سانسۆرکردنی ڕۆژنامەی مەشروتیەتو بڵاوکراوەکانی شەریف پاشای خەندان (تشرینی یەکەم ١٩٠٩-١٩١٤) لە بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا
د. سامان مستەفا ڕەشید ئینجاغا
بەشی سێیەم
لەم بەشەی توێژینەوەکەدا هەوڵدراوە لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکانی ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانیدا، تیشکبخرێتەسەر هەوڵو چالاکییە ڕۆژنامەوانیو چاپەمەنییەکانی شەریف پاشا لە پاریسو هەنگاوەکانی سانسۆرکردنی ڕۆژنامەی مەشروتیەتو بەرهەمەکانی شەریف پاشای خەندان، کە لە ماوەی ناوبراودا بە پێی یاساو ڕێسا کارپێکراوەکانی ئەو ماوە مێژووییەی دەوڵەتی عوسمانی سانسۆرکراونو ڕێگری لە بڵاوکردنەوەو دابەشکردنیان لە ناو چوارچێوەی خاکی دەوڵەتی عوسمانیدا کراوە.
شەریف پاشای خەندانو هەوڵەکانی لە بواری ڕۆژنامەوانیدا
شەریف پاشای خەندان (١٨٦٥-١٩٥١) ناوی تەواوی محەمەد شەریف پاشایە، کوڕەگەورەی سەعید پاشای خەندانە، بە ڕەچەڵەک کوڕی بنەماڵەیەکی ناسراوی کوردی خەڵکی سلێمانییە. شەریف پاشا لە ناوچەی ئوسکوداری بەشی ئاسیایی شاری ئەستەنبوڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی لەدایکبووە، هەر لەوێیش قۆناغی خوێندنی ئامادەیی لە قوتابخانەی گاڵاتەسەرای بە سەرکەوتوویی تەواوکردووە، دواتر بۆ خوێندن چووەتە پاریس، لە ساڵی (١٨٩٩)دا پلەی جەنەڕاڵی پێدراوە(٢).
شەریف پاشا کەسایەتییەکی گرنگو سەرنجڕاکێشە، لەو ڕووەوەی کە ئەگەرچی خوێندنی سەربازیی تەواوکردووەو گەیشتووەتە پلەی جەنەڕاڵ، بەڵام بە هۆی شارەزاییو بەباشیزانینی زمانی فەڕەنسییەوە ئەسپی خۆی لە کایەی دیبلۆماسیدا تاوداوە، توانیویەتی چەندین ئەرکو کاری دیبلۆماسی گرنگ بکات. هەروەها لە بواری ڕۆژنامەوانییشدا ڕۆڵو کاری گرنگو گەورەی ئەنجامداوە(٣). لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا لە دوا سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا کەسایەتییەکی چالاکی بواری سیاسەتیش بووە، ئێمە لەم بەشەی توێژینەوەکەماندا هەوڵدەدەین لا بە لای ئەم بوارەدا بکەینەوەو تەوەری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە بێت.
شەریف پاشا ڕۆڵیکی گرنگی بینیوە لە دەرچواندنی ڕۆژنامەی سەربەستی لەلایەن مەولانزادە ڕەفعەتەوە. مەولانزادە ڕەفعەت یەکێک بووە لە نەیارە سیاسییە دیارەکانی دەسەڵاتی ئەو ڕۆژگارەی دەوڵەتی عوسمانی، دوای هەڵهاتنی لە ئەستەنبوڵەوە بۆ میسرو لەوێیشەوە بۆ پاریس، شەریف پاشا بڕیاردەدات خەرجیی دارایی دەرکردنی ڕۆژنامەکەی مەولانزادە ڕەفعەت بگرێتەئەستۆ، ڕێکدەکەون لە سەر دەرکردنی ڕۆژنامەی سەربەستی لە پاریس. دوای سەرهەڵدانی ناکۆکیی دارایی لە نێوان شەریف پاشای خەندانو مەولانزادە ڕەفعەت، شەریف پاشا واز لە سپۆنسەرکردنی ڕۆژنامەی سەربەستی دەهێنێت(٤).
شەریف پاشاو دەرکردنی ڕۆژنامەی مەشروتیەت
سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم کە دەزانێت شەریف پاشا خاوەن بیرێکی ئازادیخوازانەیە، بە ئامانجی دوورخستنەوەی لە ئەستەنبوڵ، دەیکات بە باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانی لە ستۆکهۆڵم، بەڵام شەریف پاشا لەو کاتەدا کە لە پایەی باڵیۆزیدا بووە لە ستۆکهۆڵم، پەیوەندی لەگەڵ تورکە لاوەکان (Jon Türk)دا دەگرێتو دەچێتەناو کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقییەوە. لەو چوارچێوەیەیشدا بەشداریی ئەو چالاکییانەی کردووە، کە دژ بە ئیدارەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدەکران(٥).
شەریف پاشا وردە وردە هێڵی سیاسیی خۆی لە کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقیی تورک جیاکردووەتەوە، بە جۆرێک لە (١٩)ی ئەیلوولی (١٩٠٩)دا لە ناو دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی تەعاونو تەرەقیی کورد لە ئەستەنبوڵدا پێگەی هەبووەو بەشداربووە لە دامەزراندنی ئەو کۆمەڵەیەدا(٦). دواتر بە هۆی چەند ڕوداوێکی دیکەو تۆمەتبارکردنی شەریف پاشا لەلایەن کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقییەوە، ئیدی درزی پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ کۆمەڵەکەدا گەورە دەبێت، هەتا لە ئەنجامدا لە ساڵی (١٩٠٩) شەریف پاشا، کە سەرۆکی لقی پانگاڵتی (pangaltı şubesi) بووە، لەو ئەرکەی دەستلەکاردەکێشێتەوەو هەڵدێت بۆ فەڕەنسا. کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی ناوبراو بەوە ڕووندەکاتەوە، کە شەریف پاشا داوای پۆستی بەرزو زیاتری کردووەو پێینەدراوە، بە نموونە داوای ئەوەی کردووە بکرێتە باڵیۆزی لەندەنی دەوڵەتی عوسمانی، لەبەرئەوەی ئەو پۆستەی پێنەدراوە، دەستیلەکارکێشاوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە شەریف پاشا هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی خۆی بە تێکەڵکردنی سوپا بە پرسە سیاسییەکانەوە لەقەڵەمداوە. پێیوابووە لەبریی ئەوەی سوپا پارێزەرو چاودێری ئیدارەی مەشروتیەت بێت، تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان کراوە، ئەوەیش گەورەترین زیان بە یەکپارچەییو یەکگرتوویی سوپا دەگەیەنێت(٧).
شەریف پاشا هەر بە وازهێنان لە کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقییەوە ناوەستێت، بەڵکو دوای دەستلەکارکێشانەوەو چوونی بۆ فەڕەنسا، لەوێ دەبێتە نەیارو ڕەخنەگرێکی گەورە لە کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقیو ئیدارەکەی، لەوەیش زیاتر لە پاریس هەموو نەیارانی ئیتیحادو تەرەقی لە خۆی کۆدەکاتەوە، بە هۆی دەوڵەمەندیو پارەزۆرییەوە بڕە پارەیەکی مانگانە بۆ ژمارەیەک نەیاری ئیتیحادو تەرەقی دەبڕێتەوە. بەم جۆرە شەریف پاشا سەری قاسەکەی بۆ نەیارانی کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقی دەکاتەوە، سڵ لە بەکارهێنانی هەموو شێوازەکانی نەیاریکردنی کۆمەڵەی ناوبراو ناکاتەوەو بە توندی دەکەوێتە دژایەتیکردنیان. شەریف پاشا دەکەوێتە هەوڵی ئەوەی نەیاریکردنو دژایەتیی کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقی بخاتە فۆڕمێکی سیستەماتیزەکراوەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە پاریس کۆمەڵەی چاکسازیی بنەڕەتیی عوسمانی (Islahat I Esasiyei Osmaniye) لە نەیارانی کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقیی تورکی دادەمەزرێنێت، لە ناو دیارترین ئەندامەکانیدا دەکرێت ئاماژە بۆ هەریەکە لە د. نیهاد ڕەشاد، د. ڕەفیق نەوزاد، پەرتەو تۆفیق، عەونی کەمال، مەولانزادە ڕەفعەت، ئەلبێرت فواو کەمال عەونی بکەین(٨).
شەریف پاشا لە بواری ڕۆژنامەگەرییشدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، لە چوارچێوەی دژایەتیکردنی کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقیو سیاسەتەکانیان، جیا لەوەی دەستدەکات بە سپۆنسەرکردنی ڕۆژنامەکانی “سەربەستیو یەنی یۆڵ”و نوسینی وتار لە ڕۆژنامەکان بە زمانی فەڕەنسیو عوسمانی، ڕۆژنامەیەکی تایبەت بە ناوی “مەشروتیەت” دەردەکاتو دەیکات بە ئۆرگانی کۆمەڵەی (Islahat I Esasiyei Osmaniye). شەریف پاشا بە هۆی ئەوەی خاوەن سامانو داراییەکی گەورە بووە، ڕۆژنامەی مەشروتیەت بە خۆڕایی بە سەر خەڵکدا دابەشدەکات(٩).
سەبارەت بە گۆڤار (مجموعە)ی مەشروتیەت، ئەم گۆڤارە شەریف پاشا لە تشرینی یەکەمی (١٩٠٩) لە فەڕەنسا بە زمانی فەڕەنسی بڵاویکردووەتەوە، هەتا نیسانی (١٩١٤) لە بڵاوکردنەوەی بەردەوامبوو. لەم ماوەیەدا پەنجاوپێنج ژمارەی بە فەڕەنسی، سیوشەش ژمارەی بە تورکیو چەند ژمارەیەکیشی بە زمانی ئینگلیزی دەرکردووە(١٠). ئەمە لە کاتێکدایە، کە د. تەنەر ئەسڵان؛ مامۆستا لە بەشی مێژووی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی ئاکسەراییو شارەزا لە ژیانو بەرهەمەکانی شەریف پاشا، پێیوایە بە کۆیگشتی، مەشروتیەت (٥٤) ژمارەی لێبڵاوکراوەتەوەو زۆربەی هەرەزۆری بە زمانی فەڕەنسی بووە(١١).
ئەم بڵاوکراوە ناوەکەی بە زمانی فەڕەنسی بەم شێوەیە بووە:(Mèchroutiette: The Ottoman Constitution)، گۆڤارێکی مانگانەیە بۆ بەرگریکردن لە بەرەوپێشچوونی سیاسیو ئابووریو مافی یەکسان بۆ هەموو ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی عوسمانی، بەبێ جیاکاریی نەتەوەو ئایین دەردەکرێت، هەروەها ئەم گۆڤارە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی سیاسیی ئەو کاتەی دەوڵەتی عوسمانی(١٢).
بەڵگەی (١): وێنەی ڕۆژنامەی مەشروتیەت، کە بە زمانی فەڕەنسی لەلایەن شەریف پاشاوە دەرکراوە.
لەبەرئەوەی بڵاوکراوەی مەشروتیەتی شەریف پاشا، ڕووی ڕەخنەکانی لە سیاسەتی ئیتیحادو تەرەقی بووە، بە توندی ڕەخنەیگرتووە، چونکە کۆمەڵەی ناوبراو کەوتوونەتە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕێگریکردن لە هاتنەناوەوەی ڕۆژنامەکە بۆ ناو مەملەکەتی عوسمانی. ئەمەیش شەریف پاشای ناچارکردووە بە شێوەی شاراوەو نهێنی هەوڵی بردنەناوەوەی ڕۆژنامەکە بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی بدات(١٣). لێرە بە دواوە هەوڵدەدەرێت هەوڵی بردنەناوەوەو دابەشکردنی ڕۆژنامەکە لە ناو سنووری دەوڵەتی عوسمانیو ڕێگریو سانسۆرکردنی بڵاوکراوەکە لەلایەن دەسەڵاتەوە، بە پێی بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی عوسمانی بخرێتەڕوو.
بە پێی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکانی ئەرشیفی عوسمانی، هێشتا ساڵێک بە سەر دەرچوونی ڕۆژنامەی مەشروتیەتدا تێپەڕنەبووە، وتارو ڕەخنەکانی ناو لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکە حکومەتی ئیتیحادو تەرەقی بە تەواوی بێزاردەکات، بە جۆرێک ئەو نوسراوو کۆپییانەی ڕۆژنامەکەی شەریف پاشا، کە هاتوونەتەناو مەملەکەتی عوسمانییەوەو دەست دامودەزگاکانی حکومەت کەوتوون، دوای پشکنینو لێوردبوونەوەیان دەنگی ناڕەزایەتی لە دژی پەیامەکانی ڕۆژنامەکە لە ویلایەتەکانەوە بە نوسراوی فەڕمی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنیەتو وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی عوسمانی بەرزکراوەتەوە.
لە نوسراوێکی فەڕمیی ویلایەتی ئەستەنبوڵدا، کە بە ژمارە (٢٢٦) لە ڕێکەوتی (٣)ی تشرینی دووەمی (١٩٠٩) زایینیو بە واژۆی والیی ئەستەنبوڵ بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە، تێیدا هاتووە: کۆپییەکی ڕۆژنامەی مەشروتیەتتان بۆ دەنێرین، کە لەلایەن شەریف پاشاوە لە پاریس بڵاودەکرێتەوە، هەندێک نوسینو وتاری دژ بە ئیدارەی مەشروتیەتی (مەبەست حکومەتی ئەوکاتی عوسمانییە)و ڕێساو ڕێوشوێنە کارپێکراوەکانی ئێستای لەخۆگرتووە، لە پۆلیسی ئەستەنبوڵەوە، دەرکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هێنانەناوەوەی ئەو ڕۆژنامە بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی بەپێویستزانراوە، دواجار بڕیار لە لای ئێوەیە(١٤). لە وەڵامی ئەو نوسراوەی ویلایەتی ئەستەنبوڵدا، وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێکەوتی (٦)ی تشرینی دووەمی (١٩٠٩)دا نوسراوێکی بۆ ویلایەتی ئەستەنبوڵ کردووەو تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە سەبارەت بە دواکارییەکەیان لەمەڕ قەدەغەکردنی هێنانەناوەوەی ڕۆژنامەی مەشروتیەت بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی، نوسراویان بۆ سەدارەت (سەرۆکایەتیی حکومەت) کردووە، کە ڕێگە بە قەدەغەکردنی ڕۆژنامەی ناوبراو بدات(١٥).
بە گوێرەی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەکان، بە بڕیاری (٣٩٢)ی ئەنجومەنی وەزیرانەوە (مجلس وکلاء)، بە گوێرەی ماددەی (٣٥)ی یاسای چاپەمەنییەکان، بڕیاری قەدەغەکردنو سانسۆرکردنی ڕۆژنامەی مەشروتیەت، کە بە زمانی فەڕەنسی لە پاریس دەرچووە، دراوە(١٦).
بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکان پێماندەڵێن، کە دوای یاساغکردنی ڕۆژنامەی مەشروتیەتی شەریف پاشا، کە بە زمانی فەڕەنسی دەریکردووە، ناوبراو بڕیاریداوە ڕۆژنامەکەی بە زمانی تورکی دەربکات. ئەم هەوڵە نوێیەی شەریف پاشا دیسانەوە دەبێتە هۆی بێزارکردنی وەزارەتی ناوخۆی عوسمانی، بەو هۆیەوە وەزارەتەکەنوسراوێکی بە ژمارە (٤٠٢٩)ی ئیدارەی چاپەمەنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، لە ڕێکەوتی (٢٧)ی شوباتی (١٩١٠)ی زایینی، بە ناوی وەزیری ناوخۆوە دەرکردووە. لە نوسراوەکەدا هاتووە، ئەو ڕۆژنامەی مەشروتیەتەی کە شەریف پاشا لە پاریس بە زمانی فەڕەنسی دەریدەکردو لە سەر ئەو بنەمایەی کە نوسینی زیانبەخشو ڕقاویی تێدا بوو لە دژی حکومەت، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هێنانەناوەوەی ڕۆژنامەکە بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی قەدەغەکراوە، ئەم جارە ڕۆژنامەکە بە زمانی تورکی بڵاوکراوەتەوەو لەو کۆپییەی کە بۆ ئەستەنبوڵ نێردراوە، دەرکەوتووە، کە بەر حوکمی یاسای ژماە (٣٥)ی چاپەمەنییەکان دەکەوێت، داواکارین بڕیارێک لەبارەی قەدەغەکردنی ئەم ڕۆژنامەی مەشروتیەتەی کە بە زمانی تورکی دەرچووە، بدرێت(١٧).لە سەر بنەمای ئەو داواکارییەی وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتی عوسمانیدا، لە سەر ئەو بنەمایەی کە ڕۆژنامەی ناوبراو ناوەڕۆکی زیانبەخشی لەخۆگرتووەو بە گوێرەی ماددەی (٣٥)ی چاپەمەنییەکان بڕیاری یاساغکردنی ڕۆژنامەی مەشروتیەت لە ناو قەڵەمڕەوی عوسمانیدا دراوە. لە کۆتایی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا، واژووی وەزیرەکان هاتووە(١٨). واتە بە هەمان پاساوی پێشوو، بە حوکمی یاسای ژمارە (٣٥) بڕیاردراوە، کە نەهێڵرێت ڕۆژنامەی ناوبراو بهێنرێتەناو سنووری دەوڵەتی عوسمانییەوە.
بەڵگەی (٢): دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران لە بارەی قەدەغەکردنی ڕۆژنامەی مەشروتیەتی تورکی، کە شەریف پاشا لە پاریس دەریکردووە.
وەک لە زانیاریی ناو بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا دەردەکەوێت، سەرەڕای دەرچوونی بڕیاری سانسۆرکردنی ڕۆژنامەی مەشروتیەت، شەریف پاشا هەوڵیداوە بە نهێنی ڕۆژنامەکە بگەیەنێتە خوێنەرانی لە ناو سنووری دەوڵەتی عوسمانیدا، لە نوسراوێكی فەڕمیدا کە بە ژمارە (٦١٧) لە ڕێکەوتی (٢)ی ئاداری (١٩١٠)ی زایینی، بە واژووی قائیمقامی قەزای “قەرەمورسل” بۆ موتەسەڕیفیەتی سەنجەقی ئیزمیت نێردراوە، تێیدا هاتووە کە دوو کۆپیی ڕۆژنامەی مەشروتیەت، کە لەلایەن شەریف پاشاوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووەتە قەزاکەوە، لەبەرئەوەی دوو کۆپیی ڕۆژنامەکە “هەزەیاننامە” (قسەی پوچو بێبنەما)ی لەخۆگرتووە، وەک خۆی بۆتان ڕەوانەدەکەین(١٩).
هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئیزمیت لە نوسراوێکی نهێنیدا کە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنیەتی ناردووە، لە سەری نوسراوە (زۆر نهێنی). لە نوسراوەکەدا هاتووە: ئەو ڕۆژنامەی مەشروتیەتەی کە لەلایەن شەریف پاشاوە لە پاریس دەرکراوە، لە ڕێگەی پۆستەوە گەیشتووەتە ئیزمیتو دەوروبەری، پڕە لە هەزەیاننامە، بە مەبەستی لەناوبردنی، بە هاوپێچ بۆتان دەنێرین. لە نوسراوەکەدا شەریف پاشای وەک ناپاک، دووڕوو و دژەئەخلاق لەقەڵەمداوە(٢٠).
لە نوسراوێکی ویلایەتی کۆسۆڤۆ، کە بە ژمارە (١٥٠٢)ی گشتی/ (١٤١)ی تایبەت، لە ڕێکەوتی (١٩)ی نیسانی (١٩١٠)ی زایینیدا بە واژووی والی کۆسۆڤۆ بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە، تێیدا هاتووە: بۆ لەناوبردنی نوسراوی زیانبەخشی شەریف پاشای باڵیۆزی پێشووی ستۆکهۆڵم کە لە ڕێگەی پۆستەوە بۆ پزیشکێک بە ناوی مستەفا ئەفەندی نێردراوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیەتەوە دەستیبەسەرداگیراوە. ئەم جۆرە نوسراوە یاساغانە، بەردەوام لێرەو لەوێ دەردەکەون، بۆئەوەی مۆڵەتی لەناوبردنی ئەو نوسراوانە وەربگیرێت، نوسراو لە قەزاوە بۆ سەنجەقو لەوێوە بۆ ویلایەت دەکرێت، ئەمەیش ماندووبوونو کاتێکی زۆری دەوێت، بۆیە داواکارە مۆڵەتبدرێت، ئیدی ئەو پەڕاوانە لە هەر جێگەیەک دەرکەوتن بە بەرچاوی فەرمانبەرانی مەدەنی (بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی سەرووتر) لەو جێگەیە بسوتێنرێتو لەناوببرێت(٢١).هەر لە چوارچێوەی ئەو نوسراوە فەڕمییانەی لە ویلایەتەکانەوە لەمەڕ نوسراوو دانراوەکانی شەریف پاشای خەندانەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردراون، تێیاندا داوای پێدانی مۆڵەتی قەدەغەکردنیان بۆ ئەو نوسراوانە کردووە. ئەم جارەیان نوسراوێکی فەرمی بە واژووی والیی ویلایەتی خوداوەندگار (بورسە)، بە شێوەی شیفرە لە ڕێکەوتی (٢٤)ی نیسانی (١٩١٠)ی زایینیدا بۆ بەشی شیفرەی وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە، تێیدا هاتووە: بۆمان دەرکەوتووە ژمارەیەک نامیلکە بە ناونیشانی (فهرستو شورای امت)، کە لەلایەن شەریف پاشاوە لە پاریس چاپکراوە، گەیشتووەتە فەرمانگەی پۆستە، لەبەرئەوەی لە بارەی ڕێگریکردنو بڵاوبوونەوەیانەوە بڕیارێکیان لە بەردەستدا نەبووە، پۆستەخانە بە دڕدۆنگییەوە ڕایانگرتوون، لەبەرئەوەی وەها دەرکەوتووە، کە بڵاوبوونەوەو خوێندنەوەیان باش نەبێت، بۆیە بڕیارمانداوە هەتا هاتنی بڕیارو ڕێنمایی لەلایەن وەزارەتەوە ڕێبگیرێت لە دابەشکردنیان. لە نوسراوەکەدا ئەمەش هاتووە: پێویستە بڕیاری خێرا لە بارەی ڕێگریکردن لە داغڵبوونیان یان بڵاوکردنەوەیان بدرێت(٢٢).
وەک لەم بەڵگەنامە مێژووییە گرنگەدا دەردەکەوێت، شەریف پاشا جیا لە ڕۆژنامەی مەشروتیەت، هەوڵیداوە نوسراوو نامیلکەکانیشی کە لە پاریس نوسیونی لە ڕێگەی پۆستەوە بگەیەنێتە دەستی خوێنەواران لە ویلایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی. ئەم نوسراوەی ویلایەتی خوداوەندگار لە هەمان ڕۆژدا بە نوسراوێکی فەرمانگەی هەواڵگری گشتیی وەزارەتی ناوخۆ بە ژمارە (١٣٤) لە ڕێکەوتی (١١)ی نیسانی (١٣٢٦)ی ڕۆمی/ (٢٤)ی نیسانی (١٩١٠)ی زایینی بە شێوەی شیفرە، وەکو وەڵام بۆ نوسراوەکەی ویلایەتی ناوبراو نێردراوەتەوەو تێیدا هاتووە: لە بارەی ڕێگریکردن لە هاتنەناوەوەی ئەو ئەوراقە زیانبەخشانەی لە نوسراوەکەتاندا باستانکردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا (مجلس مخصوص وکلاء) بەم جۆرە بڕیاری لە سەر دراوە: لەگەڵ ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەو دابەشکردنی ئەو نوسراوانە، ئەو کۆپییانەی کە هەن، لەناوببرێن(٢٣).
دیارە شەریف پاشا زۆر چالاکانە کەوتووەتە هەوڵی گەیاندنی بڵاوکراوەکانی لە پاریسەوە بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی. ئەو هەوڵانەی شەریف پاشا بووەتە هۆی دروستکردنی دەردیسەریو ئاریشە بۆ دامودەزگاکانی حکومەت لە ویلایەتە جیاوازەکانو هەراسانیکردوون، ئەوەیش لە نوسراوێکی شیفرەییدا، کە لە ڕێکەوتی (٧)ی مایسی (١٩١٠)دا بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە، بە ڕوونی دەردەکەوێت. لە نوسراوەکەدا هاتووە: لە هەموو لایەکەوە هەواڵمانپێدەگات، کە شەریف پاشا بڵاوکراوەکانی لە پاریسەوە لە ناو نوسراوو ئەوراقەکاندا دەنێرێتەوە. پێتانڕادەگەیەنم، کە پێویستە بیر لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم دۆخە بکرێتەوە. لە نوسراوەکەدا هاتووە: ئەگەرچی داوای کردنەوەی نوسراوە تایبەتییەکان ناکات، بەڵام ئەو نوسراوانەی لە پاریسەوە دێن، زیانبەخشییان ئاشکرایە، پێویستە ڕێگری لە دابەشکردنیان بکرێت(٢٤).
داواکاریی شەریف پاشا بۆ لابردنی قەدەغەی سەر ڕۆژنامەی مەشروتیەتو نوسراوەکانی
لە بەڵگەنامەیەکی گرنگی بڵاونەکراوەی ئەرشیفی عوسمانیدا، کە وێنەکەی لە خوارەوە دانراوە، بریتییە لە نامەیەکی دەستنووسی شەریف پاشا، کە لە ڕێکەوتی (٤)ی کانوونی دووەمی (١٣٢٨)ی ڕۆمی/ (١٧)ی کانوونی دووەمی (١٩١٣)ی زایینیدا بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی عوسمانی (سەدارەت)ی ناردووە، لە بەشی خوارەوەی نامەکەدا ناونیشانی خۆی بەم شێوە نوسیوە: “بەڕێوەبەری سیاسیی ڕۆژنامەی مەشروتیەت، کە لە پاریس بڵاودەبێتەوە، لە فەریقی یەکەمدا دەستلەکارکێشاوە، شەریف”. لە داواکارییەکەی شەریف پاشادا هاتووە، کە ڕۆژنامەی مەشروتیەت بە فەڕەنسیو تورکی لە سەردەمی حکومەتی ئیتیحادییەکاندا لە بەرمەبنای هەندێک بیروبۆچوونو مەیلی سیاسییەوە سانسۆرو یاساغکراوە، ئیدی هیچ هۆکارێک بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکە نەماوە، بە تایبەت کە هەتا ئەمڕۆ ڕۆژنامەی مەشروتیەت جگە لە ئاواتو هیوای دڵسۆزانە بۆ ئازادبوونی نیشتیمانە ئازیزە مەغدورەکەمان شتێکی دیکەی نەکردووە. هەروەها داوایکردووە، ئەو یاساغو سانسۆرەی لە سەر ڕۆژنامەکە هەیە، هەڵبگیرێت، چاوپۆشیبکرێت لەو کۆتوبەندانەی کە پێشتر لە سەر پۆستەی بیانیو عوسمانییەکان دانراوە، لەبارەی هێنانەناوەوەی ڕۆژنامەکە بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی. لە کۆتایی نوسراوەکەیدا داوایکردووە ئەو کۆتوبەندانە لە سەر هێنانەناوەوەی ڕۆژنامەکە هەڵبگیرێنو لەو بارەیەوە بە فەرمی فەرمانگە حکومییەکانو باڵیۆزخانەکان ئاگاداربکرێنەوە(٢٥).
بەڵگەی (٣): داواکاریو عەرزوحاڵی شەریف پاشا لە سەرۆکایەتیی حکومەت بۆ هەڵگرتنی سانسۆری سەر ڕۆژنامەی مەشروتیەت
بە پێی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەیەکی دیکەی بڵاونەکراوەی ئەرشیفی عوسمانی، تێیدا هاتووە، کە شەریف پاشا داوایکردووە سانسۆری سەر ئەو نامیلکەیەی کە لە ژێر ناوی تێکۆشانی نیشتیمانی (مجاهدەی وطنیە)دا نوسیویەتیو چاپیکردووە، هەڵبگیرێت. هەر لەو بەڵگەنامەیەیشدا بۆمان ڕووندەبێتەوە، کە داواکارییەکەی شەریف پاشا بۆ هەڵگرتنی سانسۆر لە سەر ڕۆژنامەکەی (ڕۆژنامەی مەشروتیەت)و نامیلکەکەی، ئەو داواکارییەی ناوبراو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بە جددی وەرگیراوەو بە نوسراوی ژمارە (١٨٨٢) لە ڕێگەی ئیدارەی چاپەمەنییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بە نوسراوی فەڕمی لە ڕێکەوتی (٦)ی تشرینی یەکەمی (١٩١٢) بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت نێردراوە، تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بەرمەبنای ئەوەی ئێستا ئیدی ڕۆژنامەو نامیلکەکەی شەریف پاشا وەکو نوسراوو بڵاوکراوەی زیانبەخش نابینرێت، داوایکردووە بڕیارێک لە بارەی ڕێگەدان بە هێنانەناوەوەی بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی بدرێت(٢٦).
دیسانەوە لە نوسراوێکی فەرمیدا، کە بە واژووی وەزیری ناوخۆ، لە ڕێکەوتی (١٩)ی کانوونی یەکەمی (١٩١٢)دا بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە شەریف پاشا داواکاریی پێشکەشکردووە بۆ هەڵگرتنی سانسۆری سەر ڕۆژنامەی مەشروتیەت، کە لە پاریس بە فەڕەنسیو تورکی چاپو بڵاوکراوەتەوەو دوای لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکە بۆیان دەرکەوتووە، کە بڕیاری سانسۆرکردنەکەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دراوە، هەڵگرتنی ئەو بڕیاری سانسۆرکردنە لە چوارچێوەی دەسەڵاتو کاری ئەواندایە(٢٧).وا دیارە دوای گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتو هاتنەکایەی دۆخێکی سیاسیو ئیداریی جیاواز، شەریف پاشا هەوڵیداوە ئەو کۆتوبەندانەی لە سەر بڵاوکردنەوەو دابەشکردنی ڕۆژنامەکەی لەلایەن دەسەڵاتی حکومەتی ئەو کاتەی عوسمانییەوە سەپێنراوە، لابداتو بە ئاشکراوو ئازادانە ڕۆژنامەو چاپکراوەکانی بنێرێتەوە بۆ ئەستەنبوڵو ناو قەڵەمڕەوی عوسمانی. ئەگەرچی دوای گەڕانێکی زۆر بە ناو بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی عوسمانیدا وەڵامی یەکلاکەرەوەو بڕیاری هەڵگرتنی سانسۆری سەر ڕۆژنامەو بڵاوکراوەکانی شەریف پاشامان چنگنەکەوت، بەڵام وادەردەکەوێت کە شەریف پاشا وێڕای کۆتوبەندەکانو ئاستەنگەکانی بەردەم کاری چاپو بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەو بەرهەمەکانی، بەردەوامبووە، چونکە بەپێی نوسراوێکی شیفرەیی کە لە (١٤)ی نیسانی (١٩١٤) لە باڵیۆزخانەی عوسمانی لە فەڕەنساوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی عوسمانی نێردراوە، تێیدا هاتووە، زانیارییان پێگەیشتووە، کە شەریف پاشا ئەو شتانەی لە پاریس چاپو بڵاویاندەکاتەوە، لە ڕێگەی کەسێکی ئەرمەنی بە ناوی ترسایان (Tersayan)ەوە، کە فەرمانبەرە لە (اورپان اکسپرس)، بۆ ئەستەنبوڵی دەنێرێتەوە(٢٨). دیسانەوە لە نامەیەکی دیکەی شیفرەیی کە لە ڕێکەوتی (٢٣)ی مایسی (١٩١٤)دا لەلایەن ویلایەتی سیواسەوە بە واژووی والی سیواس بە ژمارەی (١١١٢٥) بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردراوە، تێیدا هاتووە: شەریف پاشا وتارێکی خۆی بە ناوی بێدارکردنەوەی میللەتی عوسمانی (ایقاظ ملت عثمانیە)وە لە ڕێگەی پۆستەوە ناردووەتەوە بۆ ناو قەڵەمڕەویی دەوڵەتی عوسمانی، والیی سیواس وتارەکەی بە هەزیاننامە لەقەڵەمداوەو داوایکردووە ڕێگری لە دابەشكردنو بڵاوکردنەوەی بکرێت(٢٩).
زانیارییەکانی ناو ئەو نوسراوانە پێماندەڵێن، کە سەرەڕای هەوڵە یەکلەدوایەکەکانی سانسۆرکردنی بەرهەمەکانی، شەریف پاشا شێلگیر بووە لە هەوڵدانی بۆ گەیاندنی پەیامەکانی لە پاریسەوە بۆ بە خوێنەرەکانی لە ناو دڵی دەوڵەتی عوسمانیدا، سەختیو توندوتۆڵیی کۆتوبەندەکانی دەوڵەت لە سەر بەرهەمەکانی، شەریف پاشایان ساردنەکردووەتەوە لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەی تازە بۆ گەیاندنی ڕۆژنامەو نامیلکەو وتارەکانی بە خوێنەرەکانی لە قەڵەمڕەوی عوسمانیدا.دواتر کە دەسەڵاتی تورکە لاوەکان (JÖN TÜRK) تێدەگەن لەوەی کۆتوبەندو سانسۆرکردن ناتوانێت ڕەخنەکانی شەریف پاشا لە ئاست چەوتییەکانیاندا بێدەنگبکات، پەنادەبەنەبەر هەوڵی تیرۆرکردنی ناوبراو.
لە نوسراوێکی فەرمانگەی شیفرەی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی عوسمانیدا، کە ژمارە (١٠١)ی ڕێکەوتی (٢٠)ی کانوونی دووەمی (١٩١٤) لە سەرە، هاتووە: لە شیتەڵکردنی تەلەگرافی شیفرەی باڵیۆزخانەی دەوڵەتی عوسمانی لە پاریسەوە، کە لە ڕێکەوتی (١٤)ی کانوونی یەکەمی (١٩١٤)ی زایینی بۆیان نێردراوە، ئەم بەیانییە (واتە سپێدەی ڕۆژی (١٤)ی کانوونی دووەمی (١٩١٤)) کەسێکی ناو نەزانراو، چووەتە ماڵی شەریف پاشاو دوو خزمەتکار “کوڕ”ی ناو ماڵەکەی شەریف پاشای بریندارکردووە، کەسەکەیش خۆی لە بەرگریو پێکداداندا کوژراوە(٣٠). دیارە هەوڵەکە بۆ تیرۆرکردنی شەریف پاشا بووە، دواتر ئەمە دەبێتە کەیسێکو حکومەتی فەڕەنسی داوای ڕوونکردنەوەو زانیاری لە باڵیۆزی عوسمانی لە پاریس دەکاتو دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە دەکرێتەوە. دەکرێت لە بابەتێکی دیکەدا بە وردی باس لەم دۆسیەیە بکەم. شەریف پاشا خۆی ئەم ڕوداوە بە پیلانی تورکە لاوەکان لێکدەداتەوەو دوای ئەوەی تێدەگات هەڕەشەکانی سەر ژیانی جددیین، دەست لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی مەشروتیەت هەڵدەگرێت، بەڵام دەستبەرداری چالاکیی سیاسیو ڕۆشنبیریو دیبلۆماسی نابێت.
بەڵگەی (٤): بەرگی یەکێک لەو نامیلکانەی شەریف پاشا کە سانسۆرکراوە
شەریف پاشا بە پلەی جەنەڕاڵ پەیوەندی بە هێزی سەربازیی فەڕەنساوە دەکات
کۆتوبەندە بەردەوامەکانی سەر بەرهەمو بڵاوکراوەکانو هەوڵی تیرۆرکردنی، وایان لە شەریف پاشا کردووە، هێڵی سیاسیی خۆی بە تەواوی لە دەسەڵاتی ئەوکاتی دەوڵەتی عوسمانیو ئیدارەی ئیتیحادو تەرەقی جیابکاتەوە. لە سەروبەندی هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانی، لە کاتێکدا دەوڵەتی عوسمانی لە دۆخی ئامادەکاریدا بووە، بۆئەوەی لەو جەنگە گەورەدا بچێتەپاڵ ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانی، شەریف پاشا لە پاریسو بە پلەی جەنەڕاڵ پەیوەندیی بە سوپای فەڕەنساوە کردووە.
لە بەڵگەنامەیەکی بڵاونەکراوەی بەڕێوەبەرایەتیی (استطلاعات)ی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عوسمانی بە ناوی “شەریف پاشا لە سوپای فەڕەنسادا”دا هاتووە: “بە پێی ئەو زانیارییانەی لە پاریسەوە پێمانگەیشتووە، شەریف پاشا؛ باڵیۆزی پێشوو لە ستۆکهۆڵم، وەک جەنەڕاڵ چووەتەناو سوپای فەڕەنساوە. ناوبراو ئێستا لە بۆردۆیە. شەریف پاشا ئێستا دیسانەوە دەیەوێت خۆی بخاتەوەبەر باس. شەریف پاشا ئەو کاتەی لە ستۆکهۆڵم دەمایەوە، وەک کەسێکی مۆڵەتپێدراوی پایتەخت… ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان لە سەر ڕێبازی سیاسیی شەریف پاشا هەبێت، ناوبراو ماوەیەکی زۆرە لە دەرەوەی وڵات دەژی، ئەوەندە نەیاری تەرزی ئیدارەدانی تورکە لاوەکان (JÖN TÜRK) بووەو هەتا لەلایەن ئەو ئیدارەیەوە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە، تورکە لاوەکان بە هۆی جموجوڵو چالاکییەکانیەوە شەریف پاشایان بە میراتگری فیکری سوڵتان عەبدولحەمید لەقەڵيمداوە. لە کاتێکدا نیشتیمان (مەبەست لێی دەوڵەتی عوسمانییە) لەم جەنگە مەزنەدا خەریکی ئامادەکارییە، کە بە هاوپەیمانیەتیی ئەڵمانیا بەشداریبکات، شەریف پاشا بە سیفەتی جەنەڕاڵ چووەتەناو سوپای فەڕەنساوە، ئەمەیش نابێت ببێتە مایەی سەرسوڕمان، چونکە خۆی وەک دوورخراوەیەک لە پاریس دەژی، لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکی گەرموگوڕی لەگەڵ خەڵکی فەڕەنسادا دروستکردووە(٣١)”.
ئەم چوونەناوەوەی شەریف پاشا وەکو جەنەڕاڵ بۆ ناو سوپای فەڕەنسا بووەتە جێگەی بایەخی ڕۆژنامەکان، ڕۆژنامەی داگێن (Dagen gazetesi) لە ڕێکەوتی (١٤)ی ئەیلوولی (١٩١٤)دا بابەتێکی لە ژێر ناوی شەریف پاشا لە سوپای فەڕەنسادا (Cherif Pascha I Franska armen) لەگەڵ وێنەیەکی شەریف پاشادا بڵاوکردووەتەوە(٣٢).
بەڵگەی (٥): داواکارییەکی دائیرەی چاپەمەنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت، بۆ دەرکردنی بڕیارێک لە بارەی قەدەغەکردنی هێنانەناوەوەی ڕۆژنامەی مەشروتیەت بۆ ناو خاکی عوسمانی
پەراوێزو سەرچاوەکان
لەگەڵ ئەوەی ناوی ئەم ڕۆژنامەیەی شەریف پاشا لە هەندێک سەرچاوەی عوسمانیدا بە (مجموعە) هاتووە، واتا بە گۆڤار هاتووەو بڵاوکراوەیەکی مانگانەیش بووە، بەڵام لەبەرئەوەی لە زۆربەی بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکانی ئەرشیفی عوسمانی، کە ئێمە بۆ نوسینی ئەم توێژینەوە پشتمانپێبەستووە، بە (غزتە) واتا ڕۆژنامە هاتووە، ئێمەیش پەیڕەوی ئەو ناوەمان کردووەو بە ڕۆژنامە ناومانهێناوە.
نەجاتی عەبدوڵڵا، نامە دیبئەلۆماتییەکانی جەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان (١٩١٨-١٩٢٤) لە ئەرشیفخانەکانی فەڕەنساو بەریتانیادا، لە فەڕەنسییەوە: نەجاتی عەبدوڵڵا، چاپی دووەم، وەشانخانەی ٤٩ کتێب، سوید، ٢٠٢٤، لل٢٣-٢٤.
بۆ زانیاری لە سەر کارو چالاکییە دیبلۆماتییەکانی شەریف پاشا، بڕوانە: نەجاتی عەبدوڵڵا، سەرچاوەی پێشوو.
لە بەشی دووەمی ئەم زنجیرە لێکۆڵینەوەیەدا کە لە ژمارە (٧)ی وەرزنامەی تورکیاناسی لە ئاداری (٢٠٢٥)دا بڵاوکراوەتەوە، بە درێژی لە بارەی ڕۆژنامەی سەربەستیو سانسۆرکردنیەوە وەستاوین.
Taner ASLAN, Saidpasazade Mehmet Serif Pasa muhalefeti ve İkinci Mesrutiyet Döneminde yasaklanan bir risalesi, Tarih Araştırmaları Dergisi, 2011-Cilt: 30 – Sayı: 50 s. 6.
Abdullah Keskin ve Malmisanij, Kürt Terakki ve Teavün Cemiyet ve Gazetesi, Avesta Yay, Istanbul 1999, s.22-30.
Taner ASLAN, a. G. M. S. 8.
- M, s. 10-11
Taner ASLAN, a. G. M, s. 10-11
Ali Birinci, ŞERİF PAŞA, Mehmed(1865-1951)Türk Siyaset Adamı, https://islamansiklopedisi.org.tr/serif-pasa-mehmed .
Taner ASLAN, a. g. M, s. 11.
Rohat Alakom, Şerif Paşa – Bir Kürt Diplomatının Fırtınalı Yılları (1865-1951), Avesta Yayınları, 3.baskı. 2016, İstanbyl, 57.
BOA, DH. MUI., 113/66; BOA, DH.EUM.THR., 91/74; BOA, MV., 133/79.
BOA. DH. MUI. 31-1. 16. 2.
BOA. DH. MUI. 31-1. 16. 3.
BOA. DH. MUI. THR. 92. 46.01.
BOA. BEO. 3710. 278208. 04.
BOA. MV. 137. 55.
BOA. DH. EUM. 2. 23. 2.
BOA. DH.EUM.VRK.2. 23. 01.
BOA. DH.MUI. 88.35. 4.
BOA. DH. MUI. 88. 35. 2.
BOA. DH. MUI. 88. 35. 1.
BOA. DH. ŞFR. 662. 141. 1.
BOA. BEO. 3710. 278208. 05.
BOA. BEO. 3710. 278208. 03.
BOA. BEO. 3710. 278208. 02.
BOA. HR.ŞFR.4. 873.95.01.
BOA.DH. ŞFR. 427.69. 01.
BOA. HR.SYS.1825. 41.02.
BOA. DH. EUM. 1.Şb. 14. 3. 2.
HR.SYS. 2266. 7. 2.