• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 18, 2025

شێوه‌ی داڕشتنەوەی پەیوەندییە نەوتییەکانی نێوان عێراق‌و تورکیا

نوسینی: ئامینە فايد | سەنتەرى ئەهرام بۆ لێکۆڵینەوە سیاسی‌و ستراتیژییەکان (مرکز اهرام للدراسات السیاسیة والاستراتیجیة)

وەرگێڕان: توركياناسى

ڕۆژی (6)ی ئابی (2025)، حەیان عەبدولغەنی؛ وەزیری نەوتی عێراق، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقی لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی کەرکووک-جەیهانەوە ڕاگەیاند، کە نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لە سەر دەریای ناوەڕاست. ئەم هەنگاوە دوای دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتیی تورکیا لە (٢١)ی تەمموزی (٢٠٢٥) هات، کە تێیدا کۆتاییهێنا بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت‌و سەرجەم پڕۆتۆکۆڵ‌و هاوپێچەکان. ئەمەش بەو واتایەیە، کە تورکیا لە مانگی تەمموزی (٢٠٢٦)ەوە، کە وادەی بەسەرچوونی ڕێککەوتنەکەیە، چیتر لە ڕووی یاساییەوە پابەندنابێت بە گواستنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی خاکەکەیەوە. تورکیا بۆ ئەم بڕیارە پشتی بە ماددەی (١١)ی ڕێککەوتننامەی هەموارکراوی ساڵی (٢٠١٠) بەستووە، کە ڕێگە بە هەر لایەنێک دەدات ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر دوو ساڵ پێش چوونە بواری جێبەجێکردنەوە هه‌موار یان درێژنەکرێتەوە.

شایانی باسە، کە ئەم ڕێککەوتنە زیاتر لە پێنج دەیە تەمەنی هەبوو، بەو پێیەی بە فەرمی لە (٢٢)ی نیسانی (١٩٧٥) کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیاوە لە ساڵی (١٩٧٣). ئامانجی سەرەکیی ئەو بۆڕییە کە درێژییەکەی نزیکەی هەزار کیلۆمەترە، ڕێکخستن‌و دەستەبەرکردنی ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بوو بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە، ئامانجی ئەم هەنگاوە بەهێزکردن‌و گەشەپێدانی داهات‌و دەستکەوتە ئابوورییەکانی هەردوو وڵات بوو، بە تایبەتییش بەهێزکردنی پێگەی جیۆپۆلەتیکیی ناوچەیی‌و جیهانیی تورکیا وەک ڕێڕەوێکی ستراتیژیی وزە.

بە گوێرەی بەیاننامەکەی حکومەتی تورکیا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە، ئەم بڕیارە وەك هەنگاوێك هات بۆ دووبارە داڕشتنەوەو دەستکاریکردنی مەرجەکانی هاریکاریی هاوبەش لە دۆسیەی وزەی نێوان هەردوو وڵاتدا. بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە هاوکات بوو لەگەڵ ناردنی ڕەشنووسی پێشنیاری ڕێککەوتنێکی نوێ لەلایەن وەزارەتی وزەی تورکیاوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق، تورکیا ئامادەبوو بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆو دانوستان سەبارەت بە گەشەپێدانی ڕێڕەوو توانای نەوتی تەرخانکراوی عێراق بۆ هەناردەکردنی لە ڕێگەی بۆڕیی کەرکووک-جەیهانەوە لە ڕێگەی دامەزراندنی‌و پەرەپێدانی هێڵێکی نوێوە، هەروەها پەرەپێدانی هاوکاری‌و پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لە بواری پڕۆژە ستراتیژییە درێژخایەنەکاندا، لەوانە هاوکاری لە بەرهەمهێنان‌و هەناردەکردنی نەوت‌و غازی سروشتی، پەرەپێدانی کێڵگە هایدرۆکاربۆنییەکان، هاوبەشی لە پاڵاوتن‌و وەبەرهێنانی پترۆکیمیایی، جگە لە پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی کارەبا.

گرنگیی کاتی بڕیارەکەی تورکیا

لە ڕاستیدا لە (25)ی ئاداری (2023)وە کارکردنی ئەو بۆڕییە ڕاگیراوە، ئەمەش دوای پەنابردنی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی‌و تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای ناوبژیوانی لە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی پاریس لە دژی وەزارەتی وزەی تورکیاو کۆمپانیای وزەی نیشتیمانیی تورکیا (بۆتاش)، کە بەڕێوەبەری سەرەکیی ئیشپێکردنی بۆڕییەکەیە. سکاڵاکە بە هۆی هەناردەکردنی نەوتی ڕێگەپێنەدراوی هەرێمی کوردستانەوە بووه‌ لە نێوان ساڵانی (2014) بۆ (2018)، بە تایبەتی لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی بەشێك لە پارێزگای نەینەوا، بۆڕییەکە زیانی پێگەیشتبوو، هەروەها هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەو کەناڵانە گۆڕدراوە، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کۆنترۆڵکراون. ئەمەش لەلایەن لایەنی عێراقییەوە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە لەقەڵەمدرا.

دادگاکە لە ساڵی (٢٠٢٣)دا لە بەرژەوەندیی عێراق بڕیاریداو داوای قەرەبووکردنەوەی ملیارو نیوێك دۆلاری لە تورکیا کردبوو. تورکیا تانەى لە بڕیارەکە داو بە بیانووی پێداچوونەوەی تەکنیکی، بۆڕییەکە لەو کاتەدا داخرا، بەڵام پێدەچێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەو هەوڵەکانی تورکیا بۆ دانوستان لە سەر ڕێککەوتنێکی نوێ، بەشێک بێت لە فشارەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی داواکارییەکانی قەرەبووکردنەوە، کە پەیوەست بوو بە نوێکردنەوەی ئۆتۆماتیکیی ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، دوای وادەی بەسەرچوونی لە ساڵی (٢٠٢٦). بە تایبەتی کە بڕیاری داخستنی بۆڕییەکە بۆ زیاتر لە (٢٨) مانگ، ئاستەنگی ئابووری‌و جیۆپۆلەتیکیی زیاتری بۆ تورکیا دروستکردبوو.

بە پێی لیژنەی دامەزراوە ئابوورییەکانی پەرلەمانی تورکیا، ڕاگرتنی بەردەوامی بۆڕییەکە بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی بارگرانیی دارایی بۆ کۆمپانیای بۆتاشی تورکی، کە تا ئێستاش تێچووی مانگانە بە (٢٥) ملیۆن دۆلار مەزەندەدەکرێت بۆ ڕێکارەکانی چاککردنەوەو بیمەی بۆڕییەکە، کە لە ساڵی (٢٠٢٣)وە لەکارکەوتووە. جگە لەوەش، پێش داخستنی بۆڕییەکە تەنها نزیکەی (500) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا نەوتی دەگواستەوە، لە کاتێکدا توانای بۆڕییەكه‌ (1.5) ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بووە بە هۆی دابەزینی بەرچاوی داهاتی تورکیا لە کرێی گواستنەوەو ترانزێت.

بڕیارەکەی تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەکەوە، کە لە ڕێگەی هەوڵە دیبلۆماسییەکان‌و گفتوگۆی دوو قۆڵی لەگەڵ تورکیا بۆ چەندین مانگ بەردەوامبوو بەبێ هیچ پێشکەوتنێك، هۆکارەی ئەمەش پەیوەندیی بە چەند خاڵێکی ناکۆکەوە هەبوو، لەوانە پرسە مشتومڕاوییەکانی تایبەت بە پارەدان‌و ئەو مەرجانەی کە لە ڕێککەوتنە هەڵوەشێنراوەکەدا هاتبوون، یان لە ڕێگەی گەیشتن بە چارەسەرێك لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە وەک تاکە لایەنی ڕێگه‌پێدراو، کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەناردەکردنی نەوتی هەیە بۆ بەندەرەکانی تورکیا.

دەکرێت بڵێین: ئەم پێشهات‌و هەنگاوانەی لایەنی عێراقی، پاڵینا بە تورکیاوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە وەک ئامرازێک بۆ فشارکردن‌و بەهێزکردنی پێگە دانوستانکارییەکانی لەگەڵ عێراق‌و لە هەمان کاتدا دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییە نەوتییەکانی لەگەڵ لایەنی عێراقیدا. ئەمەش چانسی قبوڵکردنی مەرجەکانی تورکیاو گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ بەهێزتردەکات، کە میکانیزم‌و بڕگەگەلێك لەخۆبگرێت، زۆرترین دەستکەوتە ئابوورییەکانی مسۆگه‌ربكات‌و نەرمییەکی زیاتریشی له‌ بەڕێوەبردنیدا پێببەخشێت. ئەمە دڵنیایی بە تورکیا دەدات بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کێشەیەکی یاسایی لە داهاتووداو دەتوانێت قەرەبووی ئەو زیانە داراییانەشی بکاتەوە، کە لە کاتی ڕاگرتنی بۆڕییەکەدا توشیبووە. تورکیاوە هۆشیارانە لەم پرسەدا مامەڵەدەکات‌و دەزانێت دەستپێکردنەوەی کارەکانی ئەو بۆڕییە بۆ عێراق چەندە گرنگە، بە تایبەتی کە زیانە داراییەکانی تا مانگی شوباتی (2025) لە دوای داخستنی بۆڕییەکە بە (19) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.

بۆڕییە نوێیەکە کە بڕیارە لە بەسرە بۆ حەدیسە لە باکوور درێژببێتەوەو لەوێشەوە بۆ سلۆپی‌و بەندەری جەیهان لە باشووری تورکیاو بە بایجی‌و فیشخابوردا تێدەپەڕێت لە نزیک سنووری عێراق‌و تورکیا، پێشبینیدەکرێت توانای هەناردەکردنی بۆڕیی نه‌وتی کەرکووک-جیهان بۆ (2.2) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادبکات. ئەمەش بەو واتایەیە، کە تورکیا دەتوانێت زۆرترین دەستکەوتەکانی بەدەستبهێنێت، بە تایبەتی داوای داواکاریی تورکیا بۆ زیادکردنی کۆی تێچووی گشتی لە سەر عێراق، دیارترینیان کرێی ترانزێتی نەوتە.

هەروەها فشارەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر هێڵی بۆڕیی نوێ لەم کاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێشخەریی بازرگانی (ڕێگەی گەشەپێدان) لە نێوان تورکیاو عێراق، کە بڕیارە قۆناغی یەکەمی لە کۆتایی ئەمساڵ (2025) دەستپێبکات. پرۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی کۆمەڵێک بەندەرو ڕێگەوبان‌و هێڵی ئاسن لە بەندەری فاو لە بەسرە تا موسڵ، کە بە کەربەلاو بەغدادا تێدەپەڕێت، پاشان بۆ خاکی تورکیاو دەگاتە بەندەری مێرسین لە سەر دەریای ناوەڕاست. گرنگیی پرۆژەی بۆڕیی نەوت لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی ڕێگەی گەشەپێداندا بۆ تورکیا لەوەدایە، کە دەبێتە چەقی پردی پەیوەندی بۆ گواستنەوەی کاڵاو هەناردەکردنی نەوت‌و گازی سروشتی لە کەنداوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا. هەروەها تورکیا سوود لە پشکی خۆی لە داهاتە ئابوورییەکانی ئەم پڕۆژەیە وەردەگرێت، کە خۆیدەبینێتەوە لە کرێی گواستنەوەو ترانزێت‌و وەبەرهێنان بە ناو خاکەکەیدا.

دەرفەت‌و ئاڵنگارییەکان

سەرەڕای ڕاگەیاندنی دەستپێکردنەوەی کارەکانی بۆڕیی نه‌وتی کەرکووک-جەیهان لەلایەن عێراقەوە، بڕیاری تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەو هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی نوێ لە نێوان هەردوولادا، چەند پرسیارێک دەوروژێنێت سەبارەت بەو دەرفەت‌و ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی قۆناغی داهاتوو دەبنەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم: دەرفەتەکان: تورکیا ئێستا پشت بە کارتی فشار دەبەستێت بۆ هاندانی عێراق بۆ دانوستان لە سەر ڕێککەوتنی نوێ. سەرەڕای وەستانی ڕاستەقینەی بۆڕیی نه‌وتی کەرکووک-جەیهان لە ساڵی (2023)وە، هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە لەلایەن تورکیاوەو ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دیکە، ڕەنگە ببێت بە هۆی شکستهێنانی هەوڵەکان بۆ بوژاندنەوەو پەرەپێدانی ئەو بۆڕییە، هه‌روه‌ها عێراق لە دەرچەی سه‌ره‌كیی هەناردەکردنی نەوتی باکور بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بێبەشدەبێت. ئەمەش نەك تەنها کاریگەریی لە سەر سەقامگیری بازاڕی نەوتی عێراق دەبێت، بەڵکو لە سەر تەواوی بارودۆخی ئابووری‌و ژیانی ئەو وڵاتەش دەبێت، بە تایبەتی کە داهاتی نەوت زیاتر لە (90%)ی بودجەی گشتیی دەوڵەت دەگرێتەوە.

لەگەڵ زیادبوونی پشتبەستنی عێراق بە بەندەرەکانی هەناردەکردنی باشوور لە ساڵی (2023)وە، ڕێژەی قازانج بۆ هەناردەکردنی نەوت کەمیکردووە، بە هۆی مەودای دووری‌و زیادبوونی تێچووی گواستنەوەو ڕێڕەوی کەشتیوانییەوە. ئەمە جگە لەوەی بۆ عێراق قورسە بە بەردەوامی پشتببەستێت بە گەرووی هورمز، بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە سیاسی‌و ئەمنییەکان لە ناوچەکەو هەڕەشەی دووبارەی ئێران سەبارەت بە ئەگەری داخستنی گەرووەکە لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل‌و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی. لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕی نێوان هەردوولا، کە هێشتا تارماییەکەی کۆتایینەهاتووە، ڕەنگە ئابووریی عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی فراوانی ئابووری‌و جیۆپۆلەتیکی بکاتەوە.

هەروەها ئەستەمە ئێستا بتوانرێت جێگرەوەی ستراتیژی بۆ عێراق بدۆزرێتەوە، بە تایبەتی زیندووکردنەوەی هێڵی عێراق – سوریا (بانیاس) وەک جێگرەوەیەک بۆ هێڵی جەیهان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێچووی پاراستن‌و نۆژەنکردنەوە، کە پێشبینیدەکرێت ساڵانێکی زۆر بخایەنێت‌و به‌هاكه‌ی بە ملیاران دۆلار مەزەندەدەکرێت، یان بە هۆی گرژیی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنی عێراقی‌و سوریا لە سەردەمی ئیدارەی نوێی سوریاو ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنیی ئەو وڵاتەوە.

دەکرێت بڵێین: ئەو پێشهاتە سیاسی‌و ئەمنییانەی لە ناوچەکەدا ڕودەدەن، دواجار وادەکەن عێراق زەرەرمەند بێت بۆ چوونەناو دانوستانەوە لەگەڵ تورکیادا، سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی نوێی بازرگانی‌و وەبەرهێنان لە سەر بیرۆکە (قازانج-قازانج)، کە گەرەنتیی بەردەوامی ڕۆیشتنی کاڵاو هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەکات. ئەمە سەرەڕای ئەو بارودۆخە پشێوو ناسەقامگیرەی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا هەیە. هەروەکو محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانەکانیدا لە (٧)ی ئابدا جەختیکردەوە لە سەر پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، بە سەرۆکایەتیی عێراق‌و تورکیا، کە بە یەکێك لە گرنگترین پڕۆژەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. وتیشی، کە وڵاتەکەی دەیەوێت پەیوەندییەکانی تورکیاو عێراق بەشێک بن لە هاوکێشەی سەقامگیریی ناوچەکە، بە تایبەتی لەبەر ڕۆشنایی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پەلکێشکردنی تەواوی ناوچەکە بۆ شەڕو ململانێ.

دووەم: ئاڵنگارییەکان؛ لە سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به ‌ڕاده‌ی پابەندبوونی تورکیاوە بە بڕگه‌و مەرجە دارایی‌و ئیدارییەکانەوە، کە گەرەنتیی زۆرترین دەستکەوتی ئابووری‌و جیۆپۆلەتیکی دەکات لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە نوێیەکەدا، هەروەها مەرجی کاراکردنی توانای تەواوی بۆڕییەکە (1.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا)، ئەمەش بە واتای هەناردەکردنی به‌شێك له ‌نەوتی عێراق لە بەسرەو باشووری وڵاتەوە بە بۆڕییەکی نوێ بۆ بەندەرەی جەیهان، لە سەر بنەمای ئەوەی کە هەناردەکردنی نەوتی باکوور بەس نییە بۆ گەیشتن بە توانای پێویست. بە گوێرەی هەڵوێستی عێراق، بڕیارە ئەو بۆڕییە دەست بە کارەکانی بکاتەوەو ڕۆژانە (90) هەزار بەرمیل لە وێستگەی نەوتی ڕوتبه‌ لە باکوری کەرکووکەوە هەناردەبكرێت، له‌گه‌ڵ (80) هەزار بەرمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ش لە هەرێمەوە وەک قۆناغی یەکەم، ئەمەش بە واتای نەگەیشتنە توانای تەواوی بۆڕییەکە، وەك ئەوەی تورکیا پێویستی پێیەتی.

ئالنگارییه‌كی تر ئەو دۆخە ناجێگیره‌یه،‌ کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەته‌وه‌. هەرچەندە عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا گەیشتە ڕێککەوتنێك، کە بە پێی ئەو ڕێککەوتنە هەرێم نزیکەی (230) هەزار بەرمیل نه‌وت لە ڕۆژێکدا بۆ کۆمپانیای سۆمۆ دابیندەکات، لە بەرانبەردا وەزارەتی دارایی عێراق پابەنددەبێت بە پێدانی (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، كه‌ لە کوردستان وەریدەگرێت، بەڵام هێرشی فڕۆکەبێفڕۆکەوانه‌كان، کە دامەزراوەو ژێرخانی نەوتی هه‌رێمیان کردە ئامانج لە (١٤)ی تەمموزی (٢٠٢٥)و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوامبوون، توانای بەرهەمهێنانی چەند کێڵگەیەکی گەورەی نەوتی بۆ زیاتر لە نیوە کەمکردەوەو بەرهەمهێنانی نزیکەی (١٥٠) هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا په‌كخست، سه‌رباری مه‌زه‌نده‌كردنی زیانی نزیكه‌ی (١٠) ملیۆن دۆلار له‌ ڕۆژێكدا.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدا بوو، كه‌ کەرتی نەوتی هەرێم له‌ دۆخێكی خراپدایه‌، به ‌تایبه‌تی کەمبوونەوەی توانای دەرهێنانی نه‌وت لە دوای داخستنی بۆڕیی نه‌وتی جیهانەوە، کە تاکە دەرچەی هەرێم بوو بۆ هەناردەکردنی نەوت. هه‌روه‌ها هەرێم پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی نزیکەی (80%)ی بودجەی ساڵانه‌ی. ئه‌مه‌ش واده‌كات، كه‌ هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ عێراقدا ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ ببێته‌وه‌، بە تایبەتی بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی ڕێكه‌وتنی له‌ سه‌ر كراوه‌و ده‌بێت ڕۆژانه‌ ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆی بكات.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین: ئایندەی پەیوەندییە نەوتییەکانی نێوان تورکیاو عێراق تا ڕادەیەکی زۆر بەندە بەو نەرمییەی هەردوولا نیشانیدەدەن، هەم سەبارەت بە مەلەفی دانوستان لە سەر پرسە دارایی‌و ئیداری‌و یاساییەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنەکانی داهاتوو و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە، هه‌م هەڵوێستیان لە سەر ئەو ئاڵنگارییانه‌ی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە وەك لایەنێکی سەرەکی لە دانوستانەکاندا. ئەمەش دەبێت بە هۆی دڵنیابوون لەوەی کە هەموو لایەنەکان ده‌توانن بەرژەوەندییەکانی خۆیان زامنبكه‌ن‌و دەستکەوتەکانیان زیاتربكه‌ن له ‌دوورمه‌ودادا، بە تایبەت لە ناو شانۆی ناجێگیری ناوچەیی‌و جیهانی پڕ لە ئا‌ڵنگاری‌و قەیرانی سیاسی‌و ئەمنی‌و ئابووریدا، كە جێگرەوە‌ ستراتیژییه‌كان سنووردارن.

ئامینە فاید

مركز الأهرام للدراسات السیاسیة والاستراتیجیة‌

https://acpss.ahram.org.eg/News/21485.aspx#

Send this to a friend