• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 18, 2025

چین و جەنگی دوانزە ڕۆژەی ئیسرائیل- ئێران

د. هۆشمەن عەتا

بەرایی

كۆماری ئیسلامیی ئێران وەك یەكێك لە كاریگەرترین هێزە هەرێمییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو كاتەی كە لە 1979ەوە دەسەڵاتی وەرگرتووە، لە ململانێ و جەنگی سارددایە لەگەڵ هێزە ڕۆژئاواییەكان، بەتایبەتی ئەمریكا و ئیسرائیل. ئەو ناكۆكی و دوژمنایەتییەش لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا بە چەندین شێواز و وێستگە و جەنگی بە وەكالەتدا تێپەڕیوە. پاش ڕودواوەكانی 7ی ئۆكتۆبەری 2023 و دەستپێكردنی جەنگی حەماس و ئیسرائیل، ناكۆكی و دوژمنایەتی ئیسرائیل بە چەند قۆناغێك لە لێدان لە هێزە پرۆكسییەكانی ئێران لە ناوچەكەوە دەستیپێكرد، هەتا گەیشتە هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئەگەرچی لە چەندین قۆناغدا ئێران خۆی بواردووە لە جەنگی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بەتایبەت پاش هاتنەسەركاری سەرۆكی ڕیفۆرمخواز مەسعود پزیشكیان، ئەو هەوڵە دیپلۆماسییەكانی چڕكردەوە بۆ دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، بەڵام لە سەروبەنەدی ئەو دانیشتنانە و لە بەرەبەیانی 13ی حوزەیرانی ،2025 ئیسرائیل هێرشی چڕوپڕی كردە سەر ئێران و بەوەش جەنگی ڕاستەوخۆی ئەو دوو وڵاتە بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی بۆ ماوەی دوانزە ڕۆژ بەردەوام بوو. لەماوەی ئەو دوانزە ڕۆژە، بەپێچەوانەی ئیسرائیل كە كۆمەكی و پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی هەبوو، ئێران لە تەنهایی و بێ پشتیوانییەكی ڕاستەقینە دەبینرا. هاوپەیمانەكانی ئێران، ڕووسیا و چین، كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لەسەر ڕێڕەوی جەنگەكە و كۆتایی پێهێنانی نەبوو، ئەوەش پرسیار و گریمانەی زۆری لەسەر جۆری پەیوەندی و ڕادەی متمانەی ئەو هێزانەی لای ئێرانییەكان دروستكردووە. ئەم توێژینەوەیە دەیەوێت لە چەند ڕەهەندێكەوە و بەتایبەتی لە دیدگای چینەوە بۆ ئەو پرسە بڕوانێت و هەتاوەكو لە كۆتاییدا بگاتە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی چین هەڵوێست و پێگەی بەهێز نەبوو لە جەنگی دوانزە ڕۆژەدا.

چین و جەنگی دوانزە ڕۆژە:

کۆماری گەلی چین هەمیشە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا جەختی لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە کردووەتەوە، ئەم پرەنسیپە بە یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییە کە مەبەستیەتی بەرقەراری بكات (هەڵوێستی چین لەسەر قەیرانی دارفۆر لە سودان و شەڕی ناوخۆی سووریا و هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی لەم دوو پرسەدا بەڵگەن لەسەر سیاسەتی دەرەوەی چین لە قەیرانە نوێكان). هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئارەزووی بەشداریکردنی لە هاوپەیمانییە سەربازییەکاندا نییە، نەبادا پەکین ڕابکێشێتە ناو ململانێیەکی نەخوازراوەوە. بە پێچەوانەی سیاسەتەكانی ئەمریكا کە پەنا دەباتە بەر دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ یان فشاری سیاسی و ئابووریی بەهێز لە قەیرانە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكاندا، چین پێی باشترە پێگەی خۆی وەک ناوبژیوانێکی بێلایەن و ئەکتەرێکی بەرپرسیار و داکۆکیکارێک بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی قەیرانەکان جێگیر بکات([1]). لە ڕاستیدا ئەو بیركردنەوەی چین بەشێكی بەهۆكاری دینامیكیەتی ناوخۆیی چینەوەیە، چینیەكان بێزارن لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریكا بۆ تایوان و بەكارهێنانی وەك كارتێكی گوشار لە دژی چین، هەر بۆیە لەناو بیری سیاسی دەستەبژێری چینیدا هەمیشە بە خۆپارێزی و وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسە هەستیارەكانی جیهاندا دەكەن. لەلایەكی دیكەوە چین لە ئێستادا سەرقاڵی گەشەپێدانی ئابوورییە، هەر جۆرە تێوەگلانێك لە قەیرانە جیهانیەكان، كاردەكاتە سەر خاوبوونەوەی ئەو ئاڕاستە خێرایەی كە ئابوورییە گەشەسەندوەكەی پێدەناسرێتەوە.

ڕێبازی دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی دەوڵەتان لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی چیندا بەم جۆرە پێناسە کراوە “بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتی خاوەن داهاتوویەکی هاوبەش”، چەمکێک کە جەخت لەسەر هاوکاریی، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ڕێزگرتنی سەروەری نیشتمانی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەکاتەوە. چین هەوڵ دەدات خۆی لە وێنەی هێزێك کە سیستەمی نێودەوڵەتی تێکدەدات، دوور بخاتەوە و لەبری ئەوە، خۆی وەک ئەکتەرێک پیشان بدات کە گرنگی بە سەقامگیری جیهانی دەدات و ئامرازی دیپلۆماسی بەکاردەهێنێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

بەبڕوای توێژەری ئێرانی باروت کوبزاده، هۆكاری ئەوەی كە چین بەشداری و پشتگیری بەهێزی ئێرانی نەكردووە لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا، دەتوانرێت بەشێكی بەهۆی توانای سەربازیی ئێران لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکەدا لەقەڵەم بدرێت، ئەو پێی وایە ئێران توانیویەتی زیانی زۆر بە ژێرخان و ناوەندە سەربازییەکانی ئیسرائیل بگەیەنێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بە یارمەتی ڕاستەوخۆی دەرەکی هەبێت. جگە لەوەش ئێران هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ دەستێوەردان یان پشتیوانی هاوپەیمانەکانی نەکرد، و ئێران و چین هیچ پەیمانێکی بەرگری هاوبەشیان نییە، بۆیە ناتوانرێت نەبوونی چین بە وڵاتێكی بێباك لە حاست هاوپەیمانەكانی هەژمار بکرێت. لە شیکردنەوەی ڕەفتاری چیندا، ئەو هەروەها پێی وایە پێویستە سنووری کاتیی ململانێکەش لەبەرچاو بگیرێت، بەراوردکردنی شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل لەگەڵ 12 ڕۆژی یەکەمی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چین لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئەو شەڕەشدا دەستوەردانی نەکردووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بووە یەکێک لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی ڕووسیا، ئێستا تەنانەت هەندێک پارچەی ئامێر و كەرەستە سەربازی و جەنگییەكان بەکاردەهێنرێن لە ڕێگەی کۆمپانیا چینییەکانەوە دەگەنە ڕووسیا. بۆیە چاوەڕوانی دەستێوەردانی دەستبەجێی چین لە ململانێیەکی کورتخایەنی وەک شەڕی ئێران لەگەڵ لۆژیکی سیاسەتی دەرەوەی پەکین ناگونجێت([2]). هەروەها سەبارەت بە جیاوازی پەیوەندی نێوان ئێران و چین و پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، پێویستە بگوترێ کە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، پەیوەندییەکی قووڵی ئایدیۆلۆژی، ستراتیژی و بونیادییە. ئیسرائیل وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی، لە ڕاستیدا دروستکراوێکی ڕۆژئاوایە بۆ کۆنترۆڵکردنی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئامرازێکە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا. ئەمەش بە ڕوونی لە پشتیوانییە بێمەرجە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئیسرائیلدا دەبینرێت. ئەو هەروەها پێی وایە بەبێ ئەم چەک و پشتیوانییە دیپلۆماسییە ڕۆژئاواییە، ئیسرائیل بەرگەی ئەکتەرە بەهێزەکانی وەک ئێران نەدەگرت([3]).

لە بەرامبەردا پەیوەندی ئێران لەگەڵ چین سروشتێکی جیاوازی هەیە. چین ئێران وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە ڕۆژئاوای ئاسیا دەبینێت. ڕێککەوتنی ستراتیژی ٢٥ ساڵەی نێوان هەردوو وڵات و پشتیوانی چین لە ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڵگەن لەسەر ئەمە. بەڵام ئێران تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە بە بەراورد لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانی دیکەی چین، کە هاوبەشی گوتارییە لەگەڵ چین لە دژایەتیکردنی ئەو نەزمە تاک جەمسەرییەی کە زاڵە بەسەر جیهاندا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا. ئەم هاوبەشییە بووەتە هەوێنی جۆرێک لە لێکتێگەیشتنی ستراتیژی لە نێوان تاران و پەکین([4]).

ڕۆژی 14ی حوزەیران، وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی پەیوندی تەلەفونی لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام دەدات. بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی چین لەو پەیوەندییەدا عێراقچی بە هاوتا چینیەكەی وتووە “ئیسرائیل بەو هێرشەی بە شێوەیەکی جددی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل زۆر مەترسیدارە و ڕەنگە تەواوی ناوچەکە بکێشێتە ناو شەڕی سەرتاسەرییەوە. ناوبراو هیوای خۆی دەربڕیووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بانگەوازێکی یەکگرتوو بۆ هاندانی ئیسرائیل بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەرببڕێت. سەید عەباس عێراقچی سوپاسی چینی کرد بۆ تێگەیشتن و پشتیوانی بەردەوامی لە هەڵوێستی ئێران و متمانەی دەربڕی کە چین ڕۆڵێکی گرنگتر لە پێشخستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدا دەگێڕێت([5]).

لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی چین، وانگ یی وتویەتی، چین ڕاستەوخۆ بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی دەربڕی دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. “چین بە ڕاشکاویی ئیدانەی پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکات و بە توندی دژایەتی ئەو هێرشە بێباکانە دەکات کە بەرپرسانی ئێران دەکەنە ئامانج و قوربانیی خەڵکی مەدەنی لێدەکەوێتەوە. چین پشتیوانی لە ئێران دەکات لە پاراستنی سەروەری نەتەوەیی وڵاتەکەی و بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی و دەستەبەرکردنی سەلامەتی گەلەکەی. ئەم کارانەی ئیسرائیل بە شێوەیەکی جدی ئامانج و بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەڕەتی بەهاكان کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبەن، پێشێل دەکات. بە تایبەتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پێشینەیەکی مەترسیداری داناوە کە ئەگەری لێکەوتەی کارەساتبارانەی لێدەکەوێتەوە. چین پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لە بەرزڕاگرتنی دادپەروەری و هەڵوێست وەرگرتن لە زووترین کاتدا. هەروەها چین داوا لەو وڵاتانە دەکات کە کاریگەرییان لەسەر ئیسرائیل هەیە هەوڵی کۆنکرێتی بدەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی([6]).

وادیارە وەزیری دەرەوەی چین ویستویەتی ئاستی چاوەڕاونیەكانی ئێران لە چین كەمكاتەوە و بۆیە لە كۆتاییدا بەم جۆرە پەیوەندیەكی تەواوكردوە “لە ئێستادا دۆخی ناوچەکە لە ساتێکی گرنگ و چارەنووسسازدایە، چین ئامادەیە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا بپارێزێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە ڕۆڵی بنیاتنەر لە کەمکردنەوەی گرژییەكان. هیوای دەربڕی کە لایەنی ئێرانی ئاسایش و سەلامەتی دامەزراوە و کارمەندانی چینی مسۆگەر بکات”.([7])

بە بڕوای چینناس ئۆلیڤەر كۆنراد، لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، چین وەک خوازیارێكی بوون زلهێزی جیهانی ڕووبەڕووی دووڕیانێک بووەتەوە، ئەویش ئەوەیە چۆن لە یەك كاتدا خاوەن پێگە و کاریگەریی بێت و لە هەمان كاتدا لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە بەشداری ململانێكان نەكات، ئەو ئاڵنگارییە نوێیە لە کاتێکدایە كە ئەمریکا جارێکی دیکە دەستی بە ململانێ و پەرەپێدانی دیپلۆماسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پەکین بۆ ئاسایشی وزە پشتی پێبەستووە([8]).

دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران و دواتر بۆردومانی سەر دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ لەلایەن ئەمریکاوە، بە شێوەیەکی کاریگەر چاوەڕوانیەكانی مەسعود پزیشكیانی بۆ دووبارە بونیادناننەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ ڕۆژئاوادا تێکشکاند. ئەوەش كاتێك دەركەوت كە باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند واشنتۆن بواری بۆ دانوستاندنەكان نەهێشتووەتەوە. ([9]) ئەو بێ ئومێدیە لە ڕۆژئاوا، ڕەنگە جارێکی دیکە تاران ناچار بكات بەدوای بەدیلدا بگەڕێت و دەست بۆ بژاردەی دیكە ببات، وەك بژاردەی سیاسەتی ئاوڕدانەوە بۆ ڕۆژهەڵات (سیاست نگاه بە شرق)  کە لەسەردەمی سەرۆكی پێشووی ئێران مەحمودی ئەحمەدی نەژادەوە دەستیپێكردووە([10]).

بۆ ئێران لە دوای شەڕی دوانزە ڕۆژەوە، چین وەك بژاردەیەكی ناچاریی لە ناوەندی ستراتیجی مانەوەی ڕژێمەكەی دەبینێت. بە لای چینەوە بەهۆی گەمارۆكانی ڕۆژئاواوە ئەم خواستەی ئێران لەبەردەم ئاستەنگی گەورەدایە، بە تایبەت ئەگەر بێت و ئێران هەڕەشەکانی بۆ داخستنی گەرووی هورمز لە وەڵامی هەر هێرشێكی ئیسرائیل یان ئەمریکا لە داهاتوو جێبەجێ بكات. بە سەرنجدان لەوەی کە چین نزیکەی 45% نەوتەکەی و 30% گازی شلی سروشتی لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە هاوردە دەکات، داخستنی ئەو ڕێڕەوە، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی وزەی وڵاتەکەی دروست دەکات. لە بەرامبەردا، پەکین هەوڵەکانی خێراتر کردووە بۆ هەمەچەشنکردنی ڕێگەکانی دابینکردنی وزە، بەتایبەتی بە پێداچوونەوە بە پلانەکانی بۆری سیبیریا ٢ کە بەهۆی ناکۆکیی لەسەر نرخ ماوەیەك وەستابوو. بە بڕوای لیكۆڵەر ئەحمەد عەبدوڵڵا، جەنگی دوانزە ڕۆژە، قەیرانێكی بۆ چین دروستكردووە كە پێی دەوترێت (قەیرانی هورمز Hormuz Dilemma)، ئەو قەیرانە ئاسایشی وزە و داهاتوی گەشەسەندنەكانی چینی خستووەتە بەردەم مەترسیەوە([11]).

لەم نێوەندەدا، ئارامیەكی زیاتر بەهۆی ئەگەری گۆڕینی ڕژێم دێتە ئاراوە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەندین جار قسەی بۆ گەلی ئێران کردووە، لە 2024 و لە ساڵڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەردا، پەیامی بە گەلی ئێرانداوە و ڕایگەیاندووە، “بەم زووانە ئازاد دەبن” پەیامێک کە ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی شەڕەکە لە ١٣ی حوزەیران دووبارەی کردەوە. ترەمپ بۆ ماوەیەکی کورت ئەم وتەیەی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە “ئەگەر ڕژێمی ئێستای ئێران نەتوانێت جارێکی دیکە ئێران گەورە بکاتەوە، بۆچی ئەو ڕژێمە نەگۆڕدرێت؟، هەرچەندە دواتر و لە كاتی ئاگربەست ڕایگەیاند كە ئەوان مەبەستیان لە گۆڕێنی ڕژێمی سیاسی ئێران نییە([12]). لە پرسی گۆڕینی ڕژێم چین بێدەنگی هەڵبژاردووە. وادیارە ئەزموونی گۆڕینی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا كە دۆستی نزیكی ڕووسیابوو وانەیەكی فێركارییە بۆ چین. دەكرێت حکومەتێکی ئێرانی کە زیاتر دۆستی ڕۆژئاوابێت و بێ گەمارۆی ئابووری بێت، هاوشێوەی وڵاتانی عەرەبی كەنداو، دەتوانێت دەرفەتی نوێ بۆ پەیوەندی قووڵتری ئابووری و دیپلۆماسی پێشکەش بە پەکین بکات. سەرنجدانێکی نوێی چین بە بۆری سیبیریا لە ئێستاوە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە کە بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی تادێت قورستر دەبێت.

شەڕی ئێران و ئیسرائیل بە توندی تیشکی خستۆتە سەر سنوورەکانی نزیکبوونەوەی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرەڕای گەشەسەندنی ئامادەیی ئابووری و هاوبەشییە ستراتیژییەکانی لە ناوچەکەدا، لە ڕاستیدا ڕۆڵی پەکین لە کاتی ململانێکەدا پەراوێزخراو بوو. لە کاتێکدا ئەمریکا باڵادەستی سەربازی و دیپلۆماسی نیشان دەدا، داواکارییەکانی چین بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەكان و پەنابردنە بەر گفتووگۆ و پێشنیارەکانی نێوەندگیری تا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێ خران([13]).

ئەگەرچی ڕکابەریی ستراتیژیی نێوان چین و ئەمریکا لە هەموو شوێنێکدا هەیە. بەڵام لەوانەیە ئەگەر شەڕی ئێران و ئیسرائیل درێژە بکێشایە، ڕەنگە چین ئاهێكی ستراتیژی لە کێبڕکێی هیندستان و زەریای هێمن لەگەڵ ئەمریکادا هەڵكێشایە، ئەمەش ڕێگەی بە پەکین دەدا دەسەڵاتی زیاتر لە ئاسیادا چەسپاندبا لە کاتێکدا واشنتۆن سەرقاڵ بوو. لە لایەکی دیکەوە، چارەسەرکردنی خێرای شەڕەکە لەلایەن ئەمریکاوە، پێگەی ئەو وڵاتەی وەک ئەکتەری سەرەکی سەقامگیری ئاسایشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا برەو پێدا و پەکینیشی لە ڕۆڵێکی بێ بایەخدا بەجێهێشت([14]).

شەڕی ئێران و ئیسرائیل خاڵی لاوازی لە ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی چیندا تۆخكردووەتەوە، دەركەوت چین پشت بە ناوچەیەکی ناجێگیر دەبەستێت بۆ دەستكەوتنی نەوت و گاز، هاوپەیمانی لەگەڵ ئێران کە تووشی چەندین قەیران بووتەوە و هەم کاریگەری و هەم ئامادەیی نییە بۆ چارسەری كێشەكان، ئەم ڕوداوانە ڕەنگندانەوەی لە ڕکابەرییە بەرفراوانەکەی ئەمریکا و چیندا لە ئاستی جیهانیدا دەبێت. بەڵام تا ئەو کاتەی چین ئامادە نەبێت یان نەتوانێت بە شێوەیەکی بەهێزتر بەشداری لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەکەدا بکات، ئەوا پێگەی بە لاوازی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان لەسەر هەژموونە جیهانییەکەی([15]).

گەشەكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی چین و ئێران لە پاش جەنگی دوانزە ڕۆژە:

جەنگەكە لاوازییەكانی سیستەمی بەرگری و هێزی ئاسمانی ئێرانی بەدیارخست، ئەگەرچی ئێرانیەكان توانیان لە ڕێگەی موشەكە بالستیكیەكانەوە ناوجەرگەی ئیسرائیل بكەنە ئامانج و زیانی پێبگەیەنن، بەڵام ئەو زەبرەی ئێران بە بەراورد بە ئیسرائیل گەلێك سنوورداربوو، ئیسرائیلیەكان لە كۆتایی جەنگەكەدا كۆنترۆڵی تەواوەتی ئاسمانی ئێرانیان كردبوو، بەڕادەیەك فڕۆكە ئیسرائیلییەكان بە نزمی بە ئاسمانی تاراندا دەفڕین. ئەوەش مایەی ژان و ئازارێكی گەورەبوو بۆ ڕژێمی ئێرانی، هەربۆیە ئێرانیەكان پاش جەنگەكە بەجدی بەدوای دەسكەوتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و فڕۆكەی پێشكەوتووی جەنگییەوەن. لەوەشدا ڕووسیا بەهۆی جەنگی ئۆكراین و ناڕوونی و ئاڵۆزیی پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئێران بژاردەیەكی باش نییە، تەنها بژاردە چینە، ئەگەرچی بە بڕوای چاودێران تەكنەلۆجیا و دیزاینەری موشەكە زیرەكەكانی ئێران بە ناسراون بە موشەكی سەرو دەنگ (Hypersonic Missile) لەلایەن چینەوە دابین كراون، بەڵام دەستەبژێری سیاسی و سەربازی ئێرانی چاویان لە فڕۆكەی جەی 10ی چینە، بەتایبەت پاش ئەوەی دەركەوت كە توانای ئەو فڕۆكەیە لە فڕۆكەی شەڕكەری ڕافاڵی فەرەنسی زیاترە لە جەنگی كورتخایەنی پاكستان و هیندستاندا.

دوابەدوای كۆتایی هاتنی جەنگی دوانزە ڕۆژەی ئیسرائیل- ئێران لە حوزەیرانی 2025، چین پەیوەندییە ستراتیجیەكانی لەگەڵ ئێران خێراتر كردووە، ئەویش بە نوێكردنەوەی پابەندییەكانی بونیادناننەوەی ژێرخانی ئێران، بەرفراوانكردنی هەماهەنگی تەكنەلۆجی، پتەوكردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان. ئەم هەڵوێست و مامەڵە سیاسیەی چین ڕەنگدانەوەی ئامانجە بەرفراوانەكەیەتی كە بریتییە لە بونیادنانی ناوچەی كاریگەری و هەژموونی خۆی، بەبێ بەشداری هێزە ڕۆژئاواییەكان.([16]) هەڵكەوتەی ئێران وەك ناوچەییەكی گرنگ بەهۆی بایەخی جوگرافی و ژێرخانی دەوڵەمەندی ووزەوە، دەتوانێت ببێتە ناوەند و چەق لە ستراتیجی بونیادنانی جیهانێكی فرە جەمسەری چیندا. ئەگەرچی ئێرانی پاش جەنگی دوانزە ڕۆژە وەك دەوڵەتێكی شكستخواردوو دەردەكەوێت، بەڵام چین دەیەوێت ئەم هەلومەرجە وەك دەرفەتێك بقۆزێتەوە هەتاوەكو پێگەی خۆی لە ناوچەكە بەهێزتر بكات.

لە پاش تێپەڕێنی چەند مانگ لە دوای كۆتایی هاتنی جەنگەكە،  هەندێك بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەن كە دەرخەری ئەوەن پەیوەندییەكانی چین و ئێران چالاكتربوون. بۆ نمونە جەختكردنەوە لە بەردەوامی ڕێكەوتنی هەماهەنگی ستراتیجی 25 ساڵە، خێراكردنی پڕۆژەكانی بونیادنانی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن، فراوانكرنی ئاستی هەماهەنگییەكان لە كۆمەڵێك بواری تەكنەلۆجی هەستیاردا وەك ژیری دەستكرد و پەیوەندییەكان. لەلایەكی دیكەوە گوتاری دیپلۆماسی هەردوولا زیاتر لێكنزیك بووەتەوە، لە بواری جەختكردنەوە لە پاراستنی سەروەری دەوڵەتان و بەرەنگاربوونەوەی فشارەكانی ڕۆژئاوا،([17]) ئەو هەڵوێستانە دەرخەری قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانی هەردوولان.

دیارترین نیشانە لە 10ی حوزەیرانی 2025دا هات، کاتێک عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و کۆنگ پیۆ، باڵیۆزی چین لە تاران، بە ئاشکرا پابەندبوونی بەهێزی حکومەتەکانیان بە جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێکەوتننامەی هاوکاری ستراتیژی ٢٥ ساڵە دووپاتکردەوە.([18]) لەبری ئەوەی ڕێگە بدەن ئەم پەیماننامە درێژخایەنە لەناو گێژاوی جیۆپۆلەتیکیدا کاڵ بێتەوە، ئەو هەنگاوەی هەردوولا وەك پەیامی خۆڕاگری و بەردەوامی ستراتیژی لێکدرایەوە.

بەهێزبوونی پەیوەندییەكان لە پەراوێزی لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای زیاتر دەركەوت. كاتێك لە ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، مەسعود پزیشكیان سەرۆک کۆماری ئێران و شی جی پینگ سەرۆكی چین کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵییان ئەنجامدا. هەردوولا نەک هەر بەڵێنیان بۆ قووڵکردنەوەی هاوبەشی ستراتیژی دووپاتکردەوە ، بەڵکو بڕیاری خێراکردنی پڕۆژە ژێرخانییە سەرەکییەکانیشیان ڕاگەیاند، کە پێشتر لە پلانی ٢٥ ساڵەدا هاتووە، بەتایبەتی بونیادنانی هێڵی ئاسنی خێرا و ڕێگوزەرە سەرەکیە نێودەوڵەتییەكان. دور لە سیمبۆلیزم، ئەم هەنگاوانە واتای پابەندبوونی بەرچاوی چین دەگەیەنن بۆ ئێران، كە ئێران پێگەیەكی ناوەندی و سەرەكی لە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگەدا هەیە([19]).

پەرەسەندنی هاوكاریی ئێران و چین لەو بوارانەی كە ئاماژەیان پێدرا، تەنها نمایشێكی سیاسی بێناوەڕۆك نییە، بەڵکو ئاماژە بە هاوبەشییەکی پێگەیشتوو دەکەن. لە کاتێکدا کە هاوکارییە سەربازییەکان کەمتر بە ئاشکرا دیارە و بەشێكی نهێنیە، بەڵام ڕەهەندە ئابووری و تەکنەلۆژی و ژێرخانییەکانی پەیوەندیی نێوان چین و ئێران لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٥ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو چڕتر بووەتەوە، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە چین نەک تەنیا پشتیوانی ئێرانی هەڵبژاردووە، بەڵکو دەیەوێت چالاکانەتر لە قووڵایی پەیکەری پەیوەندییەكانی ئۆراسیا و بەرگری جیۆپۆلەتیکیدا تێکەڵی بکات.

ئەم پەیوەندییانە لەوانەیە ئاماژەی ئەوەی تێدابێت كە لە دورمەودادا كاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت. پەیوەستكردنی ئێران بە چوارچێوەی ستراتیجی ئۆراسیای چینەوە، دەرخەری ئەوەیە كە ئاستی پەیوەندیەكان لە جۆری هەمانگی سەربازی كلاسیكی و یارمەتی ئابووریی تێپەڕیووە بۆ  بواری دیكەی وەك بونیادنانی ژێرخانی ئابووریی، تەكنەلۆجیا،([20]) كاریگەریی ستراتیجی دوور لە هێزە ڕۆژئاواییەكان دەرخەری ئەوەیە كە هەتا فشارەكانی ڕۆژئاوا زیاتربێت، ئێران پەیوەندییەكانی لەگەڵ چین زیاتر دەباتە پێشەوە.

بۆ چین تەنها ئێران گرنگ نییە، بەڵكو ئەو وڵاتە پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیلیش هەیە، پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ ئیسرائیل لە پێش شەڕی غەزە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ەوە لاوازبوون، فشارەکانی ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل بەشداریکردنی چین لە کەرتە هەستیارەکانی وەک تەکنەلۆژیای باڵا و بونیادنانی ژێرخانی بەندەرەکانی ئیسرائیلدا کەم بکاتەوە. ڕەخنە توندەكانی پەکین لە هەڵسوکەوتی ئیسرائیل لە غەزە پەیوەندییەکانی ئاڵۆزتر کرد، جەنگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لەگەڵ ئێران دۆخەكەی خراپتر کرد. بەڵام سەرەڕای گرژییە سیاسییەکان، ڕەنگە ئابووری پراگماتیک بەرگەی ئەو تەنگەوچەڵەمانەش بگرێت. کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان و خاوەنکارە ئیسرائیلییەکان کە هەمیشە پراگماتیکن، ڕەنگە بەردەوام بن لە بەدواداچوونی سەرمایە و بازاڕەکانی چین، بە تایبەت ئەگەر بودجەی وەبەرهێنانی ئەمریکا زیاتر دابەزێت. بەڵام پێدەچێت سەردەمی هاوکاری فراوانی چین و ئیسرائیل کۆتایی هاتبێت. بۆ چین ڕەنگە ئەمە خەسارێکی قوورس نەبێت. قوورسایی ستراتیژی ئیسرائیل لە پلانە جیهانییەکانی پەکیندا سنووردارە و پاراستنی متمانە لە نێوان دەوڵەتانی زۆرینە مسوڵمان کە زۆربەیان لە ڕۆژئاوا بێهیوا بوون، بەبێ گومان بۆ چین بەنرخترە.

پاش تەواوبونی جەنگەكە، ڕاپۆرتێكی سەنتەری ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل باس لە هەناردەی نهێنی چەك و تەكنەلۆجیای سەربازی چینی بۆ ئێران دەكات، بەجۆرێك دەریدەخات كە هەواڵگری ئیسرائیل و چاودێرانی ڕۆژئاوا زیادبوونی هەناردە سەربازییەكانی چینیان بۆ ئێران دەستنیشان کردووە. دوجار لە 2025، فڕۆکە بارهەڵگرەکانی چینی بە هێمنی لەسەر خاکی ئێران نیشتنەوە و پێکهاتە گرنگەکانیان دابەزاند کە مەبەست لێی زیندووکردنەوە و فراوانکردنی تواناکانی مووشەکی بالیستی و بەرگری ئاسمانی ئێران بوون. ئەم گەیاندنانە لە کاتێکدایە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل جبەخانەی مووشەکی ئێستای ئێران و سیستەمی بەرگری ئاسمانی دروستکراوی ڕووسیای پەکخست. لە کاتێکدا کە پەکین بە ئاشکرا هەڵوێستی بێلایەنی پاراستووە، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان واقیعێکی ئاڵۆزتر پیشان دەدەن، ڕۆڵی چڕی چین لە بونیادنانەوی هێزی سەربازیی ئێران وەک بەشێک لە هاوبەشییەکی ستراتیژی فراوانتر کە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا گوزارشت دەكەن. بەپێ ڕاپۆرتەكە ئیسرائیل ڕووبەڕووی دووڕیانێکی قوورس بووەتەوە، هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەم بارانەی چین مەترسی پەرەسەندنی گرژییەکانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ پەکین هەیە.([21])

ئەنجام:

  1. شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هەستیاری سەقامگیریی ناوچەکە و مەترسیەكانی سەر ئاسایشی وزەی جیهانی زەقتركردەوە. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی کاتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان دواخست، بەڵام نەیانتوانی دەستکەوتی ئەمنی یان سیاسی بەردەوام بەدەستبهێنن.
  2. لەكاتێكدا ئیسرائیل پشتگیری ڕاستەوخۆی سەربازیی، هەواڵگریی، دیپلۆماسی… ئەمریكا و ئەورووپا و تەنانەت هەندێك وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەك ئەردەن هەبوو، كەچی ئێران لە گۆشەگیری و تەنهاییەكی ڕاستەقینەدا بوو، هاوپەیمان و دۆستانی وەك چین و ڕووسیا كاریگەری ئەوتۆیان نەبوو.
  3. ئێرانییەكان لەم ساڵانەی دواییدا وەك بژاردەیەكی ناچاری ڕوویان لە چین كردووە بۆ فرۆشتنی نەوت و پڕكردنەوەی پێداویستییە تەكنەلۆجی و سەربازییەكانی، بەڵام چین بۆ خۆپاراستن لە گوشارە ئابووریەكانی ڕۆژئاوا، بە وریایی و نهێنی و سنوورداری مامەڵەی لەگەڵ ئێران كردووە.
  4. ئێرانییەكان نابێـت گرەو لەسەر پشتگیری بێ چەندوچوونی چین بكەن لە قەیرانی ئەمنیدا، چونكە چین بە سروشتی خۆی دەپارێزێت لە قەیران و ململانی، لەلایەكی دیكەوە بەرژەوەندی گەورەتری لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی عەرەبی نەیاری ئێران هەیە، هەربۆیە هەماهەنگی و پشتیوانی چین بۆ ئێران قوورسە لە ئێستادا بگاتە هاوبەشی ستراتیجی.

[1] دانیال باروت کوب زاده، ایران، چین، و جنگ 12 روزه، مركز تحلیل راهبردی و بین الملل، 07 مرداد 1404، https://isacenter.ir/3140405070630-2/

[2]سەرچاوەی پێشوو

[3] سەرچاوەی پێشوو

[4]سەرچاوەی پێشوو

[5] Ministry of Foreign affairs of people’s republic of China, Wang Yi Has a Phone Call with Iranian Foreign Minister Seyed Abbas Araghchi, June 14, 2025 23:00, retrieved from: https://www.fmprc.gov.cn/eng/wjbzhd/202506/t20250615_11648771.html

[6] سەرچاوەی پێشوو

[7] سەرچاوەی پێشوو

[8] Oliver Konrad, The Iran-Israel War and China: Global Ambitions, Limited Leverage? China Observers in Central and Eastern Europe, July 29, 2025, retrieved from: https://chinaobservers.eu/the-iran-israel-war-and-china-global-ambitions-limited-leverage/

[9] سەرچاوەی پێشوو

[10] هۆشمەن عەتا مەحمود، پەیوەندییەكانی چین و ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕأست 1993-2013 عێراق و ئێران بەنمونە، تێزی دكتۆرا لە بەشی مێژووی كۆلیجی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی، 2023، بڵاونەكراوەتەوە.

[11] Ahmed Aboudouh, The Israel–Iran ceasefire is a relief for China. But the war exposed Beijing’s lack of leverage, CHATAM HOUSE, retrieved from:   https://www.chathamhouse.org/2025/06/israel-iran-ceasefire-relief-china-war-exposed-beijings-lack-leverage

[12] Oliver Konrad, سەرچاوەی پێشوو

[13] سەرچاوەی پێشوو

[14] سەرچاوەی پێشوو

[15] سەرچاوەی پێشوو

[16] Dr. Pierre Pahlavi, China’s Long Game in Iran’s Short War, Australian institute for international affairs, 26 Sep 2025, retrieved from: https://www.internationalaffairs.org.au/australianoutlook/chinas-long-game-in-irans-short-war/

[17] سەرچاوەی پێشوو

[18] سەرچاوەی پێشوو

[19] سەرچاوەی پێشوو

[20] سەرچاوەی پێشوو

[21] Oded Ailam, the covert Rise of China-Iran Military Ties and Israel’s Dilemma, Jerusalem Center for Security and Foreign Affairs, September 28, 2025, https://jcpa.org/the-covert-rise-of-china-iran-military-ties-and-israels-dilemma/

Send this to a friend