• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 7, 2025

سیاسەتی کۆچبەری و کاریگەرییە هەمەلایەنە ئابوورییەکانی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ”ترەمپ”دا

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: بەهرە مەهدی

 

بەرایی

لێرەدا هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ کاریگەریی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی سیاسەتی کۆچبەری لە سەر ئابووریی هەمەلایەنە (Macroeconomic) لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا. پێشبینییەکانمان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی ڕۆیشتووان و هاتووان لە ساڵی ٢٠٢٥دا ؛ (٥٢٥,٠٠٠) (ڕۆیشتوو) (١١٥,٠٠٠) (هاتوو) دەبێت، کە دەکاتە دابەزینێکی بەرچاوی هاتن و کەمێک بەرزیی ڕۆیشتن. کۆچکردن بە گشتی لە ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر ڕوو لە دابەزین دەکات و پاشان لە ساڵی ٢٠٢٧ و  ٢٠٢٨دا بەرەو باشبوون دەچێت. پێشبینی دەکرێت ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەی (٠.٣-٠.٤) لە ساڵی ٢٠٢٥دا داببەزێنن و فشارێکی بەرچاو لە سەر هێزی کار و دامەزراندن دروست بکەن. لە ساڵانی داهاتوودا بۆی هەیە زیادکردنی مووچەی مانگانەی دامەزراندن ڕابگیرێت و تەنانەت بۆی هەیە بەرەو کەمبوونەوە بچێت.

لە کانوونی دووەمدا پشتمان بەست بە شیکاریکردن بۆ لێدوانەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها ئەو ڕێوشوێنانەی گیرانە بەر لە کابینەی یەکەمی حکومڕانییەکەیدا، لەو ڕێگەیەوە هەوڵمان دا هەردوو سیناریۆی بەرزبوونەوەی یان نزمبوونەوەی ڕەوشی کۆچکردن لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٥ تا ٢٠٢٨دا هەڵبسەنگێنین (Edelberg et al., 2024). بۆ نموونە؛ پێشبینی دەکەین کە کۆچکردن بۆ دەرەوە یان ناوەوە لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە  (٦٥٠،٠٠٠) (ڕۆیشتوو)، (١،٣) ملیۆن (هاتوو) دەبێت.

ئێستا ئێمە خاوەنی زانیاریی نوێترین دەربارەی سیاسەتی ڕاستەقینەی حکومەت بۆ کۆچکردن کە دەتوانین وێنەیەکی ڕوونتر لە ئەولەویەتەکانی نیشان بدەین. لەم شیکارییەدا پێداچوونەوە بۆ کۆمەڵێک سیناریۆ دەکەین و لە کاریگەرییە ئابوورییە هەمەلایەنەکان دەکۆڵینەوە. پێشبینییەکانمان بۆ ڕێژەی هاتن و چوون لە ساڵی ٢٠٢٥دا دەکەونە مەودایەکی تەسکترەوە،  بە نزیکەیی لە (٥٢٥,٠٠٠) (ڕۆیشتوو)، (١١٥,٠٠٠) (هاتوو) کە دەکاتە کەمبوونەوەی هاتووان بە ڕێژەیەکی بەرچاو و زیادبوونی دەرچوون تا ڕادەیەک بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو. لە پاڵ ئەگەرێکی کەمیی هاتن لەم مەودایەدا، هێشتا کەمیی هاتن و زۆریی ڕۆیشتن بە ئەگەرێکی زیاتر دەزانین. پێشبینی دەکرێت ئەم گۆڕانکارییانە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەی (٠،٣) بۆ (٠،٤) لە ساڵی ٢٠٢٥دا دابەزێنن.

لەو ماوەی سەرۆکایەتییەی کە ترەمپ ماویەتی، سەختە هەندێ پێشبینی بکەین، زۆربەی شتەکان بە نادڵنیایی دەمێننەوە. لەو بڕوایەداین کە کۆچ بە گشتی ڕەنگە لە ساڵی ٢٠٢٦دا لە ساڵی (٢٠٢٥)یش کەمتر بێتەوە، پاشان لە ساڵانی ٢٠٢٧ و  ٢٠٢٨ دا دەست بە بووژانەوە بکات، دوای ئەوەی کاریگەرییە نەرێنییە ئابووری و سیاسییەکانی دەردەکەون.

کەمبوونەوەی دیاردەی کۆچ فشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر دابەزینی هێزی کار و ڕێژەی دامەزراندن. زۆربوونی دامەزراندن وەک ئاستێکی گەشەکردن پێناسە دەکرێت کاتێک بازاڕی کار بە شێوەیەکی بەردەوام هەلی دامەزراندن دەڕەخسێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥دا تەنها دە هەزار بۆ چل هەزار هەلی کار لە مانگێکدا هەبێت (بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ کە ١٤٠،٠٠٠بۆ ١٨٠،٠٠٠ هەلی کار هەبووە). تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە لە نیوەی کۆتایی خولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا زۆر کەس کارەکانیان لەدەست بدەن.

کۆچکردن لە ٢٠٢٥دا (هاتووان)

 ئێمە سەرجەم کۆچبەرانی هاتوو بۆ پێنج پۆل دابەش دەکەین: ئەوانەی لە دەرەوە دێن و بۆ هەمیشە بە یاسایی نیشتەجێ دەبن (LPR، یان کاردی سەوز)، ئەوانەی ڤیزای کاتیی ئاسایی وەردەگرن بۆ خوێندن یان کارکردن، ئەوانەی پڕۆگرامی فەرمیی پەنابەران دەیانگرێتەوە، کۆچبەرانی “قبووڵنەکراو” کە لە ڕێگەی ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە بە دەمی قبووڵیان وەرگرتووە، بەڵام بە فەرمی دانیان پێدا نەنراوە، دواتر ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئامادەبوون لە دادگای کۆچبەری، کۆتا دانەش هاتنەژوورەوە بە ڕێگەی نایاسایی و بێ تێپەڕبوون بە خاڵی پشکنین.

کۆنگرێس ژمارەی ساڵانەی کاردی سەوز سنووردار دەکات کە ڤیزایەکی تایبەتە بە خێزان یان هەلی کار، بەلام وەرگرتنی ڤیزا بۆ هێنانی خێزانی پلە یەک ئەم سنووردارکردنە نایگرێتەوە. بە شێوەیەکی ئاسایی دەرکردنی LPR (کە جۆرێکە لە نیشتەجێی هەمیشەیی) بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، ساڵانە لە نێوان (٥٠٠،٠٠٠) بۆ (٧٠٠،٠٠٠)دایە، کەمترینی ئەم ڕێژەیە لە ماوەی خولی یەکەمی ترەمپدا ڕووی دا. پێشبینیی بەربەستی زیاتر دەکەین لە ڤیزای نیشتەجێی هەمیشەیی (LPR)، ئەگەری ئەوە دەکەین بە لایەنی کەمەوە نزم بێتەوە بۆ (٤٩٠،٠٠٠) و لە حالەتی زۆر بەرزیشدا  بگاتە (٥٢٠،٠٠٠) لە ساڵێکدا، لە کاتێدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی (٦٧٠،٠٠٠) هەزار بووە.

 ئەمەریکا ساڵانە ملیۆنان کەس بە ڤیزای کاتی وەردەگرێت، لەوانەش ڤیزای خوێندکار و ڤیزای کاتی کارکردن وەک H-1B و H-2A . پێشبینی دەکەین پێدانی ئەم ڤیزایانە لە ئاستی ئاسایی کەمتر ببنەوە، چونکە داواکاری و مەرجەکانیان لە خوێندکاراندا چڕ کردووەتەوە، گەشتکردنیان لێ قەدەغە دەکەن و بەربەستی نوێ دەهێننە ڕێگەیان. پێمان وایە ڤیزای کاتی کەم بکات و ڕێژەکەی لە نێوان ٢٣٠ بۆ ٤٢٠دا بێت، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٢،١٦٥ ملیۆن ڤیزای کاتی دەرچووە.

دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەسەڵاتی بەسەر ژمارەی ئەو پەنابەرانەدا هەیە کە لە ڕێگەی پڕۆگرامی وەرگرتنی پەنابەرانی ئەمەریکاوە وەرگیراون، کە بە شێوەیەکی ئاسایی دەیان هەزار کەس لەخۆ دەگرێت. ئیدارەی ئێستا بەرنامەکەی وەستاندووە، هەر چەندە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەیە بۆ وەرگرتنی سپیپێستەکانی ئەفەریقای باشوور. بڕیارەکانی دادگا ڕەنگە ناچاریان بکات هەندێک کەس وەربگرن کە پێش ٢٠ی مانگی یەکی ٢٠٢٥ پەسەند کراون بۆ وەرگرتنیان وەک پەنابەر. مەزەندەی ئێمە بۆ کۆچی پەنابەران لە ساڵەکەدا لە نێوان ٧ بۆ ٢٠ هەزاردایە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ١٠٦ هەزار بووە.

لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا ملیۆنان کۆچبەر خۆیان ڕادەست دەکرد لە سەر سنوورەکان یان لە نێوان بەندەرەکانی هاتنەژوورەوە بە درێژایی سنووری باشوور، زۆربەیان ڕێگەیان پێ دەدرا بە مەرجی کاتی یان بە ئاگادارییەک بۆ ئامادەبوونیان لە دادگای کۆچبەران بچنە ژوورەوە. سەرەڕای ئەوەش، بۆ ڕێکوپێککردنی پڕۆسەکە، ئیدارەکە بەرنامەیەکی مرۆیی دانا بۆ نیشتەجێکردنی کاتیی هاوڵاتیی وڵاتانی وەک کوبا، هایتی، نیکاراگوا، ئۆکراین و ڤەنزوێلا، کە پێگەی کاتیی بەخشی. هەر چەندە پڕۆسەکە لە هاوینی ساڵی (٢٠٢٤)ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڵام هێشتا ژمارەی هاتووان لە ساڵی ٢٠٢٤دا؛ (١،٣) ملیۆنی تێپەڕاندووە. ئیدارەی ترەمپ بە فەرمی بەرنامە مرۆییەکەی کۆتایی پێ هێنا و سنوورەکانی توندوتۆڵ کردووەتەوە. پێشبینی دەکەین ئەم ڕێژەیە ببێتە ٦٠ هەزار یان کەمتر بۆ ساڵی ٢٠٢٥. هەروەها لامان وایە ژمارەی هاتووان بە ڕێگەی نایاسایی و بە بێ پشکنینی سنوور ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات بە هۆی زیادبوونی ژمارەی سەرباز لە سنوورەکان و کەمبوونەوەی خواست لە سەر ئەمەریکا لە لایەن کۆچکەرانەوە وەک شوێنێکی شیاو بۆ ژیان.

بە شێوەیەکی گشتی بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکان لە سنوورەکان و سیستمی کۆچی ئاساییدا، دەتوانین پێشبینیی ئەوە بکەین کە لە ٢٠٢٥دا (٢،٤٧) بۆ (٢،٧٦) ملیۆن کەس کەمتر دێنە ئەمەریکاوە بە بەراورد بە ٢٠٢٤.

کۆچ لە ٢٠٢٥دا (ڕۆیشتووان)

 ساڵانە بەشێک لە دانیشتووان کە لەدایکبووی دەرەوەی وڵاتن، لەگەڵ خانەنشینبوونیان یان بەسەرچوونی ڤیزای کاتییان، یاخود بە هەر هۆکارێکی تر جێهێشتنی وڵاتەکە هەڵدەبژێرن، ئەمانەش بە هەمان شێوە بە کۆچکردنی ڕۆیشتوو هەژمار دەکرێن.

لە پاڵ ئەوەشدا سیاسەتەکانی ئێستا کاریگەرییان لە سەر ڕێژەی کۆچکردن بۆ دەرەوە هەیە. بۆ نموونە؛ ترەمپ بەڵێنی داوە هەڵمەتی ناردنەوەی بەکۆمەڵ دەست پێ بکات و ڕێوشوێن دەگرێتە بەر بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک. هەر چەندە ئاماری متمانەپێکراو بە ئاشکرا بڵاو نەکراوەتەوە و بە پێی زانیارییەکان  ژمارەکە نەگەیشتووە بەوەی کە حکومەت مەبەستیەتی، بەڵام پێشبینیی دەکەین ڕێژەی ناردنەوە لە نیوەی دووەمی ساڵدا بەرزتر ببێتەوە. ژمارەی نێردراوەکان بەشێکی بەندە بەوەی کە حکومەت تا چەند بەردەوامە لە پشتگوێخستنی پڕۆسەی یاسایی پاراستن؟ تا چ ڕادەیەک سەرچاوەکان لە دەزگا فیدراڵییەکانی تری وەک سەربازی و جێبەجێکردنی یاسای ناوخۆیی ڕێک دەخرێنەوە؟ تا چ ڕادەیەک حکومەت دەتوانێت پشتگوێی هەموو یاساکان بخات کە لە مێژە ڕێگر بوون لە ناردنەوەی پەنابەران؟ هەروەها حکومەت چەندە خێرا دەتوانێت بودجەی نوێ تەرخان بکات بۆ پڕۆژەیاسای ئاشتەوایی، ئەگەر ببێتە یاسا؟

لە پاڵ ناردنەوەی زۆرەملێدا، حکومەت هانی پەنابەران دەدات کە بە خواستی خۆیان وڵاتەکە بەجێ بهێڵن و جێهێشتنەکەیان بۆ ئاسان دەکات. لە هەمان کاتدا هەبوونی ترس و دڵەڕاوکێ و جووڵانەوەکانی دژی پەنابەران؛ پڕۆسەی جێهێشتنەکە خێراتر دەکەن وەک لەوەی چاوەڕێ دەکرێت، بەوانەشەوە کە تا ئێستا بێ وەڵام ماونەتەوە و دانیان پێدا نەنراوە، تەنانەت ئەوانەش کە خاوەنی بەڵگەی یاسایین بۆ مانەوە. لاوازبوونی هەلی کار بە هۆى سیاسەتە بازرگانییەکانی حکومەتەوە، وا دەکات ژمارەی ڕۆیشتووان بەرز بێتەوە.

بە گشتی پێشبینی دەکەین ژمارەکە لە نێوان (٦٧٥،٠٠٠) بۆ (١،٠٢٠،٠٠٠) کۆچی دەرەوەدا بێت، ئاستەکە بەرزترە لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە ڕێژەی ئاسایی کۆچکردنی دەرەوە کە وڵات بەجێ دەهێڵن، کە پێک هاتووە لە تێکەڵەیەک لە ناردنەوەی زۆرەملێ و جێهێشتنی خۆویستانە لە ئەنجامی ناردنەوەی زۆرەملێ و جێهێشتنی خۆویستانە.

 

وێنەی یەکەم

دوو سیناریۆی کۆچکردن لە ساڵی ٢٠٢٥دا

 

 

 

پێشبینیەکانی ڕەوشی کۆچ لە ٢٠٢٥ تا ٢٠٣٥

وەک لە وێنەی یەکەمدا دیارە، پێشبینییەکانمان بۆ  هاتن و چوون لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە نزیکەی (١١٥،٠٠٠) هاتن، (٥٢٥،٠٠٠) ڕۆشتوودایە. بەرزترینی ئەم ژمارەیە کاتێک ڕوو دەدات کە حکومەت لە نیوەی کۆتایی ساڵدا نەتوانێت بگات بە ئامانجەکانی لە ناردنەوەی کۆچبەران و سنووردارکردنی کۆچکردنی ئاسایی بۆ مانەوەی کاتی. بەڵام ئێمە پێمان وایە دیپۆرتکردنەوەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن، کۆچی خۆویستانەش بۆ جێهێشتن زیاتر دەبێت، هەروەها ئەگەری زۆری خراپبوونی بارودۆخی کۆچبەران هەیە و ژمارەی ڤیزا کاتییەکانی وەک ڤیزای خوێندکاران بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە. لە ئەنجامدا پێشبینی دەکەین لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا ژمارەی هاتووان و ڕۆشتووانی ئەمەریکا وەک یەک بێت یان تەنانەت دەرچوون بەرزتر بێت لە هاتن.

 هەر چەندە ناتوانین پێشبینییەکی ورد بکەین بۆ ڕەوشی کۆچ بۆ ساڵانی ٢٠٢٨ تا ٢٠٢٨، بەڵام پێشبینی دەکەین پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوە چڕتر بکرێتەوە لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٦دا، کە دەبێتە هۆی دەرچوونی زیاتر. لە هەمان کاتدا کەمبوونەوەی ژمارەی هاتن کە هەر لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤دا دەستی پێ کردووە. پێشبینیی ئێمە بۆ  کۆچکردن بە گشتی لە ساڵی ٢٠٢٦دا، (٧٣٥,٠٠٠) ڕۆیشتوو، (٥٠٧,٠٠٠) هاتوو دەبێت. لە دوای ساڵی ٢٠٢٦، پێشبینی دەکەین کاردانەوە سیاسی و ئابوورییەکان سیاسەتی کۆچبەری هاوسەنگ بکەن، کۆچکردن وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوتە تایبەتییەکەی خۆی. هەر چەندە ئەگەری ئەوەش هەیە کە کۆچبەری بە درێژایی خولی دووەمی ترەمپ بە نەرێنی بمێنێتەوە، بەڵام گریمانەی ئەوە دەکەین لە ساڵانی ٢٠٢٧ و ٢٠٢٨دا جارێکی دیکە ئەرێنی ببێتەوە.

لێکۆڵینەوەکە وا گریمانە دەکات کە تا ساڵی ٢٠٢٩ سیاسەتی کۆچبەری بە تەواوی دەگەڕێتەوە بۆ حاڵەتە مێژووییە ئاساییەکەی خۆی. پێشبینی دەکرێت کۆچکردن لە ساڵی ٢.٢٩ دا بۆ ١،٥٩ ملیۆن بۆ ١،٨٠ ملیۆن بێت. ئەوەی جێگای سەرنجە بەرزترین ژمارەی هاتن لە ساڵی ٢٠٢٩دا ڕوو دەدات لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپەوە، بەو پێیەی هاتنەژوورەوە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی لە کاتێکدا نەبوونی هاتنی ئەم دواییە هاتنی دەرەوە کەم دەکاتەوە. بۆ ساڵی ٢٠٣٠ تا ٢٠٣٤، پێشبینی دەکەین کۆچکردن لە نێوان ١،٣٦ ملیۆن و ١،٦٥ ملیۆندا بێت. وردە وردە دادەبەزێتەوە بۆ نزیکەی ١،٤ ملیۆن، کە ئەمە ڕێژەیەکی ئاساییە.

گرنگە دان بەوەدا بنێین کە پێشبینیکردن بۆ کۆچ لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٩ تا ٢٠٣٤دا کارێکی ئاسان نییە. تەنانەت ئەگەر ڕەوشە سیاسییەکەش ئاسایی بێتەوە، ڕەنگە ئەمەریکا چیتر کێبڕکێی جیهانیی پێ نەکرێت لە بواری تەکنەلۆژیا و خوێندنی باڵادا. لەو حاڵەتەدا لەوانەیە ئەمەریکا چیتر خواستی زانایانی بواری زانست، ئەندازیاران و خوێندکاران نەبێت بۆ ئەوەی کۆچی بۆ بکەن. لە بریی ئەمەریکا، ئەورووپا یان ناوچەکانی دیکە هەڵبژاردەی یەکەمیان بێت. بە هەمان شێوە ڕەنگە کۆمپانیاکان کەمتر مەیلیان هەبێت بۆ وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا، توانای بەرهەمهێنانی ئەمەریکا کەم دەبێتەوە بە هۆی کەمیی هێزی کار و سیاسەتەکانی دیکەی سەردەمی ترەمپ، لێکەوتەکانیشی تا ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام دەبن. بەڵام لێرەدا ئێمە هەوڵمان نەداوە ئەم گۆڕانکارییانە بەو وردەکارییانەوە وێنا بکەین.

کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کۆچ لە سەر ئابووریی هەمەلایەنە

بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی کۆچبەری لە سەر هێزی کار، سەرەتا دەست دەکەین بە دیاریکردنی کاریگەرییەکان لە سەر دانیشتووانە مەدەنییە ئاساییە سەروو ١٦ ساڵەکان (سەرباز، زیندانییان، ئەوانەی ژیانیان لە نەخۆشخانە یان خانەی بەساڵاچووان بەسەر دەبەن ناگرێتەوە). بە هەمان شێوەی کارەکانی پێشوومان، ڕاپرسیی کۆمەڵگەی ئەمەریکی و ڕاپرسیی دانیشتووانی ئێستا بەکار دەهێنین بۆ خەمڵاندنی پشکی کۆچبەران کە بەشێکن لە دانیشتووان (Edelberg et al., 2024). لە وێنەی دووەمدا خەمڵاندنی ئەگەرەکانی بەرزترین و نزمترین کۆچکردن کامانەن و چ کاریگەرییەکیان دەبێت لە سەر دانیشتووانی مەدەنیی سەروو ١٦ ساڵ لە ساڵی ٢٠٢٥ تا ٢٠٢٨دا. لە نزمترین ئەگەردا، دانیشتووانی سەروو ١٦ تا ساڵی 2028 بە ڕێژەی ١.٥ ملیۆن کەم دەبێتەوە، بەڵام لە ئەگەری زۆر بەرزبوونەوەدا دەگاتە ٢،٢ ملیۆن.

هەمان شێوازی بەکارهێنراوی کارەکانی پێشوو بەکار دەهێنین بۆ خەمڵاندنی ئەوەی کە ئەم حاڵەتانەی کۆچکردن بە گشتی کاریگەرییان لە سەر ژمارە و گەشەی هێزی کار هەیە (Edelberg and Watson, 2024). بە تایبەتی ڕاپرسیی کۆمەڵگەی ئەمەریکی بەکار دەهێنین بۆ زانینی ئەوەی کە کۆچبەرە تازە هاتووەکان چەند خێرا دەگەنە ڕێژەی بەشداریی درێژخایەن لە هێزی کار، کە لە کۆتاییدا لە سەددا ٧٦دا جێگیر دەبێت. بەو پێیەی ئەم دەستکارییە لە ماوەی چەند ساڵێکدا ڕوو دەدات، پێشبینی دەکرێت هاتنەناوەوەی کۆچبەران لە ساڵێکدا کاریگەریی درێژخایەنی هەبێت لە گەشەی هێزی کار لە چەندین ساڵی دواتردا. بەم شێوەیە ئێمە لە هەردوو حاڵەتەکەدا زۆربوون یان کەمبوونی دانیشووان، ڕێژەی ئەو ژمارە کرێکارە زیادانەی کە بەشوێن هەلی کارەوەن؛ دەدۆزینەوە.

 خێراتربوونی گەشەی دامەزراندن دەبێتە هۆی گەشەی هێزی کار، چونکە بازاڕ جموجوڵی تێ دەکەوێت و بە شێوەیەکی بەردەوام هەلی دامەزراندنی نوێ دەڕەخسێنێت. سەردەمی پێش کۆرۆنا، زۆربەی پێشبینیکەران هاوڕا بوون لە سەر گەشەی مانگانەی بەردەوامی دامەزراندن، کە هاوتەریبە لەگەڵ گەشەی پێشبینیکراوی دانیشتووان و گۆڕانکاری لە ڕەخساندنی هێزی کاردا. ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە نێوان ٦٠ هەزار بۆ ١٤٠ هەزار کەس دەبێت، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٦٠ هەزار بۆ ١٠٠ هەزار کەس کەم دەبێتەوە و لەگەڵیشیدا خانەنشینکردن بەردەوامە. ئەم زانیارییانە لە ڕیزی یەکەمی خشتەی یەکەمدا خراونەتە ڕوو.

ڕیزی دووەمی خشتەی یەکەم خەمڵاندنی ئێمە بۆ ئەگەرەکانی گەشەی دامەزراندن دوای ئەوەی گۆڕانکاریی بەرچاو کرا لە ڕەوشی کۆچبەری لە ساڵانی نێوان ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٤، دواتر سیناریۆی بەرزبوونەوەی بۆ ئێستا و داهاتوو. هەروەها ئاماژە دەکەین بە ئەگەری بەرزبوونەوەی دامەزراندن بۆ ساڵی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٤، کە پێداچوونەوەیەکە بە کارەکانی پێشووترماندا و دەڕوانینە ڕەوشی کۆچکردن لە ساڵی (٢٠٢١)ەوە (Edelberg and Watson 2024) . گەشەی دامەزراندن بۆ ساڵی ٢٠٢٥ تا ٢٠٢٨، پەیوەستە بە زیاد و کەمبوونی کۆچبەری و هەروەها ڕێژەی پارەی هاتوو و ڕۆیشتوو هەر لە سەرەتای (٢٠٢٥)ەوە.

وێنەی دووەم

 زیادبوونی دانیشتووانی مەدەنیی ئاسایی لە مانگی یەکی 2025دا لە ئەگەری هەردوو سیناریۆی کۆچبەریدا:

لە بەرزترین گریمانەدا پێشبینیی ئەوە دەکەین لە ساڵی ٢٠٢٥دا بازاڕی کار دەتوانێت ڕێژەی کارکردن ٦٠ بۆ ٩٠ هەزار زیاد بکات بە بێ زیادکردنی مووچە و هەڵاوسانی نرخ  لە سەرووی ئامانجی بانکی فیدراڵییەوە.

ئەم ڕێژەیەی ساڵی ٢٠٢٥ هەمان ئەو ڕێژەیە کە پێش کۆرۆنا و گۆڕانکارییە گەورەکانی کۆچبەری پێشبینی دەکرا. بەڵام هێشتا ژمارەی دامەزراندن بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کەمتر دەبێت لە ساڵی ٢٠٢٤ کە بە خەمڵاندنی ئێمە لە نێوان ١٤٠،٠٠٠ بۆ  ١٨٠،٠٠٠دا بوو. بۆ ساڵی ٢٠٢٦ تا ٢٠٢٨، گەشەی دامەزراندن لە حاڵەتی زۆر بەرزی کۆچکردندا نزیک دەبێت لە پێشبینییەکانی پێشووترمان.

لە سێیەم ڕیزی خشتەی یەکەمدا خەمڵاندنەکانمان لە نزمترین گریمانەدا دەخەینە ڕوو. لەم حاڵەتەدا پێشبینی دەکەین کە بازاڕی کار لە ساڵی ٢٠٢٥دا دەتوانێت هاوکار بێت لە گەشەی دامەزراندن بە ڕێژەی ٤٠ هەزار بۆ ٧٠ هەزار کەس، کە پێشبیبی دەکرێت کەمتر بێت لە ڕێژەی پێش کۆرۆنا. بە تێپەڕبوونی کات؛ ڕێژەکە لە پێشبینییەکانماندا بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات، چونکە کەمبوونەوەی کۆچ بەرەو ناوەوەی وڵاتەکە بارگرانییەکی قورستر دەخاتە سەر گەشەی هێزی کار. بۆ نموونە؛ تا ساڵی ٢٠٢٨، گەشەی دامەزراندن لە دابەزینی مانگانەی ١٠ هەزار هەلی کارەوە دەبێتە زیادبوونی ٣٠ هەزار هەلی کار.

لەبەر ئەوەی کۆچکردن لە ساڵی (٢٠٢٤)ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە ژێر هەردوو سیناریۆی بەرز و نزمدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیەوە ببینێت، گۆڕانکارییە گرنگەکان لە ساڵی ٢٠٢٥دا وا دەکەن خەمڵاندنمان بۆ ئەگەری زیادبوونی دامەزراندن لە ساڵەکەدا کەمێک ناڕوون بن. لە خشتەی دووەمدا خەمڵاندنەکانمان کردووە بۆ ئەگەری زیادبوونی دامەزراندن بۆ نیوەی یەکەم و دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، کە پەیوەستە بە زیاد و کەمبوونی ڕێژەی کۆچکردنەوە لە  هەردوو ساڵی ٢٠٢٤ و  ٢٠٢٥.

دوو ڕیزی سەرەتای خشتەی دووەم ڕێژەی زیادبوونی کارکردنی کۆچبەران نیشان دەدەن لەم ساڵانەی دواییدا.

ڕیزی یەکەمی خشتەی دووەم سیناریۆی ئەگەری زۆر زیادبوونی دامەزراندن نیشان دەدات. لە سیناریۆی بەرزدا ئەگەری دامەزراندن لە مانگێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ لە نێوان ٨٠ هەزار بۆ ١١٠ هەزار و لە نیوەی دووەمدا لە ٦٠ هەزار بۆ ٩٠ هەزار دەبێت. ڕیزی دووەم سیناریۆی نزم ڕوون دەکاتەوە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا ڕێژەکەی ٨٠ بۆ ١١٠ هەزار و لە نیوەی دووەمدا ٤٠ بۆ ٧٠ هەزار دەبێت. بەڵام لە نزمیی سیناریۆکەدا وای بۆ دەچین کە گەشەی مانگانەی دامەزراندن لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥دا؛ ٤٠ هەزار کەمتر بێت لە نیوەی یەکەم.

خشتەی یەکەم

ڕیزەکانی خوارەوەی خشتەی (٢) ئاماژە بە زیادبوونی خێرای ڕێژەی کارکردن دەکات لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ لە نێو کۆچبەرانی ئەم دواییانەدا. زۆربوونی داواکارییەکانی مۆڵەتی کارکردن لە مانگی یەک تا مانگی چواری ٢٠٢٥، ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ئارەزووی کارکردن لە ناو ئەو کۆچبەرانەی توانای کارکردنیان هەیە، وەک لە وێنەی (٣)دا نیشان دراوە. پێویستە دان بەوەشدا بنێین کە وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردنی کۆچبەران بە بەراورد بەو خواستە زۆرەی کارکردنیان؛ بە پێی پێویست نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە پاڵ زۆربوونی داواکاری بۆ کارکردن سەرەڕای کەمبوونەوەی بەرچاوی کۆچ لە هاوینی (٢٠٢٤)ەوە، زۆرێک لە کۆچبەرانی ئەم دواییە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دامەزراندنیان لە کەرتە حکومییەکاندا دەکەن دوای دەستبەکاربوونی ترەمپەوە لە مانگی یەکەمی ٢٠٢٥.

دەمانەوێت بزانین تا چ ڕادەیەک زیادبوونی ئارەزووی کارکردن لە نێوان کۆچبەرانی ئەم دواییەدا کاریگەریی هەیە لە سەر گەشەی دامەزراندن لە ساڵی ٢٠٢٥. وای دادەنێین کە کۆچبەرەکانی ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٤؛ ڕێژەی کارکردنیان لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٥دا لە سەددا ٧٦ بووە، ئەمەش ڕێژەی دامەزراندن لە نیوەی یەکەمی ساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەری گەشەسەندن لە نیوەی دووەمی ساڵدا کەم دەبێتەوە، بەو پێیەی ڕێژەی کارکردنی کۆچبەری ئەم دواییانە لەو ئاستە بەرزەدا نەبووە.

ڕیزی سێیەمی خشتەی (٢)؛ ئەگەری دامەزراندن لە سیناریۆی بەرزدا دەخاتە ڕوو، کە ڕەنگدەرەوەی بەرزبوونەوەی هێزی کارە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا. لەم سیناریۆیەدا مەودای کارکردن لە نێوان (٢١٠،٠٠٠) بۆ (٢٤٠،٠٠٠) دەبێت بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥. لە نیوەی دووەمدا ڕێژەکە لە نێوان (٣٠،٠٠٠) بۆ (٦٠،٠٠٠)دا دەبێت. ڕیزی چوارەم سیناریۆی زۆر نزم ڕوون دەکاتەوە، (٢٠٠،٠٠٠) بۆ (٢٣٠،٠٠٠) لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٥ و (١٠،٠٠٠) بۆ (٤٠،٠٠٠) لە نیوەی دووەمی ساڵدا. بە واتایەکی تر: بەرزیی خواستی کارکردنی کۆچکردووانی ئەم دواییانە لە نیوەی یەکەمی ساڵدا، ڕێژەی دامەزراندن لە نیوەی یەکەمدا بەرز دەکاتەوە، بەڵام لە نیوەی دووەمی ساڵدا ڕێژەکە دادەبەزێنێت.

خشتەی دووەم

 

لە مانگی یەک تا مانگی پێنجی ٢٠٢٥، گەشەی مانگانەی دامەزراندن بە تێکڕا ١٢٤ هەزار بووە. گەشەی ڕاستەقینەی دامەزراندن لە هەریەک لەم مانگانەدا لەوانەیە لە سەروو یان لە خواری گەشەی پێشبینیکراوەوە بێت. بە پێی ئامارە مێژووییەکان، بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕاستەقینەی دامەزراندن؛ بازاڕی کاریش گەرموگوڕتر دەبێت، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی زۆربوونی داهات و بەرزبوونەوەی نرخەکان. بە کەمبوونەوەی ڕاستەقینەی دامەزراندنیش، بازاڕی کاریش لاواز دەبێت و بە شوێنیشیدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهات و دابەزینی نرخ.

هەروەک شیکارییەکانی پێشووترمان، ئاماژە دەکەین بە کەمبوونەوەی بەرچاوی کۆچبەری لە ساڵی ٢٠٢٤دا و کاریگەرییەکانی لە سەر گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٢٥دا. لە خشتەی (٣)دا ئەو هۆکارانە باس کراون کە کاریگەرییان هەیە لە سەر گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ڕاستەقینە لە ساڵی ٢٠٢٥دا. لەبەر کەمبوونەوەی کۆچکردن لە هەردوو ساڵی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا لە ناو دانیشتووانی ئاسایی مەدەنیی تەمەن ١٦ ساڵ و سەرووتردا بە ڕێژەی ٢.٢ ملیۆن لە ساڵی ٢٠٢٤دا، هەر بۆیە پێشبینییەکانمان بە نزیککراوەیی لە هەردوو سیناریۆکەدا هاوشێوەن، کاریگەرییە ئابوورییەکانیش بە هەمان شێوە هاوشێوە دەبن. بە گشتی لە سیناریۆی بەرزدا کۆچکردن لە ناو هاوڵاتییانی ئاساییدا لە ٢،١ ملیۆنەوە کەم دەبێتەوە بۆ ١٣٠ هەزار لە ساڵی ٢٠٢٥دا. لە سیناریۆی نزمدا، لە ٢،٦ ملیۆنەوە کەم دەبێتەوە بۆ  ٣٨٠ هەزار لە ساڵی ٢٠٢٥دا. لە ئەگەری زۆر بەرزی کۆچکردندا هێشتا گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە سەددا (٠،٣) دادەبەزێنێت بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤. لە ئەگەری زۆر کەمی کۆچکردندا حاڵەتەکە لەوەش لاوازتر دەبێت و بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەی لە سەددا (٠،٤) دادەبەزێنێت.

ڕیزی یەکی خشتەی (٣)، ئاماژە بە هۆکارە ڕاستەوخۆکان دەکات کە کار لە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ڕاستەقینە لە ساڵی ٢٠٢٥دا دەکەن، ئەمەش لە ئەنجامی جیاوازیی بازاڕی کار لە هەردوو سیناریۆکەدا. ڕیزی یەکەم تیشک دەخاتە سەر کەمیی بەرهەمی ناوخۆیی بە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری لە لایەن کۆچبەرانەوە. هەروەها زیانەکانی داهاتی کۆچبەران خەمڵێنراوە بە پێی ئەو پیشە و سکیڵە پێشبینیکراوەی ئەو کۆچبەرانە هەیانە.

ڕیزی دووەمی خشتەی (٣) کاریگەرییە لاوەکییەکانی سەر گەشەی ئابووری دەخاتە ڕوو بە هۆی دابەزینی چاوەڕواننەکراوی خەرجییەکانی بەکاربەرەوە، لە ئەنجامی  گۆڕانکارییەکانی ڕەوشی کۆچ لە ساڵی ٢٠٢٥دا، کە بە گشتی پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاریی چاوەڕواننەکراو لە خەرجییەکانی بەکاربەردا کاریگەریی لە سەر ئابووری هەبێت بە هۆی کەمبوونەوەی خواست لە سەر شمەکی بازرگانەکان. لە بنەڕەتدا ئەگەر بازرگان و خاوەنکارەکان بڕیاریان دا هەلی کار بڕەخسێنن و بەرهەمهێنان بەردەوام بکەن بۆ ساڵی ٢٠٢٥، لەو بڕوایەدا دەبن خواست لە سەر شمەکەکەنیان بە نزیکی هێندەی خواستی ساڵی ٢٠٢٤ بێت. تووشی سەرسوڕمان دەبن کە دەبینن دەرەنجامەکە جیاواز دەبێت، دەستبەجێ گۆڕانکاری لە ستراتیژی بەرهەمهێنانیاندا دەکەن و بە پێی خواستی بازاڕ خۆیان دەگونجێنن. ئەگەر ڕێژەی کۆچ بۆ ٢٠٢٥ سفر بێت (واتە هاتوو و ڕۆیشتوو یەکسان بن و ژمارەی دانیشتووان زیاد یان کەمی نەکردبێت)، ئەوا خاوەنکارەکان ناچارن بەرهەمهێنان سنووردار بکەن یان هەندێ لە کرێکارەکانیان لە ئیشەکانیان دوور بخەنەوە (ئیتر کرێکارەکان لەدایکبووی ئەمەریکا بن یان کۆچبەرانی دانیشتووی ئەمەریکا).

وێنەی (3)  

کۆی گشتیی داواکارییەکانی مۆڵەتی کارکردن بۆ ساڵی ٢٠٠٣ تا مانگی چواری ٢٠٢٥

بۆ خەمڵاندنی کاریگەریی سەرەتایی لە سەر خەرجیی بەکاربەر، وای دادەنێین کە بڕی پاشەکەوتکردن لە ناو ئەو کۆچبەرانەی کە دەبووایە لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە ئەمەریکا بوونایە، یەکسانە بە بڕی پاشەکەوت لە سەرتاسەری وڵات کە لە سەددا (٤،٤) بووە لە ساڵی ٢٠٢٥دا. لە لایەکەوە بڕی پاشەکەوتکردن لە ناو کۆچبەرانی ئەم دواییانەدا بەرزترە لە دانیشتووانی تر، بە جۆرێک پارە پاشەکەوتکراوەکانیان دەنێرنەوە وڵاتەکەی خۆیان لە جێی ئەوەی لە ناو ئەمەریکادا بە کڕینی شمەک و خزمەتگوزاری خەرجی بکەن. لە لایەکی ترەوە بڕی پاشەکەوتیان نزمترە لە دانیشتووانی ئاسایی ئەمەریکا، لەبەر ئەوەی لە سەرەتای هاتنیاندا پێویستییان زۆرە و پاشەکەوتی لێ ناکرێت، هەروەها سەرچاوەی داهاتیشیان زۆر سنووردارە، بەشی پاشەکەوت ناکات. لە کۆتاییدا ئێمە بڕی پاشەکەوتی نیشتمانی بەکار دەهێنین و تێبینی دەکەین کە کاریگەرییە خەمڵێنراوەکان لە سەر خەرجییەکانی بەکاربەر بەو ڕادەیەش هەستیار نین بە هەموو گۆڕانکارییەکان لە پێشبینییەکانمان بۆ بڕی پاشەکەوت.

ڕیزی سێیەمی خشتەی (٣)، کاریگەریی زیادبوونی پاشەکەوتی ناچاری لە لایەن کۆچبەرانەوە پیشان دەدات کە ژینگەکە ناچاریان دەکات پاشەکەوتی بکەن، کە لە هەردوو سیناریۆی بەرز و نزمدا ڕاست دەبێت لە ساڵی ٢٠٢٥دا. زیاد لەوەش، ئێمە وای بۆ دەچین کە بڕی پاشەکەوت لە ناو کۆچبەرانی ئەمەریکادا (٨،٠) دەبێت بۆ ساڵی ٢٠٢٥، کە زیاترە لە بڕی ساڵی ٢٠١٩ کە (٤،٤) بووە. ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر ڕێژەی بەرهەمی ناوخۆ لە ٢٠٢٥ دا بە ڕێژەیەکی کەم. بە دڵنیاییەوە ئەگەر بڕی پاشەکەوت بەرزتر بێتەوە یان هاوڵاتییان زیاتر پاشەکەوت بکەن لەو بڕەی ئێمە پێشبینیمان کردووە، ئەوا کاریگەرییەکەی لە سەر خەرجکردن و بەرهەمهێنان زیاتر نەرێنی دەبێت.

 

خشتەی (٣)

 کاریگەریی کۆچبەری لە سەر گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە 2025دا لە دوو سیناریۆدا

 

لە شیکارییەکانماندا گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی کۆچبەری لە ساڵی ٢٠٢٥دا کاریگەریی ئەوتۆیان نەکردووەتە سەر سیاسەتی دراو لە هەردوو سیناریۆکەدا. بە شێوەیەکی ئاسایی چاوەڕوان دەکرێت یەدەگی فیدراڵی سیاسەتی دراوی گونجاوتر پەیڕەو بکات لە بەرامبەر کەمبوونەوەی چاوەڕواننەکراوی خواستی گشتی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسیی هەڵاوسان. هەر چەندە لەو سیناریۆیانەی کە لێی دەکۆڵینەوە، هەم بەرهەمی ڕاستەقینە و هەم توانای ئابووری بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری کەم دەبێتەوە، بۆیە لێکدانی دارایی ئاسایی بەکار دەهێنین کە گونجاوترە بۆ ئەو حاڵەتەی گۆڕانکارییەکان لە سەر خواست کاریگەرییان لە سەر دراو نییە (واڵن و ڕیچڵن، ٢٠١٥).

کەمبوونەوەی ڕێژەی کۆچبەری

 بە کەمبوونەوەی کۆچبەری؛ توانای ئابووری بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییش بە هۆی کەمبوونەوەی هێزی کارەوە کەم دەبێتەوە. بە واتایەکی تر: کەمیی هێزی کار دەبێتە هۆی زۆربوونی تێچووی بەرهەمهێنان لە کۆمپانیاکاندا، لە ئەنجامیشدا هەڵئاوسانی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە؛ مەککیبین و هاوکارانی، ٢٠٢٤، ئاماژە بەوە دەکەن کە کەمبوونەوەی هێزی کار بە ڕێژەی ١،٣ ملیۆن بە هۆی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵەوە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان بە ڕێژەی لە سەددا ١.٥ لە ماوەی سێ ساڵدا، بە واتایەکی تر: هەڵئاوسان بە ڕێژەی لە سەددا (٠.٥) لە ساڵی ٢٠٢٥ تا ٢٠٢٨ بەرز دەکاتەوە.

لە شیکارییەکانماندا کاریگەریی کورتخایەن لە سەر هەڵاوسان کەمتر دەبێت لەوەی پێشبینیمان کردووە، چونکە بۆمان دەردەکەوێت کە کەمبوونەوەی خواستی گشتی؛ ئەوەندەی دابەزینی توانای ئابووری بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کاریگەرە. بە گشتی پێشبینی دەکەین نرخی هەندێک لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەرز ببنەوە بە کەمبوونەوەی کاڵاکان و خواسیتش لە سەریان جێگیرە (وەک بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پێویستییە تەندروستییەکانی ماڵەوە)، نرخی ئەو شمەکانەی تریش دادەبەزێت کە خواست لە سەریان کەم دەبێتەوە، لەم حاڵەتەدا بەرهەمهێنانی شمەک جێگیرە (وەک کرێ خانوو لەو ناوچانەی کە دانیشتووانی کۆچبەریان زۆرە). کەمبوونەوەی کۆچبەری دەبێتە هۆی هەڵئاوسان بۆ ماوەیەک، بەڵام پێمان وایە کە کاریگەرییەکەی کەم دەبێت.

لە خەمڵاندنەکانی خشتەی (٣)دا چەند کاریگەرییەکی گرنگی تر نەخراونەتە ڕوو، بۆ نموونە؛ ئەم خەمڵاندنانە باس لە گۆڕانکارییەکانی قازانجی کۆمپانیاکان یان جۆرەکانی تری داهاتی سەرمایەداری ناکەن کە دەستبەجێ سەر هەڵدەدەن لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی هێزی کار لە ساڵی ٢٠٢٥دا، کە ئەم خاڵە لە لایەن کلیمێنس (٢٠٢٢)ەوە ئاماژەی پێ کراوە. سەرەڕای ئەوە، خەمڵاندنەکان باس لە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر گەشەی بەرهەمهێنان ناکات کە لە کەمبوونەوەی کۆچبەرییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەدەر لە دۆزینەوەکانی CBO ساڵی ٢٠٢٤ سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان کۆچبەری و داهێنان. لە کۆتاییدا ئەوان گۆڕانکاریی زۆر وردی بازرگانی یان بەکاربەر لەبەرچاو ناگرن کە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی زیاتر لە وەبەرهێنان یان خەرجییەکانی ماڵان.

خشتەی چوارەم

 وێناکردنی بەرهەمی ناوخۆیی ڕاستەقینە لە ساڵی 2034دا، لە ئەگەری سیناریۆ جیاوازەکانی کۆچبەریدا بە بەراورد بە سیناریۆیەک کە کۆچبەری هاتوو زیاتر نین لە ڕۆیشتوو.

خشتەی (٣) باس لەو هۆکارانە دەکات کە کاریگەرییان لە سەر گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٢٥دا هەیە، بەڵام ئەگەر ژمارەی کۆچبەری جیاوازی ببێت، ئەوا گەشەی بەرهەمی ناوخۆییش لە ساڵی ٢٠٢٦دا جیاواز دەبێت. بۆ نموونە؛ ئەگەر کۆچ  لە (٥٢٥،٠٠٠)ەوە لە ساڵی ٢٠٢٥ بۆ (٧٣٥،٠٠٠) لە ساڵی ٢٠٢٦ دابەزێت، واتە ژمارەی ڕۆیشتووان زیاتر بێت، وەک لە سیناریۆی نزمدا پێشبینی کراوە، وای بۆ دەچین کە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٢٦دا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بێتەوە. لە سیناریۆی نزمدا گریمانەکانمان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی ٢،٢ ملیۆن پەنابەر کەم دەکەن لە ماوەی چوار ساڵدا، لەگەڵ ٢،٢ ملیۆن ڕۆیشتنی خۆبەخشانە لە دەرەوەی ئەوەی پێشبینیمان کردبێت.

ئەم ژمارانە زۆر کەمترن لەو ڕێژەی دیپۆرتکردنەوەی کە ترەمپ لە لێدوانەکانیدا لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا ئاماژەی پێ کردووە. ئەگەر کابینەکەی ترەمپ ڕێژەی دیپۆرتکردنەوە بەرزتر بکاتەوە، دوژمنایەتیی زیاتر لەگەڵ کۆچبەراندا بکات بە ڕێژەیەک کە زیاتر لەوەی کە لە سیناریۆی نزمدا پێشبینی دەکرێت، ئەوا زیانی ئابووریی گەورەتر دێنە ئاراوە، بە جۆرێک کە دەتوانێت بازاڕی کار؛ دابینکردنی شمەک و کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەیەکی پێشبینینەکراو تێک بدات. هەر چەندە پێمان وا نییە هەڵمەتەکە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بەڵام مەکبین و هاوکارەکانی لە ساڵی ٢٠٢٤ دا بۆیان دەرکەوتووە کە لابردنی (٧.٥) ملیۆن کرێکار لە ساڵی ٢٠٢٥دا کاریگەریی ئابووریی زۆر بەرچاوتر دەهێنێتە ئاراوە لەوەی پێشبینیی دەکەین، چ لە مەودای کورتخایەن یان درێژخایەندا.

لە هەردوو سیناریۆکەدا پێشبینی دەکرێت کە ژمارەی کۆچبەران بە گشتی تا ساڵی ٢٠٣٤ ئەرێنی بێت، واتە هاتووان لە ڕۆیشتووان زیاتر بن. لە ئەنجامدا هێزی کار زیاتر دەبێت بە بەراورد بەو گریمانەیەی کە کۆچکردن بۆ هەر ساڵێک لە ساڵی ٢٠٢٥ تا ٢٠٣٤ هاوسەنگ بێت، واتە هاتووان و ڕۆیشتووان یەکسان بن. لە خشتەی (٤)دا کاریگەریی پێشبینیکراو لە سەر ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٣٤ بۆ هەردوو سیناریۆکە دەخاتە ڕوو، بە بەراورد بەوەی کە کۆچکردن سفر بێت، واتە هاتووان و ڕۆیشتووان یەکسان بن. بۆ ڕوونترکردنەوەی بەراوردکردنەکە، خشتەی چوار سیناریۆیەکی وێناکارییش لەخۆ دەگرێت کە تێیدا کۆچکردنی ساڵانە (١،٢٥) ملیۆنە لە ساڵی ٢٠٢٥ تا ٢٠٣٤، کە نزیکە لە ڕەوتی کۆچبەری ئاسایی.

ڕیزی دووەمی خشتەی (٤)، کاریگەرییە پێشبینیکراوەکانی سەر زیادبوونی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارەکان دەخاتە ڕوو. بەو پێیەی ئەو کۆچبەرانەی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٣٤ دەگەنە ئەمەریکا، پێویستییان بە ئامێر و ژێرخانی پێویست دەبێت بۆ ئەوەی کارەکانیان بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنجام بدەن، پێشبینی دەکەین کە ڕێژەیی سەرمایە زیاتر بێت لە ناو ئەو سیناریۆیانەی کە کۆچبەری زیاتریان تێدایە. لە ئەنجامدا وەبەرهێنان داهاتی سەرمایەی زیاتریان دەست دەکەوت. ڕیزی سێیەم پێک هاتووە لە کاریگەریی زیادبوونی هەلی کار و زیادبوونی سەرمایە. بە بەراورد لەگەڵ سیناریۆی سفری کۆچکردندا (واتە هاتووان و ڕۆیشتووان یەکسان بن) لە ساڵی ٢٠٢٥ تا ٢٠٣٤، سیناریۆی نزم و بەرز ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی ڕاستەقینە لە ساڵی ٢٠٣٤ بە ڕێژەی لە سەددا (١،٢) و لە سەددا (١،٨) بەرز دەکەنەوە. کەلێنی نێوان ئەو دوو سیناریۆیە فراوانتر دەبێت ئەگەر سیاسەتی کۆچبەریی توند پەیڕەو بکرێت، لە بریی گەڕانەوەی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی درێژخایەن دوای تەواوبوونی خولی سەرۆکایەتیی (٢٠٢٥-٢٠٢٩). بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا قازانجی بەرهەمی ناوخۆیی کەمتر دەبێت لەم حاڵەتەی کۆچبەریدا بە بەراورد بەوەی ئەگەر ڕەوتی کۆچکردن لە ئاستی ئاسایی نزیک بێتەوە لە ماوەی ساڵانی (٢٠٢٥-٢٠٣٤)دا.

ئەم خەمڵاندنانە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیی کۆچبەری ڕاستەوخۆ لە سەر بەرهەمهێنان لەخۆ ناگرن. بە پشتبەستن بە CBO (٢٠٢٤) بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان، یەکخستنی کاریگەرییەکی لەو شێوەیە ڕەنگە ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٣٤ لە ژێر سیناریۆی بەرزدا بە ڕێژەی نزیکەی لە سەددا (٠،٢) بە بەراورد بە بەرهەمی ناوخۆیی لە سیناریۆی نزمدا زیاد بکات.

ئەنجامگیری

گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی سیاسەتی کۆچبەری کە لە لایەن ئیدارەی دووەمی ترەمپەوە کاریگەرییەکی بەهێز دەخەنە سەر ئابووری بە شێوەیەکی گشتی، بە کەمبوونەوەی بەرچاوی هاتووان و زیاتربوونی ڕۆیشتووان، پێشبینی دەکەین کە کۆچ لە ساڵی ٢٠٢٥دا سفر (یەکسانی لە هاتووان و ڕۆیشتووان)، یان تەنانەت نێگەتیڤ بێت (ڕۆیشتووان زیاتر بن لە هاتووان). وای بۆ دەچین سیاسەتی کۆچبەری لە ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر توندتر بێت، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٧ و ٢٠٢٨ بەرەو باشبوون دەڕوات. کەمبوونەوەی بەرچاوی هاتووان لە ساڵی ٢٠٢٥ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤، پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هێزی کار، لاوازیی دامەزراندن و کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بە نزیکەیی لە سەددا (٠،٣) بۆ (٠،٤).

ئەم دەرئەنجامە ئابوورییانە نایەکسانیی فرەلایەنە دەشارنەوە. هەندێک پیشەسازی و کۆمپانیا و خاوەنماڵەکان گەورەترین بارگرانی دەکەوێتە سەرشانیان بە هۆی کەمبوونەوەی کۆچبەری هاتوو و زیادبوونی ژمارەی ئەوانەی وڵات بەجێ دەهێڵن، جا بە خواستی خۆیان یان بە ناچاری. جگە لەوەش، ڕەنگە سیاسەتەکانی ئیدارەی ئەمەریکا توانای ئەمەریکا بۆ کێبڕکێ جیهانییەکان لاواز بکات و دەرئەنجامی درێژخایەن لە دەرەوەی پێشبینییەکانمان دروست بکات. بەڵام تەنانەت کاتێک سەرنجێکی کەم دەخەینە سەر کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی کۆچبەری لە ماوەی چوار ساڵەکەدا، بە ڕوونی کاریگەرییە نەرێنییەکان بە هۆی سنووردارکردنی کۆچبەرییەوە لە سەر هێزی کار و بەرهەمی ناوخۆیی دەبینین.

سەرچاوەکان

  • BEA (US Bureau of Economic Analysis). 2025. “Personal Saving Rate.” Federal Reserve Bank of St. Louis. May 30. https://fred.stlouisfed.org/series/PSAVERT.
  • BLS (US Bureau of Labor Statistics). 2017. “Projections Overview and Highlights, 2016–26.” October. https://www.bls.gov/opub/mlr/2017/article/projections-overview-and-highlights-2016-26.htm.
  • BLS (US Bureau of Labor Statistics). 2019. “Civilian Labor Force, by Age, Sex, Race, and Ethnicity.” September 4. https://web.archive.org/web/20191023065137/https:/www.bls.gov/emp/tables/civilian-labor-force-summary.htm.
  • CA (US Department of State, Bureau of Consular Affairs). 2019. Report of the Visa Office 2019. Table 15. https://travel.state.gov/content/travel/en/legal/visa-law0/visa-statistics/annual-reports/report-of-the-visa-office-2019.html.
  • CA (US Department of State, Bureau of Consular Affairs). 2023a. Report of the Visa Office 2023. Table 3. https://travel.state.gov/content/travel/en/legal/visa-law0/visa-statistics/annual-reports/report-of-the-visa-office-2023.html.
  • CA (US Department of State, Bureau of Consular Affairs). 2023b. Report of the Visa Office 2023. Table 15. https://travel.state.gov/content/travel/en/legal/visa-law0/visa-statistics/annual-reports/report-of-the-visa-office-2023.html.
  • CA (US Department of State, Bureau of Consular Affairs). 2024. “Monthly Nonimmigrant Visa Issuance Statistics.” https://travel.state.gov/content/travel/en/legal/visa-law0/visa-statistics/nonimmigrant-visa-statistics/monthly-nonimmigrant-visa-issuances.html.
  • CBO (Congressional Budget Office). 2019. An Update to the Budget and Economic Outlook: 2019 to 2029. August 21. https://www.cbo.gov/publication/55551.
  • CBO (Congressional Budget Office). 2020. The Budget and Economic Outlook: 2020 to 2030. January 28. https://www.cbo.gov/publication/56020.
  • CBO (Congressional Budget Office). 2022. The 2022 Long-Term Budget Outlook. July 27. https://www.cbo.gov/publication/57971.
  • CBO (Congressional Budget Office). 2023. The Budget and Economic Outlook: 2023 to 2033. https://www.cbo.gov/publication/58848.
  • CBO (Congressional Budget Office). 2024. Effects of the Immigration Surge on the Federal Budget and the Economy. July 23. https://www.cbo.gov/publication/60165.
  • CBO (Congressional Budget Office). 2025a. The Demographic Outlook: 2025 to 2055. January 13. https://www.cbo.gov/publication/60875.
  • CBO (Congressional Budget Office). 2025b. “Historical Data and Economic Projections.” https://www.cbo.gov/data/budget-economic-data.
  • CBO (Congressional Budget Office). 2025c. “Noncyclical Rate of Unemployment.” Federal Reserve Bank of St. Louis. March 17. https://fred.stlouisfed.org/series/NROU.
  • Clemens, Michael A. 2022. “The Fiscal Effect of Immigration: Reducing Bias in Influential Estimates.” Working Paper No. 15592. IZA Institute of Labor Economics. September. https://www.iza.org/publications/dp/15592.
  • DOS (US Department of State). 2020. Report to Congress on Proposed Refugee Admissions for Fiscal Year 2021. https://www.state.gov/reports/report-to-congress-on-proposed-refugee-admissions-for-fy-2021/.
  • DOS (US Department of State). 2023. Proposed Refugee Admissions for Fiscal Year. Table 1. November 3. https://www.state.gov/bureau-of-population-refugees-and-migration/releases/2023/11/report-to-congress-on-proposed-refugee-admissions-for-fiscal-year-2024.
  • Edelberg, Wendy, Cecilia Esterline, Stan Veuger, and Tara Watson. 2024. “Immigration and the Macroeconomy in the Second Trump Administration.” Brookings Institution, American Enterprise Institute, and Niskanen Center. December 3. https://www.brookings.edu/articles/immigration-and-the-macroeconomy-second-trump-administration/.
  • Edelberg, Wendy, and Tara Watson. 2024. New Immigration Estimates Help Make Sense of the Pace of Employment. Hamilton Project. March 7. https://www.hamiltonproject.org/publication/paper/new-immigration-estimates-help-make-sense-of-the-pace-of-employment/.
  • McKibbin, Warwick J., Megan Hogan, and Marcus Noland. 2024. “The International Economic Implications of a Second Trump Presidency.” Working Paper No. 24-20. Peterson Institute for International Economics. September. https://www.piie.com/publications/working-papers/2024/international-economic-implications-second-trump-presidency.
  • RPC (US Department of State, Bureau of Population, Refugees, and Migration, Refugee Processing Center). 2025. “Summary of Refugee Admissions as of 31-December-2024.” https://view.officeapps.live.com/op/view.aspx?src=https%3A%2F%2Fwww.wrapsnet.org%2Fdocuments%2FPRM%2520Refugee%2520Admissions%2520Report%2520as%2520of%252031%2520Dec%25202024.xlsx&wdOrigin=BROWSELINK.
  • SSA (Social Security Administration). 2019. The 2019 OASDI Trustees Report. https://www.ssa.gov/oact/TR/2019/V_B_econ.html.
  • TRAC (Transactional Records Access Clearinghouse). 2022. “Border Patrol Arrests.” July. https://tracreports.org/phptools/immigration/cbparrest/.
  • TRAC (Transactional Records Access Clearinghouse). 2024a. “Immigration and Customs Enforcement Removals.” February. https://tracreports.org/phptools/immigration/remove/.
  • TRAC (Transactional Records Access Clearinghouse). 2024b. “Who Is Being Given Humanitarian Parole to Temporarily Enter the Country: Latest Data.” September 6. https://tracreports.org/reports/749/.
  • TRAC (Transactional Records Access Clearinghouse). 2025a. “Immigration Prosecutions Jump in March 2025.” June 3. https://tracreports.org/reports/761/.
  • TRAC (Transactional Records Access Clearinghouse). 2025b. “Stopping ‘Inadmissibles’ at U.S. Ports of Entry.” May. https://tracreports.org/phptools/immigration/cbpinadmiss/.
  • TRAC (Transactional Records Access Clearinghouse). 2025c. “Trump Claims on Immigration Enforcement: Rhetoric vs Reality.” May 15. https://tracreports.org/reports/759/.
  • TRAC (Transactional Records Access Clearinghouse). 2025d. “Trump Immigrant Removals Now 10 Percent Below Biden’s Record.” March 25. https://tracreports.org/reports/756/.
  • US Census Bureau. 2011–24. American Community Survey. https://www.census.gov/programs-surveys/acs.html.
  • US Census Bureau. 2011–25. Current Population Survey. https://www.census.gov/programs-surveys/cps.html.
  • USCIS (US Citizenship and Immigration Services). 2003–25. “Application for Employment Authorization, Eligibility Category and Filing Type.” https://www.uscis.gov/tools/reports-and-studies/immigration-and-citizenship-data.
  • USCIS (US Citizenship and Immigration Services). 2023–25. “FY22 Appropriations Reporting Requirement—Application Processing Data.” https://www.uscis.gov/tools/reports-and-studies/immigration-and-citizenship-data.
  • Whalen, Charles J., and Felix Reichling. 2015. “The Fiscal Multiplier and Economic Policy Analysis in the United States.” Contemporary Economic Policy 33 (4): 735–46. https://doi.org/10.1111/coep.12104

 

نووسەران

وێندی ئیدێلبێرگ (Wendy Edelberg)، توێژەرێکی باڵای توێژینەوەی ئابوورییە لە دامەزراوەی بروکینگز. لە ساڵی ٢٠٢٠ تا مانگی ئازاری 2025 وەک بەڕێوەبەری پڕۆژەی هامیلتۆن لە بروکینگز کاری کردووە. هەروەها بەڕێوەبەری قوتابخانەی West Exec Advisors ە.

ستان ڤۆیگەر (Stan Veuger توێژەرێکی باڵایە لە توێژینەوەی سیاسەتی ئابووری لە AEI ، سەرنووسەری دیدگا ئابوورییەکانی AEI یە و ئەندامی سەنتەری دەرفەت و جووڵەی کۆمەڵایەتیی AEI ە. هەروەها ئەندامی سەنتەری ئەمەریکیی توێژینەوەی سیاسیی زانکۆی هارڤەردە و توێژەرە لە قوتابخانەی IE بۆ سیاسەت و ئابووری و کاروباری جیهانی.

تارا واتسن (Tara Watson بەڕێوەبەری سەنتەری ئاسایش و دەرفەتی ئابوورییە و توێژەری باڵایە لە توێژینەوەی ئابووری لە دامەزراوەی بروکینگز. نووسەری کتێبی سنووری ناوەوە: ئابووریی کۆچبەری لە سەردەمی ترسدا (٢٠٢١)ە، کە کاریگەرییە ئابوورییەکانی کۆچبەری دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی  American Enterprise Institute

لینك: https://www.aei.org/research-products/report/immigration-policy-and-its-macroeconomic-effects-in-the-second-trump-administration/

Send this to a friend