ئاڕاستەکانی کێبڕکێو هاوکاریی ئیسرائیل–تورکیا لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سوریادا
سهرچاوه: مركز الاهرام للدراسات السياسية والاستراتيجية
نوسینی: مهاب عادل | وەرگێڕانی : د.جەلیل عومەر عەلی
بەستەری توێژینەوەکە: https://ecss.com.eg/52426/
پەیوەندییەکانی تورکیا-ئیسرائیل هەر لە ساتەوەختی دانپێدانانیەوە لەلایەن تورکیاوە ساڵی (١٩٤٩) وەک یەکەم دەوڵەتی زۆرینە مسوڵمان لە هەڵکشانو داکشاندا بووە، لە نێوان هاوپەیمانیی بەرژەوەندیخوازو دابەشبوونی ئایدیۆلۆژیدا. ئەمەیش بە ڕوونی لەم ساڵانەی دواییدا بەدەرکەوت، کاتێک بەردەوام لە کارلێکدا بوون. دواتریشیان ئەو ناکۆکییانە بوون، کە ڕویاندا پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ئەو ناکۆکییەی زۆرێک پێیانوابووە لە چوارچێوەی دابەشبوونی ئایدیۆلۆژیدا ڕویانداوە، بەڵام لەگەڵ ئەو وەرچەرخانە گەورەییەی لە جوگرافیای سیاسەتی هەرێمیی پەیوەست بە ڕوخانی ڕژێمی فەرمانڕەوا بە سەرۆکایەتیی سوریا (بەشار ئەسەد) ڕویاندا، بووە هۆی گۆڕانکاری لە نەخشەی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی هەریەک لە تەلئەڤیڤو ئەنقەرە. جارێکی تر ئەگەری ئەو گفتوگۆیەی نێوان هەردوو لای لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هێنایەئاراوە، ئەمەیش ئەو پرسیارە دەوروژێننێت، کە ئایا ڕووکارو شێوازی ئەو گۆڕانکارییانە بە دیاریکراوی چین، کە لە نێوانیاندا ڕودەدەن؟ هەروەها دەرفەتو پاڵنەرەکانی هاوکاریو کێبڕکێی نێوان هەردوو پڕۆژەی هەرێمیی هەریەکیان چۆنە؟ ئەمەیش دەمانبات بەرەو وێناکردنی شێوەی ئەو سیناریۆیانەی کە ئەگەری ڕودانیان لە قۆناغەکانی ئایندەدا هەیە، لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتی ڕوداوەکانی سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیو هەرێمی.
یەکەم: سنوورو سیاقی پەیوەندیی نێوان هەردوولا
تورکیاو ئیسرائیل مێژوویەک لە پەیوەندیی درێژو ئاڵۆز بە یەکیانەوە دەبەستێتەوە، کە ڕەنگدانەوەی هەبووە لە شکڵگرتنی پەیوەندییەکانیان لە نێوان ناکۆکیی ئایدیۆلۆژیو نەهجێک لە بەرژەوەندیخوازی کە ئەنقەرە بە مەبەست ئەم ڕێچکەیەی گرتووەتەبەر هەر لە دانپێدانانیەوە بە ئیسرائیل تا ئێستا، لە کاتێکدا خۆی وەک هاوپەیمانێکی گرنگی تەلئەڤیڤ پیشاندەدا لەو گۆشەگیرییەی کە ڕووبەڕوویبووبووەوە لە چواردەورە عەرەبییەکەیەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە قۆناغی جەنگی سارددا ڕوویکردە هاوسەنگییەکی ورد لە پەیوەندییەکانیدا لە نێوان دەوڵەتە عەرەبییەکانو ئیسرائیلدا، هەروەک چۆن دانینا بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا لە ساڵی (١٩٨٨)دا لەگەڵ ئەو ناکۆکییە زۆرەی ئیسرائیل لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا هەیبوو، بەڵام سەردانو هاوکاریکردنی یەکتری لە سەرەتای نەوەدەکان ئەوەی دەرخست، کە پەیوەندییەکانیان ململانێی عەرەب-ئیسرائیلی تێپەڕاند. بە شێوەیەک لەم ماوەیەدا پەیوەندییەکی دیبلۆماسیی قووڵی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردو چەندین ڕێککەوتننامەی گرنگی لە ساڵی (١٩٩٦) لێکەوتەوە. لە گرنگترینیان ڕێککەوتننامەی هاوکاریی بەرگریو بازرگانیی ئازاد بوون، ئەمەیش مۆرکێک لە فەرمیبوونی دا بە هاوکاری لە بواری سەربازیو دیبلۆماسیو ئابووریو هەواڵگری. لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا بازدانی گەورەی بەخۆیەوەبینی، بە شێوەیەک قەبارەی بازرگانیی دوولایەنە ملیارێک دۆلاری تێپەڕاند هەتا ساڵی (٢٠٠٠)، لە کاتێکدا لە ساڵی (١٩٩٤) تەنها بڕی (٣٠٤) ملیۆن دۆلار بووە، ئێستا کۆیگشتیی قەبارەی بازرگانیو گەشتیاریی دوولایەنە بە بڕی (٩،٥) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
لە کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی بیستویەکەمدا، ناکۆکییەکانی تورکیاو ئیسرائیل دەستیکرد بە هەڵکشان، کاتێک پڕۆسەی ئاشتیی ئیسرائیلو فەڵەستین شکستیهێناو ڕاپەڕینی دووەم دەستیپێکردو بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانیان، بە تایبەت پاش ئەوەی پارتی دادو گەشەپێدان بە سەرکردایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەسەڵاتی گرتەدەستو هەڵوێستەکانی بەرانبەر ئیسرائیل توندتر بوون لە ژێر سێبەری فاکتەری ئایدیۆلۆژیی پەیوەست بە پرسی فەڵەستینەوە، وەک بەشێک لە گوتاری تورکی، ئەمەیش بووە هۆی زیادبوونی ڕەخنەکانیان لە ئیسرائیل. سەرکۆنەکردنەکانی ساڵانی (٢٠٠٨)و (٢٠٠٩)ی تورکیا بۆ ململانێی ئیسرائیل-فەڵەستینی وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ناکۆکییەکان دەستنیشاندەکرێت، پاشانیش قەیرانی کۆنگرەی داڤۆس لە ساڵی (٢٠٠٩)و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتیی مەرمەڕەی تورکیا لە چوارچێوەی کەشتیگەلی پشتیوانیی غەززە لە ساڵی (٢٠١٠)، کە بووە هۆی کوشتنی (٩) هاوڵاتیی تورکی. ئەم ڕوداوە پەلیکێشا بۆ قەیرانی کەمکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی تورکیا بۆ ئاستی سکرتێری دووەمو هەڵپەساردنی ڕێککەوتننامە سەربازییەکان.لەم چوارچێوەیەدا هەوڵەکانی ڕێککەوتن بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لە ساڵی (٢٠١٦) شکستیانهێنا، لە هەمان کاتدا دانپێدانانی سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد ترامپ) بە قودسدا وەک پایتەختی ئیسرائیل لە دیسەمبەری (٢٠١٧)دا، بووە هۆی لێکەوتەی زیاتری دیبلۆماسی.سەرەڕای هەموو ئەمانەیش ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە توشی ئەنقەرە بووبووەوە لە ساڵی (٢٠٢٢)، هەوڵەکانی بۆ سفرکردنەوەی گرفتەکان لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ لە ڕێگەی نزیکبوونەوە لە دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو باکووری ئەفریقا، ئەمە سەرەڕای بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تەلئەڤیڤ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، بوونە هۆی جارێکی تر گێڕانەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان تورکیاو ئیسرائیل بە تەواوەتیو گێڕانەوەی باڵیۆزەکانیان.بە ماوەیەکی کەم پێش ڕوداوەکانی (٧)ی ئۆکتۆبەر بە دیاریکراوی لە (٢٠)ی سێپتەمبەری (٢٠٢٣) لە کاتی بەستنی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەرۆککۆماری تورکیا؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەوڵی بەهێزکردنو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرەو تەلئەڤیڤی دا، بە پێشوازیکردن لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ بنیامین ناتانیاهۆ، لە “ماڵی تورکی” لە نیۆرکو گفتوگۆیان لە سەر بەهێزکردنی هاوکاریی بوارەکانی وزەو تەکنەلۆژیاو زیرەکیی دەستکردو ئاسایشی سیبرانی کرد.
لێرەدا دەکرێت ئاماژەبدەین بەوەی سەرەڕای ناجێگیریی پەیوەندییەکانی هەردوولا لە ماوەی نێوان دوو دەیەی ڕابردوودا، بەڵام چەندین هۆکارو گۆڕاو هەن، کە کاریگەری لە سەر کارلێکی پەیوەندییەکانی هەردوولا بەجێدەهێڵێت، لە دیارترینیان:
گۆڕاوە ناوخۆییو سیاسییەکانی تورکیا
ئەو گۆڕانانەی لە ناوخۆی تورکیا ڕودەدەن، ئاڕاستەکەری ڕەفتاری دەرەکیی تورکیان بەرانبەر تەلئەڤیڤ، ئەمەیش بە تەواوی لەگەڵ گرتنەدەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێدانی خاوەن پاشخانی ئایینی بە سەرکردایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەرکەوت، کە بۆ کۆکردنەوەو خرۆشاندنی دەنگدەرەکانی پرسی فەڵەستینی لە وتارەکانیدا بە بەهێزی دەخاتەڕوو، سەرەڕای ئەوەی لە بازنە ئیسلامییەکەیدا لە لایەکەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان وێنەی حکومەتێکی بەرگریکار لە فەڵەستین دژی نەیارەکانی بە بەهێزی بەکاردەهێنێت، لە لایەکی ترەوە چاودێران وایدەبینن وێناکردنی سەرۆکی تورکیا بۆئەوەی کە ئیسرائیل هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی لە چوارچێوەی دینامیکیەتی پێشوەچوونەکانی هێز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ناویشیاندا ئەو مەترسییانەی لە ئێرانەوە سەرچاوەدەگرن، لەگەڵ بوونی کورد لە سوریا، بە یەکێک لە ئامرازەکان دادەنرێت، کە پەنای بۆ دەبات لە گەمە سیاسییەکانیدا بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنج لە سەر ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان. لە لای سێیەمیشەوە بەشداردەبێت لە بەهێزکردنی شەرعیەتی خۆی (سەرۆکی تورکیا) وەک ڕابەری ئوممەتو کۆمەڵگەی ئیسلامیی نێودەوڵەتی، لە چوارچێوەی گێڕانەوە دینیو مێژووییەکان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانییە ناوخۆییو هەرێمییەکان، لە پێناوی گەیشتنی پلە بە پلەی خەونی زیندووکردنەوەی ئەوەی پێیدەوترێت “عوسمانیەتی نوێ”.
لەم چوارچێوەیەدا دەکرێت ئاماژە بە هەندێک ڕێوشوێنی تر بدەین، کە ئەنقەرە گرتوویەتیەبەر بەرانبەر تەلئەڤیڤ، ناگونجێت لەگەڵ ئەوەی لە پێشەوە باسمانکردن، بۆ نموونە دۆڕانەکان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە (٣١)ی ئاداری (٢٠٢٤) وەک شکستێکی گەورە وابوون بۆ پێگەی جەماوەریی سەرۆکی تورکیا.
ئەمە سەرەڕای ئەو شکستەی بەرانبەر پارتی گەلی کۆماری لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵو ئەنقەرە توشیهاتن، هەروەها لەدەستدانی چەندین شوێن لە دەوروبەریدا لە بەرژەوەندیی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی، ئەمەیش ئەوە بوو، کە هەندێک ڕاڤەیان وادەکرد، کە هەندێک لە پشتیوانانی سەرۆکی تورکیا ڕوویان لە پارتە سیاسییە ئیسلامییەکانی تر کردووە، وەک پارتی ڕەفای نوێ، بە هۆی ئامادەبوونی ئەردۆغان لە بەردەوامیدانی بە پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا، پێش ئەوەی لە مانگی چواری (٢٠٢٤) تاکلایەنە کۆتبخاتەسەر بازرگانیو پاشان بە تەواوەتی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا لە مانگی پێنجی (٢٠٢٤) ببڕێت، بە ئامانجی نەهێشتنی ئەو ئامرازە بە دەست کێبڕکێکارەکانی لە پارتە ئیسلامییەکان، هەر بۆیە بڕیارەکانی تەنها پەیوەست نەبوون بە لایەنی ئایدیۆلۆژییەوە لە پشتیوانیکردنی فەڵەستینییەکان، بەڵکو ئاڕاستەکراو بوون بەرەو سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا.هەروەها لە سەر ئاستی هەڵکشانی ئەو گوتارەی سەرۆکی تورکیا؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دژی تەلئەڤیڤ گرتیەبەر پاش هەڕەشەکانی لە (٢٨)ی مایۆی (٢٠٢٤) لە مامەڵەکردنی تورکیا لە ناوچەی “ناگۆرنۆگەرەباخو لیبیا”دا، بانگەشەکردنی ئەوەی کە ئیسرائیل دوودڵ نابێت لە کردنەوەی بەرەیەکی نوێ دژی تورکیا پاش غەززەو لوبنانو پیشاندانی ئەوەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ ئیسرائیلدا پەیوەندیی هەیە، ئەمەیش ڕەنگدانەوەی هەبووە بە سەر مەشهەدی سیاسەتی ناوخۆیی تورکیاوە، کاتێک لە خۆپیشاندانەکانی دیاربەکر، کە بۆ پشتیوانی لە فەڵەستین ڕێکخرا بوون، دروشمی هاوتاکردن لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستانو ئیسرائیلدا بەرزکرابووەوە.
چوارچێوەی بەرژەوەندیو ئایدیۆلۆژی
لە چوارچێوەی تێچوونە سیاسیو ئابوورییەکان، کە پێویستە سەرۆکی تورکیا بیدات، بە تایبەت لە بارودۆخی ئابووریی خراپدا لە ناوخۆیدا، ڕژێمی تورکیا سووربوو لە سەر پارێزگاریکردن لە پەیوەندیی بازرگانیو بەرژەوەندیی ئابووریی ڕاستەوخۆ لە جیاتیی پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا، ئەردۆغان سیاسەتێکی پێچەوانەی گرتەبەر، کە پێکهاتبوو لە پارێزگاریکردن لە پەیوەندییەکان لە سەر ئاستی باڵیۆز لەگەڵ ئیسرائیلدا، لە هەمان کاتدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ بزوتنەوەی حەماسداو ڕێگەدان بە میوانداریکردنی ئەندامەکانی لە تورکیادا.
لەگەڵ هەڵگیرسانی ڕوداوەکانی (٧)ی ئۆکتۆبەردا، هەستان بە گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێن دژی ئیسرائیل، وەک هەڵپەساردنی سەرجەم گەشتە ڕاستەوخۆکانی هێڵی ئاسمانیی تورکی بۆ ئیسرائیل لە (١٠)ی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣)، بەڵام بە پێی هەندێک ڕاپۆرت پارێزگاری لە پەیوەندییە بازرگانییە درێژخایەنەکانی لەگەڵ تەلئەڤیڤدا کردووە لە کەرتەکانی وزەو ڕستنو چنینو تەکنەلۆژیادا، لە ناویشیاندا ئەو مادانەی لە کەرەستەی سەربازیی ئیسرائیلدا بەکاردەهێنرێن، هەروەک چۆن پارێزگاری لە گواستنەوەی نەوتی ئازەربیجان بۆ ئیسرائیل کرد، کە بە خاکەکەیدا تێدەپەڕێت. لەگەڵ ئەوەیشدا بە ناچاری لە (٩)ی نیسانی (٢٠٢٤) بڕیاری قەدەغەکردنی بازرگانی بە سەر (٥٤) بەرهەمهێنراوی ستراتیژیدا سەپاند لە ناویاندا چیمەنتۆو ئاسن، پاشان پەلیکێشا بۆ وەستاندنی سەرجەم بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بە تەواوەتی لە (٢)ی مایۆی (٢٠٢٤)، بەڵام بە پێی بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانیی “مەتین جیهان”و ئەوانی تر، ئەم بڕیارانە وەک خۆی جێبەجێنەکراوە، کاتێک دەریانخستووە بازرگانیی نێوان ئیسرائیلو تورکیا بە تەواوی ڕانەگیراوەو ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە زاواکەی ئەردۆغان تێوەگلاوە لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئیسرائیلدا پاش (٧)ی ئۆکتۆبەر.لەم چوارچێوەیەدا چەندین ڕاپۆرت ئاماژەیان بە بەردەوامیی گەیشتنی شمەکی تورکی بۆ ئیسرائیل کردووە، بە بیانووی ئەوەی کە بۆ فەڵەستین نێردراون، لە ڕێگەی دۆزینەوەی جیاواز بۆ بەڕێکردنی کارەکان لە بەندەرە مامناوەندو جیاوازەکانەوە، لەم هەنگاوەیشدا کۆمپانیا فەڵەستینییەکانی کەرتی خۆرئاوا وەک “هاوردەکاری فەرمیی شمەکەکان کاریانکردووە، بە شێوەیەک ئەم کۆمپانیایانە بڕێک پارە وەردەگرن لە بریی ئەو کارەیان، پاشان شمەکەکان دەگوازرێنەوە بۆ کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان، کە بە ڕاستی لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکاندا هاوبەشی بازرگانین. بە پێی ژمارەکانی کۆمەڵەی هەناردەکردنی تورکی ڕێژەی هەناردەکردن بۆ فەڵەستین بە ڕێژەی زۆر زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی پێشوو.بەم شێوەیەیش جوڵە جیوپۆلیتیکییەکان بە شێوەیەک بەڕێوەدەبرێن، کە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی کەمبکاتەوە، هاوشان لەگەڵ مەنهەجی بەرژەوەندیخوازیی ڕژێمی تورکی کە خۆی لە پارێزگاریکردن لە سەر هەڵوێستی پشتیوانیی فەڵەستینییەکان دەبینێتەوە بە مەبەستی ڕازیکردنی بنەما سیاسییەکانی لەگەڵ ڕێگریکردن لە هەر هەڵکشانێک دژی حکومەت. ئەم ڕێچکەیەیش وەک شێوازێکی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان لە نێوان هەردوولادا جێگیربووە، لەگەڵ ئەو ناکۆکییانەی هەندێک جار لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕودەدەن، بەڵام پەیوەندییە ئابوورییەکانیان بە پێچەوانەوە گەشەیکردووە. سەرەڕای ڕاگەیاندنەکانی سەرۆکی تورکیا بە هەڵپەساردنی “پەیوەندییە سەربازیو ئابوورییەکان” لەگەڵ ئیسرائیلدا پاش هەر قەیرانێک، کەچی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا لە ماوەی نێوان ئەم دوو دەیەی ڕابردوودا گەشەیکردووە. تەرازووی بازرگانیی بەردەوام لە بەرژەوەندیی تورکیادا بووە.
لێرەوە دەکرێت بڵێین: گوتاری سیاسیی سەرکردەکانی هەردوولا هەندێک جار ئامانجیان بینینی ڕۆڵی دەسکەوتی ناوخۆییە، کە فراوانبوونی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان وەک پێشینە سەیردەکرێت. ئەمەیش داینامیکیەتی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیلو تورکیایە، کە گرنگیی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دەخاتەپێش هۆکارە سیاسییەکانەوە.
ناوەندیەتیی تەلئەڤیڤ لە ستراتیژیەتی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا
لەبەر ڕۆشنایی زیادبوونی پەیپێبردنی سەرکردایەتیی تورکیا بە ناوەندێتیی تەلئەڤیڤ لە ستراتیژیەتی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولای داوە لە ساڵانی ڕابردوودا، لە سێبەری پێویستیی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەکانی ئەمریکادا.
لەگەڵ هاتنەسەرکاری ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی “دۆناڵد ترامپ” وەک یەکەمین سەرۆک، کە (٥) پێنج سزای جیاوازی بە سەر حکومەتی تورکیادا سەپاندووەو پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ تەلئەڤیڤدا هەیە، بە تایبەت لەبەر ڕۆشنایی دامەزراندنی کارمەندە نوێیەکانی ئیدارەکەیدا، کە زۆربەیان ناسراون بە پشتیوانیکەرێکی بەهێزی ئیسرائیل، لەبەرئەوە پێشبینیی ئەوە دەکرێت ئەنقەرە ناکۆکییەکانی لەگەڵ تەلئەڤیڤ کەمبکاتەوە، وەک ڕێگەیەک بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ واشنتۆندا بە هۆی نزیکبوونەوەی لە ڕوسیاو کڕینی سیستەمی (S400)، کە ئەمەیش بووە هۆی سەپاندنی سزای ئەمریکی بە سەریداو بێبەشکردنی لە دەستکەوتنی فڕۆکەی (F35)، سەرەڕای بێبەشکردنی لە کڕینی هەر تەکنەلۆژیایەکی سەربازیی ئەمریکی لە ناویشیاندا فڕۆکەی (F16)، لەگەڵ ئەوەی ئەم پرسە لە یەنایەری (٢٠٢٤) چارەسەرکرا بەرانبەر ڕەزامەندیی ئەنقەرە بۆ بوون بە ئەندامیەتیی “سویدو فینلەندا” لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی.
ئەم هەنگاوەیش لەوانەیە ببێتە هۆی بەرەوپێشچوونو نزیکبوونەوەی لەگەڵ ئەمریکا وەک عومەر چیلیک؛ وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان ئاماژەیپێدا، بەوەی حکومەتی تورکیا کار لە سەر داڕشتنی نەخشەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییە نوێیەکاندا دەکات. بە تایبەت دوای ئەوەی ئەو کەسانەی بۆ پۆستە سەرەکییەکانی حکومەتی ئەمریکی پاڵیوراون، سەرۆکی تورکی وەک کەسانی ناکۆکیی خۆی سەیریدەکردن. بۆ نموونە “تلوسی گابارد”ی بەڕێوەبەری نوێی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکی یەکێکە لەو کەسانەی ڕەخنەی توندی لە تورکیای ئەردۆغان هەیە، لە ڕاگەیانراوێکیدا پێش وەرگرتنی پۆستەکەی، گابارد تورکیای تۆمەتبارکرد بە “پشتیوانیی جیهادییەکان”و ئەردۆغانی بە “ترسناکترین پیاوی دیکتاتۆری جیهان” ناوبردووە، جەختی لەوە کردبووەوە، کە سەرۆکی تورکیا وەک دۆست نابینێت. هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ “مارکۆ ڕۆبیۆ”، لە چەندین بۆنەی جیاوازی پێشوودا ڕەخنەی لە ئەردۆغان گرتبوو لە سیاسەتەکانیدا بەرانبەر بە کورد لە باکووری سوریاو تۆماری خراپیی تورکیا لە بواری ڕادەربڕینو مافی مرۆڤدا.
ڕۆڵی تورکیا بەرانبەر ڕۆڵی ئێران
ئەو گۆڕانانەی لە ناوخۆی سوریا پاش ڕوخانی ڕژێمی فەرمانڕەوای سەرۆکی سوریا (بەشار ئەسەد) ڕویاندا، ئەگەری پشتبەستنی ئەمریکا بە ڕۆڵی تورکیا وەک شوێنگرەوەیەکی سوننی بۆ ڕۆڵی ئێرانی لە پێناوی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەجێیهێشتووە لە سوریا، کە پەیوەندییەکی بەهێزی بە ڕێکخستنە چەکدارییەکانەوە هەیەو دەبێتە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی واشنتۆنو تەلئەڤیڤ، بە تایبەت لەبەر ڕۆشنایی پراگماتیکیەتی لایەنی تورکیو پێویستیی بەرژەوەندیخوازانەی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە پێناوی ڕێکخستنی جوڵەیەکی تایبەت بە پرسی کوردەوە.لەم چوارچێوەیەدا سەیری گۆڕانکاریی نەخشەی گۆڕەپانی سوریا دەکرێت لە بەرژەوەندیی ئەنقەرەو تەلئەڤیڤ. بەو پێیەی دەروازەیەکە دەکرێت لە ڕێگەیەوە تەنسیقێکی پێویست بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی ڕویانداوە، لە نێوانیادا ڕێکبخرێتو درێژەبکێشێت بۆ تەنسیق لە ڕۆڵیاندا لە ناوچەکانی تردا. لە دیارترینیان ئاسیای ناوەڕاستو قەوقاز، بە تایبەت ململانێی نێوان ئەرمینیاو ئازەربیجان. بە شێوەیەک تەلئەڤیڤ هەوڵدەدات تەنسیقێکی تەکتیکی لەگەڵ ئەنقەرە بکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەژموونی ئێرانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سیانیی (ئیسرائیلی-تورکی-ئازەربیجانی)، ئەمەیش لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی تورکیا بۆ ویستە جیۆسیاسییەکانی ئەنقەرە لە ناوچەکەدا لە چوارچێوەی دنیابینیی “عوسمانیەتی نوێدا” بە کردنەوەی ڕێڕەوی “زانغیزور”، کە تەنها ئازەربیجان بە “ناخیتشیڤان” لە ڕێگەی خاکی ئەرمینیاوە نابەستێتەوە، بەڵکو ڕێگەیەکی نوێ دەکاتەوە بۆ تورکیا هەتا بەرەو دەوڵەتەکانی ئاسیای ناوەڕاست فراوانخوازیبکاتو بگاتە ئەو ناوچانەی بە تورکی دەدوێنو بە سەرچاوەی سروشتی دەوڵەمەندن. ئەمەیش لەوانەیە هاوکاریی تەلئەڤیڤ لە هاوتاکردنی بوونی تورکیا لە سوریاو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بە دوور لە بواری ژیاریی ئیسرائیل لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
نزیکیی تێگەیشتنی هاوبەش بۆ هەڕەشەکان
بوونی هەڕەشەو دوژمنی دەرەکی بۆ هەریەکێک لە تەلئەڤیڤو ئەنقەرە ڕۆڵی هەبووە لە نەبوونی ململانێیەکی جیۆستراتیژیی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوولادا، ئەمەیش یەکێکە لە پاڵنەرەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ساڵانی ڕابردوودا. لە پاش جەنگی سارد دژایەتیی هەردوولا بۆ ڕژێمی پێشووی سوریا لە یەکتری نزیککردبوونەوە. هەروەها هەڕەشەکانی ئێرانو بەهێزکردنی هەژموونی لە ناوچەکە، هاوکارییەکی ناڕاستەوخۆی هەردوولای هێنابووەئاراوە، تەنانەت لە کاتی بوونی ناکۆکی لە نێوانیاندا. ئەمەیش ئەوە پیشاندەدات، کە بۆچی تورکیا بێلایەنی هەڵبژارد بەرانبەر بە ئامانجگرتنی پێگە ئێرانییەکانو حیزبوڵڵادا.
لە ناوەڕاستی ساڵی (٢٠٢٤)، وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ هاکان فیدان، هیوایخواست، کە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی ئێرانو حیزبوڵڵا، ببێتە هۆی دروستبوونی فەراغی دەسەڵات لە سوریا، کە ئەمەیش بە ناڕاستەوخۆ بە قازانجی بەرژەوەندییە هەرێمییەکانی تورکیا دەشکێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا هەندێک ڕاپۆرت بڵاوبوونەتەوە، کە باس لە تەنسیقێکی تورکی-ئیسرائیلی دەکەن لە ژێر چاودێریی ئەمریکادا بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی سوریا، بە تایبەت لەبەر ڕۆشنایی ڕاڤەکردنەکانی ئیسرائیل، کە ڕێگەخۆشکەر بوون پێش ڕوداوەکانی ڕوخانی سەرۆکی پێشووی سوریا؛ بەشار ئەسەد، بەو پێیەی ڕێگەیدابوو بە بەهێزبوونی وجوودی هێزی سەربازیی ئێرانیو فراوانبوونی لە سوریا.
دووەم: سنووری کێبڕکێو هاوکاریی نێوان هەردوولا
ڕوخانی ڕژێمی سوریا بە خاڵێکی وەرچەرخانی یەکلاییکەرەوە لە جوگرافیای سیاسیی هەرێمی دادەنرێت، دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی سەرەکیی پەیوەندیی نێوان تورکیاو ئیسرائیل، بە تایبەت لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێزی هەرێمی لە نێوانیاندا، کە لەوانەیە ئاڵنگاریو هەڵسەنگاندنی نوێ لە پەیوەندییەکانیاندا بهێنێتەئاراوە، لێرەدا دەرفەتەکانی هاوکاریی نێوانیان لەگەڵ پاڵنەری ململانێو ناکۆکییان دەخەینەڕوو.
ا. دەرفەتو پاڵنەرەکانی هاوکاریی نێوانیان
١. هەماهەنگیی ڕۆڵیان لە گۆڕەپانی سوریادا
لەبەر ڕۆشنایی ئەو دڵنیاییانەی ئەنقەرە هەوڵدەدات بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو تەلئەڤیڤی پیشانبدات سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارییەکان، کە هەندێکیان سەر بە تورکیان، وەک “سوپای نیشتیمانیی سوری”، کە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردی لە “تەلڕەفعەت”ی باکووری حەلەب دەرکرد لە بەرەوپێشچوونەکاندا، بەرپرسە سەربازییەکانی تورک کۆنترۆڵکردنی شاری “مەنبج”، کە پێشتر کورد کۆنترۆڵیکردبوون، ڕاگەیاند، ئەمە سەرەڕای ڕێکخستنەکانی تر، لە ناویشیاندا “هەیئەی تەحریری شام”، کە پەیوەندییەکی بەهێز بە تورکیاوەی دەبەستێت. ئەم دڵنیاییپێدانەیش ڕەنگدانەوەی هەبووە لە سەر وتاری سەرکردە سەربازییەکان، کە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتیان لە سوریا گرتووەتەدەست، بۆ نموونە ئەحمەد شەرع (ئەبومحەمەد جۆلانی) سەرکردەی هەیئەی تەحریری شام سەبارەت بە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل ڕوونکردنەوەیداو وتی: “ململانێمان لەگەڵ ئیسرائیلو دەوڵەتانی تر ناوێتو سوریا بۆ بەئامانجگرتنی دەوڵەتانی تر بەکارناهێنرێت. سورییەکان ماندووبوونو جگە لە بە ئاشتی ژیان، هیچی تریان ناوێت”.
ئەم هەنگاوەیش هاوکات بوو لەگەڵ داوای تورکیا لە ئیسرائیل، کە ڕازیببێت بە پێدانی زانیاریی پێشوەختە لە هێرشەکانیدا بۆ سەر سوریا، ئەمەیش کاریگەریی دەبێت لە سەر گۆڕانکاری لە سەر هاوسەنگیی هێزی نوێی هەرێمیو هەنگاوێکی گەورەیە لە زنجیرەی پەیکەربەندیی هەرێمی، لە ڕووی گۆڕینی ڕۆڵی ڕوسیا بە تورکیاو فراوانبوونی وجوودی سەربازیی تورکی لە سوریا، ئەمەیش ئەو حاڵەتەیە، کە لە ناوخۆی ئیسرائیلدا وەک ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنی لە هەڵوێستی تورکیا دەبێنرێت، وەک دەستپێشخەری نیەتباشی بۆ دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتن لەگەڵ تەلئەڤیڤو لە پشتیشەوە ئیدارەی نوێی ئەمریکا، لە قازانجی ئیسرائیلە بچێتە دانوستان لەگەڵ تورکەکاندا بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکانی تا ڕوداوی نەخوزراو ڕونەدات.
ئەم داواکارییەیش پاش ئەوە هات، کاتێک ئیسرائیل پڕۆسەیەکی هێرشکردنی توندی کردەسەر پێگە سەربازییەکانی سوپای سوریاو بە نزیکەی (٨٠٪) تواناکانی لەناوبرد، بەڵام لە لایەکی ترەوە هەندێک لە شارەزایانی ئیسرائیلی ئەم داوایەی تورکیایان والێکدایەوە، کە سەپاندنی بارودۆخی نوێیە بۆ نەخشەی هەژموونی تورکیا لە سوریا، چاودێرە ئیسرائیلییەکان بۆ ئەوە چوون، کە “سوریا بووە بە ویلایەتێکی شوێنکەوتەی دەوڵەتی عوسمانی”. جۆلانییش بە “فەرمانڕەوای تورکیای عوسمانیی نوێ لە سوریا” هەژماردەکرێت.
٢. فشارخستنەسەر بزوتنەوەی حەماس
تەلئەڤیڤ لەوانەیە وا سەیری هەماهەنگیی نێوانیان بکات لە سوریا، بەوەی ئەم هەماهەنگییە لە بەرژەوەندیی هەردوو لایاندایە لە هەندێک پرسی تردا، بە شێوەیەک ئەنقەرە پەستانی زیاتر بخاتەسەر سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس لە پێناوی نواندنی نەرمیی زیاتر لە هەوڵی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوانیان، بە تایبەت کاتێک ئەنقەرە بزانێت، کە پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە بۆ کەمکردنەوەی پەستانە ناوخۆییەکانی، لەبەر ڕۆشنایی ڕووکردنە تەلئەڤیڤ بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانیان لە چوارچێوەی نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکادا. بە شێوەیەک لە بەرانبەر ئەوەدا، تەلئەڤیڤ لە سەر داوای ئەنقەرە دەستوەردان لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکات بۆ هەماهەنگی لە بابەتی پرسی کوردیداو لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی تورکیا، پەکخستنی هەر هەوڵێک بۆ حوکمیزاتیی کورد لە سنوورەکانی تورکیادا. ئەمە سەرەڕای ئەوەی تورکیا ڕۆڵبگێڕیت لە پڕۆسەی بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە، کە لەوانەیە چەندین ساڵی دوورودرێژ بخایەنێت.
٣. سوودی ڕۆڵی تورکیا لە ستراتیژیەتی ئەمریکا لە ناوچەکە
لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ڕۆڵی هەرێمیی تورکیا لەم دەیەی کۆتاییدا؛ لە ڕووی بەهێزبوونی وجوودی لە زۆرێک لە مەلەفە هەرێمییەکان لە لیبیاوە بۆ سوریا، سەرەڕای جوڵەکانی لە قارەی ئەفریقاو دەریای سوور، هەژموونی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەرەڕای هەوڵەکانی سفرکردنی کێشەکان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە لە ماوەی پێشوودا، بوونەتە هۆی سەپاندنی وجوودی وەک ژمارەیەکی گرنگ لە هاوکێشە هەرێمییە نوێیەکاندا، کە لەوانەیە ئیدارەی نوێی ئەمریکا کاریان لە سەر بکات لە پێشهاتە هەنووکەییەکاندا. لێرەوە لەوانەیە واشنتۆن سەیری سوودەکانی ڕۆڵی ئەنقەرە بکات لە هەماهەنگیی ڕۆڵیدا لەگەڵ تەلئەڤیڤ، لە بەرانبەردا هەندێک بەرژەوەندیی “سیاسیو ئابووری” بدات بە تورکیا، کە پێویستێتی بۆ بەهێزکردنی پایەکانی فەرمانڕەوایی لە ناوخۆدا.
ب. پاڵنەرەکانی ململانێو کێبڕکێ
١. دژیەکیی تێگەیشتنیان بۆ ئایندەی سوریا
تورکیا مەبەستیەتی سوریا وەک دەوڵەتێکی یەکپارچە بمێنێتەوەو ڕژێمێکی فەرمانڕەوای هەبێت، کە پەیوەندییەکی بەهێز بە ئەنقەرەی ببەستێتەوە، ئەمەیش بە هۆی چەند هۆکارێکەوە، لە گرنگترینیان دوورکەوتنەوە لە سیناریۆی پارچەبوونی سوریاو کێبڕکێی دەسەڵاتە ناوچەییەکان لە سەر بەدەستخستنی حوکمیزاتی لە سوریا، وەک ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردی پەیوەست بە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا داوایدەکات. لایەنێکی تری پەیوەستە بە دوورکەوتنەوە لە شەپۆلی کۆچی ئاوارەی نوێ بە هۆی ناسەقامگیرییەوە بۆ تورکیا، هەروەک چۆن دەکرێت ماوەی ڕاگوزەرێکی جێگیر ڕێگە بە تورکیا بدات هاوکاریی ئابووری پێشکەش بە سوریا بکات، لە پێناوی ڕێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.لە بەرانبەردا ئیسرائیل سوریایەکی یەکپارچەی ناوێت، قسەکردن لە سەر چەمکی “دەوڵەتی نەتەوەیی” بە “دەوڵەتی پێکهاتەکان” لەگەڵ دڵنیابوون لە پاراستنی ناوچە جیاکەرەوەکانی بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی دژی هەیئەی تەحریری شامو لایەنە باڵادەستەکانی تر. ئەمەیش ئەوەیە، کە ئەنقەرە دژیەتی، جا چ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بێت لە ژێر هەژموونی پارتی کرێکارانی کوردستان، یاخود ئەگەر ئەم دابەشبوونەیش نەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، بەڵام دەبێتە بەربەست لە بەردەم سەرکەوتنەکانی تورکیا لە سوریا، هەر بۆیە ئەنقەرە هەوڵی کۆنترۆڵی سوریایەکی یەکگرتوو لەلایەن هەیئەی تەحریری شامو زەمانکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دەدات. ئەمەیش لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان ئەگەر هەیئەی تەحریری شام تەحەدای هەژموونی نوێی ئیسرائیل بکات لە سوریا لە ڕێگەی داگیرکردنی خاکی زیاتر، ئەگەر هەوڵی لاوازکردنی بدات، بە تایبەت لەبەر ڕۆشنایی ئەو واقیعە نوێیەی هاتووەتەکایەوە، کە وای لە هەردوو دەوڵەت کردووە ببنە دراوسێ، لەگەڵ چالاکیی کردەوە هەواڵگریو سەربازیو مەدەنییەکانی تورکیا لەو ناوچانەی هەیئەی تەحریری شام کۆنترۆڵیکردوون، بوونی تورکیا لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل لەوانەیە ببێتە هۆی دەرکەوتنی خاڵی ناکۆکیی نوێ.ئەمەیش لە ڕۆژانی دواتردا ڕەنگیدایەوە، کاتێک تورکیا بە توندی سەرکۆنەی جوڵەکانی ئیسرائیلی لە ناوچە دابڕاوەکان کرد، ئەردۆغان ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بە “دەرخستنی هزری داگیرکاری”، ئیسرائیلیش تورکیای تۆمەتبارکرد بە “کۆتا دەوڵەتە، کە بتوانێت باس لە داگیرکاری لە سوریا بکات”. ئەم تۆمەتبارکردنانەیش زیادیانکرد، کاتێک سەرۆکی تورکیا لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێک بەرانبەر کوتلەی پەرلەمانی سەر بە حیزبی دەسەڵاتداری دادو گەشەپێدان لە (١٤)ی کانوونی (٢٠٢٤) وتی: “پێویستە ئیسرائیل بە پەلە لە خاکی سوریا بکشێتەوە”. لە وەڵامدا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە “باشترە سەرۆکی تورکیا لە هەڕەشە ناپێویستەکانی دووربکەوێتەوە”، زیاتر لەمەیش وتی: “لایەنی داگیرکەرو دوژمنکار لە سوریاو باکووری قوبرسو لیبیاو ناوچەکانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا خۆیەتی”.
لێرەوە سەیری گۆڕانی هاوکێشەکان لە سوریا دەکرێت بەوەی لەوانەیە پاڵنەری ململانێ بێت زیاتر لەوەی هاوکاری لە نێوان تورکیاو ئیسرائیل، لەبەر ڕۆشنایی ئەگەری دروستبوونی کێبڕکێی جیۆسیاسی لە نێوان ڕۆڵە هەرێمییەکانی هەریەکەیان، بە شێوەیەک ببێتە هۆی هەڵکشانی مەترسیی زیاتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
٢. مەترسییەکانی پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی بە سەرکردایەتیی ئەنقەرە لە ناوچەکە
تەلئەڤیڤ وا سەیری ڕێکخستنە چەکدارییە ڕادیکاڵییەکانی سوریا دەکات، بەوەی پەیوەندییەکی بەهێزیان بە ئەنقەرەوە هەیەو مەترسیو دڵەڕاوکێن بۆ گۆڕینی پڕۆژەی هەژموونی شیعیی ئێرانی بە پڕۆژەی هەژموونی ئیسلامی سیاسی بە ڕابەرایەتیی ئەنقەرە، ئەمەیش خاڵی بەیەکگەیشتنی ڕژێمی سیاسیی ئایدیۆلۆژییە لەگەڵ کۆمەڵەی برایانی مسوڵمان (الاخوان المسلمون)، کە هزری دژایەتیی ئیسرائیلو وجوودیان لە ناوچەکەدا هەڵگرتووە، ئەم دڵەڕاوکێیەش لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان هاوبەشە، بە تایبەت لەبەر ڕۆشنایی دەربڕینەکانی سەرۆکی تورکیا لە چوارچێوەی ئەوەی پێیدەوترێت “عوسمانیەتی نوێ”، کاتێک بە ڕوونی لە بەدواداچوونی ڕوداوەکانی سوریا وتی: “هەر ڕوداوێک لە ناوچەکەمان، بە تایبەتییش سوریا، ئەوەمان بەبیردەهێنێتەوە، کە تورکیا گەورەترە، ئوممەتی تورکیا ناتوانێت لە مەسیری خۆی هەڵبێت”، هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەردۆغان ئەم چارەنووسەی تورکیای نوێی بە بەردەوامبوونی پێگەی ویراسەتی عوسمانییەوە وەک ڕابەرایەتیی جیهانی ئیسلامی بەستەوە.
ئەم هەڕەشەیە لەوانەیە ببێتە پاڵنەری ململانێ لەگەڵ تەلئەڤیڤو ژمارەیەک لە دەوڵەتانی عەرەبی لەگەڵ ئەنقەرەدا، ئەمەیش ئەوەیە، کە دەکرێت واشنتۆنو تەلئەڤیڤ بەکاریبهێنن بۆ خێراکردنی فراوانکردنی هاوپەیمانیەتییە هەرێمییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا لە ڕێگەی هاندانی ڕێڕەوی ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی، لە پاڵ چەند ئامانجێکی تریدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە لە سەر ئەو مەترسییە هەرێمییە هاوبەشانەی لە ناوچەکەدا ئەم ڕێککەوتننامەیەی لە سەر بنیاتنراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران.
٣. دۆزی کورد وەک خاڵی سەرەکیی ناکۆکیيەکان
دۆزی کورد یەکێکە لە پرسە ناکۆکەکانی نێوانیان، کە لەوانەیە ببێتە هۆی دڵەڕاوکێو بەریەککەوتنی نێوان ئەنقەرەو تەلئەڤیڤ، بە تایبەت لەبەر ڕۆشنایی هەوڵەکانی تورکیا بۆ کۆتاییهێنانی پرسی کورد بە درێژایی سنوورەکانیو دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕاو، کە لە (٣٠کم) کەمتر نەبێت، لە پێناوی دڵنیابوون لە شکستپێهێنانی دروستبوونی هەر خۆبەڕێوەبەرییەکی کورد. سەرەڕای بوونی ئەمريکا لە باکووری سوریاو پێدانی جۆرێک لە پارێزبەندی بە هێزە کوردییەکان، ئەمەیش دەبێتە ئاڵنگارییەک بۆ دنیابینیی تورکیا لەگەڵ واشنتۆنو تەلئەڤیڤ، بە تایبەت کاتێک وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل؛ جەدعۆن ساعر، جەختی لەوە کردەوە، کە ئیسرائیل سەیری کورد دەکات وەک هاوپەیمانی خۆی، وەک کارتی هاوسەنگی بەرانبەر ڕێکخستنە چەکدارییەکان لە ناوچەکەدا لە لایەکەوە. لە لایەکی تریشەوە، وەک گەرەنتییەک بەرانبەر ئاڵۆزیو مەترسییەکانی میلیشیا چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، لە سێیەم لایەنیشەوە، وەک کارتێکی دانوستانو پەستان لە بەرانبەر چاوچنۆکییەکانی تورکیا. لەم چوارچێوەیەدا تەلئەڤیڤ هەوڵی بەدەستهێنانی گەرەنتیی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەدات سەرەڕای ویستی ئیدارەی ترەمپ بۆ خۆبەدوورگرتن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەد)، شانبەشانی هاوکاری لەگەڵ ئەندامە باڵاکانی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکیدا، کە شارەزاییەکی باشیان هەیە بەرانبەر ئەم پرسەو هەڵوێستیان توندە بە ئاڕاستەی گەرەنتیی دەستبەرنەدانی کورد لە ناوچە ستراتیژییە سەرەکییەکانی ناسراو بە “ڕۆژاڤا” لە خۆرهەڵاتی سوریا.
٤. کێبڕکێی جیۆسیاسی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
لەبەر ڕۆشنایی پلانی ناسراوی تورکیا بە ناوی نیشتیمانی شین (الوطن الازرق)، کە لە ساڵی (٢٠٠٦) سوپاسالاری تورک؛ جیم جور دینیز، پێشکەشیکردووە، ئەنقەرە کار لە بەهێزکردنی وجوودی هەرێمیی خۆی لە دەوڵەتانی دەوروبەری دەکات، ئەمەیش ئەوەیە، کە ڕەنگدانەوەی جوڵەکانیەتی لە دەریای سپیی ناوەڕاستو دەریای ئیجە، جوڵەکانی تری لە سوریاو دەریای سوور، لە پێناوی بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابووریو بواری وزە، بە پێی ئەو چەمکە ئاسایشییەی تورکیا تەبەنیکردووە، سنوورە ئاوییەکانی لاوازترین ناوچەکانیەتی لە لایەک. لە لایەکی تریشەوە دەرفەتی فراوانبوونو سەربەخۆیی ئابوورییەتی. ئەم تێگەیشتنەیش ڕەگوڕیشەی لە مێژووی عوسمانییەوە هاتووە، پاڵی بە سەرۆکی تورکیا ناوە بۆ دەستپێکردن بە پڕۆژەی بەهێزکردنو بنیاتنانی هێزی دەریایی.ئەم ئاڕاستەیەیش ئەگەری بەریەککەوتن لەگەڵ تەلئەڤیڤ زیاددەکات لە ناوچەیەک، کە گرنگییەکی ژیاری بۆ فەراهەمکردنی سەرچاوەی غاز هەیە، سەرەڕای هەوڵەکانی بینینی ڕۆڵی هەرێمی بەرانبەر ئەنقەرە لە بواری وزەدا، ئەمەیش بە هەماهەنگیی قوبرسو یۆنان دەکات، کە پەیوەندییەکی ناجێگیر بە ئەنقەرەیان دەبەستێتەوە، لە ڕێگەی دروستکردنی هێڵی بۆڕیی غازی “ئیست مید”، کە هەناردەی ئەوروپا دەکرێت لە ڕێگەی قوبرسەوە. لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیادا ئەم هاوکارییەی نێوان ئیسرائیلی قوبرسی یۆنانییە بە “میحوەری شەڕ” ناودەبرێت.لەم ساتەوەختەدا ناکۆکییەکانی یۆنانو تورکیا بەردەوامن، بە تایبەت لە سێبەری بەرەوپێشچوونی هاوکاریی ئەمنیی یۆنانو ئیسرائیلدا، بە شێوەیەک وەزیری بەرگریی یۆنان؛ نیکۆس دندیاس، مانگی كانوونی دووەم پلانێکی گشتگیری بۆ دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی کە بتوانێت هەموو خاکی یۆنان بگرێتەوە، پێشکەشی پەرلەمان کرد، بە تێچووی (٢) ملیار یۆرۆ بە هاوکاریی ئیسرائیل. لە (٢٣)ی کانوونی یەکەمى (٢٠٢٤) وەزیری وزە؛ ئیلی کۆهین، گەیشتە یۆنان بۆ سەردانیکردنی کۆمپانیای “بیزک”و واژووی ڕێککەوتننامەیەکی کرد بۆ فراوانکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو دەوڵەت لە بواری وزەدا بە گشتیو غازی سروشتی بە تایبەتی. ئەمەیش سەرەڕای گفتوگۆی بەهێزکردنی ژێرخانێک بۆ شمەکو وزە بە شێوەیەک ئاسیاو ئەوروپا لە ڕێگەی دەوڵەتانی کەنداوو ئیسرائیلو یۆنانەوە پێکەوەببەستێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا تورکیا سەیری بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیلو یۆنان دەکات، بەو پێیەی جەنگێکی ڕاستەوخۆیە دژیو هەڕەشەیەکی هاوبەش بەرانبەری.
ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی تورکیا هێرشێکی ڕاگەیاندنیان دژی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان یۆنان لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردووە، وەک ڕۆژنامەی “تەقویم” پلانەکەی ناوزەردکرد بە “هاوپەیمانیی بەرگریکاری دژی تورکیا”، لە کاتێکدا ڕۆژنامەی “یانی ساباک” کە گرێدراوە بە ئیدارەی ئەردۆغانەوە ئاماژەیدا بەوەی یۆنان هەوڵدەدات تواناکانی بەهێزبکات لە ترسی بەهێزیی تورکیا. هەروەک چۆن ڕۆژنامەی “سەباح” لە باسکردنی پلانی دووبارەڕێکخستنەوەی هێزە سەربازییەکانی یۆنان درێژەیپێداوەو وتەیەکی ئەردۆغانی هێناوەتەوە، کە لە ڕابردوودا مەترسیی ئەوەی خستووەتەڕوو، کە “ئیسرائیل خاکی تورکیا بەئامانجدەگرێت، دوای فەڵەستینو لوبنان”.
لەم چوارچێوەیەدا پێویستە ئاماژە بە ڕاگەیاندنی ئەنقەرە بۆ ئەگەری ڕێککەوتننامەی دروستکردنی ناوچەیەکی تایبەتی ئابووری لەگەڵ حکومەتی سوریای نوێدا بکەین، بە هەمان شێوەی کە لە لیبیا لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی دەریایی ساڵی (٢٠١٩) لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتیمانیی لیبی ئەنجامیدا، لە ڕێگەیەوە پێگەی ئەنقەرەی لە خۆرهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستو دووبارەداڕشتنەوەی دینامیکیەتی هەرێمی لە بەرژەوەندیی خۆی جێگیرکرد، ئەمەیش ئەو کارەیە کە هەوڵدەدات لە سوریا بیکات، وەک بنامەیەکی پێکەوەبەستراو لە ستراتیژیەتی جیۆسیاسی لە دەریای سپیی ناوەڕاست، بە شێوەیەک بەهێزکردنی ڕێوشوێنەکان لە گۆڕەپانێکدا کاریگەریی لە سەر هەژموونی دەکات لە گۆڕەپانەکەی تردا، بەڵام لەوانەیە ئەمە ببێتە هۆی وروژاندنی ناکۆکی لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانیدا، وک یۆنانو قوبرسو هێزە ئەوروپییەکانی ترو سەیری ئەم ڕێککەوتننامانە بەوەی هەنگاوێکی نایاساییەو دەبێتە هۆی ناسەقامگیری، ئەمەیش سەردەکێشێت بۆ جەمسەرگیریی هەرێمیو چڕبوونەوەی ناکۆکییەکان لە سەر وزەو سەروەری. لەوانەیشە ببێتە هۆی دابڕان لەگەڵ تەلئەڤیڤدا، کە بە چاوی گومانو ترسەوە سەیری جوڵەکانی بەهێزکردنی هەژموونی تورکیا دەکات، بە تایبەت لەو ناوچە جیۆسیاسییانەی کە گرنگییەکی زۆری بۆ بەرژەوەندییە ئابووریو ئاسایشییەکانی تەلئەڤیڤ هەیە. لێرەوە ئەم پێدراوانە لەگەڵ ئەوەی دەکرێت ببنەوە پاڵنەری ململانێو کێبڕکێی نێوان تەلئەڤیڤو ئەنقەرە، لەوانەیشە هۆکارێک بێت، کە وا لە تەلئەڤیڤ بکات پشتیوانیی وجوودی تورکی لە سوریا قبوڵبکات لە چوارچێوەی پێویستیی هەماهەنگیی نێوانیاندا، لە کاتێکدا دەکرێت تەلئەڤیڤ کارتی کوردی لە سوریا بۆ پاڵنانی وجودی تورکیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنێت.ئەمەیش ڕاڤەی جوڵە خێراکانی تورکیا بۆ بەهێزکردنی کارتەکانی لە پێناوی کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی تەلئەڤیڤدا بە پشتیوانیی واشنتۆن لەم دۆسیانە دەکات، لە گرتنەبەری ڕێچکەی گۆڕینەوەی ئەوەی ئەنقەرە ئامادەیکردووە، بە دۆسیەیەکی تر بۆ جێگیرکردنی بەرژەوەندییەکانی.
٥.پاشەکشەی هەڕەشەی هاوبەشی ئێرانی
ئەو گۆڕانکارییانەی لە نەخشەی نوێی هەژموون لە ناوچەکەدا دروستبووە، بە پاشەکشەیەکی ئێران، وەک هەڕەشەیەکی هاوبەشو هاندەرێکی بەهێزی هاوکاریی نێوان تەلئەڤیڤو ئەنقەرە، جگە لەوەی “بنیامین ناتانیاهۆ” بەردەوامە لە گرتنەبەری هەڵوێستێکی توند دژی تاران، بە پشتیوانیی ئیدارەی نوێی ترامپ، لە کاتێکدا هەڕەشەی ڕاستەوخۆی پڕۆکسییەکانی (وکلاء) ئێران بە شێوەیەکی فراوان پاشەکشەیانکردووە. بە هەمان شێوە لەگەڵ بەردەوامبوونی کێبڕکێی تورکی-ئێرانی لە عێراقو قەوقازو نەمانی بەشار ئەسەدو لاوازبوونی حیزبوڵڵا، وا لە لایەنەکانی تر دەکات زیاتر شایستەی بەڕێوەبردن بن لە لای ئەنقەرە، بۆیە ئەم گۆڕانانە لە نەخشەی هەژموونی ناوچەکە، پاشەکشەی پشتبەستنی ئیسرائیلی وەک پێشتر بە تورکیا کەمکردووەتەوە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی کۆتاییهێنان بە هەماهەنگیی ئەو پرسە گرنگانەی کە بارودۆخی نوێ هێناویەتیەئاراوە لە سوریا. لە خێراکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیلو دەوڵەتە عەرەبییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی، کە لەوانەیە شانشینی سعودیەی عەرەبییش بچێتەناو ڕێککەوتننامەکە لە چوارچێوەی فراوانکردنی تەلئەڤیڤدا بۆ هاوپەیمانییە هەرێمییەکانیو ترسی ئەم دەوڵەتانە لە فراوانبوونی پڕۆژەی ئیسلامیی نوێ لە سوریا بە سەرپەرشتیی تورکیا، دەوڵەتە عەرەبییەکان دەکرێت بە بێلایەنی یاخود لەگەڵ تەلئەڤیڤدا بن لە هەر ناکۆکییەکی نوێدا بەرانبەر ئەنقەرەو دیمەشق.
سێیەم: سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە ئاڕاستەکانی پەیوەندیی نێوان ئەنقەرەو تەلئەڤیڤ لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سوریا، مەحکومە بە چەندین جوڵەوە، لە ئەنجامی ئەو نادڵنیاییەی باڵی بە سەر مەشهەدی هەرێمیو نێودەوڵەتیدا کێشاوە، بە هۆی ئاڕاستە ئایندەییەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، لە دیارترینیان ئەمانەی خوارەوەن.
١. سیناریۆی پەیوەندییەکی سوودبەخش بۆ هەردوولا
ئەگەری ڕودانی ئەم سیناریۆیە زیاددەکات، بە هۆی تێگەیشتنی بەرژەوەندیخوازانەی ئەنقەرە لە مامەڵەی لەگەڵ تەلئەڤیڤداو ڕەنگدانەوەی لە پەیوەندییە بازرگانییەکانیاندا سەرەڕای ناکۆکییەکانیان، شانبەشانی ئاماژە دڵنیاکەرەوەکانی گرووپە چەکدارییەکانی سوریا کە بە تەلئەڤیڤیان داوە، جگە لە داواکاریی تورکیا بۆ هەماهەنگیی پێشوەختەی نێوان ئەنقەرەو تەلئەڤیڤ دەرهەق بە کردەوە سەربازییەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتن.
ئەم ئاماژە ئەرێنییانەی سەرەوە دەکرێت تێگەیشتنی تەلئەڤیڤ بۆ وتارە توندەکانی سەرۆکی تورکیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) لە سیاقی شەڕی هەڵبژاردنو پڕوپاگەندەی ناخۆیی تورکیا لێکبدرێتەوە، نەک هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆجی دژی ئیسرائیل.هەروەها لەم سیناریۆیەدا بە هۆی ئەو ئەمری واقیعەی ئەنقەرە سەپاندوویەتی لە جوڵە هەرێمییەکانیدا، دەکرێت پاڵنەر بێت بۆ بەهێزکردنی دانپێدانانی دروستکەرانی سیاسەتی خۆرئاوا بە ناوەندیەتیی سیاسەتەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لێرەوە واشنتۆن خۆی ناچار دەبینێت مامەڵە لەگەڵ ئەنقەرەدا بکاتو هەندێک نەرمیبنوێنێت لە بواری سیاسیو ئابووری بە قازانجی تورکیا لە پێناو پێشکەشکردنی ئەمەی دوایی بە هەندێک گەرەنتی بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلو ئەمریکا لەو ناوچانەی ڕێکخستنەکانی سەر بە تورکیا کۆنترۆڵیانکردووە لە سوریادا.بەم سیناریۆیەیش دەکرێت ئەنقەرە پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکات، کە بەدەستیهێناونو دووربکەوێتەوە لە مەترسیی سیناریۆی بەریەککەوتن لەگەڵ تەلئەڤیڤو واشنتۆندا، بە تایبەت لە سێبەر نەبوونی نەرمیی ناوخۆیی تورکیا لە هەستان بە هەر مانۆڕێکی سیاسی، کە ببێتە هۆی سەپاندنی قورسایی ئابووریی زیاتر بە سەریدا.
لێرەوە ئەگەر زۆرە هاوسەنگیی هەڵوێستەکانی ئەردۆغان لە ناوخۆو دیبلۆماسیەتیدا، گرنگییەکی زۆری هەبێت لە پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل، هەروەها پێویستیی ناتانیاهۆ بۆ پارێزگاریکردن لە هاوکاریی ئاسایشی لە هەرێمێکی ئاڵۆزدا، وا لە ئەردۆغان بکات یاری لە سەر پەتی نێوان ڕازیکردنی بنکە جەماوەرییەکەیو ڕۆچوون لە سیاسەتێکی واقیعیدا بکات. ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەکرێت گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا ڕۆڵ لە دووبارەپێناسەکردنەوەی ستراتیژیەتو هاوپەیمانییە هەرێمییەکانی هەردوولا دروستبکات.
٢. سیناریۆی بەریەککەوتنو کێبڕکێی جیۆسیاسی
ئەم سیناریۆیە یەکێکە لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان لەبەر ڕۆشنایی هەڵکشانی خاڵە ناکۆکەکان، کە پێشتر ئاماژەمانپێداوە، بە تایبەت ئەگەر تەلئەڤیڤ هەوڵی سەپاندنی دنیابینی بۆ هەژموونی هەرێمیی خۆی بدات لە مامەڵەکردنی لەگەڵ فایلەکاندا، ئەمەیش کەمکردنەوەی وجوودی هەرێمیی ئەنقەرەیەو دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە داینامیکیەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەڤیڤو گرتنەبەری ڕێڕەوی بەرژەوەندییەکانی لە داڕشتنەوەی هەڵسوکەتەکانیداو هەوڵی پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی لەم قۆناغەدا بداتو ڕووبەڕووی وجوودی ئیسرائیل بوەستێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی لە پڕۆژەی جیۆسیاسییەکی پەیوەست بە ڕێکخستنە ئیسلامییە سیاسییەکان بۆ زەختکردن لە تەلئەڤیڤ. ئەم سیناریۆیە پڕە لە مەترسیی بەریەککەوتن لەگەڵ واشنتۆن، سەرەڕای کەنارخستنی لەلایەن هەندێک دەوڵەتی عەرەبیی ناوچەکەوە (دەوڵەتانی ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی) دژی ئەنقەرە، بەو پێیەی پڕۆژەکەی دژی بەرژەوەندییەکانی ناوچەکەیە، هەروەک چۆن باردۆخی ناوخۆی ئەنقەرە ڕێگەنادات بە سیستەمی سیاسی، کە هەندێک مانۆڕی سیاسی بکات.لە کۆتاییدا، دەکرێت بڵێین ئەو وەرچەخانە گەورەیەی لە جوگرافیای هەرێمی بە هۆی ڕوخانی ڕژێمی فەرمانڕەوای سوریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد ڕویدا، بووە هۆی گۆڕان لە نەخشەی هاوسەنگیی هێزەکان لە بەرژەوەندیی تەلئەڤیڤو ئەنقەرە، پاڵی بە گۆڕان لە داینامیکیەتی پەیوەندییەکانی هەردوولاوە ناوە، لە چوارچێوەی پاڵنەرەکانی هاوکاریو ململانێ وەک ئاماژەیپێدراوە، ئەمەیش دەکرێت بە توندی کاریگەری لە هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بکات –کە لە ڕابردوودا مەحکوم بووە بە بارودۆخێک لە بەرژەوەندیو ناکۆکیی ئایدیۆلۆژی- بە تایبەت لە سێبەری گۆڕاوە نوێیەکاندا، کە کردوونی بە دوو دەوڵەتی دراوسێ بە حوکمی واقیع، هەر بۆیە لەوانەیە هەڵکشانی چالاکییە کردەییە هەواڵگریو سەربازیو مەدەنییەکانی تورکیا لەو ناوچانەی هەیئەی تەحریری شام لە سنووری دەوڵەتی ئیسرائیل کۆنترۆڵیکردوون، لەگەڵ جوڵەکانی ئەنقەرە بۆ بەهێزکردنی هەژموونی سیاسی لە ناوچە گرنگەکانی خۆرهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست، ببێتە هۆی خاڵی هەڵگیرساندنی ململانێی نوێ. ئەمەیش ئەو پرسانەیە، کە دەکرێت ببێتە هۆی دوودڵیی تەلئەڤیڤ لە سەیرکردنی بۆ فراوانخوازیی هەژموونی تورکیاو بەربەست لە بەردەم هێڵی سەربازیی ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا، بەڵام بە پێی شارەزایی لە پێشینەی تورکیا لە چوارچێوەی ڕێچکەی بەرژەوەندیخوازیی ئیدارەدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەڤیڤو سنووردارکردنی هەڕەشەی کارتی کوردی لەلایەن تەلئەڤیڤو واشنتۆنەوە.لە لایەکی ترەوە دڵنیابوون لە هەندێک دەستکەوتی سیاسیو ئابووری کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی پەڕاوێزی جوڵەی سیستەمی تورکیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووریو پەستانە ناوخۆییەکان، ئەمەیش دەکرێت ڕاڤەی هەوڵی تورکیا لە ساتەوەختی ئێستادا بکات بۆ بەهێزکردنی کارتەکانی لە جوڵەو ئاڵوگۆڕ بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی بەرانبەر ئیدارەی نوێی هەڵبژێردراوی ئەمریکا وەک لایەنگری بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل.