی محەمەدڕەزاشا لە شەستەکانی سەدەی بیستەم.[i] ئەم چوارە گەر بناغەی شۆڕش و گوتاری کۆماری ئیسلامی ئێران بن، ئێستا هەر ئەم کۆمارە ئەو پێگەیەی لەدەستداوە، چونکە ئامانجی ئەم جوڵانە دژی داگیرکەر و خۆبەڕیوەبەری و بەشداریی خەڵکە، بەڵام ئامار و جوڵەکان و پیدراوە سیاسییەکان ئاماژەی پێچەوانەمان پیدەڵین، هەرچی لەبارەی هەژموونی دەرەکییە ئەوا ڕووسیا و چین هەژموونی فراوانی زیاتریان لە بەریتانیای جاران لە ئێراندا هەیە و هەرچی خواستی جارانی خەڵکیش بوو کە هاوکاری جوڵانەوەکانی بوو بۆ دەرکردنی بێگانە، ئێستا بە گوێرەی ڕاپرسییەکانی خودی نێو ئێران زۆرینەی هاوڵاتیان نەک تەبای گوتار و جوڵەی کۆمارەکەیان نین بەڵکو داخوازییان لە دەوڵەتانی وەک بەریتانیا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا ئەوەیە کە بچن بەدەمیانەوە و هاوکارییان بن لە کۆتاییپێهێنان بەو کۆمارە ٤٦ ساڵیە.
کەواتە ئەو گوتار و باوەڕە (کە شیعەی ئیمامی و ویلایەتی فەقیه و هەناردەی شۆڕشە)[ii] لە ئێستادا لەرزیووە و قەیرانە ئابوورییەکان و بێزاریی لە ئاین و هەڵگەڕانەوە لە مەزهەب، ئاماژەی ورد و یاخیببوانە دەخەنەڕوو کە ئەو گوتارە ناتوانێک نانێک بێت بۆ مناڵێکی شیعە و ناشتوانێت نوێنەری بانگەشەی دادی عەلی بێت وەک ئاین و نەشیتوانی ئەو خۆشگوزەرانییە بهێنێت بۆ خەڵک وەک ئەوەی وەلی فەقیه و ڕێبەری یەکەمی شۆڕش ئایەتوڵا خومەینی بەڵێنیدا. ئێستا کۆمارێک هەیە نەک بۆ کورد و بەلوچ و عەرەب ناتوانێت وەڵامدەرەوە بێت، بگرە بۆ فارس و شیعەکانی نێو ئێرانیش هەر کورتیهێناوە و تا هەنووکە بۆ شیعە و وەلائیەکانی دەرەوەی خۆی باش بووە و هەر ئەوانیشی بەدەستەوە ماوە.
لێرەدا بەدەم ڕێوە چەندین ناڕەزایی و خۆپیشاندان دەخەینەڕوو کە بەرامبەر شۆڕش و زۆرێکی لەلایەن کورانی شۆڕش خۆیەوە سەریهەڵداوە و نیشانەی قەیرانی گوتار و توڕەیی خودی مەزهەبیە وەلائیەکانی نێو شۆڕشیشە: وەک ناڕەزاییەکانی نەوەد لەوانە: هەژاران و دەسخاڵیانی مەشهەد ١٩٩٣، ناڕەزایی بەرامبەر دابەشکاریی کارگێڕیی لە قەزوین ١٩٩٤، ناڕەزایی دژی خراپی گوزەرانی ١٩٩٥ی ئیسلام شەهر، ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆی تاران دژی داخستنی ڕۆژنامەی لایەنگری سەرکۆمار ١٩٩٩ لە لایەن دادگای ڕۆحانیەتی شۆڕشەوە. خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩ی باڵی خاتەمی و موسەوی و کەڕوبی نێوشۆڕش دژی دەسەڵات و گوتارەکەی. ئەمانە مشتێک بوون لەو خۆپیشاندانانە کە دژی گوتاریی ئابووری و سیاسی و مەزهەبی کۆماری ئیسلامی ئەنجامدران[iii]، کە لەپاشتردا فراوانتر بوون و لە ٢٠١٨ەوە ئیدی بە نزیکەیی مانگ نەبووە خۆپیشاندانی توێژی یان پیشەیی یان جەماوەری و چینی نێوەڕاست و خوارەوە ئەنجامنەدرێت و وەک زنجیرەیەکی ناڕەزایی بەردەوام هەبووە تا گەیشتە ژن، ژیان، ئازادی و هەنووکە.
– سیاسەتی بەڕێوەبردنی قەیران و چارەی قەیران بە قەیرانسازی
لە سی ساڵی رابردوودا ئێران چەندین قەیرانی ڕیشەیی ڕووبەڕوو بووەتەوە، کێشەی سەرەکیی دەوڵەت ئەوەبوو لەبری ئەوەی قەیران چارە بکات، قەیرانەکانی بەڕێوەبرد و درێژخایەنتری دەکردن، وای لێهات قەیرانی بە قەیرانی نوێ چارەکرد، تەنانەت لە نێو کوڕانی شۆڕشدا دژبەریی زیاتر پەرەیسەند، بۆ نموونە کاتێک باری ئابووری و گوزەرانی خەڵک و ناڕەزایەتی خودی شۆڕشییەکانی چینی خوارەوە وایکرد شەپۆلێکی دەسخاڵی و هەژارانی وەلائی لە نێو حزبوڵاهییەکاندا لەوپەڕی پۆپۆلیزمدا خۆی دەرخست و بە دروشمی دژی ئەشرافیەت و دژی پۆزی خانەدانێتی و کاسپیکردن بە دینەوە لە لایەن سەرانی شۆڕشەوە دەرکەوت و هەر ئەم شەپۆلە لە هەڵبژاردنیشدا (بە پشتیوانی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی) بۆ دوو خول ئەحمەدی نەژادی کردە سەرکۆمار[iv]، بەڵام نەک قەیرانی درزی نێوان خەڵک و چینی خوارەوە و سەرانی دەسەڵات و چینی خانەدانی دەوڵەتی کەمنەکردەوە بەڵکو فراوانتری کرد و قەیرانی دیکەی لە سیاسەتی دەرەکی و دارایی و گوتاریی دەوڵەتی ناواقیعی و زیاتر بەرزەفڕ و ئامانجگەراتر کرد.
کاتێک باری ئابووریی و گوزەرانی خەڵک خراپتربوو و خۆپیشاندان دەکرا، ئەو بە وروژاندنی پرسی جیاخوازیی کورد و بەلوچ و عەرەب تۆمەتباریی دەکردن و لەمەشدا سەرکەتوو بوو کە خەڵکی فارسی چەواشە دەکرد و لە توڕەیی خۆیان پاشگەزدەبوونەوە و لەبەر مانەوەی ئێرانێک کە لەبنجەوە لەسەر بنەمای گوتارێکی سەپێنراو نەک یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانەی پێکهاتەکانی نێوی بنیاتنرابێت. یان کاتێک لەنێو خۆیدا کەسانی وەک موسەوی و خاتەمی و ڕەفسەنجانی تێهەڵدەچوونەوە و ناڕازییان دەردەبڕی، ئەو بە قەیرانی سیاسەتی دەرەکی خۆی چارەی دەکردن و بە فیتنە و فیتی ئیسرائیل و ئینگلیز و ئەمریکا لەقەڵەمی دەدان. کاتێک پرسی حیجاب و ئازادیی ژنان دەهاتەپێش کە پرسی هەموو پێکهاتەکانە بە سیناریۆی تیرۆریستی و ناشیرینکردنی ڕووخساری دەرەوەی ئێران کۆتایی پێدەهێنا و لە بری چارەسەریی ڕیشەیی و دەستووری، خەڵکی ئێرانی بە تیرۆر و تۆقاندن ناوزەددەکرد و ئەمەش ڕقی نوێی دەچاند. کاتێکیش خۆپیشاندانێکی جەماوەری وەک ئەوەی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ی ژینا ڕوویدەدا، ئیدی لەبری چاکسازیی ڕیشەیی هانای بۆ پرۆئیێرانییەکانی دەرەوە دەبرد تا پارێزگاریی لە کۆمار بکەن بە نانەوەی پەشێوی تێکدانی وڵاتانی دیکە و وڵاتانی بیانی ناچار بکات پشتیوانی خەڵکی نێو ئێران و نەتەوەکانی نەکەن. دەوڵەت بۆ ئەمەش سامان و پارەی خەڵکی لەبری ئەوەی قەیرانێکی پێچارە بکات، دەیدایە وەلائیەکانی عێراق و ئەفغان و یەمەن و لوبنان و سوریە و فەلەستین تا ئێران بپارێزن، ئەمەش چەندین قەیرانی نوێی بۆ سیستەمەکە دەخوڵقاند.
کاتێکیش لە سیاسەتی دەرەکیدا لەبری “بێلایەنی ئەرێنی”، “بێڵایەنی نەرێنی” هەڵبژارد و لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکادا هەڵشاخایەوە و لە بری ئەوەی ئاشتبێتەوە، بیری لەوەکردەوە گەر ڕێی پیتاندنی ئەتۆمی موشەکی ناوەکی بگرێتەبەر، ئەوا دنیا ناچاردەکات بێنەوە بەر هەیوانەکەی. بەڵام بە پێچەوانەوە لە ٢٠٠١ەوە ئەمەش بووە سەرباری قەیرانی تر و سیاسەت و پەیوەندییەکانی دەرەکی ئێرانی هێندەی تر پەراوێز خست، کاتێکیش لەبەر ئەتۆم گەمارۆیان خستەسەر، بە پڕچەککردنی گرووپەچەکدارەکانی وڵاتانی جیهانی سێ و ئیسلامی، پەشێوی و نائارامی دروستکرد و بۆ هاوکاریی ئەوانەش مووشەکی دوورهاوێژی بەرهەمهێنا.
هەموو ئەم هەنگاوانەی کە یەکەمجار وەک چارەسەر دەیخستنەڕوو هەموویان بوونە بارتەقای قەیرانی دیکە و دەوڵەت وەک هەمیشە لەهەموویاندا کورتیهێنا و بوونەوە کارتی فشاری زیاتر لەسەری و بوونە هەوێنی ناڕەزایەتی خەڵک. ئێستا ئێران نەک تەنها قەیرانی دارایی، قەیرانەکانی دیکەشی بۆ جێماوە: دبلۆماسی و پەیوەندی، بەخێوکردنی پرۆکانی، لێچوونی سەربازیی و تەکنۆلۆجیای زیرەک، دراوی وڵاتەکەی، پرسی ئەتۆم، دەسهەڵگرتن لە موشەک، گەمارۆکان، وازهێنان لە پرۆکانی، کێشەی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری، مەسەلەی مافی مرۆڤ و بەشداریی سیاسی…تاد. دەبێت هەموو ئەمانە وازلێبهێنێت! ئایا دەتوانێت؟ بێگومان نەخێر چونکە وازهێنان لەمانە واتە کۆتایی دەسەڵات و گووتار و پشتتێکردنی جەماوەرەکەی.[v]
هەموو ئەم هەنگاوە قەیرانسازانەشی لە چوارچێوەیەکی دەستووری و گووتاری هەناردەکردنی شۆڕشدا رێکخست و وەک باوکی هەژاران و ستەملێکراوانی دنیا خۆی ناساند و ڕوحوڵا خومەینی لە کۆبوونەوەی قوتابخانەی فەیزیە لە مانگی دوانزەی ١٩٧٩دا وەک ڕێبەری شۆڕشەکە چەندین جار بەڵێنی زۆری بە هەژاران و هاووڵاتیانی ئێران و هەژاران دا کە دەبێت ژیانیان خۆشگوزەران بکات و نابێت بە کەم ڕازی بن![vi]، بەڵام هەنووکە هاونیشتمانییەکانی خۆی پێ تێرناکرێت و هەردوو چینی ناوەند و خوارەوە و سەرجەم پێکهاتە نافارسەکان ناڕازین و وڵاتانی هەرێمایەتی و ڕۆژئاوایش هەروا ناتەبان لەتەکیدا.
ئێستا پاش دەسخاڵێتی لە گوتاردا، بەڵێن و دروشمەکانی لە خۆشگوزەرانکردنەوە گۆڕیووە بۆ ئەوەی بڵێت گەر ئەم سیستەمە بڕوخێت ئەوا بەعێراقیبوون و بەسوریابوونی ئێران چارەنووستان دەبێت، لەکاتێکدا هەردوو وڵاتەکە خۆی بەو دۆخەیدا بردن لە ڕێگەی وەکیلەکانیەوە.
بەرەو شۆڕش
دۆخی ڕوودانی شۆڕش هەمیشە وا دێتە بەرچاو کە ڕوونادات و سەختە، هەر خودی پێشبینیکردنی شؤڕش خۆی جۆرێک دژواری تێدایە و ئاسان نییە، ئەمە نەک بۆ ئێران بۆ زۆر شۆڕش و جوڵانەوەی دنیا ڕاستە، بۆ نموونە کاتێک قەیسەری ڕووس ١٩١٧ لە ژێر فشاری خەڵکدا وازی لە تەخت هێنا خودی لینین و ترۆتسکی و بوخارین لەدەرەوەی وڵات بوون و لینین لە زوریخ بوو، ئەو ڕۆژە بە ژنەکەی (کرۆپسکایا) وتووە: “سەیروسەمەرەیە، ئەسڵەن ناتوانم باوەڕ بکەم”، لە کاتێکدا لینین خۆی ڕێبەری شۆڕشی ١٩١٧ بوو!( لنین، زندگی انقلابی سرخ، نوشته رابرت سرویس، ترجمه بیژن اشتری، نشر ثالث، ص.۳۲۷)[vii]، ئەمە هەر بۆ لینین ڕاست نییە، بۆ ناپلیۆن زۆر ڕاستترە و ئەویش بەشدارێکی دیاری شۆڕشی فەرەنسی نەبوو، بەڵام پاش ئەوەی لە میسر گەڕایەوە و داگیرگەکانی فەرەنسای جێهێشت و گەڕایەوە پاریس و خۆی کردە پاشای شۆڕش.
بەڵام خودی ئەو کتوپڕیەی شۆڕش خۆی جۆرێک لە ئەگەر و گومانەکان و ئاگاداربوون لە دۆخی شؤڕش نزیک دەکاتەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی زەمینەکانی توڕەیی پچڕپچڕ بەڵام زنجیرەیی و پەیتاپەیتا سەرهەڵدەدەن و سەرکوت دەکرێن، ئیتر دیدگا جیاوازەکانی ناڕەزاییەکان گەرچی زۆر دووریش بن، یەک ئامانج کۆیان دەکاتەوە: ڕەتکردنەوەی دۆخی هەنووکە. ساڵی ١٩٧٩ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی چەپ و ڕاست و ئیسلامی و سیکۆلار و فارس و نافارسی کۆکردەوە، خودی سیاسەتەکانی شای ئێران (محەمەد ڕەزا پەهلەوی) بوو کە وەک خاڵی کۆکەرەوە هەموو نەیارە ناتەباکانی کردە یەک و یەک ئامانج: تەنها ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتە خودی سەرکەوتنە. هەر واش بوو تا چەند ڕۆژەکانی دوایی مانگی بەهمەن وادەزانرا شا ناڕووخێت.
لە پاش جوڵانەوەی بەرفراوانی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)یەوە تا ئێستا چ بە بێدەنگبوون و هاواری شەقام بێت، چ بە دەستشلکردن و توندکردنی حکومەت بەرامبەر ئازادییە تاکییەکان و مافەکانی مرۆڤ و چ بە گورزوەشێنیە ١٢ ڕۆژییەکەی ئیسرائیلیشەوە بۆ سەر ئێران، خەڵکی ئێران لە ڕێی ئەم جوڵانەوەیەوەیە کە زۆرێک بە شۆڕشێ ژینا ناوی دەبەن[viii]، گۆڕانکاریی ڕیشەییان لە دیدگای خۆیان و مانابەخشینەوە بە جوڵانەوە و توانای خۆیان بۆ دەرکەوت، سازشی نەنووسراو و کشانەوەی زۆریان لە سەران و دامودەزگا و شلکاریی کۆماری ئیسلامیشدا بینی، جوڵانەوەی ژینا گۆرانکاریی قوڵی لە زەین و ڕەفتاری هاوڵاتیان لەلایەک و لە خودی دەسەڵاتیشدا دروستکرد کە ئایا بگەڕێتەوە و سازشی تەواو بکات، یان درێژە بە ڕێگای سەرکوتکاری بدات؟
خەڵکی ئێران پاش ژینا و هەنووکە بەدوای واتابەخشینەوەیە بە چەمکەکانی ناڕەزایەتی و خواست و ئایندەبینیەکانی وا ڕێکدەخات، بەرەو یەکگوتاری و خۆڕێکخستنەوەی زیاتر دەچن دەنگی سەروحزبی و کوتلە و جەمسەرەکان کە کۆمەڵگایە بەرزرە سەران و سەرکردە کلاسیکیە ئۆپۆزسیۆنەکان. گەر ڕاپرسییەکان نێو ئێران و جوڵانەوە و زنجیرە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان و کۆچی بەردەوامی جێهێشتنی ئەو وڵاتە و ڕەخنە خۆییەکانی سەرانی کۆماریی ئیسلامی لە خۆیان و جوڵەی نوێی هێزە ئۆپۆزسیۆنە سیاسیی و شوناسخوازەکانی وەک کورد و بەلوچ و عەرەبی ئەم دووساڵەی ڕابوورد لەبەرچاوبگرین، دەزانین کۆماریی ئیسلامی گوتاری مانەوەی لە مەیدانی سیاسەتدا لەدەست دەرچووە و گەر ناڕەزایەتیش نەبێت و لەدەرەوەش لێی نەدرێت، دیسانەوە هەر گوتارەکە ساڵانێکە توانای وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی نەماوە و ئەوەی بەدەستیەوەتی جوگرافیا و سامان و دەزگا دەوڵەتییەکان و سوپایەکی وەلائی و هەوادارە نائێرانیەکانن، ئایا ئەمانە دەتوانن بەرگری لە کۆماری ئیسلامی بکەن؟
ئێستا لە هەمووکات زیاتر ئامانجی خۆپیشاندەران و بەرژەوەندیی ئەمریکا(سیاسی و بازرگانی و ئابووری) و ستراتیژی ئیسرائیل(نەهێشتنی هیچ دەوڵەتێکی مەرکەزی لە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست) و بەرژەوەندی ئەکتەرە هەرێمییەکانی وەک (عێراق و هەرێمی کوردستان، کەنداو، تورکیا، سوریا، لوبنان، ئەردەن) لە یەک نزیکن، مەرج نییە هەموو لەگەڵ ڕووخاندندا بن، بەڵام هەمووان لەگەڵ لاوازکردنی زیاتری ئێراندان، گەر ئەم فاکتەرانە لەبەرچاوبگیرێن، ئەوا لەوە تێدەگەین لەئەگەری بەردەوامی خۆپیشاندان و هاوکات وەشاندنی گورزی دەرەکی لە حکومەت و پەلاماردانی ئێران، دۆخەکە لەبەردەم سێ سیناریۆ خۆی دەبینێتەوە:
– سیناریۆی عێراقی ١٩٩١ و نیوەگیانکردنی کۆماری ئیسلامی و بووژاندنەوەی پێکهاتەکانی بۆ دروستکردنی دیفاکتۆی نەتەوەیی و پاشان بەدەستوورییکردنیان لە قۆناغی ئایندەدا و بەرەو لامەرکەزییبردنی.
– سیناریۆی کودەتا: کە ئەمە بۆ نەتەوەکانی وەک کورد و بەلوچ و عەرەب مەترسیدا دەبێت و دوور نییە هاوپەیمانێتیەکی پانئێرانیەکان و ڕیفۆرمیستەکان و سەڵتەنەتەییە شاهیەکان بێنەپێشەوە و دیسانەوە هەمان پەراوێزکردنی پێکهاتەکان دووبارە دەبێتەوە و دەبێت پەنجاساڵی دیکە لەژێر ستەمدا بەرخودان بکەنەوە.
– پەشێوی سەرانسەری و کەوتنی تەواوەتی ڕژێم و دروستبوونەوەی دیفاکتۆی ناپەیوەست بە مەرکەزەوە وەک سەرەتای بیستەکان و چلەکان…
کە دەکرێت بۆ هەریەکە لەم سیناریۆیانە سیناریۆی لاوەکیی دی و وردەکاریی و پێچاوپێچی هەیە و لێرەدا کاتی باسکردنیان نییە.
پەراوێز و سەرچاوەکان:
[i] . مجموعەی از نویسندگان(١٣٨٤): انقلاب اسلامی و چرایی و چگونگی رخداد آن، چاپ جهل و پنجم، دفتر نشر معارف، تهران، ص٢٧.
[ii] . بڕوانە: هەردی مەهدی میکە(٢٠٢٢): ئێراننامە(سیستەم، سیاسەت و کولتوور)، چاپی یەکەم، درەومیدیا، چاپخانەی پاندا، سلێمانی، ل٢٢-٣٣.
[iii] . وحید پوراستاد(1403): چگونه اعتراضهای کوچک دههٔ ۷۰ سرانجام به سراسر ایران رسید؟، سایت رادیو فردا، نشر: ٤/مهر/١٤٠٣، تاریخ دسترسی: ١٤/١/٢٠٢٦، لینک: https://www.radiofarda.com/a/protests-in-iran-1992-2022/33132497.html
[iv] . بهزاد کشمیریپور(۱۳۹۴): ظهور و سقوط احمدینژاد، رئیس جمهور مطیع و محبوب خامنهای، سایت دویچە تی وی، نشر:٢/۴/۱۳۹٤، دسترسی: ١٤/١/٢٠٢٦، لینک: https://shorturl.at/IOITZ
[v] . بی.بی.سی.فارسی(٢٠٢٦): آیا حکومت ایران به «پایان راه» خود رسیده است؟، سایت بی بی سی فارسی، نشر: ١٤/١/٢٠٢٦، دسترسی: ١٤/١/٢٠٢٤، لینک: https://www.bbc.com/persian/articles/c5yvg2w36lqo
[vi] . سایت رایگاه(١٣٨٨): مگر امام نگفت آب و برق را مجانی می کنیم؟، سایت رایگاه (نسخە قدیمی)، نشر: ١٧بهمن١٣٨٨، دسترس: ١٤/١/٢٠٢٦، لینک: https://raygah.blogfa.com/post/208
[vii] . بهزاد مهرانی(١٤٠٤): آیا در ایران انقلاب میشود؟، بدون تاریخ نشر، دسترسی: ١٤/١/٢٠٢٦، لینک: https://www.fereydoun.org/reflections/94854
[viii] . آرمان امیری(١٤٠٤): آیا این یک انقلاب است؟ سایت ایران امروز، نشر: ٢٤دی١٤٠٤، دسترسی: ١٤/١/٢٠٢٦، لینک: https://www.iran-emrooz.net/index.php/politic2/more/103071/
كوردی

