• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 11, 2025

گەڕان بە دوای ماڵ لە نێو كۆچبەران و پەنابەرانی زۆرەملێدا خەڵك لە جووڵەدا

ئامادەكردن: ئایندەناسی

كتێبی گەڕان بە دوای ماڵ لە نێو كۆچبەران و پەنابەرانی زۆرەملێدا (The Search for Home among Forced Migrants and Refugees)، ساڵی 2024 لە لایەن بڵاوكراوەی Routledge لە ئەمریكا بڵاو كراوەتەوە و لە لایەن ماریا سۆفیا ئاگوێر (Maria Sophia Aguirre)، پرۆفیسۆر لە بەشی ئابووریی زانکۆی کاسۆلیکی ئەمریکا و ئانتۆنی ئارگاندۆنا (Antonio Argandoña) پرۆفیسۆری خانەنشین لە بواری ئابووری و ئەخلاقی بازرگانی لە قوتابخانەی بازرگانی IESE لە زانکۆی ناڤارا لە ئیسپانیا، ئامادە كراوە؛ كتیبەكە پێشەكییەك، سێ بەش و هەشت تەوەر لەخۆ دەگرێت، كە بریتین  هەشت توێژینەوە كە لە لایەن توێژەرانی بوارە جیاوازەكانەوە نووسراوە.

پێشەكی

پێشەكی ئەم كتێبە بە ناونیشانی: پێناسەی دووبارەی چەمكی “ماڵ” لە سەردەمی ئاوارەییدا، بە هێنانەوە باسی ئەو ڕاستییە دەست پێ دەكات كە پرسی ئاوارەیی زۆرەملێ و پەناربەرێتی، یەكێكە لە گەورەترین ئاڵنگاری و فراوانترین قەیرانەكانی سەدەی 21. لەم كتێبە نووسەران هەوڵیان داوە لێكۆڵینەوە لەسەر دوو بابەتی سەرەكی بكەن:

  1. “ماڵ” وەك پێداویستییەكی بنەڕەتیی مرۆڤ: بۆ کەسێکی ئاوارە، ماڵ تەنیا بینایەک یان شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک بابەتی سەرەكییە بۆ ژیان وەك: ئاسایش، هەستکردن بە سەربەخۆیی، کەرامەتی مرۆڤ و هیوا. نووسەران دەڵێن، کاتێک مرۆڤ ناچار دەکرێت زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت، نەک تەنیا شوێنێک، بەڵکو ئەم پایە سەرەكییانەی ژیانی لە دەست دەدات.
  2. پێویستیی بەكارهێنانی شێوازی فرەپسپۆری: پێشەکییەکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی پێویستە لە چوارچێوە نەریتییەكانی توێژینەوە تێپەڕین بۆ ئەوەی بە تەواوی لەم قەیرانە تێ بگەین. کتێبەکە کۆمەڵێک توێژەری بەشە ئەکادیمییە جیاوازەکان وەك ئابووری، یاسا، دەروونناسی، کۆمەڵناسی و سیاسەت کۆ دەکاتەوە. ئەم ڕێبازە فرەپسپۆڕییە ئەوە نیشان دەدات کە ئاڵنگاریی سازکردنەوەی ماڵ، کێشەیەکی تەنیا کۆمەڵایەتی یان سیاسی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی ئاڵۆزە کە پێویستی بە چارەسەری هەمەلایەنە هەیە.

ئەنجامگیریی پێشەکییەکە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، کە هەوڵی پەنابەران بۆ مانەوە تەنیا چاوەڕوانیی یارمەتی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی چالاکە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی ماڵ، کە پێویستی بە هاوکاری دامەزراوە میواندارەکان و سیاسەتەكانی پشتیوانیكردن و دواجار تێگەیشتنێکی قووڵە لە ناوەڕۆكی ونبووی پەنابەران.

بەشی یەكەم: شرۆڤەی ئەزموون: بیستن

  1. ئەو خێزانانەی كە بە دوای ئاشتی و كەرامەتن: گەڕان بە دوای “ماڵ” لە نێو كۆچبەران و پەنابەرە زۆرەملێیەكان.
  2. دروستكردنی ماڵێكی دیجیتاڵ: ماڵداریكردن لە كاتی هاوئامادەبوون و نەبوونی دیجیتاڵیدا.
  3. ژیانی خێزانی و ئەزموونی كرێكارە كۆچبەرەكان و وەرزێك لەگەڵ منداڵانی بچووك لە ئەمریكا.

لە بەشی یەكەمدا، ئەزموونی ژیانی خەڵكانی ئاوارە و پەنابەر وەرگیراوە و لەسەر دۆخی دەروونی و كۆمەڵایەتیان ورد بۆتەوە. پرسیار لەوە دەكرێت كە ماڵ چ مانایەكی هەیە كاتێك لە دەست دەردەچێت و چۆن ئەم چەمكە لە زەینی پەنابەرندا دەمێنێتەوە؟ هەوڵی خێزانەكان بۆ پاراستنی كەرامەتیان لە ڕێڕەوی ئاوارەیی، گۆڕانی ڕۆڵی خێزانی لە كۆچكردن و شرۆڤەكردنی دیاردەكانی وەك “ماڵی دیجیتاڵی” وەك ئامرازێك بۆ دروستكردنی هەستی پەیوەستبوون، بابەتەكانی تری ئەم بەشە پێك دەهێنن.

بەشی دووەم: ئەو شێوازانەی كە بە شێوەیەكی كاریگەر یارمەتی نۆژنكردنەوەی ماڵ دەدات.

  1. ئەزموونی سورییەكان لە جێگۆركێی زۆرەملێ: نیشتەجێكردنی دووبارە و سازكردنەوەی ماڵ لە كەنەدا
  2. دۆسێی كۆچبەرە نێودەوڵەتی ڤێنیزوێلا: چۆن سیاسەتێكی دۆستانەی كۆچبەرانە لە كۆڵۆمبیا، تێكەڵبوون لەگەڵ كۆمەڵگەدا ئاسان دەكات.
  3. وەبەرهێنان بۆ لەخۆگرتن: چۆن وەبەرهێنانی لە گۆشەنیگای پەنابەران، یارمەتیی خۆگونجاندنی ئاوارەكان لە كۆمەڵگە خۆماڵییەكانی وڵاتی میوان دەدات.

بەشی دووەم بە شێوەیەكی كرداری هەوڵی پێدانی پێشنیار و هێنانەوەی نموونە سەركەوتووەكانی تێكەڵبوونی ئاوارە و پەنابەرەكان لە ژینگەی دووەمیان دەكات. بۆ ئەم مەبەستە، بەرنامە و سیاسەتەكانی وڵاتانی وەك كەنەدا و كۆڵۆمبیای وەك نموونە باس كردووە؛ لە كەنەدا سیاسەتی نیشتەجێكردنەوەی ئاوارە سوورییەكان و لە كۆڵۆمبیا سیاسەتی هاوكاریكردن و هەڵسوكەوتی دۆستانە، هۆكارێكی سەرەكی خۆگونجاندنی ڤێنیزوێلاییەكان بووە. چەمكی “وەبەرهێنان لەگەڵ گۆشەنیگای كۆچبەری” وەك چەمكێكی نوێ، ئاماژەیەكە بۆ وەبەرهێنانێكی ئامانجدار، كە بەكارهاتووە بۆ ئەوەی كار لەسەر تیكەڵبوون و لەخۆگرتنی خێرای ئاوارەكان لە وڵاتی خانەخوێ بكات.

بەشی سێیەم: ڕاسپاردەی سیاسیانە

  1. چەمكی “ماڵ” لە گوتاری مافی مرۆڤ بە جەختكردنەوەی تایبەت لە پێداویستییەكانی ئەو كەسانەی جێگۆركێیان پێ كراوە.
  2. دروستكردنی ماڵ لە سیاست و داهێنانەكانی پەنابەرێتیی ئەمریكا لە یەكخستن و لەخۆگرتنی پەنابەران.

لەم بەشەدا ئەنجامگیری و بەدەستهاتووە ئەكادیمییەكان دەخاتە بەردەستی وڵاتان بۆ ئەوەی وەك ڕێگەچارە و سیاسەتی كرداری لە لایەن دەوڵەت و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەكار بێن، بەجۆرێك كە كەرامەتی مرۆڤی پەنابەر لە ماوەدرێژدا دەستەبەر بكرێت. لەم بەشەدا چەمكی “ماڵ” لە گوتاری مافی مرۆڤ ڕوون كراوە و جەخت لەوە كراوەتەوە كە پێداویستییەكانی پەنابەران زۆر لەوە زیاترە كە تەنیا بیر لە نیشتەجێبوونیان بكرێت، بەڵكو گرنگیدان بە دۆخی دەروونی، كۆمەڵایەتی و تەندروستیان پێویستە زیاتر بێت.

كتێبی گەڕان بەدوای ماڵدا لە نێوان کۆچبەران و پەنابەرانی زۆرەملێدا، تەنیا کۆمەڵێک توێژینەوە نییە، بەڵكوو بەیاننامەیەکی شیکاری بەهێزە و نەخشەڕێگایەکە بۆ تێگەیشتن و چارەسەرکردنی یەکێک لە قووڵترین ئاڵنگارییەكانی ئێستای جیهان. گرنگی سەرەکیی ئەم کتێبە لە توانای مرۆڤسازی و تێڕوانینی مرۆڤانەیە بۆ قەیرانێکی جیهانییە، کتێبەکە بە دانانی چەمکی “ماڵ” لە ناوەندی سەرنجدانیدا، لە ئاماری وشک دوور دەکەوێتەوە و جەخت لەسەر پێداویستییە سەرەتاییەکان و کەرامەتی مرۆیی پەنابەران دەکاتەوە. كتێبەكە ئەوەمان پێشان دەدات کە هەوڵدان بۆ مانەوە لە لایەن پەنابەرانەوە، تەنیا دۆزینەوەی پەناگە نییە، بەڵكوو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ناسنامە و سەربەخۆیی. پەیامی سەرەکی كتێبەكە ئەوەیە كە “ماڵ” وەک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش، لەسەر ئەو تێڕوانینە دامەزراوە کە دووبارە بنیاتنانەوەی ماڵ، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە. ئەم بەرپرسیارێتییە نەک تەنها لە ئەستۆی خودی پەنابەراندایە، بەڵکو لە ئەستۆی کۆمەڵگە میواندارەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتەکانیشدایە.

Send this to a friend