گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان و هەژموونی کەنداو لە هاوسەنگیی هێزدا
ئامادەکردن و وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: گۆران سەلام محەمەد
سیستمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی ئۆکراین لە شوباتی ٢٠٢٢دا گۆڕانکاریی بەسەردا هات، لەگەڵ سەرهەڵدانی فرەجەمسەریی جیهانی. ئەمەش ڕێگەی بۆ دەوڵەتانی کەنداو خۆش کرد کە لە چارەسەرکردنی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی دیپلۆماسیی زیاتر بگێڕن هەروەها کاریگەریی وڵاتانی ئاسیا، بە تایبەتی چین و سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی گەشەی کردووە و کاریگەرییە سیاسییەکانیان شانبەشانی ڕۆڵی ئابووریی تەقلیدی خۆیان فراوانتر کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆڵی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هۆی گۆڕانی ئەولەویەتەکانی ستراتیژییەوە بەرەو کەمبوونەوە چووبوو.
گۆڕانکارییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی دوای شەڕی ئۆکراین و کاریگەریی لە سەر هەژموونی نێودەوڵەتی لە ئاسیا؟
ڕاپۆرتێکی ئاسایشی میونشن لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە ناوی “فرەجەمسەری” بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە جیهان لە ئێستاوە لە سیستمێکی فرەجەمسەریدا دەژی. ئەم هەڵسەنگاندنە لەگەڵ کۆدەنگیی باو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەگونجێت. فرەجەمسەری ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی گۆڕانی داینامیکی دەسەڵاتی جیهانییە، بەڵگەشە لە سەر ڕەوتی فرەجەمسەریی جیهانی.
ئانا جاکۆبیس؛ شرۆڤەکاری باڵای گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، جەختی لەوە کردووەتەوە کە “چین بووەتە هاوبەشێکی زۆر گرینگ بۆ سعودیە، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی هەردوو وڵات زیاتر پەیوەندییە سیاسییە دووقۆڵییەکان پتەوتر بکەن.” جاکۆبیس ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: مەبەست لە نێوەندگیریی “چین” لە نێوان “سعودیە و ئێران”دا بۆ تێپەڕاندنی شێوازی ئابووریی تەقلیدیی “چین”ە لە ناوچەکەدا، لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی سیاسییەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانەی کە گرژییەکانی نەوچەکە کەم دەکەنەوە.
پێگەی ستراتیژی و ئابووریی وڵاتانی کەنداو، چۆن کاریگەریی لە سەر هاوسەنگیی ئەمنیی نێودەوڵەتی هەیە؟
ناوچەی کەنداوی عەرەبی پێگەیەکی جیهانیی دیار و بەرچاوی هەیە، ئەمەش بە هۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە کە وای کردووە ببێتە پەیوەندیی نێوان سێ کیشوەری ئاسیا و ئەفەریقا و ئەورووپا. هەڵکەوتەی جوگرافیای دەوڵەتانی کەنداو هێڵێکی ستراتیژیی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکایە کە لە ئەورووپا تا زەریای هیندی درێژ دەبێتەوە، بە تایبەت لە دوای جەنگی ساردەوە ئەو شوێنانە زیاتر سەرنجی ئیدارەکانی ئەمەریکای ڕاکێشاوە.
دەوڵەتانی کەنداو گۆڕانکاریی ئابوورییان بەسەردا هاتووە و کار دەکەن بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی سەرنجڕاکێشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنەرانی زیاتر، ئەمەش لە ئەدای بازاڕەکانی پشک و بۆند و بازاڕی وزەدا ڕەنگ دەداتەوە. پێشبینی دەکرێت ئابووریی ساڵانەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بە ڕێژەی نزیکەی 4% تا ساڵی 2030 گەشە بکات، کە زیاترە لە دوو هێندەی ڕێژەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ئابوورییە پێشکەوتووەکان. کەنداوی عەرەبی دوو لە سەر سێی یەدەگی نەوتی دۆزراوەی جیهان لەخۆ دەگرێت و زیاتر لە 25%ی کۆی بەرهەمی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنێت. نزیکەی یەک لە سەر سێی کۆی بەکارهێنانی جیهان هەڵدەگرێت.
بۆچی هەژموونی ئەمەریکا له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەزی و ڕۆڵی کەنداو بەرز بووەوه؟
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بناغەی ستراتیژی خۆپارێزیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێک داوە. کەمبوونەوەی جەماوەری ئەمەریکا لەگەڵ پەرەسەندنی هەژموونی ڕووسیا و چین، لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا بە شێوەیەکی ئەرێنی سەیر دەکرێت، بە پێی ڕاپرسییەکی ٨ی ئایاری ٢٠٢٤. ڕاپرسییەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە هەژموونی ئەمەریکا وەک زلهێزێکی جیهانی کەمی کردووە، بە تایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەرەبی، بە تایبەتی دوای پشتیوانیی بێوچانی واشنتن بۆ ئیسڕائیل لە شەڕی لە غەززە.
لە ئێستادا ستراتیژی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر ئێران گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، گۆڕاوە بۆ هەڕەشەی سەربازی. ئەم ستراتیژە گوزارشت لە هەوڵی ئیدارەی ترەمپ دەکات بۆ هاوسەنگکردنی هاوپەیمانێتییە ناوچەییەکان، بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئیسڕائیل، ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ تیمەکەی هەڵکردووە تا سیاسەتی زۆرترین فشار کە لە خولی یەکەمیدا پەیڕەوی کردبوو؛ زیندوو بکاتەوە و بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە هێڵی سوور لەقەڵەم بدەن. بە جۆرێک هەڕەشەی لە ئێران کرد کە ئەگەر نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ڕێوشوێنی سەربازی دەگرنە بەر. سینا تۆسی لە سەنتەری سیاسەتی نێودەوڵەتی دەڵێت: “وتارەکەی ترەمپ لە ڕیاز نوێنەرایەتیی گۆڕانکارییەکی ڕوون و بەرچاو دەکات لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.” ڕاپرسییەکی مانگی شوباتی ٢٠٢٥، ئاماژەی بەوە کردووە کە (٧٢٪)ی دەنگدەرانی دیموکراتەکان و (٨٢٪)ی کۆمارییەکان پشتیوانی لە لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن.
دابەزینی هەژموونی ئەمەریکا و گۆڕانی ئەولەویەتەکان، کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر چۆنیەتیی تێڕوانینی سەرکردەکانی کەنداو بۆ جیهان هەبووە. لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما لە ساڵی 2012، وەرچەخانی سیاسەتی ئەمەریکای بەرەو ناوچەی زەریای هێمن و هیندستانی لێ کەوتەوە، دواتر دۆناڵد ترەمپ ئەو وەرچەرخانەی ڕەت کردەوە، بە تایبەت لە دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی نەوتی سعودیە لە ساڵی 2019دا. ساڵی 2021، کشانەوەی ئەمەریکای لە ئەفغانستان بەدوادا هات. هەموو ئەمانە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی وێنەیەک لە کەنداودا دروست بێت کە ئەمەریکا جێی متمانە نییە.
ڕۆڵی سعودیە وەک ناوبژیوان لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا چییە؟
سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو وڵاتی چین و ڕووسیا پتەوتر کردووە. بۆ نموونە؛ پەیوەندیی بە گرووپی بریکسەوە کرد و ئامادە نەبوو یارمەتیی سەربازی بۆ ئۆکراین بنێرێت و داوای یارمەتیی چینی کرد بۆ پێداچوونەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێراندا. دوای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی سعودیەی لە ناوچەکەدا پشتگوێ خست، سعودیەش داواکارییەکانی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت ڕەت کردەوە.
واشنتن پێویستی بە پشتیوانیی ناوچەیی هەیە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییەکانی لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانی بە شێوەیەکی کاریگەر. پاڵپشتیی سعودیە لەم چوارچێوەیەدا زۆر پێویستە، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ چەند وڵاتێکی عەرەبی. واشنتن لە ڕێگەی پاڵپشتیی سعودیەوە دەتوانێت هەژموونی ئێران و چین سنووردار بکات و یارمەتیی چارەسەرکردنی کێشەی ئیسڕائیل و فەڵەستین بدات و دانوستان لە سەر ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بکات. سەرەڕای ئەو هۆکارە زۆرانە، پشتیوانیی سعودیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە وەک پێویست ماوەتەوە.
سعودیە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە، وەبەرهێنانێکی زۆر لە سەقامگیریی جیهانیدا دەکات و دان بەوەدا دەنێت کە ململانێ و سزا درێژخایەنەکان بازاڕەکانی وزە تێک دەدەن. بۆ نموونە لە ئۆکراین، سعودیە کار دەکات بۆ چەسپاندنی ڕۆڵی خۆی وەک ناوبژیوانێک لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا، بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە جیهانییەکانی. هەروەها سعودیە توانای خۆی بۆ ئاسانکاریی دانوستانەکان بە نێوەندگیری بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراین نیشان داوە.
سعودیە ڕایگەیاندووە ئامادەیە میوانداریی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتینی هاوتا ڕووسییەکەی بکات، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین کە لە شوباتی (2022)ەوە بەردەوامە. هەروەها سعودیە هەوڵەکانی نێوەندگیریی فراوانتر کردووە بۆ ناوچە جێناکۆکەکانی دیکەی جیهان، کە دەستپێشخەر بووە بۆ ڕێککەوتنەکانی سوودان، ئێران، سووریا. وەزیرانی بەرگریی لوبنان و سووریا لە شاری جەددە ڕێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆ کردووە کە ئامانج لێی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە سنوورییەکان بووە.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئیمارات بۆ کەمکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان
هێزی ئاسمانیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ساڵانێکی زۆرە هاوبەشێکی گرنگ و متمانەپێکراو بووە لە ناوچەکەدا. ئەم هاوکارییە بواری گرینگ دەڕەخسێنێت، هەر بۆیە پشتیوانیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر ڕۆشنایی پلانبۆدانانی بەردەوامی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ ناوچەی زەریای هێمن لە داهاتوودا گرینگە. هێزی ئاسمانیی ئەڵمانیا بەشداری لە مانۆڕی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیمارات دەکات، کە لە مانگی نیسانی (2025)ەوە دەستی پێ کردووە، هەروەها وڵاتانی دیکەی کەنداو وەک قەتەر، بەحرەین و سعودیە بەشداریی ئەو مانۆڕانە دەکەن.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هاوپەیمانەکانی کەنداو بە تایبەتی ئیمارات، وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت. ئیمارات ڕۆڵی سەرەکیی لە دانوستانەکانی پەیوەست بە شەڕی غەززە هەبووە. هەروەها ئیمارات بڕیاری داوە کە دیپلۆماسی و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی غەززە کەڵک وەربگرێت. ئیمارات گواستنەوەی فڕۆکەی بریندارەکانی غەززەی بۆ ئەبوزەبی لە ڕێگەی ئیسڕائیلەوە ڕێک خستووە. ڕۆژی 20ی شوباتی 2025، محەمەد بن زاید ئال نەهیان؛ سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، مارکۆ ڕۆبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای لە دژایەتیکردنی پلانی ئاوارەبوونی فەڵەستینییەکان لە غەززە ئاگادار کردەوە.
ئیمارات بەشداریی لە نێوەندگیرییەک کرد بۆ ئاڵوگۆڕی (50) زیندانی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراین، بەمەش کۆی گشتیی ئەو زیندانییانەی لە ڕێگەی نێوەندگیریی ئیماراتەوە ئاڵوگۆڕ کراون گەیشتە (2583) زیندانی لە سەرەتای هەوڵەکانیەوە. ئاڵوگۆڕی ئەو (11) زیندانییە نوێیەی کە لە ساڵی (2024)ەوە ئیمارات ئاسانکاریی بۆ دەکات، هەنگاوێکی گرنگ بوو لە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
نیکۆلای ملادینۆڤ؛ دیپلۆماتکاری بولگاری لە پەیمانگای واشنتن، دەڵێت: “زۆر گرینگ بوو ڕێککەوتن لە نێوان کۆمسیۆنی ئەورووپا، قوبرس، ئەمەریکا و بەریتانیا دەستەبەر بکرێت لە سەر چالاککردنی ڕێڕەوی دەریایی بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە”. “لە ماوەی دوو ساڵی سەرکەوتووی خۆیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (2022-2023)، ئیمارات سەرنجی لە سەر نێوەندگیری بوو لە نێوان باکوور و باشووری جیهاندا، ئەم ڕێبازە سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ دەستپێشخەرییەکانی بە گرتنەبەری شێوازێکی نێوەندگیریی ئەرێنی کە تیشکی خستە سەر گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.”
هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی داهاتوو
- شوێنی ستراتیژی و کاریگەریی ئابووری و گەشەسەندنی توانا دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی کەنداو نوێنەرایەتیی یاریزانێکی کاریگەرتر دەکەن لە داڕشتنی دەرئەنجامەکانی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. بەشداریی دەوڵەتانی کەنداو لە هەوڵەکانی نێوەندگیریدا بەڵگەیە لە سەر پەرەسەندنی کاریگەریی زلهێزە مامناوەندەکان لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و ڕەنگدانەوەی هەوڵی نێوەندگیرییە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی جیهانێکی فرەجەمسەر و بەیەکەوە گرێدراو و وابەستە بە یەکتر.
- هەژموونی عەرەبستانی سعودی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت وەک ناوبژیوانێک لە چارەسەری ململانێکان و ئامادەیی ئەو وڵاتە بۆ بەشداریکردنی دیپلۆماسی و دانوستان. واشنتن بە پاراستنی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ دیپلۆماسیەتی سعودیە، دەتوانێت ستراتیژی فراوانتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خۆی بەرەوپێش ببات و لە هەمان کاتدا دڵنیا بێت لەوەی شانشینی یەکگرتوو لەگەڵ هەوڵەکانی ئاشتی بە سەرکردایەتیی ڕۆژئاوا هاوتەریب دەمێنێتەوە.
- پەرەسەندنی پێویستی بە وزە وا دەکات کەنداوی عەرەبی تاکە ناوچە بێت لە جیهاندا کە توانای زیادەی بەرچاوی هەبێت بۆ دابینکردنی پەرەسەندنی خواستی جیهانیی وزە، بە تایبەتی پێداویستییەکانی ئەو وڵاتانەی کە ئابوورییان گەشەسەندووە.
- بڕیارە ئیمارات ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە کاتێکدا کە ئەمەریکا و ئێران لە خاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەریدان لە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ناوچەکەش چاوی لە دەرەوەی شەڕی ئیسڕائیل و حەماسە.
- پێدەچێت ڕۆڵی دەوڵەتانی کەنداو لە نێوەندگیریی نێودەوڵەتیدا بەردەوام بێت لە پەرەسەندن و فراوانبوون، لە ژێر کاریگەریی هۆکاری جۆراوجۆردا، لەوانە گۆڕانی دیمەنی جیۆپۆلەتیکی و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان. دەوڵەتانی کەنداو بەشداری دەکەن لە گۆڕینی داینامیکی دەسەڵاتی جیهانی بەرەو جیهانێکی فرەجەمسەریتر.
- پێدەچێت دەوڵەتانی کەنداو بەدوای هاوبەشی نوێدا بگەڕێن، لە نێویاندا لەگەڵ چین، بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی دەرەوەی نەرمەهێز، لە پێناوی ئامانجی گەورە و سەربەخۆتر. لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین ناوچەی کەنداو دەتوانێت ستانداردێکی نوێ بۆ حوکمڕانیی نەرمونیان دابنێت.
سەرچاوەكان
- Politico (2024), “US popularity shrinks worldwide, new report says”, https://tinyurl.com/ccws7j5n, available on: 8/10/2025.
- Newsweek (2024), “Four Years of U.S. Failure in the Middle East | Opinion”, https://tinyurl.com/329n4n2k, available on: 10/6/2025.
- Nickolay Mladenov (2024), “The Arab Approach to Mediation—Reshaping Diplomacy in a Multipolar World”, https://tinyurl.com/3brk4efz, available on: 10/6/2025.
- Camille Lons (2024), “East meets middle: China’s blossoming relationship with Saudi Arabia and the UAE”,
https://tinyurl.com/53kjk3ab, available on: 8/6/2025. - Sanam Vakil and Aniseh Bassiri Tabrizi (2025), “The US and Iran are on the road to escalation. Europe can and should create an off-ramp”, https://2u.pw/2OqQB, available on: 10/6/2025.
- Ellie Geranmayeh and Majda Ruge (2025), “How Europe can influence Trump’s deal-making with Iran”, https://2u.pw/P4hnF, available on: 8/6/2025.