كاروانی ئایینی مەسیحی لە کوردستاندا (سەرهەڵدان، گەشەكردن، کارلێکكردن لەگەڵ ئیسلام)
د. یاسین تەها

دەسپێك:
کوردستانی مێژوویی خاوەنی سروشتێکی فرەچەشنی، فرەئایینی و فرەکولتووری بووە، لەنێو ئەم چەشنانەشدا ئایینی مەسیحییەت شوێنێکی دیاری هەبووە. ئەم ئایینە ئیبراهیمییە هەر لە سەرەتای دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژهەڵات، ڕێگەی خۆی بەرەو کوردستان دۆزیوەتەوە. لەو ناوچانەی کورد تێیدا ژیاون و چالاک بوون، چەندین کڵێسا و دێری مەسیحی دروستکراون و کەسایەتییە ئایینییە ناودارەکانیش ڕۆڵیان لە پەرەپێدانی ئایینەکەدا بینیوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە ناوچە کوردییەکان، مەسیحییەت چووە قۆناغێکی نوێوە کە بریتیبوو لە پێکەوەژیان و خۆگونجاندن. ئەم قۆناغەش هەڵکشان و داکشانی جۆراوجۆری بەخۆوە بینیوە. ئەم بابەتەی بەردەست چەند تیشک خستنەسەرێکە لەسەر مێژووی مەسیحییەت لە کوردستان و تێکچڕژانی جۆراوجۆری ئایین و کولتوور و سیاسەت لە سەدەی یەکەمی زایینییەوە تا سەدەکانی ناوەڕاستی ئیسلامی لە پانتایی کوردیدا.
ئایینی مەسیحی:
یەكێك لە سێ ئایینە ئاسمانییە گەورەكەی دنیایە، لەسەر باوەڕبوون بە خودای تاك و تەنیا وەك هێنەرەبووی گەردوون و باوەڕبوون بەوەی یەسوع (مەسیح) بە وشە و فرمانی خود پەیدابووە، لە ڕێگای مردن و هەستانەوەشی جارێكی دی (القیامة) بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤایەتی لە خراپە نێردراوە. ژینگەی یەكەم و بنەڕەتی سەرهەڵدانی مەسیحییەت لە سەدەی یەكەمی زایینیدا فەلەستین و كۆمەڵگا جووەكانە، پاشان لە سنووری قەڵەمڕەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا بڵاوبووەتەوە، بەرە بەرەش بووەتە ئایینێكی جیهانی (McGrath, 2015, pp. 1–7)..
لاهوتی مەسیحی لەسەر سێ بنەما بنەڕەتە: الله (باوك)، كوڕ، روح القدس، ئەمەش پێیدەگوترێت عەقیدەی “ثالوث” (لە ئیسلامدا ئەمە وەك كوفر تەماشا دەكرێت). دەقی بنەڕەتیی ئاییننەكەش كتێبی پیرۆزە؛ “العهد القدیم” كە هاوبەشە لەگەڵ جوو، “العهد الجدید” كە نوسخەكانی ئینجیل و پەیامی نێردراوە بەراییەكانی مەسیحی لەخۆدەگرێت. بەهاكانی مەسیحییەت لەسەر چەند بنەمایەك بنەڕەتن: خۆشەویستی، لێبوردەیی، دادگەری، بەزەیی، ئەمەش لە ئامۆژگارییەكانی ئینجیلی مەتادا جەختی لێكراوەتەوە (Hastings, 2000, pp. 120–125)..
بەتێپەڕبوونی كات مەسیحییەكان بەسەر چەند جەمسەرێكدا دابەشبوون لەوانەش:
1- كڵێسای كاسۆلیكی، سەنتەرەكەی لە ڕۆمایە و بنكەی دەسەڵاتی پاپایە.
2_ كلێسای ئەرسۆدۆكسی ڕۆژهەڵاتی كە پارێزگاری لە سرووتە نەریتییە دێرینەكان دەكات.
3_ كڵێسای پرۆتستانتی كە لەسەردەی 16 لەگەڵ بزووتنەوەی چاكسازی ئایینیدا سەریهەڵداوە و جەخت لە دەسەڵاتی كتێبی پیرۆز و ئازادی ئایینی دەكاتەوە (Fahlbusch, 2008, pp. 210–220).
سەرهەڵدانی ئایینی مەسیحی لە كوردستاندا:
ئایینی مەسیحی موژدەدەر و بانگخوازییە (تەبشیر)، لە ئینجیلدا جەخت لەسەر پەیڕەوانی کراوەتەوە کە سەرجەم نەتەوەکان فێر بکەن. هەروەها مەسیح هاوەڵانی ڕاسپاردووە کە ڕێنمایی هەموو خەڵک بکەن (ئینجیلی مەتتا ٢٨:١٩؛ ئینجیلی لۆقا ٩: ١-١). لەسەر ئەم بنەمایەش، ئەم ئایینە بە ڕێژەی جۆراوجۆر لە سەرانسەری دنیادا بڵاوبووەتەوە.
سەبارەت بە كوردستان، مێژووی ئایینی مەسیحی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەمی زایینی و پەیوەستە بە کارنامەی “مار ئەدی” کە یەکێک بووە لە هاوەڵ و قوتابییەکانی مەسیح (د.خ). باوەڕ وایە “مارئەدی” بە ڕاسپاردنی یەکێک لە نزیکترینەکانی مەسیح (تۆما)، لە دەوروبەری ساڵی ٢٩ی زایینیدا هاتبێتە شاری ڕوها لە هەرێمی جزیرە و پاشان بەرەو حەدیاب (ئەدیابین)، لەوێشەوە بەرەو کەرکووکی ئێستا (بێت گەرما) و سلێمانی چووە (عطو، ٢٠١١: ١٢٥؛ أبونا، ١٩٨٥: ١٥؛ أدي شير، ١٩١٢: ٢،٦). ناوبراو (مار ئەدای) کە یەکێک بووە لە حەفتا قوتابییە یەکەمینەکەی مەسیح، لە کاری موژدەدەریدا گەیشتووەتە نسێبین، ناوچەکانی دەوروبەری هەولێر (حەدیاب: ئەدیابین)، کەرکووکی ئێستا (بيت كرماي)، و شوێنکەوتووانیشی گەیشتوونەتە شارەزوور (أدي شير، ١٩١٢: ٢؛ سليمان، ١٨٩٩: ١-١؛ دائرة المعارف الإسلامیة، د.ت: ١٣: ٤٢٠).
لە نێو ئەوانەشدا کە لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا بانگەشەیان بۆ مەسیحییەت کردووە، ناوی کەسێک هەیە بە ناوی “فقيذا، بقيذا” کە لە حەدیاب (ئەدیابین) بووەتە ئەسقۆف (أدي شير، ١٩١٣: ٢/ ٢-٥). ئەمەش بە واتای خۆماڵیبوونی ئایینەکە دێت لەم ناوچە کوردنشینانەدا. باوەڕیشوایە هەر لە حەدیابەوە (هەولێری ئێستا)، مەسیحییەت لە ناوچەکانی دیکە تەشەنەی کردبێت (الخيون، ٢٠٠٥: ١٤٧)، بەجۆرێک کە لە سەدەی دووەمی زایینیدا مەسیحییەت لە ناوچەکەدا بووبێتە خاوەن پێگە و کڵێسا و دامەزراوەی بانگخوازی و کەسایەتیی ناودار (بڕوانە: بابو اسحق، ١٩٤٨: ٧-٨). هەر لە هەولێرەوە بانگخوازە مەسیحییەکان بەرەو بەهدینانی ئێستا چوون (ابونا، ١٩٨٥: ١/١٩).
ئایینی مەسیحی موژدەدەر و بانگخوازییە (تەبشیر)، لە ئینجلیدا جەخت لە پەیڕەوانی كراوەتەوە، سەرجەم نەتەوەكان فێر بكەن، هەروەها مەسیح هاوەڵانی ڕاسپاردووە ڕێنمایی هەموو خەڵك بكەن (ئینجیلی متی 28:19؛ ئینجیلی لۆقا: 9: 1_1)، لەسەر ئەم بنەمایەش ئەم ئایینە لە سەرانسەری دنیادا بە رێژەی جۆراوجۆر بڵاوبووەتەوە.
پێكهاتە و ڕیشەی مەسیحییەكانی كوردستان:
مەسیحییەکانی کوردستان لە ڕووی ئایینی و نەتەوەییشەوە فرەچەشنن، بەڵام ئەوانەیان لە دێرزەمانەوە لە کوردستاندا ژیاون زیاتر بە “نەستۆری” دەناسرێن (نیسکو، 2020: 16؛ بابو إسحاق، 1948: 1699). نەستۆری ڕێباوەڕێکی مەسیحییە کە بە کەسایەتی ئایینیی نەستۆرەوە پەیوەستە (مردووە: 451ز) كە پاتریارکی قوستەنتینییە بووە لە سەدەی پێنجەمی زایینی. بیروباوەڕی ئەم ڕێچکەیە جیاکاری لەنێوان دوو جۆرە سروشتی مەسیحدا دەکات کە یەکەمیان خودایی و دووەمیان مرۆییە، بە ڕەوا نازانن بە “مەریەمی پاکیزە” بگوترێت “دایکی خواوەند” بەو پێیەی دایکی سروشتە مرۆییەکەی مەسیحە، لەسەر ئەمەش لە ساڵی 431ز لەلایەن مەجمەعی مەسکوونیی مەسیحییەوە سەركۆنەکراون، ئەمەش کەرتبوونی کڵێسای بەدواداهات، لایەنگرانی نەستۆر زیاتر ڕوویانکردە سنووری ئیمپراتۆرییەتی ساسانی فارسی و بوونە ناوکی ئەوە تەرزە مەسیحییەی دواتر بە “کڵێسای ڕۆژهەڵاتی” ناسرا (Baum & Winkler, 2003, pp. 12–18).
نەستۆرییەکان لە کڵێسای کاسۆلیکی جیابوونەتەوە و بەوەش تۆمەتبارن کە دەستکاری ئینجیلیان کردووە. لەسەر ئەمەش ڕێنماییەکانیان قەدەغەکراوە و بەرەو ناوچەکانی نێوان ڕۆم و فارس لە کوردستانی ئێستا هەڵاتوون (ابونا، 1985: 80؛ عطية، 2005: 291-295). بەڵام دواتر ئەمانە زیاتر بە ئاسوری (ئاشووری) و کلدانی ناسران، چیرۆکی ناوەکەشیان مشتومڕێکی زۆری لەسەرە، چونکە هەندێک لە توێژینەوە مەسیحییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە مەسیحییەكانی ئەم ناوچەیە ئارامی و سریانین نەک ئاشووری و کلدان، بەڵگەشیان بۆ ئەمە بەڵگەنامە و دەستنووسە كۆنەكانە بە زمانی جۆراوجۆر هەر لە سەدەی یەکەمی زایینییەوە تا مێژووی هاوچەرخ كە سەرجەمیان وەك ئارامی و سریانی ناویاندەبەن، بەم پێیەش مەسیحییەکانی میسۆپۆتامیا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای فورات سریانن نەک کلدانی و ئاشووری، ڕەچەڵەکیشیان دەگەڕێتەوە سەر هۆزەکانی بەنی ئیسرائیلی ڕاگوێزراو بۆ عێراق نەک دانیشتووانە کۆنەکانی عێراق (بڕوانە نیسکو، 2020: 16_20). دەربارەی هۆکاری ئەم ناوگۆڕینەش، تۆمەتەكان ئاراستەی سیاسەتی ئیستیعماری و تائیفی دەکرێت، بەتایبەت كە سەرۆکی کڵێسای ئینگلیزی لە ڕێگەی تیمێکەوە (1876ز) متمانەی بەم مەسیحییانە كردووە ناوی خۆیان بکەنە ئاشووری (1876ز) بۆ ئەوەی پێگەی مێژووییان ناسراوتر بێت (بڕوانە: نیسکو، 2020: 19؛ سایکس، 2007: 30؛ أدموندز، 1971: 7).
سەرچاوە مەسیحییەکان باس لەوە دەکەن، پێکهاتەی مەسیحی لە میسۆپۆتامیا لە دێرزەمانەوە بە هاندانی فارسەکان چوونەتە سەر باوەڕەکانی نەستۆری، لەبەر ئەمەش بە کڵێساکەیان وتراوە فارسی و لە کۆتاییەکانی سەدەی پێنجەمی زایینییەوە (479ز)، دابڕاون لە مەسیحییەکانی ڕۆژئاوا. بەڵام لە سەدەی شازدەیەمەوە نێردە و گرووپە مزگەدەرەکان هانیانداون ناوی خۆیان بگۆڕن و لە شارستانییەتە کۆنەکانی عێراقدا ناونیشانیان بۆ دۆزیونەتەوە؛ ئەوانەیان کاسۆلیکبوون ناویان ناون کلدان و ئەوانەشیان نەستۆری کراون بە ئاشووری (نیسکو، 2020: 18). ئەم گۆڕانکارییەش کوردستان لێی بەدەر نییە چونکە بەشێک بووە لە نیشتمانی بڵاوبوونەوەی سریانەکان (بڕوانە نیسکو، 2020: 10).
لەبارەی ڕەچەڵەکی بنەڕەتیی ئەمانەشەوە بۆچوونێك هەیە پێیوایە کوردن و بوونەتە مەسیحی (مارک سایکس، 2007: 30؛ زەند، 1971: 62؛ زەکی بەگ، 1961: 121)، بۆچوونێکی دیکەش هەیە ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر هەمووشیان نەبێت، ئەوە هەندێکیان یان زۆرینەیان هەر کوردن (یوسف، 2002: 2/ 252؛ ئەحمەد، 1984: 101-102)، بە تایبەت کە پەیوەندییەکی مێژوویی قووڵ لە نێوان کڵێسا مەسیحییەکانی کوردستان و کورد یان میدییەکاندا هەیە. لە سەرچاوە پیرۆزەکانی مەسیحییەکانیشدا ناوی میدییەکان هاتووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە ئاشووری و کلدانییەکان نییە (بڕوانە: نیسکو، 2020: 631-632). لە تۆمارە مەسیحییەکانیشدا ئاماژەی ئەوە بەردەستە کە خەڵکی کورد لەسەر دەستی بانگخوازە مەسیحییەکان خوێندوویانە و سوودمەندبوون (مجهول، 2010: 2/ 87، 95).
لە پەنا نەستۆرییەکانیشدا، ڕێژەیەک لە مەسیحییەكانی كوردستان، شوێنکەوتەی “یەعقوبی بورزوعانی” بە ڕەچەڵەک نسێبینی بوون کە خاوەن ڕێچکەی تایبەتی خۆیەتی لە مەسیحیایەتی و لە 542ز بووەتە ئەسقفی قوستەنتینییە. ئەمانە باوەڕەكەیان ئەوەیە، مەسیح سروشتێکی ڕەبانی هەیە کە دوو جەوهەرن، یەکێکیان خودایی و ئەوی دیکە مرۆییە، ئەم كەسایەتییەش ڕۆڵی زۆری هەبووە لە ڕێكخستنەوەی كڵێسای سریانی ئەرسۆدۆكسی و زیندووكردنەوەی (بڕوانە: Britannica, 2025 ؛ عطية، 2005: 221). ئەم یەعقوبییانە لە دەوروبەری موسڵ بڵاوبوون (مارکۆپۆلۆ، 2002: 1/ 56) و لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئیسلامیدا لە دیاربەکر زۆرینە بوون (مراد، 2001: 350)، بەڵام بەراورد بە نەستۆرییەکان کەمینە بوون (بابو اسحاق، 1948: 16) بە تایبەت کە ساسانییەکان پشتیوانییان لە نەستۆرییەکان دەکرد لە دژی ڕۆمەکان (سیغال، 1990: 255؛ کامل و آخرون، 1987: 1/).
مەسیحییەكانی كوردستان لە دەمی لەشكركێشییە ئیسلامییەكاندا
دابەشبوونی ناوچە كوردییەكان بەسەر هەردوو ئیمپراتۆریەتی ساسانی و بێزەنتیدا، لێكەوتەی كولتووری و سیاسیشی لەسەر دانیشتوانەكەی هەبووە، بەو پێیەی میحوەری ساسانی ناوچەی نفوز و باڵادەستی ئایینی زەردەشتی و میحوەری بێزەنتیش هی ئایینی مەسیحییە (بڕوانە: اليعقوبي، د.ت: 1/ 159)، هەرچی ڕۆمە بێزەنتییە مەسیحییەكانیشە لە دەوروبەری 627 زایینی و لە سەردەمی “هەرقل” دا كۆنترۆڵی هەرێمی جزیرەیان كردبوو (الدینوري، 1960: 107)، شتێكی سروشتی و ڕێتێچووشە لەو كاتەوە ئایین و بیروباوەڕی مەسیحییان لەو ناوچانە پەرەپێدابێت و ئەمەش لە بنیاتنانی كڵێساكان و شوێنەوارە مەسیحییەكان و مانەوەیان بۆ سەردەمی ئیسلامی و دواتریشدا تا سەردەمی ئێستادا تا ڕادەیەك ڕوونە.
لە دەمی هەڵمەتە ئیسلامییەكاندا لە قۆڵی هەرێمی جزیرەی كوردنشین و باكوری شام و عێراقەوە، پەلاماری موسوڵمانەكان لە دەوروبەری ساڵانی 17_18 ك/ 638_639 ز لە پاش كۆنترۆڵكردنی شام و میسر دەستیپێكردووە. هەڵمەتەكەش بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خەلیفە “عومەری كوڕی خەتاب” و سەركردایەتی “عیازی كوڕی غەنەمی ئەشعەری”، بە بەشداری هەشت هەزار جەنگاوەر ئەنجامدراوە (الواقدي، 1989: 2/ 89). لەم پانتاییە فراوانەی نێوان هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتدا شارە كوردنشینە سەرەكییەكان هەبوون، وەك: حەڕان، ڕوها، سەرێ كانی (رأس العین)، نسێبین، شەنگال (سنجار)، مێردین، ئامەد و موسڵ (الحموي، 1995: 2/ 134). لەم قۆڵەوە بەراورد بە دەڤەرەكانی بندەستی ساسانی و هەرێمی چیا، خەڵكەكە كەمتر بەرەنگارییان كردووە، لە بری ئەوەش ئاشتەوایی و رێككەوتنیان هەڵبژاردووە. لەم میانەیەشدا زانیارییە مێژووییەكان ئاماژە بەوە دەكەن خەڵكی “جزیرە” لەگەڵ “عیازی كوڕی غەنەم” (م. 20ك/641ز) كە لە هاوەڵانە، رێككەوتوون “جزیە و “خەراج” بدەن، لەبەر ئەوەش گوتراوە: جزیرە لە هەموو جێگەكانی دیكەی وەك عێراق و شام و وڵاتی فارس ئاسانتر لەگەڵ لەشكری موسوڵمانەكان پێكهاتووە لەسەر ئەوەی “جزیە” و “خەراج” بدەن و شەڕی لەشكری موسوڵمانەكان نەكەن (الحموي، 1995: 2/135).
نموونەی بنەڕەتی و ڕچەشكێن بۆ ڕێككەوتنەكانی “جزیە”و “خەراج” بەرامبەر مانەوە لەسەر ئایینی پێشوو كە زیاتر مەسیحییە، لە شاری “ڕوها” وە دەستیپێكردووە. بەپێی گێڕانەوە مێژووییەكان خەڵكی ئەم شارە خواردن و پۆشاك و پیتاكیان كردۆتەوە بۆ بەرگریكردن لە شورەی “ڕوها”، بەڵام كاتێك گوێبیستی تەكبیر (الله أكبر) و تەهلیلە (لا الا اله الله)ی لە شكری موسوڵمانەكان بوون ترساون و پێیانوابووە دەوروبەری بیست هەزار كەس دەبن، پاش نزیكەی دوو هەفتەش لە بەرەنگاری و خۆ مەڵاسدان، پاتریاركی مەسیحی شار (میطوس) یان ڕاسپاردووە گفتوگۆ لەگەڵ لەشكری هێرشبەر بكات، بۆ ئەوەی هاوشێوەی شاری ڕەقە ئەمانیش ڕێككەوتن بكەن، لەسەر ئەمەش “عیازی كوڕی غەنەم” گفتی پێداون و نامەی بۆ نووسیون (الكوفي، د.ت: 252). دەقی نامەكەی “عیازی كوڕی غەنەم” بۆ خەڵكی “ڕوها” ئەوەیە كە ئەو دەستەبەری پاراستنی: گیان، ماڵ و مناڵ، ژنان، شار و تەنانەت ئاشەكانیان، ئەگەر بێت و “ئەو مافەی لەسەریانە بیدەن، پردەكان چاك بكەنەوە، ڕێگەیان پیشان بدەن”، لەسەر ئەمەش “خودا و فریشتەكان و موسوڵمانان شایەتبن” (البلاذري، 1988: 175).
بە پێی گێڕانەوەكان، “عیازی كوڕی غەنەم” لە هەڵمەتەكانیدا چووەتە نێو قوڵایی نێوچە كوردییەكانەوە و رێككەوتنی سەرانەی “جزیە” و “خەراج”ی شاری “ڕوها”ی كردووە بە بنەمای مامەڵەكردن لەگەڵ دانیشتوانەكە، لەوانەش: خەڵكی “سمیساط” لە نزیك مەلەتێ و موشی ئێستا، هەروەها “سروج، ڕاسكیفا، تەلموزان، ئامەد، میافارقین، قەڵای كفرتوسا، نسێبین، رێگای زوزان، بەرزانییەكانی عابدین، قەڵای ماردین دارا، كردا (جزیرەی بۆتان) بازبدی، پاشان چووە تا بەدلیس و خەڵات تا گەیشتوەتە كانییە كبریتەكەی هەرێمی ئەرمینیا كە كوردنشین بووە (بڕوانە: البلاذري، 1988: 176، 184؛ ابن الفقيه، 1996: 179). لە شارێكی وەك میافارقینیش خەڵكەكە پاتریاركی شارەكە (فەتوس/ ئەسلاگۆرس) یان ڕاسپاردووە بە سێ هەزار دینار پارەی حازر ڕێككەوتنیان بۆ بكات (الكوفي، د.ت: 259).
سەرجەم لە شكركێشییەكانی جزیرە بە رێككەوتن كۆتایینەهاتووە بەڵكو شەڕ و بەرەنگاریشی تێكەوتووە، بۆ نموونە لە “سەرێ كانێ” دا خەڵكەكە هەندێك بەرگرییانكردووە، دەرگای شاریان داخستووە، هەندێك موسوڵمانیان كوشتووە، شەڕێكی قورسیشیان كردووە، بەڵام سەرەنجام ئەوانیش پاش تێكشكانیان، ملكەچی رێككەوتن بوون و چوونەتە نێو پرۆسی سەرانە و باجەوە، نێوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەش ئەوەیە زەوەییەكانیان پێدراوەتەوە، هەروەها دەستەبەری پاراستنی ژن و منداڵیان كراوە، بەرامبەر بەمەش سەری هەر كەسێك چوار دینار “جزیە”یان لەسەر دانراوە (البلاذري، 1988: 177). لەپاش كۆنترۆڵكردنی شارەكەش، عەرەبە موسوڵمانەكان ماوەی مانگێك لە شارەكە ماونەتەوە، كڵێسایەكی نەستۆری و چەند كڵێسایەكی دیكەیان كردووە بە مزگەوت، كەسێكیشیان بە ناوی “عەجرەفەی كوڕی مازن” كردووە بە والی لەسەری كانێ (رأس العین) (الواقدي، 1997: 2/ 141).
سەرباری شەڕەكانیش نامەگۆڕینەوە نێوخۆییەكانی مەسیحییەكان ئاماژە بەوە دەكات عەرەبە موسوڵمانەكان ڕێزیان لە ئایینەكەیان گرتووە، لەگەڵ قەشە و ڕاهیبەكاندا میهرەبان بوون و بۆ “پیاوانی خودا” و كڵێسا و دێرەكانیش باش بوون (بڕوانە: الیوزبكي، 1983: 64). ئەم گێڕانەوەیەش ڕێتێچووە چونكە لە دەقێكی قورئاندا بە ڕوونی هاتووە: ئەو کەسانەی خۆیان بە مەسیحی زانیوە، پتر بڕوادارەکانیان خۆشویستووە. چونكە بڕێکیان ڕەبەن و قەشەن و خۆیان بەزل نازانن (المائدة: 82).
بڵاوبوونەوەی مەسیحییەكانی كوردستان لە سایەی هەژموونی ئیسلامیدا
گێڕانەوەكانی سەدەی حەوتەمی زایینی ئاماژە بەوە دەكەن، مەسیحییەكانی كوردستان لە سەروبەندی دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی ئیسلامدا چەند دێر و كلێسایەكیان لە چیاكانی هەكاری ڕۆژهەڵاتی موسڵ بنیاتناوە (العزاوي،1995: 83)، هەر لەم بارەیەشەوە مەسعودی (م. 346ك/957ز) باسی لەوەكردووە هۆزە كوردییەكانی یەعقوبی و گۆران (الجورقان) لە باكوری موسڵ لەسەر ئایینی مەسیحی بوون (المسعودي،1409 هـ: 2/ 101). ئەم قسەیەی مەسعودیش لە زۆری ژمارەی كڵێسا و دێرە مەسیحییەكاندا لەو ناوچانە پاڵپشتی هەیە، هەندێك لەوانەش تا سەدەی 7ك/13ز ئاوەدانبوون (بڕوانە: الحموي، 1995: 2/ 530؛ الشابشتي، 1951: 196_ 199).
ئیبن ئەسیر (1997: 6/36) لە ڕووداوەكانی ساڵی 315ك/927ز دا باس لە هەڵگەڕانەوەی یەكێك لە سەركردە خێڵەكییەكانی كورد دەكات لە ئیسلام (ئیبن زوحاك) و پاشان پەیوەندی بە مەسیحییەكانەوە كردووە لە جزیرە، ئەوانیش لە بەرامبەردا پاداشتیانكردووە و فەرمانیانكردووە وەك فەرماندە بگەڕێتەوە بۆ قەڵاكەی، بەڵام لە ڕێگا كەوتووەتە كەمینی موسوڵمانەكان و كوژراوە. ئەم ڕووداوەش ئاماژەی ئاشنایەتی هەندێك كوردە بە ئایینی مەسیحی لەو سەردەمەی كە مەسعودی باسی لە هۆزە كوردییە مەسیحییەكان كردووە (4ك/10ز)، هەمان شتیش لە گێڕانەوەكانی گەڕیدەی ئیتالی “ماركۆپۆلۆ” دا هاتووە (2002: 1/ 56) كە سەدەی 7ك/13ز بە ناوچەی موسڵدا گوزەری كردووە و لەوێ كوردانی مەسیحی بینیوە.
سەرباری ئەمانەی سەروەش هێشتا بە رێژەی زۆر كورد نەبوونەتە مەسیحی، ئەم ئایینە بەربڵاوەش زۆر لەناو كورددا تەشەنەی نەكردووە (بڕوانە: زكي بك،1961: 288؛ Bedlian، 60)، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی پێدراوە مێژووییەكان، مەسیحییەكان گەورەترین كۆمەڵی نا موسوڵمانی كوردستان بوون (زاكن، 2011: 31)، دەشێت بە دووەم پێكهاتەی ئایینی كوردستانیش لە قەڵەم بدرێن، بەڵگەش بۆ ئەمە زۆری ژمارەی كڵێسا كەلەپورییەكان و شوێنەوارە مەسیحییەكانە لە جزیرە و دەوروبەری موسڵ و باشیك و قەرەقۆش و بەرتەڵە كە تێكەڵەیەك لە كورد و عەرەب و پێكهاتەی دی لەخۆدەگرێت (بڕوانە: الحموي، 1995: 2/ 316، 324_325).
مەسیحییەكانی كوردستان زیاتر لە هەرێمی جزیرە و دەوروبەری موسڵ كۆبوونەتەوە چونكە ئەم ناوچانە جێگە نفوز و درێژكراوەی حوكمڕانی بێزەنتی بوون، بەڵام لەو ناوچە كوردییانەی جێگی نفوزی ساسانی لە هەرێمی چیا (الجبال) زەردەشتییەكان زۆرینە بوون (بڕوانە: المقدسي، د.ت، 84).
بەناوبانگترین كڵێسا مەسیحییەكانی وڵاتی كوردیش لە شاری ڕوها بووە كە گەورەترین كڵێسای سنووری قەڵەمڕەوی عەباسییەكانی لەخۆگرتووە (الأططخري،2010: 54)، بە شێوەیەك كە لە دەمی خۆیدا بە یەكێك لە ناوچە جێگە سەرسوڕهێنەرەكانی دنیا ناوبراوە (المقدسي، د،ت: 141). هەر لە جزیرەدا دەیان دێر و شوێنی خواپەرستی مەسیحی هەبوون، هەندێك لەوانەش تا ئێستا ماون (المقدسي،د،ت: 141؛ شمیساني،1987: 355)، یەكێك لە كڵێسا گەورەكانی هەرێمەكەش لە شاری ئامەد (دیاربەكر) دا بووە كە بە زەخرەفە ڕازێنراوەتەوە و هەمووی لە بەردی گرانبەها بنیاتنراوە و دەربارەی بیناسازییەكەی گەڕیدە “ناسر خەسرەو” (1993: 51) دەڵێت ” هاوشێوەی لە دنیادا نەبووە”. جگە لەمەش لە ئامەددا 12 كڵێسای دیكە هەبوون (بڕوانە: الدوسكي،2012: 22)، هەروەها لە نسێبین و حسن كێف، كڵێسا و دێری زۆر لە سەدەی 4ك/10ز دا بینراون ( بڕوانە: الاصطخري،2010: 52؛ المقدسي،د.ت: 141)، ئەم كڵێسایانەش درێژبوونەتەوە بۆ شنكال (سنجار) و بەدرێژایی سەردەمی ئیسلامی چالاكی ئایینی مەسیحی تێدابووە (بڕوانە: شمیساني،1987: 253_255).
هەرێمی جزیرە هێندە بۆ مەسیحییەكان لەباربووە، پاتریاركی سریانی مەغریبی لە 425ك/1034ز پەنای بۆ ئامەد هێناوە و پاشان لە نزیك ماردین بە یەكجاری نیشتەجێبووە (أبونا، 2002: 227). لە كاتێكیشدا كە كڵێساكانی عێراق بەرەو داڕمان و هەڵوەشان چوون بەهۆی شەڕ و شۆڕەوە، كڵێساكانی باكوری میزۆپۆتامیا وەكخۆیان ماونەتەوە (حداد، 1994: 268)، هەندێك لەو كڵێسایانەش لە جزیرەدا هەبوون لە تەنیشت مزگەوتەكاندا ڕازێنراوبوون بێئەوەی كەس پەلاماریانبدات (خسرو،1993: 151).
لە دەرەوەی جزیرە ئایینی مەسیحی لە شارەزووردا شوێنكەوتە و شوێنی پەرستنی هەبووە (بولادیان،2013: 78). لە هەرێمەكانی ئەرمینیە و ئازەربایجانیش گەورەترین پێكهاتەی نا ئیسلامی بوون چونكە دراوسێی ئەرمینیای مەسیحی بوون، بە تایبەت لە شاری دوین كە نیشتمانی یەكەمی ئەیوبییەكانە لەسەر سنووری ئەزەربیجان، لە هەرێمی چیاشدا چڕبوونەوەیان لە حەلوان و هەمەداندا بووە (بڕوانە: عدو، 2011: 2011 61).
ڕەوشی مەسیحییەكانی كوردستان لە سایەی دەسەڵات و میرنشینەكاندا
بە شێوەیەكی گشتی سەردەمی عەباسی لە سەدەكانی ناوەڕاستی ئیسلامیدا بەڕوی مەسیحییەكاندا كراوە بووە و هەندێك ڕۆڵیان پێدراوە (بڕوانە: بابو إسحاق،1948: 73؛ Ara Bedlian، 59)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سەردەمە بێبەش نەبووە لە هەندێك ڕق و تۆڵەكردنەی گرژییە سیاسییەكان (فییه، 1990: 383)، بە تایبەت كە مەسیحییەكان خۆیان فرە پێكهاتە و فرەجۆربوون، بەهۆی نیشتەجێبوونیشیان لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان ڕۆم و دەوڵەتی خیلافەت جێگەی گومان بوون (أبونا،2002: 206)، هەندێكجار لە ناكۆكی نێوخۆیی خۆشیاندا یەكتریان بە خیانەت و پاشكۆیەتی بۆ ڕۆم تۆمەتباركردووە كە لەشەڕدا بوون لەگەڵ موسوڵمانەكان، ئەمەش لە شاری ڕوهای جزیرە بە كردەیی ڕوویداوە (571ك/ 1176ز) (فییه،1990: 348).
پەیوەست بە میرنشینە كوردییەكانیش، ڕەوشەكە جیاوازی هەبووە و هەموو كات وەك یەك نەبووە، بۆ نموونە یەكێك لە ناسراوترین میرە كوردەكان “ئەبو ئەساوری كوری” لە میرنشینی شەدادی (441ك/ 459ز/ 1049_1066) كچی پادشای ئەرمەنی “ئەشود بەقراودی” خواستووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی زبر و توند بووە بەرامبەر مەسیحییەكان چونكە بە گژ ئەرمەنەكاندا چووەتەوە و بەرپەرچی هەوڵەكانی ئەم دەوڵەتەی بۆ فراوانخوازی لە نێو میرنشینەكەی داوەتەوە (بڕوانە: مرجونة، 2010: 200؛ عدو، 2011: 138)، كەچی لە میرنشینی هەزبانیدا لە ئەزەربیحان كە دراوسێی شەدادییەكانە (437_543ك/1046_1139ز)، مەسیحییەكان لە دۆخێكی باشدا ژیاون و میرەكان رێزیان لەو مەسیحییانە گرتووە كە لە هەندێك لە شارەكانی هەرێمەكەدا زۆرینەبوون (عدو، 2011: 138).
سەبارەت بە سنووری قەڵەمڕەوی دەوڵەتی مەروانییش لە جزیرە (371_ 477 ك/ 981 _ 1084ز)، ئەوە مەسیحییەكان گرنگی و پێگەی باشیان هەبووە و لە پۆستەكانی بەڕێوەبردنی میرنشینەكەدا هەڵكشاون، تا ڕادەی ئەوەی مێژوونووسێكی هاوچەرخ پێیوایە مەسحییەكان لەم میرنشینەدا باڵادەست و بڕیاربەدەستبوون (الفارقي،1959: 357). هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەوان ئەم پۆستانەیان لە میرنشینەكەدا هەبووە:
_ ئیدارەی ئەوقاف كە سپێردرابوو بە “ئیبن شەلیتا” لە 425ك/1034ز (الفارقي،1959: 164).
_ ئیدارەی كاروباری پایتەخت (ئەمیندارێتی گشتی) سپێردرابوو بە پزیشكێكی مەسیحی بە ناوی “ئەبو سالم” (472_489ك/1079_1095ز) (الفارقي،1959: 206).
_ سپاردنی كۆكردنەوەی باج و كاروباری دیكە بە مەسیحییەكان (مراد،2001: 357).
_ پێشڕەوی مەسیحییەكان لە كاروباری پزیشكی لە سەرانسەری میرنشینەكە (یوسف،2002: 2/ 171).
سەبارەت بە شاری هەولێریش كە شێوە میرنشینێكی بچووكبووە (586_630ك/ 1190_1232ز)، پۆست و پێگەی زۆر بە مەسیحییەكان دراون (الصقار، 1980: 176_177)، تا ڕادەی ئەوەی هەندێك لە شاعیران ئەمەیان كردووەتە بابەتی توانج و تانە، لەوانەش شاعیری هەزبانی “تەها بن ئیبراهیم هەزبانی” كە دەڵێت: خوا لە هەولێر نەكاتەوە كە خاچپەرستان حوكمی دەكەن” (الیونيني، 1992: 10124). ئەم شارەش هێندە بۆ مەسیحییەكان لەبار بووە كە چەند پۆست و پێگەیان تێدا وەرگرتووە و هەندێكجاریش تۆمەتباركراون بە چەوساندنەوەی خەڵك (بڕوانە: ابن الأثیر، 1997: 7/ 492؛ فییه،1990: 256). ڕەنگە دوو دێڕ شیعری شاعیری سریانی “الحاجری الأربلي” عیسا سنجر (م. 632ك/ 1234ز) كە بۆ والی خەلیفەی ناردووە و باس لە چۆڵی و بێنازی مزگەوتەكان و پۆشتەو پەرداخی كڵێساكانی هەولێر دەكات باشترین گوزارشتی ڕەوشی مەسیحییەكانی ئەم شارە بێت (بڕوانە: صالح، 2009: 208). كاربەدەستە مەسیحییەكانیش هێندە باڵادەستبوون دەگوترێت كۆنترڵی ئیدارەی هەولێریان كردووە بە تایبەت فرمانڕەوای شارەكە موزەفەرەدین گۆگبوری (الصقار، 1992: 176). جار واش هەبووە لە دەمەنهوری میسرەوە كەسایەتی مەسیحی پەنای بۆ هەولێر هێناوە (الصقار، 1992: 177)، لە دەمی شاڵاوەكانی مەغۆلیشدا بۆسەر موسڵ مەسیحییەكان هەر هەولێریان بە قەڵای قایم زانیوە و ڕوویانتێكردووە (سەدەی 7ك/13ز) (ابن العبري، 282_283).
پێكدادانی كورد و مەسیحییەكان
سەرباری ئەو نموونە ئەرێنیانەشی لەبارەی ڕەوشی مەسیحییەكان ئاماژەیانپێكرا لە سەردەمی ئیسلامیدا، هەندێك هەواڵ بەردەستن لەبارەی چڕژبوونی ڕەوشی پێكەوەژیان و پەیوەندییان لەگەڵ موسوڵمانەكان لە پانتایی كوردیدا، لەوانەش:
* هەراسانكردنی كوردە یەعقوبییە مەسیحییەكان و سەرانەسەندن لێیان لەلایەن فەرماندەی تورك “ئیبن كنداجق”ـەوە لە 266ك/897 زایینی بەهۆی ئەوەی ئەوان لایەنگری ڕكابەری ئەم بوون (ابن الأثیر، 1997: 6/ 289).
* داگیركردنی دێرەكان لەلایەن هەندێك لەو هۆزە كوردییانەی لە هەڵمەتەكانی بوەیهی هەڵهاتبوون بە 367ك/977ز لە دەوروبەری شاری ئامێدی (367ك/ 977ز) (فییه،1990: 241ز).
* ڕووخاندنی كڵێسای ئەرمەنەكان لە میرنیشنی شەدادی و كوشتنی ئەوانەیان كە موسوڵمان نابن بەهۆی شەڕی میرنشینەكە و ئەرمەن و بێزەنتییەكانەوە (441ك/ 1049ز) (مرجونة، 2010: 200).
* تاڵانكردنی ماڵی مەسیحییەكان لە میافارقین لە میانەی هێرشی سەلجوقیدا (478ك/1085ز) (مراد، 2001، 357).
* گۆڕینی یەكێك لە دێرەكان لە چیاكانی ماردین بۆ مزگەوت لەلایەن كورەكانەوە (565ك/1170ز) پاش ئەوەی ڕاهیبەكەی بووەتە موسوڵمان (فییه، 1990: 348).
* بەشداریكردنی كورد لە هەڵمەتی بە كۆمەڵی مەلیك ساڵح لوءلوء دژی مەسیحییەكان لە دەمی هەڵمەتی مەغۆلدا لە نیوەی دووەمی سەدەی 7ك/ 13ز (ابن العبري، 283).
بەراوردكردنی ئەم ڕەوشەی مەسیحییەكانیش لەگەڵ نموونەكانی دیكەی پێكەوەژیان ڕاستییەك پیشاندەدات كە موسوڵمانەكان و مەسیحییەكان لە پانتایی كوردیدا تاوێك تەبا و پێكەوەبوون، تاوێكی دیكە لە ژێر كاریگەریی ڕووداوە سیاسییەكاندا دژبوون، بەڵام بەهۆی ئینتیمای ئاینییەوە بە دەگمەن چوونەتە نێو شەڕ و مەرافەی گەورەوە. ئەو گرژییانەشی لە نێوانیاندا هەبووە بەرەنجامی دۆخی سیاسی بووە كە موسوڵمان و مەسیحی وەك یەك باجیان تێدا داوە.
كۆبەند
دەشێت لەبەر ڕۆشنایی ئەو زانیارییانەی سەرەوە ئەم چەند دەرەنجامە گەڵاڵە بكرێت:
مێژووی دێرینی مەسیحییەت لە کوردستان: مێژووی مەسیحییەت لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەمی زایینی و لەلایەن نێردراوە مەسیحییەکانەوە کەسانی دەوروبەری مەسیح بڵاوبووەتەوە. بەتایبەت لەم ناوچەیەدا ڕەوەندێک جووی کورد هەبوون کە زەمینەیەکی لەبار بوون بۆ وەرگرتنی ئایینی مەسیحی، چونکە بازنەی یەکەمی گرنگیدانی جووەکان بووە.
ناکۆکی لەسەر ڕەچەڵەکی مەسیحییەکان: مشتومڕ و ناکۆکی لەبارەی ڕەچەڵەکی مەسیحییەکانی کوردستانەوە هەیە. لە ڕووی ئایینییەوە، زۆرینەیان نەستۆرین و پاشان یەعقوبین. لە بنەڕەتدا ئارامی-سریانی بوون، پاشان لەژێر کاریگەریی و بە هاندانی نێردە ئەوروپییەکان گۆڕاون بۆ ئاشووری و کلدانی.
کوردبوونی بەشێک لە مەسیحییەکان: ڕێژەیەک لە کورد لەسەر ئایینی مەسیحی بوون و کەسایەتی کوردی ناودار لە بانگەوازی ئایینی مەسیحیدا دەرکەوتوون.
پێکەوەژیان لەگەڵ ئیسلام: مەسیحییەکانی کوردستان دوای دەرکەوتنی ئیسلام لەسەر ئایینی خۆیان ماونەتەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئیسلامیشدا پەیوەندییان لەگەڵ موسڵمانەکانی چواردەوریان لە هەڵکشان و داکشاندابووە، بەڵام زۆر کەم لەسەر بنەمای ئایینی دووچاری شەڕ و ململانێ هاتوون.
پێکهاتەی یەکەمی ناموسڵمان: مەسیحییەکانی کوردستان لە ڕووی مێژووییەوە یەکەم پێکهاتەی ئایینی ناموسڵمانی کوردستان بوون.
پێگەی دیاری مەسیحییەکان لە میرنشینە کوردییەکان: مەسیحییەکان لە سایەی میرنشینە کوردییەکاندا دەستكەوتی زۆریان هەبووە، بە تایبەت لە میرنشینی مەروانی لە جزیرە (371-477ک / 981-1084ز) و میرنشینی هەولێر (586-630هـ / 1190-1232ز). لەم میرنشینانەدا پێگەی باشیان هەبووە وەک وەزیر و خاوەن دیوان و تا ئاستی کۆنترۆڵکردنی میرنشینەکان ڕۆڵیان گێڕاوە.
سەرچاوەكان:
سەرچاوە بنەڕەتییەكان:
الاصطخري ابو اسحاق ابراهيم بن محمد الفارسي (ت 340هـ/951م) (2010) المسالك والممالك. القاهرة: الهيئة العامة لقصور الثقافة.
البلاذري احمد بن يحيى (ت 279هـ/892م) (1988) فتوح البلدان. بيروت: دار ومكتبة الهلال.
الدينوري احمد بن داود ابو حنيفة (ت 282هـ/895م) (1960) الاخبار الطوال. تحقيق عبد المنعم عامر مراجعة جمال الدين الشيال. القاهرة: وزارة الثقافة والارشاد القومي.
الفارقي احمد بن يوسف بن علي بن احمد (ت 572هـ/1176م) (1959) تاريخ الفارقي. تحقيق بدوي عبداللطيف عوض. القاهرة: الهيئة العامة لشؤون المطابع الاميرية.
الكوفي احمد بن اعثم (ت 314هـ/926م) (د.ت) الفتوح. بيروت: دار الأضواء.
المقدسي ابو عبدالله شمس الدين محمد بن ابي بكر (ت 378هـ/988م) (د.ت) احسن التقاسيم في معرفة الاقاليم. بيروت: دار صادر.
ماركوبولو (ت 724هـ/1324م) (2002) رحلات ماركوبولو. ترجمة عبدالعزيز جاويد. القاهرة: الهيئة المصرية العامة للكتاب.
ناصر خسرو العلوي (ت 398هـ/1008م) (1993) سفرنامة. ترجمة يحيى الخشاب. القاهرة: الهيئة المصرية العامة للكتاب.
الواقدي محمد بن عمر (ت 207هـ/823م) (1997) فتوح الشام. ضبطه وصححه عبد اللطيف عبد الرحمن. بيروت: دار الكتب العلمية.
اليعقوبي احمد بن اسحاق (ت 292هـ/905م) (د.ت) تاريخ اليعقوبي. بيروت: دار صادر.
الحموي ياقوت بن عبدالله (ت 626هـ/1228م) (1995) معجم البلدان. بيروت: دار صادر.
مؤلف مجهول، (2010) التاريخ السعردي، حققه أدي شير، السليمانية: سردم.
سەرچاوە نوێیەكان:
ابونا البير (2002) تاريخ الكنيسة السريانية الشرقية من مجيء الاسلام حتى نهاية العصر العباسي. ط2. بيروت: دار المشرق.
احمد جمال رشيد (1984) دراسات كردية في بلاد سوبارتو. بغداد: د.ن.
احمد عثمان امين (2009) اربيل مدينة الادب والعلم والحضارة. اربيل: دار ئاراس.
ادموندز سيسيل جون (1971) كرد وترك وعرب. ترجمة جرجيس فتح الله. بغداد: منشورات التآخي.
ادي شير (1912) تاريخ كلدو وآثور. بيروت: المطبعة الكاثوليكية.
اسحاق رافائيل بابو (1948) تاريخ نصارى العراق. بغداد: مطبعة المنصور.
بولاديان ارشاك (2013) الاكراد في حقبة الخلافة العباسية في القرنين 10 و11م. ترجمة الكسندر كشيشان. بيروت: دار الفارابي.
جمعة مراد محمود عبدالله (2001) مدينة ميافارقين من القرن الثالث الهجري حتى القرن السابع الهجري: دراسة تاريخية حضارية. رسالة دكتوراه جامعة الزقازيق معهد الدراسات والبحوث الاسيوية.
زاكن مردخاي (2011) يهود كردستان ورؤساؤهم القبليون. ترجمة سعاد محمد خضر. السليمانية: مؤسسة ژین.
سايكس مارك (2007) القبائل الكردية في الامبراطورية العثمانية. ترجمة خليل علي مراد. دمشق: دار الزمان.
سيغال ج ب (1988) الرها المدينة المباركة. ترجمة يوسف ابراهيم جبرا. حلب: دار الرها.
شميساني، حسن (1983) مدينة سنجار من الفتح العربي الاسلامي حتى الفتح العثماني. بيروت: دار الافاق الجديدة.
شميساني، حسن (1987) مدينة ماردين من الفتح العربي الى سنة 1515م/921هـ. بيروت: عالم الكتب.
عدو بناز اسماعيل (2011) اهل الذمة في بلاد الكرد في العصر العباسي 132–447هـ/749–1055م: دراسة تاريخية تحليلية. اربيل: مؤسسة موكرياني للبحوث والنشر.
العزاوي عباس (1998) العمادية في مختلف العصور. تحقيق حمدي السلفي وعبدالكريم فندي. كردستان: د.ن.
عطو، نوري بطرس تأريخ حدياب، مطبعة المنارة، أربيل، 2011، ص 125.
العطية عزيز سوريال (2005) تاريخ المسيحية الشرقية. ترجمة اسحاق عبيد. القاهرة: المجلس الاعلى للثقافة.
عطية مرجونة ابراهيم محمد علي (2010) تاريخ الاكراد: دراسة تاريخية حضارية في ظل الخلافة العباسية. الاسكندرية: مؤسسة شباب الجامعة.
فييه جان موريس (1990) احوال النصارى في خلافة بني العباس. ترجمة حسني زينة. بيروت: دار المشرق.
كامل مراد وآخرون (1987) تاريخ الادب السرياني من نشأته الى العصر الحاضر. القاهرة: دار الثقافة للنشر والتوزيع.
محمد امين زكي (1961) خلاصة تاريخ الكرد وكردستان: من اقدم العصور التاريخية حتى الآن. ترجمة محمد علي عوني. ط2. مصر: د.ن.
محمد محفوظ العباسي (1969) امارة بهدينان العباسية. الموصل: مطبعة الجمهورية.
مراد بشار صالح سعدون الدوسكي (2012) اهل الذمة في بلاد الكرد 447–656هـ/1055–1258م. رسالة ماجستير جامعة زاخو كلية العلوم الإنسانية.
موفق نیسكو (2020) اسمهمهم سریان لا اشوریون كلدان. بیروت: بیسان للنشر.
يوسف، عبدالرقيب (2002) الدولة الدوستكية في كردستان الوسطى. اربيل: دار ئاراس.
سەرچاوە بیانییەكان:
Baum, W. & Winkler, D.W. (2003). The Church of the East: A Concise History. London: RoutledgeCurzon. pp. 12–18.
Bedlian, A. (2013) ‘Christians in Iraq: decreased numbers and immigration challenges’, in Minorities in Iraq. Baghdad: Masarat for Cultural and Media Development, p. 60.
Fahlbusch, E. (ed.) (2008). The Encyclopedia of Christianity, Vol. 1. Grand Rapids, MI: Eerdmans. pp. 210–220.
Hastings, A. (2000). A World History of Christianity. London: Cassell. pp. 120–125.
McGrath, A.E. (2015). Christianity: An Introduction. 3rd ed. Chichester: Wiley-Blackwell. pp. 1–7.
Britannica (2025) Jacob Baradaeus.: https://www.britannica.com/biography/Jacob-Baradaeus (Visit: 4 سبتمبر 2025).
كوردی

