• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 11, 2025

کۆچ و کۆچی نێودەوڵەتی

ئامادەکردن: ئایندەناسی

کۆچی نێودەوڵەتی، یەکێکە لە دیاردە بەرچاوەکانی سەردەم و  تا ڕادەیەک بووەتە قەیرانێکی نێودەوڵەتیش بۆ زۆر لە دەوڵەت و حکومەتە جیهانییەکان و زۆرێک لە دانیشتوانی جیهان. ملیۆنان کەس ساڵانە و بگرە هەزاران کەس ڕۆژانە لە وڵاتە خۆماڵییەکانی خۆیانەوە ڕوودەکەنە وڵاتێکی دی، بە ئامانجی دۆزینەوەی هەلێکی  باشتری ژیان. ئەم دیاردە ئاڵۆز و پڕ سەرکێشییە چ بە تاک بێت یان بە کۆمەڵ هۆگەلی فراوانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی پاڵنەریەتی و لەگەڵ خۆیدا زۆر پرسیار دەربارەی شوناسی تاک، وڵات، مافەکانی مرۆڤ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات.

لە ڕووی زمانەوانییەوە

لە هەنبانە بۆرینەی هەژاری موکریانی-دا واتایەکی کۆچ ئاوا هاتووە: بارکردن لە ئاوایی، هەروەها کۆچاو -کۆچاوکۆچ-یش هەر نزیک لە هەمان واتای کۆچیان بۆ دانراوە. بە پرۆسەی ڕەوەندەکانیش وتراوە کە چەندجار جێ زۆزانی خۆیان دەگۆڕن، بۆ کۆچا-ش بە کەسێک وتراوە کە لە ئاوایی باری کردبێت.

کۆچ (الهجرة) لە عەرەبیدا ڕیشەکەی لە فرمانی “هجر”ەوە هاتووە، بە مانای دووربوون و دوورکەوتنەوە یان جێهێشتن و دەرچوون (الترك والمغادرة) دێت. وشەی “هاجر”  بە مانای جێهێشتن و گواستنەوە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی ترە. لە “لسان العرب” دا هاتووە کە “هجر” پێچەوانەی پابەندبوون و پەیوەستبوونە.  کۆچ واتە چوونە دەرەوە لە خاکێک بۆ خاکێکی تر. کۆچ لای عەرەبان بە کەسێکی دەشت‌نشین دەوترا کە لە بادیەی خۆیەوە دەچووە شارێک یان جێیەکی دیکە و بە هەمیشەیی دەگوازرایەوە.

کۆچ بە هاوواتای ئەم وشانەی زمانی ئینگلیزی دانراوە: Migration  بە واتای پڕۆسەی گواستنەوەیە، یان جوڵەی مەبەستدارە، بەمەبەستی کۆچ. لە کاتێکدا وشەی Emigration  بەو جوڵەیە دەوترێت کە نێوان دوو وڵاتدا ڕوودەدات، واتە: لە وڵاتی بنەڕەتی و سەرەتاییەوە دەردەچێت بۆ وڵاتی دووەم و خانەخوێ و پەنابۆبراو، بە مانایەکی دیکە دەرچوون و گواستنەوەیە بۆ دەرەوەی وڵاتی خۆت.

لە فەرھەنگی ويبتسر ی نوێدا (Webster New)  سێ مانای سەرەکی بۆ وشەی  “هاجر” (Migrate): داناوە:

– گواستنەوە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر، بە تایبەتی لە وڵات یان هەرێم یان شوێنی نیشتەجێبوون بۆ شوێنێکی تر بە مەبەستی جێگیر بوون.

– گواستنەوەیەکی بەردەوام و خولییە لە هەرێمێکەوە بۆ یەکێکی دی یان لە ژینگەیەکەوە بۆ ئەوی دی.

– گواستنەوە یان گەشتکردن (To Transfer)

چەمکی کۆچ لە زۆر فەرھەنگدا دەبینرێت، لە معجم المصطلحات الجغرافية دا، بە مانای گواستنەوەی تاکەکانە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بە مەبەستی جێگیربوونی هەمیشەیی یان کاتی. هەروەها لە المعجم الديمغرافي کە لەلایەن بەشی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە وەشێنراوە وەک پڕۆسەی گواستنەوە لە شوێنی سەرەتایی بۆ شوێنی نوێ پێناسەکراوە.

لە ڕووی چەمکناسییەوە

دیاریکردنی واتای چەمکی کۆچ جیاواز و فراوانە، بە هۆی ئەوەی لە چەند گۆشەی جیاوازەوە وشەکە کاری خۆی دەکات و لێکەوتەی جیاوازی مێژوو، ئابووری، جوگرافی و کۆمەڵایەتی هەیە، بۆیە پێناسەکانیشی جیاوازن. جیا لەوەش بە پیی کێڵگەی لێکۆڵینەوەکەش دیدی پسپۆڕان و توێژەران دەگۆڕێت.

لە ڕووی زاراوەوە کۆچ پێناسە کراوە بەوەی: “گواستنەوەی خەڵک لە یەکەیەکی کارگێڕییەوە بۆ یەکەیەکی کارگێڕیی دیکە”، یاخود کەسێک یان کۆمەڵەیەک، شوێنی نیشتەجێبوونیان جێ بهێلن و بچنە شوێنێکی تر بە مەبەستی ژیانکردن لە شوێنی دووەم. هەروەها بە واتای پڕۆسەی گواستنەوەی تاک لە نێوچەیەک کە ناوی “شوێنی سەرەتایی”ی پێ دەوترێت بۆ ناوچەیەکی تر کە ناوی “شوێنی گەیشتن”ی پێ دەوترێت، بە مەرجی ئەوەی پڕۆسەی گواستنەوەکە خۆی بە تەواوی تێپەڕبوونی سنوورە کارگێڕییەکان دوو نێوچە بگرێتەوە و جێگیربوون لە شوێنی نوێ لەخۆ بگرێت و ماوەیەکی دیاریکراو بخایەنێت.

هەندێک لە پسپۆڕان کۆچیان پێناسە کردووە بەوەی: “کردارێكی پەیوەندیدارە بە گۆڕانی شوێنی مرۆڤ لە نیشتمان و زێدییەوە بۆ شوێنێکی تر کە دەتوانێت کاری لێ بدۆزێتەوە و ئەرک و پیشەیەک بزانێت کە لە شوێنی سەرەتایی نەیدەتوانی ئەو پیشەیەی وەک کار جێبەجێ بکات و داهاتی خۆی پێ پەیدا بکات، هۆیەکانی وەک کەمدەرامەتی و کەمیی داهات و تەنگوچەڵەمەی ئابووری یان کۆمەڵایەتی و سیاسی وا دەکەن ئەو مرۆڤە هەوڵ بدات بۆ باشترکردنی ژیان و کەمکردنەوەی فشاری ژیان کۆچ بکات”.

کۆچ بە مانا گشتییەکەی، گۆڕانی شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەییە بۆ شوێنێکی نوێ، واتە گۆڕان لە ژینگە و یەکەی نیشتەجێبووندا. کۆچ هەمیشە نەرێنی نییە؛ زۆر کات پرۆسەیەكی ناچارییە، هەندێجاریش پرۆسەی بیرکردنەوەی لە گۆڕینی شێوەی ژیان بۆ باش یان لە باشەوە بۆ باشتر و باشترین، واتە پەیوەستە بە خەون و دنیابینی مرۆڤ خۆیەوە. بەڵام بە زیادبوونی ئەم دیاردەیە و ئەو کاریگەرییە خراپانەی کۆچ کە لەسەر هەردوو نێوچەی سەرەتایی و گەیشتن جێی دەهێڵێت، زۆرجار دەبێتە قەیران و کێشەیەک کە کۆمەڵگە و حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و کێشە دەکاتەوە، بەهۆی کاریگەرییە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافییەکانی.

بە پێی ئاماری هۆبەی دانیشتووانی سەر بە کارووباری ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی کۆچبەری نێودەوڵەتی لە جیهاندا بۆ ساڵی 2024 بووە بە ٣٠٤ ملیۆن کەس، ئەو ژمارەیە نزیکەی دوو هێندەی ژمارەیە بە بەراورد بە ئاماری کۆچ لە ساڵی 1990دا، کاتێک ژمارەیان نزیکەی ١٥٤ ملیۆن کەسی کۆچبەری نێودەوڵەتی بوو. کۆچبەرە نێودەوڵەتییەکان بە نزیکەیی  3.7% خەڵکی جیهان پێک دەهێنن، لە نێو ئەمانەشدا ژنان ڕێژەی 48٪  ی کۆی کۆچبەرە نێودەوڵەتییەکان پێک دەهێنن.

سەرچاوەكان

–  مامۆستا هەژار (٢٠٢٤)، هەنبانە بۆرینە، بەرگی دووەم،  ڕێکخراوی خاڵ و دەزگای ڕوانگە، سنە.

– أشجان الفضلي ( ٢٨/٨/٢٠٢٤)، ” الهجرة الدولية: مفهومها مشروعيتها والنظريات المفسرة لها”، https://perimjournal.com/?p=1573 .

الأمم المتحدة (٢٠٢٥)، “الهجرة”، https://www.un.org/ar/global-issues/migration.

Send this to a friend