کورسییە سپییەکەی دەمیرتاش
کورسییە سپییەکەی دەمیرتاش
(DEMİRTAŞ’IN BEYAZ SANDALİYESİ)
ناوی کتێب: کورسییە سپییەکەی دەمیرتاش، بیرەوەرییەکانی زیندان
نوسەر: زینار کەرەڤیل، ڕاوێژکاری میدیایی دەمیرتاش
وەرگێڕانی لە تورکییەوە بۆ کوردی: هێژا دڵشاد
جۆری کتێب: بیرەوەری
ژمارەی لاپەڕە: (٤٠٠)
چاپخانە: دەزگای فام بۆ چاپو بڵاوکردنەوە
ساڵی بڵاوکردنەوە: چاپی یەکەم، (٢٠٢٥)
ئامادەكردن:د.دیلان سەلام حمە فرج | دکتۆرا لە ئەدەبی کوردی
بەرایی
کتێبی “کورسییە سپییەکەی دەمیرتاش؛ بیرەوەرییەکانی زیندان”، لەلایەن “زینار کەرەڤیل”؛ نوسەری کوردو ڕاوێژکاری میدیایی سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)وە نوسراوە. ئەم کتێبە لەلایەن “هێژا دڵشاد”ەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی کوردی، کتێبەکە بە شێوەیەکی جوانو سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوە. وەرگێڕان هەر وا کارێکی سەرپێییو ئاسان نییە، چونکە لە پاڵ زمانزانیندا پێویستی بە ڕۆشنبیرییەکی بەرزو سەلیقەیەکی ئەدەبیی باڵا هەیە. وەرگێڕ دەبێت شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی هەردوو نەتەوەکەو هاوکات کولتوورو ژینگەی هەردوو زمانەکەدا هەبێت، خۆی بەدووربگرێت لە بەکارهێنانی وشەو زاراوەی بێگانە، لە بریی ئەوە پێویستە وشەی ڕەسەنو خۆماڵی بەکاربهێنێت.
دەتوانین بڵێین: وەرگێڕی ئەم کتێبە بەشێکی زۆری ئەم تایبەتمەندییانەی تێدایەو ماوەی بیست ساڵە وەک ڕۆژنامەنوسو نووسەری تایبەت بە کاروباری تورکیا دەنوسێت، لە ساڵی (٢٠٠٩)وە بە شێوەیەکی بەردەوام وتار لە بارەی دەمیرتاشەوە دەنوسێت، بەدواداچوون لە بارەی کارو چالاکییە سیاسییەکانییەوە دەکات، وەرگێڕانی ئەم کتێبەیش لە چوارچێوەی ئەو کاروبارانەدایە.
“کورسییە سپییەکەی دەمیرتاش” بە شێوەی بیرەوەری نووسراوە. بیرەوەری (بایۆگرافی) بریتییە لە یاداشتو بەسەرهاتو سەرگوزەشتە، یان سەربوردەی ژیان، کە بە واتای گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژیانی کەسایەتییەک دێت. لە ڕاستیدا ئەم شێوازە لە نوسین، فۆڕمێک بووە لە نوسینی ڕۆمان، هەر وەک فۆڕمێکیش بووە لە نوسینەوەی مێژوو. هەروەها جۆرێکی دیکە لە بیرەوەری هەیە پێیدەگوترێت “ئۆتۆبایۆگرافی”، ئەمەیان بریتییە لە نوسینەوەی مێژووی ژیانی کەسایەتییەک لەلایەن نوسەر خۆیەوە، واتە کەسەکە خۆی بیرەوەرییەکانی ژیانی خۆی دەنوسێتەوە. ئەم چەشنە لە بیرەوەری گرنگترو ڕاستەوخۆترە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا واتە لە دۆخی نوسینی بایۆگرافیو ئۆتۆبایۆگرافیدا، تێکستەکە هەم پەیوەندیی بە مێژووەوە هەیە، هەم پەیوەندیی بە ڕۆمانەوە هەیە. ڕاستە نوسەری بایۆگرافی ئەرکی مێژوونووس جێبەجێناکات لە سنوورێکی دیاریکراودا نەبێت، کە پەیوەستە بە واقیعو دۆکیومێنتەوە، بەڵام نووسەری بایۆگرافی لە بنەڕەتدا گرنگی بە واقیعێکی مێژوویی/بابەتی دەدات، بۆیە لە نێوان ڕۆمانو مێژوو، ڕۆماننووسو مێژوونووسدا دەوەستێت، لە لایەک تەکنیکەکانی ڕۆمان بۆ نوسینەوەی بایۆگرافییەکی بەکاردەهێنێت. لە لایەکی دیکەوە دۆکیومێنتی مێژوویی، پێویستە نوسەری بیرەوەری بوێریو ڕاستگۆیی زۆری تێدا بێت، ئەگەرچی ئەمە لە بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتدا زەحمەتە، چونکە لە ڕۆژهەڵاتدا کەم نوسەر هەیە بەبێ سانسۆر بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە، مەبەستم ترسی سایکۆلۆژیو سانسۆری کۆمەڵایەتییە. هەروەها پێویستە نوسەری بیرەوەری هەموو لایەنەکانی ژیانی خۆی بگێڕێتەوە، نەک تەنیا لایەنی ئەرێنی، چونکە ئەگەر تەنیا لایەنی پۆزەتیڤی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوا لێرەدا نوسەر لە هەموو بوارەکاندا وەک پاڵەوانی بێهەڵەو سۆپەرمان دەردەکەوێت، پێویستە لایەنی نەرێنیو ئەزموونی شکستەکانیشی بگێڕێتەوە.
لەم کتێبەدا بەر هەردوو جۆرە گێڕانەوەکە دەکەوین، بەڵام ئەرێنییەکان زیاترن. دەتوانین بڵێین کتێبی “کورسییە سپییەکەی دەمیرتاش” هەم “بایۆگرافییە”، چونکە کەسانی دیکە هەن ڕۆڵی گێڕەرەوەی ڕوداوەکان دەبینن، هەم “ئۆتۆبایۆگرافییە”، چونکە لە هەندێک شوێندا دەمیرتاش خۆی گێڕەرەوەی ڕوداوەکانەو باسیاندەکات. بە ڕای “فلیپ لۆژۆن”، “مەرجی سەرەکیی ئۆتۆبیۆگرافی بوونی ناسنامەیە، ناسنامەی نوسەر (دانەر)و گێڕەرەوەو کەسایەتیی سەرەکیی گێڕانەوەی ئۆتۆبیۆگرافی یەک کەس بێت”(١). کەواتە ئەم کتێبە بەشێکی زۆری بە شێوەی بایۆگرافی نوسراوەو لەلایەن کەسانی دیکەوە ڕوداوەکان دەگێڕدرێتەوە.
ناوەڕۆکی کتێبەکە
ئاشکرایە لە پاش کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)، ڕەوشی سیاسی، کۆمەڵایەتیو ئابووری لە تورکیا بە نەرێنی گۆڕا، کاریگەریی لێکەوتەکانی هەتا ئەمڕۆیش بە سەر تەواوی جومگەکانی ئەو وڵاتەوە بەردەوامە، لە میدیاوە هەتا لاوازکردنی ڕۆڵی پەرلەمانو گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیو وەلانانی بژاردەی گفتوگۆ بۆ ئاشتەواییو پڕۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە، دواتریش دەستگیرکردنی سیاسییەکانی باکووری کوردستان هاتەئاراوە، کە دوورو نزیک پەیوەندییان بە کودەتاکەوە نەبوو، بە ئامانجی سیاسی کرانە قوربانی، بە تایبەتییش هۆکاری سیاسی لە ئارادا بوو بۆ تۆڵەکردنەوە لە خودی “سەڵاحەدین دەمیرتاش”، ئەویش بە هۆی ئەوەی لە نێوان ساڵانی (٢٠١١) هەتا (٢٠١٣)دا ڕۆڵێکی گرنگی لە پڕۆسەی ئاشتیدا هەبووە.
گوتارەکانی “دەمیرتاش” لە مەیدانەکاندا وایکرد وەک سیاسییەکی کاریزماو ئاشتیخوازو تاکە ڕکابەری سەرەکیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، دەربکەوێت. هەر لەو قۆناغەیشدا، کە دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە بوو، بۆ یەکەمین جار بزوتنەوەی سیاسیی کورد توانیی (١٠٪)ی بەربەستی هەڵبژاردن تێبپەڕێنێتو دەنگەکانی بگاتە (١٣٪).
بەم جۆرە هەتا دەهات، دەمیرتاش هاوسۆزیی نەتەوە ناکوردەکانیشی بۆ خۆی ڕادەکێشا. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت ئەو سزا دادوەرییە ناڕەوایانەی بە سەر دەمیرتاشو هاوڕێکانیدا سەپێنراوە، بە سزادانێک دابنرێت لە پای ڕۆڵیان لە سیاسەتی شەڕو نەژادپەرستیو چینایەتی بێت، کە خەبات لە پێناوی مافی گەلەکەیانو یەکسانی لە نێوان کەمینەکانی ئەو وڵاتەدا دەکەن.
سەڵاحەدین دەمیرتاش بەوە دەناسرێتەوە، کە نوێنەری نەوەی نوێی خەباتگێڕانە، سەرکردەیەکی دیموکراتخوازی کوردو هەڵگری پەیامی پێکەوەژیانو ئاشتی بووە لە باکووری کوردستانو تورکیا، هەروەها بە بەرگریکارێکی بوێری مافە نەتەوەییەکانی کورد بۆ دادپەروەریو یەکسانی وێنادەکرێت، داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی مرۆڤو کەمینەکانە. مانەوەی دەمیرتاش لە زیندان نەک بە تەنها پێشێلکردنی دەستووری ئەو وڵاتەو بنەما جیهانییەکانی مافی مرۆڤو بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە، بەڵکو سوکایەتیکردنە بە بەهاکانی دیموکراسیو مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.
دەمیرتاش لە زینداندا پاشەکشەی لە ئامانجو بیروبۆچوونەکانی نەکردووە، لە هەر دەرفەتێکدا بوێرانە لە دژی نادادپەروەریو فاشیزم دەوەستێتەوەو بە هیچ جۆرێک ملکەچی ئەو سیستەمە نادادپەروەرییە نەبووەو سازشی لە سەر بیروباوەڕەکانی نەکردووە. ڕۆماننووسی ناوداری تورکیاو وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات “ئۆرهان پامۆک”، لە چاوپێکەوتنیکدا لە پێگەی (تی-٢٤) لە (٢٣)ی مارتی (٢٠٢١)، سەبارەت بە هەڵوێستەکانی دەمیرتاش لە زینداندا دەڵێت: “سەڵاحەدین دەمیرتاشو نووسەرە بەندکراوەکان لە نموونەی جەسوورترین مرۆڤەکانی ئەم وڵاتەن”(٢).
“سەڵاحەدین دەمیرتاش” لە سەر کورسییە سپییەکەی لە ژووری زیندانەوە لە جیهانی دەرەوە دانەبڕاوە، هێشتا کۆششو خەبات بۆ ئاشتەوایی دەکات. بێگومان لە پاڵ ئەوەیشدا نابێت کارە ئەدەبییەکانی “دەمیرتاش” لەبیربکەین. لە ماوەی هەشت ساڵی زینداندا، خاوەنی شەش کتێبی ئەدەبییە لە کۆمەڵەچیرۆکو ڕۆمان، ئەمانەیش وەک دەقی داهێنەرانە لە دنیای ئەدەبدا دەمێننەوە. لە کاتێکدا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا هیچ سیاسیو نوسەرێک لە زینداندا هێندەی دەمیرتاش کتێبی نەنووسیوە.
لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە زیاتر ئاشنای دیدی سیاسیو هەڵوێستی مرۆڤایەتیی دەمیرتاش دەبین لە بارەی ڕوداوەکانی تورکیاو ناوچەکەوە، هاوکات تێدەگەین لە ئاڕاستەکردنی سیستەمی دادوەریو یاساکان لە تورکیا لەلایەن دەسەڵاتو خودی تاکەکەسێکەوە، دەرهەق بە نووسەرانو سیاسییەکانی ئەو وڵاتە. لە هەموویشی گرنگتر ئەو واقیعەمان بەبیردەهێنێتەوە، کە هێشتا ڕادەربڕین لەو وڵاتە بە تاوان هەژماردەکرێتو دەچێتە خانەی یاساکانی تیرۆرەوە.
وەرگێڕ دەڵێت: لە سەروبەندی وەرگێڕانی ئەم کتێبەدا لە (١٦)ی ئایاری (٢٠٢٤) دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە لە پاش هەشت ساڵ لە پڕۆسەی دادگاییکردن، بڕیاری (٤٢) ساڵ زیندانیی بە سەر “دەمیرتاش”دا سەپاند. “هادی جین”؛ یەکێک لە پارێزەرەکانی دەمیرتاش، دەڵێت: “تەواوی ئەو سزایانەی بە سەر دەمیرتاشدا سەپێنراوە، بە هۆی لێدوانەکانیەوە بووە. لە کاتێکدا دەمیرتاش بە دۆسیەی کۆبانێ دەستگیرکرابوو، لەو دۆسیەیەدا ئەردۆغان بە هۆکاری کوشتنی دەیان کەس تۆمەتباریکردبوو”(٣).
ئەم دووڕووییەی سیستەمی دادوەری لەو وڵاتە، جارێکی دیکە ڕاستیو دروستیی بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە سەر دۆسیەی دەمیرتاش دەسەلمێنێت، کە دەمیرتاش بە هۆی بیروبۆچوونەکانیەوە لە زیندانەو هیچ تاوانێکی نییە. بە هەر جۆرێک بێت، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ڕابەرێکی سیاسیی دیارو کاریگەری باکووری کوردستانو تورکیایە، بێگومان بۆ ئێمەی کورد سیاسییەکی گرنگە.
هەر لەم کتێبەدا دەردەکەوێت دەمیرتاش بارمتەیەکی سیاسییە، لە سەر میزاجی کەسێک نادادپەروەرییەکی زۆری بەرانبەر کراوە، هاوکات سیاسییەکی ئاشتیخوازەو لە سەر کورسییەکی سپی لە خەباتی بێوچانی بۆ ئاشتەوایی کۆڵنادات.
وێناکردنی بەندینخانەکەی دەمیرتاش
“سری سوورەیا ئۆندەر” لە پێشەکیی کتێبەکەدا دەڵێت: بەندینخانەکانی جۆری ئێف (F) لە ڕوانگەی بیناسازییەوە بۆ ئەو جۆرە کەسانەن، کە نەخۆشیی شیزۆیدیان هەیە، واتە ئەو کەسانەی حەزیان لە تەنیاییەو چێژ لە تێکەڵبوونی کەسانی دیکە وەرناگرن. بۆ ئەوانەی سەردانی زیندانەکان دەکەن، لەو بەشەی کە کراوەیە، بە ڕەنگی پەمەیی بۆیەکراوە. وەک ئەوە وایە مرۆڤ سەردانی باخچەیەکی منداڵان بکات، کاتێک دەچیتە ئەو شوێنەی زیندانیکراوانی تێدایە، دیوارەکان ڕەنگی خۆڵەمێشیو ئیسپرتۆییە.هەروەک چۆن هەموو شتێکی ناو زیندانیان کۆنترۆڵکردووە، بە هەمان شێوە بۆیاخی دیوارەکانیشیان کۆنترۆڵکردووە. تەنها ڕێگەدەدرێت دیوارەکان بە ڕەنگی سپی، خۆڵەمێشیو ڕەش بۆیەبکرێت. بۆ نموونە ڕەنگی سەوز لەبەرئەوەی ڕەنگی جلوبەرگی فەڕمیی پاسەوانەکانە، یاخود ڕەنگی نیلی، ڕەنگی پاسەوانەکانی سزا قورسەکانە، یان ڕەنگی سوور کە کەس نازانێت بە چ هۆکارێک قەدەغەکراوە، بۆئەوەی بیرکردنەوەکانیشت وەک ڕەنگی جلوبەرگی پاسەوانەکانی لێبێت، هەموو ڕێکارو شتێک دەگرنەبەر. لە ناو ژوورەکانی زیندان کەلوپەلێکی ئەوتۆ بوونی نییە، مێزو کورسی نەبێت، کە لە پلاستیک دروستکراونو ڕەنگیان سپییە. بووەتە یاسا، کە لە ناو زیندانەکاندا فرەڕەنگی بوونی نییە، واتە وەک جیهانی دەرەوە شتەکان ڕەنگاوڕەنگ نین.
لەبەر ئەو هۆکارە سەلاحەدین دەمیرتاش، گیوڵتان کشەناک، فیگەن یوکسەکداغ، سەباحەتی تونجەل، ئایسەل توغڵوک، سەلچووک مزراکڵی، بەکر، ئیدریس باڵوکەنو…هتد، هەزاران سیاسەتمەدار خەباتیانکردووە لە پای ناڕازیبوون لەو سیستەمەی کە پێیوایە دەبێت هەموان یەک ڕەنگ بین، یەک دەنگ بین، یەک بیرکردنەوە بین. لە زیندان دەستبەسەرکراونو لە ناو دیوارە خۆڵەمێشییەکاندا لە سەر کورسییە سپییەکانیان ڕۆژەکانیان بە خۆڕاگریو داهێنانەوە بەڕێدەکەن، لەمڕۆدا لە سەر کورسییەکی سپی لە زیندانەوە گوتارو پەیامەکانی بۆ دەرەوە دەنێرێت، کە سەد هێندە بە بەهاترو باڵاترە لەو گوتارانەی لە دەرەوە دەدرێن. ئەم کتێبە ڕەنجێکی بەنرخە لە شوێنی خۆیدا لە دڵی سیاسەتمەدارێکەوە لە سەر کورسییە سپییە پلاستیکەکەی زیندانەوەیە، نەوەک لە سەر کورسیی دەسەڵاتو پۆستی دیکە، ئەو هەمیشە دڵی لەگەڵ گەلدایەو گەلیش دڵی لەگەڵ ئەودایە(٤).
هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی سیاسییەکان
ئێوارەی (٧)ی حوزەیرانی (٢٠١٥) ئەو ڕۆژەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەچوو، “سەڵاحەدین دەمیرتاش”و “فیگەن یوکسەکداغ” لە پۆستی هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)دا بوون. بە تایبەتی “دەمیرتاش”، لەو ماوەیەدا چالاکانە بەشداریی لە کەمپەینی هەڵبژاردندا دەکرد. پشتیوانییەکان بۆ هەدەپە هەتا دەهات زیاتر دەبوون، لە کەشێکی ئاشتییانەو ڕەنگاوڕەنگەوە کۆبوونەوە جەماوەرییەکان بەڕێوەدەچوون.
لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە توانیی شەش ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنێتو بەربەستی هەڵبژاردن تێبپەڕێنێت. ئەم پارتە کوردییە لەو هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکردو بووە خاوەنی (٨٠) پەرلەمانتار، لە ساڵی (٢٠٠٢)ەوە “ئاکپارتی” بە تەنیا فەرمانڕەوایی تورکیای دەکردو حکومەتی پێکهێنابوو، لەو هەڵبژاردنەدا ئاکپارتی (٤١٪)ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. بەم ڕێژەیەیش دەرکەوت، کە دەنگەکانی کەمیکردووە، بەو هۆیەیشەوە نەیتوانی کورسیی پێویست لە پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بۆئەوەی بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت، بەمەیش لە دوای ساڵانێکی زۆر بابەتی پێکهێنانی حکومەتی هاوبەشی لەو وڵاتە خستەبەر باس.
ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن یەکێک لەو بەرپرسانەی لە ناو پڕۆسەی ئاشتیدا لە نێوان حکومەتی تورکیاو پەکەکەدا ڕۆڵی هەبوو، “یاڵچن ئاکدۆغان”ی یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی بوو، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا بە زمانێکی توندەوە گوتی: لێرە بە دواوە شتێک بە ناوی پڕۆسەی ئاشتییەوە لە ئارادا نییە، ئیتر ئەوە شتێکی خەیاڵییەو مەگەر هەدەپە فیلمێک لە سەر پڕۆسەی ئاشتی دروستبکات. هەر ماوەیەک پێش هەڵبژاردن لە کاتی بانگەشەدا “یاڵچن ئاکدۆغان” گوتی: “شتێکی باش دەبێت، ئەگەر هەدەپە بەربەستی هەڵبژاردن تێنەپەڕێنێت”(٥).ئاکدۆغان کە یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، توڕە دیاربوو، بە هۆی ئەوەی هەدەپە بەربەستی هەڵبژاردنی تێپەڕاندبوو. بێگومان ئەردۆغانیش بە هەمان شێوە نیگەران بوو لە ڕەوشەکە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی بەدڵنەبوو، لە پاش هەڵبژاردن هەتا ماوەیەکی زۆر خۆی لە ڕایگشتی بەدوورگرتبوو. ئەردۆغان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەیگوت: هێندەی (٤٠٠) پەرلەمانتار دەنگمپێبدەن، تاکو کارەکە بە ئارامی چارەسەربکرێت، بەڵام پارتەکەی (٤٠٠) کورسیی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا، هەر لەبەر ئەو هۆکارەیش بوو ڕەوشەکە گۆڕاو لە ماوەیەکی نزیکدا جەنگ لە نێوان دەوڵەتو پەکەکەدا دەستیپێکردەوە.
ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وایان نیشاندەدا، دەبێت حکومەتی هاوبەش لە نێوان لایەنەکاندا دروستبکرێت، بەڵام ئەردۆغان نیەتێکی وای نەبوو، بۆیە ئەنجامەکان بە خراپ شکانەوە. پاش چوار ڕۆژ، لە (٢٨)ی تەمموزی (٢٠١٥)، ئەردۆغان لە میانەی ئەنجامدانی گەشتەکەی بۆ “چین”و “ئیندۆنیزیا” بە زمانێکی زبر دژی هەدەپە ڕایگەیاند: “پێویستە باجی ئەو هەڵانە بدەنو چیتر نەتوانن لە ژێر سایەی پارێزبەندیدا خۆیان لە یاسا بدزنەوە”(٦). ئەم لێدوانە ئاماژەیەک بوو بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پۆلیسی بۆ سەر ئەندامانی هەدەپەو دەستگیرکردنیان.هەر ماوەیەک دواتر ئەردۆغان ناڕاستەوخۆ پەیامێکی ئاڕاستەی دادوەری کۆماریو دادگای چاوپێداخشانەوە کردو گوتی: ئومێدەوارم بەرپرسانی هەدەپە باجی هەڵەی خۆیان بدەن، پارێزبەندییان لێوەربگیرێتەوە، پێویستە لەو بارەیەوە پەرلەمان ئەرکی خۆی بەجێبهێنێت، پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی هەدەپە بسێنێتەوە. بە هۆی سەرکەوتنی هەدەپەوە، هەڵبژاردن لە تورکیا دووبارەکرایەوە. کاتێک “کەمال کڵچدارئۆغڵو”؛ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، کە بە ڕابەری بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا هەژماردەکرێت، ڕایگەیاند، کە پارتەکەیان دەنگ بە بەڵێ دەدەن لە پەرلەمان بۆ لابردنی پارێزبەندی، زۆری نەبرد پڕۆژە یاساکە لە پەرلەمان دەنگدانی لە سەر کراو هیچ ڕێگرییەک لە بەردەمیدا نەما، پاش مشتومڕێکی چەند ڕۆژە پڕۆژەیاساکە درایە کۆمسیۆنی دەستوور لە پەرلەمان، زۆری نەبرد لە پەرلەمان خوێنرایەوەو بە کۆی (٣٧٦) دەنگ پەسەندکرا. ڕاپۆرتێک پێشکەشکرا، لە سەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە بە تەنها پارێزبەندی لە سەر پەرلەمانتاران لانابرێت، بەڵکو ڕێگەیش خۆشدەکات پەرلەمانتارانی کورد دادگاییبکرێن.
لە (١)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٦) لە میدیاکاندا هەوڵی گۆڕینی سیستەمی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی بڵاوکرایەوە. هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەدا بوو، کە سیستەمەکە بە جۆرێک دەبێت ئەردۆغان لە یەک کاتدا سەرۆکی سیستەمەکە دەبێتو دەست بە سەر تەواوی دەسەڵاتو جومگەکانی بەڕێوەبردندا دەگرێت. بە واتایەکی دیکە لەم سیستەمەدا سەرۆک دەسەڵاتی تەواوەتیی دەبێت بە سەر ئۆرگانەکانی وەک سەرۆکی دادگای دەستووری، دادگای پێداچوونەوە، ئەنجومەنی ڕاوێژکاران، ئەنجومەنی باڵای دادوەرانو پارێزەرانو سەرۆکی زانکۆکاندا، لە زۆر جومگەی دیکەدا دەسەڵاتی گۆڕینو دانانی دەبێت.
هەتا دەهات، لەلایەن دەسەڵاتەوە خواستو گوشارەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ هێنانەکایەی سیستەمی سەرۆکایەتی زیاتر دەبوو، لە بەرانبەریشدا بەرەیەکی ناڕازیی بەهێز هەبوو دژی دەسەڵاتی خۆسەپێن، دەسەڵاتدارانی تورکیا لەو باوەڕەدا بوون دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە، خزمەتکردنە بە سەروەریی تورکیا، هەر بۆیە هەڵمەتی دەستگیرکردنی سەرکردە سیاسییەکانی هەدەپە دەستیپێکرد. لە (٢٥)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٦) گولتەن کشاناک؛ هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەد، دەستگیرکرا. لە (٤)ی تشرینی دووەمی (٢٠١٦) فیدان یۆکسەکداغ؛ هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە ماڵەکەی خۆی لە ئەنقەرەو هاوکات سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هاوسەرۆکی هەدەپە، لە ماڵەکەی خۆی لە ئامەد دەستگیرکران.
“دەمیرتاش” بەم جۆرە باس لەو ساتە دەکات: کاتێک لە ماڵ هاتمەدەرەوە، دیلدای کچە بچووکم پێیگوتم: “باوکە مەڕۆ”، دەتوانم بڵێم: ئەو ساتە تاکەساتی ژیانم بوو، کە خۆمم تێیدا بێدەسەڵات دەبینی. منیش گەڕامەوە، باوەشم بە دیلدادا کردو پێمگوت: کچەکەم، دڵنیا بە دەگەڕێمەوە(٧).هەر ئەو ڕۆژە هێرشێکی خۆتەقاندنەوە لە شوێنی دەستگیرکردنەکەی دەمیرتاشو یوکسەکداغ دەکرێت. لە هێرشەکەدا (١٢) کەس گیانلەدەستدەدەن، (١٠٠) کەسی دیکە برینداردەبن. پاش تەقینەوەکە هەدەپە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، تەقینەوەکە دەستی داعشی لە پشتە، ئامانجیش لە تەقینەوەکە بۆ کردنەئامانجی هەریەک لە هاوسەرۆکەکانی هەدەپە بووە. “دەمیرتاش” لە پاش دەستگیرکردنی نوسراوێکی دەستیی دایە پارێزەرەکانیو تێیدا دەڵێت: “لەمڕۆدا ڕووبەڕووی کودەتایەکی مەدەنی بووینەتەوە لەلایەن حکومەتو کۆشکی کۆمارییەوە، تورکیا پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە. منو هاوڕێکانم لە هەر شوێنێکو هەر قۆناغێکدا بێت، لە دژی ئەم کودەتا نایاساییە دەوەستینەوە، ئێمە بەبێ وچان لە ئێستاو داهاتوودا لەگەڵ گەلەکەماندا دەبین، هەموان پێکەوە کۆششو خەبات بۆ دیموکراسیو ئازادی دەکەین”(٨). لە پاش ڕوداوی تەقینەوەکەی ئامەد، “دەمیرتاش” گوازرایەوە بۆ زیندانی ئەدرنە.
یەکەم یادەوەریی “دەمیرتاش” لە زینداندا ماندوویەتی بوو، بەڵام لە ڕۆژەکانی دواتردا ئیمزای لە سەر زۆر کاری گرنگ کرد. یەکەم هەنگاوی ڕۆژانە وتاری بۆ ڕۆژنامەو وێبسایتەکان دەنووسی. لە نوسینێکدا دەڵێت: بەندکردنی من بەو ئەندازەیە نییە، کە کاریگەری لە سەر هزرم بکات، وێنا جوانەکانی دەرەوەی زیندان لەیادبکەن. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوانەی لە پشتی زیندانیکردنی ئێمەوەن، دروستکردنی ترسە لە لای خەڵک، دەیانەوێت پاکتاوی سیاسی بکەن. ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەو ئامانجە پوچەڵبکەینەوە. لە ڕێکەوتی (١٦)ی نیسانی (٢٠١٧) ڕیفراندۆمێک بۆ پڕۆژەیاسای بەڕێوەبردنی وڵات ئەنجامدرا، بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ کۆماریو ئەنجامەکە بە لە سەدا (٤٩) بۆ (٥١) ڕاگەیەنراو سیستەمی بەڕێوەبردن گۆڕدرا.
کاریگەریی ئەردۆغان لە سەر بڕیارەکانی دادگا
هەفتەو مانگ بە سەر دەستگیرکردنی “دەمیرتاش”دا تێپەڕیبوون، لە پارێزگا جیاوازەکانەوە لە ڕێگای دادگاوە دۆسیەی یاسایی لە سەر دەکرایەوە، لە هەندێک لە دانیشتنەکانی دادگاییکردنیدا، لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە (سیستەمی دەنگو ڕەنگ) بەشدارییدەکرد. هێشتا وادەی دادگاییە سەرەکییەکەی دیار نەبوو، کە بە تێکڕا لەلایەن داواکاری گشتییەوە داوای سەپاندنی (١٤٢) ساڵ زیندانی بە سەر ناوبراودا دەکرا. لە کاتێکدا تەنها بە یەک دۆسیە زیندانیکرابوو، ئەوانی دیکە بەبێ مانەوەی لە زینداندا دەکرا پڕۆسەی دادگاییکردنی بەردەوامبوایە. کاتێک چاوەڕێی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی بوو بۆ دۆسیە سەرەکییەکەی، پێشهاتێک هاتەئاراوە. لە شاری “هامبۆرگی ئەڵمانیا” لە کۆبوونەوەی (جی-٢٠)دا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی کرد. لەوێ پرسیارێک لە سەر دەمیرتاش ئاڕاستەی ئەردۆغان کرا، ئەرۆغان لە وەڵامدا گوتی: ئەو کەسەی باسیلێوەدەکەن، تیرۆریستە. تیرۆریستێکە، بە ئەندازەی ئەوەی بانگەوازی ئەوەی کردووە، هەموو برا کوردەکانم بڕژێنێتەسەر شەقامو هۆکار بووە بەوەی (٥٣) هاوڵاتی لە برا کوردەکانم بکوژرێن.دواتر “دەمیرتاش” زۆر بە ڕوونی وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە: سەرەتا هەموو ئەو سوکایەتیو تۆمەتانەی خرانەپاڵ منو ملیۆنان بە هەمان شێوە وەک خۆی دەگەڕێنمەوە بۆ ئێوە. دەمەوێت سوپاستبکەم بۆ ئەو دانپێدانانە، بەوەی ئێمەتان لەو دوودڵییە ڕزگارکرد، بەوەی بەو لێدوانە زانیمان، کە دۆسیەکەمان هیچ پەیوەندی بە یاساو دادگاوە نییە، بەڵکو تەواو بۆچوونی ئێوەیە لە سەر ئێمە. ماوەی شەش بۆ هەشت مانگە ئەو دادوەرانەی لە ژێر فەرمانی تۆدا دۆسیەیان بۆ ئێمە کردووەتەوە، بە ناوی دۆسیەی کۆبانێ، کە گوایە ئێمە بانگەوازمان بۆ خەڵک کردووە بڕژێنەسەر شەقامەکانو گرژیو پشێویبنێینەوە. یەکەم دانیشتنی دادگا بۆ دۆسیە سەرەکییەکەی “دەمیرتاش” پاش ساڵێکو مانگێکو سێ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی بەڕێوەچوو. دەمیرتاش لە تویتێکدا دەڵێت: “من قوربانی گەلی خۆم دەبم، ئێوە نیگەرانمەبن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هیوای خۆتان، یەکێتیی خۆتان پتەوتربکەنو باوەڕدار بن، ئێمە هەر سەردەکەوین”. لە پاش ئەوەی دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو داوای لە تورکیا کرد سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، ئازادبکات، دادگاکە ئەوەیشی ڕوونکردەوە، کە زیندانیکردنی دەمیرتاش لە دۆسیەیەکی یاسایی زیاتر، مەسەلەیەکی سیاسییەو هیچ پەیوەندیی بە یاساوە نییە. لە پاش ئەوەیش ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەوروپا هەمان داوای لە تورکیا کرد، کە دەمیرتاش ئازادبکات، هەتا ئەو کاتە دەمیرتاش ماوەی چوار ساڵ بوو دەستگیرکرابوو، پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی زۆر خاو بەڕێوەدەچوو. دواجاریش “بولەنت ئاڕنچی”؛ ڕاوێژکاری ئەردۆغان، پێیوایە نادادپەروەرییەک لە زیندانیکردنی دەمیرتاشو دادگاییکردنەکەیدا هەیە، ئەمەیش فاشیزمی تورکیای توڕەکردو داوایانلێکرد دەستلەکاربکێشێتەوە. لە پاش ئەو ڕاگەیەنراوە ئەردۆغان سەرکۆنەی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای کرد، گوتی: “دادگاکانی ناوخۆی تورکیا بڕیار لە سەر ئەم پرسە دەدەن، ئەمە بە تەواوی پەیوەندی بە یاساکانی تورکیاوە هەیە”. بە شێوەیەکی گشتی دۆسیەکەی دەمیرتاش سیاسی بوو، هەروەها ئەردۆغان ڕۆڵی گرنگی لە دەرکردنی بڕیارەکانی دادگادا هەبوو، دادگا دادوەرانەو سەربەخۆیانە بڕیاری لە سەر دۆسیەی دەمیرتاش نەدەدا.
ئەزموونی نوسینی ئەدەبیی دەمیرتاش لە زینداندا
یەکەم کتێبی دەمیرتاش بە ناوی “سەحەر”ەوە بڵاوکراوەتەوە. ماوەیەک بوو ئەو چیرۆکانەی دەمیرتاش لە زینداندا دەینووسین، لە ڕۆژنامەکاندا بڵاودەکرانەوە، دوای کۆکردنەوەی ئەم چیرۆکانەو پێداچوونەوەیانو دواتریش زیادکردنی چەند چیرۆکێکی نوێ، سەرجەمیان لە کتێبێکدا بە ناوی “سەحەر”ەوە لە ڕۆژی (١٦)ی ئەیلوولی (٢٠١٧)دا بڵاوکرایەوە. لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی کۆپیی چاپی یەکەمی کتێبەکە فرۆشرا، لە چاپی دووەمدا (٢٠٠) هەزار دانە زیاتری لێچاپکرایەوە. کتێبەکە فرۆشی زۆری هەبوو، بۆ ماوەیەکی زۆر لە لیستی ئەو کتێبانەدا مایەوە، کە پڕفرۆشترین بوون. ئەو ژنانەی خوێنەری کتێبەکە بوون، وێنەی ئەو ژنەی لە سەر بەرگی کتێبەکە دانرابوو لەگەڵ وێنەی خۆیان لە پلاتفۆڕمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تویتەر، فەیسبووک، وەتسئەپ بڵاویاندەکردەوە. لەلایەن ئەدەبیاتناسانو ڕەخنەگرانیشەوە پێشوازیی زۆری لێکرا، کتێبەکە بە زمانی تورکی بڵاوکرایەوە، دواتر وەرگێڕدرایەسەر زمانەکانی کوردیی سۆرانی، کوردیی کرمانجی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، هۆڵەندی، ژاپۆنی، ئیندۆنیزیو چەند زمانێکی دیکە. بەمەیش دەمیرتاش بوو بە نوسەرێکی دیار لە سەر ئاستی جیهانی، کتێبەکە هەر لەو سنوورەدا نەمایەوە، بەڵکو یەکێک لە چیرۆکەکانی دەمیرتاش بە ناوی “ئاسومان” کورتەفیلمێکی لێدروستکرا. فیلمەکە لە فیستیڤاڵی “پرتەقاڵی ئاڵتوونیی ئەنتاڵیا” خەڵاتی باشترین ڕکابەری فیلمی بردەوە، دەمیرتاش ئاماژە بەوە دەکات، کە یەکەم چیرۆکی خۆی لە دەرەوەی زیندان نوسیوە لە گەشتێکدا لە فڕۆکەدا، هەروەها دەڵێت: “سری سورەیا ئۆندەر” نوسینەکانی منی زۆر بەدڵبووە.یەکەم دەقی شیعریی دەمیرتاشیش لە سەر بینای بارەگای هەدەپە هەڵواسرا، بەرانبەر بەمە پۆلیس هەڵیکوتایەسەر بارەگای هەدەپەو ئەندامانی هەدەپەی دەستگیرکرد، لە یەکی تشرینی یەکەمی (٢٠١٧)دا لە فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی خەڵاتی “ئەحمەد کایا” پێشکەش بە سەڵاحەدین دەمیرتاش کرا، لە پاش ئەم خەڵاتە دەمیرتاش دەیان خەڵاتی ئەدەبیی دیکەی پێشکەشکرا. دەمیرتاش زۆربەی شەوان لە ژوورەکەیدا لەگەڵ عەبدوڵڵا زەیدانی هاوژووریدا پێکەوە بە سازژەنینەوە گۆرانییەکانی ئەحمەد کایایان دەگوتەوە.
دەمیرتاش لە زینداندا لە کارە هونەرییەکانی بەردەوامبوو. کاتێک لە دەرەوە لە ناو سیاسەتدا چالاک بوو، لە پاڵ کاری سیاسیدا لایەنە هونەرییەکەشی دیار بوو. لە زیندان هۆنراوەی گۆرانیی دەنووسی، یەکێک لەو هۆنراوانەی بە ناوی “سوتانی بێئومێدی”یەوە بوو، لەلایەن “مەتینو کەمال قەهرەمان”ەوە گۆرانییەکە وترایەوە.
لە دووی نیسانی (٢٠١٩)دا دووەم کتێبی چیرۆکی دەمیرتاش بە ناوی “دەوران” کەوتەبەر دیدی خوێنەران. ئەم کتێبە لە چواردە چیرۆک پێکدێت. ئەم کتێبەیشی فرۆشێکی زۆری هەبوو، کتێبەکە وەرگێڕدرایەسەر زمانی فەڕەنسیو کاندیدکرا بۆ باشترین خەڵاتی ئەدەبیی فەڕەنسی، دواتر هونەرمەندان بەشێک لە چیرۆکێکیان بەکارهێنا لە شانۆگەرییەکدا، کە بینەرێکی زۆری هەبوو. لە ساڵی (٢٠١٩)دا خەڵاتی بوێری سیاسی بە دەمیرتاش دراو “باشاک دەمیرتاش”ی هاوسەری خەڵاتەکەی وەرگرتو لە بریی دەمیرتاش وتارێکی پێشکەشکرد. لەلایەن وەقفی سۆشیال دیموکراتەوە خەڵاتی مافی مرۆڤ بۆ دیموکراسیو ئاشتی لە ساڵی (٢٠١٩) بەخشرایە دەمیرتاش، هاوکات یەکەم ڕۆمانی دەمیرتاش بە ناوی “لەیلان”ەوە بڵاوکرایەوە، کە دەبێت بە سێیەم کتێبی دەمیرتاشو یەکەمین ڕۆمانی، خەڵاتی (eimar) بۆ مافەکانی مرۆڤ بە دەمیرتاش دەبەخشرێت لە ئەڵمانیا. لە سەروبەندی هاتنی پەتای (کۆڤید-١٩)، بۆ ماوەیەکی زۆر سەردانەکان بۆ زیندان ڕاگیران، بۆیە دەمیرتاش بە هاوکاریی خێزانەکەی بیری لە نوسینی ئەم ڕۆمانە کردەوەو لە دووی تشرینی یەکەمی (٢٠٢١)دا بڵاوکرایەوە. دەمیرتاش لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٢)دا خەڵاتێکی دیکەی بۆ بوێریی سیاسی پێبەخشرا. کتێبی کورسییە سپییەکەی دەمیرتاش لە پێنجەم ساڵی زیندانی دەمیرتاشدا نوسراوە، ئەم کتێبە بەشێکی کەم لەو ڕەنجو ئازارانە باسدەکات، کە دەمیرتاش لە زینداندا بینیویەتی.
کۆتایی
کتێبی “کورسییە سپییەکەی دەمیرتاش” گێڕانەوەی کۆمەڵێک ڕوداوو بەسەرهاتی سەڵاحەدین دەمیرتاشە بەر لە دەستگیرکردنو ژیانی ناو زیندانو کاتی پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی. نوسەری کتێبەکە زنجیرەیەک چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەمیرتاشو پارێزەرەکانو کەسە نزیکەکانیدا کردووە، هەریەکەیان بیرەوەریو ئەزموونی خۆیان لەگەڵ دەمیرتاش دەگێڕنەوە. لەو ماوەیەدا بە چەندین ڕوداوی ناخۆشدا تێدەپەڕێت، لە زیندان دەبورێتەوەو توشی نەخۆشیی دڵ دەبێت، خانەوادەکەی لە کاتی سەردانی ناوبراودا توشی ڕوداوی هاتوچۆ دەبن. لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای (کۆڤید١٩)دا خانەوادەکەی کەمتر دەتوانن سەردانیبکەن.لە پاش کودەتاکەی (٢٠١٦)، ڕەوشی سیاسی، کۆمەڵایەتیو ئابووری لە تورکیا بە نەرێنی گۆڕدرا، لێکەوتەکانی هەتا ئێستایش بە سەر هەموو جومگەکانی ئەو وڵاتەوە بەردەوامە، لە میدیاوە تاکو لاوازکردنی ڕۆڵی پەرلەمانو گۆڕینی سیستەمی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیو وەلانانی بژاردەی گفتوگۆ بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە، دواتریش دەستگیرکردنی سیاسییەکانی کورد، کە بە ئامانجێکی سیاسی کرانە قوربانی.
دەمیرتاش لە زینداندا هەرگیز بێکار دانەنیشتووەو لە ماوەی زیندانیکردنیدا چەندین کتێبو وتارو دەقی شیعریی بڵاوکردووەتەوەو بووە بە نوسەرێکی دیاری ئەدەبی لە سەر ئاستی جیهان، کتێبەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی دنیا وەرگێڕدراوەو بوون بە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکان لە تورکیادا.وەرگێڕ لە ڕووی ڕێنووسو زمانییەوە هەندێک هەڵەیکردووە لە نوسینەوەی ناوەڕۆکی کتێبەکەدا، کە جوانتر دەبوو، ئەگەر ئەو هەڵانە نەبوونایە. هەروەها لەم کتێبەدا کەمترین قسە لە سەر سیاسەتی هەڵەی کوردانی باکووری کوردستان کراوەو زیاتر هەوڵدراوە دیوە جوانەکانی کورد نیشانبدرێت، کە دەکرێت هەستە نیشتیمانیو نەتەوەییەکە هۆکاری ئەمە بووبێت.
سەرچاوەکان
١. موحسین ئەحمەد عومەر، وێناو ئایدیا، چاپی یەکەم، ٢٠٢٣، دەزگای فام، لاپەڕە ٢٦.
٢. زینار کەرەڤیل، ڕاوێژکاری میدیایی دەمیرتاش، کورسییە سپییەکەی دەمیرتاش، بیرەوەرییەکانی زیندان، وەرگێڕانی: هێژا دڵشاد، چاپی یەکەم، ٢٠٢٥، دەزگای فام، لاپەڕە ١٤.
٣. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ١٥.
٤. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ١٧-١٨.
٥. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٢٣.
٦. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٢٨.
٧. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٥٣.
٨. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٦٠.