• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 23, 2025

کاریگەرییە ئابوورییەکانی جەنگی ئیسرائیل – ئێران

فەیسەڵ عەلی

بەرایی

جەنگی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەکان، چ لەسەر ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و چ لەسەر ئاستی جیهان بەجێهێشت، هەرچەندە هێشتا زووە کاریگەرییە هەمەجۆرەکانی بەدیار بکەون، بەڵام لەم نووسینە کورتە، بە پشت بەستن بە ڕاپۆرت و سەرچاوەکانی هەواڵی دامەزراوە هەمەجۆرەکانی ناوچەکە و جیهان، بەشێکی کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر کایە جیاوازەکانی ئابووری بخرێنەڕوو.

دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی توێژینەوەی ئابووری، ئەم جەنگەیان بە مەترسیدارترین پێکدادانی سەربازیی ئیقلیمی ئەم دە ساڵەی دوایی وەسف کردووە، بە جەنگی ئێسقان شکاندنی ڕاستەقینە داناوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دامەزراندنییەوە دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلی بەرزکردۆتەوە، بەردەوامیش لە هەوڵی خۆ سازداندایە، چ لەڕێی بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی و بەرهەمهێنانی چەکی ستراتیجی و ڕاهێنانی سەربازی، چ دروستکردنی بەرەیەکی دەرەکی (بەرەی مقاومەت) لەناو دەوڵەتانی دەوروبەری ئیسرائیل وەک (لوبنان، سووریا، عیراق و یەمەن)، تا لەڕێی ئەوانیشەوە گوشارەکانی بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر بکات. لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا خۆی بۆ ڕۆژێکی ئەوها ئامادەکردبوو، تا یەکەم بەرگری لە مانەوەی خۆی بکات و بتوانێت باڵادەستی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێت.

لەگەڵ بەرتەسکی جوگرافیای ئەم جەنگە، بەڵام کاریگەرییە ئابوورییەکانی جوگرافیاییەکی ئێجگار فراوانی گرتەوە، باڵی بەسەر تەواوی جیهاندا کێشا، چونکە ئەم جەنگە کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت، بازاڕی وزە، بازرگانیی جیهانی، وەبەرهێنانی دەرەکی، کەرتی گەشتیاریی، گواستنەوە، خانوبەرە و زنجیرەکانی گەیاندنی جیهانی دانا، وێڕای ئەوەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕێژەی هەڵئاوسان و گەشەی ئابووری و نرخی گۆڕینەوەی دراو و زێڕ هەبوو، بە گشتی کاریگەریی خستەسەر سەقامگیریی ئابووریی جیهانی و ئیقلیمی و ناوخۆیی.

کاریگەرییەکانی لەسەر نەوت و وزە

نەوت بە بزوێنەری ئابووریی جیهان دادەنرێت، لەبەرئەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی دابینکردنی نەوت بۆ جیهان، هەر بارگرژییەک ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت دەبێت. لەبەرئەوە لەگەڵ بڵابوونەوەی هەواڵی دەستپێکردنی هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نرخی نەوت بە ڕێژەی ٧٪ بەرزبووەوە، وەک لە گرافیکی خوارەوەدا دیارە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برنت لە ٦ی حوزەیران بۆ ١٣ حوزەیران لە (68.02) دۆلار بۆ (74.23) دۆلار بەرزبووەوە، واتە نرخی تەنها ئەم جۆرەی نەوت بە ڕێژەی ٩٪ بەرزبۆتەوە، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی (WTI) لە نێوان (7.6٪) و (14%) بەرزبووەوە و تا لە (72.98) دۆلار بۆ یەک بەرمیل جێگیربوو.

وێڕای ئەوەش، گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ هەموو دەوڵەتان دروستکرد، بەتایبەتی کە ڕۆژانە نزیکەی (٢٠) ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش دەوڵەتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ئەوانەی هاوردەی وزە دەکەن، دووچاری هەڵئاوسان دەکات، لەگەڵ ئەوەی بەشێكی تێچوونی نرخی سوتەمەنی بەرزکردەوە، کە بە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی چەندین کاڵا دادەنرێت.

کەمن ئەو گەرووە ئابوورییانەی جیهان هێندەی گەرووی هورمز گرنگ و لەهەمانکاتیشدا لەرزۆک بن. ئەم گەرووە تەسکەی نێوان ئێران و عوممان ڕۆژانە نزیکەی ٣ ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا ڕەوانەی بازاڕەکانی نەوتی جیهان دەکرێت، کە دەکاتە ٢٠٪ کۆی بەکاربردنی نەوت لە جیهان. لەگەڵ زیادبوونی بزاوتی کەشتی جەنگی و درۆنەکان لە دەورەبەری،  بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی وەزە خۆیان بۆ ئەگەرەکانی دواخستنی کاتی هەناردن تا داخستنی تەواوی گەرووەکە ئامادە کردبوو.

داخستنی تەواوی گەرووەکە، دەشێ شۆکێکی گەورە لە جیهانی وزە دروست بکات، ئازانسی نێودەوڵەتی وزە، بڵاوکراوەیەکی هۆشداری لەمەڕ دەرهاویشتەکانی ئەو حاڵەتە (کارەسات بۆ جیهانی وزە دەخوڵقێنێت، ئەگەر هاتوو ئەو گەرووە دەرئەنجامی کردەوە سەربازییەکان دابخرێت، پەکخستنی گەیاندن بە ڕێژەی ٣٠٪، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی بێت، نرخی نەوتی خاو بۆ سەروو ١٥٠ دۆلار بەرز دەکاتەوە، ئاستی گەشەی ئابووریی جیهانی بە ڕێژەی ١.٥٪ بۆ ٢.٥٪ دادەبەزێنێت.

ئێران لە دەیەکانی ڕابردوو و لەم جەنگەشدا هەڕەشەی داخستنی گەرووی هومرزی کردووە، ئەگەر هاتوو ڕووبەڕووی هەر هێرشێکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بێتەوە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک ئەو هەنگاوە نانێت؛ یەکەم؛ ئێران بۆ هەناردنەوەی نەوت و گازی سروشتییەکەی پشتی پێ دەبەستێت. دووەم: دەوڵەتانی عەرەبی سەر کەنداو لە میانی قەیرانە جیاوازەکاندا پشتیوانی ئێرانیان کردووە، داخستنی گەرووی هورمز دەشێ هەڵوێستیان بگۆڕن. سێیەم: ئێران و عوممان بەسەر هەردوو دیوی هورمزدا زاڵن، عوممان دەوڵەتێکی بێلایەنە و دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەوێ بەڕێوەدەچوون، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات ئەوا دەبێتە دەستوەردان لە سنووری ئاوی ئیقلیمی عوممان. چوارەم: داخستنی ئەو گەرووە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی چینییەکان دەبێتەوە، بەتایبەتی کە چین گەورەترین دەوڵەتی کڕیاری نەوتی ئێرانە، زۆربەی نەوتی ئێران و ٨٠٪ گازی شلی بەرەو چین هەناردە دەکات.

زەرەری زنجیرەکانی هەناردە

یۆنان و ئیتالیا هۆشدارییان بە کەشتییە بازرگانییەکان دا تا بە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و خۆیان لە کەنداو بەدوور بگرن، هەروەها دوو کۆمپانیای پسپۆری ئیدارەدانی مەترسی و قەیرانە ئەمنییەکان، بە هەمان شێوە هۆشدارییان بە کەشتییە بازرگانییەکان داوە کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕن، ڕێوشوێنی خۆپاریزی زیاتر بگرنەبەر، یان بە تەواوی خۆیان لە ئاوی ناوچەکە بەدوور بگرن، هۆشدارییەکان ڕێڕەوی ئاوی بازرگانییان دووچاری شڵەژان کرد، چەندین کەشتی بازرگانی بە ناچاری ڕێڕەویان گۆڕی و هەندێکیشیان دوایان خست، ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی کاریگەریی لەسەر قیستی دڵنیایی دەریایی کرد و گەیاندنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی بۆ دەوڵەتان دواخست، بەشێوەیەک کاریگەریی لەسەر کەمبوونی خستنەڕوو و بەدوایشیدا گرانبوونی کاڵا بنەڕەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەر لەم ڕووەوە، ڕەسمی جەنگ کە دەکاتە (0.05%) بۆ (0.07%) لە بەهای ئەو کەشتییەی ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز تێدەپەڕێت، بەڵام مەزندەکانی کاتی جەنگ و درێژەکێشانی گەیشتە (0.5٪). لە ڕووی ئەم زیادبوونی قیستانە سەدان هەزار بۆ ملیۆنەها دۆلار دەخاتەسەر تێچووی بەکارهێنانی هەر بارێکی بازرگانیی دەریایی. بۆ نمونە، ئەگەر کەشتییەک بەهاکەی (١٠٠) ملیۆن دۆلار بێت، بە گەورووی هورمزدا تێپەڕ ببێت، کاریگەرییە داراییەکەی دەکاتە (٥٠ بۆ ٧٠) هەزار دۆلاری زێدە.

جەنگم بەشێوەیەکی بەرفراوان بزاوتی فرۆکەوانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەکخست، ئاسمانی ناوچەکە بەتەواوی مەترسیدار بوو، کۆمپانیا گەورەکانی فرۆکەوانی لە ئەمریکا و ئەورووپا و کەنداو گەشتەکانیان ڕاگرت یان ئاراستەکانیان گۆڕی تا خۆیان لە ئاسمانی ئیسرائیل و ئێران و عیراق و سوریا و ئوردن و لوبنان بەدوور بگرن. ئەمەیش بووە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی هەزاران گەشت و زیادکردنی ماوەی سەفەرکردن و بەرزبوونی بەکاربردنی سوتەمەنی، دواکەوتنی زۆری گەشتیاران، سەدان کۆمپانیا ژمارەی گەشتەکانیان کەم کردەوە یان ئاڕاستەی گواستنەوەیان گۆڕی، بەمەیش تێچوونی گەشتی ئاسمانی نێوان ئاسیا و ئەورووپا بە ڕێژەی ١٥٪ لەماوەی ئەو دوو هەفتەی جەنگە بەرزبووەوە.

شڵەژانی بازاڕی دارایی

رەفتاری وەبەرهێنەران ڕەنگدانەوەی شێوازی قەیرانە کلاسیکییەکانە، گەڕان بەدوای ناوچەی ئارامە، چوونی بنەچە داراییەکانە بەرەو کەرتی پیشەسازیی سەربازی و بەرگرییە، جیاوازرییە ئیقلیمییەکان قوڵتر دەبنەوە. لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ ‘ئەندیکەیتەری بارگۆڕانی بۆرسەی شیکاگۆ بۆ بژاردەکان’ زیاتر لە ٢٠٪ بەرزبووەوە، لە ١٨ بۆ ٢٢ خاڵ. نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ زیاتر لە ٢٤٠٠ دۆلار بەرزبووەوە، بەرلەوەی کەمێک پاشەکشێ بکات. پشکەکانی ئەمریکا لە ١٣ حوزەیران بە ڕێژەی ١.٢٪ داشکان، بەڵام دوای هەڵسەنگاندنی مەترسییە ڕاستەوخۆکانی سەربازیی ڕووی لە هەڵكشان کردەوە.

جارێکیتر، چین و هیندستان، دوو گەورە هاوردەکاری نەوتی جیهانن، داواکارییەکانیان بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ ئاسایشی دەریایی چڕ کردۆتەوە، تا کەمتر پشت بە کەنداو ببەسترێت. لە بەرامبەریشدا ئەمریکا دبلۆماسییەتی خۆی چڕ کردۆتەوە تا زامنی گەرووە دەریاییەکان بکرێت و دڵنیایی بە هاوپەیمانەکانی بدات. چین گرنگییەکی ئێجگار زۆر بە ئاسایشی تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتییەکان بە گەرووی هورمز دەدات، بەتایبەتی کە ٤١٪ کۆی هاوردەی نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت.

جارێکیتر، پرسی هەمەڕەنگ کردنی سەرچاوەکانی وزە لە ئەورووپا دێتەوە بەرباس، دوای دوو ساڵ لە کەمکردنەوەی پشت بەستن بە گازی سروشتیی ڕووسی، ئێستا جەخت لەسەر وەبەرهێنان لە وزەی سەوز، پرۆژەی هایدرۆجین و بونیادی هاوردەکردنی گازی سروشتیی شل دەکەنەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بۆچوونی وایە ئەم جەنگە گەیشتن بە خاڵی وەرچەرخان خێراتر دەکات، بەوەی هەنگاوی خێراتر بەرەو وزەی پاک بنرێت.

لەگەڵ چاودێریکردنی بەردەوامی پەرەسەندنەکانی کەنداو، حەقیقەتیکی ڕوون هەیە، ئەویش: ئاسایشی وزە گەڕایەوە تا تەوەری ئابووری و سیاسەتی جیهانی پێکبهێنێتەوە، جەنگی ئیسرائیل ئێران، تەنها خاڵێکی گرژی ئیقلیمی نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە لەرزۆکی ئابووریی نوێی جیهان و ئاڵۆزییەکانی دەخاتەڕوو. دەشێ ئەم جەنگە هۆکارێکی خێرا گۆڕانکاریی دوور مەودای بونیادی وزەی جیهانی بێت،

Send this to a friend