• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 2, 2025

مانەوەی ناچاری؛ چوارچێوەیەکی نوێ بۆ خوێندنەوەی دیاردەی کۆچی گەنجان لە کوردستان

عەبدولسەمیع محەمەد ڕەحمان/ خوێندكاری دكتۆرا لە زانکۆی ئیۆتڤۆش لۆراند – هەنگاریا

بەرایی

ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر دیاردەی “مانەوەی ناچاری” لە نێوان گەنجانی کوردستاندا کە ئارەزووی کۆچکردنیان هەیە، بەڵام بە هۆی بەربەستە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن کۆچ بکەن. بۆ تێگەیشتن لە کۆچ؛ چەمک و تیۆری جیاوازمان لە بەر دەستە کە هەریەکیان بە ڕێژەی جیاواز لە شوێنی جیاواز کار دەکەن. دووانەی ئارەزوو/توانا، هەوڵێکی نوێی توێژەرانی بواری کۆچکردنە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە کۆچکردن تەنها پەیوەندیی بەو کەسانەوە نییە کە شوێنێک بەجێ دەهێڵن، بەڵکوو ئەوانەش کە دەمێننەوە پەیوەندیدارن بەم پڕۆسەیەوە. ئەم توێژینەوەیە پشت بە بەشێک لەو سەرنج و دۆزینەوانە دەبەستێت لە ماوەی کارکردن لە سەر کۆچکردن بۆ پڕۆژەی نووسینی دکتۆرا کۆ کراوەتەوە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا. بوونی خواست و نەبوونی توانای کۆچکردن کاریگەری بەجێ دەهڵێت لە سەر تاک و کۆمەڵگە بە گشتی، ئەم کاریگەرییانە دەکرێت لە سەر ئاستی کەسی، لە فشار و ناسەقامگیر دەروونی دەربکەوێت بۆ مانەوە لە جێگایەک كە بەردەوام مایەی ناڕازیبوونە لە لای گەنجان. لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی، دابڕان و گرنگینەدانی لێ بکەوێتەوە بۆ دۆخی گشتیی کۆمەڵگە و هەروەها لاوازبوونی ناسنامە و  ئینتما و یەکانگیریی کۆمەڵایەتییشی بەدوادا بێت.

دەروازە

هەر چەندە کۆچکردن لە کۆنەوە خەسڵەتێکی زۆر بنەڕەتیی کۆمەڵگەی مرۆیی بووە، مرۆڤ و گرووپەکانی سەردەمە دێرینەکان بەردەوام لە جووڵەدا بوون، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر سیستماتیک و زانستی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم ئەدەبیاتی توێژینەوە لە سەر کۆچکردن بە شێوەیەکی زۆر خێرا گەشەی کردووە و ناوەند و سەنتەری توێژینەوەی تایبەتی بۆ دروست کرا. زۆربەی توێژینەوە و شیکردنەوەکان لە سەر دیاردەی کۆچکردن بە دەوروبەری هۆکارەکان و کاریگەرییەکانی دەسووڕایەوە لە سەر هەردوو کۆمەڵگای نێردەر و وەگری کۆچبەران. توێژینەوەکانیش زیاتر بە هەردوو  تیۆری “نیوکلاسیکی” و “ئابووریی نوێی کۆچکردن” لێک دەدرانەوە. یەکەمیان کۆچ وەک بڕیارێکی تاکەکەسی و عەقڵانی لە ڕوانگەی قازانج و سوودەوە دەبینێت کە بە هۆی جیاوازیی داهات و دەرفەتی کار لە نێوان وڵاتاندا دێتە کایەوە، بە ئامانجی بەدەستهێنانی زۆرترین سامان. دووەمیان کۆچکردن وەک ستراتیژییەکی خێزانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و تێپەڕاندنی سنووردارییە ماددییەکان دەبینێت. بەڵام لە سەرەتای سەدەی ٢١ و بە هۆی کاریگەرییە بەرفراوانەکانی شەپۆلەکانی بەجیهانیبوون و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای پەیوەندی، کۆچکردن بوو بە دیاردەیەکی جیهانیی بەربڵاو، کاریگەرییەکانی سنوورەکانی تێپەڕاند و ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینی، بۆیە بوو  بە بوارێکی هاوبەشی نێوان زانستەکان (interdisciplinary)، تا ئەم ساتەش بەردەوام چەمک و تیۆر و مەعریفەیەکی فراوان و فرەڕە‌هەندی لە سەر بەرهەم دێت.

 یەكێک لەو چوارچێوە شیکارییانەی لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە پەرەی پێ دراوە لە لایەن کارلینگ[1] و دواتریش دی هاس[2]، بریتییە لە ئاواتەکانی کۆچکردن (Migration Aspirations). ئاواتەکانی کۆچکردن تەنها کۆچی ڕاستەقینە لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو کۆچی هەرگیز بەدینەهاتووش دەگرێتەوە. ئەم چوارچێوەیە گریمانەی ئەوە دەکات ئەو وڵات و ناوچانەی کە شەپۆلەکانی کۆچکردن تێیاندا ڕوو دەدات، بە جۆرێک هەموو دانیشتووانەکەی دەکەونە ناو دینامیکیەتی کۆچکردنەوە یان پێی کاریگەر دەبن. لەم ڕووەوە ئەم چوارچێوەیە باس لە چوار گرووپی جیاواز لە خەڵک دەکات کە هەریەکەیان دەبن بە کاتیگۆرییەکی شیکاریی جیای پەیوەست بە کۆچکردنەوە. ئەم چوارچێوە شیکارییە لە سەر دوو بنەمای خواست و توانا دامەزراوە کە خەڵکی ئەو وڵاتانەی کە کۆچی لێ دەکرێت؛ بەسەریاندا دابەش دەبن. یەكێک لەو کاتیگۆرییانەی کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو کاری لەسەر کراوە بریتییە لەو کەسانەی کە خواستی کۆچکردنیان هەیە، بەڵام توانای ئەنجامدانی کۆچکردنیان نییە بە هۆی ڕێگرییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و یاسایی و سیاسییەکانەوە، ئەم کەسانە پێیان دەوترێت مانەوەی ناچاری (Involuntary immobility). ئەم بارودۆخە واقیعێکی جیهانییە، بە تایبەتی لەو وڵات و ناوچانەی کە کۆچکردن تێیاندا مێژوویەکی درێژی هەیە. دوایین ڕاپرسی گالۆپ[3] سەبارەت بە کۆچی جیهانی، ئاماژە بە بەردەوامیی خواستی بەرزی کۆچکردن دەکات. لە ساڵی ٢٠٢٣، ١٦%ی ئەوانەی لە تەمەنی پێگەیشتوودان لە سەرانسەری جیهاندا -کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن کەس بێت-، ڕایانگەیاندووە کە حەز دەکەن وڵاتی خۆیان بەجێ بهێڵن بۆ هەمیشە، ئەگەر بتوانن.

هەرێمی کوردستان مێژوویەکی هەیە لە شەپۆلەکانی کۆچکردن بۆ ئەورووپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا، ئێرلێند پۆسکە (٢٠٢٠) بەدواداچوون بۆ نزیکەی چوار دەیە لە کۆچی پەنابەری کوردی عێراق بۆ ئەورووپا دەکات. ئەم ڕەوتە مێژووییانە زەمینەیەک بۆ تێگەیشتن لە شێوازەکانی ئێستای خواست و جووڵەی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنن. كۆچکردن بۆ ژمارەیەکی زۆری گەنجان ئاواتێکی بەدینەهاتووە، توێژینەوەی پاڵانی و بەسیر[4] ئاماژە بەم خواستە بەربڵاوە دەکات، ڕێژەیەکی زۆری گەنجان لە هەرێمی کوردستان (نزیکەی ٦٠٪) مەیلی کۆچکردنیان نیشان داوە. دۆخی ئابووریی خراپ و بێکاری و ناڕەزایەتیی سیاسی و گەندەڵی و نادادپەروەری لە ڕیزی ئەو هۆکارە پاڵنەرانەن کە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ناچار بە کۆچکردن دەکات[5]. بەڵام سەرباری ئەم هۆکارانە، بە هۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان چەند شەپۆلێکی کۆچکردن تێیدا ڕووی داوە، پۆسکە زیاتر لە میکانیزمەکانی کۆچکردن ورد دەبێتەوە و پێی وایە هۆکارە کەڵەکەبووەکان (Cumulative causation) لەم نێوانەدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. لە بنەڕەتدا هۆکارە کەڵەکەبووەکان چەمکێکە کە دۆگلاس ماسەی و هاوکارەکانی[6] پەرەیان پێ داوە و ئاماژەیە بۆ ئەو بیرۆکەیەی شەپۆلی یەکەمی کۆچکردن کە سەرەتا دەست پێ دەکات دەتوانێت دواتر هەلومەرجێک دروست بکات کە هاندەری کۆچی زیاتر بێت.

بەو پێیەی کۆچکردن دیاردەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە، دەتوانرێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە ڕەهەندە جیاکانی لێک بدرێتەوە، باس لە هۆکار و کاریگەرییەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگە بە گشتی بخرێتە ڕوو. ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر لایەنێکی دیاریکراو و پەیوەندیدار بە کۆچکردنەوە کە کەمتر لە توێژینەوەی کوردی لەسەر کۆچکردن گفتوگۆی لە بارەوە کراوە، ئەویش بەدینەهاتنی ئاوات و خولیای کۆچکردنە، وەکوو لە سەرەوە باسمان کردووە مانەوەی ناچارییە. بارودخی ئێستای وڵاتانی نێردەر و وەرگری کۆچبەران بە دوو ئاڕاستەی جیادا لە پەرەسەندان کە بووەتە هۆی ئەوەی تا دێت بەربەستەکانی کۆچکردن زیاتر دەبێت. لە لایەکەوە لەو وڵاتانەی کە کۆچکردن لێیەوە ڕوو دەدات؛ بارودۆخی ژیانی خەڵک و بژێویی تاک و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و پرسی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بەرەو خراپتربوون دەچێت، لە لایەکی تریشەوە ئەو وڵاتانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لانکەیەکی ئارام و پڕ لە شادی بوون بۆ کۆچبەران؛ خۆیان ڕووبەڕووی جۆرەها گرفتی ئابووری و سیاسی و کولتووری بوونەتەوە و چیتر ناتوانن میوانداریی ئەو لێشاوە لە کۆچبەران بکەن. هێزە سیاسییە ڕاستڕەوە توندڕەوەكان تا دێت لە ڕووی نفووزی سیاسییەوە کاریگەرتر دەبن و دەگەنە دەسەڵات، کە وتاری زاڵی ئەم هێزانە بە دژەکۆچبەر دەناسرێتەوە. لە ئەنجامدا ئەمە دۆخێکی دروست کردووە کە کۆچکردن تا ڕادەی ئەستەمبوون زەحمەتە، لە بەرامبەردا پاڵنەر و هۆکارەکانیش وەکوو خۆیان بگرە زیاتریش بوون. ئارگیومێنتی ئەم توێژینەوە بریتییە لەوەی تێگەیشتن لە خەیاڵ و خولیای بەدینەهاتووی گەنجان بۆ کۆچکردن؛ یارمەتیدەرێکی باشە بۆ تێگەیشتن لە دیارەی کۆچکردن، هەروەها کاریگەریی دوورمەودای هەیە لەسەر گەشەپێدانی کەسی و وابەستەبوون بە شوێن و سەقامگیری لە ژیان، لە ئەنجامیشدا کاریگەریی کۆمەڵگەیی قووڵ بەجێ دەهێڵێت. بۆیە ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات لەم ڕوانگەیەوە شیکارییەکی مانەوەی ناچاریی گەنجان لە کوردستان پێشکەش بکات.

ئەم توێژینەوەیە، کە توێژینەوەیەکی چۆنایەتییە، بەرهەم هاتووە لە میانەی پڕۆژەیەكی دکتۆرا و گەڕان و پشکنین بە ناو سەرچاوەکان و ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی چۆنایەتیی زیاتر لە ٥٠ گەنجی کورد، بە تایبەتی تیشك خستنەسەر ئەو کەسانەی ئارەزوویەکی زۆری کۆچکردنیان هەیە، بەڵام توانای کۆچکردنیان نییە، بە تایبەتی لەبەر باری ئابووری یان ڕێگریی کۆمەڵایەتی و خێزانی. هەروەها ئەم توێژینەوە سەرنجی لەسەر بەشێکی زۆری ئەو مەتریاڵە میدیایانە بووە کە گەنجان لە هەرێمی کوردستان بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

چوارچێوەی تیۆری و ئەدەبیاتی پێشوو

توێژینەوە لە دیاردەی کۆچکردن پێویستی بە زیاد لە چوارچێوەیەکی تیۆری و شیکاری و میتۆدی هەیە کە یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی لە ڕەهەندە جیاوازەکانی تێبگەین. لە ناو ئەدەبیاتی بەرهەمهاتوو هەندێکی چوارچێوەی تیۆری و مۆدێلی شیکاری هەیە کە هەریەکەیان لایەنێکی ئەم دیاردەیان بۆ شی دەکاتەوە. یەکەم تیۆری کۆچ لە لایەن ئێرنست جۆرج ڕاڤێنشتاین [7]پەرەی پێ درا، کە زۆر جار بە دامەزرێنەری تیۆری کۆچ دادەنرێت. ڕاڤێنشتاین بە پشتبەستن بە دەیتاکانی سەرژمێری لە بەریتانیا؛ هەندێک یاسای کۆچکردنی داڕشت، لەوانە: زۆر جار کۆچبەرانی مەودای دوور دەچنە ناوەندە گەورەکانی بازرگانی یان پیشەسازی، پاشان لەگەڵ بەجێهێشتنی ناوچەکان لە لایەن خەڵکەوە بەرەو ناوەندەکانی هەڵمژینی کۆچبەران؛ بۆشایی بەجێ دەهێڵن کە لە لایەن کۆچبەرانی ناوچە دوورترەکانەوە پڕ دەکرێنەوە، ئەمەش ڕەوتی کۆچکردنی ناوخۆیی دروست دەکات. هەروها یەكێکی تر لە یاساکانی کۆچکردنی دوورمەودا پیاوان ئەنجامی دەدەن، بەڵام کۆچی نزیکمەودا زیاتر لایەن ئافرەتانەوە ئەنجام دەدرێت. بە سوودوەرگرتن لە بیرۆکەکانی ڕاڤێنشتاین، مۆدێلی پاڵنان-ڕاکێشان دواتر لە لایەن ئێڤێرت ئێس لی[8] لە وتارەکەیدا بە ناوی “تیۆری کۆچ” بە فەرمی کرا. لی ئاماژەی بەوە دا کە کۆچکردن لە ئەنجامی تێکەڵەیەک لە هۆکارەکانی پاڵنەر (دۆخی نەرێنیی ژیان لە شوێنی ڕەسەن، وەک بێکاری یان ناسەقامگیریی سیاسی)، هۆکارەکانی ڕاکێشان (دەرفەتی ئەرێنی لە شوێنی کۆچ بۆ کردن، وەک: کار، خوێندن، یان سەلامەتی) و هۆکارەکانی نێوەندگیری (وەک دووری، تێچووی گەشت، یان یاساکانی کۆچبەری) سەرچاوە دەگرێت. ئەم تیۆرییە سەرەتاییانە پێکەوە بناغەی توێژینەوەکانی کۆچی مۆدێرنیان دانا بە گۆڕینی فۆکەس لە جووڵەی سادەی مرۆڤەکانەوە بۆ دیارە ئاڵۆزەکانی نێوان هێزە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، کە کاریگەرییان لەسەر بۆچی و چۆنیەتیی ڕوودانی کۆچکردن هەیە.

لە چوارچێوەی تیۆرییە ئابوورییە نیوکلاسیکییەکان، دوو هەوڵمان هەیە بۆ زانینی هۆکاری کۆچکردن؛ یەکەمیان بریتییە لە تیۆری لاری سجاستاد[9] کە لە سەر ئاستی مایکرۆ یان تاک؛ گریمانەی ئەوە دەکات کە کۆچکردن وەبەرهێنانێکە لە سەرمایەی مرۆیی، کە تاکەکان کۆچ دەکەن ئەگەر سوودە ماددییە چاوەڕوانکراوەکان (بۆ نموونە داهاتی زیاتر) لە تێچووی کۆچکردنەکەیان زیاتر بێت (بۆ نموونە خەرجییەکانی کۆچکردن و ئەو داهات و کار و دەرفەتەی لەدەست دەچێت). ئەم شیکارییە هەڵسەنگاندنی تێچوون و قازانجی کۆچکردن وەک بڕیارێکی ئابووریی عەقڵانی دەبینێت، کە بە هۆی خواستی تاکەوە بۆ زۆرترین داهات لەسەر سەرمایەی مرۆیی خۆی بە گواستنەوە بۆ شوێنێک کە بتوانێت بەرهەمدارتر بێت و داهاتی زیاتر بەدەست بهێنێت. دووەمیان جۆن هاریس و مایکل پی تۆدارۆ[10]؛ مۆدێلی هاریس-تۆدارۆیان پەرە پێ دا بۆ ڕوونکردنەوەی کۆچی نێوان گوند و شارەکان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا، پێیان وا بوو کۆچکردن تەنها بە هۆی جیاوازیی ڕاستەقینەی داهات لە نێوان ناوچە گوندنشینەکان و شارەکانەوە نییە، بەڵکوو بە هۆی داهاتی چاوەڕوانکراوەوەیە. کۆچبەران بڕیاری گواستنەوە دەدەن ئەگەر کرێی چاوەڕوانکراوی شارەکان لە داهاتی بەدەستهاتووی گوندەکان زیاتر بێت. ئەمە دۆخێک دروست دەکات کە خەڵکێکی زیاتر کۆچ دەکەن بۆ شارەکان لەوەی کە هەلی کار لە بەر دەستدا بێت. ئەنجامەکەی بێکاریی شارەکان یان کەمکارییە، تەنانەت لە کاتێکدا ناوچە گوندنشینەکان هێزی کار لەدەست دەدەن. مۆدێلەکە نیشانی دەدات کە کۆچکردن دەتوانێت بەردەوام بێت سەرەڕای بێکاریی زۆری شارەکان، چونکە ئەوانەی بە نیازی کۆچکردنن هێشتا چاوەڕوانی بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر دەکەن بە بەراورد بە مانەوە لە ناوچە گوندنشینەکان. ئەم مۆدێلە تیۆرییە لەسەر بنەمای داواکاری-دابینکرد (Demand-Supply) باس لە دۆخی هاوسەنگی دەکرێت، بە مانایەکی تر: کۆچکردن بەردەوامە تا جیاوازیی مووچە و دەرفەتەکان لە نێوان شوێنی کۆچلێکردوو و شوێنی مەبەستدا یەکسان دەبن. کاتێک ئەمە ڕووی دا، هاندەر بۆ کۆچکردن کەم دەبێتەوە یان دەوەستێت.

بە پێچەوانەی تیۆری نیوکلاسیک (کە کۆچ وەک بڕیارێکی تاکەکەسی بۆ زۆرترین داهات دەبینێت)، تیۆری ئابووری نوێی کۆچی کار کە لە لایەن ئۆدێد ستارک و دەیڤید لیڤهاری[11] سەری هەڵدا و پەرەی پێ درا. ئەوان دەڵێن کە کۆچ ستراتیژێکی خێزانییە، نەک تەنها هەڵبژاردنی تاکەکەسی. خێزانەکان ئەندامەکانیان دەنێرن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات. ئامانج تەنها زۆرترین مووچە نییە، بەڵکوو کەمکردنەوەی مەترسییەکان و زاڵبوونە بەسەر شکستەکانی بازاڕی کار لە وڵاتی خۆیاندا. حەواڵەکردن (Remittance) پڕۆسەیەکی سەنتەریە بۆ ئەم تیۆرە. ئەوانەی لە دەرەوەن یارمەتیی خێزانەکانیان دەدەن بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان، وەبەرهێنان لە خانووبەرە و پەروەردە و بزنسە بچووکەکاندا. ئەمە بۆ خۆی بابەتێکی زۆر گرنگی توێژینەوەیە کە تاچەند ئەم جۆرە کۆچکردنە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و هەتا سیاسییش لە سیاقی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستی بە زانیاری و دەیتای ورد و سیستماتیک هەیە کە لە کوردستان بوونی نییە. هەروەها ئەنجامدانی لەم هەلومەرجەی کوردستان کارێکی زەحمەتە و توانای ماددی و مرۆییی زۆر دەوێت.

بەڵام بە شێوەیەکی دیار و جیاواز لەم مۆدێلانەی هەڵبژاردنی عەقڵانی و ئابووری، تیۆری دووانەی بازاڕی کار (Dual Labour Market Theory) کە تەرکیز لە بڕیارە تاکەکەسییەکان دوور دەخاتەوە و پێی وایە کۆچی نێودەوڵەتی لە دینامیکیەتە ناوەکییەکانی کۆمەڵگە پیشەسازییە مۆدێرنەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. مایکل پیۆرێ[12] بەهێزترین و ڕەسەنترین لایەنگری ئەم ڕوانگە تیۆرییەیە و دەڵێت کۆچی نێودەوڵەتی بە هۆی داواکارییەکی بەردەوام بۆ دەستی کاری کۆچبەرانەوە دروست دەبێت کە لە پێکهاتەی ئابووریی ولاتانی پێشکەوتوودا هەیە. بە گوتەی پیۆرێ، کۆچکردن بە هۆی هۆکارە پاڵنەرەکانەوە نییە لە وڵاتانی کە کۆچبەر دەنێرن (وەکو کەمی کرێی کارکردن یان بەرزیی رێژەی بێکاری)، بەڵکوو بە هۆی هۆکارە ڕاکێشەرەکانە لە وڵاتانی وەرگر (پێویستییەکی درێژخایەن و حەتمی بۆ کرێکارانی بیانی) دروست دەبێت. ئەم داواکارییە بەردەوامە بۆ کاری کۆچبەران لە هەندێك تایبەتمەندیی بنەڕەتیی کۆمەڵگا پیشەسازییە پێشکەوتووەکان و ئابوورییەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ نموونە؛ جۆرێک لە چینایەتی دروست دەبێت کە پەیوەندیی بە جۆری کار و پێگە کۆمەڵایەتییەکەیانەوە هەیە، هەندێک پیشە و کار کە داهاتیان کەمە و لە پێگەی نزمدان؛ دەبێت بە کاری کۆچبەران و دانیشتووانی ڕەسەن ئەو کارانە ناکەن، ئەمە سەر دەکێشێت بۆ دروستبوونی دوو جۆر بازاڕی فەرمی بۆ دانیشتووانی وڵاتەکە خۆی لەگەڵ بازاڕی نافەرمی بۆ کۆچبەران. ئەمە جگە لە دیمۆگرافیای دانیشتووان گۆڕانی بەسەر دێت و پێویستی بە دەستی کاری ناکارامە لەو وڵاتانەدا زیاد دەکات. لە سەر بنەمای کارەکانی ئیمانوێل واڵشتین[13]، کە تیۆری سیستمی جیهانیی پەرە پێ دا، بەشێک لە شیکردنەوە کۆمەڵناسییەکان سەرچاوەی کۆچی نێودەوڵەتییان بەستووەتەوە بە پێکهاتەی بازاڕی جیهانی کە لە سەدەی شانزەیەمەوە پەرەی سەندووە و فراوان بووە. لەم چوارچێوەیەدا، هاتنەناوەوەی پەیوەندییە ئابوورییە سەرمایەدارییەکان بۆ ناو کۆمەڵگە پەراوێز و ناسەرمایەدارییەکان، دانیشتووانێکی گەڕۆک دروست دەکات کە مەیلی کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات هەیە. بە پێی تیۆری سیستمە جیهانییەکان، کۆچکردن دەرئەنجامێکی سروشتیی تێکچوون و ناشوێنبوونە کە بە ناچاری لە پڕۆسەی گەشەسەندنی سەرمایەداریدا ڕوو دەدەن. خاوەن و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا سەرمایەدارییەکان بە هۆی خواستی قازانج و سامانی زیاترەوە بەدوای زەوی و کەرەستەی خاو و کار و بازاڕی بەکاربەری نوێدا دەچنە ناو وڵاتە هەژار و پەراوێزەکانی ئابووریی جیهانییەوە.

ڕێکچکەیەکی تری تیۆری لە ناو ئەدەبیانی کۆچکردندا؛ جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆچکردنی سەرەتایی خۆی بەرهەم دێنێتەوە و دەبێتە پڕۆسەیەکی بەردەوام[14]. دۆگلاس ماسەی و ئەوانی تر[15]؛ تۆڕەکانی کۆچکردنیان (Migration Networks) وەک میکانیزمێکی خۆبەڕێوەبردن خستە ڕوو. تۆڕەکانی کۆچ بریتین لە  پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان (خێزان، هاوڕێ، ئەندامانی یەک ئەتنیک و گرووپ و نەتەوە) کە کۆچبەرانی شوێنی مەبەست لەگەڵ ئەو کەسانەی لە وڵاتی خۆیان بە نیازی کۆچکردنن؛ دەبەستن بەیەکەوە. ئەم تۆڕانە بە پێشکەشکردنی زانیاری و یارمەتی و پشتیوانی، تێچوون و مەترسی و نادڵنیایی کۆچکردن کەم دەکەنەوە. لە ئەنجامدا کاتێک کۆچی سەرەتایی دەستی پێ کرد، لە وڵاتی میوان کۆچبەران نیشتەجێ بوون و ژیانیان دامەزراو و جێگیر بوو، لە ڕێگەی کۆچی زنجیرەییەوە شەپۆلی تری کۆچکردنی بەدوادا دێت، تەنانەت ئەگەر هۆکارە ئابووری یان سیاسییەکانی سەرەتا لاواز بن. بەم شێوەیە کۆچکردن دەبێتە خۆبەردەوامکەر. تا خەڵک زیاتر کۆچ بکەن، ئاسانترە بۆ ئەوانی تر کە شوێنیان بکەون. هەر لە سەر ئەم ڕەوتە کە جەخت لە سەر بەردەوامیی کۆچکردن دەکات، ماسەی جەخت لە سەر هۆکارە کەڵەکەبووەکانی (cumulative causation) کۆچکردن دەکاتەوە، لە ڕێگەی چەندین میکانیزمی بەهێزکردنەوە کۆچکردن بەردەوامی بە خۆی دەدات. سەرەڕای ئەمەش ماسەی داوای لێکۆڵینەوەی فرە ئاست و درێژخایەن دەکات کە گۆڕاوەکانی ئاستی تاکەکەس و خێزان و کۆمەڵگ لەبەرچاو بگیرێت و پاشان لەگەڵ زەمینەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی  ئەو جێگایەی توێژینەوەی لەسەر دەکریت تێکەڵ بکرێت بۆ تێگەیشت لە دینامیکیەتی بەرهەمهێنراو پەیوەست بە کۆچکردن[16] .

پێشکەوتنی توێژینەوە لە بواری کۆچکردن گەیشتوە بە کۆدەنگییەک کە هەموو ئەو چوارچێوە تیۆر و شیکارییانەی کە بەرهەم هاتوون دەکرێت هەریەکەیان لایەنێکی دیاردەکەمان بۆ ڕوون بکەنەوە کە بۆچی کۆچکردن ڕوو دەدات. هەروەها ڕەنگە هەریەکەیان لە کۆنتێکستێکی دیاریکراو باشتر یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی لە دیاردەکە تێبگەین، بەڵام ئەوەی کە گرنگە کە بۆ تێگەیشتن لەم دیاردە ئاڵۆز و فرەهۆکار و فرەشوێنە، دەبێت دیدگایەکی گشتگیر و لێکدانەوەیەکی هەمەلایەن لەبەرچاو بگیرێت. بۆیە لە کتێبی ”کولتوورەکانی کۆچ: سروشتی جیهانی جووڵەی هاوچەرخ”، جێفری کۆهین و ئیبراهیم سیرکێچی[17] دەڵێن کە کۆچکردن تەنیا بە هۆی هۆکارە ئابوورییەکانەوە نییە، بەڵکوو بە قووڵی لە پراکتیکە کولتووری و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە چەسپاوە. ئەوان چەمکی “کولتووری کۆچ” دەناسێنن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە بڕیارەکانی کۆچ بە هۆی بیروباوەڕی کولتووری، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و ستراتیژەکانی خێزان، جگە لە ڕەچاوکردنی دۆخی ئابووری؛ لەقاڵب دەدرێت. لە هەندێک کۆمەڵگەدا کۆچکردن وەک نۆرمێک یان نیشاندەرێکی سەرکەوتن سەیر دەکرێت. تەنانەت ئەوانەی هەرگیز ناڕۆن، لە “کولتووری کۆچکردن”دا دەژین کە ئاواتەکان بە هۆی ئەزموون و حەواڵە و چیرۆکەکانی ئەوانی دیکەوە لەقاڵب دەدرێن. ئەمەش ئاوات و خواستی بەهێز بۆ کۆچ دروست دەکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا مانەوەی ناچاریی بەربڵاویش دروست دەکات[18].

هەندێک لە توێژەران داکۆکی لە شیکارییەکی ئاستی نێوانی یان ناوەندی (Meso-level) دەکەن بۆ کۆچکردن، کە تیایدا سەرنج دەخەنە سەر ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی کە کاریگەرییان لە سەر بڕیارەکانی کۆچی تاک و خێزان هەیە. هەروەها پێیان وایە کە تێگەیشتن لە کۆچ پێویستی بە ئاوێتەکردنی شیکارییەکانی ئاستی تاک و ئاستی بونیادی هەیە، کە تیشک دەخەنە سەر گرنگیی چوارچێوە کولتوورییەکان لە داڕشتنی شێوازەکانی کۆچکردندا. لێرەدا  زیادکردنی شیکردنەوەی ئاستی مامناوەند  بۆ بنەما کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کۆچکردن بە مەبەستی جێگرتنەوەی ئەو تیۆر و مۆدێلە شیکاریانە نیە کە بۆ ئاستی تاک و یان ئاستی کۆمەڵگا لە تێگەیشتن لە کۆچکردن بەرهەمهێنراون، بەڵکو ئامانجیان ناساندنی مۆدێلێکی تەواوکەری کۆچکردنە کە سەرنجی لە سەر پراکتیک و نەخشە کۆمەڵایەتییەکان و بیروباوەڕە کولتوورییەکان بێت، تەنانەت لە کاتێکدا پاڵنەرە ئابووری و سیاسییەکانی کۆچکردن لەبەرچاو دەگیرێت. لە دواترین پەرەسەندندا دەکرێت ئاماژە بە هاین دی هاس[19]، کە یەکێکە لە سکۆلەرە هەرە دیارەکانی ئێستای بواری کۆچکردن، لە سەر بنەماکانی کارەکانی پێشتری یۆرگن کارلینگ و کیریلین شیوێل[20]، ڕێبازێکی تیۆریی نوێی بۆ کۆچکردن پەرە پێ دا بە تێکەڵکردنی توانای تاک و بەربەستە بونیادییەکان. هاس چوارچێوەیەک بۆ پۆلێنکردنی کۆچی مرۆڤ بۆ جۆرە جیاوازەکانی کۆچکردن/مانەوە بە پشتبەستن بە ئاوات و تواناکان پەرە پێ دا. هاس کۆچکردن وەک دووانەی ئاواتەکان (ئارەزووەکانی کۆچکردن) و تواناکان (سەرچاوە و ئازادییەکانی کۆچکردن) چەمکسازی دەکات. جیاوازی دەکات لە نێوان کۆچی ئامرازی (واتە گەیشتن بە ئامانجێکی تر، بۆ نموونە داهات و پەروەردە و سەلامەتی و ئاسایش) و کۆچی ناوەکی (کۆچ لە خودی خۆیدا وەکوو ئامانج، بۆ نموونە بە مەبەستی سەرگەرمی و ئازادیی گەشت و گەڕان بە دونیادا). خاڵێکی جێگای سەرنج ئەوەیە لەم چوارچێوەیەدا مانەوە یان کۆچنەکردن وەک پڕۆسەیەکی گرنگ هەمان گرنگیی هەیە لە لێکدانەوەی دینامیکیەتی کۆچ، چونکە کۆچکردن تەنها جووڵە نییە، بەڵکوو هەبوونی ئازادییە بۆ هەڵبژاردنی شوێنی ژیان. لێرەدا کاتیگۆرییەکی نوێ دێتە کایەوە کە لە سەر بنەمای توانا و خواست دیاری کراوە. ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت و خواست و ویستی کۆچکردنیان هەیە، بەڵام بە هۆی بەربەستە کەسی و خێزانی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و بونیادییەکان ناتوانن کۆچ بکەن. کارلینگ ئاماژە بەوە دەکات کە توێژینەوەکانی کۆچکردن بە شێوەیەکی گشتی جیاوازی دەکەن لە نێوان کۆچکردن لەگەڵ کۆچنەکردن وەکوو دوو بواری جیاواز، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە دۆخی ئارەزووی کۆچکردن تەمومژاوی بکات، بە تایبەتی کاتێک ئارەزووی کۆچکردن هەبێت بەڵام ئامرازەکان بۆ بەدیهێنانی لەبەردەست نەبێت چونکە  ئارەزوی کۆچکردن لەو دوالیزمەی پێشوو جێگای نابیتەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەمە، کارلینگ لە ڕووی شیکارییەوە جیاوازی دەکات لە نێوان ئاوات بۆ کۆچکردن و توانای ڕاستەقینەی ئەو کارە. مانەوەی نائیرادی بەو شێوەیە پێناسە دەکات کە ئارەزووی کۆچکردن بە بێ ئامرازەکان هەبێت. ئەم چەمکە بە وردی ڕەنگدانەوەی واقیعی ئێستای بەشێکی گەنجانی کوردە، ئەمەش وای کردووە کە گرنگیدان بە کارلینگ لە سەر ئاواتەکانی کۆچبەری؛ سەنتەری ئەم شیکارییە بێت.

 

گفتوگۆی ئەنجامەکان

بزوێنەرە ئابوورییەکانی کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستان

کۆدەنگییەکی ڕێژەیی لە ئەدەبیاتی کۆچکردندا هەیە کە کۆچکردن پڕۆسەیەکی هەڵبژاردەیە، بەو مانایەی ئەوانەی کە کۆچ دەکەن کەسانی هەڵبژاردەن؛ تایبەتمەندیی کەسیی دیاریکراویان هەیە، چونکە ئەگەر بارودۆخە بابەتییەکان لەبەرچاو بگیرێن، ڕەنگە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا هاوشێوە بژین، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان کۆچ دەکەن. لە لایەکی تریشەوە ئەو بۆچوونە هەیە کە ئەم فاکتەرە کەسییانە کاتێک دێنە ئاراوە کە هەلومەرجی بابەتی کۆچکردن پێشتر بوونیان هەبێت. بە هەر جۆرێک بێت، لێرەدا گرنگە تیشک بخەینە سەر فاکتەرە ئابووری و سیاسییەکان کە بەشێکی زۆری گەنجان کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە؛ بە فاکتەری یەکەم و کۆتایی کۆچکردنی دەزانن، چونکە چەند گەنجێک ئەم قسەیان کردووە کە ئەگەر ناچار نەبین؛ چۆن بیر لە کۆچکردن دەکەینەوە، لە کاتێکدا هەموو کەس حەز دەکات لە وڵاتی خۆی و نزیک کەسوکاری و خێزانی خۆی بژیەت.

ئاڵنگاریی ئابووری دەستبەجێترین و دیارترین پاڵنەرەکانی کۆچکردن پێک دەهێنن لە ناو گەنجاندا. ڕێژەی بێکاری و کەمکاریی گەنجان لەڕادەبەدەر بەرزە، زۆرێک لە گەنجە دەرچووەکان تەنانەت دوای چەندین ساڵ خوێندنیش؛ ناتوانن کار بدۆزنەوە. کەرتی گشتی کە بە شێوەیەکی نەریتی گەورەترین دابینکەری کار بوو لە ڕابردوودا، بە هۆی قەیرانە داراییەکانی ١٠ ساڵی ڕابردوو بەستراو بە گرفتی  نەوت و ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆیی و لەگەڵ بەغدا، چیتر ناتوانێت جێگای ئومێدی گەنجان بێت، ئەمە جگە لە دواکەوتنی مووچە کە کاریگەریی کردووەتە سەر تەواوی سێکتەری ئابووری بەو پێیەی کە سەرچاوەی سەرەکیی داهات و جووڵەی بازاڕە لە کوردستان. ئەم دۆخە سەختە ئابوورییە لە پاڵ کەرتی تایبەتی ناگەشەسەندوو لە کوردستان، وای کردووە کە گەنجان بە هیواوە سەیری ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەتیش نەکەن، بگرە کارکردن لە کەرتی تایبەت بە خراپترین هەڵبژاردە و ئەزموون بزانن، وەکوو هەندێک لە گەنجان ئاماژەی پێ دەدەن جۆرێکە لە کۆیلایەتی لە بەرامبەر کارێکی زۆر؛ کرێیەکی کەم و هەندێک جار مامەڵەی نامرۆڤانە قبووڵ بکەیت. ئەوەشی ئەم دۆخەی دروست کردووە، پەیوەندیی بە پێکهاتەی دیمۆگرافیی کوردستان و ئابووریی سیاسیی کوردستانەوە هەیە. بە پێی دوایین سەرژمێریی گشتی، نزیکی ٦٤٪ی دانیشتووان لە تەمەنی کارکردندان، ئەمەش ڕێژەی بەرزی داواکاریی کار پیشان دەدات. لە بەرامبەریشدا دەرفەتی کار لەوپەری سنوورداریدایە، کەرتی تایبەت توانای لەخۆگرتنی هێزی کاری نییە کە بە پێی دەیتای وەزارەتی خوێندنی باڵا ساڵانە ٤٨ هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان دێنە ناو بازاڕی کارەوە. ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان ئەگەر لە ڕوانگەی کارل مارکسەوە تەماشای بکەین، هەمان سوپای یەدەگی کارە (کە پێی دەوترێت سوپای یەدەگی پیشەسازی)، کە ئاماژەیە بۆ ئەو لێشاوە لە کرێکارانی بێکار یان کەمکار کە سەرمایەداری بەردەوام بەرهەمی دەهێنێت و دەیپارێزێت لە پێناو پارێزگاریکردن لە دەستکەوتنی قازانج کە لۆژیکی سەرەکیی سیستمەکەیە. هەر چەندە ئێمە لە هیچ ڕوویەکەوە لە ناو ئەو سیستمە سەرمایەدارییە ڕۆژئاواییەدا نین کە تا ئەم ساتە گەشەی کردووە، بەڵام بەرکەوتەمان لەگەڵ ئەنجامەکانیدا هەیە. لەم ڕووەوە بە هۆی زۆریی دەستی کار و کەمیی دەرفەتی کار، پڕۆسەیەکی قۆرخکاریی مەترسیدار بەڕێوە دەچێت کە گەنج تەنها بۆ ئەوەی کارێکی دەست بکەوێت؛ ئامادەی قبووڵکردنی هەموو پێشێلکارییەکە بەرامبەری ئەنجام دەدرێت. یەکێک لەو گەنجانەی کە چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئەنجام دا، ڕۆژی بە ١٥٠٠ دینار کاری دەکرد. ئەم هەلومەرجەی گەنجی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان زۆر لەو چەمکەی ”گای ستاندینگ[21]”ەوە نزیکە کە ناونیشانی کتێبەکەیەتی؛ “پرێکاریات (Precariat): چینی مەترسیداری نوێ”. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پریکاریا، پەیوەندییە پڕ گرفتەکەیانە بە پڕۆسەی بەرهەمهێنانەوە. ئەمانە یان گرێبەستی کاریان نییە، یان لە گرێبەستێکی کاتی کار دەکەن و ئەو کارانەی کە دەستیان دەکەوێت؛ وەکوو کرێکاری ئاسایی یان نیمچەدەوام یان پچڕپچڕ لە ڕێگەی دەڵاڵی کار یان دەزگاکانی دامەزراندنەوە پەیدای دەکەن. بە گشتی بارودۆخی کارکردنی ناجێگیر بەشێکە لە ناسنامەیان. لەوەش گرنگتر، ئەوانەی لە پرێکاریاتدان هیچ ناسنامەیەکی پیشەیی پارێزراویان نییە، هیچ گێڕانەوەیەکی پیشەییان نییە کە بتوانێت مانا بدات بە ژیانیان. بەردەوام بەدوای کاردا دەگەڕێن و ڕووبەڕووی جۆرەها خراپ مامەڵەکردن دەبنەوە، چ لە کاتی کاتژمێرەکانی کار یان لە دەرەوەی کار.

 ئەزموونی بێکاری یان کاری سەخت و دژوار و مووچەی کەم، لە گرنگترین ئەو نیشاندەرانەن کە حەزی کۆچکردنی لە ناو گەنجاندا زۆر بەهێز کردووە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ڕێگای کۆچکردن و بەجێهێشتنی وڵات پڕە لە سەختی و مەترسی، گەنجان هەندێکیان دەڵێن بەس نییە لە کۆتاییدا دەتوانیت کارێک بکەیت و ژیانێک بۆ خۆت بونیاد بنێیت. بەڵام گواستنەوە لە ئاواتەوە بۆ کۆچی ڕاستەقینە بە قووڵی بە هۆی توانا بونیادییەکانەوە سنووردارە، کە بارودۆخی بەرچاوی مانەوەی نائیرادی دروست دەکات. بۆ زۆرێک لە گەنجانی کورد، ئەو سەرچاوانەی کە پێویستن بۆ کۆچکردن؛ لە دەستیاندا نییە.

ئابووریی سیاسی و خواستەکانی کۆچی گەنجان لە کوردستان

یەكێک لەو میتۆدانەی کە دیاردەی کۆچکردنی پێ دەخوێنرێتەوە، بریتییە لە ئابووریی سیاسی. لە ڕوانگەی ئەم میتۆدەوە بەجیهانیبوون پڕۆسەی بەرهەمهێنان و بازرگانی و خزمەتگوزاری و ئابووری و دارایی، لە ڕێگەی گرێبەستی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانەوە داڕشتووەتەوە. بەم پڕۆسەیە وڵاتە هەژار و ناگەشەسەندووەکان بۆ دابینکردنی دەستی کاری هەرزان و سەرچاوەی سروشتی ڕادەکێشرێنە ناو ئەم سیستمەوە. هەر چەندە ئەم گۆشەنیگا میتۆدییە کۆچکردن دەبەستێتەوە بە داینامیکی بونیادی ئێستای سیستمی جیهانی، بە تایبەتی ئەو شێوازە نایەکسان و ناهاوسەنگەی کە سەرمایەداریی هاوچەرخ لە سەرانسەری ڕووبەڕوو و ئاستە جیاوازەکاندا، لەوانەش دارایی، بازرگانی، بەرهەمهێنان و بازاڕی کار ئاماژەی پێ دەکرێت. بەڵام هیچ ڕێگرییەک نییە ئەم میتۆدە لە سەر ئاستی لۆکاڵی و ناخۆیی وڵاتان و پەیوەست بە پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئابووری جێبەجێ بکرێت[22] .

 توێژینەوەکانی ئابووریی سیاسی لەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە دەکۆڵنەوە کە لە پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان، دابەشکردن، ئاڵوگۆڕ و بەکاربردندا هەن. مەبەستیان ئەوەیە کە پێداویستییە ماددییەکانی ژیان بە پێی پلەی ئێستای گەشەسەندنی بەرهەمهێنان و لە کارلێککردن لەگەڵ دامەزراوەکانی ئێستا و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا پیشان بدەن. هەڵبەت لە ئێستادا گرێدانەوەیەکی زۆر لە نێوان سێکتەری ئابووری و سیاسی لە کوردستاندا هەیە، ئەم پەیوەندییە تەنها لەوەدا نییە کە سیاسەت ڕێسا و سیاسەت و ڕێوشوێنی چالاکیی ئابووری دادەنێت و چاودێریی جێبەجێکردنیان دەکات، بە پێچەوانەوە پەیوەندیی ئەم دوو سیستمە زۆر گیروگرفتاوی و پر کێشەیە، بەوەی سیاسییەکان بە تایبەتییش دوو حیزبی دەسەڵآتدار مۆنۆپۆلی ئابوورییان کردووە لە ڕێگای کۆمپانییەکانی خۆیانەوە، ئەمەش ڕێگای خۆش کردووە بۆ گەندەڵییەکی بەرفراوان  و لە ئەنجامیشدا ڕێگە لە گەشەسەندنی کەرتی تایبەت دەگرێت. لە جیاتیی ئەوەی کەرتەکە بە لۆژیکی ئابووری و بازاڕ کار بکات، بەڵکوو بە لۆژیکی قۆرخکاری بەڕێوە دەبرێت. ئەمە هەڵگوشراوی بۆچوونی ئەو گەنجانەیە کاتێک باس لە گەندەڵی و نادادپەروەری دەکەن لە کوردستان. هەتا بەشێکی زۆری گەنجان ئەو بۆچوونەیان هەیە کە ئەگەر دەرفەتێکی گونجاوی کاریش هەبێت، بۆ ئەو کەسانەیە کە لەو دوو حیزبەوە نزیکن و بە قسەی خۆیان واستەیان هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نەبوونی بنەمای کێبەركێ لە سێکتەری تایبەت کە بنەمایەکی بنچینەییە بۆ گەشەکردنی ئابووریی بازاڕ. ئابووریی هەرێمی کوردستان بە نەزمێکی سیاسی كڕیارخوازی (clientelist) لەقاڵب دراوە کە تیایدا حزبە دەسەڵاتدارەکان -پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان- دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە و دەرفەتەکانیان کۆنترۆڵ کردووە. زۆربەی دامەزراندن و گرێبەست و بازرگانی لە ڕێگەی دڵسۆزیی سیاسییەوە دابەش دەکرێن نەک شایستەیی، ئەمەش زۆرێک لە گەنجان بەدەر دەکات ئەگەر پەیوەندیی پێویستیان نەبێت. بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی ئەم تۆڕانەی حیمایەت و پاڵپشتین (patronage)، بە تایبەتی دەرچووانی گەنج یان ئەوانەی لە خێزانە کەمدەرامەت و پەراوێزخراوەکانەوە هاتوون، ئاسۆی دامەزراندنێکی سەقامگیر و بزاوتی کۆمەڵایەتی بەرەو سەرەوە تاریکە. گەندەڵی و خزمایەتی ئەو متمانەیە تێک دەدەن کە پەروەردە یان هەوڵدان دەبێتە هۆی سەرکەوتن، زیاتر ئەو هەستە توندتر دەکات کە سیستمی ناوخۆیی بە ڕوویاندا داخراوە. ئەم ئەنجامە گونجاوە لەگەڵ ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی تەرکیز لە هۆکارەکانی کۆچکردن دەکەن، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی خراپیی سیستمی بەڕێوەبردن و گەندەڵی هۆکاری کاریگەری کۆچی گەنجانن[23]. ئەم ناڕازیبوونە سیاسییە ڕاستەوخۆ خۆراک دەداتە نائومێدیی ئابووری، وەکوو گەنجێک دەڵێت: “تەنیا کۆچکردن دەتوانێت لەم کارەساتە ڕزگارم بکات و دەرفەتێکم بۆ پێشکەوتن پێ ببەخشێت”. شایانی باسە پەیوەندیی کڕیارخوازی-پاراستن (client-patron relationship) یەکێکە لەو شێوە و قاڵبە (Pattern) کولتوورییەی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا ڕیشەیەکی دامەزراوی هەیە. ئەم جۆرە پەیوەندییە دوولایەنە نابەرامبەرە لەسەر بنەمای بەخشینی دلسۆزی لاوازەکان بۆ بەهیزەکان لە بەرامبەر دابینکردنی بژێوی و پارێزگاری لە لایەن بەهێزەکانەوە کاردەکات.  دیانە گینگ[24] لە توێژینەوەیەکی ئەنثرۆپۆلۆژی دەربارەی کۆچکردن لە کوردستان، ئەوەی دەرخستووە کە پێشبینیی ئەوانەی کۆچ دەکەن ئەوەیە لە وڵاتانی ڕۆئاوا سیستمێک هەیە کە دەیانژێنێت، ئەم بیرکردنەوەیە تا ئێستاش لە ناو گەنجاندا هەیە و وەکوو جۆرێک لە گرەنتی دەیبینن بۆ ژیان کە ئەگەر بچنە ئەو وڵاتانە؛ ژیانیان پارێزراو دەبێت.

ئەو پاڵنەرە ئابووری و سیاسییانەی کە دەبنە هۆی کۆچکردنی ژمارەیەک لە گەنجان، لە هەمان کاتیشدا دەبنە هۆکار بۆ کۆچنەکردن، یان وەکوو بەربەست دەبینرێن لە بەردەم کۆچکردن. کۆچکردن پڕۆسەیەکی خەرجدارە و تەنیا ئەوانەی دەتوانن ئەنجامی بدەن کە توانای داراییان لە ئاستێكدایە كە دەتوانن بەرگەی خەرجییەکانی بگرن، یان بە لانی کەمەوە دەستیان بە پاڵپشتیی دارایی کەسانی تر بگات بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەن. بەو پێیەی کە چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئەوانەش کردووە کە کۆچیان کردووە، ئەوەم بۆ دەرکەوتووە کە بەشێکیان کە گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست قەرزاربوون، یان کەیسی وا هەیە کە بە زۆر گەڕێنراوەتەوە بۆ کوردستان و قەزری کەوتووەتە سەر شان. بە گشتی دۆخی ئابووری وەکوو فاکتەری ڕێگرییش کار دەکاتە سەر ئەو کەسانەی ناتوانن خەرجیی سەفەرەکەیان دابین بکەن، چونکە وەکوو ئەوانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، زۆربەیان ئاماژەیان بەوە داوە کە زۆربەی دەرفەتەکانی کارکردن لە کوردستان لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار دیناری مانگانەدایە. بەم داهاتە هەندێک جار ناتوانرێت پێداویستیی سەرەکییش دابین بکرێت، نەک بتوانرێت پاشەکەوت بکرێت بۆ مەبەستێکی وا کە نیازی کۆچکردنت هەبێت. بۆیە زۆربەی جار ئەم کەسانە بە کەسی گیرخواردوو ناو دەبرێن[25]. لە کاریگەریی درێژخایەندا ئەم کەسانە تووشی دۆخێکی بێهیوایی دەبن کە ناتوانن هیچ وەبەرهێنانێک لە توانا و کارامەیی خۆیان بکەن. چاوەڕوانی دەرفەتێک بۆ ڕۆیشتن لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی خەڵک کەمتر وەبەرهێنان لە کۆمەڵگە ناوخۆییەکانیاندا بکەن، ئەمەش دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی لە سەر تاک و خێزان و کۆمەڵگە هەبێت[26]، ئەو پاڵنەرەشیان نییە کە بتوانن پڕۆژەی بازرگانی و کاری تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن، وەکوو یەكێک لە گەنجان دەڵێت: ” ئەگەر من ١٠ هەزار دۆلار بخەمە ئیشێکەوە، ئەوە دەبێت چاوەڕێی ئەوە بم کە ساڵێکی تر نیوەی پارەکەم دەست ناکەوێتەوە”.

 

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو لەنگەر

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتییش لە نێو خێزان، یەكێکی ترە لەو بەربەستانەی لە بەردەم ئەوانەی ئارەزووی کۆچکردن دەکەن. ئەم کەسانە بە حوکمی پەیوەندیی بەهێزیان، بە تایبەتی لە چوارچێوەی خێزان و کەسانی نزیکیان، ناتوانن کوردستان بەجێ بهێڵن و دەستبەرداری پەیوەندییەکانیان بن. “بە مەرجێک ئامادەم کۆچ بکەم کە هەموو ئەندامانی خێزانەکەم لەگەڵم بێت و بڕۆین”، ئەمە دەربڕینێکی زۆر ئاشکرا و ڕوونی گەنجێکە کە تەنها لە دۆخێکی گریمانەکراوی وەهادا دەتوانێت بیر لە کۆچکردن بکاتەوە.

ئەو دەربڕینەی سەرەوە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن وەک بەربەستێکی بەهێز لە بەردەم کۆچکردندا کار بکەن، تەنانەت کاتێک تاکەکان ئاواتەخوازی کۆچکردنن. لە کۆمەڵگەی کوردیدا زۆر جار کۆچ هەڵبژاردەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو بڕیارێکی خێزانیی بەکۆمەڵە، کە ڕەنگدانەوەی بەها کولتوورییەکان و پابەندبوون و وابەستەیی یەکترە. بۆ هەندێک لە گەنجان، ئارەزووی کۆچکردن بە هۆی پێویستیی دەستەبەرکردنی ڕەزامەندیی خێزان و پاراستنی یەکگرتوویی ماڵەوە سنووردارە. هەندێک کەیس هەیە کە دوای کۆچکردنیش بە هۆی ئەرك و پابەندبوونەكانی خێزان گەڕاوەتەوە. لای هەندێکی تر لە گەنجانی کورد، ئاواتەخوازیی کۆچکردن لەگەڵ ترسی دابڕان لە ئازیزان تێکەڵ بووە، بەو پێیەی زۆر جار خێزان سەرچاوەی سەرەکیی ناسنامە و پشتیوانی و سەربەخۆییە. تەنانەت کاتێک دەرفەتەکان هەن، جێهێشتنی دایک و باوک، خوشک و برا، یان خزم و کەسوکار دەتوانێت جۆرێک لە هەست بە بەرگەنەگرتن دروست بکات، کە خێزانەکە دەکاتە هەم لەنگەر و هەم قەڵغانێک لە بەرامبەر نادڵنیاییەکانی کۆچکردن، ئەمەش جۆرێک لە مانەوەی نائیرادی دروست دەکات کە ڕەگوڕیشەی لایەنی سۆزداریدا هەیە کە تەنیا سەختیی ئابووری یان بەربەستی سیاسی نییە کە ڕێگری لە ڕۆیشتن دەکات، بەڵکوو دوودڵییە لە تێکدانی یەکێتیی خێزانی بەنرخ.

بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خێزان بۆ کۆچکردن یەکێکە لەو دینامیکیەتانەی لە کۆچکردنی گەنجانی کورددا هەیە. هەندێک جاریش بەرپرسیارێتیی کۆچکردنی گەنجێک دەخرێتە ئەستۆی خێزانەکان. لە زۆرێک لەو پۆستانەی لە سەر کۆچکردنی گەنجان دەکرێت، خێزان وەکوو ڕەگەزێکی گرنگی کۆچکردن پیشان دەدرێت. زۆر جار ئەو دەربڕینانە دەنووسرێن ”دایک و باوک چۆن دڵیان دێت مناڵەکانیان بنێرن”، ئەمە پیشاندەری ئەو ڕۆڵە گرنگەیە کە خێزان دەیگێڕێت لە ئاڕاستەکردنی ژیانی ئەندامەکانی، بە تایبەتییش گەنجان، بە مانەوە بێت یان ڕۆیشتن. دەکرێت بڵێین تا ڕادەیەک بۆ هەندێک لە گەنجان گرنگیی خێزان و بازنەی نزیکی هاوڕێیەتی و خزمایەتی؛ جێگای سۆز و ووتاری نیشتمانی و نەتەوەیی گرتووەتەوە. بە بڕوای هەندێک لە گەنجان، وتاری عاتفیی کوردایەتی و نەتەوەیی ئامرازێکە بۆ ڕەوایەتیدان بە پاراستنی بەرژەوەندی و دەسەڵاتی نوخبەی دەسەڵاتدار. خۆبەریکردن  لە نیشتمان و نەتەوە دەتوانێت ڕێگەیەک بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەڕادەبەری بێزاری. وتنی “ئەم نیشتمان و شوناسە بۆ من چیتر گرنگ نییە”؛ لێدوانێکی بەهێزی نامۆبوونە، بەڵکوو ستراتیژێکە بۆ پاراستنی خۆ لە نائومێدی زیاتر. ناسنامەی نەتەوەیی بە گشتی سەرچاوەی خۆڕاگری و یەکڕیزییە، بە تایبەت بۆ گەلێک کە مێژوویەکی دوورودرێژی خەباتی هەیە وەکوو کورد. بەڵام کاتێک ئەو نوخبە سیاسییانەی کە بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی ئەو ناسنامەیە دەکەن؛ شکست دەهێنن لە دابینکردنی دەرفەتی ژیانی شایستە، ڕەنگە هەندێک لە گەنجان خۆیان لەم ناسنامەیە جیا بکەنەوە. لە یەكێک لەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، گەنجێک بە تووڕەییەوە دەڵێت: “هەر کەس ئامادەیە خەرجی سەفەرەکەم بدات؛ من بەشە نیشتمانەکەی خۆمی دەدەمێ. کێشەی نیشتمان ئەوەیە هەر چی دەوێ لە منی داوا دەکات، هەر چییشی هەبێت دەیدات بە دەسەڵاتدارەکان”. بۆیە هەندێک لە گەنجان ئەم وتارە وەک قسەیەکی پووچ دەبینن کە پارتە دەسەڵاتدارەکان بۆ پاراستنی دەسەڵات بەکاری دەهێنن، نەک چوارچێوەیەکی مانادار بۆ داهاتوویان.

کە وایە  بۆ ژمارەیەکی بەرچاوی گەنجان ناسنامەی کوردبوون چیتر ئەو فاکتەرە نییە کە کاریگەریی هەبێت لە مانەوەی گەنجان لە کوردستان و پەیوەستیان بکات بە کوردستانەوە وەکوو نیشتمان. هەستکردن بە ناسنامەی نەتەوەیی بۆ هەندێک لە گەنجان ئەو کاتە بەرجەستە دەبێت کە کوردستان بەجێ دەهێڵن و بەرکەوتەیان دەبێت لەگەڵ نەتەوە و کولتوور و نیشتمانی تر. ئەوانەی ئەزموونی کۆچکردنیان هەیە، زیاتر هەستی بەهێزبوونی ناسنامەی کوردبوون دەبینن. هەندێک لەوانە دەڵێن بۆ ئەوەی کە گەنجی کورد جیاوازی بکات لە نێوان دەسەڵات لە کوردستان لەگەڵ ئەوەی کە پێی دەڵێین ناسنامەی نەتەوەیی، پێویستە ئەزموونی ژیان لە دەرەوە بکەن.

تێچووە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی ئاواتە بەدینەهاتووەکانی کۆچکردن

ئەزموونی نەتوانین یان نەبوونی توانای بەدیهێنانی کۆچکردن، لە کاتێکدا لە بارودۆخێکدا بژین کە بە وتەی ئەو گەنجانە هیج هیوا و ئومێدێکی گەشی بۆ ئایندە تێدا بەدی ناکرێت، لێکەوتەی بەرچاوی کەسی و کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابووریی جیاوازی هەیە. دەستەواژەی ”ئەگەر بۆم بکرێ یەک دەقە لەم وڵاتە ناژیم”، دەرخەری دۆخی ئاڵۆز و قەیراناویی ژیانە لە کوردستان. هەڵبەت دەبێت خواستی ئەم جۆرە کۆچکردنە بۆ هەڵهاتن لە ژینگەی کوردستان جیا بکەینەوە لەو جۆری کە لەگەڵ بەجیهانیبوون و سەرمایەداریی ئابووری هاتە ئاراوە، کە جۆرێک لە هاوڵاتیی جیهانیی دروست کردووە کە لە جووڵەی بەردەوامدان، بە تایبەتییش ئەم تایپە لە دنیای ڕۆژئاوا یان ئەوەی پێی دەڵێن نیوەگۆی باکووری زەوی؛ بەدی دەکرێت کە وەکوو جۆرێک لە شێوازی ژیانی لێ هاتووە.  ئەم خواستە لە ئەنجامی ئەو باوەڕەیە کە کوردستان بۆ ئەوان گەیشتووەتە دۆخی چەقبەستوویی و بێجووڵەیی و هیچی لێ بەدی ناکرێت. لە خوارەوە هەندێک لەو کاریگەرییانە کە بەدی کراون لە میانەی چاوپێکەوتنی ئەو گەنجانە؛ دەخەینە ڕوو.

لە ڕووی دەروونییەوە ئاواتەخوازی کۆچکردن بەڵام نەبوونی توانای ئەو کارە، هەستێکی قووڵی شکست و بێزاری دروست دەکات. لە نێو گەنجانی کورددا زۆر جار دەگێڕدرێتەوە کە “گیری خواردووە” یان “گیر بووە” لە شوێنێکدا کە هیچ ئایندەیەکی پێشکەش ناکات، ئەمەش بەشدارە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی خەمۆکی و بێهیوایی و ناڕەزایی لە دامەزراوە گشتییەکان. لە بێهیوایی گەنجانەوە ڕێژەی بەرزی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و فشار بەدی دەکرێت کە لەوانەیە لە ئەنجامی نادڵنیایی و نەبوونی توانای پێشبینیکردن و کۆنترۆڵکردنی داهاتوو بێت. بە دڵنیاییەوە دۆخی شڵەژاوی دەروونی ئەم جۆرە گەنجانە لە چوارچێوەی دینامیکیەتی کۆچ تەنها ناگەڕێتەوە بۆ بێتوانینیان لە کۆچکردن، کاتێک کەسانی دەوروبەری خۆی دەبینێت کە توانای کۆچکردنیان هەیە و کوردستانیان بەجێ هێشتووە، بەڵام ئەمان لەم دۆخە بێبزاوت و چەقبەستووە خۆیان دەبیننەوە، بێگومان کاریگەریی خۆی هەیە. بە تایبەتییش زۆربەی ئەو گەنجانەی بۆ ئەم پڕۆژەی توێژینەوەیە چاوپێکەوتنم لەگەڵ کردوون؛ کەسوکار و هاوڕێی نزیکیان ڕۆیشتوون  و کۆچکیان کردووە. ئەم دۆخە دەروونییە بۆ ئەو کەسانە زۆر قورسترە کە دوای ئەوەی هەوڵیشیان داوە و ڕۆشتوون، بەڵام شکستیان هێناوە و گەڕێنراونەتەوە. ئەمانە دوای ئەوەی هەوڵەکانیان شکستیان هێناوە؛ زیاتر هەستی نامۆبوون و بێزاری دایگرتوون، بە تایبەتییش کە کەوتوونەتە ژێر باری قەرز، ئەوەش فشارێکی دەروونیی زیاتری بۆ هێناون.

 یەكێکی تر لە کاریگەرییەکانی کۆچکردن، وەکوو وەک ئیلیۆت[27] ئاماژەی بەوە کردووە کە خەڵک لەو ناوچانەی پێیان دەوترێت نێردەری کۆچبەران یان کە کۆچکردن بە لێشاو لێوە روودەدات؛ زۆر جار خۆیان لە چاویلکەی کۆچەوە دەبینن، تەنانەت ئەگەر هەرگیز نەڕۆن. ئەمەش پێگەیەکی خودی و ناسنامەیی دروست دەکات کە لە نێوان لێرە و لەوێ یەکلایی نەبووەتەوە، نە بە تەواوی لە ناوخۆدا جێگیر دەبێت، نە بە تەواوی سەر بە دەرەوەی وڵاتە. ڕەهەندی ناسنامە لێرە جێگای سەرنجە، لە لای ئەم کەسانە کە لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ کۆچکردن؛ هەستکردنێکی لاواز بە ناسنامە، بە تایبەتی ناسنامەی نەتەوەیی بەدی دەکرێت، ڕایەڵەکانی بەستنەوەی ئەم تاکانە بە ناسنامە و کولتووری نەتەوەیی شل و دانەمەزراون. بانگەشەی ئەوە ناکەین کە ئەمە هۆکارێکی یەكلاکەرەوەیە بۆ ئەو دیاردەیەی کە بە لاوازبوونی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی ناو دەبرێت، بەڵام بێگومان یەكێک دەبێت لەو هۆکارانەی لەم پڕۆسەیەدا دەکرێت ڕۆڵی هەبێت، چونکە ئەگەر تاکێک سەر بەو ژینگە و چوارچێوە کۆمەڵایەتییە نەبێت؛ ناتوانرێت پێشبینیی هەستێکی بەهێزی کوردبوون بکرێت. کۆچکردن بۆ هەندێک لە گەنجان ژیانە لەگەڵ پێشبینییەکی بەردەوام بۆ ڕۆیشتن. هەندێک لە گەنجان کە بیری کۆچکردنیان هەیە؛ باوەڕیان وایە کە ئەوان لە دۆخێکی پاسیڤدان، بەو پێیەی کە نە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت، نە ڕۆڵێکیان وایان پێ دەدرێت کە هەستبەخۆبوون و ڕەنگدانەوەیان بەرامبەر بە ناسنامەی كۆیی بۆ دروست ببێت، کە ڕەگەزێکی گرنگی هەر جۆرە ناسنامەیەکە  لە لای تاک دروست دەبێت[28].

لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییشەوە، ئەو کەسانەی کە بەردەوام لە ناو خواستی کۆچکردندان کەمتر بەشداری و دەرگیرییان بۆ دۆخی گشتیی کۆمەڵگە هەیە. بینینی کۆچکردن وەکوو تاکە ڕێگای دەربازبوون لە دۆخی قەیراناوی، ڕێگری دەکات لە برەودان بە هەر جۆرە دەستپێشخەرییەک لە ئاستی کۆمەڵگایی بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لەو دۆخەی لێی ناڕازین. لە کاتی گفتوگۆکردنم لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە کە بەو جۆرە بیر لە کۆچ دەکەنەوە، بە ڕوونی ئەوەم بەدی دەکرد کە هاندەر و پاڵنەرێکی ماناداریان نییە بۆ هەر جۆرە هەنگاوێک کە ئامانجی گۆڕانکاری بێت لەو دۆخەی بە وتەی خۆیان بێهیوای کردوون. بازنەی پەیوەندیی زۆربەی ئەو گەنجانەی کە قسەم لەگەڵیان کردوون؛ بریتییە لە خێزان و هاوڕێی نزیک، بازنەی فراوانتری مەدەنی و کۆمەڵگایی کە خۆی لە گرووپ و بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی دەبینێتەوە؛ لە ئاستی نەبوون هەستی پێ دەکرێت. پرسیاری ئەوەم لە گەنجەکان دەکرد لە چ چالاکییەک بەشدار بوویت کە پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی گشتییەوە هەبێت، بۆ نموونە وەکوو چالاکییەکی ژینگەپارێزی یان بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە سەر تەندروستی، یان بەشداریکردن لە گفتوگۆیەکی گشتی دەربارەی کێشەکانی هاتوچۆ، زۆر بە دەگمەن وەڵامێکی ئەرێنیم وەرگرت لە ناو گەنجان بە گشتی و بە تایبەتی ئەوانەی کە تەواو بیری کۆچکردن لە لایان گەڵاڵە بووە و بووە بە پڕۆژەی داهاتوویان. ئەگەر توێژینەوەیەکی پانۆرامی بکرێت لە ماوەی دوو و سێ دەیەی ڕابردوو، هیچ قۆناغێک وەکوو ئاستی بەشداریی گەنجان لە پرسە گشتییەکان بە شێوەیەکی مانادار و گاریگەر وەکوو ئێستا لاواز نەبووە. ئەو بنەما و پرەنسیپ و کۆڵەکانەی کە هاوبەستی و هاوبەندیی کۆمەڵایەتیی لە سەر دروست دەبێت، پێویستی بە ڕۆحیەتێکی گشتیی هاوبەش هەیە، ئەوەی دورکهایم پێی دەڵێت كۆ ویژدانی (collective conscience)  و بە کۆمەڵێک بیروباوەڕ و بەها و نۆرم و هەڵوێستی ئەخلاقیی هاوبەش پێناسەی دەکات کە وەک هێزێکی یەکگرتوو لە ناو کۆمەڵگەدا کار دەکەن. بوونی خواستێکی بەربڵاو لە ناو گەنجان کە لە هەندێک لە ڕاپرسییەکاندا دەرکەوتووە، دەگاتە ٦٠٪ و زیاتریش، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ لاوازیی ئەم بنەما کۆمەڵگاییە، چونکە کۆچکردن تا ڕادەیەک دەستبەرداربوونە لەم بنەما گشتییانە.

ئەنجامگیری

لەو شوێنانەی کە کۆچ ڕەگوڕیشەی مێژوویی هەیە، چیتر کۆچ تەنها بەجێهێشتنی وڵات نییە لە لایەن ژمارەیەک تاکی دیاریکراوەوە، بەڵکوو دەبێتە دینامیکیەتی کولتووری و کۆمەڵایەتیی ئەو جێگایە. لە کاتێکدا دەرفەرتی کۆچکردنی ڕاستەقینە بۆ ژمارەیەکی دیاریکراو بەردەستە، ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە خەڵک کە خواستی کۆچکردن و بەجێهێشتنی وڵاتیان هەیە؛ بە ناچار دەمێننەوە. بۆیە چوارچێوەی شیکردنەوەی ئارەزوو/توانا، ئەو کەرەستەیەمان دەداتێ بتوانین کۆچکردن وەکوو دیاردەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندی ناو دنیای ئەمڕۆ ببینین کە نەک تەنها پەیوەندیی بەوانەوە هەیە کە کۆچ دەکەن، بەڵکوو بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرجەمی تاکەکان لەو جوگرافیا دیاریکراوەی کە کۆچکردن تێیدا ڕوو دەدات؛ پێی کاریگەر دەبن. لە کوردستان دۆخی دژواری ئابووری و ناسەقامگیریی سیاسی لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچکردنی لێ کەوتووەتەوە، لە هەمان کاتدا خەیاڵ و ئارەزووی کۆچکردنی لە بیری ژمارەیەکی زۆرتریشدا چاندووە. ئەم خواستە بۆ کۆچکردن لە نائومێدییەکی قووڵی خەڵک بە گشتی و گەنجان بە تایبەت دروست بووە بەرامبەر بە داهاتووی ژیان و کار و خوشگوزەرانی لە کوردستان. زۆربەی گەنجانی کورد، بەوانەشەوە کە کۆچیان کردووە، مانەوەیان لە وڵاتی خۆیان و نزیک لە کەسوکاریان پێ باشترە، بەڵام لە هەلومەرجێکی گونجاوی ئابووری و کار کە گرەنتیی ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات. بوونی خواستی زۆر بۆ کۆچکردن لە ناو گەنجان، هەڵگری ئاماژەی جیاواز و لە هەمان کاتدا کاریگەریی دوومەودای هەیە بۆ سەر شوناسی تاک و دۆخی کومەڵگا و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی. کاریگەرییە دەروونییەکانی خواستی کۆچکردن ئەگەر نەتوانرێت ئەنجام بدرێت، خۆی لە بوونی فشاری دروونی و هەستکردن بە لاوازی و نەبوونی هاندەری پێویست دەبینێتەوە کە هەموو تاکێک بۆ ئەنجامدانی هەتا کاروبارە ڕۆژانەییەکانی پێویستی پێیەتی، ئەم دۆخە دەروونی و بێهیواییە گەنجانی تووشی جۆرێک لە دەستەمۆیی و هەوڵنەدان کردووە. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە؛ دابڕان و نەبوونی گرنگیدانی هەستپێکراو لە ناو گەنجاندا بەدی دەکرێت بۆ پرسە کۆمەڵگایی و گشتییەکان. ئەو نائومێدییە قووڵەی کە هەیە، دۆخێکی چەقبەستوویی بۆ گەنجان دروست کردووە. هاندەرێکی کاریگەر نادۆزنەوە کە یارمەتییان بدات کار لە سەر دروستکردنی خۆیان و هەست بە سەقامگیری بکەن. ئەوەی زیاتر هەستی چەقبەستوویی لە لای گەنجان زیاتر دەکات، زۆربەی ئەوانەی کۆچکردن بە ڕێگەچارەی گونجاو دەزانن بۆ ئەم دۆخە، توانای پێویستی ماددی و مرۆییان لەبەردەست نییە بتوانن بەدوای ئەو ڕێگایەدا بچن، لە هەمان کاتدا هەندێک بەربەستی تری کۆمەڵایەتی و خێزانی هەیە کە بۆ ژمارەیەکی تری گەنجان وەکوو ڕێگری لە کۆچکردن کار دەکات. سەرباری ئەمەش لە کوردستان تا ئێستا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سنووردارەکان لە ناو خێزان و بازنەی هاوڕێیەتی مانایەک و هاندەرێکە بۆ گەنجان کە بیانبەستێتەوە بەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە تێیدا دەژین، جۆرێک لە هەستی پابەندێتی و بەرپرسیارێتییان بۆ دروست دەکات.

پێشنیار و ڕاسپاردە

١. ئەم توێژینەوەیە هانی توێژەرانی تر دەدات کە ئەم بابەتە بکرێتە ئەجێندای توێژینەوەکانی بواری کۆچکردن، چونکە خواستی کۆچکردن پیویستی بە توێژینەوەی زیاتر و فروانتر هەیە، بە تایبەتی بە بەکارهێنانی دەیتای چەندایەتی بتوانرێت پەیوەندیی نێوان خواستی کۆچکردن و گۆڕاوە دیمۆگرافی و بایۆگرافییەکان بدۆزرێتەوە.

٢. هەروەها توێژینەوەکە هانی سەنتەر و ناوەندەکانی توێژینەوە دەدات کە کۆچکردن گرنگیی زیاتری پێ بدرێت و ئاڵۆزییەکانی ئەم دیاردەیە بە ئامرازی میتۆدی و تیۆریی جیاواز لێک بدرێتەوە، بە تایبەت کۆچکردن دیاردەیەکی زیندوو و کاریگەری سەردەمی ئێستایە و هەر کۆنتێکستێک دەکرێت کەیسێکی ناوازە بێت بۆ ئەدەبیاتی توێژینەوەی کۆچکردن.

٣.  لە ئاستی داڕێژەرانی سیاسەتیش، وەکوو گونڤۆر جۆنسۆن [29]دەڵێت، بۆ تێگەیشن لە هۆکارە ڕیشەییەکانی کۆچکردن نابێت تەنها جەخت لە سەر کۆچی ڕاستەقینە بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت خەڵکی بۆ کۆچ دەکەن، بەڵکوو تێگەیشتن لە مانەوەی ناچاری کلیلە بۆ زانینی چاوەڕوانییەکان و چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی کۆچکردن. بۆیە توێژینەوەی زیاتر لەم بابەتە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی مەعریفەی زیاتر لە سەر دیاردەی کۆچکردن، کە یەكێکە لە دینامیکیەتە گرنگەکانی کۆمەڵگای کوردی لە هەرێمی کوردستان.

٤. لە ئاستی حکومی و دامەزراوەکان؛ تێگەیشتن لەم کاتیگۆرییە لە گەنجان لە چوارچێوەی دیاردەی کۆچکردن خزمەت بە دانانی سیاسەت و ڕێوشوێنی گونجاو دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵی، ئەمەش پێویستی بە نیەتێکی جددیی داڕێژەرانی سیاسەت و حکومڕانی هەیە بۆ تێگەیشیتن لەم دیاردەیە تا ڕادەیەکیش کەمکردنەوە، بە تایبەتییش ئەمە هۆکارێک دەبێت بۆ بنبڕکردنی کۆچی نایاسایی کە قەیرانێکی نێودەوڵەتییە.

٥. لە ڕێگای گرنگیدان بەم بابەت،ە بە تایبەتییش دۆزینەوەی ئەو بەهانە و هۆکارانەی کە وا دەکات گەنجێک بیر لە کۆچکردن بکاتەوە، بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕوون دەبێتەوە کە گەنجان لە چی  نیگەرانن، بۆ دەیانەوێت بڕۆن، چ هیوا و خەون و خەیاڵێکیان هەیە و چاوەڕوانییەکانیان چین، ئەمەش بە نۆبەتی خۆی خزمەت بە دانانی سیاسەت و ستراتیژی گەشەپێدان دەکات کە هانی گەنجان بدات هەستی وابەستەیی بە وڵات و ژینگە و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەوە بۆ گرنگ بێت و تاکێکی بەشداری چالاک بێت لە پرسە گشتی و جڤاتییەکانی خۆی.

سەرچاوەكان

[1] Carling, J. (2001). “Aspiration and Ability in International Migration. Cape Verdean Experiences of Mobility and Immobility.”. PhD thesis in Human Geography: University of Oslo.

[2] De Haas, H. (2021). A theory of migration: the aspirations capabilities framework. Comparative Migration Studies, 9(1), 1-35.

[3] Ray, Julie, and Gpugliese, Anita (2024) Desire to Migrate Remains at Record High

https://news.gallup.com/poll/652748/desire-migrate-remains-record-high.aspx

[4] Palani, K., & Baser, B. (2025). Next Generation Iraq: Youth in the Kurdistan Region of Iraq. British Council.

[5] Özdemir, A. C., & Alaca, M. (2021). Migration Phenomenon in the KRG: Why Are the Kurds Going West. Center for Middle Eastern Studies, Policy Brief 199.

[6] Massey, D.S 1990b. “Social structure, household strategies, and the cumulative causation of migration.” Population Index 56: 3-26

[7] Ravenstein, E. G. (1885) The Laws of Migration. Journal of the Statistical Society of London. 48(2), 167-235.

[8] Lee, E. L. (1966). A Theory of Migration. Demography, 3(1), 47-57.

[9] Sjaastad, L. A. (1962). The Costs and Returns of Human Migration. Journal of Political Economy, 70(5), 80-93.

[10] Harris, J. R., & Todaro, M. P. (1970). Migration, Unemployment and Development: A Two-Sector Analysis. The American Economic Review, 60(10), 126-142.

[11] Stark, O., and Levhari, D. (1982) On Migration and Risk in LDCs,” Economic Development and Cultural Change, Vol. 31, No. 1, 1982, pp. 191-196.

[12] Piore, M. J. (1979). Birds of Passage: Migrant Labor and Industrial Societies. Cambridge : Cambrideg University press.

[13] Wallerstein, I. (1974). The modern world system I: Capitalist agriculture and the origins of the European world economy in the sixteenth century. . New York: Academic.

[14] Boyd, M. (1989). Family And Personal Networks In International Migration: Recent Developments And New Agendas. The International Migration Review, 23(3), 638-670.

[15] Massey, D. S., Arango, J., Hugo, G., Kouaouci, A., Adela, P., & Taylor, J. E. (1993). Theories of International Migration: A Review and Appraisal. Population and Development Review, 19(3), 431-466.

[16]Ibid.P.451

[17] ohen, J. H., & Sirkeci, I. (2011). Cultures of Migration: the Global Nature of Contemporary Mobility . University of Texas Press. P. 1-19

[18] Jónsson, G. (2008). Migration Aspirations and Immobility in a Malian Soninke Village. International Migration Institute Working Paper Series (Working Paper 10):1–45.

[19] De Haas, H. (2021). Ibid. P.30

[20] Carling, J., & Schewel, K. (2020). Revisiting aspiration and ability in international migration. In F. L. Collins, & J. Carling, Aspiration, Desire and the Drivers of Migration (pp. 37-55). London: Routledge.

[21] Standing, G. (2011). The Precariat: The New Dangerous Class. London : Bloomsbury. P.1-25

[22] Wise, R. D., & Covarrubias, H. M. (2012). Contemporary Migration Seen from the Perspective of Political Economy: theoretical and methodological elements. In C. Vargas-Silva, Handbook of Research Methods in Migration (pp. 92-113). Cheltenham: Edward Elgar Publishing Limited

[23] Lapshyna, I. (2014). Corruption as a Driver of Migration Aspirations: the Case of Ukraine . Economics and Sociology, 7(4), 113-127 and Auer, D., Römer, F., & Tjaden, J. (2020). Corruption and the desire to leave quasi-experimental evidence on corruption as a driver of emigration intentions. IZA Journal of Development and Migration, 11(1), 1-31.

[24] King, D. E. (2005). Asylum Seekers / Patron Seekers: Interpreting Iraqi Kurdish Migration. Human Organization ,, 64(4), 316-326.

[25] Alpes, M. J. (2014). Imagining a future in ‘bush’: migration aspirations at times of crisis in Anglophone Cameroon. Identities, 21(3), 259–274. And Schewel, K. (2015). Understanding the Aspiration to Stay: A Case Study of Young Adults in Senegal. IMI Working Paper Series, 107.

[26] Aslany, M., Carling, J., Mjelva, M. B., & Sommerfelt, T. (2021). Systematic Review of Determinants of Migration Aspirations. Change, 1(18), 3911–3927.

[27] Elliot, A. (2015) Paused subjects: Waiting for migration in North Africa. Time and Society. 25(1). 102-116

[28] Vignoles, V. L. (2019). Identity: Personal AND social. In K. Deaux, & M. Snyderr, Oxford handbook of personality and social psychology (2nd ed., pp. 289–315). New York: Oxford University Press

[29] Jónsson, G. (2008). Migration Aspirations and Immobility in a Malian Soninke Village. International Migration Institute Working Paper Series (Working Paper 10):1–45.

Send this to a friend