له ڕێگه‌ی ئاوریشمییه‌وه بۆ ڕێگای دیجیتاڵی و شه‌ڕی مایكرۆچیپس
شاڕێیه‌كانی دیپلۆماسی و سیستمی نوێی جیهانی
ئامادەكردن: سه‌نگه‌ر ڕەسووڵ/ توێژه‌ر له ئابووریی سیاسی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان

له ئێستادا جیهان ئه‌زموونی شه‌ڕی دووه‌می سارد ده‌كات، هه‌ر چه‌نده شه‌ڕی ساردی یه‌كه‌م زیاتر په‌یوه‌ست بوو به پێشبڕكێی ئه‌تۆم و چه‌ک، به‌ڵام له ڤێرژنی دووه‌میدا شه‌ڕی سارد له چه‌ک و ئه‌تۆمه‌وه په‌ڕیوه‌ته دروستكردنی ڕێڕه‌وه‌كان و به‌ده‌ستخستنی ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو. له‌و چوارچێوه‌یه‌ی شه‌ڕی دووه‌می ساردیشدا، چین له ساڵی 2013دا به ڕاگه‌یاندنی پڕۆژه‌ی دروستكردنی ڕێگای ئاوڕیشمی سەرنجی جیهانی بۆ لای گرنگیی دیپلۆماسیه‌ت و جیۆپۆله‌تیكی ڕێڕه‌وه‌كانی ڕ‌اكێشا. له به‌رامبه‌ریشدا، ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌كان دژ به مه‌رام و ئه‌جێندا شاره‌واكانی پشت ئه‌و پڕۆژه‌ی ڕێگای ئاوریشمی ده‌ستیان به جووڵه كرد، له ده‌رئه‌نجامیشدا نه‌ک پڕۆژه‌كه سارد و خاو نه‌بوویه‌وه، به‌ڵكوو فراوانتر و كاریگه‌رتر خۆی له چوارچێوه‌ی سیستمی ئابووری و بازرگانیی جیهانی به‌یان كرد و په‌ڕییه‌وه بۆ ململانێی ته‌كنه‌لۆژیا پێشكه‌وتووه‌كانیش. له‌و نێوه‌نده‌شدا جوگرافیای وڵاتانی مامناوه‌ند بوونه مه‌یدانێک بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی زلهێزه‌كان و ئه‌مه‌ش بووه هۆی له‌دایكبوونی ژماره‌یه‌ک ڕێڕه‌وی ئه‌لته‌رناتیڤ تاوه‌كوو بتوانرێت له داهاتوودا وه‌كوو كارتێک له گه‌مه سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییه‌كاندا به‌كار بهێنرێن. ئه‌مه‌ش وه‌كوو ڕێگای گه‌شه‌پێدانی عێراقی، ڕێگای داوودی ئیسڕائیلی و ڕێگای هیندستان-ڕووسیا بۆ ئه‌ورووپا. دروستبوون و كه‌وتنه‌كار و كۆنترۆڵكردنی ئه‌و ڕێڕه‌وانه ڕۆڵی كاریگه‌ر ده‌گێڕێت له سیستمی نوێ و داهاتووی جیهانیدا كه ئێستا له ژانی له‌دایكبووندایه. بۆیه ئه‌م لێكۆڵینه‌وه هه‌وڵێكه بۆ تێگه‌یشتن له كاریگه‌ری و ستراتیژیه‌ته‌كانی به‌كارهێنانی ئه‌و ڕێره‌وه دیپلۆماسییانه، هه‌م له بواری ئابووری و بازرگانی و هه‌میش له جیۆسیاسی و ململانێكانی داهاتوودا.
ڕێگا وه‌كوو سه‌ره‌داوی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون
چینییه‌كان وته‌یه‌كی باویان هه‌یه: “ده‌ته‌وێت ده‌وڵه‌مه‌ند بیت؟ یه‌كه‌م جار ڕێگاكان دروست بكه و بونیاد بنێ!” ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ڕیفۆرم و ستراتیژیه‌تانه‌ی له دوای گۆڕانكارییه‌كانی ساڵی 1978 به‌دواوه له‌و وڵاته ده‌ستی پێ كرد و به پێی توێژینه‌وه‌كان و چاودێریكردنی لێكۆڵه‌رانی ئابووری ده‌ركه‌وت، كه پێكه‌وه‌به‌ستی گوند و شارۆچكه به‌ربڵاوه‌كانی سه‌رزه‌وییه فراوانه‌كانی چین به شاڕێیه‌كان، نه‌ک بووه هۆكارێک بۆ كارئاسانیی هاتوچۆ و گواستنه‌وه، به‌ڵكوو داهاتی ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵكیشی زیاد كرد و هه‌لی كاری زیاتریشی ڕه‌خساند. بۆیه ئه‌م وانه‌یه‌ی بونیادنانی ڕێگا و كۆكردنه‌وه‌ی سامان بۆ چینییه‌كان به‌س بوو كه چۆن بیكه‌نه چه‌كێكی دیپلۆماسی له ڕێی زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێگای دێرین و كۆنی پێكبه‌ستنه‌وه‌ی چین به ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌ورووپا بكه‌نه ستراتیژیه‌تێكی مۆدێرن بۆ سه‌رده‌مێكی چاوه‌ڕوانكراوی نوێ. بۆیه له ساڵی 2013دا چین پڕۆژه زه‌به‌لاحه‌كه‌ی ڕێگای ئاوریشمی له ژێر دروشمی “یه‌ک پشتێنه و یه‌ک ڕێگا” ڕاده‌گه‌ینێت.
له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردووش‌دا، هاوشان له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی چین بۆ بونیادنانه‌وه‌ی ڕێگای ئاوریشمی، ستراتیژیه‌تی زلهێزه جیهانییه‌كانیش گۆڕدرا و چیدیكه قه‌تیس نه‌ما له چوارچێوه‌ی بلۆكی كۆنی سه‌ربازی، به‌ڵكوو دیقه‌ت و پرسیاره‌كان كه‌وته سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ ڕێگاكه دروست ده‌كات؟ له ژێر كۆنترۆڵی كام لایه‌ن ده‌بێت؟ له چ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه فه‌ند و پشتگیریی دارایی ده‌كرێت؟ پێكبه‌ستنه‌وه و دیزاینی نێتۆركه‌كانی ڕێگاكان له ده‌سه‌ڵاتی كێدا ده‌بێت؟ به تایبه‌تییش ژێرخانه پێویستییه‌كان و هێڵه ئه‌لكترۆنییه‌كان و داهات چۆن ڕێک ده‌خرێن و كۆنترۆڵ ده‌كرێن؟
له ئه‌نجامی ورووژاندنی ئه‌و پرسیارانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت به هۆی سروشتی سه‌ربه‌خۆیی میكانیكی كاركردنی ڕێڕه‌وه‌كان، ژێرخانی دیجیتاڵی و ئه‌لكترۆنییه‌كه‌یه‌وه، به هۆی لینكه‌كانی سه‌رچاوه‌ی كاڵاكان (Supply-Chain linkage)، ئه‌وا هه‌ژموون و باڵاده‌ستی چیتر به ته‌نها له ڕێی دیپلۆماسیه‌ت و هێزه‌وه به‌ده‌ست نایه‌ت، به‌ڵكوو له ڕێی كاڵا و شمه‌ک و پێدانی قه‌رز و ستاندارده‌كانی به‌رهه‌مه‌كانه‌وه ڕه‌سم ده‌كرێت. بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له‌و جیۆپۆله‌تیكه‌ی ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ییه یاخود تێرمی باوی جیۆپۆله‌تیكی پێكبه‌ستنه‌وه‌یی (Geopolitics of connectivity) و ڕێگای ئاوریشمی و ڕێڕه‌وه‌كانی دیكه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ له هیندستانه‌وه بۆ به‌نده‌ری فاو و حه‌یفا و تا نۆكه‌ندی سوێس-گرنگ و پێویستین بۆ ئه‌وه‌ی لێی هه‌ڵێنجین كامه هێز ده‌بێته براوه‌ی ده‌یه‌كانی داهاتوو، كامه هێزیش خراپ ده‌كه‌وێته سه‌ر زه‌وی-، لێره‌دا مه‌به‌ست ده‌وڵه‌ت و هێزێكی دیاریكراو نییه، به‌ڵكوو سیستم و ستراتیژیه‌ته‌كانه بۆ ئیداره‌دانی دیبلۆماسیه‌تی شاڕێ و ڕێڕه‌وه‌كان.
له‌و سیستمی جیۆپۆله‌تیكی ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ییەدا كه له ئێستادا ڕوو ده‌دات، هه‌ر قازانج و بونیادنان نییه، به‌ڵكوو شێوه‌ی شمشێری دوو سه‌ر؛ مه‌ترسی و داڕمانیش بوونی هه‌یه. بۆ زۆرێک له گه‌لان بونیادنانی ژێرخانی ڕێگاوبان ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی بارگرانی و كه‌وتنه ژێر باری قه‌رزی زۆروزه‌وه‌ند و له هه‌ندێک باریشدا له‌ده‌ستدانی سه‌ربه‌خۆیی و یاخود پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه‌ی ده‌ره‌كی بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ، ئه‌مه‌ش به ڕوونی ئه‌زموون كرا كاتێک له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی ڕێگای ئاوریشمی چینەوه ژماره‌یه‌ک وڵاتانی ئه‌فەریقی و ئه‌ورووپی له ڕێی دروستكردن و بونیادنانی وه‌ک هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و به‌نده‌ره‌كان كه‌وتنه ژێر باری كۆمه‌ڵێک كۆتوبه‌ندی كۆمپانیا و لایه‌نی جێبه‌جێكار و قه‌رزده‌ری چینییه‌وه، كه دواتر له فه‌رهه‌نگی سیاسیی ڕۆژئاوا-ئه‌ورووپییه‌كان به “ته‌ڵه‌ی قه‌رز” ناو نرا. بۆ تێگه‌یشتن له به‌ها و قازانج، له به‌رامبه‌ریشدا كێشه و زیانه‌كانی ئه‌و دیپلۆماسیه‌ته مۆدێرنه‌ی ڕێڕه‌وه‌كان، ئه‌م توێژینه‌وەیە چه‌ند پرسیار و ئارگومێنتێک شه‌نوكه‌و ده‌كات بۆ تێگه‌یشتن له وێناكردنی داهاتووی سیستمی نوێی جیهانی كه به‌ڕێوه‌یه و ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ش بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی گۆمی شێلوی ئێستای پێكدادانی زلهێزه جیهانییه‌كانه نه‌ک بۆ په‌سندكردن و پشتگیریكردنی لایه‌نێک دژ به لایه‌كی دی.
ڕێڕه‌وه‌كانی دیپلۆماسی له چاویلكه‌ی ڕێگای ئاوریشمی و ته‌ڵه‌ی قه‌رز
له زۆر كۆنه‌وه ڕێگای ئاوریشمی ڕێڕه‌وی ئابووری و كو‌لتووری بووه، چ له ڕێگای وشكانی و چ له ڕێ ئاوییه‌كانیشی. بۆیه چاینا ده‌یه‌وێت ئه‌و شه‌رعیه‌ته و پێگه مێژووییه‌ی ڕێڕه‌وه‌كه هه‌یه‌تی، له سه‌رده‌می تازه و مۆدێرندا، نه‌ک ته‌نها له ڕووی ئابووری و كولتوورییه‌وه، له ڕێگه‌ی بونیادنانی شه‌قام و ئۆتۆبان و به‌نده‌ر و هێڵی ئاسنینی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ته‌نانه‌ت بۆرییه‌كانیش، بكاته ئامرازێک بۆ باڵاده‌ستی و به‌كارخستنی دیپلۆماسیه‌ت و جیۆپۆله‌تیک و ببێته بنه‌مایه‌ک بۆ ژێرخانی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی.
چونكه ڕێگه‌ی ئاوریشمی به ته‌نها شتومه‌ک و كاڵا ناگوازێته‌وه، له‌گه‌ڵیدا هه‌ژموون و باڵاده‌ستی، كاریگه‌ربوونی هێزی نه‌رم و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه و بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری كو‌لتووری و تێكه‌ڵبوون دروست ده‌كات و ئه‌مه‌ش زۆر جار له گرێبه‌ستێكی ئابووریدا ڕه‌نگ ناداته‌وه ئه‌گه‌ر ڕێڕه‌وێک بوونی نه‌بێت. تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی ئه‌و ڕێگا ئاوریشمه مۆدێرنه‌ی ئه‌مڕۆ له‌چاو كۆنه‌كه ئه‌وه‌یه كه له مێژووی خۆیدا ڕێگای ئاوریشمی زیاتر لامه‌ركه‌زیه‌ت-ناناوه‌ندی به‌ڕێوه چووه، به‌ڵام له ستراتیژیه‌تی ئێستایدا كه چاینا دروستی ده‌كاته‌وه، زیاتر ناوه‌ندی و یه‌ک ئیداره‌یی به‌ڕێوه‌بردن كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی چین ده‌بێت؛ به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێـت. جگه له‌وه‌ش، به هۆی فراوانبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و قه‌باره‌ی داهاته‌كان و خه‌رجییه‌كان و پێشكه‌وتنه ته‌كنه‌لۆژییه‌كان، هه‌ر لایه‌نێک ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ڕێڕه‌وه‌كه‌دا ڕەها بێت، ئه‌وا هه‌ژموون و كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌چاو كۆنترۆڵكردنی ڕێگای ئاوریشمی كۆن زۆر زێده‌تر و كاریگه‌رتره. بۆیه ده‌توانین بڵێین: ڕێگای ئاوریشمی سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م و گرنگی دیپلۆماسیه‌تی ڕێڕه‌وه‌كانه كه بووەته یه‌كێک له پایه گرنگه‌كانی جیۆپۆله‌تیكی جیهانی ئه‌مڕۆ و سه‌رده‌مه‌كه بۆ نه‌خشاندنی وێنەی داهاتووی سیستمی جیهانی.
سیحری ته‌ڵه و داوی قه‌رز له جیۆپۆله‌تیكی مۆدێرن
په‌ندێكی كۆنی چینی هه‌یه ده‌ڵێت:”له جۆری ته‌ڵه و داونانه‌وه‌كه مه‌ترسه، به‌ڵكوو له‌و شته بترسه كه بۆت دانراوه بیخۆیت یا بیبه‌یت”، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه چۆله‌كه‌كه یان ته‌نانه‌ت مرۆڤیش به هۆی زیره‌كی و ئالۆزیی ته‌ڵه‌كه‌وه نییه تێده‌كه‌وێت، به‌ڵكوو ئاره‌زوو و ته‌ماحی ئه‌و شته‌یه كه له چوارچێوه‌ی ته‌ڵه‌كه به هه‌رزانی و سانایی بۆی دانراوه تا ڕایبكێشێت. له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆشدا قه‌رزده‌ری نێوده‌وڵه‌تی له هه‌ر لایه‌كه‌وه بێت كۆمه‌ڵێک مه‌رج و ڕێوشوێنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته یان ئه‌و بانكه نێوده‌وڵه‌تییه به‌سه‌ر داواكاری قه‌رزدا ده‌سه‌پێنێت كه مامه‌ڵه‌كه به پێی جۆری شوێن و باری دارایی وه‌رگر و قه‌رزده‌ر ده‌گۆڕدرێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ژماره‌یه‌ک له‌و قه‌رزانه‌ی له ناو بازنه‌ی پڕۆژه‌ی ڕێگای ئاوریشمی به وڵاتانی داهات مامناوه‌ند دراون، بارودۆخێكی ناله‌باری بۆ دروست كردوون، به تایبه‌تی له به‌شێک له وڵاتانی ئه‌فەریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا كه دوای پێدانی قه‌رزه‌كان بۆ دروستكردنی ژێرخانه پێویستییه‌كان، ده‌ركه‌وتووه شێوازی دانه‌وه‌ی قه‌رز و مه‌رج و ڕێككاره یاساییه‌كانی زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمپانیا و بانكه چینییه‌كاندا بووه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌ركه‌وت كه شێوازی گرێبه‌سته‌كان هه‌ر به ته‌نها له چوارچێوه‌ی چه‌مک و پابه‌نده داراییه‌كاندا سنووردار نه‌كراون، به‌ڵكوو به كۆمه‌ڵێک كۆتوبه‌ندی كاریگه‌ری سیاسییشه‌وه كۆتوبه‌ند كراون.
بۆ نموونه؛ له كه‌یسی وڵاتی ئه‌ورووپی مۆنتینیگرۆ به وه‌رگرتنی نزیكه‌ی یه‌ک ملیار دۆلاری ئه‌مەریكی قه‌رز له بانكێكی بازرگانیی چین له ساڵی 2014دا (ئه‌وكات ده‌یكرده 25%ی جه‌ی دی پیی وڵاته‌كه‌ی)، بۆ مه‌به‌ستی بونیادنانی ئۆتۆبان -ڕێگای سه‌ره‌كی له به‌نده‌ری باره‌وه بۆ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ورووپی. هه‌ر چه‌نده یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هۆشداریی به مۆنتینیگرۆ دا كه ئه‌و گرێبه‌سته واژوو نه‌كات، به‌ڵام گوێی پێ نه‌دا و له ساڵانی دواتردا په‌شیمان بوویه‌وه له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێک، له‌وانه: به هۆی زۆریی تێچووی دروستكردنی ڕێگاكه و زۆریی بڕینی گرد و شاخ و تونێله‌كان، وای كرد ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌ش ته‌واو بكات داهاتی ڕێڕه‌وه‌كه ئه‌وه‌نده نابێت له‌چاو ئه‌و بودجه زۆری كه پێویسته خه‌رجی بكات و له‌وه‌ش خراپتر به پێی به‌نده‌كانی گرێبه‌ستی واژووكراو له‌گه‌ڵ لایه‌نی چینی‌دا له كاتی شكستهێنانی مۆنتینیگرۆ له پێدانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی، ئه‌وا لایه‌نی چینی ده‌توانێت له جیاتیی قه‌رزه‌كه خاوه‌ندارێتی له به‌شێک له موڵكه‌كانی ده‌وڵه‌ت وه‌كوو به‌نده‌رێكی گرنگ له ڕووی جیۆپۆله‌تیكییه‌وه بۆ چین هه‌ژمار ده‌كرێت.
مۆنتینیگرۆ له ساڵی 2021دا هانای بۆ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا برد بۆ ڕزگارکردنی له‌ده‌ست قه‌رزی چین، به‌ڵام یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ئاماده نه‌بوو هاوكاریی بكات. دواتر له 2024دا له‌گه‌ڵ چین له دانوستانێكدا پێداچوونه‌وه‌ی به چه‌ند بڕگه‌یه‌كی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی كرد، به‌ڵام زۆربه‌ی پابه‌ندییه‌كانی وه‌ک خۆی مایه‌وه و به پێی ڕێككه‌وتنه‌كه تا 2034 ده‌بێت له ژێر مه‌رج و دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی چیندا بێت.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی ڕێگای ئاوڕیشمی و له کیشوەری ئه‌ورووپادا به ته‌نها بە قه‌رزپێدان بۆ پڕۆژه‌كان نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكوو وه‌به‌رهێنانی چه‌كێكی دیكه‌ی چینییه‌كانه. بۆ نموونه؛ له كه‌یسی وه‌به‌رهێنان له به‌نده‌ری پیرایۆسی یۆنانی (Piraeus)، دوای وه‌به‌رهێنان تێیدا و فراوانكردنی، ئه‌وا كۆمپانیای گواستنه‌وه‌ی كه‌شتیی چینی (COSCO) توانیی ببێته خاوه‌نی نیوه‌ی زیاتری پشكه‌كانی به‌نده‌ره‌كه. جگه له‌وه‌ش، له کیشوەری ئه‌مەریكاش هه‌ردوو به‌نده‌ری گرنگی چوون و هاتن له كه‌ناڵی په‌نه‌ما له لایه‌ن كۆمپانیای چینییه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن كه نزیكی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكایه، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌شه به‌م دواییانه ئه‌مەریكا داوای خاوه‌ندارێتیی ئه‌و به‌نده‌رانه له هه‌ردوو لای كه‌ناڵه‌كه ده‌كاته‌وه.
ئه‌مه‌ش له لایه‌ن ڕكابه‌رانی چینەوە وه‌كوو جێپێكردنه‌وه‌ی چینە له ده‌روازه‌یه‌كی گرنگی ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ش یارییه جیۆپۆله‌تیكه‌كانی داهاتوو ئاڵۆزتر ده‌كات. له کیشوەری ئه‌فەریقاشدا كۆمپانیا و بانكه چینییه‌كان پێدانی قه‌رز و دیزاینكردن و جێبه‌جێكردن و له زۆر باریشدا به‌ڕێوه‌بردنیشی به یه‌ک پاكێج ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وای كردووه له ڕووی جیۆپۆله‌تیكییه‌وه چین هه‌ژموونی به‌سه‌ر به‌شی زۆری کیشوەرەکەدا هەبێت.
له دوای ڕوونبوونه‌وه‌ی وێنە گه‌وره‌كه‌ی دیپلۆماسیه‌تی ڕێڕه‌وه‌كانی چین، به‌نده‌ر و ئۆتۆبان و هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌وا ده‌وڵه‌تی ئیتاڵیا له ساڵی 2023دا په‌شیمان ده‌بێته‌وه و دێته ده‌ره‌وه له‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ی له‌گه‌ڵ چینی ئیمزا كردبوو له ساڵی 2019دا.
لێره‌دا ڕاستییه‌ک هه‌یه ده‌بێت و گرنگیشه ئاماژه‌ی پێ بدرێت، ئه‌م خۆبه‌دوورگرتن و به خراپ وه‌سفكردنی وه‌به‌رهێنانه‌كانی چین و قه‌رزه‌كانی؛ به پێی لێكدانه‌وه و لێكتێگه‌یشتنی بلۆكی ڕۆژئاوایه، له بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌كه په‌یوه‌ست به قازانجی زۆروزه‌وه‌ندی كۆمپانیا و بانكه چینییه‌كانه‌وه نییه هێنده‌ی مه‌ترسییه له‌و هه‌ژموون و جیۆپۆله‌تیكی دیپلۆماسیه‌تی ڕێڕه‌وه‌كان له ڕێگه‌ی ڕێی ئاوڕیشمییه‌وه دێته بوون.
له‌م ڕوونكردنه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه تێده‌گه‌ین كه بۆچی گه‌لانی داهات مامناوه‌ند و كه‌م داهات ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه هه‌ژارن له ئیداره‌دانی سامانی ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆیاندا پێویسته به وریاییه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره گرێبه‌ستێكی وه‌به‌رهێنان، پێدانی قه‌رز و مه‌رج و شێوازه‌كانی دانه‌وه‌ی زۆر ورد بن، چونكه له سه‌رده‌می ئێستادا دروستكردنی ژێرخان و ڕێگه‌وبان و به‌نده‌ر و هێڵی ئاسنین چیدیكه بابه‌تێكی ئابووریی ڕووت نییه، به‌ڵكوو تێكه‌ڵه‌یه‌كه له هه‌ژموونی سیاسی و هێزی نه‌رمی وڵاتانی زلهێز و ته‌ڵه‌ی جیۆپۆله‌تیكی.
ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی چین كه ده‌بینن ستراتیژیه‌تی ڕێگای ئاوریشمی كه به درووشمی “یه‌ک پشتێنه و یه‌ک ڕێگا” ده‌ستی پێ كرد، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخانه هه‌ر ستراتیژیه‌تی نوێی بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه نه‌هێنایە ئارا‌وه، به‌ڵكوو ناوی پڕۆژه‌كه‌شی گۆڕی بۆ پڕۆژه‌ی ده‌ستپێشخه‌ریی پشتێنه و ڕێگا (Belt and Road Initiative)، هه‌روه‌ها میتۆد و ڕێگای نوێشی تێدا به‌كار هێنا كه له به‌شی داهاتوودا باسی لێوه ده‌كه‌ین.
چین گۆڕانكاری له ستراتیژیه‌تی ڕێگای ئاوڕیشمی دروست ده‌كات
له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی ڕه‌خنه‌كان دژ به پڕۆژه و تاكتیكه‌كانی ڕێگه‌ی ئاوریشمی، چین ژیرانه جووڵه ده‌كات و ستراتیژیه‌ت و پلانی نوێ دەهێنێته ئارا‌وه و عینادیی سیاسی ناكات به به‌رده‌وامیدان به‌و جۆره ستراتیژیه‌ته‌ی كه له لایه‌ن كۆمه‌ڵێک كارەكته‌ری نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ڕووبه‌ڕووی بوویه‌وه. له هه‌ڵسانگاندنی گۆڕانكارییه‌كاندا، چین بۆی ده‌ركه‌وت په‌له‌كردن له ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه چیتر پێویست نییه، هه‌روه‌ها هه‌ڵڕژانی قه‌رزیش به‌م جۆره له دوورمه‌ودا خزمه‌ت به خه‌زێنه‌ی چینیش ناكات، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات وڵاتان كه‌متر باوه‌ش بۆ پڕۆژه‌كه بكه‌نه‌وه. بۆیه له چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه‌كاندا ئه‌وله‌ویه‌ت به پڕۆژه گرنگه‌كان و پێگه هه‌ستیاره‌كان درا و جه‌ختیش له سه‌ر ئه‌و خاڵه كرایه‌وه ده‌بێت كواڵتیی پڕۆژه‌كانیش به‌رزتر بكرێنه‌وه له‌چاو ئه‌وانه‌ی پێشوو.
له هه‌مووشی گرنگتر، زیادكردنی به‌شێكی دیكه‌ی ستراتیژی بوو بۆ پڕۆژه‌كه، ئه‌ویش ڕێگای ئاوریشمیی دیجیتاڵی، كه له ڕێگه‌ی به‌دیجیتاڵیكردنه‌وه، دانان و به‌ستنی نێتۆركه‌كان و ڕاكێشانی فایبه‌ر ئۆپتیک و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی كلاود (cloud centers) و سۆفتوێره‌كان و مۆدێله‌كانی ئیداره‌دانی دەیتا و بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار، ئه‌وا چین ده‌توانێت به جۆرێكی دیكه هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و جوگرافیایه دا زاڵ بكات كه ژێرخانه ته‌كنه‌لۆژی و دیجیتاڵییه‌كه‌ی بۆ پێش ده‌خات. ئه‌م جۆره پێشخستنه له ستراتیژیه‌تی ڕێگای ئاوڕیشمی، ئه‌م ئاماژانه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت:
- چین ئه‌و پێكبه‌ستنه‌وانه‌ی دیجیتاڵی و ڕێگا و به‌نده‌ره‌كان به‌یه‌كه‌وه ته‌نها و ته‌نها وه‌كوو ئامرازێكی گواستنه‌وه و په‌یوه‌ندی ته‌ماشا ناكات، به‌ڵكوو سه‌رچاوه‌یه‌ک ده‌بێت بۆ دروستكردنی كاریگه‌ریی زیاتر و به‌ده‌ستخستنی زانیاری و دەیتای زیاتر.
- هه‌روه‌ها هه‌بوونی كۆنترۆڵ به‌سه‌ر ئامرازه‌كانی لایه‌نی نه‌رمی (سۆفت)ی ژێرخانه‌كانی ڕێڕه‌وه‌كان (ڕێسا و ڕێنماییه‌كان، دەیتا، عادات و شێوازی كار)، ئه‌وا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن كاریگه‌ریی ڕاسته‌قینه دروست ده‌كه‌ن هاوشێوه‌ی كۆنترۆڵكردنی ژێرخانه به‌رجه‌سته‌كانی وه‌كوو به‌نده‌ره‌كان و هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر.
- بۆیه له ئێستادا خه‌رجكردنی بودجه و تواناكانی كۆمپانیا چینییه‌كان بۆ پێشكه‌شكردنی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه به لایه‌نی به‌رامبه‌ر؛ زۆر له سه‌ر چین ده‌كه‌وێت، به‌ڵام له داهاتوودا به هۆی پشتبه‌ستن به ته‌كنه‌لۆژیا و ستاندارد و ڕێككاره‌كانی چین، وڵاتانی به‌كارهێنه‌ر بژارده‌ی دیكه‌یان نییه جگه له هه‌ماهه‌نگی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ چین.
له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانكاری و پێداچوونه‌وه‌ی گشتگیری چین بۆ پڕۆژه‌كه و سه‌رباری دروستكردنی گومانه‌كان له سه‌ر ئه‌جێندا شاراوه و دوورمه‌وداكانی كه له لایه‌ن بلۆكی ڕۆژئاوا دژ به پڕۆژه‌كه ورووژێنران، چین سه‌ركه‌وتوو بووه له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستپێشخه‌ریی پشتێنه و ڕێگا (Belt and Road Initiative)كه زیاتر به ڕێگای ئاوریشمی ئاشناتره، ئه‌وا نزیكه‌ی 150 ده‌وڵه‌ت و 30 دامه‌زراوه و ڕێكخراوی نێوده‌ڵه‌وتی یاداشتنامه‌ی لێكتێگه‌یشتن (Memorandum of Understanding) یاخود گرێبه‌ستی حه‌قیقیی وه‌به‌رهێنان و جێبه‌جێكردن واژوو كراوه. بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاومان زیاتر ڕوون بێت، سه‌رباری ئه‌و ڕه‌خنه و گومانانه‌ی كه ئاڕاسته‌ی ڕێگای ئاوریشمی كراون، به‌ڵام پڕۆژه‌كه له ژماره‌یه‌ک وڵات و شوێن سه‌ركه‌وتوو بوو له بونیادنان، بۆ نموونه:
- له پڕۆژه‌ی هێڵی ئاسنینی لاوس-چاینا (Laos-Boten-Vientiane (Laos-China) Railway)، كه له ساڵی (2021)ەوه به فه‌رمی كراوه‌ته‌وه و 60%ی تێچووی پڕۆژه‌كه به قه‌رزی چینی كراوه.
- پڕۆژه‌ی هێڵی ئاسنینی
- ئیندۆنیزیا-جاكارتا (Indonesia-Jakarta-Bandung High-Speed Railway)، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش له ساڵی 2023دا كراوه‌ته‌وه و دروستكردنی پڕۆژه‌كه‌ش به ئامێر و ته‌كنه‌لۆژیای چینی بووه و به هه‌ماهه‌نگیی هه‌ردوو لا.
- پڕۆژه‌ی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌سیۆپیا/جیپۆتی-ئه‌دیس ئابابا (Ethiopia/Djibouti – Addis Ababa-Djibouti Railway)، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش له ساڵی 2018دا كراوه‌ته‌وه كه توانای گواستنه‌وه‌ی به‌رزی هه‌یه.
- له وڵاتانی كینیا و كاراخستان و سریلانكاش به هه‌مان شێوه چه‌ندین پڕۆژه كه‌وتوونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، له هه‌مووشی گرنگتر هێڵی ئاسنینی گواستنه‌وه‌ی كاڵا و شمه‌ک له چینەوە بۆ ئه‌ورووپا له زۆر شوێن ته‌واو كراوه و به ده‌یان وڵاتی ئه‌ورووپی پێكبه‌ستنه‌وه‌ی بۆ كراوه.
ئه‌وه‌ی گرنگه له‌و به‌شه‌دا تێبگه‌ین كه دروستكردن و بونیادنانی ئه‌و ڕێڕه‌و و ژێرخانه ئابوورییانه به هۆی سه‌رده‌می نوێ و ته‌كنه‌لۆژیا و هه‌روه‌ها ستراتیژیه‌تی نوێی چین بۆ كاراكردنی ڕێگای ئاوریشمی دیجیتاڵی له پاڵ ئه‌و بیناكردنانه، ئه‌وا دیقه‌ت و گرنگیی زلهێزه‌كان گۆڕدرا بۆ پیشه‌سازییه‌كی دیكه‌ی دیجیتاڵی ئه‌ویش به‌رهه‌مهێنانی به‌هێزترین و پێشكه‌وتووترین مایكرۆچیپس (Chips, Semiconductors)و بلۆكی ڕۆژئاواش به تایبه‌تی ئه‌مەریكا و تایوان و كۆریای باشوور و هۆڵه‌ندا، به هۆی لینكییان له دروستكردنی ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیا پێشكه‌وتووه، ئه‌مه جگه له وڵاتانی دیكه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و ئوسترالیا و ژاپۆن و هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مەریكا، گوشار خستنه‌سه‌ر ڕێگای ئاوڕیشمی و ڕێگه‌گرتن له زیادبوونی هه‌ژموون و هێزی گلۆباڵی چین وه‌كوو هه‌نگاوی یه‌كه‌م سنوورداركردنی به‌ده‌ستخستنی ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه بوو.
ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیا پێشكه‌وتووه ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی ده‌بێت له ئیداره‌دان و چۆنیه‌تیی به كارایی كاركردنی ئه‌و ڕێڕه‌وانه و كات و بودجه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ته‌كنه‌لۆژیای مایكرۆچیپس (Chips, Semiconductors)ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كییه بۆ پێشخستنی ڕۆكێتی دوورمه‌ودا، فڕۆكه‌ی جه‌نگیی پێشكه‌وتوو، سیستمی به‌رگری و گه‌لێک ئامراز و چه‌كی دیكه‌ی سه‌ربازی و جگه له‌وه‌ش ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی ده‌بێت بۆ پێشخستنی ژیریی ده‌ستكرد (AI). له به‌شی داهاتوودا تیشک ده‌خه‌ینه سه‌ر ململانێكانی چین و بلۆكی ڕۆژئاوا به سه‌ركردایه‌تیی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا له سه‌ر ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرن و پێشكه‌وتوو، كه په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به جیۆپۆله‌تیک و دیپلۆماسیه‌تی ڕێڕه‌وه‌كانەوە هه‌یه.
مایكرۆچیپس و سامانه ده‌گمه‌نه‌كانی ژێر زه‌وی وه‌كوو چه‌كێكی كاریگه‌ری سه‌ده‌ی 21
ئابووریی مۆدێرن له به‌رگری و هێرشی سه‌ربازییه‌وه بۆ وزه‌ی خاوێن و سۆلار په‌نێل، مۆبایلی زیره‌ک و بۆ ئه‌ی ئای (AI)، به شێویه‌كی ڕاسته‌وخۆ و سه‌ره‌كی پشت به مایكرۆچیپس و سامانه ده‌گمه‌نه‌كانی ژێر زه‌وی (rare-earth elementsده‌به‌ستێت. هه‌ر چه‌نده ژماره‌یه‌ک وڵات كار له سه‌ر ده‌رهێنانی سامانه ده‌گمه‌نه‌كانی ژێر زه‌وی ده‌كه‌ن، به‌ڵام چین 60 بۆ 80 له سه‌دی هه‌موو جیهان پڕۆسه‌ی ده‌رهێنان جێبه‌جێ ده‌كات و كۆی گشتیی پاڵاوتن و جیاكردنه‌وه و ئاماده‌كردنی كۆتایی به‌رهه‌مه‌كه به زیاتر له 85%ی پشكی جیهان ده‌خه‌مڵێنرێت. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی هه‌ژموونی چینه به‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دا كه ڕاسته‌وخۆ پێویستیی سه‌ره‌كین بۆ به‌رهه‌مهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتووی چیس كه له كارگه‌كانی ئه‌مەریكا و كۆریای باشوور و تایوان دروست ده‌كرێن. به تایبه‌تییش تایوان كه زیاتر له 60% ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتووی چیپس به‌رهه‌م ده‌هێنێت، له‌گه‌ڵ هاوتاكه‌ی كۆمپانیای نیڤیدیا (NVIDIA GPUs)، بوونه‌ته چه‌كێكی كاریگه‌ر به‌ده‌ست بلۆكی ڕۆژئاوا بۆ فشارخستنه سه‌ر پێشكه‌وتن و هه‌ژموونه‌كانی چین.
كه‌واته ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه ڕوون ده‌بێته‌وه چین به چه‌كی سامانه ده‌گمه‌نه‌كانی ژێر زه‌وی و بلۆكی ڕۆژئاوا، ئه‌مەریكا به تایبه‌تی به چه‌كی ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتووی چیپس، له ململانێیه‌كی سه‌ختدان كه كێ له‌و یارییه براوه بێت ئه‌وا زیاتر نزیک ده‌بێته‌وه له بردنه‌وه‌ی ململانێی به‌ده‌ستهێنانی هه‌ژموون و كاریگه‌ری به‌سه‌ر سه‌ده‌ی داهاتوو.
له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا گه‌مارۆیه‌كی سه‌ختی خستووەته سه‌ر هه‌نارده‌كردنی ته‌كنه‌لۆژیای چیپس، به تایبه‌ت ئه‌و چیپسانه‌ی كه زۆر پێشكه‌وتوون و له كاری سه‌ربازی و ژیریی ده‌ستكرد به‌كار ده‌هێنرێن و گرنگ و پێویستین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه هێشتا ڕۆژئاوا له ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوودا له پێش چینه، به‌ڵام لێكۆڵه‌ران و زانایانی بواری ته‌كنه‌لۆژی له نێوان 5 ساڵ بۆ 7 ساڵیان داناوه كه چین بتوانێت به‌و ئاسته پێشكه‌وتووە‌ی ڕۆژئاوا بگاته‌وه.
ئه‌م پرسه‌ی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیایه دیسان ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئارگومێنتی سه‌ره‌كیی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌مان ده‌رباره‌ی دیپلۆماسیه‌ت و جیۆپۆله‌تیكی ڕێڕه‌وه‌كان. له‌گه‌ڵ ده‌ستخستنی مایكرۆچیپسی پێشكه‌وتوو، ئیداره‌دان و كۆنترۆڵكردنی ڕێڕه‌وه‌كان، په‌خشكردن دەیتا و كۆكردنه‌وه‌ی و ئاڕاسته‌كردنی شمه‌ک و كاڵا و هه‌نارده‌كردنی ته‌كنه‌لۆژیا و پێویستییه‌كانی دیكه بۆ هه‌ر كونجێكی جیهان، ئه‌وا ئه‌و لایه‌نه هه‌ژموونی زۆر ده‌بێت كه زۆرترین به‌نده‌ر و ئۆتۆبان و هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ڕێڕه‌وه‌كانی به‌ده‌سته. بۆیه ئه‌وه‌ی له ڕووكه‌شدا و به گه‌رمی له هه‌واڵه‌كان و شاشه‌كان ده‌یبنین له شه‌ڕی ته‌كنه‌لۆژیی نێوان هه‌ردوو زلهێز ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا و چین، په‌یوه‌سته به گومرگ و ته‌كنه‌لۆژیای چیپس، به‌ڵام له پشته‌وه‌ی په‌رده زیاتر په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه بۆ كۆنترۆڵی ڕێڕه‌وه‌كان.
بۆیه ده‌وڵه‌تان و زلهێزه‌كان كه به گرنگیی دیپلۆماسیه‌ت و جیۆپۆله‌تیكی ڕێڕه‌وه‌كان ده‌زانن، هه‌ر گرووپ و هاوپه‌یمانێتی یان هێزه هه‌رێمییه‌كان یان دوو ده‌وڵه‌ت پێكه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ببنه خاڵێكی پێكبه‌ستنه‌وه (ِA Node in a Network)له‌و پڕۆژه‌یه‌ی داهاتووی سیستمی نوێی جیهانی. بۆیه له‌م به‌شانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا نه‌خشه‌ی پێكدادان و ململانێی زلهێزه‌كانمان كێشا كه پێویستی سه‌ره‌كی بوون بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی بۆچی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدانی به‌نده‌ری فاوی عێراق ده‌ست به خۆدروستكردن ده‌كات و پڕۆژه‌ی به‌رامبه‌ر یاخود توندتری بكه‌ین دژ كامه‌یه؟ ئایا ڕێگای داوودیی سعودیە-ئیسڕائیله؟ كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به دیپلۆماسیه‌ت و جیۆپۆله‌تیكی ڕێڕه‌وه‌كانەوە هه‌یه و بابه‌تی به‌شی داهاتوومان ده‌بێت.
ڕێڕه‌وه ئه‌لته‌رناتیڤه‌كان له به‌نده‌ری فاوه‌وه بۆ به‌نده‌ری حه‌یفا
بۆچی له ئێستادا ڕێڕه‌وه ئه‌لته‌رناتیڤه‌كان سه‌رچاوه‌ی داهاتی نوێ و زۆرن؟ به هۆی فراوانبوونی پڕۆژه‌كانی ڕێگای ئاوڕیشمی، به هۆی ئه‌و ده‌رفه‌ت و مه‌ترسییانه‌ی پڕۆژه‌كه له سه‌ر سیستمی ئابووری، بۆیه گه‌لێک كارەكته‌ری نێوده‌وڵه‌تی، له‌وانه: وه‌به‌رهێنه‌رانی نێونه‌ته‌وه‌یی یاخود ده‌وڵه‌ت و كۆمپانیای نزیک و هاوپه‌یمانیی بلۆكی ڕۆژئاوا، یاخود كارەكته‌ره هه‌رێمییه‌كان یان هاوپه‌یمانه هه‌رێمییه نوێكان، هاتنه ناو كێبڕكێیی جیۆپۆله‌تیک و دیپلۆماسیه‌تی ڕێڕه‌وه‌كانه‌وه. به‌شێكیش له‌و پڕۆژانه له سه‌ر بانگه‌شه‌ی كواڵتیی باشتر و گه‌ره‌نتیی حوكمڕانیی باش و هاتنه‌وه له‌گه‌ڵ پاراستنی سه‌روه‌رییه‌كان و دادپه‌روه‌ریی چاكتر هاتوونه‌ته پێشه‌وه. له هه‌مووشی گرنگتر، ئه‌و جۆره ده‌ستپێشخه‌رییانه یاخود كێبڕكێكردنه وه‌كوو پێشكه‌شكردنی ئه‌لته‌رناتیڤێكه بۆ ئه‌و جوگرافیا و هه‌رێمانه‌ی نایانه‌وێت بكه‌ونه ژێر هه‌ژموونی ڕێگای ئاوریشمی یاخود پاراستن یان ناچاركردنی هه‌ندێک ده‌وڵه‌ت و كارەكته‌ر بۆ دوورخستنه‌وه‌یه له پڕۆژه چینییه‌كه.
بۆیه ڕێڕه‌وه‌كان چیتر ته‌نها و ته‌نها ڕێگایه‌ک نین بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌رنشین و كاڵا و تایبه‌تمه‌ندیی بێلایه‌نی هه‌بێت، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ڕێڕه‌وه‌كان بوونه‌ته ئامرازێک بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری و هه‌ژموونی درێژخایه‌ن كه توانا و تایبه‌تمه‌ندییه‌كه زلهێزه‌كان كاری له سه‌ر ده‌كه‌ن و پێویستیانه و كردوویانه‌ته جێگره‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی بۆ زۆرێک له مه‌به‌ست و ئه‌جێنداكانیان.
لێره‌دا دوو نموونه‌ی زیندووی ڕێڕه‌و هه‌ن كه تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌گه‌ر هه‌یه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان دژ به یه‌ک پێكدا بده‌ن، ئه‌ویش هه‌ردوو ڕێڕه‌وی 1. گه‌شه‌پێدان له عێراق (له ڕێگه‌ی ئۆتۆبان و هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر پێک دێـت)، له به‌نده‌ری فاوەوە ده‌ست پێ ده‌كات بۆ توركیا و له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌ورووپا، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات پێگه‌ی عیراق گرنگتر بێت و هه‌روه‌ها چیدیكه په‌یوه‌ست نه‌بێ به یه‌ک تاكه ڕێگای گواستنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی. 2. ڕێڕه‌وی داوودیی ئیسڕائیل، كه دیزاینه‌كه‌ی لە عەرەبستانی سعودییەوە بۆ ئوردن و له‌وێشه‌وه بۆ به‌نده‌ری حه‌یفای ئیسڕائیل، كه له چوارچێوه‌یه‌كی فراوانتردا كار ده‌كات و وا پێناسه‌ی پڕۆژه‌كه كراوه كه هه‌رسێ جوگرافیای (هیندستان، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌ورووپا) به‌یه‌كه‌وه گرێ ده‌دات و ڕێگا ته‌قلیدییه كۆنه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت. هه‌ردووكیان ئامانجیان كردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وێكه بۆ پێكبه‌ستنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی ئاوی به وشكانی و ده‌روازه‌كی نوێ بۆ ئه‌ورووپا و به ته‌واوبوون و دروستبوونی هه‌ردوو ڕێڕه‌وه‌كه، كاریگه‌ریی یه‌كه‌م و ڕاسته‌وخۆ له سه‌ر ڕێڕه‌وی ده‌ریای سوور دروست ده‌كات، كه چه‌ند ساڵێک حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن زیندووێتیی ڕێڕه‌وه‌كه‌یان شه‌له‌ل كردووه و گواستنه‌وه‌ی گرنگترین ڕێڕه‌وی ئاوی جیهانیان خستووەته مه‌ترسیی گه‌وره‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ڕێڕه‌وێكی دیكه‌ش بووەته مژار و ژماره‌یه‌ک ده‌وڵه‌ت و نیمچه‌زلهێزێكی وه‌كوو ڕووسیاش (به به‌راورد به چین و ئه‌مەریكا كه بە زلهێزی ژماره یه‌ک هه‌ژمار ده‌كرێن له ئێستادا)، چاویان له ڕێڕه‌وێكه له هیندستانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و به وڵاتی ئێران‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و ده‌گاته ڕووسیا و له‌وێشه‌وه بۆ ده‌روازه‌كانی ئه‌ورووپا. ئه‌م ڕێڕه‌وه‌ش یه‌كێک ده‌بێت له ڕێگه ئه‌لته‌رناتیڤه‌كان، به‌ڵام چۆنیه‌تیی ده‌ستپێكردن و دروستكردنی كات و هه‌ڵسه‌نگاندنی زۆرتری ده‌وێت.
ڕێڕه‌وه هه‌رێمییه‌كان چی ده‌گۆڕن؟ بۆچی سه‌رئێشه‌ی نوێی جیۆپۆله‌تیكین؟
- ستراتیژیه‌تی هه‌مه‌جۆری و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی: وڵاتانی وه‌كوو عێراق و كه‌نداوی عه‌ره‌بی و ئیسڕائیل، ده‌توانن پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی دانوستان بۆ هه‌مه‌جۆریی ڕێڕه‌وه‌كانیان به‌ده‌ست بهێنن. بۆ نموونه؛ چیتر پابه‌ند نین به یه‌ک ستراتیژیه‌تی جیۆپۆله‌تیكییه‌وه، به‌ڵكوو بژارده‌ی زیاتر و هه‌مه‌جۆریان له به‌ر ده‌سته بۆ گونجاندنی بارودۆخه‌كان به پێی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاته‌كانیان نه‌ک ناچاری به هۆی هه‌بوونی یه‌ک ڕێڕه‌وه‌وه.
- خۆپاراستن له قۆرغكاریی ڕێڕه‌وه‌كان: له ئه‌گه‌ری هه‌بوونی زۆرترین ڕێڕه‌و، وه‌كوو ڕێگای ئاوریشمی و ڕێگای گه‌شه‌پێدانی عێراقی و داوودیی ئیسڕائیلی، ئه‌وا هیچ زلهێزێكی جیهانی ناتوانێت جووڵه‌ی بازرگانی و ئابووریی جیهان بۆ ئه‌جێنداكانی خۆی قۆرغ بكات ئیدی چ چین بێت چ بلۆكی ڕۆژئاوا. بۆیه ئه‌ندازه‌ی هاموشۆی جیهانی ئه‌و كاته له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو گه‌لان و له به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رده‌ستبوونی كاڵای بێ مه‌رجی سیاسییش ده‌بێت.
- هه‌ژموونی هه‌رێمی و نێوه‌ندگیری: ئه‌م ڕێڕه‌وه نوێیانه وا ده‌كه‌ن وڵاتانی وه‌كوو عێراق و كه‌نداوی عه‌ره‌بی و ئیسڕائیل، پێگه‌ی دانوستان و وه‌به‌رهێنانیان به‌هێزتر بكات و كێبڕكێی یه‌كدییش بكه‌ن بۆ ده‌ستخستنی باشترین ئۆفه‌ره‌كانی وه‌به‌رهێنان و ڕاكێشانی ته‌كنه‌لۆژیا پێشكه‌وتووه‌كان بۆ ناو دامه‌زراوه و سیستمی ئابووری و سیستمی ده‌وڵه‌تیش. هه‌روه‌ها به هۆی به‌هێزبوونی پێگه‌ی جیۆپۆله‌تیكییانه‌وه، ده‌توانن ڕۆڵی كاراتر له نێوه‌ندگیرییه‌كان بگێڕن.
سیناریۆی داهاتووی ڕێڕه‌وه ئه‌لته‌رناتیڤه‌كان بۆ سیستمی نوێی جیهانی
له‌م ڕوونكردنه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌رده‌كه‌وێـت كه چیتر ئه‌و ڕێڕه‌وانه ئامرازێكی پوختی بازرگانی و ئابووری نین، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵیدا ئه‌جێنداكانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و هه‌ژموون و هێزی نه‌رم و كۆنترۆڵكردن و كارەكته‌ری جیۆپۆله‌تیكییشی تێكه‌ڵ بوون. بۆیه یه‌كێک له سیناریۆ به‌هێزه‌كانی داهاتوو كه ئه‌و ڕێڕه‌وه دیپلۆماسییانه له‌گه‌ڵ خۆیدا به سیستمی نوێی جیهانی ده‌ناسێنێت، ئه‌وه‌یه كه پێشخستن و بونیادنانی ئه‌و ڕێڕه‌وه ئه‌لته‌رناتیڤانه‌ی به تایبه‌ت گه‌شه‌پێدانی عێراق و داوودیی ئیسڕائیلی، زیاتر پشتڕاستكردنه‌وه‌ی گۆڕینی دیزاینی یه‌ک جه‌مسه‌ری جیهانییه بۆ هه‌مه‌جۆریی جه‌مسه‌ری یاخود فره‌جه‌مسه‌ریی نوێی جیهانی، كه جگه له هه‌ردوو جه‌مسه‌ری ئه‌مەریكی و چینییه‌كه، له‌وانه‌یه جیهان به جه‌مسه‌ری سێیه‌میش له‌و نیۆه‌نده ئاشنا بێت و دوور نییه له ده‌رئه‌نجامی هاوپه‌یمانێتیی چه‌ند ده‌وڵه‌تێک یاخود بلۆكێک بێـته ئارا‌وه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌م ڕێڕه‌وانه ببنه بژارده و دیپلۆماسیه‌ت و جیۆپۆله‌تیكی جه‌مسه‌ره‌كان، كامه ڕێگه یان ڕێڕه‌و ده‌چێته به‌رژه‌وه‌ندیی كامه جه‌مسه‌ر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م ڕێڕه‌وانه بژارده‌ی باشتر و به‌هێزتر ده‌خه‌نه به‌ر ده‌ستی ئه‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌نی ڕێره‌وه‌كه‌ن یاخود ڕێڕه‌وه‌كه پێیدا گوزه‌ر ده‌كات.
ڕێڕه‌وه‌كان له نێوان ده‌رفه‌ت و ئامرازی بوونه قوربانی
ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن ڕێڕه‌وی ئه‌لته‌رناتیڤی گرنگ له داهاتوودا، وه‌كوو عێراق، كه له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌كه‌وێته ناوه‌ندی پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو بلۆكی چین و بلۆكی ڕۆژئاوا به سه‌ركردایه‌تیی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا، ده‌بێت خاوه‌ن خەون و ستراتیژیه‌تێكی به‌هێز و دیسپلینێكی ڕێكخراو بێت تاوه‌كوو ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به هۆی ڕێڕه‌وی گه‌شه‌پێدانه‌وه كه ئێستا چووەته بواری جێبه‌جێكردنەوە؛ دێته ئارا‌وه، نه‌گۆڕدرێت بۆ سه‌رئێشه‌ی جیۆپۆله‌تیكی و ده‌وڵه‌ته‌كه نه‌كاتە قوربانی، ئه‌وا پێویستی به‌م هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییانه هه‌یه (ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پێویستی به داڕشتنی ئه‌جێندا و ستراتیژیه‌تی ورد و به‌دیقه‌تتر هه‌یه بۆ ئیداره‌دانی ململانێكان كه به هۆی ڕێڕه‌وه‌كه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن):
- شه‌فافیه‌ت و یاساكان: ده‌بێت ده‌وڵه‌ت شه‌فافیه‌ت له وه‌به‌رهێنان و داهات بكاته ئه‌وله‌ویه‌ت و به پێی یاساكان چوارچێوه‌ی كار و مامه‌ڵه‌ی ڕێڕه‌وه‌كه دیاری بكات، هه‌روه‌ها خۆیشی بپارێزێت له قه‌رزێكی تاک لایه‌نه بۆ پڕۆژه‌كه و پێویسته سه‌رچاوه‌ی قه‌رزه‌كانی به پێی یاسای ڕوون و له سه‌رچاوه‌ی جیاواز بێت و ده‌ست بەسەر خاوه‌نداریه‌تیی ته‌واوی ڕێڕه‌وه‌كه بگرێت.
- خۆگونجاندن و فره‌بژارده‌یی: ده‌بێت عێراق خۆی نه‌به‌ستێته‌وه به یه‌ک ڕێڕه‌وی بازرگانییه‌وه و به‌رده‌وام له فراوانكردن و پێكبه‌ستنه‌وه‌ی تۆڕی ڕێڕه‌وه‌كه‌دا بێت، به مه‌رجێک سه‌روه‌ری و خاوه‌ندارێتیی ڕێڕه‌وه‌كه له‌ده‌ست نه‌دات. بۆیه باشتره عێراق ده‌رگای بۆ سه‌رجه‌م جه‌مسه‌ره‌كان كراوه بێت و ده‌كرێت كارایی جه‌مسه‌رێک له ڕێڕه‌وه‌كه زیاتر یان كه‌متر بێت، به‌ڵام گرنگه خۆی به ته‌واوه‌تی سنووردار نه‌كات و ڕێڕه‌وه‌كه‌ش 100% نه‌خاته به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌ک لایه‌نه‌وه.
- وه‌به‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنه‌رانی فره‌نه‌ته‌وه‌یی: له پاڵ ڕێڕه‌وه‌كەدا، عێراق پێویسته گرێبه‌ستی هه‌مه‌جۆر له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنه‌رانی كه‌لوپه‌ل و ته‌كنه‌لۆژیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیاواز ئه‌نجام بدات، چونكه له ئێستادا سه‌رچاوه‌ی هاورده و وه‌به‌رهێنان ئه‌گه‌ر له یه‌ک وڵاتی دیاریكراوه‌وه بێت، ئه‌وا به لاوازیی جیۆپۆله‌تیكی هه‌ژمار ده‌كرێت و له كۆتاییشدا كاریگه‌ری له سه‌ر كارایی ڕێڕه‌وه‌كه‌ش دروست ده‌كات.
- ڕێڕه‌وه‌كه چۆن ببێته سه‌رچاوه‌ی ئاوی خاک: هه‌روه‌ک چۆن له كشتوكاڵدا ئه‌گه‌ر زه‌وییه‌ک ڕووبارێكی به ناودا تێپه‌ڕێت ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی كشتوكاڵكردن و چاندنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان، ئه‌وا به هه‌مان شێوه عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش نابێت ته‌نها و ته‌نها وه‌كوو ڕێیه‌ک سه‌یری ڕێڕه‌وی گه‌شه‌پێدان بكه‌ن، به‌ڵكوو ده‌بێت ببێته هاندانێک بۆ دامه‌زراندن و دروستكردنی كۆمه‌ڵێک پیشه‌سازی و كارگه‌سازی كه ببێته ده‌رفه‌تێک بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نانه‌وتیی عێراق و هه‌رێم.
- كارتێكی به‌هێزی دانوستان: ده‌كرێت عێراق ڕێڕه‌وه‌كه به‌كار بهێنێت بۆ ده‌ستخستنی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ و وه‌به‌رهێنانی زیاتر، ئه‌مه‌ش به هۆی هێزی به‌كارهێنانی ڕێڕه‌وه‌كه‌وه دێته دی كه به هۆی ئه‌و ئۆفه‌رانه‌ی پێشكه‌شی ده‌كات له به‌رامبه‌ردا عێراق ده‌توانێت گه‌لێک شت به‌ده‌ست بهێنێت له‌و وڵاتانه‌ی یاخود ئه‌و كۆمپانیا جیهانییانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌شێک بن له ڕێڕه‌وه‌كه یاخود به‌كاری بهێنن.
سیناریۆكانی داهاتوو بۆ سیستمی نوێی جیهانی و ڕۆڵی كارەكته‌ره مامناوه‌نده‌كان
له داهاتوودا به هۆی توندبوونه‌وه‌ی ململانێكانی چین و ئه‌مەریكا له سه‌ر پێگه‌ی ڕابه‌رایه‌تیكردنی سیستمی داهاتووی جیهانی، هێشتا هیچ سیناریۆیه‌ک یاخود پێشبینییه‌ک به ته‌واوه‌تی ڕوون نییه و دیاریكردنی هه‌ر ڕه‌سمێكیش بۆ ئه‌و سیستمه جیهانییه‌ی كه به‌ڕێوه‌یه؛ به هه‌ڵه‌ماندا ده‌بات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به ناوه‌رۆكی توێژینه‌وه‌كه‌مانەوە كه تایبه‌ته به دیپلۆماسیه‌تی ڕێڕه‌وه‌كان، ئه‌وا ده‌كرێت پێشبینیی چه‌ند سیناریۆیه‌كی له یه‌ک جیاوازی بۆ بكرێت كه ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه و سیناریۆكانیش به‌م شێوه‌یه‌ن:
سیناریۆی یه‌كه‌م: نێتۆركی پێكبه‌ستنه‌وه‌ی فره‌جه‌مسه‌ری (Multipolar Connectivity Network)
به پێی ئه‌م سیناریۆیه، ئه‌وا شاڕێ و ڕێڕه‌وه‌ی جیاواز و هه‌مه‌ڕه‌نگ پێكه‌وه كارا ده‌بن و ڕۆڵ ده‌گێڕن، وه‌كوو ڕێگای ئاوڕیشمی و ڕێگای گه‌شه‌پێدان و داوودی و ڕێڕه‌وه‌كه‌ی هیندستان بۆ ڕووسیا. جووڵه‌ی بازرگانی و ئابووری به پێی داخوازی و جیاوازیی جیۆپۆله‌تیكی و به‌رژه‌وه‌ندیی جه‌مسه‌ره‌كان، به‌كارهێنانی ڕێڕه‌وه‌كان له‌چاو یه‌كدی؛ ڕێژه‌كه‌یان كه‌م و زیاد ده‌كات، ئه‌مه‌ش زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتان ده‌بێت و به جۆرێک له جۆره‌كان سیستمه ئابووری و بازرگانییه‌كان پارێزراوتر ده‌بن.
سیناریۆی دووه‌م: به‌سه‌نته‌ربوونی چین
چین هه‌نگاوبه‌هه‌نگاو كار له سه‌ر پێشخستنی پێكه‌وه‌یی هه‌ردوو ڕێگای ئاوریشمی له چوارچێوه‌ی ده‌ستپێشخه‌ریی پشتێنه و ڕێگا و هیی دووه‌میشیان ڕێگای ئاوریشمی دیجیتاڵی دەکات، كه مه‌به‌ستیه‌تی له ڕێی كۆنترۆڵكردنی سامانه ده‌گه‌مه‌نه‌كانی ژێر زه‌وی و بواری دیجیتاڵی و ئه‌لكترۆنی و ڕێككار و سه‌رچاوه‌كانی كاڵا دابینكردن، هه‌ژموونی باڵاده‌ستیی خۆی به‌سه‌ر جیهاندا په‌یڕه‌و بكات و ئه‌و سیناریۆیه‌شه كه ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به وریایی و گومانه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.
سیناریۆی سێیه‌م: دووركه‌وتنه‌وه و لێكترازانی جه‌مسه‌ره‌كان و شه‌ڕی ساردی ته‌كنه‌لۆژی
به پێی ئه‌م سیناریۆیه، پێشبینی ده‌كرێت كێبڕكێی نێوان چین-ئه‌مەریكا بچێته قۆناغی توندتره‌وه و هه‌ر جه‌مسه‌ره و هه‌وڵ ده‌دات سه‌رچاوه‌ی به‌ده‌ستخستنی كاڵای (Supply Chains)تایبه‌ت به سیاسه‌تی ئابووریی خۆی هه‌بێت و خاوه‌نی سیستمێكی پێشكه‌وتووی ته‌كنه‌لۆژیی سنووردار به بلۆكه‌كه‌ی هه‌بێت و چاودێری و سنوورداركردنی توند له سه‌ر هه‌نارده‌كردنی كۆمه‌ڵێک مادده‌ی خام و سه‌رچاوه‌ی ژێر زه‌وی و ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو دابنرێت، وه‌كوو ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین ئه‌مەریكا ڕێگا نادات هه‌ندێک جۆری پێشكه‌وتووی چیپس بچێته چین. له‌وه‌ش خراپتر، وڵاتان ناچار ده‌كرێن له نێوان جه‌مسه‌ره‌كاندا خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه و به ته‌واوه‌تی بچنه پاڵ جه‌مسه‌رێكی دیاریكراوەوە، ئه‌مه‌ش باش نابێت بۆ دیپلۆماسیه‌ت و جیوپۆله‌تیكی وڵاته بێهێز و مامناوه‌نده‌كان.
ئه‌نجامگیری
له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا چیتر كێبڕكێ و ململانێی نێوان زلهێزه‌كان ته‌نها و ته‌نها به هۆی هه‌بوونی هێزی سه‌ربازی و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان یه‌كلا ناكرێنه‌وه، به‌ڵكوو بۆڕییه‌كانی گازی سروشتی و نه‌وت، به‌نده‌ره ئاوییه‌كان، كێبڵی دەیتاكان و سه‌رچاوه‌ی كاڵا و شمه‌ک و ڕێڕه‌وه دروستكراوه‌كان و ژێرخانه‌كانی؛ به‌شێک ده‌بن بۆ سه‌رخستنی ئه‌جێندای هه‌ر جه‌مسه‌ر و لایه‌نێک. هه‌ر جه‌مسه‌ر و لایه‌نێكیش كۆنترۆڵی به‌سه‌ر ڕێڕه‌وه ستراتیژییه‌كاندا هه‌بێت، ئه‌وا خۆبەخۆ كۆنترۆڵی به‌سه‌ر ئابووری و سیستمی ته‌كنه‌لۆژی و دیجیتاڵی و سه‌رچاوه‌كانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا ده‌بێت و ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانییه‌ته‌كانیش بەئا‌سانی دروست ده‌كات و یه‌كلا ده‌كاته‌وه و ئه‌و ڕێڕه‌وانه ده‌بنه ستراتیژیه‌تێكی به هێزی دیپلۆماسی و جیۆپۆله‌تیک بۆی. بۆ زۆرێک له وڵاتان، به تایبه‌ت وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فەریقا و ئاسیای ناوه‌ند، پرسیاره‌كه ئه‌وه نییه كه چۆن بخزێنه ناو جیهانی دیپلۆماسیه‌تی ڕێڕه‌وه‌كانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه ده‌بێت: له ژێر چ مه‌رج و بارودۆخێكدا، ئایا گره‌نتییه‌كان و پارێزبه‌ندییه‌كان چین؟ چۆن به‌كار ده‌هێنرێن و یارییان پێ ده‌كرێت؟ مه‌ترسیی تێوه‌گلان و كه‌وتنه ناو ململانێی زلهێزه‌كانیان هه‌ڕه‌شه ده‌بن له سه‌ر كۆی سیستمی ئابووری و سه‌روه‌ری و خاوه‌ندارێتیی سامانه‌كانیشی، به تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ململانێكان له سه‌ر به‌ده‌ستخستن و كۆنترۆڵكردنی ڕێڕه‌وه‌كان و ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو. بێگومان ده‌رفه‌ت و سه‌ركه‌وتنیش بۆ ئه‌و لایه‌ن و ده‌وڵه‌تانه‌یه كه به ته‌نیا ڕێڕه‌وه‌كان وه‌كوو لاشه‌یه‌ک یاخود وه‌كوو ئامرازێک بۆ هاموشۆ نابینن، به‌ڵكوو وه‌كوو دیزاین و نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی ستراتیژی هه‌ژماری ده‌كه‌ن بۆ پێشخستنی ئابوورییه‌كه‌یان و به‌هێزكردنی ئامراز و كه‌رەسته دیپلۆماسییه‌كانیان. هه‌ر چه‌نده ئه‌م ڕێگایه‌ش بۆ به‌كارهێنانی دروستی ڕێڕه‌وه‌كان له لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زلهێزه‌كان ڕێگایه‌كی پڕ له هه‌وراز و نشێو و سه‌خت ده‌بێت، به‌ڵام به هه‌بوونی ستراتیژیه‌تێكی ورد و هه‌بوونی دیسپلین و ڕێكخستنه‌وه‌ی ئیداری و تواناكان و ژێرخانی یاسایی و شه‌فافیه‌ت و ڕوونی له هه‌نگاوه‌كانی ئاینده؛ ده‌توانن ئه‌و ڕێڕه‌وانه بكه‌نه ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی پێشكه‌وتن.
سه‌رچاوه‌كان
Askary, H. & Li, X. (2024). Debunking the Chinese “debt-trap” narrative in 3 steps: A new research method. China Diplomacy. Available at: https://en.chinadiplomacy.org.cn/2024-11/29/content_117577057.shtml (Accessed: 9 December 2025).
Boston University Global Development Policy Center (2023). GCI Report: BRI 10 FIN. Available at: https://www.bu.edu/gdp/files/2023/09/GCI-Report-BRI-10-FIN.pdf (Accessed: 9 December 2025).
Chen, C. (2023). The Belt and Road Initiative: A New Landscape in Mapping the Changing Global Governance. Geopolitique. Available at: https://geopolitique.eu/en/articles/the-belt-and-road-initiative-a-new-landscape-in-mapping-the-changing-global-governance/ (Accessed: 9 December 2025).
Cho, H., et al. (2022). Building Bridges: PGII Versus BRI. Brookings Institution. Available at: https://www.brookings.edu/articles/building-bridges-pgii-versus-bri/ (Accessed: 9 December 2025).
Davies, P. (2023). China’s Belt and Road Initiative and quasi-IMF lending. ASPI Strategist. Available at: https://www.aspistrategist.org.au/chinas-belt-and-road-initiative-and-quasi-imf-lending/ (Accessed: 9 December 2025).
European Central Bank (ECB) (2023). The Global Economic Costs of Decoupling. Available at: https://www.ecb.europa.eu/pub/pdf/scpwps/ecb.wp2839~aaf35001a3.en.pdf (Accessed: 9 December 2025).
Godement, F., et al. (2018). Europe’s Emerging Approach to China’s Belt and Road Initiative. Carnegie Endowment for International Peace. Available at: https://carnegieendowment.org/research/2018/10/europes-emerging-approach-to-chinas-belt-and-road-initiative?lang=en (Accessed: 9 December 2025).
Godement, F., et al. (2019). Europe’s Response to the Belt and Road Initiative. German Marshall Fund of the United States. Available at: https://www.gmfus.org/news/europes-response-belt-and-road-initiative (Accessed: 9 December 2025).
Horn, S., et al. (2020). How China Lends: A Rare Look into 100 Debt Contracts with Foreign Governments. AidData. Available at: https://docs.aiddata.org/reports/how-china-lends.html (Accessed: 9 December 2025).
Horn, S., Reinhart, C. & Trebesch, C. (2023). China as a Lender of Last Resort. World Bank Working Paper. Available at: https://documents1.worldbank.org/curated/en/099450403272313885/pdf/IDU046bbbd8d06cc0045a708397004cbf4d2118e.pdf (Accessed: 9 December 2025).
Horn, S., Reinhart, C. & Trebesch, C. (2024). How China Collateralizes: Inside a $400 Billion Cash-Secured Lending System. Stanford University. Available at: https://sccei.fsi.stanford.edu/china-briefs/how-china-collateralizes-inside-400-billion-cash-secured-lending-system (Accessed: 9 December 2025).
Huang, X. (2021). Consequences of successful BRI on US global dominance and world order. World Scientific. Available at: https://www.worldscientific.com/doi/full/10.1142/S2377740023500033 (Accessed: 9 December 2025).
Jana, S. & Peterka, J. (2023). Debt-trap diplomacy: A constructive analysis. Journal of Contemporary China. Available at: https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/19480881.2023.2195280 (Accessed: 9 December 2025).
Jones, B. (2019). China needs to make the Belt and Road Initiative more transparent and predictable. Chatham House. Available at: https://www.chathamhouse.org/2019/04/china-needs-make-belt-and-road-initiative-more-transparent-and-predictable (Accessed: 9 December 2025).
Khan, M. (2025). CPEC: Debt Trap Diplomacy or a Mismanaged Opportunity? The Diplomat. Available at: https://thediplomat.com/2025/09/cpec-debt-trap-diplomacy-or-a-mismanaged-opportunity/ (Accessed: 9 December 2025).
King & Spalding (2024). China’s ‘Legal Belt and Road’ exporting legal norms through project finance. Global Legal Insights. Available at: https://www.globallegalinsights.com/news/chinas-legal-belt-and-road-exporting-legal-norms-through-project-finance/ (Accessed: 9 December 2025).
Lederman, D. (2019). How Can Countries Better Manage Investment Risks Along the BRI?. World Bank Blogs. Available at: https://blogs.worldbank.org/en/trade/how-can-countries-better-manage-investment-risks-along-bri (Accessed: 9 December 2025).
Lejour, A. & Mohlmann, J. (2023). Geopolitical decoupling and integration scenarios of global trade. CPB Netherlands Bureau for Economic Policy Analysis. Available at: https://www.cpb.nl/sites/default/files/omnidownload/CPB_Publication_geopolitical_decoupling_and_integration_scenarios_of_global_trade.pdf (Accessed: 9 December 2025).
London Stock Exchange Group (LSEG) (2023). Third-party risk management: Infrastructure due diligence. Available at: https://www.lseg.com/en/risk-intelligence/third-party-risk-management/infrastructure-due-diligence (Accessed: 9 December 2025).
Marović, L. (2023). Montenegro Exits Deal on Chinese Highway Loan. Radio Free Europe/Radio Liberty. Available at: https://www.rferl.org/a/montenegro-exits-deal-chinese-highway-loan/32469505.html (Accessed: 9 December 2025).
News.az (2024). China-US Relations: The world’s most consequential rivalry explained. Available at: https://news.az/news/china-us-relations-the-worlds-most-consequential-rivalry-explained (Accessed: 9 December 2025).
Official Monetary and Financial Institutions Forum (OMFIF) (2024). BRICS: A daringly autonomous model for financial sovereignty. Available at: https://www.omfif.org/2024/11/brics-daringly-autonomous-model-for-financial-sovereignty/ (Accessed: 9 December 2025).
Official Monetary and Financial Institutions Forum (OMFIF) (2025). Viability of Non-Dollar Parallel Financial System BRICS CIPS. Taylor & Francis Online. Available at: https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/10220461.2025.2523509 (Accessed: 9 December 2025).
Osgood, I. (2024). Political alignment, not just supply options, drives U.S.-China decoupling. University of Michigan News. Available at: https://news.umich.edu/political-alignment-not-just-supply-options-drives-us-china-decoupling/ (Accessed: 9 December 2025).
Renda, A. & Pambudi, I. (2023). Competing and Complementary Global Infrastructure Initiatives: A Comparative Review of BRI, PGII/BDN, GG, FOIP/PQI, and 3SI. Sustainability, 18(6), p.338. Available at: https://www.mdpi.com/1911-8074/18/6/338 (Accessed: 9 December 2025).
Sahoo, S. (2023). Successful BRI Impact on US Dollar Reserve Currency. BRICS Economic Journal. Available at: https://brics-econ.arphahub.com/article/143810/ (Accessed: 9 December 2025).
Setser, B. & Zamparelli, G. (2024). China’s Dollar Dilemma. Carnegie Endowment for International Peace. Available at: https://carnegieendowment.org/research/2024/10/chinas-dollar-dilemma?lang=en (Accessed: 9 December 2025).
State Council Information Office (SCIO) (2023). China’s Vision for Global Governance Post-BRI Completion. Available at: http://www.scio.gov.cn/zfbps/zfbps_2279/202310/t20231010_773734.html (Accessed: 9 December 2025).
Tearline (2020). Montenegro Case Study: Debt Traps. Available at: https://www.tearline.mil/public_page/montenegro-case-study-debt-traps (Accessed: 9 December 2025).
Vella, C. (2024). Future of US dollar if China’s BRI succeeds. Investing News Network. Available at: https://investingnews.com/brics-currency/ (Accessed: 9 December 2025).
Wikipedia (2023). Debt-trap diplomacy. Available at: https://en.wikipedia.org/wiki/Debt-trap_diplomacy (Accessed: 9 December 2025).
كوردی

