سیماکانی ڕەوتە دینییەکانی هەرێمی کوردستان هۆکار و کاریگەرییەکان
زیرەك ئەحمەد ڕەحمان
مرۆڤ هەر لە دێرزەمانەوە ئاشنایە بە پۆشاك و داپۆشی جەستەی، هەم بە مەبەستی پاراستنی فیزیکی، هەم وەك پاراستنی تایبەتمەندی. ئیتر جلوبەرگ و پۆشاك هەرچییەکی کەوا جەستەی مرۆڤ دادەپۆشێت بە مانا گشتییەکی[1]. ڕەنگە لە کۆندا و جلوبەرگ تەنیا ئەم دوو مەبەستەی سەرەوەی پێكا بێت. بەڵام دواجار لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، جیاوازیی کۆمەڵگەکان لە ناوەخۆ و دەرەوە، ئەوا جلوبەرگ دەکەوێتە ژێر کاریگەری تر، کە شوناس وەردەگرێت.
جلوبەرگ دەکەوێتە خانەی کولتووری مادی، وەك هەر کەرەستەیەکی تری مادی کەوا مرۆڤ بەکاری دەهێنێت[2]، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەوپێیەی کولتوور بۆ کولتوور جیاوازە، ئەوا ئەم ڕەگەزە مادییەی کولتوور دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ناسنامەی ناماددیش وەك بەهایەکی کولتووری، کاریگەر دەبێت بە دین، بیروباوەڕ، ڕوانینی ناوخۆیی… هتد.
ئەمە بۆ هەر کۆمەڵگەیەك ڕاستییە بە ڕێژەی جیاواز، کۆمەڵگەی کوردیش بەو فراوانییەی هەیە، بەشێكی دانەبڕاوە لەم ڕوانینانە. ئەڵبەت لەم باسەدا کە باس لە کۆمەڵگەی کوردی دەکەین، پتر مەبەستمان هەرێمی کوردستان-عێراقە لە ڕووی ئیدارەی سیاسیەوە.
پۆشاکی نەتەوەیی دوای زمان، پێناسەی نەتەوە دەکات، جلی کوردیش پێناسەی نەتەوەی کوردە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سێ هەزار ساڵێك، وە نەبێت بۆ ماوەی ئەم سێ هەزار ساڵەش لە کۆی ناوچەکانی کوردستان یەك جۆر پۆشاك هەبووبێت لە هەموو سەردەمێكدا، بەڵکو ئەم جلوبەرگەی پێی دەگوترێت، کوردی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، بەردەوامیش گۆڕانی بەسەردا دێت[3].
جلوبەرگ و توێژە دینییەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا
ئێمە سەختە کۆی کۆمەڵگەی کوردی لەم باسەدا وەك نموونە وەربگرین، چونکە دەبینین، ئەم کۆمەڵگە دین و پێكهاتەی تائیفی و نەتەوەیی جیاوازی تێدایە، بەڵام گەر ئەمە هەڵاوێر بکەین، پتر چاوبخەینە سەر شار و شارۆچەکان بە گشتی، ئەوا دەتوانین کۆمەڵێك تێبینی و سەرنج بخەینەڕوو. سەبارەت بە کاریگەریی دینی ئیسلامی و ئەم توێژ و کەسایەتییە دینیانەی لە کۆمەڵگەی کوردین، ئەوا بە جۆری پۆشاك، زۆربەیان دەناسرێنەوە.
لە کۆندا لەگەڵ پۆشینی کورتەك شەرواڵ و ڕانک و چۆغە، کەوا جلێک بوو پڕ بە لەشی پیاوەکە دەدوورا و لەڕووی پێشەوە کراوەبوو، بەس دەخراوە سەر یەک و پشتێنەکی لێ دەبەسترا، سەڵتەش وەک کورتەکێکی تەنک بوو، لای پێشەوەی کراوە بوو، گیرفانی هەبوو، لە دەشتی هەولێر پیاوە بەتەمەن و خواپێداوەکان لە بەرییان دەکرد و زیاتریش ئەو هۆزانەی لە گەرمیان و ناوچەی کرماشانەوە هاتبوون وەک لەک و کەڵهوڕییەکان[4] . تا سەردەمی نوێ و دەرکەوتنی جلوبەرگی مۆدە زۆربەی مەلاکان بەم جلوبەرگە دەناسرانەوە، لەگەڵ لەسەرکردنی مێزەری سپی. ئەڵبەت بە هەمان شێوە شێخانی ئەهلی تەسەووف بە تایبەت قادرییەکان کەوا و سەڵتەیان پۆشییوە زۆربەشیان پشتێنی سەوزیان لەگەڵ پۆشیوە، وەك ئاماژەیەك بۆ گێڕانەوەی وەچەیان بۆ ئەهلی بەیتی پێغەمبەر[5]. ئەمە جگە لەوە عەبایان لەسەر شان داناوە.
لە حەفتاکانەوە، جلوبەرگی مەلاکان بە تایبەت ناو شاری سلێمانی و هەولێر، شێوازێكی تری هەبوو، ئەمیش پۆشینی جوبە و مێزەری خڕ، کە جوبە پتر لە پۆشاکی سەردەمی مەملووکی دەچێت. پێچانەوەی مێزەریش بە بازنەیی، لەناو مەلای کورد باو بووە. بەڵام هەندێك مێزەر پێچانەوە پتر لە مێزەری هیندی دەچێت، ئەمە بە هۆی ئەوەی عێراق لە بیستەکان کاریگەریی ئاڵوگۆڕی هیندی بەسەرەوە بوو، وەك دوو وڵاتی بن دەستی ئینگلیز. هاوکات کەم تا زۆر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەسەرکردنی تەڕبووشی عوسمانی[6] وەك نەریتێك مابۆوە. لە کورد ئەوەی وەك وێنە و ئەرشیف ماوەتەوە، م. عەبدولکەریمی مودەڕیس و شێخی خاڵ و م. عەلائەدینی سەجادی و شێخی قەرەداغی ئەم جۆرە تەڕبووشەیان لەسەر بووە. تەڕبووش کڵاوێكی لوولەیی تۆزێك درێژترە لە کڵاوی ئاسایی کوردی، لە تەپڵەکی سەری گوڵنگێكی پێوەیە.
هەروەها جیاکارییەکی تری دینی بە جلوبەرگی دەروێشانەوە دیاربووە، کەوا هەم قژیان درێژ بووە لەژێر کڵاو و جامانە، هەروەها خەنجەر و زەرگیان لەبەر پشتێن ناوە، زەرگ شیشێکی درێژە وەک دووخی خەڕەک ، سەرێکی تیژە و سەرەکەی تری دەکرێ بەگۆیەکی داری ناو زریزەی بەبزمار لێ دەدرێ[7] و تەسبێحی درێژیان لە مل بووە. بەم جیاوازیانە لە سیمای پۆشاکی دەروێش ناسراونەتەوە.
سەبارەت بە جلوبەرگی ئافرەتان، وەك جلوبەرگی پیاوان هەر ناوچەیەك کۆمەڵێك جیاکاری تایبەت بە خۆی هەیە بە شێوەیەکی گشتی، بەم وێنە ئەرشیفیانەی هەن، ئافرەتی کورد بە گشتی نیوە سەرپۆشی بەسەرەوە بووە، لە هەندێ ناوچەش مێزەری هەوری، بەڵام بە گشتی پەرچەم و زوڵفیان بە دەرەوە بووە. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن جلوبەرگەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و کەمتر ئاڵا و واڵا بوونە. هەروەها ئافرەت لەگەڵ مردنی کەسێكی نزیك بە تایبەت پیاوان، هەندێ لە ئافرەتان ئیتر بەردەوام ڕەشیان پۆشیوە. بۆ هاتوچووی دەرەوە تەنیا لەناو شارە گەورەکاکانی وەك هەولێر و کەركووك عەبا هەبووە. هاوشێوەی پیاوان ژیانیش کە چوونەتە حەج، کەشیدەی زەردیان کردۆتە مێزەر. جگە لەمەی باسکرا، هیچ ئاماژەیەکی تری دینی و ئایدیۆلۆژی بە جلوبەرگی ئافرەتانەوە نەبووە.
پۆشاکی کوردی و سیمای ئایدیۆلۆژی
لە ساڵانی چلەکان و لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بە هۆی کاریگەریی جلوبەرگی ڕۆژئاوایی گۆڕانێكی بچووك لە جلوبەرگی کوردی پەیدا بوو، ئەویش بەستنی بۆینباخە لەگەڵ جلوبەرگی کوردی پیاوانە. دواتر ئەم جۆرە مۆدەیە بە جلوبەرگی دیموكرات ناسرا لە کوردستان، تەنانەت هەندێ کەسایەتی وەك پیرەمێردی شاعیر و دڵداری شاعیر و مام جەلال و کەسایەتی تریش وایان پۆشیوە[8]. ئەم جلوبەرگە دوو دیوی ئایدیۆلۆژی هەڵدەگرێت، دیوێکیان وەك پیشاندانی سیمایەکی نوێخوازی و ڕۆشنبیری و جیاواز لە نەوەی کۆن، دیوەکەی تریش بە هۆی ئەوەی لە مەهاباد باو بووە، دیوێکی دەرکەوتنی ناسیۆنالیستی لەخۆ هەڵدەگرێت، وەك هەڵگری بیری سەربەخۆیی و کۆماری بۆ کورد. بەڵام ئەم مۆدێلە کاریگەر بە ئایدیۆلۆژیایە لەناو کورد مەگەر تاك و تەرای زۆر کەم گەرنا نەماوە، بەڵام بە بەراورد دەبینرێ جامانەی سوور وەك هێمایەك بۆ کولتووری بارزان، لەناو ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆشاکێكی ڕەمزییە و بەهای مەعنەوی هەیە. ئەمە جگە لەوەی لەم ساڵانەی دوایی، کۆمەڵێك ستایلی جلوبەرگی پیاوانە بوونەتە مۆدێل کە بە ناوی کەسایەتییە سیاسییەکان دەناسرێنەوە، بە تایبەت بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، ئەمەش بە هۆی پەیڕەوی کردنی هەوادارە حزبییەکان و پۆشینی ئەم شێواز و ستایلانە، کە پێشتر لە پۆشاکی کوردەواریدا نەبوونە.
هەروەها سەبارەت بە پرسی بەحیجابکردن و برەودان بە حیجاب نە ئیخوانەکانی سەرەتا و نە ئێستا ناتوانن نکۆڵی لەوە بکەن، ڕەهەندە بەهێزەکەی حیجاب ڕەهەندێكی سیاسییە، بۆ ئەوەی کاریگەر بن نەك کارتێکراو! ئەمە جگە لەوەی ئەم ڕەوتە هەمیشە لەبەرامبەر حیجابدا ئەوانی تر بە ملشۆڕ و کەم غیرەت و سووك وەسفکردووە[9]، ئەم ڕەهەندە سیاسییە پتر کار لە کۆمەڵگە عەشایر و دواکەوتووەکان دەکات، جاری وایە لە بری ئەوەی ئایدیۆلۆژیاکە لە ڕووی بیرەوە کار بکاتە سەر کۆمەڵگە، ئەوا ڕوواڵەتەکە پتر کاردەکاتە سەر کۆمەڵگە. بە نموونە گەر سەیری حیجابی وەك سەرۆکی پیشووی پەرلەمان و سکرتێرەکەی بکەین، ئەوا بە قەد پەرلەمانتارە ئیسلامییەکان توندە، بەڵام لەناو بارەگایەکی نائیسلامیەوە، دژی بەرژوەندییە سییاسیەکانی ئیسلامییەکانیش.
پۆشاکی کوردی و ئیخوان
لە سەرەتای جموجۆڵی ئیسلامی سیاسیدا، چ مەلاکانی ناو ئەم ڕەوتە و چ بەرپرس و هەوادارانی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبووە جگە لە هێشتنەوەی ڕیش. یەکگرتووی ئیسلامی وەك درێژەپێدەری ئەو خەتەی خۆی بە میراتگری شەرعی ئیخوان موسلمین دەبینرێ. شێوازی جلوبەرگ و شێوەیان پتر لە ئیخوانە میسڕییەکان دەچێت. ئەویش بە پۆشینی چاكێت و پانتۆڵ و بۆینباخ لەگەڵ هێشتنەوەی تەنكە ڕیشێك. ئەمە لە ئەمیندارەوە تا زۆرینەی کادیرانیان دەرکەوتنیان بەم شێوەیە[10]. بە هەمان شێوەی ئیخوانەکانی میسڕ و نەهزەی ئیخوانی تونس و مەغریب و …هتد. زۆر بە کەمی کەسانی سەرەوەی هەڕەمی یەکگرتوو بە جلوبەرگی کوردییەوە دەردەکەون، مەگەر تاك و تەرا. ئەم جۆرە ستایلە لە پۆشاکی چاكێت و پانتۆڵ و بۆینباخ، لە هەندێ شوێن بە جلوبەرگی ڕەسمی یاخود ڕۆژئاوایی ناسراوە، زۆربەی دەرکەوتەکانی سەید قوتب ڕێبەری ئیخوان وا بووە، هەروەها زۆرێك لە وێنەکانی حەسەن بەننا دامەزرێنەری ئیخوان موسلمین بە هەمان شێوە بووە.
هەرچی جلوبەرگی مەلاکانی یەکگرتووە، لە سەرەتای نەوەدەکانەوە بە هۆی هەندێ مەلای ناسراوی یەکگرتوو، لە بری پێچانەوەی مێزەری سپی، ئەوا تەڕبووشی سوور و مێزەری پێچراوە، وردە وردە بووە باو[11]. ئەڵبەت تەڕبووش لەگەڵ ئەوەی پتر سیمایەکی تورکی عوسمانی هەیە، بەڵام پۆشینی لەلایەن ئیخوانەکانی میسڕەوە پتر دەلالەتی لەوە دەکرد وەك بزووتنەوەکی ئیسلامی سیاسی، ئاواتەخوازی گێڕانەوەی ئەم خیلافەتە کەوتووەی عوسمانی بوون. بۆیە تەڕبووش وەك هێمایەکی خیلافەتخوازی لەناو ئیخوان بڵاوبوو. بەڵام ئەمە بە دەستی دوو دەگاتە مەلا ئیخوانییەکانی کورد، وەك دەرکەوتنێكی ئیخوانی ئەم شێوازە مەندیلە ئیخوانییە بووە مۆدێل. ئەمە دواتر لەناو مەلا تورکەکانیش وەك میراتێكی نەریتی کۆن باو بوو، لێرە پتر باوێتی پەیداکرد بە تایبەت لەو مەلا و بانگخوازە کوردانەی کاریگەرن بە پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا.
سەبارەت بە جلوبەرگی ئافرەتان، لە سەرەتای نەوەتەکان و جووڵەی سەحوەی ئیسلامی لە کوردستان ئەم مۆدێلە جوبەی سادە و لەچكی تەواو داخراو بووە مۆدێلێكی ئیسلامی. بەڵام ئەمە بەردەوام کاریگەر بووە بە مۆدێلی حیجابی وڵاتانی تر، دواتر مانتۆی ئێرانی بە کاریگەریی فیلمە دۆبلاژکراوە فارسی بۆ کوردییەکان، بووە مۆدێلێكی تری ناو ئافرەتانی موحەجەبە[12]. دوای مۆدێلی ئێرانی، بە هۆی هەڵکشان و مانەوە لە حوکم، مۆدێلی حیجابی تورکی داد و گەشەپێدان بووە بازاڕی کەوتە ناو ئافرەتانی ئەم ڕەوتە، بە تایبەت لە مەراسیمەکانی تاجی زێڕین[13] و نمایشی کچانی تازە موحەجەبە، ئەم شێوازە زۆر ڕوون بە دیار دەکەوێت.
بزووتنەوە کۆنەکە
مەبەستمان لێی نەوەی یەکەمی جیهادی بزووتنەوەی ئیسلامی ڤێرژنە کۆنەکەیە، ئەو بزووتنەوەی کەوا کۆی ئیسلامییەکانی ئێستای تێدا بوو، هەر یەکە لە کۆمەڵ و بزووتنەوە و بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی و ئەنساڕ و لق و لایەنە ترازاوەکانی تر.
هەرچی شێوازی جلوبەرگی مەلاکان لەم ئاڕاستەیە، م. عوسمان عەبدولعەزیز؛ بەردەوام بە مێزەرێكی مەلای کوردەواری و هەروەها عەبایەکی ڕەشی عەرەبی دەردەکەوت، ئەڵبەت ئەم عەبایەی بە زۆری بەسەر کەوا و سەڵتەی مەلایەتی دەپۆشی یاخود بەسەر دیشداشەیەکەوە بوو، هەندێك جاریش بەسەر جلوبەرگێكی کوردییەوە بوو[14]. دوای لادانی لە ڕابەرایەتی بزووتنەوە و مەلا عەلی برای، ئەویش پتر دەرکەوتەکانی بەم مێزەر و عەبا ڕەشەوە بوو، بەڵام پتر بە دیشداشە و جلوبەرگی کوردی دەردەکەوت. وەك لێكدانەوەیەکی بۆ ئەم جلوبەرگانە، هەرچی کەوا و سەڵتەیە، ئەوا نەریتێكی کۆنی پیاوانی بە تەمەن و مەلا و شێخانی کورد بووە، چونکە م. عوسمان پشتێنێكی سپی دەبەست لەگەڵیان. ئەم شێوازە جلوبەرگە لەناو کورد بە گشتی پاشەکشەی کردووە وەك پۆشاکەکەی سەید قوتب و حەسەن بەننا نەبووە باو، هەروەها وەك هەندێك مەلای کورد دشداشە و کەوای مەلایەتی، ئەمە هەر خۆی باو بووە و ئەو کەسایەتیە پەیڕەوی لێ کردووە. بۆیە دەتوانین بڵێین نەبووەتە کاریزمایەك کاریگەریی کولتووری بخاتەوە. بەڵام هاوکات دەبینین لەناو ئەم ڕەوتە هەندێك دەرکەوتنی پۆشاك جیاوازتر دەردەکەوێت. بۆ نموونە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی چەکداری، پۆشینی ئێلەگی سەربازی پیاوانە، لەسەر پۆشاکی کوردی وەك سیمایەکی ئیسلامییەکان دەناسرایەوە، ئێلەگەکە شێوەی پتر سەربازی بوو، لە دەرەوە و ناوەوە باخەڵی زۆری هەبوون، وەك سیمایەکی ئیسلامیانە لەسەر باخەڵی سەرسینگ شوێنی سیواك هەبوو، سەری سیواکەکە دەردەکەوت، ئەم شێوازە لە دەرکەوتن بەردەوام ئەم هێڵە ئیسلامیەی پێ دەناسرایەوە. هاوکات هەندێكی تر لە بزووتنەوەی ئەوساکە وەك مەلا کرێکار مۆدێلێکی تریان هێنایە ناو پۆشینی جلوبەرگی خەڵکی بزووتنەوە ئەویش کڵاوی ئەفغانی بوو[15]، هەندێك لە چەکداران و هەوادارانی بزووتنەوە بە کاریگەریی جەنگی ئەوساکەی چەکدارانی جیهادی دژی یەکێتی سۆڤیاتی ئەوساکە و دەسەڵاتی ئەفغانسان، بە تایبەت ساڵانی نەوەدەکان. ئەڵبەت ئەوەی جێی ڕامانە تاك و تەرا هەوادارانی بزووتنەوە جلوبەرگی ڕەسمی، چاکێت و پانتۆڵیان دەپۆشی، گەر لە دەرەوەی کوردستانیش بیانپۆشی بووا، ئەوا بۆینباخیان نەدەبەست، ئەمە دوو خوێندنەوە هەڵدەگرێت، یەکەمیان بزووتنەوە هێزێك بوو لە بن پاڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە هەم بە سیمای ڕۆژئاوای دەزانن، هەم خاچپەروەری. دووەمیان ڕاستەوخۆ بە دەر لە تێگەیشتنی ئێرانیستی، هەندێك لە بانگخوازانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی، هەمان ڕوانینی فەقیهە شیعییەکانی کۆماری ئیسلامییان لەسەر بۆینباخ هەیە.
سەبارەت بە پۆشاکی ئافرەتان، ئەم ئاڕاستەیە لە ئیخوانەکان توندتر بوون، هەم لە ڕووی قەبارە و هەم ڕەنگ، پۆشاکیان داخراوتر بووە[16]، تەنانەت بەشێكی بەرچاوی ئەم ڕەوتە ئافرەتانیان لەسەر حیجابەکە، عەبایان پۆشیوە و دەپۆشن. نەریتی پۆشینی عەبا لەسەر حیجاب، پتر دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووە باو لەناو گۆڕەپانی ئیسلامی سیاسی. هەروەها ئەم ڕەوتە تا ترازانی پێكهاتە و ڕایە جیاوازەکانی، کەمترین ئامادەیی و دەرکەوتنی ئافرەتانی هەبوو هەم لە ڕاگەیاندن هەم کاری سیاسی و جموجۆڵ و چالاکی.
سەلەفییەکان
هەرچی سەلەفییەکانن هەرچەند جموجۆڵیان لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شەستەکان، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی وا نەبووە. کاریگەرییان پتر دەکەوێتەوە دوای دووهەزارەکانەوە، بە تایبەت کەوا ڕەوتێكی سەلەفیی بە ناوی مەدخەلی لە هەندێك وڵاتانی جیهانی ئیسلامی برەوی پێدرا، وەك جووڵەیەکی ئەڵقە لەگوێی دەسەڵات و بۆ لاوازکردن و کزکردنی ئیسلامییەکان. بە هەرحاڵ جیاوازیی سەلەفییەکان لەگەڵ ئیسلامییەکان لە ڕووی جلوبەرگەوە ئەمەیە، بە گشتی سەلەفییەکان کەمتر بە دیشداشە و جلوبەرگی عەرەبییەوە دەردەکەون، بە گشتی سەلەفییەکان جلوبەرگی کوردی دەپۆشن، بەڵام لە دوورەوە دیارن، چونکە بە گشتی سەلەفییەکان جامانەی خڕخڕ دەبەستن، هەروەها ڕیشیان درێژ و دەستکاری ناکەن، گەر ڕیشیان زۆر ناڕێك و کەمەوزێدەش بێت، هەروەها بە گشتی سمێڵ کورتن لەگەڵ ئەم ڕیش درێژیەیان، هەروەها هەموویان دەرلنگی شەرواڵیان کورتە، وەك ئاماژەی پێ دەکەن، ئەمە وەك نەریتی پێغەمبەر بە واجبی دەزانن، نەکردنی دەبێتە هۆی تاوانبار بوون[17]. لەمەدا بە گشتی مەلاکانیان بەم شێوەیەن، کەمکەمەش بە دیشداشە و عەبا و غترەی خەلیجیشەوە دەردەکەون، بە تایبەت قورئانخوێن و پێشنوێژەکانیان. هەروەها هەندێك جار بە مێزەری جامانەی کوردی و دیشداشەی عەرەبیەوە دەردەکەون، بەڵام ئەمە کەمتر. لە ڕووی پۆشاکەوە، مەلا سەلەفییەکان و تاکی سەلەفی لەم جۆرە پۆشاکەی باسکرا هاوبەشن، بە گشتی گەر مەلا سەلەفییەکە ناسراو نەبێت، ئەوا لەنێو کۆمەڵێك سەلەفی سەختە مەلاکەیان بناسیتەوە.
سەبارەت بە ئافرەتانی سەلەفییەوە، ئەوەی لە کوردستان باوە، سەرەتا ئەوانیش وەك ئافرەتانی بزووتنەوە پتر بە عەباوە دەردەکەون، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی، زۆربەی هەرە زۆری ئافرەتانی خێزانە سەلەفییەکان بە نیقابەوە دەردەکەون. بە تایبەت دوای هاتنی لێشاوی ئاوارەی عەرەبی سوننی عێراقی لە ساڵانی شەڕی تائیفی عێراقی.
کۆمەڵ
ئەم حیزبە وەك میراتگرێکی بزووتنەوەی ئیسلامی و بوونی کۆمەڵێك پێكهاتەی جیاجیا، کاریگەریی لەسەر جلوبەرگی هەوادارانیشی هەیە. بە گشتی سەرۆكی کۆمەڵی دادگەری بەردەوام بە جلوبەرگی کوردی دەدەکەوێت، بە ستایلێك کە تا ئەندازەیەك وەك مۆدێلێكی تایبەت بە خۆی دەردەکەوێت. جلوبەرگە کوردیەکەی پتر کەتافییە، هەندێك جار زنجیردارە وەك ستایلی جلوبەرگی سەرۆکی پارتی، هەروەها پشتێنی بە گشتی بەگرێ دەبەستێت، هەندێك لە شارەزایانی کولتووری کۆمەڵایەتی ئەم شێواز پشتێنە گرێ گرێیە دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی زەردەشتییەکان، بە هەرحاڵ لەوە ناچێت پەیوەستیەك لەنێوان م. عەلی باپیر و ئەم میراتە دینییە کۆنە هەبێت. هەروەها ناوبراو بەردەوام بە سەروجامانەیەکی کوردەواری وا دەردەکەوێت پتر لە مەلایە بە تەمەنەکان دەچێت، هەم سەر و سیما و ڕیشێكی مامناوەندییەوە[18]. بە گشتی ئەم جۆرە لە جلوبەرگە لەناو زۆربەی ئەندام و کادیرانی کۆمەڵ باوە، زۆربەی بەم شێوەیە دەردەکەون. هەروەها هەندێكیان بە جلوبەرگی ڕەسمیەوە دەردەکەون، هەندێكیان بە کاریگەریی حەرامێتیی بۆینباخ بێت یاخود کاریگەریی هەژموونی ئێران، ئەوانی تریش ئاسایی پتر شێوەیان لە بەرپرسانی حەماس دەچێت بە ڕیش و جلوبەرگی ڕەسمییەوە.
کۆمەڵ بە حوکمی ئەوەی خەتێكی سەلەفی حەرەکییان تێدایە، ئەوانە لە ڕووی جلوبەرگەوە پتر لە سەلەفییەکانی تر دەچن[19]. ڕەنگە زۆرپێوەنان نەبێت، گەر بگوترێ بە ئەستەم لەوان جیادەکرێنەوە. هەم لە سەر و سیما، هەم جامانە بەستن، هەم لە ڕووی شەرواڵ کورتییەوە.
ئەم جیاوازیی بیرکردنەوەیە لەناو کۆمەڵ کاریگەریی لەسەر ئافرەتانی ئەم حزبەش هەیە، بۆیە دەبینرێ لەناو کۆمەڵ، ئافرەتانێكی حیجاب تورکی هەن، کە ئەوانەن پتر کاریگەریی خەتە ئیخوانیەکەی ناو ئەو حزبەن، هەروەها مانتۆی ئێرانی، ئەوانەن پتر لەژێر کاریگەریی ئەدەبیاتی فارسی و ئێرانی، و تا ئەندازەیەکیش سیاسەتی ئێرانی. ئەوانەشی وەك میراتگرانی کۆنە بزووتنەوەن، پتر موحەجەبە و عەباپۆشن لەگەڵ هەڵکشانی نیقاب پۆشان لەناو هەوادارانی ئەم حیزبە[20]. ئەڵبەت بەهۆی کاریگەریی نەریتی عەرەبی سووننەی ئاوارە، دوابەدوای شەڕی داعش و پتر برەودانی میدیایی بە نیقاب، دیاردەیەکی نیقابپۆشی ڕووی لەم حزبەش کردووە بە تایبەت ئەم خەتەی کاریگەرە بە بیری جیهادی و سەلەفییەکانی ناو ئەو حزبە.
مۆدێلکردنی پۆشاکی عەرەبی
مەبەست لە پۆشاکانەیە کۆمەڵێك پارچە پۆشاكە کە بە یەکەوە یا بە تەنیا سیمای عەرەبی پێوە دیارە، بە هۆی زۆریی ئاوارەی عەرەب و سووری، هەروەها کاریگەریی زۆر چوونە عەمرە، لە کوردستان ساڵانە لە مانگی ڕەمەزان یا ڕۆژانی هەینی بە تایبەت وەرزی هاوین، خەڵكێكی دیندار دیشداشە دەپۆشن، زۆرێك لەوانەی دەچنە حەج و عەمرە، لەوێ یەکسەر ئەم پۆشاکە دەپۆشن، جا لەبەرئەوە بێت کە ئاو و هەواکەی ئەوێ وا دەخوازێت[21]، یاخود چاولێکەری، یا ئەوەتا بە دینی تێ بگەن، ئەڵبەت گەر پرسەکە ئاو و هەوا بێت، ئەوا دەبوو تەنیا لە گەرمای هاوین ئەم جلوبەرگە بپۆشرایە.
هەروەها پارچە پۆشاکێكی تری عەرەبی، پۆشینی غترەیە، یاخود جامانە بە شێوازی عەرەبی، ئەمە پتر هەندێك مەلا و بانگخواز و قوڕئان خوێن وا دەیپۆشن، ئەڵبەت کاریگەریی خەلجییەکانە. لەگەڵ ئەمەش هەندێك ڕێك وەك خەلیجیەکان عەبای ڕەشی لەگەڵ دەپۆشن، ئەم شێوازەش هەندێك مەلای کاریگەر بە ستایلی جلوبەرگی ئەوان ئەمە دەکەن. هەروەها بەستنی مێزەری ئیماڕاتی و یەمەنی، مۆدێلێكی تری دینداری کوردە، بە تایبەت گەنجەکان تەنانەت هەیە لەگەڵ جلوبەرگی کوردیش دەیپۆشێت، بە تایبەت ئەوانەی کاریگەریی جیهادییەکانیان بەسەرەوەیە، چونکە ئەم جۆرە لە بەستنی سەر بەم پێچانەوەیە، پتر لەناو قاعیدە و داعش باو بوو[22]. کەم تا زۆرێكیش بە هۆی ئەم کاریگەرییە کولتوورییە هەم لە وەرزی حەج و عەمرە، هەم کاریگەریی میدیایی، لە بازاڕەکانی جلوبەرگی عەرەبی لە کوردستان، جلوبەرگی پاکستانی و ئەفغانیش هەن، بەڵام ئەم شێوازەش وەك دیشداشەکە لە وڵاتی سعوودیە دەپۆشرێت بە هۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆری خەڵكی سەر بەم کولتوورە.
نیقاب
گەرچی لە کۆندا کۆمەڵێك پارچە پۆشاکی تر هەبوون بۆ داپۆشینی سەر: لەچك و سەرپۆش و مێزەر و چارۆگە و چارشێو و ڕووبەند و پەچە. ئەوەی کە ئێستاکە لە بازاڕەکانی حیجاب دەفرۆشرێ و هەندێك لە ئافرەتان دەیپۆشن، ئەمە لە ئەدەبیاتی کوردی پەچەی پێ دەگوترێت. کە پارچە تەنراوێکی تەنکی ڕەشە ژنان لە کاتی چوونە دەرەوەیاندا دەیگرن بە دەم و چاویاندا[23]. بەڵام دیاردەیەکی باو لەناو دینداری کوردی کاریگەر بە ئیسلامی سیاسی و سەلەفی ئەمەیە، هەمیشە ناوی ئەم دەستەواژانە بە عەرەبی کە پەیوەستییان بە دینەوەیە. ئەم دیاردەیە تەنانەت گەیشتۆتە ئاستێك ناکرێ وشەی خوا بە کاربهێنت، تەنیا (الله) دەبێ بەکاربێت[24]. بە هەرحاڵ دیاردەی نیقاب، نوێترین دیاردەی ناو ڕەوتی دیندارانی کاریگەر بە سەلەفی و ئیسلامی سیاسیی دەرەکییە. ئەم دیاردەیە سەرەتا پتر لەناو عەرەبی ناوچە سوننەنشینەکان باو بوو، لە هەرێمی کوردستان زۆر نامۆ بوو، بەڵام دوای هاتنی بەلێشاوی عەرەبی سوننە، ئەم دیاردەیە پتر کەوتە بەرچاوان، هەروەها لەگەڵ دەرکەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و فەرزکردنی ئەم دیاردەیە بەسەر ئافرەتان، ئەمە پتر لەڕووی وەرگرتنی ئیعازی چاوی بینەر ئاساییتر بۆوە. لەگەڵ هەڵکشانی سەلەفییەکان، ئەمە بووە دەرفەتێك کە ئەم دیاردەیە لە کوردستان زیاتر بێت. لە ئێستادا زۆرێكی ئافرەتانی خێزانە سەلەفییەکان پەچەپۆشن، سەلەفی بە هەموو ئاڕاستەکانیانەوە. هەروەها ئەمە کاریگەریی لەسەر ئیسلامییەکانیش زۆرە، بۆ نموونە بە هۆی کاریگەریی ئەم ئاڕاستانەی باسکران، لەناو کۆمەڵی دادگەرییش ئەم دیاردەیە لە هەڵکشانە، هەرچی بزووتنەوەی ئیسلامییە ئەم حزبە ڕۆژ لە ڕۆژ لە کزی و لاوازیدایە، بەڵام سوودی لەم دیاردەیە بینییوە ئەمیش بە ناردنی پەرلەمانتارێكی پەچەپۆش، وەك خۆیان دەڵێن یەکەم پەرلەمانتاری نیقاب لە کوردستان، ئەمە دەرفەت زانینی کشانەوەی یەکگرتوو لە پرۆسەکە[25]. بەڵام دواتر لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان (تشرینی یەكەمی 2024) جارێكی تر هەمان پەرلەمانتاری بە هەمان ناونیشان و نیقابێكی خەلیجییەوە کاندید کرد لە بازنەی هەڵەبجە وەك سوودبینین لە دەرچوون بە کۆتای ژنان، بەڵام لەویش سوودمەند نەبوو. ئەمە دوو دیوی دیاردەکە هەڵدەگرێت، یەکەم سوودبینین لەو شەپۆلە ڕووکردنە نیقابە، دووەم خۆبەستنەوە بەو دنیای ئیسلامی سیاسی دەرەوە بە تایبەت سوننەی عێراق و سووریا و ئەفغانستان و خۆنمایشکردن وەك ئەوان. هەروەها هەمیشە ئەم چەند ئافرەتەی ئەو حیزبە بەردەوام نەیارانیان بە ڕووت و بێدین و بەڕەڵڵا وەسف دەکەن، بە دیوێکی تر ئەوان بەم شێوازە ئەم ستایلە لە دەرکەوتن بکەنە ناسنامەی ئافرەتی کورد، هەم سوودمەندی دیوە سیاسییەکە بن.
ئەنجام:
- لەگەڵ ئەوەی گرنگیی جلوبەرگ و پۆشاك لە پاراستنی لەش و جەستەی مرۆڤە هەم لە ڕووی سەرما و گەرما و هەروەها پاراستنی تایبەتمەندی تاکەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا ناسنامەی کولتووری و نەتەوەیی لە خۆی هەڵگرتووە، هاوکات دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژی.
- ڕەوتی دینی لە هەندێك دین و تایەفە و مەزهەبەکان هەڵگری ناسنامەی نەتەوەییە لە هەمان کات، زۆربەی جارانیش نەتەوەی ژێر دەستەی شوێنکەوتووی دینی نەتەوەی سەردەستە، ناسنامەی نەتەوەیی خۆی دەخاتە خزمەت ناسنامەی نەتەوەیی سەردەستە، بە پاساوی پیرۆزیی پەیامە دینییەکە.
- لە هەرێمی کوردستان جلوبەرگ جگە لە ناسنامەی ئایدیۆلۆژی و حزبی، تەنانەت هەندێك جار ناسنامەی کەسە ناودارە سیاسییەکانیش هەڵدەگرن و دەبنە مۆدێل و ستایلی درووینی جلوبەرگ بە تایبەت لە پیاوان.
- ڕەوتە ئایدیۆلۆژیەکان، لە ڕێگەی هەوادارانیانەوە برەو بە ستایل و مۆدێلی پۆشاك و شێوەی ڕوخسار دەدەن، وەك دەرکەوتنێكی ڕواڵەتیان لە کۆمەڵگەی کوردی. ئەڵبەت ئەمەش لەسەر حسێبی کولتووری نەتەوەیی و دینی میللی باوی ناو خەڵك.
- وڵاتانی دەوروبەر لە ڕێگەی هەوادارانی هاوبیرانیانەوە لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام خەریکی هاوردەکردنی کولتووری تایبەتی خۆیانن، لە ناوەخۆشدا بەئاگا یا بێئاگا خزمەت بەم ئەجێندایە دەرەکییە دەکرێت بۆ سڕینەوەی کولتووری نەتەوەیی ناوەخۆیی.
- هەمیشە ئەو جلوبەرگ و پۆشاکانەی هەڵگری ناسنامەی ئایدیۆلۆژین، وا دەکەن کە تاکەکانی کۆمەڵگە بەسەر توێژی جیاجیا دابەش ببن، بە هۆی خۆجیاکردنەوەی پۆشیوانی ئەم جلوبەرگانە و ڕەچاوکەری ئەم شێوازانەی سەر و سیما…هتد، بە تایبەت گەر شێواز و ستایلەکە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگە نەبێت.
سەرچاوەکان:
یەکەم: سەرچاوە کوردیەکان:
أ. کتێبی کوردی
- حسين، ڕەیان و ئەوانی تر (2025) جلوبەرگی کوردی، سلێمانی: زانکۆی پۆلیتەکنیك، پەیمانگەی تەکنیکی.
- خاڵ، شێخ محەمەد (2005) فەرهەنگی خاڵ. چ2. هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، زنجیرەی ڕۆشنبیری.
- عاڵایی، عەبدوڵڵا (2015) سەلەفییەت و کۆمەڵگەی کوردیی. چاپی یەکەم. هەولێر: ماڵی وەفایی.
- قادر، عەباس نادر (2022) کەندووێك لە زانیاری دەربارەی دەشتەکییەکانی هەولێر. هەرێمی کوردستان: چاپخانە. چ1.
- موفتی، پ.د. حسن خالد مصطفی (2023) دروستی بەکارهێنانی وشەی خودا لەجیاتی وشەی الله لە ئاخاوتن و نووسین و ئامۆژگاری و پەرستشەکاندا. توێژینەوەیەکی بەڵگەداری فیقهی بەراوردکاریە. هەولێر: یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.
- میشەڕۆ، حەمەڕەشید حەسەن بەگ (2012) مەتەڵی کوردەواری. هەرێمی کوردستان: چاپخانەی گەنج.
- قادر، عەباس نادر (2022) کەندووێك لە زانیاری دەربارەی دەشتەکییەکانی هەولێر. هەرێمی کوردستان: چاپخانە. چ1.
- خاڵ، شێخ محەمەد (2005) فەرهەنگی خاڵ. چ2. هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، زنجیرەی ڕۆشنبیری.
- عاڵایی، عەبدوڵڵا (2015) سەلەفییەت و کۆمەڵگەی کوردیی. چاپی یەکەم. هەولێر: ماڵی وەفایی.
- موفتی، پ.د. حسن خالد مصطفی (2023) دروستی بەکارهێنانی وشەی خودا لەجیاتی وشەی الله لە ئاخاوتن و نووسین و ئامۆژگاری و پەرستشەکاندا. توێژینەوەیەکی بەڵگەداری فیقهی بەراوردکاریە. هەولێر: یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.
- میشەڕۆ، حەمەڕەشید حەسەن بەگ (2012) مەتەڵی کوردەواری. هەرێمی کوردستان: چاپخانەی گەنج.
ب. سایتی کوردی
- ئەرشیفی کوردی (2024) کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی. کوردستان: کەناڵی یوتیوبی ئەرشیفی کوردی. لینکی بابەت: https://www.youtube.com/watch?v=tb2hZVo7HLE
- باوەڕنما (2023) جلوبەرگ لەنێوان ئایین و کولتووردا. کوردستان: کەناڵی ئاسمانی ڕووداو، ڕووداو ستری. لینکی بەرنامەکە لە یوتیوب: https://www.facebook.com/photo.php?fbid=816317613871534&id=100064799076435&set=a.554432220060076&locale=fr_FR
- پێگەی فەرمی م. عەلی باپیر. گەلەری. کوردستان: پێگەی فەرمی ئەمیری کۆمەڵی دادگەری کوردستان. لینکی بابەت https://alibapir.net/?page_id=1029&lang=ku
- تەها، تەرزە (2021) ژنان لەنێوان مۆدێل و باڵاپۆشیدا. کوردستان: سایتی ئاژانسی هەواڵی ژن. لینکی بابەت: https://jinhaagency.com/so/syast/zhnan-lnwan-mdl-w-baapshyda-12497
- چەتر (2024) قاتی کوردی و جامانەی ئیماڕاتی. کوردستان: پەیجێكی ناڕەسمییە. لینکی بابەت: https://www.facebook.com/photo.php?fbid=816317613871534&id=100064799076435&set=a.554432220060076&locale=fr_FR
- دەزگای نووری حیکمە (2014) پێنجەمین ئاهەنگی نوری حیکمە بۆ قورئانلەبەران و یەکەمین ئاهەنگی سەرد. کوردستان: کەناڵی یویتووبی دەزگای نووری حیکمە. لینکی بابەت: https://www.youtube.com/watch?v=Mv1e7XJonl0
- ڕووماڵی تایبەت (2019) کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان. هەولێر: سایتی ڕووداو. لینکی بابەتەکە: https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/281220193
- ڕوون میدیا (2024) مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیز ڕێبەر و مەشخەڵی ڕابوونی ئیسلامی. کوردستان: کەناڵێكی سۆشیاڵ میدیای ئیسلامیە. لینکی بابەت https://www.youtube.com/watch?v=qt3U4kaLnFg
- عەبدوڵڵا، تەحسین وسو (2023) دەروازەیەك بۆ شیکردنەوەی پرسی حیجاب لە ئێران، لە ڕوانگەی ئایینی و سیاسیەوە. کوردستان: سایتی درەو. لینکی بابەت: https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11817
- عەبدوڵڵا، کاوە (2017) جلوبەرگی كوردی و بۆینباخ، كلتوری كۆیهیهو مام جهلالیش پۆشیویهتی. سلێمانی: پیوکەی میدیا. لینکی بابەت: https://www.pukmedia.com/KS/details/?Jimare=96321.
- کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی (2023) لێدوانی لەیلا عەلی عەبدولعەزیز لەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانی و نیقاب. هەولێر: دەزگای میدیایی ڕووداو، لینکی بابەت: https://www.facebook.com/Rudaw.net/videos/765225308383604/
- مەکتەبی خوشكانی بزووتنەوەی ئیسلامی (2017) سەردانی خوشکانی بزووتنەوە و خوشکانی کۆمەڵ. کوردستان: پەیجی ڕەسمی. لینکی بابەت: https://www.facebook.com/maktabxoshkan/posts/1615747098447890/
- هەڵوێستەکانی یەکگرتوو (2018) زانایانی ئاینی. کوردستان: پەیجی ناڕەسمی. لینکی بابەت: https://www.facebook.com/337484663369799/photos/a.337865049998427/435192460265685/?type=3
دووەم: سەرچاوە بیانییەکان
- الفراهیدي، الخليل بن أحمد (2002) کتاب العين. مرتبا علی حروف العجم. ترتیب و تحقیق د. عبدالحمید الهنداوي. ط1، ج4، بيروت لبنان: دار الكتب العلمية.
- الطائي، رعد مطر مجيد (2015) أثر فنون عصر النهضة على التصوير الإسلامي دراسة تحليلية تاریخیة، القاهرة: دار النشر للجامعات.
- العربي، شهرزاد (1989) البعد السياسي للحجاب. القاهرة: الزهراء للإعلام العربي قسم النشر.
- مجموعة الباحثين (2017) السلفية في كردستان العراق. التاریخ – الاعلام – الانتقادات. کتاب 126. الامارات: مركز المسبار للدراسات والبحوث.
- Palmer, Alexandre (1997) New Directions: Fashion History Studies and Research on North America and England in: Fashion Theory, the Journal of Dress, Body & Cultur, vol.1, issue3, September.
[1] الفراهیدي، الخليل بن أحمد (2002) کتاب العين. مرتبا علی حروف العجم. ترتیب و تحقیق د. عبدالحمید الهنداوي. ط1، ج4، بيروت لبنان: دار الكتب العلمية ص30.
[2] Palmer,Alexandre (1997) New Directions: Fashion History Studies and Research on North America and England in: Fashion Theory , the Journal of Dress , Body & Cultur,vol.1,issue3,September ,p.298
[3] حسين، ڕەیان و ئەوانی تر (2025) جلوبەرگی کوردی، سلێمانی: زانکۆی پۆلیتەکنیك، پەیمانگەی تەکنیکی. ل3-5.
[4] قادر، عەباس نادر (2022) کەندووێك لە زانیاری دەربارەی دەشتەکییەکانی هەولێر. هەرێمی کوردستان: چاپخانە. چ1. ل150.
[5] میشەڕۆ، حەمەڕەشید حەسەن بەگ (2012) مەتەڵی کوردەواری. هەرێمی کوردستان: چاپخانەی گەنج. ل60.
[6] الطائي، رعد مطر مجيد (2015) أثر فنون عصر النهضة على التصوير الإسلامي دراسة تحليلية تاریخیة، القاهرة: دار النشر للجامعات. ص212.
[7] خاڵ، شێخ محەمەد (2005) فەرهەنگی خاڵ. چ2. هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، زنجیرەی ڕۆشنبیری. ل242.
[8] عەبدوڵڵا، کاوە (2017) جلوبەرگی كوردی و بۆینباخ، كلتوری كۆیهیهو مام جهلالیش پۆشیویهتی. سلێمانی: پیوکەی میدیا. لینکی بابەت: https://www.pukmedia.com/KS/details/?Jimare=96321
[9] العربي، شهرزاد (1989) البعد السياسي للحجاب. القاهرة: الزهراء للإعلام العربي قسم النشر. ص95-99.
[10] ڕووماڵی تایبەت (2019) کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان. هەولێر: سایتی ڕووداو. لینکی بابەتەکە: https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/281220193
[11] هەڵوێستەکانی یەکگرتوو (2018) زانایانی ئاینی. کوردستان: پەیجی ناڕەسمی. لینکی بابەت: https://www.facebook.com/337484663369799/photos/a.337865049998427/435192460265685/?type=3
[12] عەبدوڵڵا، تەحسین وسو (2023) دەروازەیەك بۆ شیکردنەوەی پرسی حیجاب لە ئێران، لە ڕوانگەی ئایینی و سیاسیەوە. کوردستان: سایتی درەو. لینکی بابەت: https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11817
[13] تەها، تەرزە (2021) ژنان لەنێوان مۆدێل و باڵاپۆشیدا. کوردستان: سایتی ئاژانسی هەواڵی ژن. لینکی بابەت: https://jinhaagency.com/so/syast/zhnan-lnwan-mdl-w-baapshyda-12497
[14] ڕوون میدیا (2024) مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیز ڕێبەر و مەشخەڵی ڕابوونی ئیسلامی. کوردستان: کەناڵێكی سۆشیاڵ میدیای ئیسلامیە. لینکی بابەت https://www.youtube.com/watch?v=qt3U4kaLnFg
[15] ئەرشیفی کوردی (2024) کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی. کوردستان: کەناڵی یوتیوبی ئەرشیفی کوردی. لینکی بابەت: https://www.youtube.com/watch?v=tb2hZVo7HLE
[16] مەکتەبی خوشكانی بزووتنەوەی ئیسلامی (2017) سەردانی خوشکانی بزووتنەوە و خوشکانی کۆمەڵ. کوردستان: پەیجی ڕەسمی. لینکی بابەت: https://www.facebook.com/maktabxoshkan/posts/1615747098447890/
[17] عاڵایی، عەبدوڵڵا (2015) سەلەفییەت و کۆمەڵگەی کوردیی. چاپی یەکەم. هەولێر: ماڵی وەفایی. ل50
[18] پێگەی فەرمی م. عەلی باپیر. گەلەری. کوردستان: پێگەی فەرمی ئەمیری کۆمەڵی دادگەری کوردستان. لینکی بابەت https://alibapir.net/?page_id=1029&lang=ku
[19] مجموعة الباحثين (2017) السلفية في كردستان العراق. التاریخ – الاعلام – الانتقادات. کتاب 126. الامارات: مركز المسبار للدراسات والبحوث. ص79.
[20] دەزگای نووری حیکمە (2014) پێنجەمین ئاهەنگی نوری حیکمە بۆ قورئانلەبەران و یەکەمین ئاهەنگی سەرد. کوردستان: کەناڵی یویتووبی دەزگای نووری حیکمە. لینکی بابەت: https://www.youtube.com/watch?v=Mv1e7XJonl0
[21] باوەڕنما (2023) جلوبەرگ لەنێوان ئایین و کولتووردا. کوردستان: کەناڵی ئاسمانی ڕووداو، ڕووداو ستری. لینکی بەرنامەکە لە یوتیوب: https://www.facebook.com/photo.php?fbid=816317613871534&id=100064799076435&set=a.554432220060076&locale=fr_FR
[22] چەتر (2024) قاتی کوردی و جامانەی ئیماڕاتی. کوردستان: پەیجێكی ناڕەسمییە. لینکی بابەت: https://www.facebook.com/photo.php?fbid=816317613871534&id=100064799076435&set=a.554432220060076&locale=fr_FR
[23] خاڵ، شێخ محەمەد (2005) فەرهەنگی خاڵ. چ2. هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، زنجیرەی ڕۆشنبیری. ل76.
[24] موفتی، پ.د. حسن خالد مصطفی (2023) دروستی بەکارهێنانی وشەی خودا لەجیاتی وشەی الله لە ئاخاوتن و نووسین و ئامۆژگاری و پەرستشەکاندا. توێژینەوەیەکی بەڵگەداری فیقهی بەراوردکاریە. هەولێر: یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان. ل5.
[25] کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی (2023) لێدوانی لەیلا عەلی عەبدولعەزیز لەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانی و نیقاب. هەولێر: دەزگای میدیایی ڕووداو، لینکی بابەت: https://www.facebook.com/Rudaw.net/videos/765225308383604/