ئاڵنگاری و بەربەستەكانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئوسترالیا و چین؛ دەرفەتێک بۆ تێگەیشتن لە ئایندەی بازرگانیی چین لە عێراق و کوردستان
سەروەت عەبدوڵا/ ماستەر لە زانستی مرۆڤایەتی و پەیوەندیکردندا

بەرایی
لە دونیای سیاسەتی نێودەوڵەتیدا گریمانەی ئەوەی کە پەیوەستبوونی ئابووری دەبێتە هۆی سەقامگیریی سیاسی ، لە ئێستادا ڕووبەڕووی گەورەترین ئاڵنگاری بووەتەوە. پەیوەندییەکانی نێوان ئوسترالیا و چین نموونەیەکی زیندووی ئەم دۆخە ئاڵۆزەن، لە کاتێکدا هەردوو وڵات لە ڕووی ئابوورییەوە تەواوکەری یەکترن، بەڵام لە ڕووی ستراتیژی و ئەمنییەوە لە دوو بەرەی دژ بە یەکدان. ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات لە دیاردەی بەچەککردنی بازرگانی (Weaponization of Trade) بکۆڵێتەوە، وەک چەمکێک ڕوونی دەکاتەوە چۆن پەیوەندییە بازرگانییەکان لە ئامرازێکی گەشەپێدانەوە دەگۆڕێن بۆ کارتێکی فشار لە ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکاندا. تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە تەنها بۆ ئوسترالیا گرنگ نییە، بەڵکوو وانەیەکی ستراتیژییە بۆ وڵاتانی هێزی مامناوەند و ئەو ناوچانەی خاوەن سەرچاوەی وزەن. لێرەوە توێژینەوەکە پردێک لە نێوان ئەزموونی ئوسترالیا و دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە بزانین: ئایا دەکرێت مۆدێلی مامەڵەی ئوسترالیا -لە نێوان پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ چین و پابەندبوونە ئەمنییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا- ببێتە نەخشەڕێگایەک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان؟ تاوەکوو لە داهاتوودا بتوانن بە کەمترین زیان پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ چین بەڕێوە بەرن.
دەروازە
لەم وتارەدا دەمانەوێت لە بارەی پەیوەندیی بازرگانیی دوو وڵاتەوە بنووسین کە پێویستییان بە یەکتری ناچاریان دەکات یەکتری قبووڵ بکەن. ئوسترالییەکان بە کانزا، کانزای ئاسن، خەڵووزی بەردین و گازی شلی سروشتی مامەڵەی مانەوە لەگەڵ چاینییەکاندا دەکەن و ئەوانیش بە ئەلکترۆنیات: کۆمپیوتەر، مۆبایل و ئامێرە تەکنەلۆژییەکان، لەگەڵ ئامێر و کەلوپەلی پیشەسازی: ئامێری قورس بۆ بیناسازی و کەلوپەلی ناو ماڵ. واتە دەتوانین بڵێین: ئوسترالیا وەک کانگا و کێڵگە وایە بۆ چین، چینیش وەک کارگە وایە بۆ ئوسترالیا. بۆیە دەمانەوێت لە سەر ئەم پەیوەندییە بازرگانییە بوەستین و باس لە کاریگەرییەکەی بکەین لە سەر دونیای سیاستیان. هەروەها ڕۆڵی ئەمەریکا باس بکەین لە لاوازبوونی پەیوەندییە بارزگانییەکانی ئوسترالیا و چاینادا و لە کۆتاییدا بتوانین ئەم تێگەیشتنە بەکار بهێنین بۆ هەڵسەنگاندنی دەرفەت و مەترسییەکانی ئەو بازرگانییەی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیانە لە چین و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانە چینەکاندا.
پەیوەندییەکانی نێوان ئوسترالیا و چین لە دەیەی ڕابردوودا وەرچەرخانێکی دراماتیکیی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە هاوبەشی ستراتیژیی گشتگیر ەوە بەرەو دۆخێک لە ڕکابەریی جیۆپۆلەتیکی و گرژیی بازرگانی ڕۆیشتووە. چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئوسترالیایە، بە جۆرێک کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەناردەی ئوسترالیا بۆ چین گەیشتە ١٠٢ ملیار دۆلار، کە دەکاتە نزیکەی ٣٢.٢٪ی کۆی هەناردەی ئوسترالیا1. هەروەها چین گەورەترین بازاڕی هەناردەکردنی ئوسترالیایە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، سامانە سروشتییەکان و وێستگەیەکی گرنگی هەناردەی کەرتی خزمەتگوزارییە کە تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤دا بڕەکەی گەیشتووەتە ١٦.٨ ملیار دۆلار2. ئەم ژمارەیە ئاماژەیە بۆ ئاستێکی بەرزی پەیوەستبوونی ئابووری ، کە بە گوێرەی تیۆرییەکانی لیبڕالیزمی ئابووری دەبووایە ببێتە هۆی سەقامگیریی سیاسی، بەڵام دەرئەنجامەکان پێچەوانەی ئەمە پیشان دەدەن.
لەم چەند ساڵەی دواییدا، بە تایبەت دوای ساڵی ٢٠٢٠، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات کەوتنە ژێر کاریگەریی ململانێی نێوان چین و ئەمەریکا. هەوڵەکانی ئوسترالیا بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و داواکاری بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاردانەوەی توندی پەکینی لێ کەوتەوە کە خۆی لە سەپاندنی سزای بازرگانی بەسەر کاڵا ئوسترالییەکاندا بینییەوە3. ئەم دۆخە دیاردەیەکی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا خستە ڕوو کە پێی دەوترێت بەچەککردنی بازرگانی (Weaponization of Trade)، کە تێیدا پەیوەندییە ئابوورییەکان وەک ئامرازێکی فشار بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی بەکار دەهێنرێن4.
ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە: ئایا ئوسترالیا دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ چین و هاوپەیمانییە ئەمنییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا (AUKU) ڕابگرێت؟ هەروەها، ئەم ململانێیە چ وانەیەکی هەیە بۆ وڵاتانی هێزی مامناوەند و بچووک، بە تایبەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ئەوانیش لە نێوان ململانێی زلهێزەکان و پێویستیی گەشەپێدانی ئابووریدا گیریان خواردووە؟ توێژینەوەکە بە شیکردنەوەی دەیتا بازرگانییەکان و بەڵگەنامە فەرمییەکان، ئاڵنگارییەکانی ئێستا و سیناریۆکانی ئایندە تاوتوێ دەکات.
١. چوارچێوەی مێژوویی: گەشەسەندن لە پەراوێزەوە بۆ قووڵایی ستراتیژی
مێژووی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئوسترالیا و چین دەکرێت وەک چیرۆکێکی گەشەسەندنی خێرا سەیر بکرێت، کە لە دانپێدانانی دیپلۆماسییەوە دەستی پێ کردووە تاوەکوو دەگاتە لوتکەی پشتبەستن بە یەکتر لە ڕووی ئابوورییەوە، واتە پەیوەندیی ئابووریی نێوان ئوسترالیا و چین لە سەرەتاوە گەشەکردنێکی سروشتیی دوور لە سیاسەتە، بۆیە زۆر جار ئەو دوو ئابوورییە بە هاوبەشی سروشتی ناو دەبرێن5. سەرەڕای ئەوەی مێژووی چالاکییە ئابوورییەکانی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی نۆزدە، بەڵام گەشەسەندنی هاوچەرخی پەیوەندییە ئابوورییە دووقۆڵییەکان دوای دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییە فەرمییەکان لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٢دا دەستی پێ کرد6. بە گشتی دەتوانین قۆناغەکانی گەشەکردنی پەیوەندیی بازرگانیی ئەم دوو دەوڵەتە بەم شێوەیە دابەش بکەین:
یەکەم: قۆناغی دامەزراندن (١٩٧٢-٢٠٠٠): پەیوەندییە مۆدێرنەکان لە ساڵی ١٩٧٢دا دەستیان پێ کرد، کاتێک حکومەتەکەی گۆف ویتلام بە فەرمی دانی بە کۆماری میللیی چیندا نا. لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکان زیاتر سیاسی بوون، بەڵام لە ساڵانی هەشتاکاندا لە ژێر کاریگەریی ڕیفۆرمە ئابوورییەکانی دێنگ شیاو پینگ لە چین و کرانەوەی ئابووریی ئوسترالیا لە لایەن بۆب هۆک بناغەی بازرگانیی دانرا. لەم قۆناغەدا پڕۆژەی Mt Channar بۆ بەرهەمهێنانی ئاسن لە ساڵی ١٩٨٧دا بووە یەکەم وەبەرهێنانی گەورەی دەرەکیی چین لە ئوسترالیا، کە هێمایەک بوو بۆ یەکگرتنی بەرژەوەندییەکان7.
دووەم: قۆناغی بووژانەوەی سەرچاوەکان (٢٠٠٠-٢٠١٤): ئەم قۆناغە لە مێژووی ئابووریی ئوسترالیادا بە بووژانەوەی سەرچاوەکان (Resources Boom) ناسراوە. بە هۆی پڕۆسەی خێرای شارنشینی و گەشەی ئابووریی چینەوە، خواستێکی بێشوومار بۆ وزە و کانزاکان دروست بوو. لەم قۆناغەدا ئوسترالیا وەک دابینکەری سەرەکیی کانزای ئاسن (Iron Ore)، خەڵووز و غازی سروشتی (LNG) بۆ کارگەکانی چین دەرکەوت. دەیتاکان ئاماژە بەوە دەکەن لەم ماوەیەدا قەبارەی بازرگانیی دووقۆڵی چەندین هێندە زیادی کردووە و چین پێگەی خۆی وەک گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئوسترالیا چەسپاند8. هەر بۆیە چین توانیی ئابووریی ئوسترالیا لە کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی جیهانیی ٢٠٠٨ بپارێزێت، چونکە بەردەوام بوو لە کڕینی کەرەستە خاوەکان بە نرخێکی بەرز.
لە ڕووی سیاسییەوە چەندین سەردانی دپلۆماسی لە نێوان وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵاتدا ڕوویان دا. لە مانگی ئازاری ٢٠٠٢دا، وەزیری دەرەوەی چین سەردانی ئوسترالیای کرد کە ئەمە یەکەمین سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی ئەو وڵاتە بووە لە دوای ساڵی (١٩٩٢)ەوە. بەدوای ئەوەشدا و لە مانگی مایسی هەمان ساڵدا، جۆن هاوارد سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا سەردانی چین دەکاتەوە. لە مانگی ئابی ٢٠٠٣دا، ناوبراو سەردانێکی دیکەی بۆ چین ئەنجام دا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو وڵاتە، لە نێوانیاندا سەرۆک هو جینتاو و سەرۆکوەزیران وێن جیاباو 9. بەم شێوەیە پەیوەندییە سیاسییەکان شانبەشانی پەیوەندییە بارزگانییەکان دەچنە پێشەوە.
سێیەم: قۆناغی بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکان (٢٠١٤-٢٠١٥): لەم قۆناغەدا دوو ڕووداوی گەورە ڕوویان داوە کە بریتین لە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان بۆ هاوبەشی ستراتیژی ، هەروەها واژۆکردنی ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد -(ChAFTA). لوتکەی پەیوەندییەکانی ئوسترالیا و چین لە ساڵی (٢٠١٤)دا دەستی پێ کرد، ئەویش کاتێک سەرۆکی چین (شی جین پینگ) سەردانی ئوسترالیای کرد و پەیوەندییەکانی بۆ ئاستی هاوبەشی ستراتیژیی گشتگیر بەرز کردەوە. ساڵێک دواتر، لە (٢٠١٥)، ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادی چین-ئوسترالیا (ChAFTA) واژۆ کرا. ئەم ڕێککەوتنە نزیکەی ٩٥٪ی باجە گومرگییەکانی لا برد و دەرگای بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان وەک (شیرەمەنی، گۆشت و شەراب) و کەرتی خزمەتگوزاری و پەروەردە کردەوە10. هەروەها وای کرد ئوسترالیا زیاتر لە هەموو وڵاتێکی تری ڕۆژئاوایی وابەستەی بازاڕی چین ببێت. بۆیە لە ئێستادا چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی دوولایەنەی ئوسترالیایە. لە ساڵی ٢٠٢٤دا؛ ٢٥%ی بازرگانیی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ جیهاندا پێک دەهێنێت، کە کۆی گشتیی بازرگانیکردنە بە ٣١٢ ملیار دۆلار. هەناردەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانمان بۆ چین لە ساڵی ٢٠٢٤دا؛ (١٩٦) ملیار دۆلار بووە کە دەکاتە ٣٠%ی هەناردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییە جیهانییەکانمان لەو ماوەیەدا. زیادبوونی پەیوەندیی نێوان ئوسترالیا و چین بووەتە هۆی پێشکەوتنی ئەرێنی لە پەیوەندییە بازرگانییەکەدا، لەوانەش لابردنی بەربەستە بازرگانییەکانی چین کە لە ساڵی (٢٠٢٠)ەوە کاریگەرییان لە سەر هەناردەکردنی ئوسترالیا هەبووە11.
کەواتە بە پێی ئەم گەشەکردنە مێژووییە بێت؛ پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە سەر بنەمای تەواوکاریی سروشتی دروست بووە نەک هاوپەیمانیی سیاسی، واتە ئابوورییەکەیان وەک دوو پارچەی نەخشەیەکی تەواونەکراوە، بە شێوەیەکی سروشتی یەکتری تەواو دەکەن. ئەگەر ئوسترالیا کەرەستەی خاوی هەیە، ئەوا چین کارگەی هەیە، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە کاتێک پەیوەندییە سیاسییەکان تێک دەچێت، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان تووشی جۆرێک لە شڵەژان دەبێتەوە.
٢. ئابووریی-سیاسیی پەیوەندییەکان
لەم بەشەدا دەمانەوێت بڕۆینە ناو درێژەی پەیوەندییە بازرگانییەکان كە لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە دروستیان کردووە. ئەو ڕێڕەوە ئازادەی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروست کراوە سەرەتا بە تەواوکاری ناو برا و دواتر گەیشتە قۆناغی وابەستەیی ستراتیژی. هەروەها ئەم پەیوەندییە بازرگانییە دواتر سیاسەت بە چڕی دێتە نێوانیانەوە، بە تایبەت ئامادەیی ئەمەریکا و بەریتانیا و سەردەمی پەتای گشتگیری کۆڤید-١٩ و بە تایبەتتر ئەو کاتەی ئوسترالیا داوا دەکات دەبێت لێکۆڵینەوە لە چین بکرێت وەک سەرچاوەیەکی دەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە. بۆ شەنوکەوکردنی هەموو ئەم پرسانە، باسەکەمان بۆ سێ باسی سەرەکی دابەش دەکەین کە لە باسی یەکەمدا بە کورتی باس لە ڕێککەوتنامەی بازرگانیی ئازاد کە بە ChAFTA ناسراوە دەکەین، لە باسی دووەمدا بە کورتی گەشەی پەیوەندییە بازرگانییەکان باس دەکەین کە چۆن گەشتوون بە قۆناغی وابستەی ستراتیژی، پاشان باس لە دوفاقی سیاسی-ئابووری و خۆڕاگریی بازرگانی دەکەین.
١.٢: ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادی
چین و ئوسترالیا (China-Australia Free Trade Agreement) (ChAFTA).
لە حوزەیرانی ٢٠١٥دا، دوای ٢١ گەڕ و زیاتر لە دەیەیەک لە دانوستان، ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادی چین-ئوسترالیا (ChAFTA) لە کانبێرا لە لایەن وەزیری بازرگانی و وەبەرهێنانی ئوسترالیا ئەندرۆ ڕۆب و هاوتا چینییەکەی گاو هوچێنگ ەوە واژۆ کرا. تۆنی ئابۆت سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ئوسترالیا بە لایەنە چینیەکانی ڕایگەیاند کە ئوسترالیا ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنانی زیاتر لەگەڵ چین و ڕێککەوتنەکە وڵاتەکە و ناوچەکەمان بەرەو باشتر دەگۆڕێت. هەروەها ئەنجوومەنی بازرگانیی ئوسترالیا (BCA) جەختی کردەوە ئەم ڕێککەوتنامەیە گۆڕانکاریی بنەڕەتی بۆ ئابووریی ئوسترالیا دروست دەکات، ئەویش لە ڕێگەی مسۆگەرکردنی پێگەی کێبڕکێ بۆ کەرتە بازرگانییە پێشەنگەکانی وڵاتەکە. کەواتە دەتوانین بڵێین ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادی چین و ئوسترالیا (ChAFTA)؛ ئامانجی سەرەکیی لابردنی بەربەستە گومرگییەکان و کەمکردنەوەی تێچووی هەناردەکردنە، ئەمەش وای کردووە بازاڕی چین بە ڕووی بەرهەمە ئوسترالییەکاندا بکرێتەوە و لە بەرامبەریشدا ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنانی چینی لە ئوسترالیا بکرێت12.
لەگەڵ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لە سەر هەناردن و پەیوەندیی هەردوو وڵات، کەچی بەردەوام لە ژێر هەڵسەنگاندن و پەرەپێداندایە بۆ پاراستنی کارایی و دەستکەوتەکان لە بواری بازرگانیدا. دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢١دا (پێداچوونەوەی دوای جێبەجێکردن) ئەنجام دار، دەرکەوت ڕێککەوتنەکە بەربەستەکانی کەم کردووەتەوە و هەناردەی ئوسترالیای زیاد کردووە. هەردوو وڵات لە ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا، لە ڕێگەی کۆبوونەوەی لیژنە هاوبەشەکانەوە و واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتن لە لایەن سەرکردە باڵاکانەوە، میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیان بەهێزتر کردووە. لە ئێستاشدا (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) و هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەیەمین ساڵیادی ڕێککەوتنەکە، حکومەتی ئوسترالیا دەستی بە پێداچوونەوەیەکی گشتی کردووە و دەرگای بۆ وەرگرتنی پێشنیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووەتەوە، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی ڕێککەوتنەکە و دۆزینەوەی دەرفەت بۆ فراوانکردنی دەستگەیشتن بە بازاڕ و قووڵکردنەوەی ئازادیی بازرگانی13.
٢.٢: پەیماننامەی ئەمنیی سێ قۆڵیی ئۆکۆس (AUKUS) (ئوسترالیا، شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکان).
پەیماننامەی ئۆکۆس (AUKUS) هاوبەشییەکی ئەمنیی سێ قۆڵییە لە نێوان ئوسترالیا، شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە لە ئەیلوولی ٢٠٢١دا ڕاگەیەنرا و ئامانجی سەرەکیی دابینکردنی تەکنۆلۆژیای ژێردەریایی ئەتۆمی بوو بۆ ئوسترالیا. ئەم پەیماننامەیە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بوو لە بەرنامە سەربازی و سیاسییەکەی ئوسترالیا لە پاراستنی هاوسەنگی یەوە بۆ لایەنگریی ئاشکرا ، کە وەک دواتر باسی دەکەین کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئوسترالیا و چین. بە پێی شیکارییەکانی ئالان گینگەڵ14، ئامانجی ورد و قووڵی ئەم ڕێککەوتنە تەنها دەستخستنی تەکنۆلۆژیای ژێردەریایی ئەتۆمی نەبوو، بەڵکوو چەسپاندنی ئوسترالیا بوو لە ناو بەرەیەکی تۆکمەی ئینگلیزیزمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵکشانی سەربازیی چین لە ناوچەی ئیندۆپاسیفیک. ئەم هەنگاوە لە لایەن پەکینەوە وەک بەشێک لە سیاسەتی گەمارۆدان (Containment Policy) لێک درایەوە و وەک پۆڵ کیتینگ سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئوسترالیا15 باوەڕی وایە ئەم ڕێککەوتننامەیە خراپترین ڕێککەوتنی بەرگرییە لە مێژووی ئوسترالیادا و بە کردەیی کۆتایی بەو سەردەمە هێنا کە کانبێرا بتوانێت لە نێوان بەرژەوەندیی ئابووریی چین و هاوپەیمانیی ئەمەریکادا یاری بکات، بەمەش سروشتی پەیوەندییەکانی لە هاوبەشی یەوە بۆ ڕکابەریی ستراتیژیی کراوە گۆڕی. دەڵێت: ئێمە [ئوسترالیا] ئێستا بەشێکین لە سیاسەتی گەمارۆدانی [ئەمەریکا] دژ بە چین. هەروەها لە وتارێکیدا لە مانگی حەوتی ٢٠٢٥دا بە ناویشانی ئەمەریکا لە دەستی خۆمان دەمانپارێزێت ، باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا ئوسترالیا هەلێکی لە بەر دەستدایە لەم پەیماننامەیە بێتە دەرەوە، چونکە ئەمەریکا بڕیاری داوا بە پەیماننامەکەدا بچێتەوە، بۆیە کاتێکی گونجاوە ئوسترالیا داوای هاتنە دەرەوە بکات لەم ڕێککەوتنە16.
٣.٢: لە تەواوکارییەوە (Complementarity) بۆ وابەستەیی ستراتیژی (Interdependence)
ئەم قۆناغە بە سەردەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد (ChAFTA) دەناسرێتەوە، کە تێیدا پەیوەندییەکان لە تەواوکاریی سروشتی یەوە گۆڕان بۆ دۆخێک لە وابەستەیی ستراتیژی (Strategic Interdependence). لەم ماوەیەدا ئابووریی ئوسترالیا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش تێکەڵ بە بازاڕی چین بوو. لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان ئوسترالیا و چین نموونەیەکی کلاسیکیی تەواوکاریی ئابووری (Economic Complementarity) نیشان دەدەن، کە تێیدا وڵاتێکی دەوڵەمەند بە سەرچاوە سروشتییەکانی؛ پێداویستییەکانی وڵاتێکی پیشەسازیی گەشەسەندوو دابین دەکات. چەمکی تەواوکاری (Complementarity) بە زۆری لە گفتوگۆ تیۆری و پراکتیکییە ئابوورییەکاندا بەکار دەهێنرێت. تەواوکاری لە بنەڕەتدا پێچەوانەی چەمکی ڕکابەری (Competitiveness) یان جێگرەوە (Substitutability)یە. لە هەر چالاکییەکی دیاریکراودا، کاتێک دەوترێت دوو توخم (یان دوو یەکە) تەواوکەری یەکترن کە: A. چالاکییەکە ئەنجام نادرێت ئەگەر هەردوو توخمەکە ئامادە نەبن. B. ئاستی چالاکییەکە وەک خۆی نامێنێتەوە (پارێزراو نابێت) ئەگەر ئاستی یەکێک لە توخمەکان گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. C. هەر زیادبوون یان کەمبوونێک لە یەکێک لە توخمەکاندا، واتای زیادبوون یان کەمبوون دەگەیەنێت لە توخمەکەی دیکەدا17. بەو واتایەی ئوسترالیا لە ڕووی کەرەستەوە پێداویستیی کارگەکانی چین پڕ دەکاتەوە، بۆیە بەم پەیوەندییە دەگوترێت پەیوەندییەکی کلاسیکیی تەواوکاری. هەر چی بابەتی وابەستەیی ستراتیژی (Strategic Interdependence)یە، ئەوا بریتییە لە ڕێبازێکی ڕیالیزمی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کە وەک ڕێگایەکی ناوەند لە نێوان گۆشەگیریی تەواو (Strategic Autonomy) و لایەنگریی کوێرانە بۆ جەمسەرەکان (Alignment) دەردەکەوێت. ئەم چەمکە لە سەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە لە جیهانێکی پێکەوەبەستراودا جیابوونەوە ئەستەمە و زیانبەخشە، لە جیاتیی ئەمە دەبێت وڵاتان لە ڕێگەی هەمەچەشنکردنی هاوبەشییەکانیان و بەڕێوەبردنی پڕۆفیشناڵ و زیرەکانەی پەیوەندییەکان، بەرگەگرتن بەرامبەر بە بەچەککردنی وابەستەیی دروست بکەن، بەمەش سەروەریی نیشتمانیان دەپارێزن بێ ئەوەی پەیوەندییە جیهانییەکانیان بپچڕێنن18.
ئەم بەشە شیکردنەوە بۆ سروشتی ئەم ئاڵوگۆڕە دەکات و چۆنیەتیی دروستبوونی وابەستەیی ئابووری (Economic Interdependence) و پاشان گەشەکردنی بۆ وابەستەی ستراتیژی دەخاتە ڕوو:
١.٣.٢: ژمارە پێوانەییەکان لە سایەی ChAFTA
بە پێی دەیتا فەرمییەکانی حکومەتی ئوسترالیا (٢٠٢٠)، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە ساڵی ٢٠١٥، قەبارەی بازرگانیی دووقۆڵی سەرکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی. لە ساڵی ٢٠١٩دا، کۆی گشتیی بازرگانی (هەناردە و هاوردە) گەیشتە ٢٥١.١ ملیار دۆلار، کە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە بەراورد بە ١٥٥.٦ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٥. ئەم گەشەسەندنە تەنها لە ژمارەدا نەبوو، بەڵکوو لە جۆرێتییشدا ڕەنگی دایەوە، بە تایبەت لە کەرتی کشتوکاڵدا کە هەناردەی گۆشتی مانگا (Beef) نزیکەی ٢٠٠٪ زیادی کرد19.
٢.٣.٢: هەیمەنەی سامانی سروشتی لە دەرەوەی کشتوکاڵ
کەرتی کانزاکان بڕبڕەی پشتی ئەم وابەستەییە بوون. کانزای ئاسن (Iron Ore) ڕۆڵی کاڵای ستراتیژی ی بینی کە بەهای هەناردەکەی لە ساڵی ٢٠١٩دا گەیشتە سەرووی ٨٤ ملیار دۆلار. ئەم ژمارانە بۆ ئابووریی سیاسیی ئوسترالیا واتای ئەوە بوو کە چین چیتر تەنها کڕیارێک نییە، بەڵکوو بزوێنەری سەرەکیی گەشەی ئابووریی وڵاتە. بۆیە پەیوەندییەکان چوونە قۆناغێکی هەستیارترەوە، بە تایبەت لەو ڕووەوە کە ئوسترالیا هەر چی کەرەستەی خاوی زۆر بێت، ئەگەر کارگەکانی چین نەبن سوودێکی نییە بۆ داهات و گەشەی ئابووری. کەواتە لەم کاتەدا گەشەی ئابووریی ئوسترالیا وابەستە دەبێت بە کارگەکانی ئوسترالیاوە، بۆیە چین ئیتر تەنها کرێکارێک نییە کەرەستە خاوەکان بکات بە کاڵا و ئامێر.
٣.٣.٢: دەرکەوتنی مەترسیی چڕبوونەوە لە (٢٠٢٠)دا
لەم قۆناغەدا ئاماژەکانی مەترسی لە سەر پەیوەندییەکان دەرکەوتن. ڕاپۆرتەکانی پەرلەمانی ئوسترالیا هۆشدارییان دا لەوەی ئاستی پشتبەستن بە چین گەیشتووەتە ئاستی مەترسیی چڕبوونەوەی بازرگانی (Trade Concentration Risk)، بە جۆرێک کە هیچ بازاڕێکی دیکە توانای جێگرتنەوەی چینی نییە20. هەر لەم بارەیەوە جەیمس لۆڕێنسون (James Laurenceson) لە ڕاپۆرتی پەیمانگای پەیوەندییەکانی ئوسترالیا-چین ، لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢١دا دەڵێت: هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی بەرکەوتنی ئابووریی ئوسترالیا بە ڕووی چیندا، تێڕوانینەکان بۆ ئەو مەترسییانەی ئەم دۆخە دەیانهێنێتە ئاراوە زیادیان کردووە. لە بەرامبەردا، ئەمە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی داواکاری بۆ بەکارهێنانی سیاسەتی گشتی بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەم ئاستی پەیوەستبوونە، ئەمەش زەمینەی بۆ قۆناغی دووەم خۆش کرد.
٤.٣.٢: دوفاقی سیاسی-ئابووری و خۆڕاگریی بازرگانی (٢٠٢١-٢٠٢٥)
ئەم قۆناغەی پەیوەندییەکانی ئوسترالیا و چین جیاوازە لەوەی پێشوو، ئەگەر لە سەرەتای پەیوەندییەکان هەردوو وڵات دەیانووست شەمەندەفەری گەشەی ئابووری و پەیوەندییە سیاسییەکان لە سەر هەمان هێڵی ئاسنین بڕوات، ئەوا لێرەدا سیاسەت و ئابووری بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەدا دەڕۆن. جا لە کاتێکدا پەیوەندییە سیاسییەکان تووشی گرژی و سزای بازرگانی بووبوون، بەڵام دوای دەیەیەک (٢٠١٥-٢٠٢٥) ئەم پەیوەندییانە هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، دەرکەوت هێزی بازاڕ توانیویەتی بەسەر ئیرادەی دابڕانی سیاسیدا سەر بکەوێت. وەک جەیمس لۆرێنسۆن (٢٠٢١) ئاماژەی پێ داوە، لە سەرەتای ئەم قۆناغەدا نزیکەی ٩٤٪ی ڕای گشتیی ئوسترالیا پشتیوانیی سیاسەتی حکومەت بوون بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین، بەڵام واقیعە ئابوورییەکە سەلماندی کە کەمکردنەوەی ئەم بەرکەوتنە بە بێ دەستتێوەردانی تێچوو بەرز (Costly market intervention) ئەستەمە و سنووردارە. بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزی و هەڵکشان و تێپەڕاندن، دەتوانین بەم شێوەیە لە دۆخەکە بڕوانین:
١.٤.٣.٢: مشتومڕی لایەنگران و ڕەخنەگران
بە پێی توێژینەوەی لۆرێنس و چێن (٢٠٢٥)، ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد (ChAFTA) هەر لە سەرەتاوە لە پەرلەمانی ئوسترالیادا جێگەی مشتومڕێکی توند بووە. یەکێک لەو لایەنانە پارتی کرێکارانی ئوسترالیا کە لەو کاتەدا ئۆپۆزسیۆن بوون؛ بە سەرکردایەتیی بێڵ شۆرتن ڕێککەوتنەکەی بە ڕێککەوتنێکی خراپ و مامەڵەیەکی بێکەڵک وەسف کرد، هەر چەندە پێداگرییشیان دەکرد کە پارتی کرێکاران هەمیشە پاڵپشتیی پرەنسیپە گشتییەکانی بازرگانیی ئازاد دەکات و دان بەوەدا دەنێت کە کاری زۆریان کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ چین21. جا لەو کاتەدا ڕەخنەگران هۆشدارییان داوە کە ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی ئەوەی چین باڵادەستیی هەبێت و بازاڕی کار لە ئوسترالیا تێک بدات. لە بەرامبەردا، لۆرێنسۆن (٢٠٢١) هێشتا لە سەرەتای قەیرانەکانەوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرکەوتنی ئابووری لە بازاڕدا لە لایەن بازرگانان و خێزانەکان ەوە دیاری دەکرێت نەک سیاسەتمەداران و هەر هەوڵێکی حکومەت بۆ پچڕانی ئەم پەیوەندییە بە پاساوی سیاسی، پێچەوانەی ئەو یاسا بازرگانییە نێودەوڵەتییانەیە کە ئوسترالیا پشتیان پێ دەبەستێت. دەیتاکانی ساڵی ٢٠٢٥ دەریدەخەن کە پێشبینیی لایەنگران (Proponents)ی ڕێککەوتنەکە ڕاست دەرچووە. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخەکە لە بەرژەوەندیی ئەوانە شکاوەتەوە کە داکۆکییان لە بازرگانی دەکرد، نەک ئەو سیاسییانەی داوای سنووردارکردنیان دەکرد22.
٢.٤.٣.٢: مانەوە لە ڕێگەی سوودی پوخت (Net Benefits)
سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لە نزمترین ئاستدا بوون و چین لە ساڵی (٢٠٢٠)ەوە دەستی کرد بە بەکارهێنانی گوشاری ئابووری، بەڵام ڕێککەوتنە ئابوورییەکان نەوەستان. ڕاپۆرتەکەی ACRI ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە تەنانەت لەو کاتەی سزاکان سەپێنران، بەهای هەناردەی ئوسترالیا بۆ چین لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢١دا بە ڕێژەی ٣٧٪ بەرز بووەتەوە و ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە. هۆکارەکەش ئەوە بوو کە بازرگانە ئوسترالییەکان توانییان میکانیزمی کەمکردنەوەی زیان (Mitigation mechanisms) بەکار بهێنن و بازاڕی جێگرەوە بدۆزنەوە. ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سوودی پوخت ی (Net Benefits) ڕێککەوتنەکە هێندە بەهێز و کاریگەر بووە، کە توانیویەتی پاڵپشتیی بەردەوامی حکومەت و ڕای گشتی مسۆگەر بکات. واتە قازانجە ئابوورییەکە وەک قەڵغانێک کاری کردووە کە ڕێگەی نەداوە گرژییە سیاسییەکان پەیوەندییەکە بە تەواوی بپچڕێنن، ئەمەش وای کردووە تەنانەت لە ژێر فشارەکانیشدا حکومەتی ئوسترالیا نەتوانێت دەستبەرداری ئەو بازاڕە بێت23.
٣.٤.٣.٢: تێڕوانینی جیاوازی چین (The Chinese Perspective)
خاڵێکی دیکەی گرنگ بریتییە لە تێڕوانینی چین. لە کاتێکدا ئوسترالیا بە پێوەرە ئابوورییەکان (وەک قەبارەی هەناردە) سەرکەوتن دەپێوێت، تێڕوانینی چین زیاتر ناڕوونە و پشت بە پێوەری دیکە دەبەستێت. واتە تێڕوانینی ئوسترالیا وەک ژمێریارێک وایە، بەڵام تێڕوانینی چین وەک یاریزانێکی شەتڕەنج وایە. ئوسترالیا وەک وڵاتێکی سەرمایەداری لیبراڵ، سەرکەوتنی پەیوەندییەکان بە ژمارە دەپێوێت. پرسیارە سەرەکییەکان بۆ دەستنیشانکردنی سەرکەوتن یان شکست ئەوەیە: ئایا ئێمە ئەمساڵ کاڵای زیاترمان فرۆشت؟ ئایا داهاتمان زیادی کرد؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، کەواتە پەیوەندییەکە سەرکەوتووە. لە ئوسترالیا، بازرگانەکان (کەرتی تایبەت) بڕیار دەدەن لەگەڵ کێ بازرگانی بکەن، نەک سیاسەتمەدارەکان. بۆیە ئەگەر حکومەت لەگەڵ چین کێشەی سیاسیی هەبێت؛ بازرگانەکە هەر بەردەوام دەبێت، چونکە قازانجی دەوێت24. بەڵام چین بازرگانی تەنها بۆ پارە ناکات، بەڵکوو وەک چەکێکی سیاسی بەکاری دەهێنێت25. چین هەمیشە لە بازارگانی لەگەڵ ئوسترالیادا دوو ئامانجی دژ بە یەکی هەیە: یەکەم: دەیەوێت ئوسترالیا سزا بدات و کاڵاکانی نەکڕێت تا ملکەچی سیاسی بێت. دووەم: زۆر پێویستی بە کاڵای ئوسترالییە (وەک ئاسن) بۆ ئەوەی ئابووریی خۆی نەڕووخێت، بۆیە توێژەران لەم بارەیەوە چەمکی دووفاقی یان ناڕوونی بۆ مامەڵەی چین بەکار دەهێنن.
لۆرێنسۆن لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە چین سەرەڕای سزاکان، کڕینی کاڵا ستراتیژییەکانی وەک کانزای ئاسنی نەوەستاند، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئابووریی خۆیدا بووە و پشتبەستنی چین بە ئوسترالیا لەم کەرتەدا ڕێگر بوو لەوەی بتوانێت گوشاری تەواوەتی دروست بکات26. ئەم جیاوازییە لە تێڕوانیندا هۆکاری ئەوەیە کە بۆچی چین هێشتا بەردەوامە لە بازرگانی نەک تەنها لەبەر قازانج، بەڵکوو وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی درێژخایەن بۆ هێشتنەوەی ئوسترالیا لە بازنەی کاریگەریی ئابووریی خۆیدا، سەرەڕای ناکۆکییە سیاسییەکان.
٣. ئاڵنگاری و بەربەستەکان
لەگەڵ قووڵبوونەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان، سروشتی پەیوەندییەکانی ئوسترالیا و چین لە دۆخێکی تەواوکەری ئابووری یەوە گۆڕا بۆ قۆناغێک کە تێیدا چەمکی جیۆئابووری (Geoeconomics) زاڵ بوو. بە پێی شیکارییەکانی کۆندکۆڤا27، پەیوەندییەکان لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتنە خاڵی وەرچەرخان کاتێک ئوسترالیا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک سزای ئابووری بووەوە کە پاڵنەرەکەیان سیاسی بوو، ئەمەش وای کرد ئابووری و ئاسایشی نەتەوەیی تێکەڵ ببن. هەر بۆیە ئەو بۆچوونە برەوی پەیدا کرد کە دەڵێت: ئەو سەردەمە بەسەر چوو کە تێیدا بەرپرسانی باڵای ئوسترالیا دەیانتوانی بانگەشەی ئەوە بکەن کە کانبێرا دەتوانێت هاوپەیمانییەکی ستراتیژیی نزیک لەگەڵ ئەمەریکا بپارێزێت و لە هەمان کاتیشدا دۆستایەتییەکەی لەگەڵ چین پەرە پێ بدات . ئەم ترازانی هاوسەنگییە بە تایبەت ئەو کاتە دەستی پێ کرد کە ئوسترالیا چووە ناو پەیماننامەی ئەمنیی ئۆکۆس (AUKUS) -(ئوسترالیا، بەریتانیا، ئەمەریکا)- لە ئەیلوولی ٢٠٢١دا، کە دەرئەنجام و دەرکەوتەکانی بریتی بوو لە هاوپەیمانییەک لە سەر بنەمای دژایەتیکردنی چین، لێرەدا بوو ئوسترالیا بە کردەیی دەستبەرداری پاراستنی هاوسەنگیی نێوان هاریکارییەکەی لەگەڵ چین و هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ ئەمەریکا بوو28. کەواتە لە دوای ساڵی (٢٠٢١)ەوە ئوسترالیا کەوتووەتە نێوان هەردوو بەرداشی چین وەک گرنگترین هاوبەشی ئابووری و ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک هاوپەیمانی سەرەکی لە بواری ئاسایشدا.
لێردا دەمەوێت بە کوردتی باسی سەرەتای سەرهەڵدانی کێشە سیاسییەکانی نێوان ئوسترالیا و چین بکەم کە هاوکارمان دەبێت بۆ تێگەشتن لە کۆی باسەکانی دواتر. سەرەتای دروستبوونی درزی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئوسترالیا و چین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٧، کاتێک حکومەتی ئوسترالیا نیگەرانیی جددیی دەربڕی سەبارەت بە دەستێوەردانی دەرەکی لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتەکەدا. بە پێی شیکارییەکانی لۆرێنسۆن (٢٠٢١)، هەر چەندە پەیوەندییە ئابوورییەکان لە لوتکەدا بوون و بەردەم گەشەیان دەکرد، بەڵام پەیوەندییە سیاسییەکان لەو ساڵەوە بە شێوەیەکی خێرا ڕوویان لە خراپبوون کرد، ئەمەش بە ڕوونی کاتێک دەرکەوت کە ئوسترالیا یاساکانی دژەدەستتێوەردانی بیانی (Foreign Interference Laws)ی پەسەند کرد، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئامانجی سنووردارکردنی کاریگەریی سیاسیی چین بوو. دوابەدوای ئەم هەنگاوە، بڕیارێکی مێژوویی دەرچوو کە بریتی بوو لە قەدەغەکردنی کۆمپانیای Huawei چینی لە ساڵی ٢٠١٨دا، بەمەش ئوسترالیا بووە یەکەم وڵات لە ڕێگریکردنی لە بەشداریكردنی ئەو کۆمپانییە لە بنیاتنانی تۆڕی نەوەی پێنجەم (5G) بە پاساوی مەترسیی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەمەش خاڵی وەرچەرخان بوو لە متمانەی سیاسیی نێوان هەردوو وڵات. مێدکاف (٢٠٢٠) شیکاری بۆ ئەم بڕیارە دەکات و دەڵێت: ئەمە تەنها بڕیارێکی تەکنیکی نەبوو، بەڵکوو ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی کە کانبێرا ئاسایشی نەتەوەیی دەخاتە پێش قازانجی ئابووری ، بەمەش ئوسترالیا بوو بە پێشەنگ بۆ وڵاتانی دیکەش (وەک ئەمەریکا و بەریتانیا) هەمان هەنگاو بنێن.
گرژییەکان لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتنە لوتکەی تەقینەوە، کاتێک حکومەتی ئوسترالیا بە سەرۆکایەتیی سکۆت مۆریسۆن داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی کرد سەبارەت بە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-19). ئەم داواکارییە لە لایەن پەکینەوە وەک هێرشێکی سیاسی و لایەنگری بۆ ئەمەریکا لێک درایەوە. وەک لۆرێنسۆن ئاماژەی پێ داوە، تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ چین خۆی بەدوور دەگرت لە بەکارهێنانی فشاری ئابووریی ڕاستەوخۆ، بەڵام ئەم سیاسەتە لە ساڵی ٢٠٢٠دا کۆتایی هات و چین دەستی کرد بە بەکارهێنانی بازرگانی وەک ئامرازێک بۆ سزادانی ئوسترالیا29. ئەم قۆناغە سەرەتای دەرکەوتنی ئەو دیاردەیە بوو کە دواتر بە دیپلۆماسیی بازرگانیی زۆرەملێ ناسێنرا. جا جێفری ویڵسن لە بارەی ئەم ستراتیژییەوە دەڵێت: زۆرەملێی ئابووری (Economic Coercion)، کە شێوە مۆدێرنەکەی لە قۆناغی نێوان دوو جەنگی جیهانیدا گەشەی کردووە، ئامانجێکی ڕوون و ئاشکرای هەیە. ئەم کارە بە زۆری لە لایەن وڵاتە گەورەکانەوە ئەنجام دەدرێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانیان، ئەویش لە ڕێگەی زیانگەیاندن (یان هەڕەشەی زیانگەیاندن) بە بەرژەوەندییەکانی هاوبەشە بازرگانییە بچووکەکانیان. لە ڕوانگەی ئەو هێزەی کە زۆرەملێکە دەسەپێنێت، سەرکەوتن بەندە بەوەی کە هاوبەشە بازرگانییەکە بژاردەی زۆر کەم، یان هیچ بژاردەیەکی نەبێت بۆ فرەچەشنکردنی هەناردەکانی. ئەم نەبوونی بژاردەیەش ڕەنگە بە هۆی ئەوەوە بێت کە ئەو وڵاتە بچووکە زۆر پشت بە بازاڕەکانی هێزە سەپێنەرەکە دەبەستێت، یان لەبەر ئەوەی فرەچەشنکردن تێچووی ئابووریی زۆر دەبێت (بە هۆی تێچووی سەرچاوەکانەوە)، یانیش تێچووی سیاسیی دەبێت بە هۆی بەهێزیی گرووپە بەرژەوەندیخوازە ناوخۆییەکان کە دەیانەوێت دۆخی هەنووکەیی وەک خۆی بمێنێتەوە30.
لە ڕاستیدا ئەم هۆشیارییانە پێشتر درابوو کە چین دەتوانێت بازرگانیی زۆرەملێ بەکار بهێنێت دژی ئوسترالیا. وتە بەناوبانگەکەی هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە خولەکانی پێشوودا سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییە بەرفراوانەکانی ئوسترالیا لەگەڵ چین وتی: هەڵەیە، جا تۆ وڵات بیت یان کۆمپانیا یان تاکەکەس، ئەگەر… هەموو هێلکەکانت بخەیتە یەک سەبەتەوە. ئەمە وات لێ دەکات وابەستە بیت، تا ئەو ڕادەیەی کە دەتوانێت ئازادیی جووڵە و سەروەریی ئابووری و سیاسیت لاواز بکات31.
هەر لە بارەی کەیسی داواکردنی لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ ەوە، باڵیۆزخانەی چین لە کانبێرا بە توندی وەڵامی دایەوە. بە پێی توێژینەوەکەی کۆندکۆڤا (٢٠٢١)، دیپلۆماتکارانی چین دۆسیەیەکیان بڵاو کردەوە کە بە ١٤ خاڵەکە ناسراوە، تێیدا لیستێکی گلەییان خستە ڕوو، لەوانە: ڕەتکردنەوەی وەبەرهێنانی چینی، قەدەغەکردنی Huawei و ڕەخنەگرتن لە دۆخی مافی مرۆڤ لە چین. ئەم دۆسیەیە پەیامێکی ڕوونی تێدا بوو: چین چیتر ئامادە نییە پەیوەندییە بازرگانییەکان لە سیاسەت جیا بکاتەوە و ئەمەش زەمینەی بۆ سەپاندنی سزاکانی دواتر خۆش کرد. لێرەدا بوو چین لە کەناڵە فەرمییەکانیەوە ئوسترالیا تۆمەتبار دەکات بە ژەهراویکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان ، کە ئەمەش مەترسیی زیادکردنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروست دەکات. لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی سیدنی مۆڕنینگ هیراڵ دا هاتووە بەڵگەنامەکەی باڵوێزخانەی چین لە هەموو لێدوانە ئاشکراکانی پێشووی حیزبی شیوعیی چین توندترە. تێیدا حکومەتەکەی مۆریسۆن تۆمەتبار دەکات بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ڕێککەوتنی گرێبەستی پشتێن و ڕێگای ڤیکتۆریا (Victoria s Belt and Road deal)، هەروەها کانبێرا بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی نادۆستانە یان دوژمنکارانە لە سەر چین لە لایەن میدیای سەربەخۆی ئوسترالیاوە32. هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە چین بە ئاشکرا بە دەستەڵاتدارانی کانبێرای ڕایگەیاندووە ئەگەر چین بکەنە دوژمن، ئەوا چین دەبێت بە دوژمن . واتە لەم قۆناغەدا چینییەکان کار لە سەر ئەوە دەکەن پەیوەندیی بازرگانی ببەستنەوە بە پەیوەندییە سیاسییەکانەوە. ئەگەر بێت و ئوسترالیا کێشە بخاتە ناو پەیوەندییە سیاسییەکانەوە، ئەوا پەیوەندی و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیش بەردەوام نابن.
کەواتە دەتوانین ئاماژە بە سێ بەربەستی سەرەکی بکەین کە کێشەی بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکانی چین و ئوسترالیا دروست کردووە: جیۆپۆلەتیک، ئەوەی بە ململانێی ناوچەی خۆڵەمێشی و ستراتیژی هاوپەیمانێتی ناسراوە. ئاڵنگاریی هەرە گەورە بۆ ئوسترالیا بریتییە لە بەڕێوەبردنی ئەو ئالۆزی و گرژییە جیۆپۆلەتیکییەی کە بە هۆی هەڵکشانی دەسەڵاتی چینەوە لە ناوچەکەدا دروست بووە، چین دەتوانێت زیرەکانە سوود لە ستراتیژی دیپلۆماسیی بازرگانیی زۆرەملێ (Coercive Trade Diplomacy) وەربگرێت. دووەم، بەکارهێنانی ئابووری وەک چەک (Weaponization). بە پێی توێژینەوەی ناوەندی Perth USAsia ، ئوسترالیا بووە یەکەم وڵاتی ڕۆژئاوایی کە ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی فراوانی زۆرەملێی ئابووری بووەوە لە لایەن چینەوە. بە جۆرێک چین باجێکی زۆری (تا ئاستی ٨٠٪) خستە سەر جۆ ی ئوسترالی و نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار بازرگانیی خستە مەترسییەوە. ئاسایشی نەتەوەیی و تەکنۆلۆژیا، سێیەم بەربەست پەیوەستە بە تێکەڵبوونی بازرگانی بە ئاسایشی سایبەر و نەتەوەیی. وەک بڕیاری ئوسترالیا بۆ قەدەغەکردنی کۆمپانیای Huawei بە پاساوی مەترسیی سیخوڕی و ئاسایشی سایبەر، هەروەها دەرکردنی یاساکانی دەستتێوەردانی بیانی لە لایەن ئوسترالیاوە.
لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کە ئوسترالیا و چین خاوەنی بەرژەوەندییەکی ئابووریی پێکەوەبەستراون، بە جۆرێک گەشەی ئوسترالیا بەندە بە کارگەکانی چین و چینیش پێویستی بە سەرچاوە هەرزانەکانی ئوسترالیایە. ئەم پەیوەندییە کاتێک دەکەوێتە ژێر کاریگەریی سیاسەتی ئەمەریکا و بەریتانیاوە، تووشی ئاڵنگاریی جددی دەبێتەوە. بۆیە ئەگەر بازرگانەکان ورد نەبن، ململانێ سیاسییەکان مەترسیی تێکدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان لێ دەکەوێتەوە.
٤. ئاڵنگارییەکانی ئوسترالیا و وانەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان
دوای شیکردنەوەی ئەزموونی ئوسترالیا لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ چین، دەکرێت دەرەنجامەکان وەک نەخشەڕێگایەک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە کار بهێنرێن. عێراق، هاوشێوەی ئوسترالیا، خاوەنی دوو تایبەتمەندیی ستراتیژیی دژ بە یەکە: یەکەم، خاوەنی سەرچاوەیەکی وزەی گەورەیە (نەوت) کە چین بۆ بەردەوامیی گەشەی ئابوورییەکەی پێویستیەتی (وەک چۆن پێویستی بە کانزای ئاسنی ئوسترالیا بوو). دووەم، عێراق و هەرێم لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە بە بەشێک لە بازنەی کاریگەریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دادەنرێن. بۆ ئەوەی عێراق و هەرێم تووشی هەمان سیناریۆی سزای ئابووری و دوفاقی سیاسی نەبن، پێویستە ئەم وانانە ڕەچاو بکەن:
٥.١: ستراتیژیی هاوسەنگیی زیرەک: نەوت وەک قەڵغان
یەکێک لە وانە گرنگەکان لە ئەزموونی ئوسترالیا بە پێی ئەوە بوو کە چین نەیتوانی سزای کەرتی کانزای ئاسن بدات، چونکە بۆ بەردەوامیی پیشەسازییەکانی خۆی پێویستیی زۆری پێی هەبوو. ئەم هاوکێشەیە ڕێک ئەو خاڵە بەهێزەیە کە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بەکاری بهێنن، چونکە پێگەی چین لە عێراقدا گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە.
بە پێی توێژینەوەی سەعید و عەزیز33، هاتنی چین بۆ ناو کەرتی وزەی عێراق پڕۆسەیەکی خێرا و بەرچاو بووە. چین لە ڕۆڵێکی لاوازی تازەهاتوو لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، توانیویەتی خۆی بگۆڕێت بۆ یاریزانێکی باڵادەست (Dominant Player). ستراتیژی چین لە سەر بنەمای پراگماتیزمی ئابووری داڕێژراوە و ئامانجی یەکەمی دابینکردنی ئاسایشی وزە یە بۆ وڵاتەکەی. چین توانیویەتی ئەو بۆشاییە بە هۆی کشانەوەی هەندێک لە کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکانی وەک ExxonMobil و Shell پڕ بکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمپانیا حکومییە گەورەکانی چین وەك: SOEs و CNPC و CNOOC ، توانیویانە لە ڕێگەی گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکی (TSC) لە کێڵگە ستراتیژییە زەبەلاحەکانی وەک (ڕمێلە، حەلفایە، ئەحدەب و کێڵگەی پارێزگای میسان) جێپێی خۆیان قایم بکەن، ئەمەش وای کردووە چین ببێتە داینەمۆی سەرەکیی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق.
لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی چین بەرامبەر عێراق، هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی جیۆئابووریی جیاوازە کە تێیدا سەقامگیریی ئەمنی و سامانی وزە یەک دەگرنەوە. بە پێی توێژینەوەی (سەعید و سابیر، ٢٠٢٣)، چین لە ڕوانگەی دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگا (Belt And Road Initiative) – (BRI*) سەیری هەرێمی کوردستان دەکات، وەک دەروازەیەکی گرنگ و پردێک بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی دیکەی عێراق، ئەمەش بە هۆی دۆخی سەقامگیری ئەمنی و یاسای وەبەرهێنانی کراوەی هەرێمەوەیە. ئەم تێڕوانینە ستراتیژییە بە فەرمی لە ساڵی ٢٠١٤دا دەرکەوت کاتێک چین کونسوڵخانەی گشتیی خۆی لە هەولێر کردەوە، کە ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ دانپێدانانی پەکین بە گرنگیی سیاسی و ئابووریی هەرێم. لە ڕووی وزەوە هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگێکی گەورەی نەوتە (کە بە ٤٥ ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت) و چین لە ڕێگەی کڕینی کۆمپانیای Addax Petroleum لە لایەن کۆمپانیای Sinopec ەوە بە بڕی ٧.٢ ملیار دۆلار، گەورەترین گرێبەستی وەبەرهێنانی دەرەکیی خۆی لە هەرێم ئەنجام داوە، ئەمەش هەرێمی کردە بەشێک لە ئاسایشی وزەی چین. جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، وەبەرهێنانی چین لە کوردستانی باشوور تەنها لە وزەدا قەتیس نەماوە، بەڵکوو بە پێی دەیتاكان، کۆمپانیا چینییەکان وەک PowerChina ، ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە پەرەپێدانی ژێرخانی پیشەسازی و بیناسازی (چیمەنتۆ و یەکەی نیشتەجێبوون)34، ئەم فرەچەشنکردنە وا دەکات پەیوەندییەکە لە کڕین و فرۆشتنی نەوت ەوە بەرەو هاوبەشیی ئابووریی درێژخایەن هەنگاو بنێت.
لە سەر ئەم بنەمایە، کەواتە حکومەتی عێراق و هەرێم دەبێت تێبگەن نەوت و پێگەی جوگرافی تەنها کاڵا نین، بەڵکوو کارتێکی فشارن. تا ئەو کاتەی چین بۆ بەردەوامیی پڕۆژەی BRI و دابینکردنی وزەی کارگەکانی پێویستی بە عێراق و هەرێم بێت، ناتوانێت پەیوەندییەکان بە ئاسانی بپچڕێنێت. عێراق دەبێت ئەم پێگەیە بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی چین ناچار بکات پابەند بێت بە مەرجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام نەک تەنها قازانجی تاکلایەنە. هەروەها، وەک چۆن ئوسترالیا ڕێگەی نەدا چین دەست بەسەر بڕیاری سیاسیدا بگرێت، دەبێت هەرێمی کوردستان ڕێگە نەدات پڕۆژەکانی ژێرخان ببنە هۆی کەڵەکەبوونی قەرزی سیاسی، بەڵکوو دەبێت چین وەک هاوبەشی بازرگانی بمێنێتەوە نەک خاوەن بڕیار.
٥.٢. خۆپاراستن لە داوی قەرز و مۆدێلی نەوت بەرامبەر ئاوەدانکردنەوە
جیاوازییەکی دیکەی جەوهەری لە نێوان سروشتی پەیوەندییەکانی ئوسترالیا و عێراق لەگەڵ چین هەیە. وەک باسمان کرد، پەیوەندیی ئوسترالیا لە سەر بنەمای بازرگانیی تەقلیدی بوو، واتە کاڵا بەرامبەر پارە، بەڵام لە عێراق پەیوەندییەکە ئاڵۆزترە و دەچێتە خانەی ئاڵوگۆڕی ستراتیژییەوە.
بە پێی توێژینەوەی یەریڤان و ئاراس35، عێراق لە ساڵی ٢٠١٩دا ڕێککەوتنی چوارچێوەی عێراق-چین ی واژۆ کرد، کە تێیدا عێراق ڕۆژانە ١٠٠,٠٠٠ (سەد هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەی چین دەکات و داهاتەکەی دەچێتە سندووقێکی تایبەتەوە (SINOSURE) بۆ ئەوەی کۆمپانیا چینییەکان پڕۆژەی ژێرخانی پێ جێبەجێ بکەن، جا حکومەتی عێراقی دەتوانن لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی تایبەتەوە لەو سندووقە قەرزیش بکەن. ئەم مۆدێلەش جیاوازە لە ئوسترالیا، لە ئوسترالیا ترسەکە سیخوڕی و تەکنەلۆژیا بوو، بەڵام لە عێراق مەترسییەکە بریتییە لە کەڵەکەبوونی قەرز و وابەستەیی دارایی. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن پڕۆژەکانی چین لە عێراق (وەک قوتابخانە و وێستگەی وزە) ڕەنگە عێراق بخەنە ژێر بارێکی قورسی دارایی ئەگەر نرخی نەوت داببەزێت، چونکە چین هەموو پڕۆژەکانی بە دڵنیایی دەوڵەتی (Sovereign Guarantee) ئەنجام دەدات.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، مەترسییەکە لەوەدایە پڕۆژەکانی ژێرخان تەنها لە لایەن یەک وڵاتەوە کۆنترۆڵ بکرێن. وەک لە ڕاگەیەنراوە فەرمییەکاندا هاتووە، کۆمپانیا چینییەکان وەک PowerChina ، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان (Dabin Group) دەستیان بەسەر جومگە سەرەکییەکانی بیناسازی و پیشەسازیی چیمەنتۆدا گرتووە36.
کەواتە عێراق و هەرێم دەبێت خۆیان لە پشتبەستنی تەواوەتی بە کۆمپانیا چینییەکان بۆ ژێرخان بەدوور بگرن، وەک چۆن ئوسترالیا بازاڕەکانی هەمەچەشن کرد، بۆ ئەوەی بە تەواوەتی نەکەوێتە ژێر هەیمەنەی چینەوە، دەبێت عێراقیش پڕۆژەکانی ژێرخان دابەش بکات بەسەر کۆمپانیا ئەورووپی، ئەمەریکی و چینییەکاندا، ئەم فرەچەشنکردنە ڕێگری دەکات لەوەی چین ژێرخانی وڵات وەک چەکی سیاسی دژی عێراق بەکار بهێنێت.
٥.٣. مامەڵەکردن لەگەڵ هێڵی سوور ی ئەمەریکا: پاراستنی هاوسەنگی
هەروەک چۆن پەیماننامەی ئۆکۆس (AUKUS) کۆتایی بە سیاسەتی بێلایەنیی ئوسترالیا هێنا و کردی بە بەشێک لە بەرەی ئەمەریکا، عێراقیش لە دۆخێکی هەستیاری هاوشێوەدایە و دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هێڵە سوورەکانی واشنتن بکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەک دابینکەری سەرەکیی ئاسایش لە عێراق دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا چین ڕۆڵی هاوبەشی ئابووری دەبینێت بە بێ ئەوەی ئەرکی ئەمنی لەئەستۆ بگرێت. لەم کاتەدا مامەڵەی بازرگانیی عێراق لەگەڵ چین مامەڵەیەکی مەرجدارە و لە لایەن ئەمەریکاوە دانراوە37، بۆ ئەوەی پەیوەندیی چین-عێراق/کوردستان نەچێتە بواری هەماهەنگیی سەربازی یان تەکنۆلۆژیای هەستیار ەوە. هەر نزیکبوونەوەیەکی عێراق لە چین هەڕەشە بێت بۆ سەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا، ڕەنگە عێراق ڕووبەڕووی سزای دارایی یان بڕینی پاراستنی ئەمنی بکاتەوە. هەروەک چۆن لە ئوسترالیا تێکەڵکردنی بواری ئابووری و ئاسایش تێچووی زۆر بوو. عێراق دەبێت پەیوەندییەکان لەگەڵ چین تەنها لە چوارچێوەی بازرگانیی پەتی و وزەدا بهێڵێتەوە. کڕینی چەکی ستراتیژی یان ڕێگەدان بە چین بۆ کۆنترۆڵکردنی دەیتای ئەمنی، عێراق دەخاتە ناو چەقی ململانێی زلهێزەکان و هاوشێوەی ئوسترالیا تووشی گوشاری توندی ئەمەریکا دەبێتەوە.
٥.٤. بەهێزکردنی دامەزراوە ناوخۆییەکان و کەرتی تایبەت
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وای کرد ئوسترالیا بتوانێت بەرگەی سزاکانی چین بگرێت، بوونی بازاڕ و کەرتی تایبەت ی بەهێز و سەربەخۆ بوو، کە توانای دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوەیان هەبوو. بەڵام دۆخی عێراق زۆر جیاوازە.
ئابووریی عێراق لەو جۆرەیە تەنها پشت بە یەک سەرچاوە دەبەستێت بۆ دەستخستنی داهات. لە عێراق جگە لەوەی حکومەت خۆی بازرگان و دابینکەری مووچەیە، لە هەمان کاتدا ٩٠٪ی داهات پشت بە نەوت دەبەستێت. ئەمەش خاڵی لاوازی عێراقە، چونکە ئەگەر چین بایکۆتی کڕینی نەوت بکات، حکومەت ڕاستەوخۆ تووشی مایەپووچی دەبێت و توانای دانی مووچەی نامێنێت، بە پێچەوانەی ئوسترالیا زیانەکە تەنها بەر چەند کەرتێکی تایبەت دەکەوت. هەروەها هەرێمی کوردستان دەبێت کار لە سەر بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و فرەچەشنکردنی ئابووری بکات. پێویستە هەرێم وەک دەروازەیەکی بازرگانی (Gateway) کار بکات بۆ بەستنەوەی چین بە بازاڕەکانی دیکەی عێراقەوە، نەک تەنها فرۆشتنی نەوت. هەروەها دۆزینەوەی کڕیاری جێگرەوە بۆ وزە (وەک هەناردەکردنی گاز بۆ ئەورووپا یان تورکیا) گرەنتییەكە بۆ ئەوەی ئابووریی وڵات لە ئەگەری هەر فشارێکی چین یان دابەزینی داواکاریی ئەو وڵاتە، تووشی داڕمان نەبێت.
ئەنجامگیری
لە کۆتاییدا ئەم توێژینەوەیە دەمانگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی کە هاوکێشەی پەیوەندی لەگەڵ چین لە سەر بنەمای دوو لایەنە؛ پێویستیی ئابووری و مەترسیی ستراتیژی وەستاوە، ئەزموونی ئوسترالیا سەلماندی هەر چەندە هێزی بازاڕ و کاڵا ستراتیژییەکان (وەک کانزای ئاسن) دەتوانن وەک قەڵغانێک بەرامبەر سزاکانی پەکین کار بکەن، بەڵام پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان هاوپەیمانیی ئەمنی لەگەڵ ڕۆژئاوا و هاوبەشیی بازرگانی لەگەڵ چین ئەستەمە و تێچووی سیاسیی هەیە. بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە خاوەنی هەمان کارتی فشارن (نەوت)، بەڵام لە ژینگەیەکی دامەزراوەیی لاوازتردان. کەواتە دەبێت پەیوەندییەکان لەگەڵ چین لە چوارچێوەی بازرگانی و وەبەرهێنان دا قەتیس بکرێن و ڕێگە نەدرێت مۆدێلی نەوت بەرامبەر ژێرخان ببێتە هۆی کەڵەکەبوونی قەرز یان تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکانی ئەمەریکا، چونکە باشترین گرەنتی بۆ مانەوە بریتییە لە فرەچەشنکردنی هاوبەشەکان و بەکارهێنانی وزە وەک ئامرازێک بۆ گەشەپێدان، نەک وەک هۆکارێک بۆ وابەستەیی سیاسی.
سەرچاوە و پەراوێزەکان
* دەستپێشخەریی کەمەرێن و ڕێگا ی چینی (Belt And Road Initiative) – (BRI): بریتییە لە زیندووکردنەوەی بیرۆکەی ڕێگای ئاوریشمی دێرین، کە مێژووەکەی بۆ سەدەی دووەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەم ڕێگایە بریتی بوو لە تۆڕێکی ڕێگاوبان کە کاروانەکان بۆ گواستنەوەی کاڵای بازرگانی لە نێوان چین، ئاسیای ناوەڕاست، فارس، وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپا بەکاریان دەهێنا و ئاوریشم یەکێک بوو لە گرنگترین ئەو کاڵایانەی کە چین هەناردەی دەکرد. چین بڕوای وایە کە ئەم ڕێگایە خزمەت بە زۆربەی مرۆڤایەتی دەکات و لە سەر بنەمای گەشەپێدانی ژمارەیەکی زۆر لە ناوچەکان دامەزراوە. پڕۆژەکە تەنها لەو ٦٨ وڵاتەدا سنووردار نابێت کە ڕێگا وشکانی و هێڵە دەریاییەکان پیایاندا تێدەپەڕن، بەڵکوو دەبێتە هۆی بووژانەوەی بازرگانیی جیهانی و بەرزکردنەوەی ڕێژەی گەشەسەندن.
Mukhlif, M. K., & Dawood, I. M. R. (2023). The Belt-Road Initiative and prospects: Iraq as a model. (74), 399–420.
1 DFAT. (2023). Trade and Investment at a Glance. Australian Department of Foreign Affairs and Trade. Retrieved from [DFAT Website].
2 Australia. Department of Foreign Affairs and Trade. (n.d.). Background Paper: The Australia–China Trade and Investment Relationship. https://www.dfat.gov.au/trade/agreements/in-force/chafta/negotiations/background-paper-the-australia-china-trade-and-investment-relationship
3 Laurenceson, J., & Pantle, M. (2020). Australia’s export exposure to China: Assessing the risks. Australia-China Relations Institute. https://www.australiachinarelations.org/content/australias-export-exposure-china-assessing-risks
4 Farrell, H., & Newman, A. L. (2019). Weaponized Interdependence: How Global Economic Networks Shape State Coercion. International Security, 44(1), 42–79.
Global Cement. (2023, November 8). Update on Iraq. Global Cement.
5 APH. (2005). Chapter 3: Trading links between Australia and China. In Opportunities and challenges: Australia’s relationship with China (Report 01). https://www.aph.gov.au/Parliamentary_Business/Committees/Senate/Foreign_Affairs_Defence_and_Trade/Completed_inquiries/2004-07/china/report01/c03
6 Zhou, W. (2017). China-Australia Free Trade Agreement: Implications for Australia’s agricultural exports. University of New South Wales Law Journal.
7 Drysdale, P. (2020). The Economic Impact of the Australia-China Relationship. East Asia Forum. Australian National University.
8 Parliamentary Library. (2020). Trade and investment with China. Parliament of Australia. https://www.aph.gov.au/About_Parliament/Parliamentary_Departments/Parliamentary_Library/pubs/rp/rp1920/TradeInvestChina
9 APH. (2005). Chapter 3: Trading links between Australia and China. In Opportunities and challenges: Australia’s relationship with China (Report 01).
10 Zhou, W. (2017). China-Australia Free Trade Agreement: Implications for Australia’s agricultural exports. University of New South Wales Law Journal.
11 Department of Foreign Affairs and Trade. (n.d.). ChAFTA news. DFAT. https://www.dfat.gov.au/trade/agreements/in-force/chafta/chafta-news
12 Laurenceson, J., & Chen, X. (2025). The China‐Australia Free Trade Agreement (ChAFTA): Assessing outcomes a decade on. Asia & the Pacific Policy Studies, Advance online publication. https://doi.org/10.1002/app5.70047
13 Department of Foreign Affairs and Trade. (n.d.). China country brief: Bilateral relations. Australian Government. https://www.dfat.gov.au/geo/china/china-country-brief
14 Gyngell, A. (2021, September 17). The AUKUS deal is a massive bet on the US. Australian Financial Review. https://www.afr.com/policy/foreign-affairs/the-aukus-deal-is-a-massive-bet-on-the-us-20210916-p58s4h
15 Keating, P. (2021, September 16). Statement by the Hon Paul Keating PJ on the AUKUS decision. Pearl and Irritations. https://johnmenadue.com/statement-by-the-hon-paul-keating-pj-on-the-aukus-decision/
16 Keating, P. (2025, July 15). America saves us from ourselves. Pearls and Irritations. https://johnmenadue.com/america-saves-us-from-ourselves
17 Panchamukhi, D. V. R. (2004). Complementarity and Economic Cooperation: A Methodological Discussion: A Methodological Discussion. Foreign Trade Review, 39(1), 5-18. https://doi.org/10.1177/0015732515040101 (Original work published 2004)
18 Aydıntaşbaş, A., Barnes-Dacey, J., Dennison, S., Dumoulin, M., Grare, F., Leonard, M., Murphy, T., & Torreblanca, J. I. (2023, October). Strategic interdependence: Europe’s new approach in a world of middle powers (Policy Brief No. 513). European Council on Foreign Relations. https://ecfr.eu/publication/strategic-interdependence-europes-new-approach-in-a-world-of-middle-powers/
19 Department of Foreign Affairs and Trade. (2020). Composition of trade Australia 2019–20 [Data report]. Australian Government. https://www.dfat.gov.au/sites/default/files/composition-of-trade-australia-2019-20.pdf
20 Parliamentary Library. (2020). Trade and investment with China. Parliament of Australia. https://www.aph.gov.au/About_Parliament/Parliamentary_Departments/Parliamentary_Library/pubs/rp/rp1920/TradeInvestChina
21 Laurenceson, J., & Chen, X. (2025). The China‐Australia Free Trade Agreement (ChAFTA): Assessing outcomes a decade on. Asia & the Pacific Policy Studies, Advance online publication. https://doi.org/10.1002/app5.70047
22 Laurenceson, J., & Chen, X. (2025). The China‐Australia Free Trade Agreement (ChAFTA): Assessing outcomes a decade on. Asia & the Pacific Policy Studies, Advance online publication. https://doi.org/10.1002/app5.70047
23 Laurenceson, J., & Chen, X. (2025). The China‐Australia Free Trade Agreement (ChAFTA): Assessing outcomes a decade on. Asia & the Pacific Policy Studies, Advance online publication. https://doi.org/10.1002/app5.70047
24 Laurenceson, J. (2021). Risk Assessment of Australian Economic Exposure to China. Australia-China Relations Institute (ACRI), University of Technology Sydney.P.4.
25 Laurenceson, J. (2021). Risk Assessment of Australian Economic Exposure to China. Australia-China Relations Institute (ACRI), University of Technology Sydney.P.5.
26 Laurenceson, J. (2021). Risk Assessment of Australian Economic Exposure to China. Australia-China Relations Institute (ACRI), University of Technology Sydney.
27 Kondkova, B.S. (2021). Australia faces geoeconomics. Periscope: Conrad Adenauer Foundation (KAS) Australia.
28 Korolev, A., & Wu, F. (2024, April 22). Australia’s Critical Minerals Strategy amid US–China Geopolitical Rivalry. RUSI Commentary. https://www.rusi.org/explore-our-research/publications/commentary/australias-critical-minerals-strategy-amid-us-china-geopolitical-rivalry.
29 Laurenceson, J. (2021). Risk Assessment of Australian Economic Exposure to China. Australia-China Relations Institute (ACRI), University of Technology Sydney.
30 Wilson, J. D. (2021, November). Australia’s response to Chinese coercion: A model for other countries? [Policy Brief]. Perth USAsia Centre.
31 Laurenceson, J. (2021). Risk Assessment of Australian Economic Exposure to China. Australia-China Relations Institute (ACRI), University of Technology Sydney. P.4.
32 Kearsley, J., Bagshaw, E., & Galloway, A. (2020, November 18). ‘If you make China the enemy, China will be the enemy’: Beijing’s fresh threat to Australia. The Sydney Morning Herald. https://www.smh.com.au/world/asia/if-you-make-china-the-enemy-china-will-be-the-enemy-beijing-s-fresh-threat-to-australia-20201118-p56fqs.html
33 Saeed, Y., & Aziz, S. (2022). China s rise in Iraq s energy sector: From newcomer to dominant player. Middle East Research Institute.
34 PowerChina. (2023, June 27). New project breaks ground in Iraq. PowerChina Official Website. https://en.powerchina.cn
35 Saeed, Y., & Aziz, S. (2022). China s rise in Iraq s energy sector: From newcomer to dominant player. Middle East Research Institute.
36 PowerChina. (2023, June 27). New project breaks ground in Iraq. PowerChina Official Website. https://en.powerchina.cn
37 Saeed, Y., & Aziz, S. (2022). China s rise in Iraq s energy sector: From newcomer to dominant player. Middle East Research Institute.
كوردی

