“داگیرکردنی تاریکی”؛ هەوڵەکانی سڕینەوەی نەتەوەیەک لە ڕێگەی پاکتاوی زمانەکەیەوە
د. دیلان سەلام حەمەفەرەج؛ دکتۆرا لە ئەدەبی کوردیدا
ناسنامەی کتێب
ناوی کتیب: داگیرکردنی تاریکی
نوسەر: بەختیار علی
جۆری کتێب: ڕۆمان
ژمارەی لاپەڕە: (٧٢٢)
چاپخانە: چاپخانەی ڕەهەند
ساڵی بڵاوکردنەوە: (٢٠٢٠)
بەرایی
“داگیرکردنی تاریکی” یەکێکە لە بەرهەمەکانی ڕۆماننوسی دیاری کورد؛ “بەختیار عەلی”، ئەم بەرهەمە لە ساڵی (٢٠٢٠)دا بڵاوکراوەتەوە، ڕۆمانەکە لە (٧٢٢) لاپەڕەدا مێژووی کارەساتباری پڕۆسەی وەرگەڕانی کولتووریی مرۆڤی کوردمان لە دەوڵەتی نوێی تورکیادا لە ڕێگەی بەسەرهاتی چەند کاراکتەرێکەوە بۆ کورتو کۆدەکاتەوە.
سەرنجڕاکێشیو کاریگەریی ڕۆمانەکە لەوەدایە، کە کارەساتەکەمان لە چاوی تورکەوە، کە لایەنە ستەمکارەکەیە، بۆ دەگێڕێتەوە، ڕۆمانەکە مێژووییەو بە بەکارهێنانی تەکنیکی ڕیالیزمی ئەفسوناویی نوسراوە. نوسەر لە ڕێگەی ئەم تەکنیکەوە زۆر دەستی لە واقیعدا وەرداوەو گۆڕیویەتی، ڕوداوەکان زیاتر لە نێوان ساڵانی (١٩٤٥-١٩٨٠)دا لە باکووری کوردستانو تورکیا ڕویانداوە. ئەگەر ڕۆمانەکانی دیکەی “بەختیار عەلی”، نیشاندانی کورد لە چاوی کورد خۆیەوە بێت، ئەوا “داگیرکردنی تاریکی” نیشاندانی کوردە لە چاوو نیگاو بینینی ئەوی ترەوە، بە پێچەوانەیشەوە دروستە، واتە ڕۆمانەکە نیشاندانی ئەوی دیکەیە لە دیدی منەوە، گوتاری ڕۆماننوسێکی کوردە سەبارەت بە مێژووی تورکو بینینو سڕینەوەی کورد وەک نەبینراوو بێدەنگکراوو تاریککراوێک. تاریکییەک کە ناگیرێتو ئەوی تر دەیەوێت بیگرێتو ڕاویبکات.
ئەم تاریککردنە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، کە ئەوی تر بۆ کوردی دروستکردووە، کوردیش لە ناو ئەم تاریکییەدا نەبێت، ناتوانێت بە ئاشکرا خۆی دەربخات. مرۆڤی کورد لە هەمان کاتدا خۆیەتیو خۆیشی نییە، ئەوی تر بەردەوام دەیەوێت وا لە کورد بکات خۆیان نەبن، ئەوانیش دەچنە تاریکییەوە هەتا ئەوی تر نەتوانێت دەستیپێیانبگات. هەر لەم بارەیەوە “بەختیار عەلی” دەڵێت: “من نوسەری ئەو ڕووبەرانەم، کە داگیرناکرێن. من ئەدەب بە چەکێکی گەورەی بەرگریکردن دەبینم دژ بە سیستەمە سەرکوتکەرو داگیرکەرو ژیان_شێوێنەرەکان”(١).
بەختیار عەلی لە ڕێگەی ڕۆمانەکانییەوە هەوڵدەدات تەواوی مێژوو، دونیابینیی تاکو کۆمەڵگای کوردی بگوێزێتەوە بۆ ناو ئەدەبو لەوێوە پارێزگاری لە بوونو شوناسی تاکی کورد بکات، بۆ ئەمەیش پەنا بۆ زمان دەبات، کە زمان سیستەمێکە لە ڕێگایەوە هەوڵدەدەین گوزارشت لە هەموو شتێک بکەین، واتا بدەین بە هەموو شتێک، ناومان بۆ هەموو شتێکو هەموو دۆخێک هەبێت، هەر شتێکیش بکەوێتەدەرەوەی زمانەوە، دەکەوێتەدەرەوەی بیرکردنەوەیشەوە، هەروەها سیستەمی زمانی چەند فراوانو بەهێز بێت، هێشتا کۆمەڵێک نەگوتراو لە دەرەوە دەمێننەوە، کە ئەدەب هەوڵدەدات ئاماژە بەو ڕووبەرە نەگوتراوانە بکات. ئەم خواستەی زمان هەیەتی، هەتا ببێت بە بۆتەی هەموو گوتراوو نەگوتراوێک، واتە هیچ شتێک نەبێت، کە زمان هێزی ناونانو توانای دەربڕینی ئەوی نەبێت، ئەم خواستە لە سیستەمە باڵادەستەکانی ناو کایەی سیاسییشدا هەیە، ئەوانیش بەردەوام هەوڵدەدەن سنووری دەسەڵاتو قەڵەمڕەویی خۆیان فراوانبکەن، خواستیانە هەموو ڕەگەزە جیاوازەکان لە ناو یەک ڕێکخستنو یەک نەزمو یەک ڕێسادا بتوێننەوە.
زمان وەک ئامرازێک بۆ پارێزگاریی لە شوناس و ڕەتکردنەوەی ئایدۆلۆژیای سەپاندن
لەگەڵ سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیستیو فۆڕمی دەوڵەت_نەتەوەی ناسیۆنالیدا، سیستەمی سیاسی لە خۆرهەڵات، کۆمەڵێک وڵاتی دەستکرد دروستدەکات، کە بە حوکمی ئەوەی ئایدۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی؛ ئیدارەی دەوڵەتە ناوەندییەکان دەدەن، خواستیان لەوەیە سنوورێکی جوگرافیی داخراو، بەڵام پاکو یەک نەتەوەو یەک زمان دروستبکەن(٢).
لە دوای سەدەی بیستهەمەوە لە خۆرهەڵاتدا سنوور سەرهەڵدەدات، پێش “سایکس_بیکۆ”و لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا، لە نێوان وڵاتانی خۆرهەڵاتدا سنوورێکی تەنکو نەبینراو هەبووە، لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوەییدا سنوور بایەخێکی زۆر پەیدادەکات. سنوور شێوەی قەفەزێکی دیاریکراوی هەیە. ئەوانەی لە ناو سنووری دەوڵەتدان، شوناسێکیان هەیە. ئەوانەیشی لە دەرەوەی سنوورن، شوناسێکی دیکەیان هەیە، واتە سنووری دەوڵەت وەک سنووری شوناس دەناسێنرێت، سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی هەوڵدەدات هەموو جیاوازییەکانی شوناس لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا بسڕێتەوە. دەتوانین بڵێین: زۆربەی دەوڵەتەکانی خۆرهەڵات لە سەر ئایدیای سڕینەوەی ئەوی دیکە دروستبوون، ئایدیای دروستکردنی جۆرێک لە هاوشوناسیی زۆرەملێ. بوونی کورد بۆ ئەم دەوڵەتانە وەک دیوارێکی ئاسنینو سەخت وایە، کە تەواوی بیری دەوڵەتی یەک_شوناسو کۆنترۆڵکردنی ئەوانی دیکە هەرەسپێدەهێنێت. هەموو سیستەمێک جێیەکی هەیە بۆی داگیرنەکرێت، بەڵام کاتێک ئەو ڕەگەزە نامۆو نەگیراوە لە ناو جەرگەی خودی سیستەمەکەدا بێت، کێشە سەرهەڵدەدات، بۆ نموونە هەموو تورکێک دەزانێت، کە خەڵکانی “کورد، عەرەب، تورکمان، فارس…” هەن لە شوێنی دیکەدا دەژین، ئەمە گرفت بۆ شوناسی تورکی دروستناکات، بەڵام کاتێک لە چوارچێوەی سنووری تورکیادا نەتەوەکانی “کورد، عەرەب، ئەرمەن” هەبوون، کە خۆیان بە تورک نازانن، ئەمە دەبێت بە هۆی فۆبیایەکی بێسنوور. هەر ئەمە وایکردووە زۆربەی دەوڵەتانی خۆرهەڵات لە فۆبیای بەردەوامی هەڵوەشانەوەدا بژین، چونکە دەوڵەت لە سەر ئەفسانەی کۆنترۆڵکردنی تەواوو هاوشوناسیی تەواوی هاونیشتیمانیان دامەزراوە. لە “داگیرکردنی تاریکی”دا قسە لە سەر مەحاڵبوونی داگیرکردنی ئەوی دیکەو سڕینەوەی شوناسو زمانی دەکرێت، هەروەک نوسەری ڕۆمانەکە ئاماژەیپێداوە “ئێستا لە دۆخی زمانی کوردیدا لە تورکیا دەیبینین، لەوێ قسەکردن بە کوردی هەر نیشانەی ئینتیما نییە بۆ نەتەوە، بەڵکو وەڵامیشە بۆ بانگەوازێکی ئایدۆلۆژی، لەم دۆخەدا زمان خۆی بەدەر لەوەی لە سەر چی قسەدەکاتو لە سەر چی دەدوێت، هەر ئامادەگییەکەی دەبێتە ئەکتێکی ئایدۆلۆژی”(٣). لێرەدا دەتوانین بڵێین زمان تەنها زمان نییە، بەڵکو بەتاڵکردنەوەی تەواوەتیی بانگهێشتێکی دیکەیە، فۆبیای قووڵی تورکەکان لە زمانی کوردی لەوە نییە، کە ناسیۆنالیزمی تەسک_بیرن، لەوەیە کە بوونی زمانی کوردی لە ڕاستیدا بەتاڵکردنەوەی تەواوی ئەو بانگهێشتە ئایدۆلۆژییەیە، کە دەزگای ئایدۆلۆژیی دەوڵەتی تورک دەینێرێت، ئەم دۆخە چەند گرنگە بۆ زمان، هێندەیش ترسناکە، چونکە خودی زمان لەوە دەکەوێت زمان بێتو دەبێت بە ئاماژەو هێمایەکی ڕووت.
لێرەدا تەنیا لە بەردەم بەسیاسیبوونی زماندا نین، بەڵکو لە بەردەم گۆڕانی زمانداین بۆ هێمایەکی ئایدۆلۆژی. لێرەوە قسە لە سەر ناوەڕۆکی ڕۆمانی “داگیرکردنی تاریکی” دەکەین، کە ڕۆمانێکە، مێژووی گەلی کورد دەگێڕێتەوە. جگە لەمە، ڕۆمانێکی سیاسیو فەلسەفیو دەروونییە، لە بارەی زمانی کوردیو بارودۆخی کوردەوە لە ناوچەکانی باکووری کوردستان نوسراوە، هەروەها ئەو گوشارو ستەمە دەخاتەڕوو، کە بەرانبەر بە کورد کراوە لەلایەن “تورکی فاشیزمەوە”، بۆ سڕینەوەی کورد وەک نەبینراوێک لە تاریکیدا، کە هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە دەیهەوێت ئەم تاریکییە بگرێت، بەڵام هەرگیز ئەم تاریکییە خۆی بەدەستەوەناداتو داگیرناکرێت.
ڕۆماننووس زۆر بە شارەزاییو لێهاتووییەوە توانیویەتی ئەو ڕوداوو کارەساتانەی نەتەوەی کورد بخاتەڕوو، کە تورکەکان بە سەر کوردەکانیاندا هێناوە. هەمیشە هەوڵیانداوە کوردبوون بنەبڕبکەنو کوردەکان چیدی بە زمانی خۆیان نەدوێن، بەڵام لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا نەک هەر ناتوانن زمانی کوردی بسڕنەوە، بەڵکو تورکەکانیش بە زمانی کوردی دەدوێن. زمانی کوردی لە ڕۆمانەکەدا نەک هەر لەبیرناچێتەوە، بەڵکو مردووەکانیش زیندوودەبنەوەو بە زمانی کوردی دەدوێن، هەموویان بە مردوو و زیندووەوە هەوڵی ئازادیو سەربەستی دەدەن بۆ زمانەکەیان وەک هەموو زمانەکانی دونیا.
سەرەتایەکی کۆمیدیو تراژیدی
سەرەتای ڕۆمانەکە بە ڕوداوێکی پڕ لە فەنتازیا دەستپێدەکات، ڕۆژی (١٢)ی تەمموزی (١٩٧٧) ئەو چەکەرەیەیە، کە سەرهەڵدەداتو واقیعێکی پڕ مەینەتیو کارەساتی نەتەوەیەک لە ماوەی سی بۆ چل ساڵدا، لە بەر نیگای ئێمەی خوێنەردا دەکاتەوە. بە کارەکتەرێک دەستپێدەکات بە ناوی “عیسمەت ئۆکتای”ەوە. هاوڵاتییەکی تورکییە، بەیانی لەخەوهەڵدەستێت، دەیەوێت ژیانی ڕۆتینیی خۆی بژی. کاتێک بۆی دەردەکەوێت ڕوداوێکی ترسناک لێیڕویداوە، ئەو بە تەواوی زمانی تورکیی لەبیرچووەتەوەو بە زمانێکی دیکە قسەدەکات، کە خێزانەکەی لێیتێناگەن، پاشان قوڕەکە هێندەی تر خەستدەبێتەوە، کاتێک بۆی دەردەکەوێت ئەو زمانە تازەیەی قسەیپێدەکات، کوردییە، ئەو زمانەی کە دەوڵەت بە درێژایی (٥٠) ساڵی پێش ئەو ڕوداوە هەموو هەوڵێکی داوە نکۆڵی لە بوونی بکات، بیتوێنێتەوەو ئەو نەتەوەیەی هەڵگری ئەو زمانەیشە، بە ئاگرو ئاسن لەناویبەرێت، بۆئەوەی بەرپرسانی نەخۆشخانەو دواتریش نوێنەرانی دەوڵەت لە ڕاستیی بابەتەکە تێبگەنو پرسیار لە “عیسمەت ئۆکتای” بکەن، کە چۆن توشی ئەو بەڵایە بووە، پەنادەبرێتەبەر تاکە وەرگێڕێکی ئەو زمانەی بە لای ئەوانەوە نییەو نابێت ببێت، واتە “عەلی ئیحسان ئاکانسو”، کە یەکێکە لە دوو کوڕەکەی دکتۆر “تاریق ئاکانسو”.
دکتۆر تاریق ئاکانسۆ پڕۆفیسۆرێکی زانکۆو نەژادپەرستێکی سەرسەختە، کە لە ساڵی (١٩٤٥) وەک نوێنەری دەوڵەت لەگەڵ دوو کوڕەکەیدا، ڕوودەکاتە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان)، بە مەبەستی پلاندانان بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی “یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت”، لە پایتەختەوە دەسەڵاتێکی ڕەهای پێدەدرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆگرامەو سوپاو جەندرمەو دادگاکان لە ژێر ڕکێفیدا دادەنرێن هەتا وەسێتنامەکەی “مستەفا کەمال ئەتاتورک” دامەزرێنەرو یەکەم سەرۆککۆماری تورکیا بە تەواوی جێبەجێبکرێت. ئیتر بکوژو ببڕ لە ناوچەکەدا ئەو کابرایە دەبێت، کە سڵ لە هیچ کەسێک ناکاتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، تەنانەت کوڕەکانی لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ سەیرکردنی ئەشکەنجەدانی ئەو کوردانەی ملنادەن بۆ لەبیرکردنی زمانو کولتووری نەتەوەیی خۆیان.
لێرەدا “بەختیار عەلی” سیناریۆیەکی زیرەکانە هەڵدەبژێرێت بۆئەوەی وەک نوسەر نەکەوێتەداوی بەگشتیکردنو بۆیاخکردنی تەواوی نەتەوەیەک بە ڕەنگی ڕەگەزپەرستیو داماڵران لە بەها مرۆییەکان، دەبینین کە “تاریق ئاکانسۆ” تەنها کوڕە بچووکەکەی خۆی، واتە “عەلی ئیحسان”ی پێقایلدەکرێت، کە کار بۆ پڕۆگرامی نامرۆڤانەی لەناوبردنی زمانو بوونی نەتەوەیەکی تر بکات. “عەلی ئیحسان” خۆی فێری زمانی کوردی دەکاتو وەک مێردمنداڵێک جاروبار دەیخەنە نێوان زیندانییە کوردەکانەوە هەتا دواتر قسەکانیان بگەیەنێتە بەرپرسیارانی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی (میت)و پۆلیس، لە کاتێکدا کوڕە گەورەکەی ئاکانسۆ؛ “ئارسین”، لە باوکی هەڵدەگەڕێتەوەو سەری خۆی هەڵدەگرێتو ژیانی ڕێچکەیەکی دیکە دەگرێت. “بەختیار عەلی” لە ڕێی وێناکردنی ژیانی ئەو دوو برایەوە، لە ڕێگای کاردانەوەی دەسەڵاتدارانەوە، کاتێک ئەو نەخۆشییەی “عیسمەت ئۆکتای” زیاترو زیاتر بڵاودەبێتەوە. پانۆرامای مێژووی نەتەوەیەکی دەستبەسەرداگیراو، دەوڵەتێکی داگیرکار، بە درێژایی زیاتر لە نیو سەدە مێژووی پڕ لە دڕندەیی دەوڵەتی تورکو هەڵبەزودابەزەکانی سیاسەتمان نیشاندەدات. پێماندەڵێت، کە بە درێژایی قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی تورکیا، هەر گرووپو حیزبێک لە سەر دەسەڵات بووبێت، ئامانجەکانیان نەگۆڕ بووە، کە تواندنەوەی نەتەوەیەکو لەناوبردنی زمانو کەلەپوورەکەی بووە، بۆ ئەمەیش هەموو ڕێگەو شێوازێکی سەربازییان بەکارهێناوە.
“تاریق ئاکانسۆ” هەر دوژمنی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە نییە، ئەو دوژمنی سروشتو گیانلەبەرو دارودرەختو گژوگیای ناوچەکەو تەنانەت ئێسکوپروسکی مردووەکانیشە. ئەو لە هەموو ئەو ژینگەیەدا تاریکییەک هەستپێدەکات، کە بە ڕای ئاکانسۆ هەتا ئەو تاریکییە داگیرنەکرێت، هەتا ناخی مرۆڤو سروشتی ناوچەکە داغانو نغرۆنەکرێت، تورک وەک نەتەوەو وەک نەژاد ناتوانێت بحەوێتەوە.
ڕەهەندەکانی زمانو دەسەڵات لە ڕۆمانەکەدا
“من لە داگیرکردنی تاریکیدا پێداگری لەوە دەکەم، هەتا داگیرکردنی زمانیش ناتوانێت داگیرکەر بگەیەنێتە ئەو پنتەی دەیەوێت، ئەوەی من بە عەرەبی، فارسی، تورکی قسەبکەم، ئەوە نامکات بە بونەوەرێکی غەیرە کورد، تورکیا سەد ساڵە خەریکی لەناوبردنی کوردبوونە، بەڵام چەپێنراو هەمیشە بە هێزێکی ترسناکترەوە دەگەڕێتەوە. لەوێدا دەمەوێت بە خوێنەر بڵێم سیستەم؛ هەر سیستەمێک بێت، ناتوانێت هەموو ڕووبەرەکان داگیربکات”(٤).
ئەزموونی ڕۆماننووس “بەختیار عەلی”، وێڕای ئەوەی فەنتازیایەکی تایبەتو بابەتییە، کە بەردەوام هاوڕێ لەگەڵ کێشەیەکی گەورەی مرۆیی، سیاسیو مێژووییدا باڵادەکات. هاوکات زمانێکی بەرینی ئەدەبی دەبینین، کە بەشێک لە جوانیی ڕۆمانەکانی ئەم ڕۆماننووسە بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە، هەر ئەو زمانەیشە فەنتازیاو هزرو خەیاڵی ڕۆشنکردووەتەوە، زمانێکی کراوەو ئازادی هەیەو خاوەنی بیرکردنەوەو خەیاڵێکی باڵاو فراوانە، هەر بە هۆی ئەو توانا زمانییەیشیەوە پێشبینیی هەندێک لە دۆخو ڕوداوەکانی ئایندە دەکات. ئەمە وێڕای هونەری گێڕانەوەی ڕۆمانەکە، کە گێڕانەوەی هەمووشت_زان وایکردووە، ڕۆماننووس دەستکراوە بێت هەتا ناوەوەو دەرەوەی کەسێتییەکانمان نیشانبدات. “بواری زمانێکی بێسنوورو ڕاقی بە پیاوکوژو نەخوێندەوارترین کەسێتییەکانی ناو ڕۆمانەکە داوە. زمانی ڕۆمانەکە تەنیا لەبەرئەوەی گوتاری ڕۆمانەکە لە بارەی زمانەوەیە، دەوڵەمەندو جوان نییە، بەڵکو دەسەڵاتی زمانی ڕۆماننووسە، کە ڕۆمانەکەی جوانکردووە، فەنتازیای ناو ڕۆمانەکە بە هۆی زمانەوە قووڵترو جوانترو بەرینتر دەرکەوتووە”(٥). بۆ نموونە کاتێک “ئیمران کارتاڵ” لەگەڵ پڵنگەکەدا دەدوێت، یان باسی پەیوەندیی خۆی بە سروشتەوە دەکات، تەواو دیوە ڕۆحییەکەی سروشت بە هۆی زمانەوە بەرجەستەدەکات. هەر لێرەدایە پێشبینیی هەنگاوەکەی بۆ تۆڵەکردنەوە لە “ئاکانسۆ” دەبینین، ئیمران دەڵێت: “دەزانم سروشت بەردەوام سەیرمدەکات، ڕۆژێک ئارامو ئاسوودە سەیرمبکات، هەستیپێدەکەم، ڕۆژێک بە خۆشەویستییەوە سەیرمبکات، هەستیپێدەکەم، ڕۆژێک تووڕەو ناڕازی سەیرمبکات هەر پێیدەزانم. ئەوەتەی ئەو پڵنگەم ڕاوکردووە، عەردو دارو بەرد لەگەڵمدا گۆڕاون. هەم من شەرم لە خاکو ئاوی هەرێمەکە دەکەمو هەم ئەوان من وەک دوژمن سەیردەکەن”(٦).
دەبینین زمانی سروشت خۆی بۆ زمانی مرۆڤ ئاوەڵاکردووە، کرانەوەکەیش پەیوەستە بە پەیوەندیی کەسێتیی مرۆڤ بە سروشتەوە، کە لێرەدا باسی نەفرەتیی سروشت بە هۆی خیانەتکردنی مرۆڤەوە لێیدەبیستین. دەبینین زمان دەبێت بە ئاماژە بۆ هێمابۆکراوی ناوەوە، ئەو ناوەوەی لە پەیوەندیو هەستێکی ناوەکیو یادەوەرییەکی تایبەتدا ڕسکاوە. لە جێگەیەکی ڕۆمانەکەیشدا پڵنگ دەدوێنرێتو گفتوگۆی لەگەڵدا دەکرێتو دەڵێت: “ئەو کاتەی من تۆم گرت، من تورک نەبوومو تۆ کورد، بەڵکو من مرۆڤ بوومو تۆ پڵنگ… پڵنگەکە وەک گوێ بۆ دۆستێکی دێرینی خۆی بگرێت، گوێ بۆ ئیمران دەگرت. زۆر خرۆشابوو، بەڵام شەڕانگێزیی پێوەدیارنەبوو، کە دواتر لە قەفەزەکە دوورکەوتنەوە، پڵنگەکە هەتا ماوەیەکی درێژ هەر سەیریدەکردن. پڵنگەکە لە ناو هەموو بینەرەکاندا سەری بەرزدەکردەوە بۆئەوەی بیانبینێت”(٧). لێرەدا جگە لە نیشاندانی دیوە جوانو ئیستاتیکییەکەی پڵنگ لە ڕێگەی زمانەوە، کە پڵنگەو لە ڕەمزی کوردبوون خراوەو وەک خۆی دەبینرێت، نەک ئەو دیدە تورکییەی پڵنگ وەک ڕەمزی کۆیلەو ڕاوکردنو سەرکوتکردن دەبینێت. لێرەدا زمان پانتاییەکە بۆ نیشاندانی شتەکان وەک ئەوەی کە هەن، بینینو سەربەرزکردنەوەی پڵنگ زمانن، نیشانەن، وەک دەنگێک بۆ ئاشتبوونەوەو لێخۆشبوون، “دیوی نەوتراوی زمانی لێرەدا پەنجە بۆ بابەتێک ڕادەکێشێت لە ڕێگەی خودی خۆیەوە، کاتێک ئیمران دەڵێت سروشتو خاک بە ڕقەوە لێمدەڕوانن، پڵنگ سەری بەرزکردەوە بمانبینێت، ئەو ئاماژانەن، کە بە هۆی پەسنی زمانەوە دەتوانین پێشبینی کردەو هەناوی ڕوداوەکانی لێبخوێنینەوە، هاوکات دەرخەری پەیوەندییەکی دێرینو ڕۆحیی ئیمران بە سروشتو ئاژەڵانەوە نیشاندەدات، کە وەک تورکێکی ڕاوچی بە ئاکارو بە عەشقەوە لە ناو سروشتدا دەژیو ڕاودەکات، نەک وەک ڕاوچییەکی سیاسی لە ناو سروشتو خاکی کوردان بێت، کە هەموو زمانی سروشت بۆ ئاکانسۆ دەبن بە ترسو نیگەرانیو ویستی قڕکردنو ڕاوکردن”(٨). ڕۆماننووس لە ڕێگەی زمانەوە وێنای بوونو دۆخی کورد دەکات، لە ڕوانینە جیاوازەکانی کارەکتەرەکانەوە ناسنامەیان دەستنیشادەکات، کە هەر فەرماندەو سەرکردەیەکی تورک؛ کورد بە جۆرێک دەبینێت، بە پێی ئەو بینینو ناونانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، واتە زمانی ئەوانی تورک بە جۆرێکە کە هیچ کات بابەتەکە ئازادانە خۆی نیشاننادات، بەڵکو زمان دەبێتە داردەستو کۆیلە، زمان دەبێتە ئاوێنەی نیشاندانەوەی ئەو ڕوانینە ئایدۆلۆژیو ناسیۆنالیستیو سیاسیو عەسکەرتارییەی بە درێژایی مێژوو بیرو خەیاڵو یادەوەریی ئەوی تری بەرانبەر بە منی کورد نەخشاندووە.
کورد لە دیدی جیاوازی ئەوانەوە دەمێک دەبێت بە “جنۆکە، ئاژەڵو دڕندە، کۆیلەو نزمتر لە کۆیلە، شێت، ….هتد”، زمانی ئەوی دیکەی تورک کە کۆیادەوەری نەتەوەیەکە، لە سەر ڕەتکردنەوەی بوونو زمانی من ژیاوە، هەر ئەمەیش زمانو یادەوەریی مرۆڤەکانی بەرتەسککردووەتەوە، وەک لە کۆتایی ڕۆمانەکەیشدا نەوەیەکی نوێی تورک پەیدادەبێت، “کچی عیسمەت” کە پارێزەرە، هەمان پەروەردەی کەمالیستو گورگە بۆرەکانی هەیە، ناتوانێت لە سنووری تورکبوون دەربچێتو ئەوی دیکەی کورد ببینێت، وەک دەڵێت: “ئەگەر ئەم پیاوە باوکی منیش بێتو ئەو چیرۆکەیش ڕاست بێت، کە ئەو کابرایە دەیگێڕێتەوە، من کچێکی تورکپەروەرم، لە منداڵییەوە فێربووم تورکمو تورکبوونی خۆم لە هەموو شتێکی تر بۆ گرنگترە. تکایە، من دایکم زۆر ماندووبووە هەتا پەروەردەیەکی تورکانە وەربگرم، نامەوێت وەک تورکێک بۆ ساتێکیش گومان لە پاکێتیی خوێنی خۆم بکەم”(٩). کەواتە ئەم ڕۆمانە هەڵگری کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاوازیی زمانە، کە دەکرێت تورکێک تورکی فێری کوردەکان بکات، کوردەکانیش کوردی فێری تورکەکان بکەن.
جینۆساید (داگیرکردنی تاریکی)
نوسەر لە ڕۆمانەکەیدا ئاماژە بە چەند جۆرێکی جینۆساید دەکات، دەتوانین لەم خاڵانەدا پوختیبکەینەوە:
جینۆسایدی جەستەیی: ئەم جۆرە جینۆسایدە لە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیدا زۆر بە ڕوونیو وردی خراوەتەڕوو، بە جۆرێک ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی ئەم جۆرە جینۆسایدەیە. بۆ نموونە: “ئارسین ئاکانسۆو یۆلداش فەیسەڵ، لە پێش هەموانەوە بە دزییەوە لە ژێرزەمینەکە هاتنەدەرێو سوپاسی زۆری خاوەن ماڵەکەیان کردو چوونەوەناو کوچەکان، دیمەنەکان ترسناک بوون، دەیان ژنو منداڵ لە کوچەکاندا بە کوژراوی کەڵەکەکرابوون، هەندێک منداڵیان بینی لە ناوەڕاستدا دووکەرتکرابوون، ناوسکو ڕیخۆڵەیان لە کۆڵانەکەدا بڵاوبووبووەوە، چەندین ژن بە ڕووتیو کوژراوی لەملاولای کوچەکاندا کەوتبوون. لە سەری یەکێک لە گوزەرەکاندا هەڤاڵ ئاشنایان بە کوژراویو تەنیایی دۆزییەوە، هەموو لەشی جێفیشەک بوو”(١٠). ئەگەر سەرنجبدەین، هەموو ڕوداوو کارەساتەکان بە شێوەیەکی ورد گواستراوەتەوە بۆ خوێنەر، کە هەمووی قڕکردنو جینۆسایدی جەستەیی نیشاندەدات، بە ڕێگای چەکی قورسو ئاگرو ئاسن کراوە.
جینۆسایدی بایلۆژی: ئەم جۆرە جینۆسایدەیش بە ڕوونی لە ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت، وەک دەڵێت: “بەبێ ئەوەی نانی ئێوارە بخوات، ئارسینی بانگکردو پێیڕاگەیاند، خەیاڵی هاوڕێیەتیو هاوسەرگیری لەگەڵ کیژی ئەسپفرۆشەکەدا لە سەری خۆی دەربکات، دەبێت وەک کوڕە تورکێکی خوێنو پاکو سەر بە بنەماڵەیەکی پایەدار لەو ڕاستییە تێبگات، جگە لە کیژە جوانخاسێکی بە ئەسڵونەسەبی تورک بۆی نییە ژنێکی تر بێتە ژیانیەوە. تاریق ئاکانسۆ، ئەو بڕیارەی وەک فەرمانی کۆتایی دادوەرێک بە ئارسین گوت، کە دوای ئەو فەرمانە هیچ پێداچوونەوەیەک نییە. ئارسین بەبێ ئەوەی هیچ بڵێتو هیچ قسەیەک لە قسەی باوکیدا بکات، لە ژوورەکەی چووەدەرێ”(١١). ئەگەر سەرنجبدەین، ئارسین دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ کچەکوردێکدا بکات، باوکی ئارسین کە کاربەدەستێکی گەورەی دەوڵەتی تورکیایە، بۆ ئەوە هاتبووە دیاربەکر هەتا زمانی کوردیو ڕەگوڕیشەی کورد لەناوببات، ئێستا چۆن ڕێگەدەدات کوڕەکەی لەگەڵ کچەکوردێکدا هاوسەرگیریبکات. ئاماژە بە ئەوە دەکات کە خوێنی پیسدەبێت، واتە کاتێک منداڵدەخەنەوە، خوێنی تێکەڵ بە کورد دەبێتو خوێنی کوردیش پیسە. ئەم ڕێگریی هاوسەرگیرییە هەر بۆ ئارسین نەبووە، بەڵکو بە هەموو جۆرێک قەدەغە بوو تورک لەگەڵ کورددا هاوسەرگیریبکات، چونکە لە زیادبوونی ژمارەو ڕەچەڵەکی کورد دەترسان، ئەمە لە ڕۆمانەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئێستا زۆر کەس هەن تورکنو لەگەڵ کورددا هاوسەرگیرییانکردووە.
جینۆسایدی ئابووری: لە جینۆسایدی ئابووریدا نەتەوەیەک یان گرووپێک تێیدا زەرەرمەنددەبن، لە ڕووی بەتاڵانبردنو وێرانکردنی سیستەمی ئابووری. ئەم جۆرە جینۆسایدە لە ڕۆمانی “داگیرکردنی تاریکی”دا دەبینرێت، هەروەک لە ڕۆمانەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە “نزیکی شەشی ئێوارە وەک لەشکرێکی ترسناک بە فەرمانێکی نهێنی، مۆڵەتی پەلاماری پێدرابێت، سەرەتا بە دەیان، دواتر بە سەدان، دواتر بە هەزارانو دواتر بە دەیان هەزار ڕژانە کوچەو کۆڵانەکانەوە. لەشکرێکی پڕچەک بە شیشو تێڵاو چەقۆ، سەرەتا دوکان بە دوکان، هەر جێگایەک موڵکی گریکو ئەرمەنو جووەکان بوو، کەوتنە شکاندنی قوفڵو دەڕابەو جامخانەکانیان، هەردوو گەنجەکە بە چاوی خۆیان بینییان بە سەدان کەس وەک شێت هوروژمیان دەبردەناو دوکانەکان، ئەوەی تاڵاندەکرا، هەڵیاندەگرتو ئەوەی دەخورا لە شیرینیو کێکو پاقلاوە، دەیانئاخنییە دەمیانو ئەوەی بشکێت، دەیانشکاندو ئەوەی بسوتێت، دەیانسوتاند”(١٢). لێرەدا باسی ئەو کارەساتە ئابوورییە دەکرێت، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هێرشدەکرێتەسەر گریکو ئەرمەنییەکانو جووەکانو زیانێکی ئابووریی زۆر بە بەرهەمو دوکانەکانیان دەگەیەنێت، ئامانجیشی لەمەدا ئەوەیە ئەو نەتەوانەی دیکە نانبڕاوبکاتو ژێرخانی ئابوورییان بە تەواوەتی دابڕمێنێت.
جینۆسایدی کولتووری: ئەم جۆرە جینۆسایدەیش لەم ڕۆمانەدا زۆر بە باشی دەبینرێت، بۆ نموونە باس لەوە دەکات “لە هەموو شوێنو شارێکی تورکیادا ئاگاداردەکرێنەوە، هەر کەسێک تورکی نەزانێت، لە هیچ بوارێکدا کاری پێنادرێت. لە چێشتخانەکاندا داوای خواردن بە تورکی دەبێت، لە کەرەستە گشتییەکانی هاتوچۆدا جگە لە زمانی تورکی، ڕێبواران بۆیان نییە هیچ جۆرە زمانێکی تر بەکاربهێنن، لە مزگەوتەکاندا هەموو وتارێکی ئایینی بە تورکی دەبێت. هەر منداڵێک لە سەر خاکی تورکیا لەدایکببێت، دەبێت ناوێکی هەبێت، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە قبوڵکراو بێت. لە ئاهەنگەکاندا گۆرانی تەنها بە زمانی تورکی دەبێت، سەماو هەڵپەڕکێ تەنیا ئەو جۆرە سەماو هەڵپەڕکێیانە دەبن، کە نەتەوەی مەزنی تورکی پێدەناسرێتەوە. دەستفرۆشەکان لە جاڕو بانگکردندا بۆ فرۆشتنی کەلوپەلەکانیان، دەبێت بە تورکی هاواربکەن(١٣). ئەگەر سەرنجی ئەو پەرەگرافە بدەین، دەبینین چەندین بابەتی گرنگی تایبەت بە کولتووری کوردی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە قەدەغەکراون، هەر لە زمانو ناونانی منداڵو کڕینو فرۆشتنو هەڵپەڕکێو سەمای نەتەوەیی هەموویان دەبوو بە تورکی بن، کە سڕینەوەی زمان بە واتای سڕینەوەی کولتووری نەتەوەیەکو لێسەندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی دێت.
جینۆسایدی دەروونی: ئەم جۆرە جینۆسایدە هیچی کەمتر نییە لە جینۆسایدی جەستەیی، چونکە کاتێک تاک یان کۆمەڵگا دەکەوێتە ئەم بارودۆخە دەروونییەوە، نەک جارێک، هەموو ڕۆژێک دەمرێت، بە هۆی ئەو ترسو دڵەڕاوکێیەی بۆی دروستبووە لەلایەن داگیرکەرانەوە. لە ڕۆمانەکەدا ئاماژە بەوە دراوە: “عەلی ئیحسان پێشتر یەکە یەکە بۆی ڕونکردبوونەوە، لە جێگای تازەدا دەخرێنە بیمارستانی نەخۆشییە عەقڵیو دەروونییەکانو دەوڵەت لە بریی ئەوەی بە تۆمەتی سیاسی دادگاییانبکات، بە ناونیشانی شێت دەیاننێرێت بۆ ئەم حەسارو نەخۆشخانە لەبیرکراوو لاچەپە، هەندێک بێدەنگ فەرمانەکەیان قبوڵکرد، هەندێکیش هەڕەشەی یاخیبوونو سەرپێچییان دەکرد”(١٤). لێرەدا هەست بە بارودۆخی دەروونییو شڵەژاویی کاراکتەرەکان دەکرێت، کە بەبێ هۆکارێکی دیاریکراو ڕاپێچی نەخۆشخانەی دەروونی دەکرێن، تەنها لەبەرئەوەی زمانی تورکییان لەبیرچووەتەوەو بە کوردی قسەدەکەن، حکومەتی تورکیا بڕیاری کەرەنتینەکردنیان دەدات، وەک نەخۆشی دەروونی لەقەڵەمیاندەدات، هەر بۆیە هەموو تاکەکانی ئەم نەخۆشخانەیە دووچاری شڵەژانی دەروونی دەبنەوەو نازانن داهاتوویان چیی بەسەردێت. کەواتە ڕۆمانەکە ڕەخنەگرتنە لەو مێژووە ترسناکو بێویژدانەی تورک لە ئاستی سیاسەتو ئایدۆلۆژیا، نەک ئەوەی تورک خۆی لە خۆیدا هەڵگری دیوە شەیتانییە ڕەتکەرەوەکە بێت، بە واتایەکی دیکە، ترسناکیی دیوە ناسیۆنالیستو ئایدۆلۆجیو دەوڵەتپەرستییەکەی تورک بە سەر کوردو ئەرمەنو یۆنانی، عەلەوییو کرستیان نیشاندەدات، کە سیاسەتی تورک لەناوبردنی ئەوی دیکەی جیاوازە، کردەی سڕینەوەو ڕەتکردنەوەیش زۆرتر لە ڕێگەی سڕکردنی زمانەوە دەکرێت.
ئەنجام
بەختیار عەلی لە ڕۆمانی “داگیرکردنی تاریکی”دا دەیەوێت لە کورتترین پێناسەدا پێمانبڵێت، کە “فاشیزمی تورکی” بە هەموو شێوەیەک زمان، بوونو شوناسی کوردی ڕەتدەکاتەوە، هەموو ڕێکارێک دەگرێتەبەر بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکان لە تورکیادا.
دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی زۆر باش دەتوانێت خزمەتی پرسی کورد بکات لە تورکیادا، چونکە دەرخەری سیاسەتی تورکیایە بەرانبەر بە کورد. خاڵێکی گرنگی پەیامی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، کە تورکیا دەیەوێت زمانی کوردی لەناوببات، هەموو کۆمەڵگای تورکیا بکات بە “یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک نەتەوەو یەک دەوڵەت”.
سەرەڕای هەموو ئەو باشیو جوانییانەی لەم ڕۆمانەدا هەن، ڕۆمانەکە خاڵی نییە لە هەڵەو کەموکورتی، کێشەی “بەختیار عەلی” لێرەدا هزر نییە، بەڵکو نوسینە، هەروەها درێژدادڕی یەکێکە لەو گرفتانەی نوسەر هەیەتی، هەندێک جار دووبارەکردنەوەى وشەو ڕستەو پەرەگرافی تێدەکەوێت، هەروەها لەگەڵ ئەوەی ڕۆمانەکە باسی زمانو گرنگیی زمانە، بەڵام خاڵی نییە لە هەڵەی زمانیو ڕێنووس، کە دەبوو نوسەر زۆر ئاگاداری پاراستنی زمان بێت، هەروەها بەکارهێنانی وشەی بێگانەی زۆر لە کاتێکدا ئەو وشانە هاوواتایشیان لە زمانی کوردیدا هەیە.
__________________
سەرچاوەکان
١. گۆران، نەبەز، هێماکانی دونیای ڕۆمان، لە مەرگی تاقانەی دووەمەوە، هەتا نەفرەتی نەوبەهاران، گفتوگۆ لەگەڵ بەختیار عەلی. سلێمانی: ناوەندی ڕەهەند, ٢٠٢٤، لا٦٧.
٢. هەمان سەرچاوە، لا٦٨.
٣. عەلی، بەختیار، ئایدۆلۆژیست. سلێمانی: چاپی دووەم، چاپخانەی ڕەهەند، ٢٠٢١، لا١٨٣.
٤. گۆران، ٢٠٢٤، سەرچاوەی پێشوو، لا٧٤.
٥. عوسمان، هەرێم ، نەفرەتی زمان و ئۆینەکانی لە بارەی ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی، گۆڤاری خاڵ، ٦/٧/٢٠٢٢.xalkurd. ڕێکەوتی کردنەوە: (٢٥/٢/٢٠٢٥).
٦. عەلی، بەختیار، داگیرکردنی تاریکی، ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠، لا ٢٩٤.
٧. عەلی، ٢٠٢٠، سەرچاوەی پێشوو، لا ٢٨٩-٢٩٠.
٨. عوسمان، ٢٠٢٢، سەرچاوەی پێشوو،xalkurd.org .
٩. عەلی، ٢٠٢٠، سەرچاوەی پێشوو، لا ٧١١.
١٠. عەلی، ٢٠٢٠، سەرچاوەی پێشوو، لا ٦٦٦.
١١. عەلی، ٢٠٢٠، سەرچاوەی پێشوو، لا ٢٦٥.
١٢. عەلی، ٢٠٢٠، سەرچاوەی پێشوو، لا ٤١٣.
١٣. عەلی، ٢٠٢٠، سەرچاوەی پێشوو، لا ١٥١
١٤. عەلی، ٢٠٢٠، سەرچاوەی پێشوو، لا ٢٩٥