ئاوارەیی و پەروەردە: کاریگەرییەکانی لە سەر خوێندن
پێشەوا جەلال محەمەد/ دكتۆرا لە زانستە پەروەردەییەكان
بەرایی
ئەم توێژینەوەیە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان پەروەردە و ململانێ و ئاوارەبوون بە گرنگیدانێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەکۆڵێتەوە. ئاوارەبوون، چ ناوخۆیی بێت یان لە دەرەوەی سنوورەکان، کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر مافی خوێندن بۆ منداڵانی پەنابەر و ئاوارە ناوخۆییەکان هەیە. لە کاتێکدا کە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن وەک مافێکی بنەڕەتی ناسراوە، بەڵام زۆر جار پەنابەران ڕووبەڕووی بەربەستی وەک سەرچاوە سنووردارەکان، قەرەباڵغیی قوتابخانەکان و مامۆستایانی ڕانەهێنراوی دەبنەوە. سیستمی پەروەردە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ململانێدا تووشی زۆر گرفت دەبێت، وەکوو دابەزینی کواڵتی و لاوازبوونی توانای دامەزراوەیی. زۆر جار قوتابخانەکانی پەنابەران پڕۆگرامی گونجاو و کارمەندی شارەزا و ژێرخانی گونجاویان نییە، ئەمەش هەم دەرئەنجامی فێربوون و هەم یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە. لێرەدا باس لە ڕۆڵی پەروەردە دەکرێت لە کەمکردنەوە یان توندکردنەوەی ململانێکان، ئەمەش بە پێی چۆنیەتیی داڕشتنی پڕۆگرام و سیاسەتەکان. پەروەردەی ئاشتی و ڕێبازەکانی فێرکردنی گشتگیر وەک پێویست بۆ پێشخستنی خۆڕاگری و کەمکردنەوەی گرژییەکان ئاماژەیان پێ دەکرێت. لە هەرێمی کوردستان هەوڵەکان بۆ تێکەڵکردنی خوێندکارە پەنابەرەکان لە قوتابخانە حکومییەکان دراوە، بەڵام ئاستەنگەکانی دابینکردنی بودجە و چوارچێوەی سیاسەت و گونجانی کولتووری هەر ماون. ئایندەی پەروەردەی پەنابەران لە کوردستان پەیوەستە بە هەماهەنگیی کاریگەر لە نێوان حکومەتەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان. لە کۆتاییدا، بەهێزکردنی پەروەردەی پەنابەران نەک تەنها بۆ داهاتووی تاکەکانی منداڵان، بەڵکوو بۆ سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی فراوانتر و گەشەپێدانی بەردەوامیش زۆر گرنگە.
پەروەردە و ململانێ
ململانێ لە سیاسەتی بنەماڵە و کۆمەڵگە و نەتەوەدا بابەتێکی گشتگیرە. هەر سیستمێکی مرۆیی دینامیکی بە سروشت ناکۆکیی لە خۆیدا هەڵگرتووە و یاریی بەرژەوەندییە دژبەرەکان لەخۆ دەگرێت. جەوهەرەکە لەوەدایە کە چۆن ئەو جۆرە ململانێیانە بەڕێوە دەبرێن. تا پڕۆسەی کۆمەڵایەتی و سیاسی کەناڵ بۆ دیالۆگ و بەشداری و دانوستان دابین بکات، ململانێ ڕۆڵی بنیاتنەر دەگێڕێت. لەو شوێنانەی کە ئەم جۆرە کەناڵانە بلۆک دەکرێن و لەگەڵ ئەوەشدا پێداویستییە سەرەتاییەکان دابین ناکرێن، ئەوا ناڕەزایی و بێهیوایی دروست دەبن. دەرئەنجامەکەی ناڕەزایەتی و سەرکوت و توندوتیژییە[1]. ململانێ توخمێکی جەوهەریی بوونی ئێمەیە، ئەمە وا دەکات پێشبینیی دوورخستنەوەی ململانێ لە بەدواداچوون یان چەسپاندنی دەسەڵاتدا قورس بێت. سەرەڕای ئەوەش سروشتی ململانێ لە گۆڕاندایە، بەڵام زۆرێک لە قوربانی و ئاوارە و پەنابەرانی جەنگ و ململانێکانی ئەمڕۆ ژن و منداڵانن.
پەیوەندیی نێوان سیستمەکان و پەروەردە؛ کێشەیەک بۆ داڕێژەرانی سیاسەت دروست دەکات. بۆ نموونە کاتێک دامەزراوەکان لە ململانێیەکدا تێوە دەگلێن، کارامەیی و بیروباوەڕ و ڕەفتار و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی گرووپە باڵادەستەکانی کۆمەڵگە دووبارە بەرهەم دەهێننەوە. بەم شێوەیە دامەزراوە پەروەردەییەکان بە شێوەیەکی گشتی دەبنە هۆی ململانێی زیاتر. باڵادەستیی نەتەوەیی یان ئایینی؛ هۆکارێکی بەهێزە کە بەشدارە لە ململانێی مەدەنیدا. پەروەردە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە نێوەندگیری یان خراپترکردنی ناکۆکییە نەژادی و ئایینی و ناکۆکییەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە ناسنامەوە، تەنانەت دەتوانێ خۆی ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی زیاتر بکات. بۆیە پەروەردەیەک کە یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی خۆڕاگریی بەهێزتر لە ململانێدا، ستراتیژییەکی گرنگە بۆ ساڕێژی دوای ململانێ[2].
بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی کاریگەریی شەڕی ناوخۆ لە نیپاڵ کە لە ساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠٠٦ بەردەوام بوو[3]، بەو ئەنجامە دەگەین کە ململانێکان بوونە هۆی کۆچی زیاتر لە ناو دەوڵەمەندترین و خوێندەوارترین دانیشتوواندا، لە کاتێکدا هەژارترینەکان کەمتر کۆچیان کرد. لە ئەنجامی ئەمەشدا دەستکەوتی پەروەردەیی بە گشتی دادەبەزی، بۆشاییەکانی نێوان کەسانی کەمتر خوێندەوار و خوێندەوارترین کەمتر بووەوە، ئەمەش بە واتای کاریگەریی نەرێنی دێت لە سەر ئابووری و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی وڵات. کاریگەرییەکانی ململانێ لە سەر پەروەردە تا قۆناغی دوای ململانێ بەردەوام دەبێت. بۆ نموونە کێشە لە زۆربەی وڵاتانی کارتێکراوی ململانێکان تەنها دامەزراندنی مامۆستای نوێ نییە، بەڵکوو بەرزکردنەوەی کواڵتیی ستافی پەروەردەیە لە ڕووی ڕاهێنان و ئەزموون و لێهاتووییەوە. لە زۆربەی وڵاتان ڕێژەی مامۆستا لە ساڵی دوای ململانێ و جەنگ کەمتر بووە بە بەراورد بە ساڵی پێش ئەو ململانێیە. هەر چەندە ڕەنگە ژمارەی مامۆستایان زیاد بکات، بەڵام ڕەنگە ڕێژەی نێوان قوتابییان و مامۆستایان لە کاتی ململانێکان و ڕاستەوخۆ دوای ململانێکان کەم ببێتەوە. بۆ نموونە؛ ڕێژەی خوێندکار و مامۆستا لە ئۆکراین گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە بە هۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە، کە بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە داینامیکی پەروەردەیی. بە هەمان شێوە، لێشاوی پەنابەران کاریگەریی لە سەر ڕێژەی خوێندکار و مامۆستا لە وڵاتانی دراوسێی ئۆکراین هەبووە، لەوانەش هەنگاریا[4]. پڕۆسەی بەرهەمهێنانی مامۆستایان دەبێتە قوربانیی لەپێشینەی ململانێ و کاریگەریی درێژخایەنی هەیە. لە ئەنجامدا تەنانەت ئەگەر ژمارەی مامۆستایان بە بەرزی بمێنێتەوە یان تەنانەت زیاد بکرێت، ئاست نزمی لە بڕوانامەی مامۆستایاندا بەردەوام دەبێت، هەروەها ئەدا و توانای وانەوتنەوە دادەبەزێت[5].
یەکێکی تر لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ململانێ کە کێشەیەکی زۆر دەخاتە بەردەم پەروەردە، ئاوارەبوونە. ئاوارەبوون، چ لە ناو سنوورەکانی وڵات یان لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات، فشارێکی گەورە دەخاتە سەر سیستمی پەروەردە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەزاران ڕۆژ لە مەشقکردن. هەروەها دەتوانێت ببێتە هۆی شارنشینیی خێرا لەگەڵ قەرەباڵغیی قوتابخانەکانی شار و کەمبوونەوەی دانیشتووانی گوندەکان. لێرەوە ڕاهێنانی مامۆستایان، سەرکردایەتی و ڕاهێنان، هەروەها پەرەپێدانی سیاسەتی پەروەردە؛ تووشی ناکارایی و شکست دەبێت. زۆر جار فێرخوازان لەناو دەچن و پارە لە خەرجییەکانی پەروەردەدا دەگوازرێتەوە بۆ سەربازی. قوتابخانەکان بە بێ کتێبی خوێندن یان کەرەستەی فێربوون دەمێننەوە، مامۆستایان بێ مووچە دەبن و قوتابخانەکان چاودێری ناکرێن[6]، [7]. کاریگەرییەکان دەکرێت زۆر درێژ مەودا بن و بۆ کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییانەش پێویستە پەروەردەی ئاوارە بە خاسیەتەکانیەوە لەبەرچاو بگیردرێت.
قوتابخانە و پەروەردەی ئاوارە
زاراوەی “پەنابەر” و ” ئاوارەی ناوخۆیی” و “کۆچبەر”؛ مانای جیاواز و واتای یاساییان هەیە، بەڵام زۆر جار بە هەڵە بەکار دەهێنرێن. لێرەدا گرنگە کە زاراوەکان چەمکسازی بکرێن و پێناسەکانیان ڕوون بکرێتەوە. پەنابەر ئەو کەسانەن کە بە هۆی شەڕ، گۆشەگیری، یان کارەساتێکی سروشتی ناچار دەبن وڵاتی خۆیان بەجێ بهێڵن[8]، لە بەرامبەردا ئاوارە ناوخۆییەکان ئەو کەسانەن کە ناچار کراون ماڵەکانیان یان شوێنی نیشتەجێبوونی ئاسایی خۆیان بەجێ بهێڵن، بەڵام سنووری نێودەوڵەتییان نەبەزاندووە. لە ناو سنووری وڵاتی خۆیاندا دەمێننەوە. ئاوارەکان و پەنابەران ڕووبەڕووی هەمان مەترسی دەبنەوە، بەڵام ڕێسا و سیستمی پاراستنی وڵاتی خۆیان بۆ ئەوان پیادە دەکرێت[9]. کۆچبەران ئەوانەن کە خۆبەخشانە دەچنە شوێنێکی تر، نەک لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسی یان مردنی دەستبەجێ دەبنەوە، بەڵکوو بۆ بەرزکردنەوەی کواڵتیی ژیانیان، بە بەدواداچوونی کارێک، وە لە هەندێک حاڵەتدا بۆ مەبەستی پەروەردەیی، یەکگرتنەوەی خێزان، یان پاڵنەرێکی دیکە. بە پێچەوانەی پەنابەران کە ڕووبەڕووی بێتوانایی لە گەڕانەوەی سەلامەت بۆ وڵاتەکەیان دەبنەوە، کۆچبەران تووشی ئەو جۆرە بەربەستانە نابن. ئەگەر بڕیار بدەن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، حکومەتەکەیان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنیان٨. بە کورتی: “خەڵکی ئاوارە” زاراوەیەکی گەورەترە کە هەم پەنابەران و هەم ئاوارەکان دەگرێتەوە. ئەم پێناسانە لە ڕێککەوتن و بنەما نێودەوڵەتییەکانەوە وەرگیراون، وەک ڕێککەوتننامەی پەنابەران لە ساڵی ١٩٥١. لێرەدا دەستەواژەی “ئاوارە ” بۆ پەنابەران و ئاوارەی ناوخۆش بەکار هاتووە.
ڕێکخراوەکانی وەکوو منداڵپارێز، قوتابخانەیان بۆ ئەو منداڵانە دامەزراند کە لە جەنگی جیهانیی دووەم ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن، بەڵام پێویستیی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن لە کاتی جەنگ و دوای جەنگدا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بوو. چەمکی پەروەردەی ئاوارەکان لەو سەردەمەدا سەرچاوەی گرتووە. هەڵچوونە جیۆپۆلەتیکییەکانی جەنگی سارد بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی پەنابەرانی جیهانی. ئەو دڕندەییانەی لە جەنگی جیهانیی یەکەم و جەنگی جیهانیی دووەمدا بینران، بوونە هۆی ئەوەی باوەڕێکی بەهێز دروست بێت کە پەروەردە خاوەنی هێز و بەرپرسیارێتییەکی بەرچاوە. ئەمەش بە ڕوونی لە دەستووری یونسکۆی ساڵی ١٩٤٥دا هاتووە. دواتر پەروەردەی پەنابەران بە پلەی یەکەم پەیوەست بووە بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییە دامەزراوەییەکان و چەمکە پەرەسەندووەکانی ئامانجە پەروەردەییەکان[10].
لە مادەی ٢٢ی ڕێککەوتننامەی باری پەنابەران لە ساڵی ١٩٥١دا، بنەماکانی دابینکردنی پەروەردە بۆ پەنابەران دانرا. بە پێی ڕێککەوتنامەکە پەنابەران پێویستە هەمان مامەڵەی هاوڵاتییانیان لە ڕووی خوێندنی سەرەتاییەوە لەگەڵ بکرێت، هەروەها پێویستە تا دەتوانرێت مامەڵەی لەباریان بۆ بکرێت بۆ خوێندن لە دەرەوەی ئاستی سەرەتایی. بەڵام جێبەجێکردنی مافی پەروەردە، تەنانەت لە نێو ئەو وڵاتانەی کە پەیماننامەکەیان واژۆ کردووە، وابەستەی ڕێسا و سیاسەت و دابونەریت و مێژوو و نەتەوە جیاوازەکان بووە، بۆ ئەمەش کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی میواندار دەکات بۆ دابینکردنی پەروەردە و بابەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە کە تایبەتن بە پەنابەران.
”بۆچی ڕۆڵی قوتابخانەکان لە ئاوارەبووندا زۆر گرنگە؟” لەو هۆکارانەی کە کاریگەرییان لە سەر مەترسیی ململانێ هەیە، زۆر جار هۆکارە دامەزراوەییەکان و ئابوورییەکان و ناسنامەن. قوتابخانە و سیستمی پەروەردە وەک دامەزراوە لە توانایاندا هەیە ئەو بارودۆخانە بەرهەم بهێنن کە بەشدارن لە ململانێی و توندوتیژی یان خراپتری بکەن. پەروەردەی ناتەواو، جیاکاری لە سەر بنەمای ڕەگەز یان نەتەوە، پڕۆگرامی لایەنگیری و چاوەڕوانییە جێبەجێنەکراوەکان، هەموو ئەمانە گرژییە کۆمەڵایەتییەکان خراپتر دەکەن و ڕەنگە فۆڕمی نوێی پێکدادانی کۆمەڵایەتیی لێ بکەوێتەوە. قوتابخانەکان دەتوانن لە ڕێگەی دەستتێوەردانی بەردەوامەوە پارێزگارییەکی بەرچاوی دەروونی بۆ منداڵان لە پێش و دوای ڕووداوەکان دابین بکەن. قوتابخانەکان لە بەرزکردنەوەی توانای کەسیی منداڵان لە لەپێشینەدان بە گرنگیدان بە پەرەپێدانی خوێندنەوە و توانای زارەکی و ژمارەیان. ئەم سیفەتانە بۆ پەرەپێدانی خۆڕاگریی کەسی زۆر گرنگن. قوتابخانەکان ئاسانکاری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی چارەسەری کێشەکان و باشترکردنی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو خوێندکاراندا. قوتابخانەکان دەتوانن یارمەتیی دایک و باوک و بەخێوکەران بدەن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵاندا، بۆیە مامۆستایان و ستافی قوتابخانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پاراستنی گەشبینیی منداڵان و پاڵنەرن بۆ گەشتکردن بە ناو دۆخ و ئاڵنگاری و پەیوەندییە کەسییەکاندا. هەروەها یارمەتیدەرن لە بەدەستهێنانی لێهاتووییەکان بۆ پشتگیریکردنی ئەوانی دیکە، دروستکردنی سۆز و بەزەیی بۆ یەکتر.
توێژەران لە کۆمەڵناسیی سیاسیدا کاریگەرییە بەرچاوەکانی کتێبەکانی خوێندن بە تایبەت زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر داڕشتنی سیاسەت و حوکمڕانیی حکومەتەکان و دەوڵەتان باشتر دەبینن. کتێبەکانی خوێندن دەتوانن لایەنگرییەکی بەهێزی ناسیۆنالیستی پیشان بدەن و نەیار وەک خراپەکار وێنا بکەن، بەڵام بە هەمان شێوە دەکرێ وێناکردنی وردی واقیع بە ئاسانی پشتگوێ بخەن[11]. بۆ نموونە؛ لە یوگۆسلاڤیای پێشوو؛ پارتی دەسەڵاتدار نەیتوانی شێوازێکی دروست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازییە نەتەوەییەکان و کێشەی کتێبی خوێندنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان پەیڕەو بکات، لە ئەنجامدا لێکەوتەی لە سەر تەواوی گۆڕانکارییەکانی وڵاتەکە هەبوو. بۆیە گرنگە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ پشتگیریکردن لە کولتوورێکی سیاسی کە بە شێوەیەکی گونجاو ئامرازی پێویستی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی ئیتنیکسەنتەری. دەتوانین بڵێین لە یوگۆسلاڤیای پێشوودا سیستمی پەروەردە یارمەتیدەر بوو بۆ دامەزراندنی ناسنامەی بە کۆمەڵ، ئەفسانەی مێژوویی ناسیۆنالیستی و دژایەتی١. بە هەمان شێوە ناوەرۆکی کتێبەکانی پڕۆگرام لە سریلانکا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە هاندانی توندوتیژیی مەدەنی[12].
سەنتەری چاودێریکردنی کاریگەرییەکانی ئاشتی لە کتێبی خوێندنی ئۆرتۆدۆکسی جوولەکەکان و فەڵەستینییەکانی توێژییەوە، تێبینیی ئەوەی کرد کە هەردووکیان تێڕوانینی نەرێنی و سووکایەتیپێکردن لە پڕۆگرامەکانیان بۆ یەکتر لەخۆ دەگرن[13]. توێژینەوە پەروەردەییەکان بۆ درککردن بەم بابەتە گرنگی دەدەن بە نوێنەرایەتیکردنی ناسنامەی ناو گرووپی سەردەست و دەرەوەی گرووپەکە لە کتێبی خوێندندا، هەروەها گرنگی دەدەن بە پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانی ئەم پرسە بە ململانێ و پرسە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
ڕۆڵێکی دیکەی پەروەردە لە چوارچێوەی ئاوارەبوون؛ دروستکردنی ژینگەیەکی ئارامە، بۆ ئەمەش پەروەردەی ئاشتی دێتە پێش. پەروەردەی ئاشتی زاراوەیەکی فراوانە کە چەندین جۆری دەستپێشخەریی پەروەردەیی فەرمی و نافەرمی لەخۆ دەگرێت، ئامانجیان هاندانی ئاشتییە لە ناو قوتابخانە و کۆمەڵگەکاندا لە ڕێگەی زیادکردنی کارامەیی، هەڵوێست و بەهاکان کە ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی ململانێی ناتوندوتیژ بەرەوپێش دەبەن و لێبوردەیی و ڕێزگرتن لە ناو فرەیی کۆمەڵگە دەچێنن.
پەوەردە و ئاشتی
پەروەردەی ئاشتی زۆر کاریگەر و بەرهەمدارە کاتێک لەگەڵ پێداویستییە ئابووری و کولتووری و نیشتمانییەکان هاوتەریب بێت. مامۆستایان دەبێت ئامرازی پێویستیان هەبێت بۆ ڕێنماییکردن لە سەر ئەو بابەتانەی کە زۆر جار کێشە و ناڕەحەتیی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو چەواشەکاری و گرژی و نادادپەروەرییەی کە پەروەردەی ئاشتی ئامانجیەتی کەمیان بکاتەوە[14].
پەروەردەی ئاشتی ڕێگە بە قوتابییان دەدات کە هۆشیاری و لێهاتوویی لە خۆیاندا گەشە پێ بدەن، بانگەشە بۆ ئەو پرەنسیپانە دەکات کە پێویستن بۆ ئەوەی ململانێکان گەشە نەکەن بۆ شەڕانگێزیی فیزیکی، بەڵکوو بە شێوەی ئاشتییانە لە ڕێگەی هاوکاری و یەکگرتووییەوە یەکلایی بکرێتەوە. پەروەردەی ئاشتی جەخت لە سەر پێویستیی فێرخوازان دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی خودئاگایی و تێگەیشتن لە پەیوەندییە کەسییەکان و ناساندنی بەشدارییە کۆمەڵایەتییەکان. لە گرنگترین ئەو پەروەردەکارانەی کە بەشدارییان لە پێشخستنی پەروەردەی ئاشتیدا کردووە؛ ماریا مۆنتیسسۆری، جۆن دیوی و پاولۆ فرێیرین.
مۆنتیسۆری ڕای وایە کە پەروەردە کلیلی گەیشتن بە ئاشتیی درێژخایەنە. فێرکردنی منداڵان لە تەمەنێکی بچووکدا دەربارەی ئاشتی، وایان لێ دەکات کە چالاکانە بەشداری بکەن لە بنیاتنانی جیهانێکی هاوسەنگتر. مۆنتیسسۆری تیشکی خستە سەر گرنگیی دامەزراندنی کەشێکی ئامادەکراو کە پەرە بە گەڕان و سەربەخۆیی و لەخۆگەڕان بدات. لەم دۆخە تایبەتەدا منداڵان ئەو سەربەخۆییەیان پێ دەدرێت کە بەشداری لە بەرکەوتە پەروەردەییەکاندا بکەن و توانا بنەڕەتییەکانی ژیانیان بچێنن، وەک چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پەیوەندییەکی هاوسەنگ. لەگەڵ ئەمانەشدا، دروستکردنی ژینگەیەک کە پەروەردەی ئاشتی لە پێشینەدا بێت، مانای نەبوونی تەواوەتیی ململانێ نییە، بەڵکوو ململانێکان وەک بۆنەیەک سەیر دەکرێن بۆ چاندنی بەزەیی، باشترکردنی پەیوەندییەکان و تێگەیشتنێکی قووڵتر لە دیدگای کەسێکی دیکەوە[15].
هەروەها دیوی کاری کرد بۆ سیستمێکی قوتابخانە کە خوێندکاران فێری دیموکراسیەت بن تیایدا. لە ڕوانگەی ئەوەوە، پێویستە قوتابخانەکان هانی قوتابییان بدەن کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بیر بکەنەوە و ببنە هاوڵاتیی هوشیار و ڕۆڵی کارا لە کۆمەڵگەدا بگێڕن بۆ ئەوەی بتوانن بە تەواوی بەشداریی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی بکەن. جەختی لە پێویستیی پڕۆگرامێک کردەوە کە هەڵوێستێک پەرە پێ بدات کە نیشتمانپەروەریی جیهانی بەرەوپێش ببات، زانستە کۆمەڵایەتییەکانی وەک جوگرافیا و مێژوو کەڵک وەربگرن بۆ پەروەردەکردنی تێگەیشتن لە کولتوورەکانی دیکە، هەروەها چارەسەری لایەنە نەرێنییەکانی ناسیۆنالیزم بکات کە لە مێژوودا زۆر جار بووەتە هۆی شەڕی نێوان گەلان. تیۆرییەکانی ئەو بۆ پەروەردەی ئاشتی، ڕۆڵی مامۆستایانی خستە ژێر پرسیارەوە و هانی دان کە بنەماکانی ئاشتی و هاوکاریی نێودەوڵەتی لە نێوان وڵاتاندا بخەنە ناو پڕۆگرامەکانیانەوە[16]، [17].
فرێیریش پێی وایە پەروەردە نابێت بەدەستهێنانی پاسیڤانەی زانین لەخۆ بگرێت، بەڵکوو لە بریی ئەوە دەبێت وەک هێزێکی ڕزگارکەر خزمەت بکات کە دانیشتووانی پەراوێزخراو و چەوساوە بەهێز بکات. جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەروەردە دەبێت پڕۆسەیەکی گۆڕانکاری بێت کە ئەم خەڵکانە بەهێز بکات، بۆ ئەوەی تاکەکان بتوانن خۆیان لە شێوازە دووبارەبووەکانی ستەم و نادادپەروەری ڕزگار بکەن. ئەو داکۆکیی لە ڕێبازێکی پەروەردەیی کرد کە پەرەپێدانی هۆشیاری و گفتوگۆی کراوە و هەوڵی هاوبەش بەرەوپێش ببات[18].
لە ئێستادا ئێمە لە کۆمەڵگەی هەمەچەشن و ئاڵۆز و تێکەڵاو و وابەستە بە یەکتردا دەژیین. ڕۆژانە ڕووبەڕووی دژیەکی دەبینەوە سەبارەت بە ئەخلاق و کردەوەی نادادپەروەری و توندوتیژی کە ئاڵنگاری بۆ ئاڕاستەی ڕەفتاری و ئەخلاقیمان دروست دەکەن. لە پەروەردەی ئاشتیدا دەبێت خوێندکاران بتوانن بە بێ مەرج وەڵامی ئەو حەزە زگماکییە بدەنەوە کە پێویستن بۆ گرنگیدان بە یەکتر، بەهێزکردنیان بۆ بڕیاردانی ئەخلاقی و گرتنەبەری هەنگاو، بە بێ گوێدانە بۆچوونە ئایینی یان کولتوورییەکان یان هەر پابەندییەکی تر. پەروەردەی ئاشتی ئاسانکاری دەکات بۆ ناسینەوە و قەدرزانینی فرەیی قوتابییان لە ڕێگەی تێڕامانێکی ئەخلاقییەوە، لێرەوە پەرە بە چاندنی پەیوەندییە هاوسەنگەکان دەدات.
بەربەستەکانی بەردەم پەروەردەی ئاوارەکان
پرۆگرامی خوێندن: هەڵبژاردنی پرۆگرام لە دابەشکەرترین و سەختترین کێشەکاندایە کە دەبێت بۆ خوێندکاری پەنابەر چارەسەر بکرێت. پرسێکی ناوەندی لە دەوری ئەم بڕیارە دەسووڕێتەوە کە دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی بۆ منداڵان و کۆمەڵگەکانە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا منداڵانی پەنابەر دەبێ پرۆگرامی وڵاتی خانەخوێ یان وڵاتی خۆیان بخوێنن؟
بڕیارەکانی پرۆگرام گرنگن، هەم لە حاڵەتە فریاگوزارییەکان و هەم لە شوێنی مانەوەی درێژخایەندا. لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر، هەڵبژاردنی پرۆگرام قورسە. بۆ ئۆرگانە حکومییەکان و دانیشتووانی پەنابەر، دەتوانێت کێشەیەکی زۆر سیاسی و هەستیار بێت و دەتوانێت بەشدار بێت لە هەستیارییەکان سەبارەت بە نەتەوە و کولتوور و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتی ڕەسەن. لە لایەکی دیکەوە بڕیارەکانی پرۆگرام دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر منداڵانی پەنابەر هەبێت و بیانپارێزێت، لەوانەش بابەتی درێژەدان بە خوێندن و بژێوی. پێویستە دەزگاکانی بەڕێوەبردن لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەدا کار بکەن کە یارمەتیی پەنابەران دەدەن لە دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان سەبارەت بە پرسە لۆجستی و پلاندانانەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دەزگایەکی کاریگەر، سیاسەتی خۆی لەم جۆرە چوارچێوەیەدا هەیە. نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەروەردەی نیشتمانی بەرەوپێش دەبات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خوێندکاری پەنابەر یان ئاوارە دەبێ بە بەکارهێنانی پرۆگرامی نیشتمانیی وڵاتی میواندار بخوێنن. ئەم ڕێبازە یارمەتیدەرە بۆ تێکەڵاوبوون بە سیستمی پەروەردەی وڵاتی میواندار، داننان بە بڕوانامە و تاقیکردنەوەکان داهاتوو، وە دەستڕاگەیشتنێکی باشتر بە خوێندنی باڵا و هەلی کار لە وڵاتی میوانداردا.
ئامارەکانی ئاوارەبوون ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی دوو لە سەر سێی پەنابەران زیاتر لە پێنج ساڵ بە ئاوارەیی دەمێننەوە و تێکڕای ماوەی ئاوارەبوونیان ٢٠ ساڵە، بۆیە بەرنامەکانی پەروەردە پێویستە لانی کەم بۆ ماوەی مامناوەند پێشکەش بە پەنابەران بکرێن. بەکارهێنانی پرۆگرامی پەنابەری لە وڵاتان، دەستڕاگەیشتن بە ئامرازەکانی پەروەردەی پەسەندکراو و کۆنترۆڵکراو و لێپرسینەوە ئاسان دەکات. دەتوانرێت وەک گونجاوترین و سەلامەتترین هەڵبژاردە بۆ ماوەی درێژخایەن و مامناوەند سەیر بکرێت. بەم شێوەیە دەستەبەرکردنی بڕوانامە و تاقیکردنەوە بە شێوەیەکی متمانەپێکراو، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی پەروەردەیی، دڵنیایی کواڵتی و زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوە پەروەردەییەکان، لەگەڵ دەرفەتی خوێندنی زیاتر لە ئاستە باڵاکاندا؛ ئاسانکاریی بۆ دەکرێت[19].
لەگەڵ ئەمانەشدا بەکارهێنانی پرۆگرامی وڵاتی ڕەسەن هەندێک سوودی خۆی هەیە، وەک لە خشتەی خوارەوەدا دەردەکەوێت. جگە لەوەش، گواستنەوە بۆ وڵاتانی پەنابەر پێویستی بە خەرجکردنی کات و پارەیەکی بەرچاو هەیە بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی منداڵانی پەنابەر لە سیستمی وڵاتی میوانداردا.
بەراوردی پرۆگرامی وڵاتی ڕەسەن و پرۆگرامی وڵاتی خانەخوێ (میواندار)
پرۆگرامی وڵاتی ڕەسەن |
پرۆگرامی وڵاتی خانەخوێ |
زمانێکی ئاشنا بە پەیوەندی بە کولتووری ماڵەوە/ناسنامەی ماڵەوە |
ڕێڕەو بۆ پەنابەران دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بچنە قوتابخانە نیشتمانییەکان. |
لە ڕووی سیاسییەوە قبووڵکراوە، هەم بۆ پەنابەران و هەم بۆ هەندێک لە حکومەتە میواندارەکان. |
دەستگەیشتن بە تاقیکردنەوەکان و بڕوانامەی باوەڕپێکراو |
بژاردەیە کاتێک سیاسەتی وڵاتی پەنابەری ڕێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتن بە سیستمی نیشتمانی. |
ئاسانکاریی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی دەکات، ئاسانكاریی دەستگەیشتن بە کەرەستەی پرۆگرام، هەبوونی مامۆستای شارەزا، ڕاهێنانی مامۆستایان، کواڵتیی بەرزی خوێندن. |
کێشەی دەستڕاگەیشتن بە تاقیکردنەوە و بڕوانامە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن |
چاودێری و سەرپەرشتیکردن لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ باشترکردنی |
دەستڕانەگەیشتن بە ئاستی باڵای خوێندن یان دامەزراندن بە هۆی نەبوونی بڕوانامە |
دەستڕاگەیشتن بە ئاستی باڵای خوێندن |
دەستڕانەگەیشتن بە کتێبی پرۆگرام و مەشقی مامۆستایان |
دەرفەتەکان بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کۆمەڵگەی میواندار |
دابڕان لە کۆمەڵگەی خانەخوێ |
لەدەستدانی هەستپێکراوی زمانی وڵاتی ڕەسەن، ناسنامەی کولتووری، ئایینی |
سەرچاوە: Curriculum choices in refugee settings (UNHCR, 2015a, p.3)
ڕاهێنانی مامۆستایان
مامۆستایان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە هاندانی خوێندکاران بۆ خۆگونجاندن لە پۆل و کۆمەڵگەکەیاندا. دابینکردنی کەشێکی پارێزراو و پێشوازیکردنی خوێندکارانی پەنابەر، پشت بە هۆشیاری و بیروباوەڕ و چالاکییەکان و هەڵوێستی مامۆستایان دەبەستێت. مامۆستایان لە ژینگەی پەنابەراندا پێویستە سەرچاوە و ئامادەکاریی زیاتریان بۆ دابین بکرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ کولتوورە هەمەچەشنەکان و زیاتر وەڵامدەرەوە بن بۆ پێداویستییەکانی خوێندکارانی پەنابەر[20]. دەرئەنجامەکانی تێنەگەیشتنی کولتووری ڕەنگە ببێتە هۆی داوەری پێشوەختە و جیاکاری. لە ئەنجامدا ئەو خوێندکارانەی کە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە کولتووری و زمانەوانییەکان دەدەن، دەبێ هەوڵی چارەسەرکردنی تێڕوانینی ئەوانی تریش بدەن. ئەنجامی توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە داوەریی پێشوەختە گەورەترین بەربەستە لە بەردەم گونجانی قوتابییانی پەنابەران و کۆچبەران، کە کاریگەریی درێژخایەن بەجێ دەهێڵێت لە سەر بڕوابەخۆبوون، پاڵنەری خوێندن، بەشداریکردن و دەستکەوتی خوێندن. زۆر جار مامۆستایان ئەزموون و شارەزایی و زانیارییان نییە بۆ ناسینەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی خوێندکارانی کۆمەڵگە پەنابەرەکان. سەرەڕای ئەوەش، توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆر جار مامۆستایان ئەزموون و سەرچاوەی پێویستیان نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەم چالاکییانەی پێوستن ئەنجام بدرێن. بۆیە لەو پۆلانەی کە لە منداڵانی وڵاتانی جیاواز پێک هاتوون، پێویستە مامۆستایانی تایبەتمەند خزمەت بکەن.
کێشەکانی بڕوانامە
بەڵگەنامەی پاشخانی پەروەردەیی خوێندکاران و پەنابەرە پیشەگەرەکان دەتوانرێت بسەلمێنرێت کاتێک دەگەنە وڵاتێکی نوێی میواندار. لە کاتێکدا هەندێک کەس دەرفەتی ئەوەیان هەیە کە بتوانن هەموو تۆمارە پەروەردەیی و پیشەییەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەن کاتێک هەڵدێن، ژمارەیەکی بەرچاو لە پەنابەران ناچار دەبن لە ناکاو هەڵبێن و بەشێکی بەرچاو لە کەلوپەلەکانیان بەجێ دەهێڵن.
ڕەنگە هەندێکیان کاتێک دەگەن بە شوێنی ئارام، تەنها ژمارەیەکی سنوورداری بەڵگەنامەکانیان لا بێت، ڕەنگە هەندێکی تر بە هۆی ئامێری مۆبایلەوە وێنەی دیجیتاڵییان لا بێت، ژمارەیەکیش بە دەستی بەتاڵ دەگەن. هەندێ جار پەنابەران ئامادەن هەندێک یان هەموو بەڵگەنامەیەک پێشکەش بکەن، بەڵام ڕێسا دامەزراوەییەکان داوا دەکەن کە بەڵگەنامەی فەرمی ڕاستەوخۆ لە دامەزراوەکان خۆیانەوە بنێردرێن. بۆ ئەوەی دانپێدانان بەدەست بهێنرێت، وەکوو وەرگێڕان و بڕوانامە، بە شێوەیەکی گشتی لە لایەن زۆربەی دامەزراوەکانی ئەمەریکای باکوور، ئەورووپا، یان هەندێ ناوچەی دیکە پێویستە بەڵگەنامە فەرمییەکان ڕاستەوخۆ لە دامەزراوەکەوە پێشکەش بکرێن یان کۆپیی فەرمیی پشتڕاستکراوە بنێرن[21]. ئەم پێوەرانە متمانەپێکراوترین ڕێگان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕەسەنایەتیی بڕوانامەکان.
دەرکردنی بەڵگەنامەی کاتی بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ لە کاتێکدا ناسنامەیان لەدەست داوە، ڕێگەیان پێ دەدات ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ قوتابخانە بە بێ ئەوەی پێویست بکات بگەڕێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەتایی خۆیان. بەدواداچوون و بەڵگەنامەکردنی خوێندنی سەرەتایی بێ تێچوون لە هەندێک وڵاتدا دابین دەکرێ، وەک لە لایەن لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵان و لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان ئەنجام دەدرێت.
جگە لەوەش، ڕەنگە هەندێک لە پەنابەران خۆیان لە داوای بەڵگەنامەی فەرمی لە دامەزراوەی حکومی بەدوور بگرن، چونکە ترسیان هەیە مامەڵەی نەرێنییان لەگەڵ بکرێت یان لە خەمی ئەوەدان کە لەگەڵ حکومەتدا تووشی کێشە ببن، ئەمەش کاتێک ڕوو دەدات کە پەیوەندی بە دامەزراوەی وڵاتی ڕەسەنەوە دەکرێت بۆ پشتڕاستکردنەوە. بۆیە پێویستە دامەزراوەکانی وڵاتی خانەخوێ پێش ئەوەی داواکاری ئاڕاستە بکەن بۆ تۆمارکردن یان پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکان، داوای مۆڵەتی لە داواکار بکەن.
پەروەردەی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان دانیشتووانی ئاوارە، لەوانەش پەنابەرانی سووری و ئاوارەکانی ناوخۆ بە هۆی قەیرانە بەردەوامەکان و ململانێکانەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن. لە کاتێکدا هەوڵەکان دەدرێن بۆ تێکەڵکردنی خوێندکارانی ئاوارە لە سیستمی پەروەردەدا، ئاستەنگەکان لە دابینکردنی ژێرخانی گونجاو، سەرچاوە و کارمەندانی لێهاتوودا ماونەتەوە تاکوو دڵنیایی هەبێ لە خوێندنی کواڵتیی باش.
بە پێی میساقی مافی مرۆڤ، هەموو مرۆڤێک مافی خوێندنی هەیە، چونکە مەبەست لە خوێندن/خوێندنی باڵا خزمەتکردنە بە چاکەی گشتی. بۆیە ڕێگەدان بە خوێندکارانی پەنابەر بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن، هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام. جگە لە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی بێبەرامبەر، هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە تەرکیزکردن لە سەر سیاسەتی یەکخستنی پەروەردەی پەنابەران.
جێبەجێکردنی سیاسەتی یەکخستنی پەروەردەی پەنابەران پێویستی بە پلاندانان و بەشداریکردنی سیستماتیکیی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانە، لەوانەش: دارایی پێویست، ژێرخان و سەرچاوەی مرۆیی. حکومەتی هەرێم سیاسەتی یەکخستنی پەروەردەی پەنابەران بە هێواشی جێبەجێ دەکات، لە خوێندنی سەرەتاییدا کارەکە بەرەوپێشچوونی باشتر بووە وەک لە سەر ئاستی زانکۆ. هەر چەندە جێبەجێکردنی سیاسەتی یەکخستنی پەروەردەی پەنابەران بە دابینکردنی دەرفەت بۆ خوێندکارە پەنابەرەکان لە زانکۆ حکومییەکان دەستی پێ کردووە[22].
بۆ ئاسانکاری بۆ بەشداریکردنی دروست و بەشداریکردنی خوێندکارانی پەنابەر، پێداچوونەوەی سیاسەتی ڕوون پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سنووردارکردن و ئاڵنگارییانەی کە هەن، کە ڕێگری دەکەن لە بەشداریکردنی سەرکەوتووانەی خوێندکاران لە بواری پەروەردەدا لە ئاستە جیاوازەکاندا. حکومەتی هەرێم پێویستی بە دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و دەستڕاگەیشتنێکی یەکسانی خوێندن بۆ هەمووان مسۆگەر بکات. بەشێک لە خێزانە پەنابەرەکان و ئاوارەبووەکان بە هۆی بارودۆخەکانیانەوە توانای خوێندنیان بۆ منداڵەکانیان نییە، بەمەش بەرپرسیارێتیی حکومەتە کە پاڵپشتیی تەواو دابین بکات. لە ئێستادا پەروەردەی گشتگیر وەکوو پێویست لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا نییە، ئەمەش نیگەرانیی جددی بۆ داهاتووی منداڵان و گەنجان دروست دەکات و مافی دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن دەخاتە مەترسییەوە، لە ئەنجامدا کاریگەریی لە سەر داهاتوویان دەبێت.
ئاوارەی ناوخۆ لە هەرێم
لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە ماون و ٦٥٠ هەزاریان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. سەرەڕای ئەوەی ٣٧٠ قوتابخانەی ئاوارەکان لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەدا کار دەکەن، لە ئێستادا ٤٥٪ی قوتابخانەکانی ئاوارەکان پێش ساڵی ٢٠١٤دروست کراون. هەر چەندە ڕێکخراوە ناحکومییەکان ساڵانە پاڵپشتی دابین دەکەن بۆ نۆژەنکردنەوەکان، بەڵام ئەم قوتابخانانە پێویستیان بە چارەسەری درێژخایەن و بەردەوام هەیە. بە هۆی ئەوەی ١٥٨ هەزار منداڵی ئاوارەکان هێشتا پێویستیان بە پشتیوانییە، وەبەرهێنانی زیاتر لە سەقامگیرکردنی پەروەردە بۆ کۆمەڵگە ئاوارەکان پێویستە[23]. قەیرانی دارایی و ئەزموونی کەم لە ئیدارەدانی پەروەردەی گشتگیر؛ وای کردووە ڕێگایەکی دوور لە پێش بێت بۆ دروستکردنی پەروەردەی گشگیر. زۆرێک لە قوتابخانەکان بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دروست دەکرێن، ئەمەش واتە دوورکەوتنەوەی زیاتر لە پەروەردەی گشتگیر.
پرسە سەرەکییەکان و لەمپەرەکان
ژێرخانی ناتەواو: زۆرێک لە قوتابخانەکانی ئاوارەکان لە کوردستان بە کواڵتیی نزم دروست کراون، هەندێکیان لە کاتی قەیرانی سەرەتای ئاوارەبوون لە ساڵی ٢٠١٤ دروست کراون.
سەرچاوە سنووردارەکان: کەمیی سەرچاوەی پەروەردەیی هەیە، لەوانە: کتێبی خوێندن، کەرەستەی فێربوون و ئاسانکاریی گونجاو.
ڕاهێنان و پاڵپشتیی مامۆستا: مامۆستایانی ئاوارە ڕاهێنان و پشتیوانییەکی پێویستیان نییە بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە تایبەتەکانی خوێندکارانی ئاوارە.
ئاڵنگارییەكانی یەکگرتن: یەکخستنی خوێندکارانی ئاوارە، بە تایبەتی لە سەر ئاستی زانکۆ، ئاستەنگی کولتووری و ئەکادیمیی هەیە.
سنوورداریی دارایی: سنووردارکردنی بودجە و کەمکردنەوەی بودجەی حکومەت؛ کاریگەریی لە سەر کواڵتی و بەردەستبوونی خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکان بۆ دانیشتووانی ئاوارە هەیە.
هەوڵ و دەستپێشخەرییەکان
سیاسەتی یەکخستنی پەروەردەی پەنابەران: حکومەتی هەرێم لەگەڵ دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێسای سیاسەتی یەکخستنی پەروەردەی پەنابەران، تیشک دەخاتە سەر تێکەڵکردنی پەنابەران لە زانکۆ حکومییەکان و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕێگرن لە بەشداریکردنی تەواویان لە بواری پەروەردەدا.
پشتگیریی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان: یونسکۆ و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی تر پشتگیری بۆ چاکسازیی قوتابخانە و ڕاهێنانی مامۆستایان و پشتگیریی دەروونی و کۆمەڵایەتی و دەرفەتی خوێندنی نافەرمی پێشکەش دەکەن.
بەرنامەسازی بە سەرپەرشتیی کۆمەڵگە: دەستپێشخەری بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئاوارە هەن بۆ پەرەپێدان و گرنگیپێدانی فێربوون و زیادکردنی پاڵنەرەکانی خوێندن لە نێو خوێندکارانی ئاوارەدا.
وەبەرهێنان لە ڕاهێنان و پاڵپشتیی مامۆستایان: لێرە و لەوێ هەوڵ هەن بۆ ڕاهێنان و دابینکردنی سەرچاوە و پشتگیریی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ مامۆستایان بۆ دروستکردنی ژینگەی فێربوونی سەلامەت و گشتگیر.
بە گشتی لە کاتێکدا پێشکەوتنەکان بەدی دەکرێت، ئاڵنگاری بەرچاو هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی منداڵان و گەنجانی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە خوێندنی کواڵتی بگات، ئەمەش بۆ پەنابەرانی سووریا جیاواترە لە ئاوەرەکانی ناوخۆ، چونکە ئاوەرەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستان زیاتر پشت بە پاڵپشتیی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و حکومەتی هەرێم دەبەستن، لە کاتێکدا ئاوارەکانی ناوخۆ لە لایەن حکومەتی عێراقەوە ساڵانێکە پشگیری کراون. بەردەوامیی وەبەرهێنان لە ژێرخانی پەروەردە، ڕاهێنانی مامۆستایان و دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان؛ زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵنگارییانە و پاراستنی داهاتووی پەروەردەیی دانیشتووانی ئاوارە.
ئەنجامگیری
ئایندەی پەروەردەی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ئاڵۆزە، هەم ئاڵنگاری و هەم دەرفەتی لە پێشە. لە کاتێکدا هەوڵەکان لەئارادان بۆ تێکەڵکردنی خوێندکارانی ئاوارە لە سیستمی پەروەردەی گشتی، بە تایبەتی لە ڕێگەی سیاسەتی یەکخستنی پەروەردەی پەنابەرانەوە بەربەستی بەرچاو لە دڵنیابوون لە کواڵتی و دەستڕاگەیشتن بە خوێندن ماونەتەوە. ئەمانە بریتین لە ژێرخانی ناتەواو، کەمیی سەرچاوە و پێویستیی چوارچێوەی سیاسەتی گشتگیر کە باس لە پێداویستییە تایبەتەکانی دانیشتووانی ئاوارە بکات. ئایندەی پەروەردەی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەو هەوڵانە و بەردەوامیی پابەندبوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان. ئەگەر بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەری ئاستەنگەکان بکرێت، ئەوا خوێندکارانی ئاوارە دەتوانن دەستیان بە خوێندنی کواڵتی بگات، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرفەتی کۆمەڵایەتی و ئابووریی زیاتر. بەڵام ئەگەر پێشکەوتنەکان وەستان، ڕەنگە نایەکسانییەکان فراوانتر بن و داهاتووی نەوەیەکی منداڵ و گەنجی ئاوارە بکەوێتە مەترسییەوە و لەگەڵ خۆشیدا مەترسییەکان دەگوازێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.
ڕاسپاردە و پێشنیار
١. بەهێزکردنی ژێرخانی قوتابخانەکان-بەرزکردنەوەی قوتابخانەی پەنابەران/ئاوارەکانی ئێستا، کە زۆربەیان لە کاتی حاڵەتە فریاگوزارییەکاندا دروست کراون.
٢. فراوانکردنی ڕاهێنان و پشتگیریی مامۆستایان بە دابینکردنی گەشەپێدانی پیشەیی بەردەوام بۆ مامۆستایان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پۆلە فرەکولتوورییەکان و پێداگۆجیی گشتگیر.
٣. پەرەپێدانی سیاسەتی پەروەردەی گشتگیر، واتە دانانی چوارچێوەی یاسایی و سیاسەتی ڕوون لە هەرێمی کوردستان کە گەرەنتیی دەرفەتی خوێندنی یەکسان بکات بۆ منداڵانی ئاوارە، پەنابەر و منداڵانی کۆمەڵگەی میواندار.
٤. چارەسەرکردنی بەربەستەکانی زمان و کولتوور لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەرنامەکانی پشتگیریی زمان و فێرکردنی هەستیاریی کولتووری بۆ ئاسانکاریی تێکەڵبوون لەگەڵ قوتابخانە ناوخۆییەکان.
٥. فراوانکردنی پشتگیریی دەروونی و کۆمەڵایەتی، واتە بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی ڕاوێژکاری و بەرنامە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی قوتابخانە بۆ یارمەتیدانی منداڵانی ئاوارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زەبروزەنگ و گونجاندن لەگەڵ ژینگە نوێیەکانی فێربوون.
٦. بەرزکردنەوەی پشتیوانیی دارایی و نێودەوڵەتی، واتە دەستەبەرکردنی بودجەی بەردەوام لە ڕێگەی هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان، دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە بەخشەرەکان بۆ کەمکردنەوەی فشار لە سەر بودجەی پەروەردە.
٧. بەهێزکردنی بەشداریکردنی کۆمەڵگا -بەشداریکردنی خێزانە ئاوارەکان و کۆمەڵگە میواندارەکان لە بەڕێوەبردنی قوتابخانە، چالاکییەکانی دەرەوەی پرۆگرام و بەرنامەکانی هۆشیاری بۆ دروستکردنی متمانە و هاوکاری.
سەرچاوەکان
[1] Davies, L. (2004). Education and conflict: Complexity and chaos. RoutledgeFalmer.
[2] Buckland, P. (2005). Reshaping the future: Education and postconflict reconstruction. World Bank Publications.
[3] Valente, C. (2013). Education and civil conflict in Nepal. The World Bank Economic Review 28(2):354-383. https://doi.org/10.1093/wber/lht014
[4] UNESCO. (2023, November 14). Hungary’s education responses to the influx of Ukrainian refugees. https://www.unesco.org/en/ukraine-war/education/hungary-support
[5] Alimba, N. C. (2017). Dysfunctional consequences of conflict on teachers’ productivity: a theoretical insight. AFRREV IJAH: An International Journal of Arts and Humanities, 6(1), 146-161. http://dx.doi.org/10.4314/ijah.v6i1.13
[6] Utsumi, Y. (2021). Impact of Armed Conflict on Education in Timor-Leste. In: Peddie, F., Liu, J. (eds) Education and Migration in an Asian Context. Economics, Law, and Institutions in Asia Pacific. Springer, Singapore. https://doi.org/10.1007/978-981-33-6288-8_8
[7] Assefa, Y., Tilwani, S., & Moge, B. (2023). The impact of armed violence on educational institutions, students’ educational attainment and the role of actors in governance of the education process. Cogent Education, 10 (1). https://doi.org/10.1080/2331186X.2023.2189503
[8] UNHCR. (2016, November 7). UNHCR viewpoint: ‘Refugee’ or ‘migrant’ – Which is right? WWW.UNHCR.ORG. Retrieved August 20, 2023, from https://www.unhcr.org/news/stories/unhcr-viewpoint-refugee-or-migrant-which-right
[9] Deng, F. M. (1999). Guiding principles on internal displacement. International Migration Review, 33(2), 484-493.
[10] Dryden-Peterson, S. (2011). A Global Review: Refugee Education. Toronto: Ontario Institute for Studies in Education, University of Toronto
[11] Bokovoy, M., Irvine, J. A., & Lilly, C.S. (1997). State-society relations in Yugoslavia, 1945-1992. Macmillan.
[12] Heyneman, S. P., & Todoric-Bebic, S. (2000). A renewed sense for the purposes of schooling: the challenges of education and social cohesion in Asia, Africa, Latin America, Europe and Central Asia. Prospects, 30(2), 145-166. doi:10.1007/bf02754062
[13] Adwan, S., Bar‐Tal, D., & Wexler, B. E. (2016). Portrayal of the Other in Palestinian and Israeli Schoolbooks: A Comparative Study. Political Psychology, 37(2), 201-217. https://doi.org/10.1111/pops.12227
[14] Mishra, L. (2011). Designing a peace education programme for secondary schools. Journal of Research in Peace, Gender and Development, 1(1).
[15] Duckworth, C. (2006). Teaching peace: a dialogue on the Montessori method. Journal of peace education, 3(1), 39-53. https://doi.org/10.1080/17400200500532128
[16] Sant, E. (2019). Democratic education: A theoretical review (2006–2017). Review of Educational Research, 89(5), 655-696. https://doi.org/10.3102/0034654319862493
[17] Feinberg, W., & Torres, C. A. (2001). Democracy and education: John Dewey and Paulo Freire. Education and Society, 59.
[18] Cabezudo, A. & Haavelsrud (2007). Rethinking peace education. Handbook of peace and conflict studies (pp. 279-296). Routledge.
[19] UNHCR. (2015a. July 31). Curriculum Choices in Refugee Settings. https://reliefweb.int/report/world/education-issue-brief-3-curriculum-choices-refugee-settings
[20] OECD. (2018). The Resilience of Students with an Immigrant Background: Factors that Shape Well-being. OECD Publishing.
[21] WES Canada. (2012). Best practices: Strategies and processes to obtain authentic international educational credentials. Toronto: World Education Services.
[22] United Nations. (2024, August 21). Higher education: Cultural and academic challenges for the refugees and internally displaced personnel in the case of Kurdistan Region-Iraq. United Nations Academic Impact.
[23] Kurdistan Save the Children. (2025, February 4). Slemani: KSC hosts webinar on rebuilding education for Iraqi children amid crisis. KSC – Press Release. https://www.ksc-kcf.org/publication/18/1272