• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 14, 2025

سەد ساڵ عەلمانیەت لە تورکیادا چۆن گۆڕاوە؟

نوسینی: دەیەر ئاکاڵ (DW Türkçe)

وەرگێڕانی: حەمزە محەمەد ساڵح

لە یادی سەد ساڵەی کۆماری تورکیادا مارکۆس درێسلەر، کە پسپۆڕێکی ئەڵمانییە، لە هەڵسەنگاندنی پەیوەندیی نێوان ئایین‌و سیاسەتدا بڕوای وایە، کە شێوەی عەلمانیەت گۆڕاوەو بەرخۆدان لە بەرانبەر ئەو ئاییندارییە سیاسییەی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)دا سەپێنراوە. یەکێک لەو پرسە مشتومڕاوییانەی لە یادی سەد ساڵەی کۆماری تورکیادا دروستبووە، بریتییە لە پرسی گۆڕانی پەیوەندییەکانی ئایین‌و دەوڵەت، ئەمەیش بە هۆی ئەو سیاسەتانەی ئاکپارتی، کە لە ماوەی بیست ساڵی دەسەڵاتیدا پەیڕەویکردووە.
هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە، کە ئەو کۆمارە عەلمانییەی تورکیا کە ئەتاتورک دایمەزراند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ “ڕژێمێکی پاوانخوازیی ئیسلامیی پۆپۆلیستی”ی گۆڕیوە، بەڵام بەشێک لە شارەزایان دەڵێن سەرەڕای ئەو زیانانەی ئیسلامییە سیاسییەکان بە سیستەمی عەلمانیی دیموکراسی دەیگەیەنن، بەڵام ناتوانرێت عەلمانیەت لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بە تەواوی لەناوببرێت.
لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی (DW) دی دەبڵیوی تورکیدا، مارکۆس درێسلەر پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی لایپزیگ بڕوای وایە کە ئەو گۆڕانکارییەی ئەمڕۆ لە تورکیادا ڕودەدات، ناتوانرێت تەنها بە سیاسەتەکانی ئاکپارتی لە بیست ساڵی ڕابردوودا، کە نوێنەرایەتیی ئیسلامی سیاسی دەکات، ڕونبکرێتەوەو هەڵسەنگاندنی قۆناغی ئێستایش بە پشتگوێخستنی “خاڵە وەچەرخانەکان”ی پێش سەردەمی ئاکپارتی، ناتوانرێت هەڵسەنگاندنی دروستی بۆ بکرێت.
هەتا ڕادەیەکی زۆر چاکسازییەکانی کەمالیستەکان پشتگوێخراون
درێسلەر، کە بە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئایین‌و دەوڵەت لە تورکیا ناسراوە، ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیادا، لە نێوان دەوڵەت‌و ئاییندا جیاوازییەکی زۆر گەورە بەدینەکراوە. لە هەمان کاتیشدا لە سەرەتای کۆمارەوە هەتا ئێستا خاڵی وەرچەرخانی گرنگ‌و گۆڕانکاری لە عەلمانیەتدا ڕویداوە. لەگەڵ ئەوەیشدا درێسلێر ئاماژە بەوە دەکات، کە چاکسازییەکانی کەمالیستەکان لە ئەمڕۆی تورکیادا هەتا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێخراون‌و ئەو قۆناغەی کە ئێستا ئێمە تێیداین، بە “قۆناغی پۆست (دوای) کەمالیستی” ناویدەبات.
مارکۆس درێسلەر بەم شێوەیە وێنای “پۆست-کەمالیزم” دەکات: “ئەمە بەو واتایە نییە، کە ئاکپارتی بە تەواوی بنەماکانی کەمالیستی خستووەتەکەنارەوە. لە ڕاستیدا من پێموایە، کە ئاکپارتی بە تایبەت لە بابەتی ناسیۆنالیزمدا لە سەر هێڵێکی زۆر کەمالیستییانەیە، بەڵام دەتوانین بڵێین ئاکپارتی‌و بزوتنەوەی ئیسلامی‌و ئەو جەماوەرەی کە هەست بە نزیکی لە ئاکپارتی دەکەن، خۆیان لە ناسنامەی کەمالیستی بەدوورگرتووە، کە دەتوانین پێناسەی پۆست_سێکولاریستی بۆ بەکاربهێنین. لەگەڵ خۆبەدوورگرتن لە عەلمانیەت، لە یەک کاتدا دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی پیاوسالاری‌و سەپاندنی عەلمانیەت‌. بە شێوەیەکیش بەکاردەهێنرێت، کە سوودی بۆ خۆی هەبێت‌و لە بەرژەوەندیی خۆی وەک ئامرازێک بەکاریدەهێنێت.

ئەو گۆڕانکارییەی کە گواستنەوە بۆ سەردەمی فرەحیزبی لەگەڵ خۆیدا هێنای
لە یەکەم دەستووری ساڵی (١٩٢٤)دا ماددەی “ئایینی دەوڵەتی تورکیا ئیسلامە” جێگیرکرا، بەڵام ئەم ڕستەیە دواتر لادرا، ئەمەیش دوای خێرابوونی هەنگاوەکانی بەعەلمانیبوون‌و هەموارکردنەوەی دەستوور لە ساڵی (١٩٢٨)دا.
لە کاتێکدا مارکۆس درێسلەر ئاماژەی بەوە دا، کە ئامانجی شکاندنی بەرەنگاریی توند لە دژی ئەنقەرە، وەک “یاخیبوونی شێخ سەعید”، لە هەنگاوەکانی بەعەلمانیبووندا کاریگەریی هەبووە، هەر بۆیە لەم بارەیەوە دەڵێت: “ئێمە بە تەواوی نازانین ئەگەر ئەم بەرەنگارییانە نەبوونایە، هەنگاوی بەعەلمانیبوون دەنرا یان نا”. مارکۆس درێسلەر ئاماژە بە لایەنی ئاڵۆزی ئەم بابەتە دەکات‌و باس لەوە دەکات، کە لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ گواستنەوە بۆ سەردەمی فرەحیزبی، لەوە تێگەیشتین بە هۆی ئەو بەرەنگارییە بەهێزەی کە ئەم جارە کرا، “عەلمانیزمێکی زۆر ڕادیکاڵ” ناتوانێت بەردەوامببێت، هەر بۆیە دۆخێک بۆ ئیسلامییەکان لە سیاسەت‌و کایەی گشتیدا هاتەئاراوە. ئەو پڕۆفیسۆرەی زانکۆ ئەوەی خستەڕوو، کە “هەروەک چۆن ڕاست نییە بڵێین کۆماری تورکیا لە سەرەتای دامەزراندنیەوە وەک دەوڵەتێکی تەواو عەلمانی دامەزراوە، ئەوەیش ڕاست نییە بڵێین ئەمڕۆ عەلمانیەت بە تەواوی نەماوە”.

سروشتی عەلمانیەت گۆڕاوە
مارکۆس درێسلەر باس لەوە دەکات لە ڕابردوودا لە تورکیا قۆناغێک هەبووە تێیدا جیاکاریی “ئایین-سیاسەت”ی تێدا جێبەجێدەکرا، بەڵام هەرگیز جیاکاریی “ئایین-دەوڵەت” بە تەواوی بەدینەکراوەو لە ئەمڕۆیشدا سروشتی عەلمانیەت گۆڕانی بە سەردا هاتووە. درێسلەر وەزارەتى کاروباری ئایینی وەک نموونە لە ڕونکردنەوەی ئەم بۆچوونەیدا هێنایەوەو ئاماژەی بەوەدا لە ڕاستیدا خۆی وەزارەتی کاروباری ئایینی بۆ ڕێگرتن لە جوڵانەوەی سیاسیی بزوتنەوە ئایینییەکان‌و کۆنترۆڵکردن‌و ڕێکخستنی ئایین دامەزراوە، کەچی ئەمڕۆ ئەرکێکی تەواو جیاوازی هەیە. “ئەمڕۆ وەزارەتی کاروباری ئایینی بووە بە ئامرازێک، کە حکومەتی ئاکپارتی لە ڕێگەیەوە سیاسەتی بەئیسلامیکردنی خۆی بەڕێوەدەبات‌و شەرعیەتیپێدەدات”، بەڵام ئەو ڕاستییەی گۆڕانی بە سەردا نەهاتووە، بریتییە لەوەی دەوڵەت هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی ئایین لە ژێر کۆنترۆڵدا بمێنێتەوەو بەو شێوەیەی کە خۆی دەیهەوێت، ئاڕاستەیبکات. ئەمەیش لە سەر بنەمای ئایدیالی ئایینیی پارێزگارانە، کە دڵسۆزە بۆ پێکهاتە پیاوسالارییەکانی دەوڵەت، بە تایبەت ئامانجی پەروەردەکردنی “نەوەی ئاییندار”ە. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا هەتا ئێستایش لە تورکیادا ئایین لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵکراوەو ئامرازێکی گرنگی دەوڵەتە بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات.

ئایا دەوڵەت بە یەکسانی لە هەموو ئایین‌و بیروباوەڕەکانەوە دوورە؟
هەرچەندە ناوبەناو لەلایەن لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی تورکیاوە ئەم بابەتە کراوە بە ڕۆژەڤ، بەڵام هەتا ئێستا ئاکپارتی هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پرەنسیپی عەلمانیەتى لە دەستووردا نەداوە. بە شێوەیەکی گشتی، سیاسەتمەدارانی ئاکپارتی باس لە ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە “تێگەیشتنی شەڕانگێزانە لە عەلمانیەت” دەردەبڕن‌و دەڵێن لە ڕابردوودا وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنەسەر هاوڵاتیان بەکارهێنراوە، بۆیە لەگەڵ “عەلمانیەتێکی ئازادیخوازانە”دان.
ئەردۆغانیش لەو گوتارەی لە میسر لە ساڵی (٢٠١١) پێشکەشیکرد، گوتی: “من مسوڵمانم، بەڵام عەلمانی نیم، بەڵام سەرۆکوەزیرانی وڵاتێکی عەلمانیم”. لەگەڵ ئەوەیشدا بەم شێوەیە پێناسەی عەلمانیەتی کرد: “واتە دەوڵەت لەگەڵ هەموو ئایینەکاندا مەودای یەکسانی هەبێت”، بەڵام شارەزایان‌و زۆرێک لەو لێکۆڵینەوانەی لەم بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، جەخت لەوە دەکەنەوە، کە بە پێچەوانەی بانگەشەی ئاکپارتییەوە، لە تورکیادا دەوڵەت بەرانبەر هەموو ئایین‌و بیروباوەڕەکان یەکسان نییە، ئازادییە ئایینییەکانیش بە سوودی مسوڵمانانی سوننە_مەزهەب زیادیانکردووەو ئەمەیش بۆ عەلەوییەکان یان شوێنکەوتوانی ئایینەکانی تر جیاوازە، هەر بۆیە ناتوانرێت بانگەشەیەکی لەم شێوەیە بکرێت.

سیاسەتی بەئیسلامیکردنی چالاکانە
مارکۆس درێسلەر ئاماژەیشی بەوە کردووە، کە ڕەنگە ئەندامانی ئاکپارتی زۆر پێداگرییان لە سەر لابردنی پرەنسیپی عەلمانیەت لە دەستووردا نەبووبێت، ئەمەیش بە بوونی بیرۆکەی “گرنگ ئەوە نییە، کە چی لە دەستووردا نوسراوە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئێمە لە ڕاستیدا چی دەکەین”.
لە لایەکی ترەوە درێسلەر وەک شارەزایەکی ئەڵمانی ئاماژەی بەوە داوە، کە حکومەتی ئاکپارتی لە سێ بواردا لە تورکیا “سیاسەتی بەئیسلامیکردنی چالاکانە”ی پەیڕەوکردووە، ئەو سێ بوارەیش بریتیین لە بواری پەروەردەو دامەزراوەکانی دەوڵەت‌و میدیا. لەم بارەیەوە دەڵێت: “قوتابخانەکانی ئیمام خەتیب بە شێوەیەکی زۆر سیستەماتیکانە پاڵپشتیدەکرێن‌و ناوەڕۆکی ئایینی لە پڕۆگرامى هەموو قوتابخانەکاندا ڕوو لە زیادبوونە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئایدیای ئایینداری، کە لەلایەن دەوڵەتەوە دیاریدەکرێت، لە ڕێگەی وەزارەتی کاروباری ئایینییەوە دەسەپێنرێت. هەروەها حکومەتی ئاکپارتی لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت‌و میدیاکانەوە، هەوڵی دروستکردن‌و داڕشتنی تێڕوانینی گشتی دەدات، ئەمەیش هەندێک جار بە ئاشکراو هەندێک جاریش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ جێبەجێدەکرێت”.

ئامانجی ئەردۆغان گەنجانی ئاییندارە
لە کاتێکدا ئەردۆغان سەرنجی لە هەوڵى بڵاوکردنەوەی قوتابخانەکانی ئیمام خەتیبە، بەڵام زۆرینەی ئەو کادیرانەی ئاکپارتی پێکدەهێنن، منداڵەکانیان نانێرن بۆ قوتابخانەکانی ئیمام خەتیب، بەڵکو بۆ ئەو قوتابخانەو کۆلێژە ئەهلییانەیان دەنێرن، کە خوێندنیان بە زمانی بیانییە، هەروەها منداڵەکانیان بۆ خوێندنی باڵا دەنێرن بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەمەیش مشتومڕی گەرمی لە ناو خەڵکدا بە دوای خۆیدا هێناوە. دیسانەوە زۆرێک لە ڕاپرسییەکانی ڕایگشتی ئەوە ئاشکرادەکەن، کە کاریگەریی هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ “پەروەردەکردنی نەوەیەکی ئایندار” لە کۆمەڵگەو بە تایبەت لە ناو گەنجاندا نابینرێت.

درێسلەر خۆی لە پڕۆژەی توێژینەوەکانیدا، کە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ گەنجاندا کردوویەتی، دەڵێت: ئەم توێژینەوانە ئەنجامی سەرنجڕاکێشمان بۆ دەردەخەن. درێسلەر پێیوایە، کە “کەلێنێکی گەورە” لە نێوان گوتارو ئامانجە گشتییەکانی ئاکپارتی‌و بە تایبەت ئەردۆغان‌و تێڕوانینی گەنجان بۆ جیهان هەیە. ئەم بابەتەیش بەم شێوەیەی خوارەوە دەخاتەڕوو: لە بنەڕەتدا بەشی بەرچاوی گەنجانی پارێزگار، ڕەخنەگرانە لە بەسیاسیکردنی ئایین دەڕوانن. ئەوەی بە ڕاستی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە، کە گەنجانی خێزانە پارێزگارەکانی نزیک لە ئاکپارتی، بۆچوونی زۆر کراوەو لیبڕاڵیان لە سەر پرسەکانی جێندەرو هاوڕەگەزخوازەکان هەیە.
بەرەنگاربوونەوە بۆ ئایینداریی سیاسی هەیە، کە لە سەرەوە سەپێنراوە، ئەمەیش بە هیچ شێوەیەک جێگەی سەرسوڕمان نییە‌و شتێکی هاوشێوەى ئەمە لە ئێراندا بەدیکراوە، کە تێیدا تێبینیی ئەوە کرا، کە ئەو گوشارە خزمەتی ئایینداریی نەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەی ئەوەوە، زیانیپێگەیاند، هەر بۆیە هیچ داتایەکی کۆمەڵناسی نییە سەبارەت بەوەی کە ئەردۆغان سەرکەوتوو بووە لە ئامانجی پێگەیاندنی نەوەیەکی ئاییندار.

ڕۆڵی ئیسلام لە سیاسەتی دەرەوەدا بۆ ئاکپارتی
پەرەسەندنی ململانێی ئیسرائیل‌و حەماس بوو بە هۆی ئەوەی جارێکی تر “هەستیارییە ئیسلامییەکان”ی ئەردۆغان بکاتەوە بە ڕۆژەڤ. هەروەها پێناسەی ئەردۆغان بۆ حەماس بریتییە لەوەی کە گرووپێکی ڕزگاریخوازی‌و موجاهیدین، هەوڵی پاراستنی خاک‌و هاوڵاتیان دەدەن. هەر ئەمەیش بوو بە هۆی ئەوەی کاردانەوەی نێودەوڵەتی بە دوای خۆیدا بهێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، مارکۆس درێسلەر لەو باوەڕەدایە، کە ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، گوتارەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بە پێی بەرژەوەندییە سیاسی‌و ئابوورییەکانی وڵاتەکەی دادەڕێژێت. درێسلەر هەڵسەنگاندنەکەی خۆی بۆ ئەم بابەتە بڵاوکردەوەو گوتی: “ئێستا ململانێی فەڵەستین بۆ حکومەتی ئاکپارتی پرسێکی قورسە، چونکە لە هەمان کاتدا هەوڵی نزیکبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردبووەئامانج، بەڵام بە پێچەوانەی تورکمانەکانی چینەوە، هاودەنگیی خۆی بۆ فەڵەستینییەکان زۆر بە ڕوونترو ئاشکراتر پیشاندەدات. ڕەنگە نەبوونی هاودەنگی بۆ تورکمانەکانی چین پەیوەست بێت بە پەیوەندییە سیاسییەکان‌و بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ چین‌و ڕەنگە تەنانەت ڕوسیایشەوە، ئەمەیش بە تایبەت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرەدا ڕەنگیداوەتەوە. بە کورتی، لە سیاسەتی دەرەوەدا بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لە پێشینەی کارەکانە، هەر بۆیە بەرژەوەندییە ئیسلامییە سیاسییەکان‌و هەستیاریی ئایینی تەنها ئەو کاتە بەکاردەهێنرێن، کە زۆر کاریگەرییان لە سەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان نەبێت.

“هاوپەیمانی”ی ئاکپارتی لەگەڵ گرووپ‌و تەریقەتە ئاینییەکان
هاوکات تەوەرێکی تری چەقی گفتوگۆکان لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئایین‌و دەوڵەت، زیادبوونی کاریگەرییە سیاسییەکانی گرووپ‌و تەریقەتە ئاینییەکانە. لەم ساڵانەی دواییدا لە تورکیا یەکێک لەو بابەتانەی بووە بە ڕۆژەڤ، بریتییە لە دامەزراندنی کارمەند لە دامەزراوەکانی دەوڵەت‌و دانانیان بۆ پۆستە گرنگەکان، کە لە سەر بنەمای شایستەیی نەبووە، بەڵکو لە سەر بنەمای ئەندامیەتیی یەکێک لە گرووپ‌و تەریقەتە ئایینییەکان بووە. لەم بارەیەوە باس لە زیادبوونی ئەندامانی گرووپە ئایینییەکانی وەک مەنزیل، سولەیمانییەکان، یازجییەکان‌و ئۆکوجوییەکان دەکرێت، ئەمەیش بە تایبەت لە دامەزراوە ئەمنییەکانی وەک پۆلیس‌و سوپا، تەنانەت دەسەڵاتی دادوەریشدا.

درێسلەر ئاماژەی بەوە کردووە، کە حکومەتی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)، پەیامێکی بۆ گرووپ‌و تەریقەتە ئایینییەکان نارد. درێسلەر دەڵێت: بەم گرووپانە گوتراوە ئێوە یان لایەنی حکومەت‌و ڕژێم دەبن، یان ڕووبەڕووی بایەکی زۆر بەهێز دەبنەوە”. درێسلەر دەڵێت: “لەو دەمە بە دواوە ئەم گرووپانە بە لایەنی کەمەوە لە ئاستی گوتاریاندا نزیکبوونەوەیانمان لە ئاکپارتی بینیوە”. درێسلەر باسی لەوەیش کرد، کە ئاکپارتی بە جۆرێک ئەم پێکهاتە مسوڵمانە سونییانەی خستەناو سیستەمی دەوڵەتەوەو لە بەرانبەردا ئەم پێکهاتە ئایینییانە توانییان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستکەوتی باش بەدەستبهێنن. درێسلەر بەم شێوەیە درێژە بە بۆچوونەکەی دەدات‌و دەڵێت: “لەگەڵ ئەوەی ئاکپارتی هەمیشە گرنگییەکی زۆری بە پاراستنی پێگەی بەهێزی خۆی داوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی زۆر باسیلێوەناکرێت، ئەوەیە، کە ئاکپارتی توانیویەتی جۆرێک لە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ پێکهاتە مسوڵمانە سوننە جیاوازەکان‌و هەمەچەشنەکان پێکبهێنێت‌و لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانەوە دەسەڵاتی خۆی بەهێزبکات. ئەمەیش ڕێبازێکی سەرنجڕاکێشەو لە ڕاستیدا ئەنجامێکی سەرکەوتووی بەدەستهێناوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا پلەبەندییەکی زۆر ڕوون لەم بابەتەدا بەدیدەکرێت، ئاکپارتی گرنگییەکی زۆر بە پاراستنی پێگەی خۆی وەک بەهێزترینی بەهێزەکان دەدات. گەورەبوونی کێشەی نێوان ئاکپارتی‌و گرووپی گولەنییەکان بریتی بوو لەوەی کێ دەبێت بە گەورەو دەمڕاست، “ئەو سیستەمەی ئەردۆغان دروستیکرد، بە “ڕژێمێکی تاکەکەسی” ناوزەددەکرێت. زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی ڕایان وایە، کە هەتا ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا بێت، ئەم سیستەمە دەتوانێت بەردەوامببێت، کەواتە دوای ئەردۆغان چارەنووسی ئەو هاوپەیمانیەتییانەی لەگەڵ گرووپ‌و تەریقەتە ئاینییەکاندا پێکهێنراون، چی دەبێت؟

دوای ئەردۆغان، چ دۆخێک چاوەڕێی تورکیا دەکات؟
مارکۆس درێسلەر ئاماژەی بەوەدا، کە “ئەگەر ڕۆژێک تورکیا بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دیموکراسی، کە ئێستا لە ناوەڕۆک بەتاڵکراوەتەوەو داوای ئاشتیی ناوخۆیی بکرێت، پێویستە ڕووبەڕووی ئەو ڕوداوانە ببینەوە، کە پێشتر بوون بە تابوویەک بە سەر خەڵکەوە. دەبێت ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جددی لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیادا ڕویداوە، هەبێت. تەنانەت دەبێت ئەم بابەتە لەگەڵ پرسی کورددا، ئەوەی ڕووبەڕووی عەلەوییەکان بوونەتەوە‌و کەمینە نامسوڵمانەکانیش، تاووتوێبکرێت”.

_________________
سەرچاوەی بابەتەکە لە ئینتەرنێت:
Değer Akal,100. yıl: Türkiye’de laiklik nasıl değişti?, 28.10.202328 Ekim 2023, https://www.dw.com

Send this to a friend