• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 20, 2025

دەوڵەتی قووڵ‌و هاوتەریب لە تورکیا

چەمکناسی

ئامادەکردنى تورکیاناسی

تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین سەرقاڵى بۆ توێژەران‌و شرۆڤەکاران دروستکردووە لە بوارى چەمکەکانى دەوڵەتی قووڵ‌و هاوتەریبدا، بە شێوەیەک کە ئەزموونە مێژوویی‌و سیاسییەکەى، مۆدێلێکی ئاڵۆز لە ڕۆڵى دەزگاکانى هەواڵگرىو ئاسایش، سەربازی، دەسەڵاتی دادوەری‌و بیرۆکراسی لە دروستکردنى کاریگەری لە سەر بڕیارە سیاسییەکان نیشاندەدات، چ لە سەرەتای سەردەمی کۆمارییەکان‌و چ لە قۆناغی دوای دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێداندا (AKP).

چەمکی دەوڵەتی قووڵ (Derin Devlet) لە چوارچێوەی تورکیادا ئاماژەیە بۆ تۆڕێک لە هێزی هەڵنەبژێردراو، کە لە پشت پەردەوە کاردەکەن‌و خاوەنی توانای ئاڕاستەکردن یان تەنانەت ڕێگریکردنن لە بڕیارەکانی حکومەت. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی هاوتەریب (Paralel Devlet Yapılanması) ئاماژەیە بۆ ئەو پێکهاتەو دامەزراوە نافەرمییە نهێنییانەى کە هاوشانى دەوڵەت لە ناو دامودەزگاکاندا کاریاندەکردو لەلایەن جوڵانەوەى فەتحوڵڵا گولەنەوە ئاڕاستەدەکران.

چەمکی دەوڵەتی قووڵ لە تورکیا سەرەتاکەى دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی کۆمار لە ساڵی (١٩٢٣) لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە. لەو کاتەوە، سوپای تورکیا خۆی وەک پارێزەری عەلمانیەت‌و دەوڵەت جێگیرکرد، ئەمەش شەرعیەتی ناڕاستەوخۆی پێدا بۆ دەستوەردان لە ژیانی سیاسیدا. سوپای تورکیا چوار کودەتای گەورەی کردووە (1960، 1971، 1980، 1997). هەموو ئەمانە ئامانجیان ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوى دەوڵەت بووە بە پێی دیدی خۆیان، بەڵام لە پراکتیکدا، بەرژەوەندییەکانی دەستەبژێرى سەربازی-بیرۆکراتییان پاراستووە. بە تێپەڕبوونی کات ئەم پێکهاتەیە پەرەیسەندو دەزگای هەواڵگری‌و دەسەڵاتی دادوەری‌و بازرگانانی پەیوەست بە دامەزراوە سەربازییەکەی لەخۆگرت‌و ئەو پێکهاتەیەیان پێکهێنا، کە بە دەوڵەتی قووڵ ناسرا.

دیارترین تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی قووڵی تورکیا، کۆنترۆڵکردنی ناڕاستەوخۆی سیاسەتە لە ڕێگەی تۆڕەکانی هەژموونەوە لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت‌و دەستوەردانى دەزگاکانى ئاسایش‌و سوپا لە ژیانى مەدەنى هاوڵاتیان‌و سیاسەتى میدیایی بە بیانووى پاراستنى بەها کۆمارییە کەمالیستییەکان، وەک عەلمانیەت‌و نەتەوەپەرستى‌و دواجار بەکارهێنانی توندوتیژی دژی حیزب یان هەر گرووپ‌و لایەنێکى ئۆپۆزسیۆن، وەک ئەوەی لە هەشتاکان‌و نەوەدەکاندا دژ بە کوردو چەپەکاندا کردیان.

یەکێک لەو حاڵەتە بەناوبانگانەی کە بوونی ئەم پێکهاتەیەی ئاشکراکرد، ئابڕووچوونەکەى سوسورلوکی ساڵی (١٩٩٦) بوو. کاتێک ئۆتۆمبێلێک کە ئەندامێکى پەرلەمان‌و ئەفسەرێک‌و سەرکردەیەکی میلیشیایەکی ڕاستڕەوی توندڕەوی تێدا بوو، پێکیاندادا. ئەو ڕوداوەى کە بووە هۆى ئاشکراکردنى پەیوەندییەکانى نێوان دەوڵەت‌و سوپاو مافیا.

کاتێکیش پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) لە ساڵی (٢٠٠٢)دا دەسەڵاتى گرتەدەست، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕەوتێکى چاکسازیخوازانەی گرتەبەرو بەڵێنی کەمکردنەوەی کاریگەریی دەوڵەتی قووڵ‌و ملکەچکردنی سوپاى بۆ دەسەڵاتی مەدەنی دا. لە ماوەی دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی پارتەکەى، هەڵمەتی گرتنى بەرفراوان دەستیپێکرد، کە بە دۆسیەکانى ئەرگەنەکۆن‌و چەکوش ناسرا. ئەفسەرو کەسایەتییە باڵاکانی میدیای کردە ئامانج، کە تۆمەتبار بوون بە پیلانگێڕیی کودەتا. ئەگەرچی ئەم حاڵەتانە بە شێوەیەکی کاریگەر هەژموونى سوپایان لاوازکرد، بەڵام دەرگای بۆ سەرهەڵدانی هێزێکی شاراوەی دیکە کردەوە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، کە بە دەوڵەتی هاوتەریب ناسرابوو و جوڵانەوەى فەتحوڵڵا گولەن نوێنەرایەتییدەکرد.

دەستەواژەی دەوڵەتی هاوتەریب لە تورکیا بۆ وەسفکردنی تۆڕی ڕێکخراوەیی سەر بە جوڵانەوەى گولەن بەکاردێت، کە هاوتەریب لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت کاریاندەکردو دزەیانکردبووەناو پۆلیس، دەزگاى هەواڵگری، دادوەری، پەروەردەو ڕاگەیاندنەوە. دیارترین تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی هاوتەریب بریتی بوون لە:

– ڕێکخستنی پلەبەندیی نهێنی: پێکهاتووە لە ئیمامەکان، کە سەرپەرشتی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت دەکەن.

– دزەکردنی بۆ ناو کەرتى پەروەردە: لە ڕێگەی قوتابخانەو زانکۆکانی سەر بە جوڵانەوەکەوە.

– کاریگەری لە سەر دەسەڵاتی دادوەری‌و پۆلیس: لە ڕێگەى بەکارهێنانی پۆستى هەستیار بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانى جوڵانەوەکە.

– کاری هەواڵگری: کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر سیاسەتمەداران‌و دامەزراوەکان.

– دابینکردنى پشتیوانیی دارایی لە ڕێگەی تۆڕە جیهانییەکانەوە: قوتابخانەکان، کۆمپانیاکان‌و دامەزراوە خێرخوازییەکان لە زیاتر لە (١٠٠) وڵاتدا.

ئەم گرووپە سەرەتا هاوپەیمانیی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە)یان کرد دژی دەستەبژێرە سەربازی‌و عەلمانییەکان، بەڵام ململانێی نێوان ئەو دوو حزبە لە دوای ساڵی (٢٠١٣) سەریهەڵدا، ئەوەش دوای ئاشکراکردنى گەندەڵییەکی حکومەت. ئەردۆغان جوڵانەوەى گولەنی تۆمەتبارکرد بە ڕێکخستنی ئەو کارە.

لە (15)ی تەمموزی (2016)، تورکیا شایەتحاڵی هەوڵێکی شکستخواردووی کودەتایەکى سەربازی بوو، کە جوڵانەوەى گولەن تۆمەتبارکرا بەوەی لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە ڕێکخستووە. حکومەت بە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی وەڵامی ئەو هەوڵەى دایەوە، لەوانە: پاکتاوکردنی بەربڵاوی زیاتر لە (١٥٠) هەزار فەرمانبەرى دەوڵەتى هاوتەریب لە بواری سەربازی‌و پۆلیس‌و دادوەری‌و پەروەردەو داخستنی هەزاران قوتابخانەو دامەزراوەی پەیوەست بەو جوڵانەوەیەو بەم شێوەیە کاریگەریی دەوڵەتی هاوتەریب بە فەرمی کۆتاییهات. هەرچەندە ئەم دوو چەمکە لە فۆرمدا هاوشێوەن، بەڵام لە ناسنامەو قۆناغی مێژووییدا جیاوازن.

خاڵى بەراورد
دەوڵەتى قووڵ
دەوڵەتى هاوتەریب
شوناسی ئایدیۆلۆژی
ناسیۆنالیست، عەلمانی
ئایینی (بانگەوازخواز)
سەردەمی کار
لە دامەزراندنی کۆمارەوە تا سەرەتای ساڵانی (٢٠٠٠)
لە ساڵی (٢٠٠٠)ەوە تا (٢٠١٦)
ئامانج
پاراستنی دەوڵەت لە ئیسلامی سیاسی، هەوڵى جوداخوازیی کورد
کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ناوەوە
هێزی جوڵێنەر
سوپاو دەزگاکانى هەواڵگرى‌و ئاسایش
جوڵانەوەى گولەن

 

هەڵوێست بەرانبەر بە ئەردۆغان
دوژمنێکی کۆن
هاوپەیمانی پێشوو، پاشان دوژمن
شێواز
کودەتای سەربازی‌و ئۆپەراسیۆنی شاراوە
دزەکردنى نهێنی بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت

بەڵام لە دواى (2016)ەوە وەشانێکی نوێی دەوڵەتی قووڵ لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) لەدایکبووەوە. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی قووڵی نوێ بریتی بوون لە:

– کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری‌و ڕاگەیاندن‌و بەسیاسیکردنی دامودەزگا فەرمییەکان.

– بەکارهێنانی دەزگا ئەمنییەکان بۆ گۆشەگیریکردنی نەیارانی سیاسی‌و ناڕازییەکان.

– هاوپەیمانی لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن‌و بازرگانانی کۆنەپارێز لە ڕێگەی میکانیزمی دابەشکردنی تەندەرو پڕۆژەی گەورەوە.

– دوورخستنەوەو کەنارخستنى ئۆپۆزسیۆن‌و لاوازکردنی شارەوانییەکان.

بەم شێوەیە تورکیا لە سەردەمى ئاکەپە لە دەوڵەتێکی قووڵی تەقلیدیی ملکەچی سوپاوە گوازرایەوە بۆ دەوڵەتێکی قووڵی ملکەچی سەرۆک.

سەرچاوەکان

  1. Zurcher, Erik J. Turkey: A Modern History. I.B. Tauris, 2017.
  2. Ahmad, Feroz. The Making of Modern Turkey. Routledge, 2013.
  3. Jenkins, Gareth. “Between Fact and Fantasy: Turkey’s Ergenekon Investigation.” Silk Road Paper, Central Asia-Caucasus Institute, 2009.
  4. Freedom House Report, Turkey: The End of Competitive Authoritarianism, 2024.
  5. SWP Berlin, Turkey’s Authoritarian Drift Accelerates, 2025

 

Send this to a friend