ئایا دەستپێشخەریی ئاشتیی تورکیا-کورد پشتیوانی لە کارنامەی ئەردۆغان دەکات؟
سهرچاوه: مركز الاهرام للدراسات السياسية والاستراتيجية
نوسینی: ئامینه فاید | و: توركیاناسی
لە لوتکەی هەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتەوایی مێژوویی نێوان تورکیاو کورد، کە سەرەتاکانی لە تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤) بە سەرکردایەتیی دەوڵەت باخچەلی؛ هاوپەیمانی ناسیۆنالیستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، دەستیپێکرد، لەو ماوەیەدا داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان (ئاپۆ)؛ ڕێبەری مێژوویی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد، پارتەکە هەڵبوەشێنێتەوەو چەکدابنێن لە بەرانبەر پێگەیەکی باشتری دیموکراسی بۆ کورد، لە (١٢)ی ئایاری (٢٠٢٥)، پارتەکە هەڵوەشاندنەوەی خۆیو دانانی چەکەکانی ڕاگەیاند، ئەمەیش لە وەڵامی ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان لە (٢٧)ی شوباتی (٢٠٢٥)دا کردبووی، تێیدا داوای لە حیزبەکە کرد کۆنفرانسێك ببەستێت، بۆئەوەی بە فەڕمی بڕیار لە سەر هەڵوەشاندنەوە بدات.
لە بەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەی دوازدەیەمدا، کە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان لە چیای قەندیل لە ماوەی (٥-٧)ی ئایاری (٢٠٢٥) ڕێکخرا، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری ڕێکخستنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)و کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداریو کۆتاییهێنان بە چالاکییە سەربازییەکەی تێدا بوو. ئاماژەی بەوە دا، کە حیزب ئەرکی مێژوویی خۆی جێبەجێکردووەو خەباتەکەی سیاسەتی نکوڵیکردنی تێکشکاندووەو پرسی کوردی گەیاندووەتە قۆناغێك، کە بتوانرێت بە شێوەیەکی سیاسیو دیموکراسی چارەسەربکرێت. هەروەها داوای دابینکردنی گەرەنتیی یاساییو سیاسیی بۆ ئۆجەلان کرد، کە لە قۆناغی داهاتوویشدا مافی بەڕێوەبردنی “میکانیزمی پراکتیکی” بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی حیزبو ئاڕاستەکردنی ڕەوتی پڕۆسەی ئاشتی بدرێتەدەست ناوبراو.
لە ڕووی تیۆرییەوە، پەکەکە کە لە ساڵی (١٩٧٨) دامەزراو لە ساڵی (١٩٨٤)ەوە سەرکردایەتیی خەباتێکی چەکداریی لە دژی دەوڵەتی تورکیا دەستپێکردو هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەدات. له ماوهی ڕابردوودا لاپەڕەیەکی لە سەر ئەو خەباتە داخست، کە درێژبووبووەوە بۆ عێراقو سوریاو ئێرانو قۆناغێکی نوێی پڕۆسەی سیاسیو دیموکراسی دەستپێکردووە، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە هەڵوەشاندنەوەی حیزبو وازهێنان له خەباتی چەکداری پێناچێت بێبەربەستو ئاستەنگ بێت بۆ دیهێنانی هەنگاوه بەرجەستەکان له سەر ئەرزی واقیع، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ژێرخانه سەربازییە بەرفراوەکانی پەکەکەو قەبارەی سەرچاوە ماددیو مرۆییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو پارتە لە چوار وڵاتی سنووریدا لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا. جگە لە نادڵنیایی پڕۆسەی ئاشتیی تورکو کورد، کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە پێشێلکردنی پەیماننامەو ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا هەیە.
دەستکەوتەکانی ئەردۆغان
پڕۆسەی نزیکبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانو هاوپەیمانیی “کۆمار”ی دەسەڵاتدار لە لایەكو کورد بە نوێنەرایەتیی هاوپەیمانیی “کارو ئازادی” بە سەرۆکایەتیی “پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان” لە لایەکی دیکەوە، یەکانگیرە بە دیدێکی فراوانتر لە ئهجێندای سیاسیی ئەردۆغانو هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە چەند ئامانجێك، کە ڕەنگە دیارترینیان بەدەستهێنانی پشتیوانیی کوتلەی کورد بێت لە پەرلەمان، کە خاوەنی (٦٦) کورسیی پەرلەمانن، بۆ دەستەبەرکردنی ئەگەری لابردنی سنووردارکردنی یاساییو دەستووری لە سەر کاندیدبوونی ئەردۆغان بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، بە تایبەتی کە ئهمه تەنیا لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوه دهبێت، كه لەلایەن پەرلەمانەوە بە ڕەزامەندیی زۆرینەی سێ لە سەر پێنجی نوێنەران پەسەندبكرێت، یان لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە بە زۆرینەی سێ لە سەر پێنجی نوێنەران، بۆئەوەی پێشنیازی هەموارکردنەکە بخاتە ڕاپرسییەوە، یان بە زۆرینەی دوو لە سەر سێ بۆ پەسەندکردنی ڕاستەوخۆی هەمواری دەستوور، زۆرینەیەك کە “هاوپەیمانیی کۆمار” بەبێ پشتیوانیی هێزو هاوپەیمانیەتییەکانی دیکە بەدەستیناهێنێت.هەر لەو چوارچێوەیەشدا دەکرێت ئەردۆغان دەنگدەرانی کورد لە هەر هەڵبژاردنێکی داهاتوودا بە لای خۆیدا ببات، چ بە قازانجی خۆی یان هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار، ئەوەیش لە ڕێگەی خێراکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانو ئابووری لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، کە پێکهاتەی کوردی تێیدا باڵادەستە. شایانی باسە، بەشێکی زۆر لە کوردانی دیاربەکر کە شارێكی زۆرینە کوردنشینە، دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو حیزبە ڕژانەسەر شەقامەکانو پێشوازیی خۆیان بۆ ئەو بڕیارەو کۆتاییهاتنی ململانێکان دەربڕی، کە به هۆیهوه دەیان هەزار شههیدو برینداری لێكهوتووەتهوه. بەهیوابوون ئەم بڕیارە کاریگەریی ئەرێنی لە سەر هەموو ئاستەکان هەبێت؛ ئاسایش، ئابووری، بارودۆخی ژیانو کۆمەڵگە.ڕەنگە ئەوەی لە بەرژەوەندیی ئەردۆغانو هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار بێت له بهردهم دەنگدەرانی کورددا، هەڵوێستی بزوتنەوەی نهتهوهیی بێت، كه دژی ئهم پڕۆسەیهیه، کە حکومەتی تورکیا لەگەڵ کورددا دەستیپێکردووە. پارتی “باش”ی نهتهوهیی ئۆپۆزسیۆن پڕۆسەکەی بە خیانەت وەسفکرد، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو ڕێکخراوە “تیرۆریستی”یە –بە ئاماژەدان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)– لە ئامانجەکانی پاشەکشەینەکردووە، بەڵکو سەرکەوتنی ڕاگەیاندووە، ئەمەیش جێگەی قبوڵ نییە. ههروهها ئاماژهی بهوه دا، که ناتوانرێت سازش له سنوورهکانی کۆماری تورکیا بكرێت، كه له پهیماننامهی لۆزاندا دیاریکراوه. لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە کۆنفرانسی ئیدارەی خۆسەریی کورد لە قامیشلۆو پابەندبوونی بە فیدراڵیزمو خۆبەڕێوەبەری لە سەر سنووری سوریاو تورکیا کرد.ههروهها زۆرێك دەستگیرکردنی ئومیت ئۆزداغ؛ سەرۆکی پارتی “سەرکەوتن”ی بهرههڵستكاریان لە کانوونی دووەمی (٢٠٢٥)، وەك هەوڵێك لەلایەن دەوڵەتەوە لێكدایهوه بۆ كهمكردنهوه تواناكانی ناوبراو بۆ هاندانی ڕایگشتی دژی پڕۆسەی ئاشتیی کوردو تێکدانی ئارامی له ڕێگهی هاندانی توندوتیژیو ڕقوکینەوە لە دژی کورد، ئۆزداغ خۆی وهك “بارمتهی سیاسی” وەسفکردو وتی، كه زیندانكردنی ئهو، ئاسانکارییه بۆ ئازادکردنی ئۆجهلان.جگە لەوانە، ئەردۆغان هەوڵیدا له ڕێگهی چارەسەرکردنی پرسی کوردو کۆتاییهێنان بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە دەوڵەتی تورکیا لە ناوخۆو دهرهوهی سنوورهكانی دژی پەکەکە دەکرێن، ئاستی جهماوهریی خۆی پێبهرزبكاتهوهو وهكو بەرگریکارێك لە ئاسایشو سەقامگیریی نهتهوهكەی خۆی دەربخات، لە بەرانبەر ئەو تەحەدداو هەڕەشە تیرۆریستییانەی کە ڕووبەڕوویدەبێتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی “تورکیای بێ تیرۆر”.هەروەها ئەردۆغان خۆی وەک سەرۆکێك نیشاندەدات، کە پشت بە میکانیزمە سیاسیو دیموکراسییەکان دەبەستێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکانی وڵات، بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو شەپۆلە بەرفراوانە ناڕازییانهی کە لە دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو؛ دیارترین سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنو سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵ، لە (١٩)ی ئاداری (٢٠٢٥) وڵاتی گرتووەتەوەو ئهم ههنگاوه بووەتە هۆی تۆمەتبارکردنی حکومەتی ئەردۆغان؛ چ لە ناوخۆو چ لە ڕۆژئاوا، بە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنو بەهێزترین ڕکابەر لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی داهاتووداو پاشەکشەکردن لە ڕێڕهوی دیموکراسیی تورکیا. ئەمە لە کاتێکدا بوو، کە هەڵمەتێکی چڕوپڕی گرتنو دەرکردن، کە چەندین کەسایەتیو سەرکردەی کردبووهئامانج؛ چ لە ئۆپۆزسیۆنو چ لە ناو کوردەوە، دهستپێكردبوو.
ههرچهنده وڵاتانی ڕۆژئاوا بوونی پەکەکەیان بە هۆكارو ڕهنگدانهوهی ئهو پەراوێزخستنو بێبەشییە لەمێژینەیەی گەلی کورد لە تورکیا دهڕوانی، کە بووە بە هۆی گرژیی زیاتری نێوان تورکیاو ڕۆژئاواو زۆر جاریش ڕێگر بووە لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ چوونهناو یەکێتیی ئەوروپا، بۆیە دەکرێت بڵێین هەنگاوێکی وەك ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتەو گرتنەبەری ڕێگهی سیاسیو دیموکراسی لە بریی بژاردەیەکی سەربازی، نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕۆژئاوا بەهێزتردەکاتو چانسی چوونەناو یەکێتیی ئەوروپایشی زیاتردەکات. سەرکردەکانی ئەوروپا چەندین جار پشتیوانیی خۆیان بۆ پڕۆسەی ئاشتیی کورد لە تورکیا دەربڕیوەو ئەنجومەنی ئەوروپایش دانوستانەکانی ئاشتی بە “دەرفەتێکی گرنگ” بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانەو بەردەوام وەسفکردووە.
دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە چی ڕودەدات؟
ئەم پێشهاتانە پرسیارگهلێكی زۆر لە بارەی میکانیزمی پراکتیکیی دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی حیزبەکە دەوروژێننو پەیوەستن بە کۆمەڵێک پرسو بابەتی ئاڵۆزهوه. بابەتگەلێکی وەك چۆنیەتیی هەڵوەشاندنەوەو ڕادهستكردنی جبەخانەی سەربازیی ئەو حیزبە لە پێگه جێگیرو بڵاوهكانیدا، هەروەها چارەنووسی ئۆجهلانو ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدارو سەرکردە زیندانیكراوو دوورخراوهكانی دەرەوەی وڵات، چارەنوسی چەکدارانی داواکراو بە تۆمەتی “تیرۆر”، هەروەها هەتا چەند تورکیا پابەنددەبێت بەو ڕێوشوێنانەی کە مافی سیاسیو کولتووریو کۆمەڵایەتیی زیاتر بۆ کورد دەستەبەردەکات. ئەم پرسانە دەتوانرێت لەم تهوهرانهی خوارەوەدا باسیانلێوهبكرێت:
١. چۆنیەتیی بهڕێوهچوونی پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی حیزبو ڕادەستکردنی جبەخانەی سەربازی: سەرەڕای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەو دانانی چەك لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، بهڵام زانیارییهكان ئاماژە بەوە دەکهن، کە پڕۆسەی ڕادەستکردنەکە لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکانو بە ئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە (٣) ناوچه دەکرێت؛ ئاكرێ لە دهۆك، پینارو کۆیه لە هەولێر، قەزای سەیدسادق لە سلێمانی، لەگەڵ دانانی چهند پێگهیهك لە تورکیاو باکووری عێراقو هەروەها ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ وەرگرتنی چەك، بەڵام جێبەجێکردنی پراکتیکیی بڕیارهكه لە کۆتاییدا بەندە بەوەی کە تورکیا چۆن وەڵامی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی دەداتەوە، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەتا ئێستا توركیا هیچ سازشێكی سیاسی یان یاسایی دیاریکراوی ئاشكرانهكردووه، كه پهكهكه له بەرانبەر پابەندبوونی تەواوەتی بە بڕیارهكهیهوه بهدهستيبهێنێت، ههروهك بەرپرسێکی ئهو پارتەیش پشتڕاستیکردەوە، کە ڕاگرتنی كردهوه سەربازییەکانو ڕادهستكردنی جبەخانەی حیزب، پهیوهسته به ڕادهی پابەندبوونی تورکیا بە بهندهكانی ڕێککەوتنەکەیو هەڵوێستی له بهرانبهر مافە سیاسیو کولتووریو کۆمەڵایەتییەکانی کورددا.
٢. ههڵوێستی یاسایی بهرانبهر سەرکردەو ئەندامانی پهكهكه: قەیرانی هەڵوێستی یاسایی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە سەرکردەو ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، پێدەچێت یەکێك بێت لە دیارترین ئاڵنگارییهكانی قۆناغی داهاتوو. ئەم قەیرانە دەتوانرێت لە سێ ئاستدا چارەسەربکرێت.
یەکەمیان تایبەتە بە چارەنووسی سەرکردەو ئەندامانی پارتی یەکسانیو دیموکراتیی گهلان (دهمپارتی)و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستبەسەرکراون، دیارترینیان ئۆجەلانو سەلاحەدین دەمیرتاشە. لە کاتێکدا لە بەیاننامەی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەدا جەخت لهوه كراوهتهوه، كه پێویسته ئۆجهلان بە شێوەیەکی کەسی؛ پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەكه بەڕێوەببات، بە سەرنجدان بەوەی کە ئازادکردنی بە یەکێك لە یەکەم بڕگەکانی دەستپێشخەرییەکەی باخچەلی دادەنرا، کە وەك ڕێکارێك بهرانبهر هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە پێشنیازیکرد، بهڵام دەوڵەتی تورکیا هەتا ئێستا ئەگەری ئازادکردنی ڕانەگەیاندووە، بەڵکو ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە ڕێوشوێنی ئیداری دەگیرێتەبەر بۆ باشترکردنو ئاسانکردنی بارودۆخی دەستبەسەرکردنی، هەروەها بۆ زیادکردنی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وهفدهكانی پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دهمپارتی)و خانهوادهكهی. دووەمیان تایبەتە بە سەرکردەو بەرپرسە باڵاکانی ئەو پارتە، هەروەها ئەو فەرماندە مەیدانییانەی بەشدارن له شەڕە سەربازییەکانی نێوان هەردوولاو کوشتنی سەربازانی تورکیادا؛ چ لە ناوخۆ یان لە دەرەوە. هەتا ئێستا نازانرێت ئایا تورکیا لێبووردنی گشتی بۆیان دهردهكات لە لێپێچینەوەی یاسایی، لهگهڵ پێدانی مافی پەنابەری لە وڵاتێکی تر، جگە لە عێراقو سوریاو ئێران. پێشبینیدەکرێت ئەمە شەقامی تورکیا توڕەبکات، بەو پێیهی وهكو سازشێك لە مافی كوژراوانی ئەو شەڕە سەربازییانەی کە سوپای تورکیا لە دژی هێزە کوردییەکان کردوویەتی، سهیردهكرێت، ئهمەیش کارتێك بە ئۆپۆزسیۆنو بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی توندڕەو دەدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەردۆغان. یان تورکیا پێداگری لە سەر مافی دادگاییکردنیانو جێبەجێکردنی سزای یاسایی بەرانبەریان دەکات، کە دەکرێت ئاستەنگ لە بهردهم پڕۆسەی ئاشتیی نێوان هەردوولا لە هەموو ئاستەکاندا دروستبکاتو ڕێگری لە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەو ڕادهستكردنی جبەخانەی سەربازی بکات. ئاستی سێیەم تایبەتە بە چارەنوسی ئەندامانو چەکدارانی ئەو حیزبە، چ ئەوانهی کە دادگاییدهكرێنو تۆمهتباركراون به کردەوەی دوژمنکارانە لە دژی هێزەکانی تورکیا لە ناوخۆ یان دەرەوەی تورکیا، یان ئەوانەی کە ڕووبەڕووی هیچ تۆمەتێکی تاوانکاری نهبوونهتهوه. ئەمەیش له دیاریکردنی میکانیزمی یەکگرتنەوەی ئەو ئەندامانە بە پێکهاتە ڕەچەڵەکییەکانیان لە ناو تورکیا، یان گواستنەوەیان بۆ وڵاتێکی تر، جگە لە عێراقو سوریاو ئێران، دهستپێدهكات، هەتا ئەو ڕادەیەی کە دەتوانرێت لە پڕۆسەی سیاسی لە ناو تورکیادا بهشدارییانپێبكرێت. بە پێی زانیارییەكان، پێشبینیدەکرێت لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی چوارهەزار کورد کە خاوەنی ڕەگەزنامەی تورکیان، وردە وردە لەودیو سنوورەوە ڕادەستبکرێنەوە، دوای دڵنیابوون لەوەی کە هیچ پێشینەیەکی تاوانیان نییە. ئەمەیش لە وەڵامی داواکارییەکانی دایکانی دیاربەکردایە، کە ساڵانێکی زۆرە چهندین هەڵمەتو گردبوونهوهیان ڕێکخستووەو داوای گەڕانەوەی کوڕەکانیان دهكهن لە دەرەوەی وڵات.
٣. ئاڵنگاریی گەڕانەوەی پەنابەرو ئاوارەکانی کورد بۆ تورکیا: لە سەر ئاستی مرۆیی، چاوەڕواندەکرێت کۆمەڵگەی تورکیا قەیرانێکی کۆمەڵایەتیو ئەمنیی نوێ بهخۆیهوهببینێت، به گەڕانەوەی هەزاران هاوڵاتیی مەدەنیی کوردی تورکیا کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە وڵاتیان بەجێهێشتووە بۆ ژمارەیەك وڵاتی دراوسێ، زۆرینەیان له هەرێمی کوردستانی عێراقو لە کەمپی مەخموور نیشتەجێبوون، کە تورکیا بە پەناگەی “تیرۆریستان”ی بۆ قەندیل لهقهڵهمدهدا. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کەمپەی بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەرانو ئاوارەکانی ناوخۆ دروستكرد، كه به هۆی پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان سوپای تورکیاو پەکەکەوە لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بهرهو عێراق ههڵهاتبوون، هەروەها به هۆی زیادبوونی پڕۆسهی سوتاندنو وێرانکاریی گوندو ماڵەکانیانەوە لهو ناوچانه، بە تۆمەتی داڵدەدانو پشتیوانیکردنی چەکدارانی پەکەکە. گومانی تێدا نییە، کە گەڕانەوەی دانیشتوانی کەمپەکە بۆ تورکیا پڕدەبێت لە ئاڵنگاریی یاساییو ئەمنیو کۆمەڵایەتی. بە تایبەت کە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی تورکیا باس له دزەکردنی ئهندامانی داعش دهكهن بۆ ناو کەمپەکە، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنیو گۆڕینی بۆ پهناگهو ڕاهێنانی تیرۆریستان.ئەمە جگە لەو دۆخە یاساییە کێشەدارەی کە منداڵانى ناو کەمپەکە لە دەیەکانی ڕابردوودا لەدایکبوون، چونکە خاوەنی هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمیی ناسنامە نین. ئەمەیش وادەخوازێت دەوڵەتی تورکیا لە کاتی گەڕانەوەیاندا پێگەیەکی یاساییو مرۆییان بۆ مسۆگەربکات، بە دەرکردنی ناسنامهی فەرمیی دانپێدانراو، ههروهها دابینکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتیو ئابووری بۆ هەموویان بە یەکسانیو بەڵێندان به سیاسەتمەداران، یان ئەوانەی بە تۆمەتی “تیرۆر” داواکراون، نەخرێنهژێر هیچ جۆرە دادگاییکردنو دەستگیرکردنێكەوە، بە تایبەتی ئەگەر پەرلەمانی تورکیا یاسای “لێبوردنی گشتی” دەربکات. ئەمە شتێکە، پێدەچێت کۆمەڵگەی تورکی قبوڵینەکاتو ڕەنگە زۆر کەس بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی “تیرۆریستی” بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا بزانن.
٤. ڕادەی پابەندبوونی ئەندامانو باڵەکانی پەکەکە بە بڕیارەکانی کۆنگرەوە: قۆناغی داهاتوو بەبێ مهترسی نییە، لە ئەگەری دابهشبوونو لێکترازان لە ناو باڵە ناوچەییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا، بە تایبەتی ڕادیکاڵهكانی ناو حیزب، هەروەها ڕادەی پابەندبوونیان بە دەرئەنجامەکانی کۆنگرەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەو چەکداماڵینی حیزب. لە کاتێکدا نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ستایشی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەو چەکداماڵینی پەکەکەی کرد، جەختی لە سەر گرنگیی وەڵامدانەوەی بنیاتنەرو بەکۆمەڵ بۆ ئەم دەستپێشخەرییە کردەوە، هەروەها پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بۆ پاڵپشتیکردنی هەموو هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە كردهوه. هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە بانگهوازهكهی ئۆجهلان بۆ ئاگربەستو هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەو دانانی چەکەکانیان پەیوەندیی بەوانەوە نییە.سەرەڕای ئیمزاكردنی ڕێککەوتننامەیەك لەلایەن مەزڵوم عەبدی؛ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموكرات (ههسهده) لەگەڵ حکومەتی سوریادا، لە (١٠)ی ئاداری (٢٠٢٥)، کە مەرجی یەکخستنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنیو سەربازییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەری کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریاو داڕشتنەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی داناوە، بەڵام هێزەکانی پاراستنی گەل بەردەوامە لە پێداگری لە سەر مانەوەی وەك هێزێكی سهربازیی یەکگرتوو، ههروهها بەدەستهێنانی ناوچەیهكی خۆبهڕێوهبهری (ئیدارەی لامەرکەزی) لە باکووری سوریا. ئەمەیش تورکیای هاندا، كه ڕایبگهیهنێت لە ناوچەکانی بوونی خۆی لە باکووری سوریا ناکشێتەوە، لە ترسی بەردەوامبوونی هەڕەشە ئەمنییەکان لە سەر سنوورەکانی، یان ئەگەری لادانی هەندێك لە ئهندامانی ڕێکخراوی دایكو ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانیان له پهیكهربهندییهكی سەربازیی نوێی ڕادیکاڵتر.
کۆتایی
هێشتا زووە بڕیار لە سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا-کورد بدرێت، کە ئەردۆغان بۆ خزمەتکردنی ئەجێندا سیاسییە ناوخۆییو دەرەکییەکانی پشتیپێبهستووه. ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە تەنها سەرەتای قۆناغێکی نوێی لێکتێگەیشتنە لە نێوان لایەنی تورکیو کورددا. ئەم قۆناغە داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکات، کە پابەندی بەڵێنەکانی بێت سەبارەت بە دەستەبەرکردنی مافە دیموکراسییەکانی کورد لە سەر هەموو ئاستە سیاسیو کولتووریو ئابووریو کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها پێویستە هەموو ڕێوشوێنێکی یاساییو ئەمنیی تەواو بگیرێتەبەر، بۆئەوەی هیچ گرژیو هەڕەشەیهكی ناوخۆیی ڕونهدات، به تایبهتی دوای گەڕانەوەی ئەندامانی حیزبو ئاوارە كوردهكان بۆ ناو كۆمهڵگه خۆجێییەکانی خۆیان، كه بزوتنەوە ناسیۆنالیستیيه توندڕەكان دژی ئەم دەستپێشخەرییەن.ههروهها پێویسته لە سهر هەموو ئهندامانو باڵهكانی پارتی کرێکاران كوردستان پابەندببن بە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسەوە، بە تایبەتی سەبارەت بە باڵی سوریا. ڕەنگە لە ماوەی داهاتوودا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پهكهكه ببێتە کارتێکی فشار لەلایەن ئیدارەی سوریاوە لە سەر هێزەکانی ههسهده بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ڕادەستکردنی چەکەکانیانو تێکەڵبوونیان بە دامەزراوە سەربازییەکانی دەوڵەت. ئەمەیش گرنگە بۆ سەرکەوتنی دەستپێشخەریی ئاشتیی تورك-کورد، بە تایبەتی کە تورکیا ههسهده بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دهزانێتو ههروهها به لایهنێكی سەرەکییشی دهزانێت لە زنجیره دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی کوردیدا.
لينكی بابەتەکە لە ئینتەرنێت
https://acpss.ahram.org.eg/News/21427.aspx