• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 27, 2026

کاریگەری و دەرهاویشتەكانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکانی ڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژهەڵاتی كوردستان)

[1]

ڕەشید ئەحمەدی فەڕ – عەدنان حوسێنی

وەرگێڕان: مورتەزا مورادی (ئارما)

توێژینەوەی بەردەست بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەندێتی و چۆنیەتیی کاریگەری و دەرهاویشتەكانی هێنانی مادە و کەرستە قەدەغەکراوەکان بۆ نێو بەندیخانەکانی ئێران و ئاڕاستەکردنی ڕێگە چارەسەرەکان بۆ کۆنتڕۆڵ و کەمکردنەوەی ڕێژەی گواستنەوەی بابەتە قەدەغەکراوەکان بەشێوەی تێکەڵ ئەنجام دراوە. کۆمەڵگەی توێژینەوە بریتییە لە بەندیخانەکانی ڕۆژئاوای ئێران کە لەنێو ئەوانەش بەشێوەی هەڵگرتنی نمونەی بەردەست، پێنج پارێزگای کوردستان، ئیلام، هەمەدان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و لەنێو هەموو بەندکراوان و کاربەدەستانی پاراستن و ئاسایشی بەندیخانەکانی پێنج پارێزگای ئاماژەپێکراو، بەشێوەی بەشکراو-هەڕەمەکی و بە بەکارهێنانی فۆرموولی کوکران، ژمارەی 242 بەندکراو هەڵبژێردران و پاشان بەپێی ژمارەی بەندکراوانی ڕاگەیەنراو لەلایەن ڕێکخراوەی بەندیخانەکان و بەشێوەی بەشکردن، قەبارەی نمونەی هەر پارێزگایەک دەستنیشان کرا. بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان لە پرسیارنامەی سازکراو لەلایەن توێژەرەوە کەڵک وەرگیراوە. ئەنجامەکانی بەشی چەندێتی دەریانخستووە کە هێنان، دابەشکردن و بەکارهێنانی بابەتە قەدەغەکراوەکان لەنێو ئەو بەندیخانانەدا کە توێژینەوەیان لەسەر کراوە دەتوانێت دەرهاویشتەی بەربڵاوی نەرێنیی هەڵچوونی وەک هەست بە دڵەخورپە و سترێس، ترس و نائارامیی بەردەوام، پەژارە و خەمۆکی و نائومێدی، بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ خۆکوشتن و هەروەها پێشنیازی هاوکاری بۆ هاوردەکردن، دابەشکردن و بەکارهێنانی ئەم بابەتە قەدەغەکراوانەی بۆ بەندکراوان هەبێت. لە بەشی چۆنیەتیشدا، زۆرینەی هۆکارەکانی هێنانی بابەتە قەدەغەکراوەکان دەگەڕێنەوە سەر هەبوونی گرووپی خراپکار، لاوازبوونی یاساکان، بەسوودبوونی هێنانی مادە هۆشبەرەکان و لاوازبوونی ئامراز و پێداویستییەکانی بەشی کۆنتڕۆڵ و پشکنین. ڕێگە چارەسەرە پێشنیارکراوەکانیش خۆ لە چوار بەشی گشتیدا دەبیننەوە کە بریتین لە هۆکارە کولتوورییەکان (ئیش و کار و سەرقاڵکردنی بەندکراوان)، سیاسەتەکانی کۆنتڕۆڵ و چاودێری، هۆکارە بەڕێوەبەرێتییەکان و پرسە یاسایی و ئاییننامەییەکان. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە هەبوونی جۆرەکانی مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەکان دەتوانێ شوێنهاتی نەرێنیی بەربڵاوی لەئاستی جۆراوجۆردا هەبێت و ئەمەش هەم بەندکراوان دەگرێتەوە و هەمیش کاربەدەستانی بەندیخانە.

وشە سەرەکییەکان: مادە هۆشبەرەکان، هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ بەندیخانە، بەندکراو، بەندیخانەکانی ڕۆژئاوای ئێران و شوێنهاتە نەرێنییەکان.

پێشەکی و ئاڕاستەکردنی پرس

لە ڕابردوودا (ڕابردوویەکی زۆر دوور نا) زۆرینەی سزاکان، جەستەیی بوون. بزووتنەوەی سزادان لە سەدەی هەژدەیەمەوە هەوڵی پێداچوونەوە و چاکسازیی سزاکانی دا و بەندکردن کە لەچاو سزاکانی دیکە سزایەکی نەرمتر بوو، بەرەبەرە لە سەدەی هەژدەیەمدا وەک سزای سەرەکی هاتە نێو هەمبانەی یاساکانی سزادانی وڵاتانەوە (مارتینێز[2]، 2006:153). ئامانجی ئەو مرۆڤانەی سەدەی هەژدەیەم کە بۆ بەندیخانە، جۆر و پلەی جیاوازیان دەستنیشان کردبوو، ئەوە بوو کە سزای ئاماژەپێکراو، لایەنی پەندوەرگرتن بەخۆوە ببینێ. بیر و بۆچوونی مرۆڤی سەدەی نۆزدەیەم ئاوا بوو کە بەندیخانەی تاکەکەسی دەبێتە هۆی بیرکردنەوە و پەشیمانبوونەوەی کەسی سزادراو و یارمەتیی بەندکراو دەدات تا لەسەر درێژەدان بە ژیانی بەشەرافەت، بڕیار بدات. مرۆڤی سەدەی بیستەمیش بەندیخانە وەک شوێن و ئامرازی ساغکردنەوەی کۆمەڵایەتیی کەسانی تاوانبار و بەلاڕێداچووانی کۆمەڵگە دەبینێت. فۆکۆ لەمبارەیەوە دەنووسێت: “گەشەی هزر و بیر و هێوربوونەی خووەکانە کە بەندکردنی کردووەتە بنچینە و بنەمایەکی تەواو بۆ پێوەری سزادانی ئێستای ئێمە” (فۆکۆ[3]، 2011:286).

لەڕاستیدا بەندیخانە بوو بە گەرەنتی جێبەجێکرانی سزادانی باو لە هەموو سیستەمەکانی سزادان لە بەشی ناوخۆیی و سیستەمی سزادانی نێودەوڵەتیدا. هەربۆیە بەندیخانە بووەتە یەک لە بنکە کۆنەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی کە بۆ بەندکردنی تاوانباران، مەحکومکراوان و تۆمەتباران بەشێوەی کاتی یان هەتاهەتایی کەڵکی لێ وەرگیراوە (بڕوانە: پوورئاریەن و هاوکارانی، 2013). بەندیخانە بنکەیەکە کە لایەنی جۆراوجۆر دەگرێتەوە و بوارە جۆراوجۆرەکانی زانست لەسەری پەرژاونەتەوە. بنکەیەکی گشتگیر وەک بەندیخانە، شوێنێکە کە خەڵک بەناچار و بەشێوەی زۆرەملی، کۆنتڕۆڵی ژیانی خۆیان دەدەنە دەست کاربەدەستانی فەرمیی ئەو بنکەیە. خەڵک نیشتەجێی ئەو بنکەیە دەبن و کاروباری ڕۆژانەیان وەک خواردن، خەوتن و … بە ئامادەبوونی کەسانی دیکەوە جێبەجێ دەکەن. یەک لە تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی بنکەی لەم چەشنە ئەوەیە کە هەموویان، لەمپەر و بەربەستی وەک دەرکەی داخراو، دیوار و شوورای بەرز و هەڵدێریان داناوە لەبەرامبەر ئەکتی لایەنی بەرامبەریان (بڕوانە عەزودانلوو، 2007).

بەڵام پرس و مەسەلە لێرەدا ئامانجە کاراییەکانی پشت فەلسەفەی سازکردنی بەندیخانەیە وەک شوێنێکی تایبەت بۆ تاوانباران و تۆمەتباران. بەبڕوای گیدێنز، لایەنە فیزیاییەکانی شوێن کە لێرەدا مەبەست لە شوێن بەندیخانەیە، ئەگەرچی بۆ هەندێ ئەکت سنوور دادەنێن یان ئاسانکارییان بۆ دەکەن، بۆ خۆیان نابنە هۆی پێکهاتن و ڕوودانی ئەو شتەی کە لە ئاقارێکی دیاریکراودا تێدەپەڕێت. پێکهاتەی بەندیخانە تەنیا ئەوکاتەی وەک بەندیخانە کارامە و کارایە کە چالاکوانانی پەیوەندیدار یاسا ئاشکرا و نهێنییەکانی ژیانی بەندیخانە ڕەچاو بکەن. لەڕاستیدا ڕاستییە پێکهاتەییەکان، ڕێگەیەک بۆ دوبارە سازکردنەوەی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان خۆش دەکەن. بەڵام ئەوکاتەی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ جارێکی دیکە ساز دەبنەوە، دەبنە هۆی بەردوامی پێکهاتە و ئەو ڕاستەقینە کۆمەڵایەتییە لە ساتێکی مێژوویی نوێدا ساز دەکەنەوە (بڕوانە: Trener, 2006).

گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان، ئەکتێکی کۆمەڵایەتیی گشتی و وەک ڕاستییەکی کۆمەڵایەتییە (بڕوانە، Anderson, 2016). ئەوڕۆ یەک لە گرنگترین گرفتەکانی کۆمەڵگەکان، پرسی مادە هۆشبەرەکان و گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکانە (بڕوانە، قەرەچاهی و هاوکارانی، 2023). تاوتوێکردنی مێژوویی بەکارهێنانی لە ڕادەبەدەری مادە هۆشبەرەکان دەریخستووە کە بەکارهێنان و بەکارهێنانی لە ڕادەبەدەری مادە هۆشبەرەکان بۆ ماوەی چەندین هەزار ساڵ پێکەوە بەردەوام بوونە (بڕوانە: باقری و هاوکارانی، 2023). گیرۆدەبوون لەباری چەمکەوە، نەخۆشینێکی قورسی درێژخایەن، دەماری و ئاڵۆزە کە لە سەرهەڵدان، گەشەکردنیدا هۆکاری جۆراوجۆری بۆماوەیی، فیزیۆلۆژیکی و کۆمەڵایەتی دەوریان هەیە (بڕوانە: میرزایی موقەدەم و هاوکارانی، 2023). بە لەبەرچاوگرتنی ئاقاری داخراو و دانوستانەکانی نێو بەندیخانە، ئەگەری ئەوە لەئارادایە کە بەندکراوان مەیلیان بۆ بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان هەبێت (بڕوانە: Marsden et al, 2020; Nordek et al, 2022; Capasso et al, 2021). هەربۆیە گیرۆدەبوون و بەتایبەت هۆکار و شوێنهاتەکانی گواستنەوەی جۆرەکانی مادە هۆشبەرەکان بۆ بەندیخانە پرسێکی جدی و گرنگە.

لە یاسای ڕێکخراوی بەندیخانەکاندا ڕاشکاوانە لە بەندەکانی 30، 31، 88  و 163دا ئاماژە دراوەتە هاوردەکردنی بابەت و کەرستەی قەدەغەکراو بۆ نێو بەندیخانەکان و ئەگەر بۆ بەرگریکردنی لە هاوردەکردنی ئەم بابەتگەلە هەنگاوی قورس و یەکلاکەرەوە هەڵنەگیردرێت، خەسار و مەترسیی قوورس دەکەوێتە سەر بەندکراوان، بنەماڵەکانیان و تەنانەت کۆمەڵگەش. دەکرێ بڵێین لە وەها هەلومەرجێکدا، بنکەی بەندیخانە نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێکێ و ئەو ئەرکەی داکۆکی لەسەر دەکات جێبەجێ نەکراوە. لەڕاستیدا بەبێ چارەسەری گونجاو لەسەر بنەمای چاودێریی تایبەت لە بەندیخانەدا و بەتایبەت لە بواری هاتوچۆ، هەموو هیواکان پووچەڵ دەبنەوە و بەندیخانە لەباتی ئەوەی کە ببێتە ئامرازی سەرەکی کاردانەوە لەبەرامبەر تاوان و خراپەکاری، دەبێتە قوتابخانە و شوێنێکی گونجاو بۆ دووپاتکردنەوەی تاوان. بەکورتی و بە کوردی ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەندیخانە سست بێت، بەتایبەت ئەگەر هەوڵی بەردەوام و ئامانجدار بۆ بەڕێوەبردنی دروست و بنەمایی هاوردە و هەناردەی بابەت و مادەی ڕێپێنەدراو و قەەغە نەکرێت و هەوڵ بۆ بەرگریکردنی لە هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان نەدرێت، بنکەی بەندیخانە تووشی جۆرێک داڕمان دەبێ و لەباتی ساغکردنەوە و چاککردنەوەی بەندکراو، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەندکراو فێری تاوانە جۆراوجۆرەکان بێت.

بە پێچەوانەوەوە، هەرچی بەندیخانەیە لە پڕۆسەی بەرگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم خەسارەدا، واتە بەرگریکردنی لە هاتنی مادە هۆشبەرەکان سەرکەوتووتر بێت، بۆ بەرگریکردن لە جۆرە بەربڵاوەکانی خەسارە پەیوەندیدارەکانیش سەرکەوتووتر دەبێ و ئاقارێکی باشتر لە لایەنە جۆراوجۆرەکاندا پێکدێنێت. بەڵام سەرەڕای هەوڵ و پلانە داڕێژراوەکان پێدەچێت کە دۆخی ئەم خەسارە لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە ئاستێکی گونجاودا نەبێت و هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان دەبینین و ئەمەش هەم باری قەبارەی مادەکان دەگرێتەوە و هەمیش باری جۆراوجۆربوونیان و ئێستاش یەک لەو پرسە سەرەکییانەیە کە بەندیخانەکان لەگەڵی ڕووبەڕوون.

وتاری بەردەست دەیەوێ سێ پرسیاری توێژینەوە وەڵام بداتەوە و ئەو سێیەش بریتین لە:

  • زۆرترین جۆرەکانی مادە هۆشبەرەکان و شێوازەکانی هێنانیان بۆ نێو بەندیخانە کامانەن؟
  • شوێنهاتەکانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە کامانەن؟
  • گرنگترین ڕێگە چارەسەرە گونجاوەکان بۆ بەرگریکردن لە هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە و لەئەنجامدا دابەزاندنی شوێنهاتەکانی هێنانی ئەم مادەگەلە لەسەر گرووپەکانی مەبەست کامانەن؟

پێشینەی توێژینەوە:

لە باری پێشینەی پراکتیکییەوە توێژینەوەی بەردەست، بابەتێکە کە کەمتر لەسەری پەرژاونەتەوە و دەکرێ بڵێین توێژینەوە ئەنجامدراوەکان لەسەر ئەم بابەتە دەگمەنن. ڕەنگە یەک لە هۆکارەکانی کەمبوونی توێژینەوە لەسەر ئەم بابەتە بگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە بەرپرسان هەبوونی ئەم بابەتە لەبنەڕەتدا ڕەت دەکەنەوە. خاڵی دیکە لەسەر توێژینەوە ئەنجامدراوەکان ئەوەیە کە زۆرینەیان بەشێوازی چەندێتی و بە بەکارهێنانی پرسیارنامە ئەنجام دراون. هەربۆیە نەیانتوانیوە بچنە ناخی بابەتەکان بیر و بۆچوونی کەسانی شارەزا وەک کاربەدەستانی بەشی پاراستن و بەندکراوان دەرنەکەوتووە. لێرەدا دەچینە سەر ناساندن و چاوخشاندنێک لەسەر کۆمەڵێک توێژینەوەی ئەنجامدراو لەم بوارەدا.

کاڵیند و داک[4] (2016) لە توێژینەوەیەکدا، پەرژاونەتەوە سەر تاوتوێکردنی بارودۆخی مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەکان، ڕێژەی بەکارهێنان و شێوازەکانی دابەزاندن و کۆنتڕۆڵی ئەم پرسە لە بەندیخانەکاندا. ئەم توێژینەوە دەریخستووە کە ئەگەرچی لە بەندیخانەکاندا مادە هۆشبەرەکان لەگەڵ چەک، دەکەونە ڕیزی قەدەغەکراوترین مادە و ئامرازەکانی نێو بەندیخانە، بەڵام وەک کاڵا و شمەک لە بەندیخانەکان دەست دەکەون. هەروەها ئەو توێژینەوە چووەتە سەر ڕێگە چارەسەرەکانی دابەزاندنی ئاستی بەردەستبوون، دابەزاندنی داواکاری و دابەزاندنی ئاستی خەساری بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەدا و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییەدا، ئەو بەندیخانەگەلە کە پلان و بەرنامەی خۆیان بۆ دابەزاندنی هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان لەسەر بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا داناوە، لەم پڕۆسەیەدا واتە بەرگریکردن لە هێنانی مادە هۆشبەرەکان سەرکەوتووتر بوونە.

کاڵیند (2015) لە توێژینەوەیەک لەسەر دەسەڵاتەكانی پۆلیسی بەندیخانە و دەوری پۆلیس بۆ بەرگریکردن لە هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە، لەڕێگەی دیتن و وتووێژی چۆنێتی و هەروەها ڕاپرسیی جۆراوجۆر، شێوازی ئیشکردنی هێزەکانی بەندیخانەی دانیمارکی بۆ بەرگریکردن لە هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان تاوتوێ کردووە. ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوە دەریانخستووە کە هەڵسوکەوتی ئەفسەرەکان بەرامبەر هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە، زۆر ئاڵۆز بووە و جۆرێک ناکۆکی و یەکنەگرتنەوەیان تێدا بەدی دەکرێت. لەلایەکەوە، ئەو تاقمە پاڵپشتی لە سیاسەتە توندەکانی دوو دەیەی ڕابردوو لەسەر هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە دەکەن. لەلایەکی دیکەوە ئاگاداری ئەو بابەتەن کە مادە هۆشبەرەکان دەتوانن دەورێکی ئەرێنییان هەبێ و جۆرێک دیسیپلین و هێمنی بۆ بەڕێوەبردنی بەندیخانە بێننە ئاراوە. هەربۆیە دەکرێ بڵێین مەرج نییە کە قبووڵکردنی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لەلایەن بەندکراوانەوە (بەئەنقەست و بە ئاگادارییەوە) نیشانەی نەرم و نیانی بێت، بەڵکو شێوازێکە کە ئەفسەرانی بەندیخانە تێیدا، هێز و دەسەڵاتی خۆیان بەکاردێنن.

دولان و هاوکارانی (2015) لە توێژینەوەی خۆیاندا دەریانخستووە کە یەک لە دەرهاویشتە ڕووخێنەرەکانی هێنانی مادە هۆشبەرە قەدەغەکراوەکان بۆ نێو بەندیخانە، بەرزبوونەوەی ئاست و گواستنەوەی نەخۆشینە مەترسیدارەکانی وەک ئایدزە (HIV) لەنێو بەندکراوەکاندا کە بەهۆی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە دێتە ئاراوە؛ ئەم پرسە ئێستا بووەتە یەک لە پرسە گرنگەکانی تەندروستیی کۆمەڵایەتی بەتایبەت پاش ئەوەی گەڕانەوەی بەندکراوە گیرۆدە و نەخۆشەکان بۆ نێو کۆمەڵگە بەرچاو بگرین. هەربۆیە پێدەچێت کە پێویستە شێوازە جۆراوجۆرەکانی بەرگری لە هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە و دابەزاندنی ئاستی بەردەستبوونیان بۆ بەندکراوان لەگەڵ بەکارهێنانی شێوازەکانی بەرگریکردن لە گیرۆدەبوون لەلایەن کاربەدەستان و بەشی پاراستنی بەندیخانەوە کە گرنگترین ڕۆڵیان لەم بوارەدا هەیە، بەرچاو بگیردرێن.

حوسێنی (2017) لە پڕۆژەیەکدا چووەتە سەر تاوتوێکردنی ڕێگە چارەسەرەکانی بەرگریکردن لە گەیشتنی بەندکراوان بە مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی قزڵحەسار. لەم توێژینەوەدا، ڕێگەکانی بەرگریکردنی هێنانی مادە هۆشبەرەکانی بۆ نێو بەندیخانە بەپێی پرسیار و ئامانجەکانی توێژینەوە، تاوتوێ و ئاڕاستە کراون. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە، ناسینی ڕێگەکانی بەرگریکردن لە بەندکراوانە بۆ دەستخستنی مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەدا. ئەم توێژینەوە بە کەڵک‌وەرگرتن لە توێژینەوەکانی پێشوو، ئەنجامە هاوشێوەکانی توێژینەوە لێکچووەکان ڕێگە چارەسەرەکانی ئاڕاستە کردووە و لە ئەنجامدا پێنج فاکتەری سەرەکی هاوردنی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەی قزڵحەسار بەم شێوەیە ئاماژە پێدەدا: بەندکراوان، بنەماڵەی بەندکراوان، ئەو کەسانەی هاتوچۆیان بۆ نێو بەندیخانە هەیە، ئاژەڵە فێرکراوەکان و ئەو درۆنگەلەی کە کۆنتڕۆڵ دەکرێن و وەک دوافاکتەریش هاویشتنی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە.

ڕەئیسی‌نەژاد (2017) لە توێژینەوەیەکدا لەژێر ناوی “بەرگریکردن لە هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە و بەراوردکردنی لەگەڵ وڵاتانی دیکە” ڕێگەکانی بەرگریکردن لە سێ بابەتدا پۆلێنبەندی کردووە: دانانی لەمپەر و بەربەست، پشکنین و چاودێری، هەروەها وەرگرتن و بەکارهێنانی سیخوڕ و سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری. لە بەشی دانانی لەمپەر و بەربەستدا ئاماژە دراوەتە دانانی کامێرا و ئامرازی تەیار لە دەرکە و دەروازەی بەندیخانەکان، چاودێری زیاتری بەندکراوانی مەترسیدار و تەیارکردنی بەشی چاودێریی تەندروستیی بەندیخانە، لە بەشی پشکنیندا ئاماژە دراوەتە ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیدارن بە پشکنینی جەستەیی بەندکراوان، جلوبەرگی بەندکراوان، پشکنینی شوێنە جۆراوجۆرەکانی بەندیخانە و کەلوپەل و مادە خۆراکییەکان.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە بەندکرانی درێژخایەن، گرنگترین هۆکاری هێنانی مادە هۆشبەرەکان و ئامرازە قەدەغەکراوەکان بۆ نێو بەندیخانەیە و کۆنتڕۆڵی ئەمنییەتی وەک گرنگترین هۆکاری بەرگریکردن لە هێنانی ئامرازە قەدەغەکراوەکان بۆ نێو بەندیخانە ئاماژەی پێدراوە. توێژینەوە لێکچووەکانی دیکەی ناوخۆیش هەر ئەم ئەنجامانەیان لێکەوتووەتەوە (بڕوانە: حوسێنی، 2017، تەوەکولی‌نیا، 2017 و ڕەئیسی‌نەژاد، 2017).

بنەما تیۆریکەکان

بەپێی تیۆری کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی، هەڵسوکەوتی نەگونجاو دەگەڕێتەوە سەر لاوازبوونی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی. گریمانەی سەرەکی لەم تیۆرییەدا ئەوەیە کە تاک بەشێوەی سروشتی حەزی لە هەڵسوکەوتی نەگونجاوە و ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت بەلاڕێدا دەچێ، هەڵسوکەوتی نەگونجاوی تاکەکان زیاتر لەوەی کە بگەڕێتەوە سەر هێزە هاندەرەکان بۆ لاساری، دەگەڕێتەوە بۆ بەرگری نەکردن. بەپێی ئەم تیۆرییە، پەیوەندییەکانی تاک لەگەڵ بنکە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگترین فاکتەری ڕاگیرکردن و بەرگریکردن لە هەڵسوکەوتی لاسارە. لەگەڵ لاوازبوون یان شکانی ئەم پەیوەندیگەلە، ئەو سنوورانەی کە کۆمەڵگە بۆ ئەندامانی خۆی دایناوە، لەناو دەچن و ئەگەری ئەوەی کە تاک یاسا و ڕێساکان ببەزێنێ بەرز دەبێتەوە. ئەم تیۆرییە لەسەر شێوازی پێکهاتنی تایبەتمەندییەکانی وەک عیزەتی نەفس و ڕوانگەی ئەرێنی بەرامبەر بە خۆ وەک فاکتەری بەرگریکار لە لاساری جەخت دەکاتەوە. هەربۆیە بە کردەوە چاوەڕێ دەکرێت کە تاک، فاکتەری چالاک، بڕیاردەر، دیسیپلینبەخش بە خۆ و هەڵگری بەرپرسیارێتی بێت و بتوانێت هەڵسوکەوت و هەست و نەست و هەیەجانەکانی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات و لەسەرخۆ بێت (بڕوانە: تەوەسولی، 2007؛ وەرگیراو لە حەبیبی، 2018).

بەپێی ئەم تیۆرییە، بەلاڕێداچوون دیاردەیەکە فێر دەبین. ڕوانگەی ساترلەند و ئاکێرزیش دەکەوێتە ئەم بەشە. ساترلەند[5] لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لاساری و هەڵسوکەوتی نەگونجاو فێر دەبین و بۆماوەیی نییە (بڕوانە سدیق سەرڤێستانی، 2003) و بەشێکی زۆری فێربوونی هەڵسوکەوتی نەگونجاو لە پرۆسەی پەیوەندییەکان لەگەڵ گرووپە نزیک و چکۆلەکان وەک گرووپی هاوڕێیان و بنەماڵە ڕوو دەدات. ئاکێرزیش لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بەلاڕێداچوون ئەگەر بە سوود و بە قازانج وێنا بکرێت، هەر ئەمە دەبێتە هاندەرێک بۆ بەلاڕێداچوونی دوبارە.

بەپێی تیۆریی فێربوونی کۆمەڵایەتیی بەندورا، هەڵسوکەوتی لاسار، فێر دەکرێت و لە پرۆسەی پەیوەندیی لەگەڵ کەسانی دیکەدا و بەتایبەت لە گرووپە چکۆلەکاندا فێر دەکرێت. لە پرۆسەی فێربووندا، هاوڕێیانی تاک، یاساکان وەک دیاردە و ئەکتی گونجاو یان نەگونجاو پێناسە دەکەن و تاک ئەم پێناسەگەلە لە ئەوانەوە فێر دەبێت، چونکە تووشی کۆمەڵێک پێناسە دەبێت کە تێیاندا یاساشکاندن دەکەوێتە سەرەوەی ڕێزگرتن لە یاسا، تاک دەبێتە تاوانبار و جینایەتکار (بڕوانە شوڵتز[6]، 1384؛ وەرگیراو لە حەبیبی، 2018).

دورکیم لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لاساری و هەڵسوکەوتی نەگونجاو ئەگەرچی لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا ڕوو دەدات، بەڵام شێوازی مۆدێڕنی ئەم دیاردەیە تایبەتی کۆمەڵگە ڕێکخراوەکانە کە بەشێوەی ئورگانیک ڕێک خراون و زیاتر لە چوارچێوەی دۆخی ئانۆمی وەک نەخۆشینێکی مۆدێڕن دەردەکەون. ئانۆمی لە ڕوانگەی دورکیمەوە ئاماژەیە بۆ ناڕێکی، تێکشکان و سستیی کۆمەڵایەتی و ئاڵۆزی و پشێویی لە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا (بڕوانە: Trener, 2006). دورکیم دەڵێت کە لە هەلومەرجی ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتیدا، ئامانجە لەڕادەبەدەر و بێ‌سنوورەکان دێنە ئاراوە و چونکە ڕێگەی دەستەبەربوونیان لەئارادا نییە، هەربۆیە دۆخێکی ناڕەزامەندیی کۆمەڵایەتیی بەردەوام دێتە ئاراوە. پاشان ئەم ناڕەزامەندییە لە ڕەوتە کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکانی وەک تاوان و جینایەت و … دەرکەوتنی دەبێت (بڕوانە: بووستانی، 2012).

مێرتێن بە بەرفراوانکردنی چەمکی ئانۆمیی دورکیم، ئەو چەمکەی بۆ شرۆڤەکردنی هەڵسوکەوتی لاسار بەکارهێناوە. ناوبراو لە شرۆڤە و شیکردنەوەی خۆیدا دەریخستووە کە چۆن کولتوور و پێکهاتەی کۆمەڵگە دەبێتە هۆی بەلاڕێداچوون. لەسەر ئەو بنەمایە لەلایەکەوە دەکرێ لە کۆمەڵگەدا، هاوسەنگییەک لەنێوان ئامانجە کولتوورییەکان و ئامرازە دەروونیکراوەکان بۆ گەیشتن بە جێگیربوونێکی ڕێژەیی دابین بکرێ و لەلایەکی دیکەشەوە ئەوکاتەی کە هۆگری و هەستی پابەندبوون بە گرووپ و کۆمەڵگە لە بەندکراودا پێکبێنین، بەندکراو نۆڕمە گرووپییەکان وەک سەرمەشق قبووڵ دەکات، پابەندیان دەبێت و تەنانەت هەوڵ بۆ گۆڕانیان بەمەبەستی پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆی و کەسانی دیکە دەدات (بڕوانە ڕابێرتسۆن[7]، 1389).

یەکێک لە تیۆرییە گرنگەکان لە بواری لاساری و بەلاڕێداچووندا، تیۆریی گوشاری کۆمەڵایەتییە. ئەم تیۆرییە ئەم پرسیارە دێنێتە ئاراوە کە لەبەرچی خەڵک لاساری دەکەن و چ فاکتەرگەلێک دەبنە هۆکاری؟ (بڕوانە: ئەسەدی و هیمەتی، 2021). خاڵی دەسپێک لە تیۆریی گوشاردا، ئەو باوەڕەیە کە تاوان لەبنەڕەتدا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە. بەو واتایەی کە ئەم تیۆرییە لەسەر جۆرێک تێگەیشتنی کۆمەڵناسانە لە هەڵسوکەوتە تاکی و گرووپییەکان ڕاوەستاوە. تیۆرییەکانی گوشاری پێکهاتەیی، هەڵسوکەوتە لاسارەکان دەگەڕێننەوە بۆ گوشارەکانی کۆمەڵگە. پرسیاری سەرەکی لە تیۆریی گوشاردا ئەوەیە کە بۆ چی خەڵک فڵانە هەڵسوکەوتیان هەیە. وەڵامی گشتیی ئەم تیۆرییە بەم پرسیارەیە کە کۆمەڵێک فاکتەر لە کۆمەڵگەدا، دەبنە هۆی گوشار بۆ سەر بەشێک لە خەڵک و بۆیە ئەو خەڵکە ناچار دەبن لاساری بکەن. لەم بوارەدا دەکرێ ئاماژە بدەینە ڕابێرت مێرتێن[8]، ئالبێرت کۆهێن و کلوارد[9]. والکتر ڕکلێس، یەکێکی دیکە لە بیرمەندانی تیۆریی کۆنتڕۆڵ لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەندامێتی لە گرووپ و پەیوەندییە دوولایەنە کۆمەڵایەتییەکان، جۆری هەڵسوکەوتی تاک لە هەلومەرجە تایبەتەکانی ژیاندا دەستنیشان دەکەن (بڕوانە: حەبیبی، 2018).

لە ڕوانگەی ساترلەندەوە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە خاوەنی وردە کولتوورە جۆراوجۆرەکانە، هەندێک لە ئاقارە کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار هاندەری چالاکییە نایاساییەکانن. لەحاڵێکدا کە ئاقارەکانی دیکە وەها نین. تاک لەبەر سازدانی پەیوەندی لەگەڵ کەسانێک کە هەڵگری نۆڕمە نائاسایی و نانورماڵەکانن، دەبنە لاسار و تاوانکار. لە ڕوانگەی ساترلەندەوە، زۆرینەی هەڵسوکەوتە تاوانکارانەکان لەنێو گرووپەکانی سەرەتا، بەتایبەت گرووپی هاوتەمەنەکان فێر دەکرێن (بڕوانە: Giddens, 1976).

شێوازی توێژینەوە

لە بواری شێوازناسییەوە، وتاری بەردەست، تێکەڵ و لە چەشنی گەڵاڵەی سێ‌گۆشەسازیی هاوکۆیە. لەم مۆدێلەدا، توێژەران داتا چەندێتی و چۆنێتییەکان بەشێوەی جودا بۆ دیاردە یەکسان و لێکچووەکان کۆ دەکەنەوە و شییان دەکەنەوە و پاشان ئەنجامەکان لەدرێژەی شرۆڤەدا هاوکۆ و هاوگر دەبن (بڕوانە: دلاوەر و کوشکی، 2013). ئامرازی کۆکردنەوەی زانیارییەکان لە بەشی چەندێتیدا، پرسیارنامەی سازکراوی توێژەر و لە بەشی چۆنێتیدا، وتووێژ نیمەپێکهاتوو بوو.

کۆمەڵگەی ئاماریی توێژینەوە بریتی لە بەندکراوانی ڕۆژئاوای ئێران بوو کە لەنێو ئەوانەدا بەشێوەی نمونەهەڵگرتنی بەردەست، پێنج پارێزگای ڕۆژئاوایی ئێران بریتی لە کوردستان، ئیلام، هەمەدان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هەڵبژێردران. لە قۆناغی دواتردا و بۆ نمونەهەڵگرتن لە بەشی چەندێتیدا بە بەکارهێنانی فورموولی کوکران، لەنێو هەموو بەندکراوان و کاربەدەستانی پاراستنی بەندیخانەکانی پێنج پارێزگا، بەشێوەی هەڕەمەکی، ژمارەی 242 بەندکراو (بریتی لە 67 کەس لە بەندیخانەی پارێزگای هەمەدان، 26 کەس لە بەندیخانەی پارێزگای ئیلام، 48 کەس لە بەندیخانەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، 52 کەس لە بەندیخانەی پارێزگای کرماشان و 49 کەس لە بەندیخانەی پارێزگای کوردستان) هەڵبژێردران کە وەڵامی پرسیارنامەی گەڵاڵەکراوی توێژەریان دایەوە. دەستنیشانکردنی ژمارەی بەشداربووان بەپێی ئاماری ژمارەی بەندکراوانی هەر پارێزگایەک بووە.

زانیارییە کۆکراوەکان بەشێوەی وەسفی شیکردنەوەیان بۆ کرا. لە قۆناغی چۆنێتیی توێژینەوەدا بۆ نمونەهەڵگرتن و هەڵبژاردنی تاقیکراوەکانی ئەم قۆناغە، لە شێوەی نمونەهەڵگرتنی ئامانجدار کەڵک وەرگیرا. ئەویش بەو مەبەستەی کە کەسانێک لەنێو بەندکراوان و کاربەدەستانی بەندیخانە هەڵبژێردرێن کە وێڕای مەیل و خواست بۆ هاوکاری، خاوەنی زانیاریی گونجاو بن لە بواری تەوەرەکانی وتووێژەکە. وتووێژەکان تا قۆناغی تەواوبوونی تیۆرییەوە درێژەیان پێدرا و لەئەنجامدا 28 بەندکراو و 12 کەس لە کاربەدەستانی پاراستن وتووێژیان لەگەڵ کرا.

بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی گریمانەی بەشی چەندێتیی توێژینەوە، پرسیارنامەیەکی گەڵاڵەکراوی توێژەر ئامادە کرا و تێیدا هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ شوێنهاتە وێناکراوەکانی هێنان و دابەشکردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لەنێو بەندیخانەکان لەسەر بەندکراوان و کاربەدەستە جۆراوجۆرەکانی بەندیخانە بەرچاو گیران. ئەم ئامرازە 16 بابەتی لە جۆری لیکێرتی 5 پلەیی دەگرتەوە کە ڕێژەی شوێنهاتە خوازراوەکان لەسەر گرووپی مەبەست بەشێوەی زۆر کەم (1)، کەم (2) تا ڕادەیەک (3) ، زۆر (4) و ئێجگار زۆر (5) بەراورد دەکرد و شێوازی نمرەدانانی هەموو بابەتەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ بوو.

لە قۆناغی دواتردا بۆ دەستنیشانکردنی ڕەوایەتیی ئەم ئامرازە، سەرەتا لە شێوازی پشتڕاستکردنەوەی پسپۆڕان کەڵک وەرگیرا. بۆ ئەم مەبەستەش، 7 کەس لە مامۆستایان و شارەزایانی خاوەنی توانای پەیوەندیدار بە کۆمەڵناسی و دەروونناسی هەڵبژێردران. لە قۆناغی دواتردا، ئامرازی دروستکراو لەگەڵ هەندێ شرۆڤە لەسەر ئامانجە سەرەکییەکانی ئەنجامدانی ئەم توێژینەوە پێیان درا و لە کۆتاییدا پرسیارێک بەم ناوەڕۆکەی کە “بەپێی ئامانجەکانی توێژینەوە، ئێوە تا چ ڕادەیەک بابەتەکانی ئەم پرسیارنامە بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە خوازراوەکان گونجاو و بەکەڵک دەبینن؟” ئاڕاستەیان کرابوو. ئەم کەسانە پاش خوێندنەوەی پرسیارەکان دەیانتوانی ڕوانگە و بۆچوونی خۆیان لەسەر ڕەوابوونی لەباری ناوەڕۆکەوە لەڕێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارە ئاماژەپێکراوەکە لە جۆرێکی لیکێرتی سێ بەشەدا بریتی لە هەڵبژاردەکانی یەکەم) نەگونجاو دووهەم) تا ڕادەیەک گونجاو و سێهەم) تەواو گونجاو، بدەنەوە.

ئەنجامەکان دەریانخست کە زۆربەی دادوەران لەسەر ڕەوابوونی ناوەڕۆکی ئامرازی دیزاینکراو، ڕوانگەی ئەرێنی و لێکچوویان هەبووە و ڕەوایەتیی ناوەڕۆکی پرسیارنامەکەیان پشتڕاست کردبووەوە. لەدرێژەدا لە شێوازی لاشەش بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی ڕەوایەتیی ئامرازی دیزاینکراو کەڵکی لێ وەرگیرا. شێوازی لاشە، یەک لە شێوازەکانی گۆڕینی دادوەریی چۆنێتیی دادوەران لەسەر ڕەوابوونی ناوەڕۆکی بۆ چەندێتییە و پێی دەڵێن ڕێژەی ڕەوابوونی ناوەڕۆکی (بڕوانە: سەیف، 2012) کە زیاتر بۆ دەستنیشانکردنی ڕەوابوونی ناوەڕۆکی پرسیارەکانی پرسیارنامە و ئەزموون بەکار دەهێنرێت. ڕێژەی بەدەستهێنراو بۆ ئێمە 0.98 بوو کە پیشاندەری ڕەوابوونی ئەم ئامرازەیە لە باری ناوەڕۆکەوە و لە ڕوانگەی دادوەرانەوە. پاش پشتڕاستبوونەوەی ڕەوایەتی، لەئەنجامدا ئەم ئامرازە لەنێو بەشداربووانی نمونەدا تاقی کرایەوە و زانیارییەکان بۆ شیکاری لەگەڵ نەرمامێری SPSS 22 ئامادە کران.

دەستکەوتەکانی توێژینەوە

پرسیاری توێژینەوە: زۆرترین کاریگەری و شوێنهاتەکانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان لەسەر بەندکراوەکان کامانەن؟

خشتەی ژمارە 1- کاریگەری و شوێنهاتەکانی هێنانی مادە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکان بۆ نێو بەندیخانە لەسەر بەندکراوانی پارێزگای هەمەدان

ئێجگار زۆر زۆر تا ڕادەیەک کەم زۆر کەم پرسیار
٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونە
28.9 26 11.1 10 13.3 12 6.7 6 8.9 8 دڵەخورپە و سترێس
23.3 21 14.4 13 11.1 10 5.6 5 14.4 13 ترس و هەستی ناهێمنی
21.1 19 17.8 16 13.3 12 6.7 6 10 9 خەمباری و خەمۆکی
21.1 19 20 18 7.8 7 11.1 10 7.8 7 بێ‌هیوایی
10 9 7.8 7 15.6 14 6.7 6 28.9 26 زیزبوون و تووڕەیی
10 9 5.6 5 12.2 11 7.8 7 28.9 26 بیرکردنەوە لە خۆکوشتن
15.6 14 8.9 8 2.2 2 6.7 6 35.6 32 هەوڵدان بۆ خۆکوشتن
13.3 12 10 9 4.4 4 11.1 10 27.8 25 زەبر و ئازاری جەستەیی
4.4 4 6.7 6 8.9 8 11.1 10 36.7 33 هەڕەشەی جەستەیی
2.2 2 4.4 4 2.2 2 6.7 6 44.4 40 خەسارلێکەوتنی کەلوپەل و دارایی
2.2 2 2.2 2 7.8 7 3.3 3 44.4 40 هەڕەشەی کەڵکاوەژووی سێکسی
16.7 15 7.8 7 5.6 5 10 9 28.9 26 کەڵکاوەژووی سێکسی ڕاستەوخۆ
12.2 11 7.8 7 11.1 10 10 9 26.7 24 پێشنیاری جگەرەکێشان
13.3 12 3.3 3 8.9 8 12.2 11 30 27 پێشنیاری بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان
8.9 8 8.9 8 4.4 4 15.6 14 28.9 26 پێشنیاری هاوکاریکردن بۆ هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان
15.6 14 13.3 12 15.6 14 15.6 14 10 9 پێشنیاری بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان
                         

بەپێی دەستکەوتەکانی خشتەی ژمارە 1، لە ڕوانگەی بەندکراوانی پارێزگای هەمەدانەوە، کەمترین شوێنهات و کاریگەریی نەرێنی هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە لەسەر بەندکراوان، دەگەڕێتەوە بۆ خەسارلێکەوتنی کەلوپەل و دارایی و هەڕەشە بۆ کەڵکاوەژووی سێکسی و زۆرترین شوێنهات و کاریگەریی نەرێنی ئەم دیاردەیە، سەرهەڵدانی هەیەجان و هەستە نەرێنییە جۆراوجۆرەکانی وەک هەستی دڵەخورپە و سترێس (گوشاری دەروونی)، ترس و ناهێمنی، پەژارە و خەمۆکی و بێ‌هیوایی بووە.

خشتەی ژمارە 2- کاریگەری و شوێنهاتەکانی هێنانی مادە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکان بۆ نێو بەندیخانە لەسەر بەندکراوانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا

ئێجگار زۆر زۆر تا ڕادەیەک کەم زۆر کەم پرسیار
٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە
37.5 18 14.6 7 8.3 4 8.3 4 29.2 14 دڵەخورپە و سترێس
37.5 18 20.8 10 10.4 5 14.6 7 12.5 6 ترس و هەستی ناهێمنی
35.4 17 18.8 9 12.5 6 14.6 7 14.6 7 خەمباری و خەمۆکی
31.4 15 16.7 8 14.6 7 18.8 9 10.4 5 بێ‌هیوایی
35.4 17 12.5 6 12.5 6 18.8 9 16.7 8 زیزبوون و تووڕەیی
29.2 14 6.3 3 4.2 2 25 12 29.2 14 بیرکردنەوە لە خۆکوشتن
12.5 6 6.3 3 14.6 7 14.6 7 45.8 22 هەوڵدان بۆ خۆکوشتن
12.5 6 2.1 1 6.3 3 22.9 11 52.1 25 زەبر و ئازاری جەستەیی
12.5 6 4.2 2 16.7 8 14.6 7 47.9 23 هەڕەشەی جەستەیی
8.3 4 8.3 4 8.3 4 10.4 5 58.3 28 خەسارلێکەوتنی کەلوپەل و دارایی
6.3 3 4.2 2 2.1 1 6.3 3 66.7 32 هەڕەشەی کەڵکاوەژووی سێکسی
0.5 1 6.3 3 8.3 4 6.3 3 64.6 31 کەڵکاوەژووی سێکسی ڕاستەوخۆ
35.4 17 6.3 3 8.3 4 16.7 8 27.1 13 پێشنیاری جگەرەکێشان
25 12 2.1 1 8.3 4 14.6 7 41.7 20 پێشنیاری بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان
14.6 7 8.3 4 6.3 3 12.5 6 47.9 23 پێشنیاری هاوکاریکردن بۆ هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان
14.6 7 4.2 2 22.9 11 22.9 11 33.3 16 پێشنیاری بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان
                         

Figure 1وێنەی ژمارە 2- هێڵکاری دابەشکردنی فرێکوێنسییە پەیوەندیدارەکان بە هەڵبژاردەی “ئێجگار زۆر”ەوە.

بەپێی دەستکەوتەکانی وێنەی ژمارە 2 و خشتەی ژمارە 2، لە ڕوانگەی بەندکراوانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە، کەمترین شوێنهاتی نەرێنیی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان و لەسەر بەندکراوان، دەگەڕێتەوە بۆ هەڕەشەکردن بۆ کەڵکاوەژووی سێکسی و کەڵکاوەژووی سێکسی ڕاستەوخۆ و زۆرترین شوێنهات و کاریگەریی نەرێنیی ئەم دیاردەیەش، دڵەخورپە، گوشاری دەروونی، ترس، هەستکردن بە ناهێمنی، سەرهەڵدانی هەستەکانی خەمۆکی، تووڕەبوون و پێشنیاری جگەرەکێشان.

خشتەی ژمارە 3- کاریگەری و شوێنهاتەکانی هێنانی مادە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکان بۆ نێو بەندیخانە لەسەر بەندکراوانی پارێزگای کوردستان

ئێجگار زۆر زۆر تا ڕادەیەک کەم زۆر کەم پرسیار
٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونە
13.3 8 11.7 7 11.7 7 15 9 26.7 16 دڵەخورپە و سترێس
18.3 11 3.3 2 11.7 7 18.3 11 25 15 ترس و هەستی ناهێمنی
18.3 11 3.3 2 11.7 7 18.3 11 26.7 16 خەمباری و خەمۆکی
13.3 8 3.3 2 6.7 4 15 9 28.3 23 بێ‌هیوایی
8.3 5 6.7 4 3.3 2 10 6 46.7 26 زیزبوون و تووڕەیی
8.3 5 6.7 4 8.3 5 11.7 7 46.7 26 بیرکردنەوە لە خۆکوشتن
10 6 1.7 1 10 6 16.7 10 40 24 هەوڵدان بۆ خۆکوشتن
1.7 1 6.7 4 11.7 7 10 6 50 30 زەبر و ئازاری جەستەیی
1.7 1 6.7 4 8.3 5 16.7 0 45 27 هەڕەشەی جەستەیی
1.7 1 8.3 5 5 3 13.3 8 46.7 28 خەسارلێکەوتنی کەلوپەل و دارایی
11.7 7 11.7 5 8.3 5 21.7 13 18.3 11 هەڕەشەی کەڵکاوەژووی سێکسی
13.3 8 0 0 11.7 7 20 12 33.3 20 کەڵکاوەژووی سێکسی ڕاستەوخۆ
1.7 1 5 3 10 6 13.3 8 48.3 29 پێشنیاری جگەرەکێشان
1.7 1 3.3 2 11.7 7 11.7 7 50 30 پێشنیاری بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان
10 6 15 9 13.3 8 13.3 8 28.3 17 پێشنیاری هاوکاریکردن بۆ هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان
11.7 7 5 3 13.3 8 26.7 16 21.7 13 پێشنیاری بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان
                         

بەپێی دەستکەوتەکانی خشتەی ژمارە 3، لە ڕوانگەی بەندکراوانی پارێزگای کوردستانەوە، کەمترین شوێنهات و کاریگەریی نەرێنی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان و لەسەر بەندکراوان، دەگەڕێتەوە سەر پێشنیاری جگەرەکێشان و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و هەروەها زەبر و ئازاری جەستەیی ڕاستەوخۆ؛ هەروەها زۆرترین کاریگەری و شوێنهاتی نەرێنیی ئەم دیاردەیە، سەرهەڵدانی هەستی ترس و ناهێمنی و پەژارە و خەمۆکی بووە.

خشتەی ژمارە 4- کاریگەری و شوێنهاتەکانی هێنانی مادە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکان بۆ نێو بەندیخانە لەسەر بەندکراوانی پارێزگای ئیلام

ئێجگار زۆر زۆر تا ڕادەیەک کەم زۆر کەم پرسیار
٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونە
30.8 8 30.8 8 11.5 3 7.7 2 15.4 4 دڵەخورپە و سترێس
57.7 15 7.7 2 19.2 5 3.8 1 11.5 3 ترس و هەستی ناهێمنی
34.6 9 30.8 8 19.2 5 7.7 2 7.7 2 خەمباری و خەمۆکی
34.6 9 30.8 8 15.4 4 3.8 1 11.5 3 بێ‌هیوایی
30.8 8 42.3 11 7.7 2 0 0 15.4 4 زیزبوون و تووڕەیی
57.7 15 11.5 3 7.7 2 7.7 2 11.5 3 بیرکردنەوە لە خۆکوشتن
46.2 12 26.9 7 7.7 2 3.8 1 15.4 4 هەوڵدان بۆ خۆکوشتن
42.3 11 11.5 3 11.5 3 7.7 2 23.1 6 زەبر و ئازاری جەستەیی
23.1 6 7.7 2 15.4 4 26.9 7 26.9 7 هەڕەشەی جەستەیی
34.6 9 0 0 11.5 3 15.4 4 38.5 10 خەسارلێکەوتنی کەلوپەل و دارایی
11.5 3 19.2 5 15.4 4 15.4 4 34.6 9 هەڕەشەی کەڵکاوەژووی سێکسی
7.7 2 3.8 1 0 0 19.2 5 61.5 16 کەڵکاوەژووی سێکسی ڕاستەوخۆ
3.8 1 7.7 2 3.8 1 11.5 3 65.4 17 پێشنیاری جگەرەکێشان
42.3 11 0 0 19.2 5 26.9 7 7.7 2 پێشنیاری بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان
30.8 8 3.8 1 11.5 3 11.5 3 23.1 6 پێشنیاری هاوکاریکردن بۆ هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان
23.1 6 11.5 3 15.4 4 0 0 42.3 11 پێشنیاری بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان
                         

بەپێی دەستکەوتەکانی خشتەی ژمارە 4 لە ڕوانگەی بەندکراوانی پارێزگای ئیلامەوە، کەمترین کاریگەریی و شوێنهاتی نەرێنیی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە و لەسەر بەندکراوان، دەگەڕێتەوە سەر پێشنیاری جگەرەکێشان و کەڵکاوەژووی سێکسی ڕاستەوخۆ؛ زۆرترین شوێنهات و کاریگەریی نەرێنیی ئەم دیاردەیەش، هەستی ترس و ناهێمنی و سەرهەڵدانی بیرکردنەوە لە خۆکوشتن بووە.

خشتەی ژمارە 5- کاریگەری و شوێنهاتەکانی هێنانی مادە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکان بۆ نێو بەندیخانە لەسەر بەندکراوانی پارێزگای کرماشان

ئێجگار زۆر زۆر تا ڕادەیەک کەم زۆر کەم پرسیار
٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونەوە ٪ دووپاتبوونە
11.5 6 1.9 1 30.8 16 8.1 7 32.7 17 دڵەخورپە و سترێس
7.7 4 7.7 4 17.3 9 23.1 12 34.6 18 ترس و هەستی ناهێمنی
11.5 6 7.7 4 15.4 8 25 13 30.8 16 خەمباری و خەمۆکی
11.5 6 11.5 6 21.2 11 23.1 12 23.1 12 بێ‌هیوایی
9.6 5 11.5 6 21.2 11 19.2 10 28.8 15 زیزبوون و تووڕەیی
15.6 8 9.6 5 21.2 11 13.5 7 30.8 16 بیرکردنەوە لە خۆکوشتن
21.2 11 3.8 2 23.1 12 21.2 11 23.1 12 هەوڵدان بۆ خۆکوشتن
15.4 8 9.6 5 30.8 16 17.3 9 19.2 10 زەبر و ئازاری جەستەیی
5.8 3 11.5 6 21.2 11 19.2 10 28.8 15 هەڕەشەی جەستەیی
9.6 5 1.9 1 17.3 9 17.3 9 40.4 21 خەسارلێکەوتنی کەلوپەل و دارایی
0 0 3.8 2 11.5 6 13.5 7 61.5 32 هەڕەشەی کەڵکاوەژووی سێکسی
3.8 2 1.9 1 19.2 10 21.2 11 42.3 22 کەڵکاوەژووی سێکسی ڕاستەوخۆ
7.7 4 1.9 1 23.1 12 9.6 5 44.2 23 پێشنیاری جگەرەکێشان
26.9 14 11.5 6 30.8 16 5.8 3 15.4 8 پێشنیاری بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان
19.2 10 7.7 4 26.9 14 13.5 7 21.2 11 پێشنیاری هاوکاریکردن بۆ هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان
11.5 6 3.8 2 23.1 12 15.4 8 34.6 18 پێشنیاری بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان
                         

بەپێی دەستکەوت و ئەنجامەکانی خشتەی ژمارە 5، لە ڕوانگەی بەندکراوانی پارێزگای کرماشانەوە، کەمترین شوێنهات و کاریگەریی نەرێنیی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە لەنێو بەندکراواندا، دەگەڕێتەوە سەر کەڵکاوەژووی سێکسی و زۆرترین شوێنهات و کاریگەریی نەرێنیش، پێشنیارکرانی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و هەروەها هەوڵدان بۆ خۆکوشتن بووە.

ئایا لە ڕوانگەی بەندکراوان و کاربەدەستانی پاراستنی بەندیخانەوە، لەنێوان بەندیخانەکانی پارێزگاکان لە باری هێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە جیاوازی دەبینرێت؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، جیاوازیی ئەو پارێزگاگەلەی کە توێژینەوەیان لەسەر کراوە لە نۆ بابەتی سەرەکیی مادە هۆشبەرەکان کە زیاتر دەچنە بەندیخانەکانی ئێران، شێوازەکانی دەرهێنان[10] و شیکاریی ڤەرەیانس تاوتوێ کران کە لەدرێژەدا ئەنجامەکانی لەسەر مادە هۆشبەرەکان دەخرێنە ڕوو.

خشتەی ژمارە 6، زانیارییە وەسفییەکانی نمرەی پارێزگاکان لەسەر گۆڕاوەی هێنانی مادە هۆشبەرەکان

گۆڕاوەی پارێزگا مادە هۆشبەرە سونەتییەکان
ژمارە ناوەندی ژمێرەیی لادانی پێوانەیی
هەمەدان 95 2.42 1.33
ئیلام 49 2.71 1.56
ئازەربایجانی ڕۆژئاوا 70 2.38 1.17
کرماشان 84 -2.22 -1.12
کوردستان 73 1.39 0.77
کۆ 371 2.20 1.26

ئەنجامەکانی خشتە پیشانی دەدات کە ناوەندی ڕێژەیی پارێزگاکان لەسەر گۆڕاوەی مادە هۆشبەرە براوەکان بۆ نێو بەندیخانە پێکەوە جیاوازی هەیە. بۆ تاوتوێکردنی ئاستی بایەخداریی جیاوازیی ئەم ناوەندە ڕێژەییانە لە ئامارە دەرهێنانییەکان و شێوازی شیکاریی ڤەرەیانسی یەک‌ڕێگەیی (ئانۆڤا) کەڵک وەرگیراوە.

پێش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە، سەرەتا گرنگترین پێش‌گریمانەی ئەم تاقیکردنەوە واتە هاوچەشنیی ڤەرەیانسەکان بە تاقیکردنەوەی لێڤێن تاوتوێ کرا کە ئەنجامەکانی لە خشتەی ژمارە 7دا هاتووە.

خشتەی ژمارە 7- ئەنجامی تاقیکردنەوەی لێڤێن بۆ تاوتوێکردنی هاوچەشنیی ڤەرەیانسەکان

ئامارەی لێڤێن
پلەکانی ئازادیی 1
پلەکانی ئازادیی 2
ئاستی بایەخداری
12.69
4
366
0.00

وەک ئەنجامەکانی خشتەکە پیشانی دەدات، بەپێی ئەوەی کە ئاستی بایەخداریی بەدەستهێنراو، کەمترە لە ڕێژەی 0.05،هەربۆیە تاقیکردنەوەی لێڤێن بایەخدار بووە و ئەمەواتە گریمانەی هاوچەشنیی ڤەرەیانسەکان جێگیر نییە.

چونکە ئەم گریمانەیە جێگیر نییە و قەبارەی نمونەی گرووپەکانیش جیاوازن، Fی بەدەستهێنراو لە تاقیکردنەوەی شیکاریی ڤەرەیانس بەتەنیایی جێی متمانە نییە. هەربۆیە سەرەڕای ڕاپۆرتی Fی شیکاریی ڤەرەیانس، لە دوو تاقیکردنەوەی ئاڵتەرناتیڤیش کە مەرجی یەکسانیی ڤەرەیانسەکان و هەروەها قەبارەی نمونەکانی لەنێوان کۆمەڵگەکان بەرچاو ناگرن و تایبەتی هەلومەرجی لەم چەشنەن، واتە تاقیکردنەوەی وێڵچ و تاقیکردنەوەی براون-فۆرسیت بۆ هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی ڕێژەی ناوەندییەکان بەکارهێنران کە ئەنجامەکانی لە درێژەدا هاتووە.

خشتەی ژمارە 8- ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی شیکاریی ڤەرەیانسی یەک‌ڕێگەیی بۆ تاوتوێکردنی جیاوازیی ڕێژەی ناوەندیی پارێزگاکان لە گۆڕاوی هێنانی مادە هۆشبەرەکان

سەرچاوەی گۆڕانکارییەکان کۆی چوارگۆشەکان پلەکانی ئازادیی ناوەندی چوارگۆشەکان F ئاستی بایەخداری
لەناو گرووپدا 67.093 4 16.773 11.629 0.000
لە دەرەوەی گرووپدا 527.925 366 1.442
کۆ 595.019 370

ئەنجامەکانی شیکاریی ڤەرەیانس پیشانی دەدات کە ڕێژەی Fی بەدەستهێنراو (11.629) لە ئاستی P< 0.05 بایەخدارە. واتە لەنێوان لانیکەم دوو پارێزگادا لە گۆڕاوەی هاتنی مادە هۆشبەرە سونەتییەکان بۆ نێو بەندیخانە، جیاوازیی بایەخدار دەبینرێت.

خشتەی 9- ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی وێڵچ و براون-فۆرسیت بۆ تاوتوێکردنی جیاوازیی ناوەندەکان لە گۆڕاوەی هێنانی مادە هۆشبەرەکان

ئامار
پلەی ئازادیی 1
پلەی ئازادیی 2
ئاستی بایەخداری
تاقیکردنەوەی وێڵچ
18.416
4
165.249
0.00
تاقیکردنەوەی براون-فۆرسیت
11.127
4
248.799
0.00

وەک ئەنجام و دەستکەوتەکانی خشتەکە پیشانی دەدات، ئاماری هەردوو تاقیکردنەوەکەی وێڵچ و براون-فۆرسیت لەئاستی P< 0.05 بایەخدارن و ئەمە بە واتای جیاوازیی بایەخدار لەنێوان ڕێژەی ناوەندەکانی پارێزگاکانە لە گۆڕاوەی هێنانی مادە هۆشبەرە سونەتییەکان بۆ نێو بەندیخانە. بەڵام بایەخداربوونی ئاماری ئەم دوو تاقیکردنەوە پیشان نادات کە ئەو جیاوازییە لەنێوان کام لە پارێزگاکانە. هەربۆیە و بەپێی جێگیرنەبوونی گریمانەی هاوچەشنیی ڤەرەیانسەکان لە تاقیکردنەوەی تام هەنس T2 کە تایبەتی دۆخی ڕەتکرانەوەی گریمانەی هاوچەشنیی ڤەرەیانسەکانە و تاقیکردنەوەیەکی وردبینانەترە، کەڵک وەرگیرا. ئەنجامەکانی ئەو تاقیکردنەوەیە لە خشتەی ژمارە 10دا خراوەتە ڕوو:

خشتەی ژمارە 10- ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی تام هەنس T2 بۆ تاوتوێکردنی جیاوازیی نێوان ڕێژەی ناوەندەکانی پارێزگاکان لە گۆڕاوەی مادە هۆشبەرەکاندا

پلەی خوێندەواری جیاوازیی ڕێژەی ناوەندەکان لادانی پێوانەیی ئاستی بایەخداری
هەمەدان ئیلام 29323.0- .26247 .15261
ئازەربایجانی ڕۆژئاوا 03534.0 .19571 1.000
کرماشان 19486.0 .18367 .968
کوردستان 1.02379 .16429 .000
ئیلام

 

هەمەدان 29323.0 .26247 .955
ئازەربایجانی ڕۆژئاوا 32857.0 .26411 .913
کرماشان 48810.0 .25532 .459
کوردستان 1.31703 .24175 .000
ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هەمەدان -.03534 .19571 1.000
ئیلام -.32857 .26411 .913
کرماشان 0.15952 .18601 .993
کوردستان 0.98845 .16690 .000
کرماشان هەمەدان 0.19486- .18367 .968
ئیلام 0.48810- .25532 .459
ئازەربایجانی ڕۆژئاوا 0.15952-  .18601 .993
کوردستان 0.82893 .15261 .000
کوردستان هەمەدان 1.02379- .16429 .000
ئیلام 1.31703- .24175 .000
ئازەربایجانی ڕۆژئاوا 0.98845- .16690 .000
کرماشان 0.82893- .15261 .000

ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی تام هەنس T2 پیشانی دەدات کە ناوەندی ڕێژەی هێنانی مادە هۆشبەرە سونەتییەکان بۆ بەندیخانەکانی پارێزگای کوردستان بەشێوەیەکی بایەخدار لە هەر چوار پارێزگای دیکە واتە هەمەدان، ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان کەمترە. جیاوازیی بایەخداری دیکە لەنێوان پارێزگاکانی دیکە لەسەر گۆڕاوەی هێنانی مادە هۆشبەرە سونەتییەکان بۆ نێو بەندیخانە بەدی نەکرا. ئەنجامەکانی شیکاریی زانیارییە چەندێتییەکان پیشانی دەدات کە بەندکراوان لەو پارێزگاگەلەی کە توێژینەوەیان لەسەر کراوە لەگەڵ بازنەیەکی بەربڵاو لە شوێنهاتە نەرێنییەکانی هێنان، دابەشکردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان ڕووبەڕوون. بەتایبەت دەکرێ بە دانپێدانانی زۆرینەی بەشداربووان ئاماژە بدەینە شوێنهاتە هەیەجانییە بەربڵاو و جێی تێڕامانەکانی وەک هەستی دڵەخورپە و سترێسی بەردەوام، ترس و ناهێمنیی بەردەوام و لەکۆتاییشدا خەمۆکی و بێ‌هیوایی.

یەکێکی دیکە لەم شوێنهاتە ئاماژەپێکراوانە، پێشنیاری بەربڵاو بە بەندکراوانی دیکەیە لەلایەن کەسانی تێوەگلاوە لە هێنانی ئەم بابەتانە بۆ هاوکاری لە هێنان، دابەشکردن و هەروەها پێشنیاری هاوکاری لە بەکارهێنانی ئەم مادەگەلەدا کە خۆی دەتوانێ یەک لە فاکتەرە ڕوونکەرەوەکانی گەشەکردنی ئەم مادەگەلە و بەرزبوونەوەی تاوانە پەیوەندیدارەکانیان لەنێو بەندیخانە بێت. لەسەرووی ئەم شوێنهات و کاریگەرییانەوە، هێنانی مادەی لەم چەشنە بۆ نێو بەندیخانەکان دەتوانێ تەنانەت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بیری خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ خۆکوشتن لەنێو تاقمێک لە بەندکراوان کە بەجۆرێک دەتوانێ پیشاندەری ڕێژەی خەسارەکانی هێنان و دیتنی مادە هۆشبەرەکان لەنێو بەندکراوان بێت.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە چۆنێتییانەی توێژینەوە بریتییە لە هۆکارەکانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان و ڕێگەچارەسەرە پێشنیارکراوەکان بۆ بەڕێوەبەرێتی و کۆنتڕۆڵی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە و هەروەها تاوتوێکردن و پشتڕاستکردنەوەی دەستکەوتەکانی بەشی چەندێتی توێژینەوە، وتووێژی قووڵی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ لەگەڵ کاربەدەستان و بەندکراوانی بەندیخانەکان ئەنجام دراوە. وتووێژەکان بە دوو شێوەی تاکە کەسی و بەکۆمەڵ تا گەیشتن بە تەواوبوونی تیۆریک درێژەیان هەبوو. بەگشتی زیاتر لە 40 وتووێژی تاکەکەسی و پێنج وتووێژی بەکۆمەڵ (فەوکس گرووپ) لەگەڵ بەندکراوان و شەش وتووێژی بەکۆمەڵ لەگەڵ کاربەدەستە جۆراوجۆرەکانی بەندیخانە بریتیبوو لە سەرۆکی بەندیخانە، بەڕێوەبەرانی ناوخۆ، ڕاوێژکاران، کاربەدەستانی پاراستن و بەشی زانیارییەکان و … ئەنجام درا.

پاش ئەنجامدانی وتووێژەکان چونکە ڕێگەی بەکارهێنانی دەنگهەڵگر (تەسجیل) یان مۆبایل داخرابوو، تەنیا هەوڵدراوە خاڵە سەرەکییەکانی وتووێژەکان بنووسرێن و یاداشتیان لێ هەڵگیرێت. خێرا و دوابەدوای ئەنجامی وتووێژەکان ڕاپۆرتی ڕەوایەتیی دانیشتنەکانی وتووێژ و چاوپێکەوتنی بەندیخانە دابین کرا. پاش تەواوبوونی وتووێژە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکان، چووینە سەر تایپکردنی دەقی وتووێژەکان. لە قۆناغی دواتردا بە بەکارهێنانی نەرمامێر شیکاریی زانیارییە چۆنێتییەکانی (مەکس کیوودی‌ئی[11]) وەشانی 20، کۆددانان، پۆڵێنبەندی و شیکاریی زانیارییەکان ئەنجامدرا.

ئەگەرچی لە بەشی چەندێتیدا، زۆرترین شێوازەکانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە تاوتوێ کرا، بەڵام بۆ تەواوکردن و هەڵسەنگاندنی باوەڕپێکراویی دەستکەوتە چەندێتییەکان، پاش کۆددانان لەسەر زانیارییەکان لەنێو نەرمامێری مەکس کیووئی‌دی، زۆرترین شێوازە باوەکانی گواستنەوە و هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە لە وێنەکانی درێژەدا پیشاندراوە:

وێنەی ژمارە 2: کۆدە پەیوەندیدارەکان بە شێوازەکانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە

وەک لە هێڵکاری سەرەوەدا دەبینن، زۆرترین شێوازی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە بریتین لە ناردنی بەندکراو بۆ دەرەوەی بەندیخانە بە دوو شێوازی عەمباری و قووتدانە. هەروەها هەندێ لە بەندیخانەکان وەک کرماشان چونکە کەوتووەتە نێو شارەوە، شێوازی هاویشتنیشیان تێدا باوە. گواستنەوە لە ڕێگەی کاربەدەستانی بەندیخانە و سەردانکەرانیش دەکەونە ڕیزی شێوازە باوەکان بۆ گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان.

وێنەی ژمارە 4: هێڵکاری گرنگترین هۆکارەکانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە

ئەنجام:

لەم توێژینەوەدا کە بە دوو شێوازی چەندێتی و چۆنێتی ئەنجامدرا، جۆرەکانی مادە هۆشبەرەکان کە لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە دەچنە نێو بەندیخانەکان، تاوتوێ کران. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەم مادەگەلە نۆ گرووپی جۆراوجۆر دەگرنەوە کە لەنێوان ئەوانەدا مادە هۆشبەرەکان (سونەتی-پیشەسازی) لە هەموو ئەو بەندیخانەگەلەیدا کە توێژینەوەیان لەسەر کراوە، دەبینرێن. بەوتەیەکی دیکە پرسی هێنانی نایاسایی جۆرەکانی مادە هۆشبەرەکان کە لەبەر بارودۆخی تایبەتی بەندیخانە و ئەگەری بەرژەوەندیخوازیی تاک و گرووپە تاوانکارەکان، زیاتر باوە و پێشوازیی زیاتری لێدەکرێت، وەک ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوە و بەوتەی دیکە کەڵکەڵەی سەرەکی ڕێکخراوی بەندیخانەکان و بەرپرسانی بەندیخانەکانە. هەربۆیە ناسینی شێوازە باوەکانی گواستنەوە و بردنی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان، گرنگی حاشاهەڵنەگری هەیە؛ چونکە ناسینی هۆکارەکانی هێنان و ڕێگەکانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان دەتوانێ لە بەڕێوەبەرێتی و کۆنتڕۆڵی باشتری بەندیخانە و بەرگریکردن لە شێوە کاریگەر و کارامەکاندا دەورێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت.

ئەنجامە پەیوەندیدارەکان بە جۆرەکانی شێوازە بەکارهێنراوەکان بۆ هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکانیش پیشاندەری چەند دەستکەوت و خاڵی نوێ و یەکلاکەرەوەیە. یەکەم ئەوەی کە هەم لە ڕوانگەی بەندکراوانەوە و هەمیش لە ڕوانگەی کاربەدەستانی بەندیخانەوە، قووتدان، ئەگەرچی شێوازێکی کۆن و ناسراو بۆ هەمووانە، بەڵام هێشتا دڵخوازترین شێوازی هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەیە. بەم ئەنجامەوە پێدەچێت کە ئەگەر زنجیرەی بەکارهێنانی ئەم شێوازە لەنێو بەندیخانەکاندا بپچڕێ، تا ڕادەیەکی بەرچاو هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان دادەبەزێت. هۆکاری بەربڵاوبوونی ئەم شێوازەش دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کەرستە و ئامێری پێشکەوتووی دۆزینەوەی مادە قووتدراوەکان لە بەندیخانەکان و هەمیش هۆکاری وەک بەجدی نەگرتن یان چاوداخستن لەئاست مادە قووتدراوەکان لەلایەن هەندێ لە کاربەدەستانی بەندیخانەوە.

دووهەم ئەوەی کە ئەنجامەکان پیشانیان داوە کە سەردانکەران لانیکەم لە هەندێ بەندیخانەی وەک کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، دەورێکی گرنگیان لە هێنانی مادە هۆشبەرەکاندا هەیە و ئەمەش پیشاندەری ئەوەیە کە سەرەڕای هەوڵ و بەرنامە داڕێژراوەکان، هێشتا هەندێ لە سەردانکردنەکانی بەندیخانەکانی ئێران مەبەستی دیکەیان لە پشتەوەیە و ئامانجیان گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکانە بۆ نێو بەندیخانە.

سێهەم ئەوەی کە بەتایبەت لە وەڵامدانەوەی پرسیاری پەیوەندیدار بە دەوری تاک و گرووپە جۆراوجۆرەکان بۆ هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان لە زۆرینەی بەندیخانەکاندا، ڕێژەیەک لە هاوچەشنی و لێکچوون لەنێوان ڕوانگەی کاربەدەستانی بەندیخانە و بەندکراواندا لەسەر دەوری سەرەکیی دوو تاقمی بەندکراوان و سەردانکەران لە هێنانی ئەو چەشنە مادە هۆشبەرانەدا دەبینرێ و جێی سەرنجە کە زۆرینەی بەندکراوان لە هەموو پارێزگاکاندا بێجگە کوردستان ئاماژەیان بە دەوری کاریگەری خۆیان لەم بوارەدا کردووە و ئەمە پیشاندەری ئەوەیە کە شاڕێگەی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە دەچێتەوە سەر ئەم دوو تاقمە سەرەکییە کە دەتوانێ سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی دروستی وەڵامی ئەم کەسانە بە ئامێری توێژینەوە، دیسان دەستکەوتێکی یەکلاکەرەوە و ڕێنما بۆ کاربەدەستان بێت تا ڕێگە چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی دەوری ئەم دوو تاقمە ببیننەوە. ئەڵبەت لە هەندێ بەندیخانەدا بەشداربووانی توێژینەوە لەسەر ئەو بڕوایەن کە لانیکەم بەشێک لە هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان دەگەڕێتەوە بۆ هاوکاریی کاربەدەستان، سەربازان و تەنانەت پاسەوانانی بەندیخانە. ئەمە پیشاندەری سەداسەتبوونی دروستی وەڵامی بەندکراوان نییە و ڕەنگە لەسەر هۆکاری جۆراوجۆر و بەئەنقەست، ئەم وەڵامەیان دابێتەوە. بەڵام هاوچەشنی و لێکچوونی ئەنجامەکان لە هەندێ پارێزگادا دەتوانێ بۆ بەرپرسانی بوارەکە، خاڵێکی شیاوی لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی دووبارە بێت. ئەم ئەنجامانە لەگەڵ توێژینەوەکان ڕەئیسی‌نەژاد (1396) و کالیند (2015) یەک دەگرێتەوە.

دەستکەوتی دیکەی توێژینەوەی بەردەست لەسەر فاکتەرە کاریگەرەکانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە، ئاماژەی بەربڵاوی کاربەدەستانی پاراستن و بەندکراوانە بە لاوازبوونی دەوری سزاکان و مەحکومییەتە پەیوەندیدارەکانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان و جێبەجێکردنی ناهاوسەنگی یاسا پەیوەندیدارەکانە لەنێو بەندیخانەدایە. بەم پێیە ئەوکاتەی کە تاک دەزانێ سزا یان مەحکومییەتی هێنانی مادە هۆشبەرەکان، ئەوەندە قوورس و قایم نییە و یان دەزانێت کە سزای سەپێندراو بەجۆرێکە کە ڕێگەی هەڵاتن و جێبەجێ‌نەکرانی هەیە و یان پاش ماوەیەک بەخشران و داشکانی بۆ دەکرێت، مەیلی بۆ دووپاتکردنەوە زۆر دەبێ و هەربۆیە ئەمەش دەتوانێ یەک لە فاکتەرە گرنگەکانی زیادبوونی مەیل و خواستی ئەم کەسانە بێت بۆ هێنانی مادە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکان بۆ نێو بەندیخانە. هەربۆیە پێدەچێت کە سەرەڕای پێویستبوونی پێداچوونەوە لەسەر یاساکان و سزا پەیوەندیدارەکان و نوێکردنەوەیان، بە ئاڕاستەکردنی فێرکاریی بەردەوام و ڕێکوپێک بە گرووپەکانی پاراستن و چاودێری و هەروەها بەندکراوان و سەردانکەران و داخستنی هەرچەشنە ڕێگەیەکی هەڵاتن لە سزا دیاریکراوەکان، ئاقارێکی پتەو و یاسامەند لە بەندیخانەدا بخولقێنرێت. ئەم دیاردەیە دەتوانێ دەورێکی یەکلاکەرەوەی لە دابەزاندنی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان هەبێت.

بابەتی گرنگی دیکە کە لە توێژینەوەی بەردەستدا بۆ یەکەم جار لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بابەتی شوێنهات و کاریگەرییەکانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەیە. ئەنجامەکان دەریانخستووەکە هەبوونی ئەم مادەگەلە دەتوانێ کاریگەریی نەرێنی بەربڵاوی لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکاندا لەسەر کاربەدەستانی بەندیخانە و هەروەها بەندکراوان هەبێت. بەتایبەت کاربەدەستانی پاراستنی بەندیخانە لەڕێگەی دیتنی ئەم مادەگەلەوە و هەروەها ئەوەی کە پێشنیاری هاوکاری بۆ هاوردەکردن و دابەشکردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانیشیان پێ دەدرێ، هەیەجان و هەستە نەرێنییەکانی وەک دڵەخورپە، ترس، تووڕەبوون و بێ‌هیوایی تێپەڕ دەکەن کە بێگومان دەتوانێ کاریگەریی درێژخایەن و گرنگی لەسەر ژیانی کاری و کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییان هەبێت. لەنێو بەندکراواندا کاریگەری و شوێنهاتەکان ئێجگار بەربڵاوترە و لەگەڵ ئەزموونکردنی هەیەجانەکانی وەک ترس و بێ‌ئۆقرەیی بەردەوام، دڵەخورپە و خەمۆکی و بێ‌هیوایی و تەنانەت هەوڵدان بۆ خۆکوشتنیش بەدی دەکرێ. هەروەها هەبوونی مادە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی پێشنیاری بەکارهێنانی بەندکراوان.

لەسەر گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانە، جەخت و تەرکیزی سەرەکی لەسەر جۆرەکانی مادە هۆشبەرە سونەتی و پیشەسازییەکان و حەبی هۆشبەری وەک ترامادۆڵ و مێتادۆنە. ئەڵبەت گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان بەهەمان ڕێژە کە خەساری لێ دەکەوێتەوە، دەتوانێ ببێتە هۆی هێوربوونەوەی بەندیخانە. وەک یەک لە بەرپرسانی بەندیخانە دەڵێت: “ئەگەر مادەی هۆشبەریان هەبێت، نەشئە و سەرقاڵ دەبن! ئەگەر لێیان ببڕی، نرخی مادە هۆشبەرەکان بەرز دەبێتەوە؛ هەربۆیە یان لە خۆیان دەدەن یان لە کەسانی دیکە و کێشە و گرفتی دیکەش دێنە ئاراوە”.

هەوڵی وەک کۆنتڕۆڵی وردبینانەتری دەرکە و دەروازەکانی هاتن بۆ نێو بەندیخانەکان، کەڵک‌وەرگرتن لە بۆچوون و پێشنیارەکانی هێزەکانی پاراستن، دۆزینەوەی خاڵ و سووچە نەبینراوەکانی بەندیخانە، هاندان و خەڵاتدانان بۆ ئەو کەسانەی مادەی هۆشبەر و ئامێری قەدەغەکراو دەدۆزنەوە و ڕاپۆرتی لێدەدەن، بەهێزکردن و پەرەپێدانی پۆلەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان و ئاشنایەتی لەگەڵیان، ئەنجامدانی پشکنینی لەناکاو و … دەتوانن ڕێژەی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ بەندیخانەکان تا ڕادەیەکی زۆر دابەزێنن. بەڵگەکان دەریانخستووە کە سێ شێوازی قووتدان، عەمباری و هاویشتن (بەتایبەت لە کرماشان)، گرنگترین شێوازەکانی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکانن. وەک ڕێگە سەرەکییەکانی دیکەی هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان دەکرێ ئاماژە بدەینە ئەمانەی ژێرەوە:

ئیزندان و دیداری شەرعی و هەناردن بۆ نەخۆشخانە یان دادگا. لە زۆر بابەتدا، بەندکراو لەڕێگەی هاوڕێیان و بنەماڵەیەوە ئەوکاتانەی ئیزنی دەرچوونی کاتیی لە بەندیخانە پێدەدرێ یان لەبەر هۆکارێکەوە دەچێتە دەرەوەی بەندیخانە، مادەی هۆشبەری دەست دەکەوێت. لاوازبوونی بەشی تەندروستی و نەبوونی پێداویستییەکانی تەندروستی و پزیشکی پسپۆڕ دەبێتە هۆی ڕەوانەکردنی بەندکراو بۆ دەرەوە و هەر ئەمەش دەبێتە ڕەخسانی هەلی لەبار بۆ دەستخستنی مادەی هۆشبەر لەلایەن بەندکراوەوە. یاساکانی بەندیخانەیش کاریگەرن. یاساکان زۆر سووک و سانا کراونەتەوە. دەبێ ئاوڕدانەوە لەسەر چاکسازی و پێداچوونەوەی یاسا و ڕێساکانی بەڕێوەبردنی بەندیخانەکان بکرێت. زۆر جار، لاوازبوونی یاساکان، بۆشایی یاسایی و ڕێکارنامەیی دەبینرێت.

هەندێ لە گرنگترین ڕێگەچارەسەرەکان بۆ بەرگریکردن لە هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەکان بریتین لە: دانانی ئامرازی X-ray و پشکێنەری جەستە، پێداچوونەوە و چاکسازیی یاساکان و یاسای پتەوتر، ئیزندان بۆ چاودێری و کۆنتڕۆڵی کەسانی گوماناوی لەلایەن پاسەوانانی بەندیخانەوە، کەمکردنەوەی هاتوچۆکان بۆ نێو بەندیخانە و زیادکردنی مووچە و پێداویستییەکانی بەرپرسانی بەندیخانە. بەڵگەکان پیشاندەری لاوازبوونی مەیل بۆ ئیشکردنە لەنێو زۆرێک لە کاربەدەستانی بەندیخانەدا. بەپێی بارودۆخی سەختی ئیشکردن لەنێو بەندیخانە و هەندێ جار گوشاری دەروونی و تەنانەت هەندێ جاریش هەڕەشەکردن لە پاسەوانانی بەندیخانە لەلایەن تاوانبارانی نێو بەندیخانە، پشتیوانیی مادی و مەعنەویی زیاتر لە کاربەدەستانی بەندیخانە پێویستە. ڕێکخراوەی بەندیخانەکان لەڕێگەی پێداچوونەوە لە پێکهاتە کولتوورییەکانی کاربەدەستان و نەرمی‌نواندن بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئاقار و پاڵپشتیی کاریگەر لە پڕۆسەی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و ئاڕاستەکردنی خزمەتگوزاریی گونجاوتر دەتوانێ بەستێنی دابەزاندنی خەساری هەڵسوکەوتە مەترسیدارەکان لەنێو بەندکراواندا کەم بکاتەوە (بڕوانە: ڕەحیمی و هاوکارانی، 1399)

کەمبوونی هێزی پاسەوانی بەندیخانەیش یەک لە فاکتەرەکانی دیکەیە کە دەتوانێ لە دابەزاندن یان زیادبوونی مادە هۆشبەرەکان بۆ نێو بەندیخانەدا دەوری هەبێت. بەڵگەکان بەتایبەت بەپێی وتووێژە مەیدانییەکان پیشاندەری ئەوەن کە هاوکات لەگەڵ زیادبوونی جگەرەکێشان و ئازادکردنی جگەرەکێشان، ئاستی هێنانی مادە هۆشبەرەکانیش بەرز بووەتەوە. ڕێگە چارەسەری کولتووری وەک ڕاوێژکاری لەگەڵ داواخوازان، سەرقاڵکردنی بەندکراوان، سازدان و پێکهێنانی ئاقارێکی پتەو و شێلگیرانە لە هەر پارێزگایەکدا بۆ ئەوانەی پێشینەی خراپیان هەیە (جوداکردنەوەی بەندکراوە مەترسیدارەکان بەتایبەت ئەوانەی مامەڵەی مادە هۆشبەرەکان دەکەن)، هاندانی بەندکراوان بۆ وەرزشکردن، ڕێگەکانی بەرگریکردن لە مەیل و حەز بۆ بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانن.

وێنەی ژمارە 5-پێشنیارەکان و ڕێگە چارەسەرەکان

وەک لە هێڵکاری سەرەوەدا پیشان دراوە، ڕێگە چارەسەرە پێشنیازکراوەکان بریتین لە گۆڕان و پێداچوونەوە و چاکسازیی یاسا و ڕێسا پەیوەندیدارەکان بە بەندیخانە و هەڵسوکەوت لەگەڵ بەندکراو. بۆ نمونە بە چاکسازیی یاسای پەیوەندیدار بە بەکارهێنانی جگەرە یان هەلومەرجی گواستنەوە بۆ دادگا یان دیدار، یان ناردن بۆ بەشی تەندروستی، یاسا پەیوەندیدارەکان بە قبووڵکردنی هێزەکانی پاسەوانی و … دەکرێ بەستێنەکانی هێنانی مادە هۆشبەرەکان کەم بکرێنەوە. هەروەها دەکرێ ئاماژە بدەینە کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی بەندیخانە. کەڵک‌وەرگرتن لە سکەنێرەکان یەک لە شێوازە تایبەتەکانی کۆنتڕۆڵی هاتوچۆکانی بەتایبەت هێزەکانی دەرەوەی بەندیخانە وەک ڕاوێژکار (دەروونناس)، سەربازان، کادیرەکانی بەندیخانە و …

پێشنیاری دیکە، کەڵک‌وەرگرتن لە دەسەڵاتی ڕێکخراوە تایبەتەکانە لەسەر بەرگریکردن لە بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری مادە هۆشبەرەکان کە دەتوانێ بەسوود بێت (بڕوانە: قوربانی و هاوکارانی، 1397). بەشی دیکە کە دەورێکی گرنگی لە کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبەرێتی هێنانی مادە هۆشبەرەکاندا هەیە، ئاوڕدانەوە و جەختکردن لەسەر فاکتەرە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانە. بۆ نمونە ئاوڕدانەوە لەسەر پۆلەکانی فێرکاری، پۆلی قورئان، تەیارکردنی کتێبخانە و هاندانی بەندکراوان بۆ کەڵک‌وەرگرتن لە کتێبخانە، کێبڕکێ وەرزشییەکان، پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکان و …هتد، دەکەونە ئەم بەشەوە.

تێبینی: خوێنەران دەتوانن بۆ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەكانی بەكارهاتوو بگەڕێنەوە بۆ توێژینەوەكە بە زمانی فارسی بەم ناونیشانەی خوارەوە:

رشید احمدي فر، عدنان حسینی، مطالعەی پیامدهای ورود مواد مخدر بە زاندانهای غرب كشور، فصلنامه علمی (پژوهش انحرافات و مسائل اجتماعی)، شمارە سیزدهم، 1403، 69-61. مطالعه پیامدهای ورود مواد مخدر به زندان های غرب کشور

[1]. ئەم وتارە لە توێژینەوەیەکی مەیدانی وەرگیراوە کە لەسەر داواکاری و پاڵپشتیی ماڵی ڕێکخراوی بەندیخانەکانی ئێران ئەنجام دراوە.

*. نووسەری بەرپرس: مامۆستای لقی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی فەرهەنگییانی تاران، ئێران [email protected]

*. مامۆستای لقی دەروونناسی زانکۆی فەرهەنگییان، تاران، ئێران [email protected]

[2]. Martinez

[3] Foucault

[4]. Kolind & Duke

[5]. Satherland

[6]. Shultz

[7]. Raberton

[8]. Robert Merton

[9]. Colward

[10]. Inferential

[11]. Maxqda20

Send this to a friend