لێکدانەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران: بەرژەوەندی ستراتیژیی، هێز و کاریگەری
Decoding Iran’s Foreign Policy: Strategic Interests, Power, and Influence
ڕانان: ئارام مەحمود ئەحمەد

ئەم کتێبە لە نووسینی (ڕۆس هاریسۆن Ross Harrison)،ساڵی 2025 بڵاوکراوەتەوە، لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ لێکدانەوەی بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران. نووسەر بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەکییەدا دەگەڕێت: کام هێز، بیروباوەڕ و بەرژەوەندی ئاڕاستەی هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی ئێران لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی دەکەن؟
کتێبەکە هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران تەنیا وەڵامدانەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو سیستەمێکی ئاڵۆزی بەرژەوەندی ستراتیژی، دەسەڵاتی ناوخۆیی و کاریگەرییە هەرێمییەکانە.
نووسەر، کتێبەکەی بۆ چەند بەشێک دابەشکردووە و لێرەدا بەش بەش خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت.

بەشی یەکەم: چوارچێوەی تیۆریی و تێڕوانینی جیهانی ئێران
1.1. بەرژەوەندی لە سەرووی بیروباوەڕەوە
ڕۆس هاریسۆن کتێبەکەی بە ڕەتکردنەوەی لێکدانەوە باوەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەستپێدەکات، کە زۆرجار تەنیا لە چوارچێوەی (ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕی شیعی)دا دەیبیننەوە. ئەو پێشنیاری چوارچێوەیەکی تیۆریی دروستتر دەکات: ئێران لە بنەڕەتدا وەک دەوڵەت-نەتەوە هەڵسوکەوت دەکات، کە بڕیارەکانی لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییە کلاسیکییەکان و پێویستییەکانی مانەوەی دەسەڵاتەکەی بوونیادنراون. هەرچەندە ئایدۆلۆژیا ڕۆڵ دەبینێت، بەڵام زیاتر وەک ڕەوایەتیپێدەر و کەرەستەیەک بۆ ڕازیکردنی جەماوەر بەکار دەهێنرێت، نەک بڕیاردەری سەرەکی.
تێزە سەرەکییەکانی هاریسۆن بریتین لەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە مۆدێلی ڕیالیزمی هێرشبەرانە (Offensive Realism) نزیکە، بە تایبەت لە هەوڵی بەدەستهێنانی باڵادەستی هەرێمی(Regional Hegemony) لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. سیاسەتی ئێرانیش دابەش دەکات بۆ سێ تەوەری ئاسایشی ڕژێم (بە پلەی یەکەم)، بەرژەوەندی نیشتمانی (ئابووری و سەربازی)، ئامانجە هەرێمییە درێژخایەنەکان.
- تێڕوانینی جیهانیی ئێران: دەوڵەتی قوربانی
هاریسۆن بە وردی شرۆڤەی ئەو تێڕوانینە جیهانییەی ئێران دەکات کە وای لێدەکات هەست بە هەڕەشەیەکی هەمیشەیی بکات. ئەم تێڕوانینە لە چەند ڕەگێکەوە سەرچاوە دەگرێت، کە یەکەمیان بریتییە لە مێژووی دەستوەردانی دەرەکی و کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی و ڕووسی، پاشان کودەتاکەی 1953 (کە بە پشتگیری ئەمریکا ئەنجامدرا)، هەستێکی قووڵی بێ متمانەیی لە بەرامبەر زلهێزەکاندا لەلایەن سەرکردایەتی ئێرانەوە دروستکردووە. دووەمیش شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق و پشتیوانیکردنی جیهانی عەرەبی و ڕۆژئاوا لە سەدام حسێن، وای لێکردن بڕوایان بەوە هەبێت، کە بێجگە لە خۆیان هیچ هاوپەیمانێکی دڵسۆز و هەمیشەییان نییە. هەروەها ئێران بە بەردەوامی هەست دەکات، کە لەلایەن سیستەمی نێودەوڵەتییەوە پەراوێزخراوە و مافەکانی پێشێل دەکرێت، بە تایبەتی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانییەکانەوە. ئەم تێڕوانینە گوماناوییە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی (ستراتیژیی بەرگریی بێهاوتا) و بۆ پاراستنی خۆی پشت بە پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی، پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی و بەکارهێنانی بریکارەکانی(Proxies) دەبەستێت.
3.1. ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا: شۆڕشی ئیسلامیی و قوڵایی ستراتیژیی
ئایدۆلۆژیا، بە تایبەت پرەنسیپی ویلایەتی فەقیهـ، وەک پێکهاتەیەک کار دەکات کە بڕیارە ستراتیژییەکانی پێ دەدرێت. هاریسۆن دەڵێت، “ئایدۆلۆژیا کەرەستەیەکی بەهێزە بۆ دامەزراندنی تۆڕێک لە هاوپەیمانان (کە زۆربەیان لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەنی شیعەن) کە وەک قووڵایی ستراتیژی بۆ ئێران کار دەکەن”.
بە واتایەکی تر، هەناردەکردنی شۆڕش هێندەی ئامانجێکی ئایینییە، ئەوەندەش ئامانجێکی جیۆپۆلەتیکییە بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو لە دەوری سنوورەکانی ئێران.
بەشی دووەم: کایەی بڕیاردان و کاریگەرییە ناوخۆییەکان
2.1. بڕیاردان
سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەلایەن دەسەڵاتێکی ناوەندگەرا و ئاڵۆزەوە بەڕێوە دەبرێت و هاریسۆن پێکهاتەکە پۆلێن دەکات بۆ: 1) ڕابەری باڵا (عەلی خامنەیی)، کە بڕیاردەری کۆتایی و یەکلاکەرەوەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانییە. بڕیارەکانی زیاتر لە چوارچێوەی پاراستنی سیستەم و جێبەجێکردنی دیدگای شۆڕشگێڕیدایە. 2) سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی، کە دەزگای سەرەکی جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە، بە تایبەت لە ڕێگەی هێزی قودسەوە. پاسداران بێجگە لە ڕۆڵی ئەمنی، ڕۆڵێکی گەورەی لە دیاریکردنی ستراتیژییە هەرێمییەکان، بەڕێوەبردنی بریکارەکان و بەرنامەی مووشەکیدا هەیە. 3) وەزارەتی دەرەوە و حکومەت، کە وەزارەتی دەرەوە، زیاتر ئەرکی دیپلۆماسی نەرم و بەڕێوەبردنی پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ئەستۆدایە. هاریسۆن جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زۆرجار حکومەت لە بڕیارە ستراتیژییەکاندا (وەک پرسی ئەتۆمی، یان سیاسەتی هەرێمی) دوایین بڕیار نادات.
2.2. ململانێی ناوخۆیی و کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوە
گرنگترین تەوەری ئەم بەشە بریتییە لە باسکردنی ململانێی هەمیشەیی لەنێوان دوو باڵی سەرەکی ناو سیستەمی ئێراندا، باڵی توندڕەو (پاسداران و ڕابەر)، کە باوەڕیان بەوەیە هەر چەشنە دانوستانێک لەگەڵ ڕۆژئاوا (بە تایبەت ئەمریکا) بێسوودە و دەبێت ئێران پشت بە هێزی ناوخۆیی و بەرگری ببەستێت. باڵی میانڕەو/ڕیفۆرمخواز (هەندێک لە سەرۆک کۆمارەکان و وەزارەتی دەرەوە) پێیانوایە باشترە لە ڕێگەی دانوستان و سازشکردنی سنووردارەوە، گەمارۆکان لاببرێن و پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ جیهاندا ئاسایی بکرێنەوە.
نووسەر پێیوایە ئەم ناکۆکییە ناوخۆییە (کە لە سەردەمی ڕۆحانی و دانوستانەکانی ڕێکەوتنی ئەتۆمیشدا بە ڕوونی دەرکەوت) وای لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران کردووە دوولایەنە بێت، کە دیپلۆماسی پێشکەوتوو لەلایەن وەزارەتی دەرەوە نوێنەرایەتی دەکرێت و دەیەوێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کار بکات. هەروەها لایەنی نهێنی، کە لەلایەن هێزی قودس و سوپای پاسدارانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت و سیاسەتی دەستوەردانی هەرێمی بەڕێوە دەبات. هەبوونی ئەم دوو باڵە دژە، وای کردووە هاوپەیمانان و دوژمنانی ئێران بە قوورسی بتوانن پێشبینی هەڵسوکەوتی تاران بکەن.
3.2. کاریگەریی ئابووری
هاریسۆن جەخت لەسەر ئەو کاریگەرییە دەکاتەوە، کە ئابووری لەسەر بڕیارەکانی دەرەوەی ئێران هەیەتی. گەمارۆ توندەکان وایان لە ئێران کردووە پەرە بە ئابووری بەرگری بدات، کە تێیدا پەیوەندییە دەرەکییەکان زیاتر لەگەڵ وڵاتانی وەک چین و ڕووسیا پەرە پێ بدرێت بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و ڕۆژئاوا. ئەم پێداویستییە ئابوورییە پاڵنەرێکی سەرەکی بوو بۆ ڕێکەوتنی ئەتۆمی 2015 و هەرەسهێنانی ڕێکەوتنەکەش وای لە تاران کرد زیاتر ڕوو لە ستراتیژە هەرێمییەکانی بکاتەوە.
بەشی سێیەم: قووڵایی ستراتیژیی
1.3. ئامانجی باڵادەستی هەرێمی و سیاسەتی بریکارەکان (Proxies)
گرنگترین بەشی کتێبەکەی هاریسۆن شرۆڤەی ئەو ستراتیژەیە، کە ئێران بۆ بەدەستهێنانی باڵادەستی لە ناوچەکەدا بەکاریدەهێنێت. ئەو ئەم ستراتیژە بە (قووڵایی ستراتیژی) ناو دەبات، کە مەبەست لێی دروستکردنی زنجیرەیەک خاڵی بەرگری و فشارە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بەرگری لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران و هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ڕکابەرە سەرەکییەکان (ئیسرائیل و سعودیە). هەروەها جێگیرکردنی پێگەی خۆی وەک یەکێک لە بڕیاردەرە هەرێمییە سەرەکییەکان.
2.3. ئێران و لوبنان: حیزبوڵڵا وەک مۆدێلی سەرکەوتن
حیزبوڵڵا وەک مۆدێلی سەرکەوتووی ستراتیژییە هەرێمییەکەی ئێران سەیر دەکرێت، کە حیزبوڵڵا ڕەوایەتی لە بنەماکانی ویلایەتی فەقیهـ وەردەگرێت، ئەمەش دڵسۆزییەکی قووڵ دەخوڵقێنێت و ئێران بە هاوکاری زۆری دارایی، چەک و مەشق، حیزبوڵڵای کردووە بە هێزێکی سیاسی و سەربازی گەورە لە لوبنان، کە وەک کارتێکی فشار دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاریدەهێنێت و ڕێگەی بە ئێران داوە بەبێ تێوەگلانی ڕاستەوخۆ، کاریگەری لە سەر سنوورەکانی ئیسرائیل دروست بکات.
3.3. عێراق: گۆڕەپانی ململانێ و کاریگەری
داگیرکاریی ئەمریکا بۆ عێراق لە 2003، لە دیدی هاریسۆنەوە، گەورەترین دیاری بوو بۆ ئێران، کە بووە هۆی ڕووخاندنی سەدام حسێن، دوژمنە سەرسەختەکەی ئێران و دروستکردنی سیستەمێکی سیاسی گونجاو، کە ئێران بە پشتیوانیکردنی لە حیزب و میلیشیای شیعی (وەک حەشدی شەعبی) توانی کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دابنێت، لەلایەکی تریشەوە عێراق بووە ڕێگەیەکی سەرەکی بۆ گەیاندنی چەک و یارمەتی بۆ سووریا و لوبنان (ڕێگەی زەمینی تاران- بەغدا- دیمەشق- بەیروت).
نووسەر باس لەوە دەکات کە ئێران لە عێراقدا سیستەمێکی سێبەری دەسەڵات بەڕێوەدەبات، کە تێیدا بریکارەکانی (میلیشیاکان) دەسەڵاتیان لە حکومەت زیاترە.
٣.٤ سووریا: بەرگریکردن لە هاوپەیمانێتییە سەرەکییەکان
شەڕی ناوخۆی سووریا ڕێگەی بە ئێران دا هاوپەیمانێتییە ستراتیژییەکەی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد بپارێزێت، کە لە ڕاستیدا لە دەیەی 1980ـەوە دەستی پێکردبوو. ئەسەد و سووریا وەک دەروازەی سەرەکی بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ حیزبوڵڵا کاریان دەکرد (تا بەرلە ڕووخانی ئەسەد). هەروەها شەڕی سووریا یەکەم گۆڕەپانی سەرەکی بوو بۆ هاوکاری سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیا، کە ئەمەش بۆ ئێران بۆ بەدەستهێنانی هاوپەیمانێک لە دەرەوەی ناوچەکە گرنگ بوو.
5.3. یەمەن: حوسییەکان و گوشار لەسەر کەنداو
پشتیوانیکردنی ئێران بۆ حوسییەکان لە یەمەن وەک تاکتیکێک لێکدەدرێتەوە، لەلایەکەوە بۆ گوشار لەسەر سعودیە، کە ئەمە تەنیا وەڵامدانەوەیەک نییە بۆ دەستوەردانی سعودیە لە یەمەن، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ خستنەژێر فشار و سنووردارکردنی هەژموونی سعودیە لە ناوچەکەدا. لەلایەکی ترەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازەی دەریایی، کە یەمەن نزیکە لە گەرووی بابولمەندەب و ئەو گەرووە گرنگییەکی ستراتیژی بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێگەکانی گواستنەوەی دەریایی هەیە.
بەشی چوارەم: پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
1.4. پەیوەندییەکی پڕ لە گومان لەگەڵ ئەمریکا
گرنگترین و ئاڵۆزترین پەیوەندیی ئێران پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکایە. هاریسۆن چوارچێوەی لێکدانەوەی ئێران بۆ ئەمریکا وەک “دوژمنێکی نەگۆڕ” دەخاتە ڕوو، کە ئامانجی کۆتایی ڕووخاندنی ڕژێمەکەیە. لە دیدی تارانەوە، هەموو سیاسەتەکانی ئەمریکا، لە گەمارۆی ئابوورییەوە تا بەردەوامبوونی سەربازی لە ناوچەکەدا، ئامانجی کۆتایی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە، لەبەرئەوە تاران تەنیا ئەو کاتە ئامادەی دانوستانە، کە هەست دەکات لە پێگەیەکی بەهێزدایە، بە پێچەوانەوە هەموو جۆرە دانوستانێک وەک سازشکردن و لاوازبوون دەبینێت.
بە نیسبەت ڕێکەوتنی ئەتۆمی، ڕێکەوتنەکەی 2015 وەک نمونەی کاتیی پێکهاتن لەسەر بەرژەوەندییەکانی هەردوولا لێکدەدرێتەوە (ئێران گەمارۆی لەسەر لادرا، ئەمریکا پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانی بۆ ماوەیەک کۆنترۆڵ کرد)، بەڵام کشانەوەی ترەمپ لە ڕێکەوتنەکە وای لە تاران کرد گومانی زیاتری بەرامبەر ڕاستگۆیی ئەمریکا هەبێت.
2.4. پرۆگرامی ئەتۆمی: بۆ بەرگری، یان هێرش؟
نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران هێندەی ئامڕازێکی ستراتیژییە بۆ بەرگری، هێندە بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نییە، کە مەبەست لێی دڵنیابوونە لەوەی هیچ هێزێک ناتوانێت بە ئاسانی هێرشی سەربازیی گشتگیر بکاتە سەر ئێران و پرۆگرامەکە وەک کارتێکی بەهێزی فشار لەسەر مێزی دانوستان بەکاردێت.
لێرەدا هاریسۆن باس لەوە دەکات کە پرۆگرامەکە لە چوارچێوەی (Nuclear Latency) دا کار دەکات، واتە ئێران توانای پێویستی بۆ دروستکردنی بۆمبەکە هەیە، بەڵام بڕیاری سیاسی بۆ دروستکردنی بۆمبەکە بەکارناهێنێت، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆی لە هێرشی سەربازیی توند و ڕاستەوخۆ بپارێزێت.
3.4. هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕووسیا و چین
لە وەڵامی گۆشەگیرییەکانی ڕۆژئاوادا، ئێران بە شێوەیەکی ستراتیژی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین پتەو کردووە. ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بنیاد نراوە، کە هەردوو وڵات بە توندی دژایەتی هەژموونی ئەمریکا لە جیهاندا دەکەن، ئەمەش بۆچوونێکی هاوبەشە لەگەڵ ئێراندا، هەروەها چین وەک کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێران و سەرچاوەی وەبەرهێنان لە بواری ژێرخانی ئابووری و ڕووسیا وەک هاوبەشێکی سەربازی-تەکنیکی و پشتیوانێکی سیاسی لە ئەنجومەنی ئاسایش کار دەکات.
بەڵام هاریسۆن ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پەیوەندییانە هاوپەیمانێتییەکی گشتگیر نین. ڕووسیا و چین پەیوەندییەکی ئاڵۆزیان لەگەڵ وڵاتانی ڕکابەری ئێران (وەک سعودیە و ئیسرائیل) هەیە، کە ئەمەش سنوورێک بۆ نزیکبوونەوەی تەواو لە نێوان ئێران و ئەواندا دادەنێت.
٤.٤. ڕکابەری لەگەڵ سعودیە و ئیسرائیل
ئێران لە دوو ڕووی سەرەکییەوە ڕووبەڕووی ڕکابەریی هەرێمی دەبێتەوە، یەکەمیان سعودیە (ڕکابەری سوننە-شیعە و هەرێمی)، ململانێی نێوان تاران و ڕیاز لە بنەڕەتدا ململانێیەکی کلاسیکی هەرێمییە بۆ باڵادەستی. ململانێی ئایینی تەنیا وەک ڕەوایەتیپێدەری ئەم ڕکابەرییە جیۆپۆلەتیکییە بەکاردەهێنرێت. ئەم ڕکابەرییە لە عێراق، یەمەن و لوبنان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبینرێت. دووەم ڕکابەری ئەمنی و ئەتۆمی لەگەڵ ئیسرائیلە وەک گەورەترین هەڕەشەی سەربازی و ئەمنی بۆ سەر ئێران. ستراتیژیی ئێران دژی ئیسرائیل بریتییە لە، کۆتاییهێنان بە قوربانیی ناڕاستەوخۆ بە بەکارهێنانی حیزبوڵڵا و حەماس، هەروەها پەرەپێدانی بەرگری ئەتۆمی بۆ ڕێگری لە هێرشی ئیسرائیل.
بەشی پێنجەم: دەرەنجام و ڕێکارە پێشنیارکراوەکان
1.5. گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و سیاسەتی نەگۆڕی ئێران
هاریسۆن دەگەڕێتەوە بۆ تێزە سەرەکییەکەی، هەرچەندە گۆڕانکاریی نێودەوڵەتی و هەرێمی ڕوویانداوە (وەک بەهاری عەرەبی، سەرکەوتنی داعش، دەرکەوتنی ڕووسیا وەک یاریزانێکی گەورەتر)، بەڵام بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران نەگۆڕاون.
سیاسەتی دەرەوەی ئێران وەک (هایدرای فرەسەر (Multi-Headed Hydra کاتێک زلهێزەکان لە یەکێك لە بوارەکاندا (وەک پرۆگرامی ئەتۆمی) فشار دەخەنە سەر ئێران، تاران سەرێکی تر لە بوارێکی تردا (وەک چڕکردنەوەی کاریگەریی هەرێمی لە سووریا، یان یەمەن) دەردەهێنێت. چارەسەرکردنی تەنیا یەک پرس (وەک ئەتۆمی) بەبێ چارەسەرکردنی پرسی هەرێمی، تەنیا کێشەکە دەگوازێتەوە بۆ گۆڕەپانێکی تر.
2.5. شێوازەکانی دانوستان لەگەڵ ئێران
نووسەر پێشنیاری چەند ڕێکارێک بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوچەکە دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، یەکەمیان، ڕەتکردنەوەی دانوستانی (یەک-تەوەر (Single-Issue Diplomacy ، پێویستە دانوستانەکان فرەتەوەر بن، کە پرسی ئەتۆمی و پرسی هەرێمی (مووشەکی بالیستی، پشتیوانیکردنی بریکارەکان) پێکەوە بگرێتەوە. دووەمیان، پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە ئێران وەک هەر دەوڵەتێکی تر خاوەنی بەرژەوەندیی ئەمنیی شەرعییە. ئەمەش واتای ئەوەیە دەبێت لە کاتی دانوستانەکاندا، هەندێک گەرەنتی ئەمنی بە ئێران بدرێت بۆ کەمکردنەوەی گومانەکانی ئێران. دوا خاڵیش بەکارهێنانی ئامڕازەکانی دیپلۆماسی و بازرگانی وەک هاندەرێک بۆ تاران.
هاریسۆن هۆشداری دەدات، کە ستراتیژی ئێستای (زۆرترین فشار (Maximum Pressure ناتوانێت ڕژێمی ئێران بڕووخێنێت، بەڵکو تەنیا وادەکات تاران توندتر بێت و ڕوو لە بەرەی ڕۆژهەڵات (چین و ڕووسیا) بکات.
نووسەر جەخت دەکاتەوە، کە دەبێت زلهێزەکان دان بەوەدا بنێن، کە توانایان بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ئێران بە تەواوی سنووردارە، بەڵکو پێویستە فشارێکی نەرم بەکاربهێنرێت، بەڵام هاوکات دەرگا کراوە بێت بۆ دیپلۆماسی. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت، کە دەبێت ئێران لە بواری ئابووریدا سنووردار بکرێت، بەڵام بوارێکی بچووک بۆ مامەڵەی ئابووریی نێودەوڵەتی بهێڵرێتەوە، هەروەها ڕێگەدان بە وڵاتانی هەرێمی (وەک سعودیە و تورکیا) کە خۆیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکەن، بەبێ دەستوەردانی ڕۆژئاوا. نووسەر پێیوایە، گەیشتن بە ڕێکەوتنی هەرێمی (Regional Settlement) لە نێوان تاران و ڕیاز کلیلی کەمکردنەوەی ململانێکانە.
کۆتایی
هاریسۆن دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە بۆ لێکدانەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، پێویستە گومانی سیاسی لەسەرووی بیروباوەڕی ئایینی دابنرێت. ئێران وڵاتێکە هەست بە مەترسیی هەمیشەیی دەکات و هەموو ستراتیژەکانی بۆ پاراستنی ڕژێم و بەدەستهێنانی هێزە لە جیهانێکدا، کە بە شێوەیەکی نەگونجاو دەیبینێت، لەم دیدگایەوە، تاکە ڕێگەی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بریتییە لە قبووڵکردنی بوونی ئێران وەک هێزێکی هەرێمی و دەستپێکردنی گفتوگۆی گشتگیر، کە هەموو پرسە ستراتیژییەکانی ئێران بگرێتەوە.
[1] . Ross Harrison, Decoding Iran’s Foreign Policy: Strategic Interests, Power, and Influence, Bloomsbury Publishing Plc, First published in Great Britain 2025
كوردی

