جێگرەوە ستراتیژییەکانى وڵاتانى کەنداو لە ئەگەرى داخستنى گەرووى هورمزدا
بەختیار ئەحمەد ساڵح/ توێژەر

بەرایی
گەرووی هورمز بە يەکێک لە گرنگترین گەرووى وزەی دەریایی دادەنرێت لە جیهاندا. کەنداوی فارس (عەرەبی) بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەبییەوە دەبەستێتەوە، هەروەها شاڕەگێکى گرنگە بۆ ڕۆیشتنی نەوتی خاو و گازی سروشتیی شل (LNG) لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان، بە تایبەتی ئاسیا. زانیارییەکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمەریکا (EIA) ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکڕای ڕۆیشتنی نەوت لە گەرووەکەدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتووەتە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە نزیکەی ٢٠%ی بەکارهێنانی نەوتى جیهانییە(1). هەروەها نزیکەی یەک لە سەر پێنجی بازرگانیی جیهانیی گازى سروشتى (LNG) بەو شوێنەدا تێدەپەڕێت کە زۆرینەیان لە لایەن قەتەر و ئیماراتەوە دابین دەکرێن(2). هەر داخستنی کاتیی گەرووەکە دەبێتە هۆی دروستکردنى شۆکێکی دەستبەجێ لە نرخی وزە و پچڕانی توند لە زنجیرەی دابینکردندا، لەگەڵ ئەگەری دروستبوونى کاریگەریی خێرا لە سەر هەڵئاوسان و گەشەی ئابووریی جیهانی. پێدەچێت ئابوورییەکانی ئاسیا (چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور) زۆرترین زیانیان بەر بکەوێت بەو پێیەى کە نزیکەی ٨٠-٨٤%ی ڕۆیشتنی نەوت لە گەرووی هورمزەوە بۆ وڵاتانى کیشوەرى ئاسیایە.
پاشخان
گەرووی هورمز هەر لە کۆنەوە ڕێڕەوێکى بەرتەسکى گرنگى دەریایی بووە بۆ بازرگانیکردن، زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر شارستانیەتی میزۆپۆتامیاى بە شارستانیەتی دۆڵی سندەوە بەستووەتەوە. لە ساڵی ٣٠٠٠ پێش زایین، بازرگانە سۆمەرییەکان پەیوەندیی دەریایی ڕاستەوخۆیان لە سەرانسەری کەنداوی فارس دامەزراندبوو کە مەوداکەى نزیکەی ١٨٥٠ کیلۆمەتر بوو. دۆزینەوە شوێنەوارناسییەکان بازرگانییەکی دەریایی بەهێز لە نێوان سۆمەر و بەندەرەکانی شارستانیەتی هاراپان لە کۆتایی هەزارەی سێیەم و سەرەتای دووەمی هەزارەی پێش زاییندا پشتڕاست دەکەنەوە. لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی هەخامەنشییەکان (٥٥٠-٣٣٠ پێش زایین) و ساسانییەکان (٢٢٤-٦٥١ز)، فەرمانڕەواکانی فارس کۆنترۆڵی گەرووی هورمز و بەندەرەکانی دەوروبەریان لە کەنداوی فارسدا کردبوو و کردبوویان بە بەشێک بە ستراتیژیەتی بازرگانیی ئیمپڕاتۆری و دەریایی خۆیان. ساسانییەکان فەرمانڕەوایی ئەو خاکانەیان دەکرد کە عومان-ی (ئەوکات بە مازون ناسرابوو) لەخۆ دەگرت، ئەمەش ئاسایشی دەریایی زیاتر کرد و ئاسانکاریی بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقا و نیمچەدوورگەی عەرەبیدا دەکرد. ئەم کۆنترۆڵکردنە بەردەوامیی ڕۆڵی ستراتژیی گەرووەکەى لە پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتی ئابووری و سەربازیی فارس (ئێران) لە سەرانسەری زەریای هیندیدا مسۆگەر کرد(3).
دوای فتوحاتى ئیسلامى لە ساڵانی (٦٥٠–٦٥١ز)، گەرووەکە بووە پایەیەکی سەرەکی لە فراوانکردنی تۆڕە بازرگانییەکانی خەلافەتدا، سەرەتا لە سەردەمی ئومەوییەکان و پاشان عەباسییەکان. لە سەدەی دەیەمدا، هورمز بوو بە بەندەری سەرەکی بۆ ناوچەی کرمان و سیستان، لەو بەندەرەدا کەلوپەل لە زەریای هیندییەوە بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان دەگوازرایەوە. لەگەڵ داڕمانی خەلافەتی عەباسی لە هەمان سەدەدا، شانشینی سەربەخۆی هورمز سەری هەڵدا و لە سەدەی پازدەیەمدا وەک زلهێزێکی کەنداو گەیشتە لوتکە. بە دەستەبەرکردنی ڕێگاکان و قۆرخکردنی بەندەرەکان و وەرگرتنی باج لە سەر کاڵاکانی وەک بەهارات و ئاوریشم لە هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەسپی عەرەبی و خورما و مرواری کە بۆ ئێران و عێراق و شوێنەکانی دیکە دەچوو، توانیى زاڵ بێت بەسەر بازرگانی دەریاییدا، بەمەش پێگەی وەک ناوەندێکی بازرگانیی جیهانی چەسپا و توانیى بازرگانە عەرەب، فارس، هیندی و ئەفەریقییەکان بۆ لاى خۆی ڕابکێشێت(4).
گرنگیی ستراتیژی گەرووی هورمز بە دۆزینەوەی نەوت لە فارس لە ساڵی ١٩٠٨ لە کێڵگەی مەسجدی سولەیمان لە لایەن ویلیام نۆکس دارسی (William Knox D’Arcy)ەوە دەرکەوت. ئەم دۆزینەوەیە بووە هۆی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی پاڵاوگەی تازەدامەزراوی ئابادان لە سەر ڕێڕەوی ئاوی شەت ئەلعەرەب، لەوێشەوە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان نەوتی خاویان بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەگواستەوە. کۆمپانیای نەوتی ئەنگلۆ-پێرشییەن (Anglo-Persian Oil Company) ئیمتیازاتی تایبەتی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بەدەست هێنا و بە خێرایی بەرهەمهێنانی زیاد کرد بۆ سووتەمەنیی هێزی دەریایی بەریتانیا لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، بەم شێوەیە ڕۆڵی گەرووەکە لە سیستمی وزەی ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانیادا چەسپاند(5). لە ماوەی نێوان جەنگەکاندا، بەریتانیا لە ڕێگەی دەوریەی دەریایی و ڕێککەوتن لەگەڵ شێخنشینە ناوخۆییەکان، هەژموونی خۆی لە کەنداوی فارسدا چەسپاند و پاراستنی ڕێڕەوی نەوتهەڵگرەکان لە گەرووەکەوەى کردە کاری لەپێشترینەى خۆى و گەرووەکە لە ڕێڕەوێکی تەنها دەریاییەوە گۆڕا بۆ شاڕەگێکى وزەى ستراتیژی بۆ ئابووریی بەریتانیا.
لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا گرنگیی گەرووەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، چونکە هێزەکانی هاوپەیمانان پشتیان بە نەوتی ئێران دەبەست کە تا ساڵی ١٩٤٤ ساڵانە گەیشتبووە زیاتر لە دە ملیۆن تۆن و تەنیا لە ڕێگەی کەشتییە نەوت هەڵگرەکانەوە دەگوازرایەوە کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین. زلهێزەکانی میحوەر هەوڵیان دا ئەم هێڵی کەشتیوانییە بە ژێردەریایی و هێرشی ئاسمانی تێک بدەن، بەڵام هەوڵەکان سنووردار بوون(6).
دوای جەنگ، هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و سەرهەڵدانی جەنگی کۆریا (١٩٥٠-١٩٥٣) بووە هۆی زیادبوونی خواست لە سەر نەوت. بەرهەمهێنان لە ناوچەی کەنداو لە نیوملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی ١٩٤٥ بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی ١٩٥٥ بەرز بووەوە، زۆرینەى هەناردەکردنى نەوت بە گەرووەکەدا تێدەپەڕین، بەمەش وابەستەیی ڕۆژئاوا بە ڕۆیشتنی بەردەوام و بێ پچڕانی نەوت قووڵتر بووەوە(7).
بەریتانیا لە ساڵی ١٩٧١دا لە ناوچە پارێزراوەکانی کەنداو کشایەوە و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ بەحرەین و قەتەر و ئیمارات هەڵوەشاندەوە. ئەم بۆشاییە ستراتیژییە وای لە ئەمەریکا کرد کە دابینکردنى ئاسایشی گەرووی هورمز ببێت بە پێشینەی کارەکانی تا بەر لە ناسەقامگیریی ناوچەکە و پەرەسەندنی کاریگەرییەکانى یەکێتیى سۆڤیەت بگرێت(8).
لە ساڵی 1973دا وڵاتانی ئۆپێک لە نێویاندا عەرەبستان، هەناردەکردنى نەوتیان بۆ ڕۆژئاوا وەستاند لەبەر پشتیوانیکردنى لە ئیسڕائیل لە شەڕى ئۆکتۆبەرى 1973دا، بەمەش گەرووەکە بووە ناوەندی قەیرانی وزەی جیهانی. وەستانی هەناردەکردن؛ نرخی نەوتی چوار هێندە زیاد کرد (لە ٣ دۆلارەوە بۆ ١٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک) و لاوازیی دابینکردنەکانی ئاشکرا کرد، چونکە لە سەددا ١٥ بۆ ٢٠ی بازرگانیی نەوتی جیهانی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕى. قەیرانەکە کە هەناردەکردنى نزیکەی حەوت ملیۆن بەرمیلی لە ڕۆژێکدا ڕاگرت، پێداچوونەوەی ستراتیژی گشتگیری ڕۆژئاوای لێ کەوتەوە، لەوانە پلانەکانی ئەمەریکا بۆ بەرگریکردن لە گەرووەکە و پڕۆژەکانی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دابینکردن، وەک بۆریی ئەلاسکا. دوابەدوای شۆڕشی ئیسلامیى ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، گەرووى هورمز بوو بە کارتێکى فشار لە ململانێکانی ناوچەکەدا(9).
لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هەناردەکردنی کەنداو زیاتر لە ٣٠%ی بازرگانیی نەوتی دەریایی جیهانی پێک هێنا، ئەمەش گەرووی هورمزی کردە ناوەندێکی گرنگ لە دابینکردنى ئاسایشی وزەی جیهانی و دیاریکەرێکی سەرەکیی سیاسەتە جیۆپۆلیتیکییەکان و پێگە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
گرنگیی جیۆپۆلەتیکی و ئابووریی گەرووی هورمز
- شوێنی جوگرافی و تایبەتمەندییەکانی کەشتیوانى
گەرووەکە دەکەوێتە نێوان کەناراوەکانی ئێران لە باکوور و نیمچەدوورگەی عەرەبی لە باشوور (عومان و ئیمارات). لە تەسکترین خاڵیدا، پانییەکەی نزیکەی ٣٣ کم دەبێت، لە کاتێکدا ڕێڕەوی ڕاستەقینەی کەشتیوانی (هاتنەژوورەوە/چوونەدەرەوە) بە نزیکەی دوو میلى دەریایی بە هەر ئاڕاستەیەکدا درێژ دەبێتەوە، لەگەڵ بوونى ناوچەیەکی جیاکەرەوە، ئەمەش وای کردووە کە زۆر هەستیار بێت بۆ هەر هەڕەشەیەکی سەربازی یان ئەمنی(10). ئەم بەر تەسکییە جوگرافییە لەگەڵ قەبارەی زۆری هاتوچۆ (گوازەرەوەى نەوتى زەبەلاخ (VLCC)، تانکەری ”LNG”، کەشتیی بارهەڵگر)، گەرووەکەى گۆڕیوە بۆ کارتێکەرێکى جیۆپۆلەتیکی لە دڵی بازرگانیی وزەی جیهانیدا، لە هەمان کاتدا گەرووەکەى کردووە بە کارتێکى فشارى سەرەکى لە ستراتیژی ئێران و لە لێکدانەوەکانى هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداودا.
- قەبارەی ڕۆیشتنی نەوت و گاز بە ناو گەرووەکەدا
- بە پێی مەزەندەى ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی گەرووەکەوە تەنها لە ماوەی دە مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا گەیشتووەتە نزیکەی 16 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە نزیکەی 40%ی بازرگانیی جیهانیی نەوتی خاو لە دەریاوە پێک دەهێنێت(11). بە زیادکردنى بەرهەمە نەوتییەکانى دیکە، کۆی گشتی گەیشتە نزیکەی (20-20.3 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە نێوان ساڵانی (2024-2025)(12).
- هەروەها لە گەرووەکەوە بڕێکى بەرچاوی گازی سروشتیی شل (LNG) تێدەپەڕێت، بە شێوەیەک کە قەتەر لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٩.٣ ملیار پێ سێجاى ”LNG”ی لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە، هەروەها ئیمارات نزیکەی ٠.٧ ملیار پێ سێجاى لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە، کە تێکڕا یەکسانە بە کۆى هەناردەکردنی ”LNG”ی کەنداو لە ڕێگەی گەرووەکەوە(13)، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر داخستنێکی درێژخایەنی گەرووەکە دەبێتە هۆی ئەوەی:
یەکەم. بازاڕەکانی نەوت دووچار بە شۆکی کەمى دابینکردنى وزە بکات کە دەگاتە 20%ی بەکارهێنان لە ئەگەرى پەکخستنى تەواوی ڕۆیشتنی نەوت(14).
دووەم. بازاڕەکانی گازى شل (LNG) دووچار بە کەلێنێکی بەرچاو دەبێتەوە، بە تایبەتی لە ئەورووپا کە نزیکەی 10%ی هاوردەکردنی ”LNG” پشت بە هورمز دەبەستێت، بەشێکی زۆری گازى ئاسیاش لە ڕێگەى قەتەرەوە دابین دەکرێت(15).
هەڕەشە جیۆپۆلەتیکییەکان و سیناریۆکانی داخستنی گەرووى هورمز
- هەڕەشە جیۆپۆلەتیکییەکان
- هەڕەشەکانی ئێران
- ئێران گەمەکارێکى سەرەکییە لە گەرووەکەدا، خاوەنی دەستڕاگەیشتنێکی بەرچاوە بەو گەرووە و بە هاوبەشیى کەشتیوانی دەریایی لەگەڵ عومان بەڕێوەی دەبەن. ئێران هەوڵ دەدات گەرووەکە وەکوو ئامرازێک لە دژی زلهێزەکان بەکار بهێنێت، بە تایبەتی لە ئەگەری سزای ئابووری یان شەڕدا. ئێران چەندین جار هەڕەشەی داخستنی گەرووەکەى کردووە وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر زلهێزەکان بۆ هەڵگرتنی سزاکان یان کڕینی کاتێکی زیاتر بۆ پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکەى. ئەم هەڕەشانە بەشێکن لە ستراتیژی جیۆپۆلەتیکی ئێران، چونکە هەوڵ دەدات هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت و کاروبارەکانی بە پێی بەرژەوەندییەکانی کۆنترۆڵ بکات.
- لێکەوتەى ئابووریی داخستنی گەرووکە
یەکەم. داخستنی تەواوەتیی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دەستبەجێ نرخی نەوت لە جیهاندا. شرۆڤەکاران پێشبینیی بەرزبوونەوەی نرخیان کردووە بە چەند شێوەیەک: ڕەنگە نرخى نەوتی خاوی برێنت لە نێوان 85 بۆ 120 دۆلاردا بەرز بێتەوە بۆ هەر بەرمیلێک، یان ئەگەر هەیە 100 دۆلار تێبپەڕێنێت و بگاتە 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. بەشێک لە میدیاکانی دەوڵەتی ئێران هۆشدارییان داوە کە نرخی بەرمیلێک دەگاتە 400 دۆلار. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) بەردەوام ڕایگەیاندووە کە هەر دابڕانێک لە ڕۆیشتنی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا، لێکەوتەی توندی لە سەر بازاڕەکانی نەوتی جیهانی دەبێت. تەنانەت تەنیا هەڕەشەی داخستنیش، وەک ئەوەی لەم دواییانەدا لە شەڕى 12 ڕۆژەى ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران ڕووی دا، دەبێتە هۆی ناجێگیرییەکی بەرچاوی نرخەکان(16).
دووەم. بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی گازی سروشتیی شل (LNG): هەروەها داخستنی گەرووەکە کاریگەریی زۆری دەبێت لە سەر دابینکردنی ”LNG”. قەتەر کە یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی گازی سروشتیی شل لە جیهاندا، نزیکەی هەموو هەناردەکردنی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ئەنجام دەدات. ئەم داخستنە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی ”LNG”، بە تایبەتی لە بازاڕەکانی ئاسیا و ئەورووپا کە برسیی وزەن، ئەمەش ئەگەری هەیە نرخەکان بەرز بکاتەوە بۆ ئاستێک کە لە ساڵی (2022)ەوە گازى سروشتیى شل بەخۆیەوە نەیبینیوە(17).
- کاریگەرییە ئابوورییە گەورەکانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و گاز لە جیهاندا، ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت بۆ تێچووی زیاتری شتومەک لە زۆرێک لە کەرتە ئابوورییەکان، دیارترینیان گواستنەوە، ماددە کیمیاییەکان و پیشەسازیی قورس، ئەمەش بە ناچاری هەڵئاوسانی جیهانی خێراتر دەکات و فشارێکی نوێ دەخاتە سەر بانکە ناوەندییەکانی جیهان و پێشکەوتنەکانی ئەم دواییە سەقامگیریی لە نرخەکاندا تێک دەدات. شیکارییەکانی بانکی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات کە شۆکەکانی نرخی نەوت؛ بزوێنەری سەرەکیی گۆڕانکاری لە هەڵئاوسانی جیهانیدا بووە لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا و بە ڕێژەى زیاتر لە 38% ڕۆڵى هەبووە. کاریگەریی بەرزبوونەوەی تێچووی وزە و هەڵاوسانی بەربڵاو دەتوانێت ببێتە هۆی خاوبوونەوەی بەرچاو لە چالاکییە ئابوورییە جیهانییەکاندا. شرۆڤەکاران پێشبینیی دابەزینی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی بە ڕێژەی 1% بۆ 2% دەکەن ئەگەر گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژ دابخرێت(18).
- بانکە ناوەندییەکان لە نێوان دوو بژاردەدا دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرن: ئایا بەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوسان ببنەوە بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود، کە دەتوانێت گەشەی ئابووری بخاتە مەترسییەوە، یان هانی گەشەکردن بدەن کە دەتوانێت فشارەکانی هەڵئاوسان زیاتر بکات. هەروەها زیادبوونی تێچووی گواستنەوە و زیادبوونی پارەی بیمە، دەبێتە هۆی تێکدانی بازاڕەکانی گواستنەوە و بیمەی جیهانی.
- داخستنی گەرووەکە پێویستی بە گۆڕینی ڕێڕەوی بەرفراوان دەبێت: داخستنى گەرووەکە دەبێتە هۆی زیادبوونى تێچووی بەرچاو و دواکەوتنی گەیشتنى بار بۆ گواستنەوەی کەشتیوانی لە سەرانسەری جیهاندا. زیادبوونی تێچووی گواستنەوە و دواکەوتنەکان لە ئاستی جیهانیدا دەگوازرێتەوە بۆ بەکارهێنەران، ئەمەش زنجیرەکانی دابینکردن کە لە ئێستاوە ناجێگیرە لە دوای پەتاى کۆڤید زیاتر ناجێگیر دەکات. ئەو پیشەسازییانەی کە پشت بە مۆدێلی بەرهەمهێنانی تەنها لە کاتی خۆیدا (JIT) دەبەستن، وەکوو ئەلکترۆنیات و ئۆتۆمبێل، بە تایبەتی تووشی کەمیی کۆگا و داخستنی بەرهەمهێنان دەبن. کەنداوی عەرەبی سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ شلەکانی گازی سروشتی (NGLs)، بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەکان (وەک ”CPP” و ”DPP”) و مێتانۆل -کە سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ پیشەسازیی پترۆکیمیایی جیهانی و پێویستە بۆ ڕۆیشتنی گازۆیل بۆ ئاسیا و ئەورووپا. هەر جۆرە پچڕانێک لەم دابینکردنانەدا کاریگەرییەکی زۆری لە سەر بەرهەمهێنانی پیشەسازی دەبێت لە سەر ئاستی جیهانی. پشتبەستنی زۆری ناوچەکەش بە هاوردەکردنی بەروبوومى کشتوکاڵى لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، وا دەکات ئاسایشی خۆراکی ناوچەکە بکەوێتە مەترسییەوە(19).
ئێران و وەبەکارهێنانى گەرووى هورمز وەک کارتی فشار
ئێران کاریگەرترین کارەکتەرە لە ئاسایشی گەرووەکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی کۆنترۆڵکردنی کەناری باکوور و خاوەنداریەتیی توانا سەربازییەکان (مووشەکی کەنار دەریاکان، کەشتییە هێرشبەرە خێراکان، مینە دەریاییەکان) کە توانای دروستکردنى هەڕەشەى بۆ سەر کەشتیوانى پێ بەخشیوە. پێشتر تاران چەندین جار هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزى وەک ڕێگرییەک لە بەرامبەر گەمارۆکانی ئەمەریکا یان هەڕەشەکانی ئیسڕائیل بەکار هێناوە(20)، بەڵام ئەگەری داخستنی تەواوەتى و درێژخایەنی گەرووەکە بەدوور دەزانرێت لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
- ئێران بۆخۆی پشت بە گەرووى هورمز دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی زۆرینەى نەوتەکەی. هەناردەکردنی لە نێوان ساڵەکانى (2023-2024) گەیشتە نزیکەی 1.4-1.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە داهاتی ساڵانەى دەگاتە نزیکەی 53-67 ملیار دۆلار سەرەڕای بوونى سزاکان(21).
- هەر داخستنێکی تەواوەتیی گەرووەکە نەوەک تەنها لەگەڵ ڕۆژئاوا، بەڵکوو ڕاستەوخۆ تاران ڕووبەڕووی چین و هیندستان دەکاتەوە کە دوو لە گەورەترین کڕیارەکانى نەوتن(22).
- لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کاتێک کە جەنگی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان سەری هەڵدا، دەرکەوت کە هێزە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان توانییان -هەر چەندە بە تێچوویەکی زۆر- کەمترین ئاستی ئاسایشی کەشتیوانی دەستەبەر بکەن و ڕێگری لە داخستنی تەواوەتیی گەرووەکە بکەن، هەر بۆیە زۆربەی خەمڵاندنەکان باس لە سیناریۆی داخستنێکى ڕێژەیی یان کاتی دەکەن (هێرشی ئامانجدار، مین، دەستبەسەرداگرتنی کەشتیى نەوتهەڵگر، شەڕی ئەلکترۆنی دژی سیستمی کەشتیوانى) نەک داخستنی یەکجارەکى و درێژخایەن(23).
کاریگەری لە سەر نرخ و بازاڕە جیهانییەکان
چەندین لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنها هەڕەشەی داخستنی گەرووەکە نرخی نەوتی خاوی برێنت بەرز دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر هەناردەکردنى نەوتیش کەم نەکات(24).
- خەمڵاندنە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەم دواییە و شیکارییە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە داخستنی ڕێژەیی گەرووەکە دەتوانێت نرخی نەوتى برێنت بەرز بکاتەوە بۆ 110-130 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا داخستنی تەواوەتیى گەرووکە دەتوانێت نرخەکان بەرز بکاتەوە بۆ ئاستێکی زۆر بەرزتر. هەندێک لە خەمڵاندنەکان پێشبینیی ئەوە دەکەن کە نرخی هەر بەرمیلێک 150 دۆلار تێبپەڕێنێت(25).
- بەرزبوونەوەى نرخەکان تەنها پەیوەندیى بە کەمبوونەوەى نەوتەوە نییە، بەڵکوو هەندێک جار دەگەڕێتەوە بۆ ڕەفتاری هەندێک لە بازاڕەکانى نەوت (ئەمبارکردن لە ترسی نەمان، زیادبوونی تێچووی بیمە و گواستنەوە).
- لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهاى نەوت و گاز لەم ڕووەوە ڕەنگدانەوەى دەبێت لە سەر:
یەکەم. هەڵئاوسانی جیهانی (بە تایبەت لە پیشەسازییەکانی خۆراک و گواستنەوە و وزەدا). دووەم. تێچووەکانی خزمەتگوزاریی قەرز لە ئابووریی ئەو وڵاتانەى کە هاوردەی وزە دەکەن، ئەمەش مەترسیی پاشەکشە یان وەستان یان سستبوونى گەشەى ئابووریى لێ دەکەوێتەوە.
جێگرەوەکانى گەرووی هورمز
- عەرەبستان: هێڵی بۆریی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا (پترۆلین)
- ئارامکۆ هێڵی بۆریی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا بەڕێوە دەبات، کە نەوت لە دامەزراوەی بەقیق لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری یەنبوع لە سەر دەریای سوور.
- توانای هەناردەکردنى نزیکەی 5 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا و بە شێوەیەکی کاتی زیاد کراوە بۆ نزیکەی 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە بەکارهێنانى بەشێک لە بۆرییەکانی گواستنەوەى گازی شلی سروشتی (NGL) بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو(26). ئەم بۆرییە ڕێگە بە عەرەبستان دەدات بەشێکی بەرچاو لە هەناردەکردنی نەوتى بە دوور لە کاریگەرییەکانى هورمز بگوازێتەوە، بەڵام:
یەکەم. هەموو بەرهەمی نەوتى عەرەبستان پەیوەست نەکراوە بەم بۆرییەوە.
دووەم: بەکارهێنانى ئەوپەڕى تواناى بۆرییەکان بۆ ئەوەى بە توانای تەواوەوە کار بکەن، پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاترە بە تایبەت لە بەشی ڕۆژئاوای عەرەبستان.
- ئیمارات: هێڵی بۆریی حەبشان-فوجەیرە
- ئیمارات خاوەنی هێڵی بۆریی حەبشان-فوجەیرە (ADCOP)یە، درێژییەکەی نزیکەی (360-380کم) دەبێت، کە کێڵگە وشکانییەکانی ئەبوزەبی بە بەندەری فوجەیرە لە سەر کەنداوی عومان دەبەستێتەوە.
- هێڵی بۆرییەکە توانای گواستنەوەى نزیکەی یەک ملیۆن و نیو بەرمیلى هەیە لە ڕۆژێکدا و زیاتر لە نیوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئیمارات لەخۆ دەگرێت. لە ڕێگەى فراوانکردن و نوێکردنەوەکانەوە تواناى ڕاستەقینەی زیادی کردووە بۆ نزیکەی 1.5-1.8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا(27). ئەم بۆرییە توانایەکی بەرچاو بە ئیمارات دەبەخشێت بۆ تێپەڕاندنی گەرووی هورمز و بەندەری فوجەیرە، دەکاتە یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی عەمبارکردن و هەناردەکردنی نەوتی جیهان لە دەرەوەی کەنداو.
ئێران: هێڵی بۆریی گورە-جاسک
ئێران هەوڵی داوە پشتبەستنی خۆی بە گەرووی هورمز کەم بکاتەوە بە دروستکردنی هێڵى بۆریی گورە-جاسک، کە لە کەنارەکانی کەنداوەوە تا دەریای عومان درێژ دەبێتەوە(28). ئەم بۆرییانە تواناى گواستنەوەى نزیکەی 1 ملیۆن بەرمیلى هەیە لە ڕۆژێکدا. بەڵام هەڵسەنگاندنەکانی ئەم دواییەی بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی وزەی ئەمەریکا (EIA) ئاماژەى بەوە داوە کە توانای ڕاستەقینەی بۆرییەکان گواستنەوەى 300,000 بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، هەروەها هەناردەکردنى نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکانی جاسک و کوه موبارەکەوە لە هاوینی ٢٠٢٤ بۆ کەمتر لە ٧٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزی و دواتر لە دوای ئەیلوولی (٢٠٢٤)ەوە بە هۆکاری کارکردن تیایدا هەناردەکردنى ڕاگیرا(29). کەواتە ئەو بۆرییە لە ڕووی تیۆرییەوە وەک جێگرەوەیەکى ڕێژەییە، بەڵام هێشتا نەبووەتە ڕێڕەوێکی سەرەتایی بۆ هەناردەکردنی نەوتى ئێران بە هۆی سزاکان و نەبوونى پشتیوانیى دارایی و سنووردارکردنی بازاڕەوە.
بە پێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی و سەرچاوە تایبەتمەندەکان لە ڕێڕەوی وزە (EIA)، بۆرییەکانی گوازەرەوەى نەوت بەدەر لە گەرووی هورمز (عەرەبستان، ئیمارات، بەشێک لە توانای ئێران) دەتوانن نزیکەی ٣.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابین بکەن، بە بەراورد بە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی هورمزەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە جێگرەوەکان تەنها دەتوانن لە باشترین حاڵەتدا 15-20%ی نەوتەکە دابین بکەن(30)، ئەمەش بە کردەوە بەو مانایەیە کە:
- داخستنی تەواوەتیی گەرووەکە بە تواناى ئێستا قەرەبوو ناکرێتەوە.
- زۆرترین شت کە دەتوانرێت بکرێت؛ کەمکردنەوەى زیانەکانى داخستنى گەرووى هورمزە نەوەک بوون بە جێگرەوەیەکى سەرەکى.
یەدەگی ستراتیژی و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی دابینکردن
- یەدەگی ستراتیژیی نەوت لە وڵاتە گەورەکاندا
- ئەمەریکا: ئەمەریکا خاوەنی گەورەترین یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ڕاگەیەنراوە لە جیهاندا بە نزیکەی 714 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا بڕى کۆگاکانى گەیشتە نزیکەی 393-402 ملیۆن بەرمیل لە کۆتایی ساڵی 2024 و ناوەڕاستی 2025دا(31). زۆرترین توانای دەرهێنان نزیکەی 4.4 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، واتە یەدەگەکە لە ڕووی تیۆرییەوە تەنها بەشی چوار مانگ دەكات(32) .
- چین: ناوەندەکانی توێژینەوەی وزە مەزەندە دەکەن کە کۆی یەدەگی نەوتى چین (بە حکومی و بازرگانییەوە) دەتوانێت ٩٦ بۆ ١٢٠ ڕۆژ نەوت دابین بکات بە پێی ئاستى کۆگاکردنى لە ساڵی ٢٠٢٤دا، واتە دابینکردنى ١١.١ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا(33)، ئەمەش توانایەکی بەرچاو بە پەکین دەبەخشێت بۆ بەرگەگرتنى شۆکی کاتی نەهاتنى نەوت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە، بەڵام لە ئەگەری پەککەوتنی درێژخایەندا و بەرزبوونەوەی نرخەکاندا بەش ناکات.
- ژاپۆن و کۆریای باشوور: ژاپۆن سیستمێکی دووانەیی کۆگاکانی حکومەت و پیشەسازی پەیڕەو دەکات. کۆگاکانی حکومەت دەتوانن بۆ نزیکەی ٩٠ ڕۆژ نەوت دابین بکەن، لە کاتێکدا کەرتی تایبەت پابەندە بە دابینکردنی نزیکەی ٧٠ ڕۆژی زیادە، واتە نزیکەی ١٦٠ ڕۆژ بەکارهێنان(34). هەروەها کۆریای باشوور کۆگای حکومی و پیشەسازیی هەیە و دەتوانێت بەرگەى 90 ڕۆژ لە هاوردەنەکردنى نەوت بگرێت(35).
- هیندستان: یەدەگی ستراتیژیی نەوتی هیندستان تەنها دەتوانێت بەرگەى 9.5 ڕۆژ هاوردەنەکردنی نەوت بگرێت، بەڵام لەگەڵ کۆگا بازرگانییەکاندا کۆی توانای هەڵگرتن بەرگەى نزیکەی 74-75 ڕۆژ دەگرێت(36). بەم شێوەیە هیندستان کەمتر تواناى خۆڕاگرتنى هەیە بە بەراورد بە چین یان ژاپۆن، بەڵام قەرەبووی ئەمە دەکاتەوە لە ڕێگەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنەوە (ڕووسیا، ئەمەریکا، ڕۆژئاوای ئەفەریقا، بەڕازیل).
هەمەچەشنکردنی زنجیرەکانی دابینکردن
دەیتا نوێکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیندستان ئێستا بەشێکی بەرچاو لە نەوتەکەی لە ڕووسیا هاوردە دەکات لە ڕێگەی ئەو ڕێگایانەی کە بەدەرە لە گەرووی هورمز (کەناڵی سوێس، ڕەئس ڕەجاى ساڵح (Cape of Good Hope)، یان بەندەرەکانی جەمسەری باکوور)، لە کاتێکدا هاوردەکردنی گازى شلى ”LNG”ی قەتەر لە ڕێگەی ڕێگایەکەوە دەگات کە بە تەواوی پشت بە گەرووەکە نابەستێت(37). ئەم هەمەچەشنییە لەگەڵ ڕێککەوتنە درێژخایەنەکانی ”LNG” لەگەڵ قەتەر و ئوسترالیا و ئەمەریکا، تواناى بەرگەگرتنى هیندستان زیاتر دەکات لە کاتى ئەگەرى داخستنی گەرووى هورمزدا.
- یەدەگی وڵاتانی کەنداو: وڵاتانی کەنداو خاوەنی یەدەگی عەمبارکردنى بەرچاون، بەڵام ئەم وڵاتانە تا ڕادەیەکی زۆر ئاڕاستەکراون بۆ پشتگیریکردنی ڕەوتی هەناردەکردن نەک قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان. لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز:
- وڵاتانی هەناردەکار (بە تایبەت عێراق، کوێت، قەتەر و بەحرەین) ڕووبەڕووی وەستانی نزیکەی تەواوی هەناردەکردنەکانیان دەبنەوە، چونکە ڕێگای جێگرەوەیان نییە.
- تەنها عەرەبستان و ئیمارات توانای بەرجەستەیان هەیە بۆ بەردەوامبوون لە هەناردەکردنى نەوت بەدوور لە گەرووەکە، بەڵام تەنها لە سنووری توانای بۆرییەکانی خۆیاندا.
ڕۆڵی ئۆپێک پڵەس و نەوتى یەدەگ لە کەمکردنەوەی شۆکەکەدا
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە مەزەندە دەکات کە کۆی توانای بەرهەمهێنانی یەدەگ لە ناو وڵاتانی ئۆپێک لە ساڵی ٢٠٢٥دا نزیکەی ٥.٠-٥.٨ ملیۆن بەرمیل دەبێت لە ڕۆژێکدا (م. ب/ڕۆژ)، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سعودیە نزیکەی ٣.٠م. ب/ڕۆژ، ئیمارات نزیکەی ١.٠-١.٢م. ب/ڕۆژ، عێراق نزیکەی ٠.٤-٠.٦م. ب/ڕۆژ و کوێت نزیکەی ٠.3-٠.4م. ب/ڕۆژ(38). لە ڕووی تیۆریەوە دەتوانرێت ئەم توانایە بەکار بهێنرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێکی کەم لە هەر پچڕانێکی دابینکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، بەڵام تەنها بەشێکی کەم بە نزیکیی 20 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەگرێتەوە کە پیایدا تێدەپەڕێت، سەربارى بوونى ڕێگریى کات و لۆجستی کە وا دەکات وەک پێویست کاردانەوەى نەبێت، بەڵام بە کردەوە:
- توانای یەدەگ کێشەی ڕێڕەوی دەریایی لەناو نابات، تەنانەت ئەگەر بەرهەمهێنان زیاد بکات، ڕێگای پێویست بۆ هەناردەکردنی نەوت نابێت ئەگەر بۆریی جێگرەوە لە بەر دەستدا نەبێت.
- لە ساڵی (2024-2025)دا، ئۆپێک پڵەس لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتدا کار دەکات بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕ. هەر بڕیارێک بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان بڕیارێکی سیاسیی ئاڵۆز دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەندام و نرخی نەوت(39).
- لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزدا، ئۆپێک پڵەس خۆى لە بەردەم بژاردەیەکدا دەبینێتەوە: کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوتى هەندێک لە ئەندامان (کەنداو) لە بەرامبەر توانای ئەندامانی دیکە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی جیاوازەوە (ڕووسیا، هەندێک لە بەرهەمهێنەرانی ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتین).
کاریگەریی داخستنی گەرووی هورمز لە سەر عێراق
لە بەرامبەر داخستنى گەرووى هورموزدا، عێراق زۆرترین زیانى بەر دەکەوێت، نەک تەنها بە هۆی پشتبەستنی تەواوەتی بە هەناردەکردنی نەوت، بەڵکوو بە هۆی لاوازیی هەمەچەشنیی ئابووری و نەبوونی جێگرەوەیەکى جوگرافیی جێگیر و ناجێگیری پێکهاتەی دارایی و دراوی ئەو وڵاتە. بە پێچەوانەی عەرەبستان یان ئیمارات، عێراق جێگرەوەیەکى گونجاوى نییە بۆ مانۆڕکردن ئەگەر تاکە ڕێگای گەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکانی لێ دابخرێت(40).
- گرنگیی نەوت بۆ ئابووریی عێراق: بە پێی دەیتا فەرمییەکان، نەوت زیاتر لە 93%ی داهاتی بودجەی گشتی پێک دەهێنێت، نزیکەی 85-90%ی کۆی هەناردەکردن پێک دەهێنێت و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە ڕێژەى ٦٠% بەشدارە لە بەرهەمی ناوخۆییدا. لە ئێستادا عێراق لە نێوان 3.4 بۆ 3.6 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا تەنها لە ڕێگەی بەندەرەکانی بەسڕەوە (بەندەرى نەوتی بەسڕە، خور ئەلعەمییە) هەناردە دەکات، بەم پێیە زۆرینەى هەناردەکردنى نەوت لە ڕێگەى کەنداو و گەرووى هورمزەوە ئەنجام دەدرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە 100%ی هەناردەی نەوتی عێراق پەیوەستە بە ئاسایشی ئەم گەرووەوە، هەر ئەمەش وای کردووە عێراق زۆرترین زیانی بەر بکەوێت لە ئەگەری داخستنی گەرووەکەدا تەنانەت زیاتر لە ئێران(41).
- زیانی دارایی ڕاستەوخۆ لە حاڵەتی داخستنی گەرووەکەدا: ئەگەر وا گریمانە بکەین کە عێراق 5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکات و نرخى بەرمیلێک نەوتیش ٨٥ دۆلارە، زیانی ڕاستەوخۆی ڕۆژانە بە نزیکەیی دەگاتە ٢٩٧ ملیۆن دۆلار، واتە زیاتر لە ٨.٩ ملیار دۆلار لە مانگانێکدا و ساڵانەش دەگاتە زیاتر لە 107 ملیار دۆلار. ئەمەش بە نزیکەیی هاوتایە لەگەڵ تەواوی خەرجیی حکومەتی عێراق، یاخود زیاتر لە 70%ی بودجەی ساڵی 2024. هەروەها کاریگەریی لە سەر مووچە و هاوکاری دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زیاتر لە 7 ملیۆن هاوڵاتی ڕاستەوخۆ پشت بە مووچەی حکومەت دەبەستن و لە 40%ی دانیشتووان پشت بە تۆڕەکانی پشتیوانیی حکومەت دەبەستن. وەستانی هەناردەکردنى نەوت دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا حکومەت بێتوانا بێت لە پێدانی مووچە، تەواوی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بوەستێت، سیستمی پشتیوانیی خۆراک و خزمەتگوزاری دابڕمێت و ئەمەش دەرگا بە ڕووى نائارامی و پشێویی کۆمەڵایەتیدا دەکاتەوە(42).
- کاریگەریی لە سەر بەهاى دیناری عێراقی و کەرتی بانکی: داخستنی گەرووی هورمز بە واتای لەدەستدانى ئەو داهاتە دێت کە لە فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەکەوێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونى شۆک بۆ یەدەگی دراوی بیانیی بانکی ناوەندیی عێراق، فشارێکی زۆر لە سەر نرخی دینار دروست دەبێت، بازاڕی ڕەشى دراو سەر هەڵدەدات و بە خێرایی هەڵئاوسان دروست دەبێت بە تایبەتی لە کەرتەکانى خۆراک، سووتەمەنی، کەرەستەی بیناسازی و دەرمانسازى. هەروەها سیستمی بانکیی عێراقی کە لە ئێستاوە ناجێگیرە، کاریگەر دەبێت بە داخستنى گەرووەکە بە شێوەیەک کە هاوڵاتییان پارە دانراوەکانیان لە بانکەکان دەکێشنەوە، متمانە بە بانکەکان نامێنێت، دابینکردنى پشتیوانى بۆ بازرگانیى دەرەکى لەدەست دەچێت(43).
- کاریگەریی داخستنى گەرووەکە لە سەر هاوردەی (خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی): عێراق زیاتر لە 70%ی خۆراک، زیاتر لە 90%ی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، زیاتر لە 60%ی پێکهاتەکانى سووتەمەنی (سەرەڕای ئەوەی وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوتە) لە دەرەوە هاوردە دەکات. بەشێکی زۆر لەم هاوردەکردنانە لە ڕێگەی بەندەرەکانی کەنداوى عەرەبییەوە دابین دەکرێت، بەم پێیە داخستنى گەرووەکە بە ماناى بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراک لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، کەمیی دەرمان لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، قەیرانی توندی سووتەمەنی و کارەبا، پەککەوتنى ڕێژەیی هێڵەکانى گواستنەوە دێت(44).
- کاریگەریی سیاسی و ئەمنی لە ناوخۆی عێراقدا: داخستنی گەرووی هورمز نەک هەر مەترسیی ئابووری دروست دەکات، بەڵکوو لە چەند گۆشەنیگایەکەوە خودی هاوسەنگیی سیستمی سیاسیی عێراق دەخاتە مەترسییەوە:
- دەوڵەتی عێراق لە سەر بنەمای: نەوت + مووچە + متمانەى سیاسیی ڕێژەیی دامەزراوە، کاتێک ئەم خولە تێک دەچێت، سیستمەکە دەچێتە دۆخی بۆشایی شەرعیەتی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە.
- پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و ئەگەری توندوتیژی: لە ساڵەکانى (2019 و ٢٠٢٢)دا دەرکەوت کە قەیرانە داراییەکان بە خێرایی دەگۆڕدرێن بۆ ناڕەزایەتیی بەرفراوان کە ڕەنگە بەرەو توندوتیژی پەرە بسێنێت، لە لایەکى دیکەوە میلیشیاکان بەهێزتر دەبن، ئابووریی هاوتەریب سەر هەڵدەدات، تۆڕەکانی قاچاخچێتی دروست دەبن بۆ پڕکردنەوەى بۆشاییەکە و توانای بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی پارێزگاکان لاواز دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بێسەرەوبەرەیی(45).
- ئایا عێراق جێگرەوەى جوگرافیای هەیە؟
- بۆریی عێراق-تورکیا (جەیهان): توانای هەناردەکردنى 6 ملیۆن بەرمیلى هەیە لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە ساڵی (٢٠٢٣)ەوە بە هۆکارى سیاسی پەک خراوە و تەنانەت ئەگەر دەست بە کارەکانی بکاتەوە، تەنها 45%ی هەناردەی باشوور دەگرێتەوە(46).
- بژاردەی بۆریی ئوردن/عەقەبە: هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و دانوستاندایە و تا چەند ساڵێکى تر ئامادە نابێت و توانای سنووردارە.
هەڵسەنگاندنی توانای جێگرەوەکان لە سیناریۆی داخستنی گەرووەکاندا
- وڵاتانی هەناردەکاری کەنداو
- عەرەبستان: لە ڕووی تیۆرییەوە دەتوانێت زۆربەی هەناردەکردنی لە ڕێگەی بۆریی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاواوە ئەنجام بدات، بەڵام ئەمە پێویستی بەوە هەیە کە بەوپەڕى تواناى خۆیەوە کار بکات، واتە (5-7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا) لەگەڵ گونجانی ژێرخانی یانبوع بۆ ئەو کارە(47).
- ئیمارات: دەتوانێت زۆربەی نەوتەکەی لە ڕێگەی بۆریی حەبشان-فوجەیرە هەناردە بکات، بەڵام بە تواناى 1.5-1.8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا(48).
- عێراق، کوێت، قەتەر، بەحرەین: لە ڕووى پراکتیکەوە تواناى هەناردەکردنیان نامێنێت، لە ئەگەری داخستنی تەواوەتیی گەرووى هورومز بە هۆی نەبوونی ڕێگای جێگرەوەوە. قەتەر دەتوانێت هەوڵی گۆڕینی ڕێڕەوی بەشێک لە ”LNG” بدات لە ڕێگەی ڕێکخستنى کارەکە لەگەڵ بەندەرەکانی دیکە، بەڵام ئەمە قەرەبووی ئەو قەبارەیە ناکاتەوە کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت(49).
- ئێران: سەرەڕای قسەوباسەکانی سەبارەت بە تێپەڕاندنى هورمز، بە شێوەیەکى تەواو وابەستەی دوورگەی خارک و بەندەرەکانیەتى لە کەنداوی فارس. هێڵی بۆریی غورە-جاسک هێشتا نەبووەتە جێگرەوەیەکى سەرەکی و کاریگەر و داخستنی گەرووەکە بە مانای لەدەستدانی بەشێکی بەرچاو لە داهاتی نەوتی خۆی دەبێت، ئەمەش ڕوونى دەکاتەوە کە بۆچی ئێران دوودڵە لە جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی هەڕەشەی داخستنی گەرووەکە(50).
- هاوردەکارانی سەرەکی (ئاسیا، ئەورووپا و ئەمەریکا)
- چین: خاوەنی یەدەگی زۆرە و هەمەچەشنییەکی فراوانی جوگرافییە لە هاوردەکردن (ڕووسیا، ئەفەریقا، ئەمەریکای لاتین)، بەڵام تا ئێستاش ڕووبەڕووى ئاستەنگییەکی زۆر دەبێتەوە، چونکە بەشێکی بەرچاو لە هاوردەکردنی وزەى لە عەرەبستان و عێراق و ئیماراتەوە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت(51).
- هیندستان: نزیکەی 40-50%ی هاوردەکردنی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی گەرووى هورمزەوە دابین دەبێت، لەگەڵ یەدەگی ستراتیژیی تا ڕادەیەک سنووردار، ئەمەش وا دەکات کە ڕووبەڕووى فشاری هەڵئاوسان و دارایی زیاتر ببێتەوە لە ئەگەری داخرانى گەرووەکە بۆ ماوەیەکى درێژخایەن(52).
- ژاپۆن و کۆریای باشوور: سەرەڕای خاوەندارێتیی یەدەگی تا ڕادەیەک گەورە، پشتبەستنی ژاپۆن بە نەوتی هورمز دەگاتە نزیکەی 70-80% و کۆریای باشوور نزیکەی 60%، ئەمەش وای کردووە ئاسایشی گەرووەکە ببێتە پرسێکی بونیادى بۆ ئابووریی ئەو دوو وڵاتە(53).
- ئەورووپا: زۆرترین کاریگەریی تایبەتە بە گازی سروشتیی شلی قەتەرەوە (LNG)، لەبەر ئەوەى نزیکەی 10%ی هاوردەکردنی ”LNG”ی ئەورووپا بە هورمزدا تێدەپەڕێت، سەربارى هاوردەکردنی بەشێک لە نەوتى عەرەبستان و عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە(54).
- ئەمەریکا: بە هۆی شۆڕشی نەوتی بەردینەوە، کەمتر پشت بە نەوتی کەنداو دەبەستێت، بەڵام تا ئێستاش بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی و زنجیرە دابینکردنی دەریایی (کەشتیوانی، بیمە، تێچووی گواستنەوە) لە ژێر کاریگەریدایە، سەربارى بوونى بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لە ئاسایشی هاوپەیمانە ئاسیایی و ئەوروپییەکانیدا.
ئەنجامگیری
گەرووی هورمز شاڕەگێکى ئابووریی جیهانییە، کە بەشێکی بەرچاو لە نەوت و گازی سروشتیی شل لە جیهاندا پیایدا تێدەپەڕێت. هەر جۆرە داخستنێک، تەنانەت داخستنی کاتییش، دەبێتە هۆی شۆکێکی ئابووریی دەستبەجێ و بەربڵاوی جیهانی، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزە، هەڵئاوسان، زیادبوونی تێچووی کەشتیوانی و بیمە و پەککەوتنی زنجیرەکانی دابینکردن. ئەم کاردانەوانە دەتوانن ببنە هۆی خاوبوونەوەی ئابووریی جیهانی یان تەنانەت پاشەکشەش لە گەشەى ئابووریدا. ئابوورییە گەورەکانی ئاسیا وەک چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور بە هۆی پشتبەستنی زۆریان بە هاوردەکردنی نەوت و گازى سروشتیى شل لە ڕێگەی گەرووى هورمزەوە؛ زۆرترین زیانیان بەر دەکەوێت، بەڵام لاوازییان بە پێی هەوڵەکانیان بۆ هەمەچەشنکردن و یەدەگە ستراتیژییەکانیان دەگۆڕێت. هەروەها وڵاتانی هەناردەکار لە کەنداوی فارس، بە خودی ئێرانیشەوە، لە ئەگەری داخستنی گەرووەکەدا وڵاتەکانیان تووشی داڕمانى ئابووریی توند و زیانێکی گەورە دەبێت. سەرەڕای هەڕەشە دووبارەبووەکانى ئێران، داخستنی درێژخایەنی گەرووی هورمز بە ئەگەرێکی زۆر بەدوور لە ڕوودان دادەنرێت، بە هۆى یەکەم ئەو دەرئەنجامە ئابوورییە وێرانکەرانەی کە بۆ ئێرانى دەبێت و دووەم بە هۆى بوونى هێزی دەریایی ئەمەریکا کە بە هەر شێوەیەک کە بووە هەوڵ دەدات ڕێگرى لەو کارە بکات. بۆرییە جێگرەوەکان و یەدەگی ستراتیژیی نەوت دەتوانن بۆ ماوەیەک بەرگەى داخستنى گەرووەکە بگرن، بەڵام لە درێژماوەدا ناتوانن بە تەواوی کەمیی دابینکردنى وزە قەرەبوو بکەنەوە. عێراق هیچ جێگرەوەیەکى خێراى نییە لە ئەگەرى داخرانى گەرووی هورمزدا و دەبێتە قوربانیی شەڕێک کە هیچ ڕۆڵێکى تیایدا نییە و لە هەمان کاتدا قورسترین بارگرانیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دەکەوێتە سەر شان و دەبێتە یەکەم وڵات کە ئابوورییەکەى هەرەس دەهێنێت. هەڕەشەی داخستن یان پچڕانی کورتخایەنى تێپەڕینی وزە دەتوانێت ببێتە هۆی ناجێگیرییەکی بەرچاوی نرخەکان و کاردانەوەی نەرێنیی ئابووری. بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووریی جیهانی، پێویستە هەوڵەکان لە سەر بەهێزکردنی گفتوگۆی دیپلۆماسی، دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەکە و بەردەوامبوونی ستراتیژییەکانی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانى وزە و بەهێزکردنی یەدەگە ستراتیژییەکان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووى هورمز؛ چڕ بکرێنەوە.
سەرچاوەکان
- Amid regional conflict, the Strait of Hormuz remains critical oil chokepoint. June 16, 2025
- About one-fifth of global liquefied natural gas trade flows through the Strait of Hormuz June 24, 2025
- Potts, D. T. (1990). The Arabian Gulf in antiquity. Oxford: Oxford University Press.
- Potts, D. T. (1997). The Archaeology of Elam. Cambridge University Press.
- Daryaee, Touraj (2003). “The Persian Gulf Trade in Late Antiquity
- An overview of Iran’s main gas field and oil infrastructure. June 16, 20254:25 PM GMT+3Updated June 16, 2025
- Yergin, D. (1991). The Prize: The Epic Quest for Oil, Money, and Power.
- Milward, A. (1984). The Reconstruction of Western Europe 1945–51.
- Louis, W. R. (2006). Ends of British Imperialism.
- Gause, F. G. (2010). The International Relations of the Persian Gulf.
- Gause, F. G. (2010). The International Relations of the Persian Gulf.
- PDF (iea.blob.core.windows.net).
- Potts, D. T. (1990). The Arabian Gulf in Antiquity. Oxford: Clarendon Press.
- Yergin, D. (2011). The Prize: The Epic Quest for Oil, Money & Power. New York: Simon & Schuster.
- S. Department of Defense. (2001). the Persian Corridor and Aid to Russia. Washington, DC.
- Yergin, D. (1991). The Prize: The Epic Quest for Oil, Money, and Power. New York: Simon & Schuster.
- Gause, F. G. (2010). The International Relations of the Persian Gulf. Cambridge University Press.
- Yergin, D. (1991). The Prize: The Epic Quest for Oil, Money, and Power. New York: Simon & Schuster.
- Louis, W. R. (2006). Ends of British Imperialism.
- (2023). The Strait of Hormuz is the world’s most important oil chokepoint.
- Cordesman, A. H. (2014). Iran and the Gulf Military Balance. CSIS
- S. Energy Information Administration — Country Analysis Brief: Iran (2024)
- JPMorgan Chase & Co. (2024). Oil Markets under Extreme Geopolitical Risk. New York.
- S. Energy Information Administration. (2023). World Oil Transit Chokepoints: Strait of Hormuz. Washington, DC.
- International Monetary Fund. (2023). World Economic Outlook: Energy Price Shocks and Inflation. Washington, DC.
- (2024). Review of Maritime Transport: Chokepoints and Trade Disruption. Geneva.
- (2023). World Oil Transit Chokepoints: Strait of Hormuz. Washington, DC.
- (2023). The Strait of Hormuz is the world’s most important oil chokepoint.
- (2023). Country Analysis Brief: Iran. Washington, DC.
- S. Energy Information Administration. (2024). Country Analysis Brief: Iran.
- (2023). The Strait of Hormuz is the world’s most important oil chokepoint. U.S. Department of Energy.
- S. Energy Information Administration. (2024–2025). Weekly Petroleum Status Report.
- S. Energy Information Administration. (2024–2025).
- (2024). Oil 2024 – Security of Supply. Paris.
- International Energy Agency. (2023). Japan 2023 energy policy review. IEA.
- International Energy Agency. (2021). India energy outlook 2021. Paris: IEA.
- International Energy Agency. (2024). Oil Market Report. Paris: IEA.
- International Energy Agency. (2024). Medium-Term Oil Market Report 2025. Paris: IEA.
- (2024–2025). Monthly Oil Market Report. Vienna: OPEC Secretariat.
- S. Energy Information Administration. (2024). Iraq exports most of its crude oil from the Persian Gulf through the Strait of Hormuz. Washington, DC.
- International Monetary Fund. (2024). Republic of Iraq: Article IV Consultation. Washington, DC.
- Ministry of Finance – Republic of Iraq. (2024). Federal Budget Law 2024. Baghdad.
- United Nations Development Programme. (2023). Energy and Service Delivery Risks in Iraq. Baghdad.
- International Monetary Fund. (2024). Republic of Iraq: Article IV Consultation. Washington, DC.
- International Energy Agency. (2024). Oil Market Report. Paris: IEA.
- S. Energy Information Administration. (2024). Iraq–Turkey (Ceyhan) crude oil pipeline capacity and operations. Washington, DC.
- Abu Dhabi National Oil Company. (2023). Abu Dhabi crude oil pipeline (ADCOP) specifications.
- (2023). LNG export facilities and shipping routes.
- S. Energy Information Administration. (2024). Iran country analysis brief. Washington, DC.
- S. Energy Information Administration. (2024). China country analysis brief. Washington, DC.
- S. Energy Information Administration. (2024). India country analysis brief. Washington, DC.
- S. Energy Information Administration. (2024). Japan country analysis brief. Washington, DC.
- International Energy Agency. (2024). Gas Market Report. Paris: IEA.
- S. Energy Information Administration. (2024). U.S. petroleum production and imports. Washington, DC.
كوردی

