لە نێوان دیموکراسیو پاوانخوازیدا، تورکیاى سەردەمى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکی
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستویەکەمدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەک یەکێک لە سەرکردە کاریگەرەکانی تورکیاو ناوچەکە دەرکەوت. ئەردۆغان لە ساڵی (٢٠٠٣)وە وەک سەرۆکی حکومەتو دواتر وەک سەرۆککۆمار؛ حوکمڕانى تورکیا بووەو سەرکردایەتیی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سەرانسەری هەموو بوارەکانی دەوڵەتدا کردووە، لە ئابوورییەوە بۆ سیاسەت، لە کۆمەڵگەوە بۆ سوپا، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ خودی شوناسی نەتەوەیی. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا گواستنەوەیەک نەبووە لە نێوان حکومەتەکاندا، بەڵکو بە بڕوای زۆرێک لە چاودێران، سەردەمێکی نوێی لە مێژووی کۆماری تورکیای مۆدێرن نەخشاند، کە نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دامەزرێنرا.
ئەردۆغان خاوەنی کاریزمایەکی سیاسیی ناوازەیە، کە وایکردووە زیاتر لە دوو دەیە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوەو بنکەیەکی جەماوەریی بەرفراوان دابمەزرێنێت، بە تایبەتی لە ناو ڕەوتی پارێزگاراندا، هەروەها سەرکەوتوو بووە لە بەکارهێنانی ئامڕازەکانی دەوڵەتی قووڵ بە قازانجی خۆیو تێپەڕاندنی قەیرانە گەورەکانی وەک هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)، بەڵام ئەم بەردەوامییە لە دەسەڵاتدا هەمیشە هاوواتای سەقامگیری یان سەرکەوتن نەبووە.
دەسەڵاتی ئەردۆغان بە تایبەتی لە دەیەی یەکەمی فەرمانڕەواییدا، دەستکەوتی ئابووریی بەرچاوی تێدابووە بۆ تورکیا، کە لەو کاتەدا وەک مۆدێلێکى حوکمڕانیی نوێ سەیردەکراو تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا وەک تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووی دیموکراسیی ئیسلامی لە ناوچەیەکی پشێودا بەرەوپێشدەچوو، بەڵام ئەم مۆدێلە بە خێرایی ڕووى لە داکشان کرد، بە تایبەتی لە دوای ساڵی (٢٠١٣)و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان، سنووردارکردنی ئازادییەکانو سەرهەڵدانی قەیرانە ئابوورییەکانەوە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە وا گریمانەدەکات، کە ئەزموونی ئەردۆغان بە دوو قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، قۆناغی سەرهەڵدانو بەرەوپێشچوون (٢٠٠٣-٢٠١٣)، کە بە سەقامگیری، گەشەکردنو کراوەیی سیاسی تایبەتمەندە، دواتر قۆناغی داکشان (٢٠١٣-٢٠٢٥)، کە بە سەرکوتی سیاسی، قەیرانى ئابووریو گرژیی لە پەیوەندییە ناوچەییەکان تایبەتمەند بووە. بۆ هەڵسەنگاندنى ئەم دوو قۆناغە، توێژینەوەکە ڕێبازێکی شیکاریی مێژوویی دەگرێتەبەر، پێشهاتە ناوخۆییەکانی تورکیاو گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوە بە یەکەوە دەبەستێتەوە.
بەشی یەکەم: دەرکەوتنى سیاسیی ئەردۆغانو گۆڕانکارییەکانی دەیەی یەکەم (٢٠٠٣-٢٠١٣)
لە پەراوێزەوە بۆ دەسەڵات؛ دەرکەوتنى پارتی دادو گەشەپێدان
دەسەڵاتگرتنەدەستى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە دیمەنی سیاسیی تورکیا لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەمدا، پەیوەست بوو بە گۆڕانکارییە قووڵەکانی کۆمەڵگەی تورکیاو داڕمانی دەستەبژێرە سیاسییە تەقلیدییەکانو سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی ئیسلامیی سیاسیی میانڕەو کە سەرکەوتوانە وەبەرهێنانى لە بێهیوایی جەماوەری؛ بەرانبەر بە عەلمانییەکان کرد. پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) (AKP) لە ساڵی (٢٠٠١) لەلایەن کۆمەڵێک سیاسەتمەدارەوە دامەزرا، کە لە بزوتنەوە ئیسلامییە کلاسیکییەکان جیابووبوونەوە. پارتەکە بە گوتاری پراگماتیکو مەیلی ناوەندگەرایی، سەرکەوتوو بوو لە دڵنیاکردنەوەی بەشە بەرفراوانەکانی دەنگدەران، لەوانە پارێزکارەکان، عەلمانییە میانڕەوەکانو کەرتى سەرمایەدارە تازە دروستبووەکان لە ناوەڕاستو خۆرئاوای وڵاتدا(١).
لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠٠٢)ی پەرلەمانی تورکیادا پارتی دادو گەشەپێدان (٣٤٪)ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام بە هۆی پارچەپارچەبوونی پارتەکانی دیکەو تێنەپەڕاندنی بەربەستی (١٠٪) دەنگەکان، زۆرینەی ڕەهای لە پەرلەمان بەدەستهێنا. بەم شێوەیە سەردەمێکی نوێ لە تورکیا دەستیپێکرد، عەبدوڵڵا گول وەک سەرۆکوەزیرانی کاتی دەستنیشانکرا، دواتر ئەردۆغان ئەو پۆستەی وەرگرت، دوای ئەوەی بڕیارێکی دادگا کە بە هۆی ڕابردووی سیاسیی ئاینییەوە ڕێگریی لە کاندیدکردنی کردبوو، هەڵوەشایەوە (سەرکەوتنى ئەردۆغان بۆ دەسەڵات تەنها گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا نەبوو، بەڵکو سەرەتای گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی قووڵ بوو لە ناسنامەی دەوڵەتی تورکیای مۆدێرندا)(٢).
دەیەی زێڕین؛ گۆڕانکارییەکانی تورکیا (٢٠٠٣-٢٠١٣)
ئابووریی تورکیا لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بوژانەوەیەکی بەرچاوی بەدەستهێنا. بەرهەمی ناوخۆیی لە نزیکەی (٢٣٠) ملیار دۆلارەوە لە ساڵی (٢٠٠٢) بۆ زیاتر لە (٩٥٠) ملیار دۆلار لە ساڵی (٢٠١٣) بەرزبووەوە(٣)، ڕێژەی هەژاری کەمیکرد، داهاتی سەرتاسەری باشتر بوو، وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی زیادیکرد. چاودێران هۆکاری ئەم گەشەکردنە دەگەڕێننەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە: چاکسازیی ڕیشەیی دارایی بە هاوکاریی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، داڕشتنەوەی سیستەمی بانکی لە دوای قەیرانی دارایی لە ساڵی (٢٠٠١)، سیاسەتی هاندانی وەبەرهێنانو بە تایبەتکردنو گرنگیدان بە ژێرخانی ئابوورى، فڕۆکەخانەی نوێی ئەستەنبوڵ، پردەکان، ڕێگەوبانەکان، هێڵەکانی میترۆ. بانکی نێودەوڵەتی لەو کاتەدا تورکیای بە “مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ تێکەڵکردنی ئابووریی لیبڕاڵ لەگەڵ دیموکراسیی پارێزکاردا” ناوزەنددەکرد(٤).
کەمکردنەوەی باڵادەستی سەربازی و چاکسازی لە دامەزراوەکاندا
ئەردۆغان لە ڕێگەی گۆڕینی دەستوورو دادگاییکردنی ڕەمزییانە لە کەیسەکانی وەک ئەرگەنەکۆن، کارى لە سەر کەمکردنەوەی ڕۆڵی سیاسیی دامەزراوە سەربازییەکان دەکرد، کە ساڵانێک بوو خۆی بە پارێزەری عەلمانیەت دەزانی، ئەمەیش پشتیوانیی جەماوەرى لێکەوتەوەو وەک بەشێک لەو چاکسازییانە لێکدرایەوە، کە یەکێتیی ئەوروپا خوازیاریەتى بۆ ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا(٥). هەروەها ئەردۆغان بە شێوەیەکی ڕێژەیی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بەهێزترکرد، ئازادیی ڕادەربڕینی فراوانترکرد، هەروەها کۆتی لە سەر باڵاپۆشی لە زانکۆو دامەزراوە حکومییەکاندا هەڵگرتو هاوسەنگییەکی نوێی بۆ کایەی گشتیی تورکیا گەڕاندەوە.
سیاسەتی دەرەوە؛ سفرکردنەوەى کێشەکانو گەشەسەندنی ڕۆڵی ناوچەیی
لەم قۆناغەدا، تورکیا سیاسەتێکی کارای دەرەوەی گرتەبەر بە ناوی سفرکردنەوەى کێشەکان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێدا، بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو؛ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەى تورکیا. ئەم سیاسەتە ئامانجی باشترکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا بوو لەگەڵ سوریا، عێراق، ئێرانو یەکێتیی ئەوروپادا. تورکیا لە پرسە هەستیارەکانی وەک پرسی ئەتۆمیی ئێرانو دانوستانەکانی سوریاو ئیسرائیل خۆی وەک نێوندگیرێکى ڕاستگۆ نیشاندەدا(٦)، ئەمەیش هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی ڕۆڵی تورکیا لە جیهانی ئیسلامیدا، کە خۆی وەک مۆدێلێکی دیموکراسیی میانڕەو لە دوای بەهاری عەرەبی نیشانداو پێگەی ناوچەییو نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووى لە هەڵکشان کرد.
بەشی دووەم: گواستنەوە بەرەو تاکڕەویی (٢٠١٣–٢٠٢٣)
ناڕەزایەتییەکانی پارکی گێزیو سەرەتای داکشان
هاوینی (٢٠١٣) ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە پارکی گێزی ئەستەنبوڵ سەریهەڵدا لە سەر پلانی حکومەت بۆ لابردنى درەختەکانو دروستکردنی مۆڵێکی بازرگانی. ئەم ناڕەزایەتییانە بە خێرایی پەرەیانسەندو بوو بە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی سیاسیی فراوانتر لە دژی شێوازی فەرمانڕەوایی ئەردۆغان، بە تایبەتتر دژی زیادەڕۆییو سەرکوتکردنی ئازادییە گشتییەکان. حکومەت بە سەرکوتی توندی ئەمنی وەڵامی خۆپیشاندانەکانی دایەوەو لە ئەنجامدا ژمارەیەک خۆپیشاندەر گیانیانلەدەستداو هەزاران کەسیش برینداربوون. ئەم ناڕەزایەتییانە خاڵی وەرچەرخانیان لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتو کۆمەڵگەدا نیشانداو ناسەقامگیری؛ وێنەی ئەو دیموکراسییەیان ئاشکراکرد، کە پارتی دادو گەشەپێدان بۆ ماوەى دە ساڵ بانگەشەى بۆ دەکرد(٧) (گێزی خاڵی وەرچەرخان بوو، دەریخست، کە ئەردۆغان چیتر ئەو سەرکردە چاکسازیخوازە نییە، کە لە ساڵی (٢٠٠٣) دەسەڵاتى گرتەدەست)(٨).
جیابوونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گولەنو هەوڵی کودەتا
لە کۆتایی ساڵی (٢٠١٣)دا قەیرانێکی بێوێنە لە نێوان ئەردۆغانو هاوپەیمانی پێشووی؛ بانگخواز فەتحوڵڵا گولەندا، سەریهەڵدا، ئەمەیش دوای لێکۆڵینەوەکانی گەندەڵی، کە وەزیرەکانی حکومەتو ئەندامانی خێزانى ئەردۆغان تێوەگلابوون. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بزوتنەوەی گولەنی بە دزەکردنەناو پۆلیسو سوپاو دەسەڵاتی دادوەری تۆمەتبارکردو پاکتاوکردنی بەرفراوانی ئەو بزوتنەوەیەى لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەستپێکرد. قەیرانەکە بە هەوڵی کودەتا سەربازییە شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦) گەیشتە لوتکە، کە دەسەڵاتی دادوەریو سیاسیی تورکیا بزوتنەوەی گولەنی بە ئەنجامدانى تاوانبارکرد. سەرەڕای شکستخواردوویی کودەتاکە، ئەردۆغان ئەو ڕوداوەی قۆستەوە بۆ سەپاندنی باری نائاساییو ئەنجامدانی پاکتاوی گشتگیر، کە زیاتر لە (١٠٠) هەزار فەرمانبەری حکومەتی کردەئامانج، کە لە ناویاندا دادوەرو ئەفسەرو مامۆستای زانکۆ هەبوو(٩).
گۆڕان بەرەو سیستەمی سەرۆکایەتی
ئەرۆغان دەمێک بوو هەوڵی گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایەتیی تورکیای دەدا، دواجار لە ساڵی (٢٠١٧) سیستەمی فەرمانڕەوایی لە پەرلەمانییەوە گۆڕدرا بۆ سەرۆکایەتی، دەستوور هەموارکرایەوەو لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە پڕۆسەکە کۆتاییپێهێنرا. دەستووری نوێ دەسەڵاتی فراوانی بە سەرۆککۆمار بەخشی، لەوانە: دانانی وەزیرو دادوەر، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانو دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردن. زۆرێک لە توێژەران پێیانوایە ئەم هەموارکردنە وەرچەرخانێکی گەورەی لە داکشانی دیموکراسیی تورکیادا هێنایەکایەوە، کە ڕژێمەکەی گۆڕی بۆ ئۆتۆکراسییەکی نیمچەڕەها(١٠).
دروستبوونى قەیرانی ئابووریو دارایی
لە ساڵی (٢٠١٨)وە تورکیا بە هۆی تێکەڵەیەک لە هۆکارە ناوخۆییو دەرەکییەکان، ڕووبەڕووى قەیرانێکى ئابووریی پڕوکێنەر بووەوە، کە دیارترینیان دەستوەردانی ئەردۆغان بوو لە سیاسەتەکانی بانکی ناوەندیو ڕەتکردنەوەی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو لە سەر قەرزی بانقەکان سەرەڕای هەڵئاوسان، سزاکانی ئەمریکا دوای قەیرانی قەشە ئەندرۆ برونسۆن، دابەزینی بەهاى لیرە، کە لە نێوان ساڵانی (٢٠١٨) بۆ (٢٠٢٣)دا زیاتر لە (٨٠٪)ی بەهاکەی لەدەستداو بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریو هەڵئاوسان، هۆکار بوون بۆ کەمبوونەوەی توانای کڕین لە لای هاوڵاتیان.
بە گوێرەی ئاماری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، هەڵئاوسان لە تورکیا لە هەندێک مانگی ساڵی (٢٠٢٢)دا گەیشتووەتە زیاتر لە (٨٠٪)، ئەمەیش ئامارێکە، کە لە دوای قەیرانی ساڵی (٢٠٠١)ەوە بێوێنە بووە(١١). هێدی هێدی ئەو وێنەیە زیاتر دەچەسپا، کە چیتر “ئەردۆغان سەرکردەیەکی ئابووریناس نییە، بەڵکو بارگرانییەکە لە سەر ئابووریی تورکیا”(١٢).
کەمبوونەوەى ئازادییەکانو سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن
ئەردۆغان لە ماوەی دەیەی دووەمی حوکمڕانیدا، بە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی میدیاو داخستنی دەیان ڕۆژنامەو ماڵپەڕو زیندانیکردنی سەدان ڕۆژنامەنووس تۆمەتباردەکرێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، تورکیا بووە بە یەکێک لە گەورەترین زیندانەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا. هەروەها زۆرێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان قەدەغەکراون، یان سنووردارکراون، دیارترینیان پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە). ئەم هەنگاوانەیش بووە بە هۆی دابەزینی پێوەرەکانی دیموکراسیی جیهانی، بە شێوەیەک کە دیاریکەرى “فریدۆم هاوس” لە ڕاپۆرتەکانیدا لە ساڵی (٢٠١٨)وە تورکیاى لە ڕیزبەندیی وڵاتە نائازادەکاندا داناوە(١٣).
بەشی سێیەم: سیاسەتی دەرەوە لە دەیەى دووەمدا؛ لە فراوانبوونەوە بۆ گۆشەگیری
سیاسەتی سفرکردنەوەى کێشەکان
لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێداندا، ئەحمەد داودئۆغڵو؛ وەزیری دەرەوەی پێشووتری تورکیا، پاڵپشتی ستراتیژێکی دەکرد، کە تەوەری سەرەکی سفرکردنەوەى کێشەکان بوو لەگەڵ دراوسێکاندا، لە کاتێکدا تورکیا هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا، عێراق، ئێرانو یەکێتیی ئەوروپاو کرانەوەی بە ڕووی ئەفریقاو ئاسیای ناوەڕاستدا دەدا. ئەم سیاسەتە لە سەر بنەماکانى نێوەندگیری لە ململانێ ناوچەییەکان (وەک دۆسێی ئەتۆمیی ئێران، دانوستانەکانی سوریاو ئیسرائیل)، پشتیوانیی دیبلۆماسی بۆ دۆزی فەڵەستین، هەڵوێستێکی بەهێز لە دژی ئیسرائیل دوای ڕوداوی کەشتی مەرمەڕە لە ساڵی (٢٠١٠)، بەرەوپێشبردنی بازرگانی ناوچەییو کردنەوەی کونسوڵخانە لە وڵاتانی عەرەبیو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەرمینیا لە ڕێگەی پرۆتۆکۆڵەکانی زیوریخ (٢٠٠٩)ەوە دامەزرابوو. ئەو کاتە تورکیا بە مۆدێلی دیموکراسیی ئیسلامیی میانڕەو لە جیهانی عەرەبیدا دادەنرا، بە تایبەتی لە دوای بەهاری عەرەبی.
بەهاری عەرەبیو گۆڕینی ڕۆڵی ناوچەیی
شۆڕشەکانی بەهارى عەرەبى وەرچەرخانی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا دروستکرد. ئەردۆغان بە توندی خۆی لەگەڵ هێزەکانی ئیسلامی سیاسیدا، بە تایبەت ئیخوان موسلیمین لە میسرو تونسو سوریا هاوتەریبکرد، ئەم لایەنگرییە بووە هۆی ئەوەی دوای ڕوخانی محەمەد مورسی لە ساڵی (٢٠١٣)، پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسردا تێکبچێت، ئەنقەرەیش تۆمەتبارکرا بە پاڵپشتیکردنی تیرۆرو پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیەو ئیماراتدا بە هۆی هەڵوێستە ناکۆکەکانەوە لە بارەی ئیسلامی سیاسییەوە تێکچوو.
ئاڵۆزکردنی دۆخی سوریا؛ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان
تورکیا لە هاوبەشی ڕژێمی ئەسەدەوە گۆڕا بۆ لایەنگرێکی ئاشکرای ئۆپۆزسیۆنی چەکدار، هەروەها سنوورەکانی بە ڕووی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکاندا کردەوە(١٤). ئەم هەنگاوەیش “تورکیاى لە ناوبژیوانێکی بێلایەنەوە گۆڕى بۆ کارەکتەرێکی ئایدیۆلۆژی، ئەوەیش پێگەی ستراتیژیی تورکیاى لاوازکرد”(١٥).
تورکیا لە ساڵی (٢٠١٦)وە سیاسەتی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی لە باکووری سوریا گرتووەتەبەر، بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی کورد بە نوێنەرایەتیی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە)، کە تورکیا بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی دەزانێت. دیارترین ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیا دژ بە کورد لە سوریا بریتی بوون لە قەڵغانی فورات (٢٠١٦) دژی یەکینەکانی پاراستنى گەلو بە پاساوى شەڕى داعش کرا، چڵەزەیتون (٢٠١٨) دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە عەفرین کراو کانیی ئاشتی (٢٠١٩) بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی فورات. سەرەڕای بەدەستهێنانی دەستکەوت لە سەر زەوی، ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنەکان ڕەخنەی توندی نێودەوڵەتیی، بە تایبەتی لەلایەن ئەمریکاو یەکێتیی ئەوروپاوە لێکەوتەوە.
پەیوەندیی قەیراناویى لەگەڵ ئەمریکاو ئەوروپادا
لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی (٢٠١٦)وە، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هاوپەیمانە تەقلیدییەکانیدا -ئەمریکاو یەکێتیی ئەوروپا- چووەتە قۆناغێکی قەیراناویی سەختەوە، ئەمەیش بە هۆى دروستبوونى ناکۆکییەوە لەگەڵ واشنتۆندا لە سەر پشتگیریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلایەن ئەمریکاو کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (ئێس-٤٠٠)ی ڕوسی لەلایەن تورکیاوە. گرژی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپایشدا دروستبوو لە سەر پرسی پەنابەرانو دەستگیرکردنی بەکۆمەڵو پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا. لە لایەکى دیکەیشەوە بارگرژى لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا لەگەڵ یۆنانو قوبرسدا دروستبوو بە هۆی گەڕان بە دوای غازدا.
هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی (٢٠٢٠–٢٠٢٣)
لە دەیەی سێیەمی دەسەڵاتدارییەکەیداو لە ژێر گوشاری قەیرانی ئابووریدا، تورکیا دەستیکردووە بە پێداچوونەوە بە هەندێک لە سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی، بە تایبەتی لە ڕێگەی دووبارە دروستکردنەوەى پەیوەندی لەگەڵ ئیماراتو سعودیەو میسردا وەک بەشێک لە ستراتیژی سفرکردنەوەى کێشەکان، نزیکبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیلداو گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانو پاراستنی هاوسەنگییەکی زیرەکانە لەگەڵ ڕوسیاو ئۆکرانیا دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە ساڵی (٢٠٢٢). بەو پێیەی کە تورکیا سەرەڕای ئەندامیەتیی لە ناتۆدا، ڕۆڵی ناوبژیوانی لە ڕێککەوتنی دانەوێڵە لە نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیادا گێڕا، بەڵام سەربارى ئەم کرانەوەیە، کاریگەرییەکانی بە سنووردارى مایەوە، چونکە تێڕوانینی ڕۆژئاوای بۆ تورکیا وەک هاوبەشێکی متمانەپێنەکراو نەگۆڕی، هەروەها ئەنقەرە سەرکەوتوو نەبوو لە گەڕاندنەوەی ئەو ڕۆڵە ناوچەییە گەورەیەى کە لە پێش ساڵی (٢٠١٣) بەدەستیهێنابوو.
بەشی چوارەم: ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان
بومەلەرزە وێرانکەرەکە؛ تاقیکردنەوەی تواناكانی دەوڵەت
لە شوباتی (٢٠٢٣)دا بومەلەرزەیەکی بەهێز باشووری تورکیاو باکووری سوریای گرتەوەو بە هۆیەوە زیاتر لە )٥٠( هەزار کەس لە تورکیا گیانیانلەدەستداو زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە گەیاند، بە تایبەتی لە شارەکانی وەک کاهرامان مەڕەش، هاتای، غازی عەنتابو ئادیامان. سەرەڕای گەورەیی کارەساتەکە، حکومەت ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی هاوڵاتیانو ئۆپۆزسیۆن بووەوە، بە هۆی هێواشیی بەدەمەوەچوونو خراپیی هەماهەنگیی هەڵمەتەکانی ڕزگارکردنو ڕەچاونەکردنى ستانداردەکانی سەلامەتیی بیناسازییەوە. شارەوانییەکانی سەر بە پارتی دەسەڵاتدار بە گەندەڵی لە مۆڵەتی بیناسازیو پشتگوێخستنی یاساکانو پێوەرەکانی مۆڵەتی بومەلەرزە تۆمەتبارکران (بومەلەرزەکە زیاتر سستیی پێکهاتەی ئیداریی ئاشکراکرد، هەتا لەرزۆکیی پێکهاتەی بیناسازیی شارەکان)(١٦). ئەم ڕوداوە وێنەی حکومەتی لە ناوخۆدا هەژاندو پرسی کارایی ئیداریی کردە تەوەری سەرەکی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٣)دا. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەردۆغانو پارتەکەی لەگەڵ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کۆماردا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانو سەرۆکایەتیی کۆماریان بردەوە. ئەمەیش پرسیاری جددیی لە سەر تواناکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە ڕکابەریی ئەردۆغانو پارتەکەی دروستکردووە.
قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی ئابووری
تورکیا بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێک لە درێژترین قەیرانە ئابوورییەکانی مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەی کە خۆى لە هەڵئاوسان، بەرزیی ڕێژەی بێکاری، هەروەها دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرە دەبینێتەوە، لە هەندێک مانگدا هەڵئاوسان گەیشتە زیاتر لە ڕێژەى (٨٥٪)، نرخی دۆلار لە کۆتایی ساڵی (٢٠٢٣)دا گەیشتە نزیکەی (٢٧) لیرە، قەرزی تایبەتو کورتهێنانی بودجە زیادیکردو یەدەگی دراوی بیانییش کەمیکرد. لە بەرانبەردا حکومەت هەوڵیدا بە بەرزکردنەوەی بڕی کەمترین مووچە، پشتگیریکردنی هەناردەکردن، پشتبەستن بە وەبەرهێنانەکانی وڵاتانی کەنداو؛ دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ڕووبەڕووی قەیرانەکە ببێتەوە، بەڵام ئەم چارەسەرانە هۆکارە پێکهاتەییەکانی قەیرانەکەی بنبڕنەکردو گوشاری ئابوورییش ڕۆژ بە ڕۆژ لە سەر هاوڵاتیان زیاتردەبوو.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیو پەرلەمانیی ساڵی (٢٠٢٣)
سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان، هەڵبژاردنی گشتی لە مانگی ئایاری (٢٠٢٣) کرا، ئەو هەڵبژاردنە بە گرنگترین تاقیکردنەوەی جەماوەری بۆ ئەردۆغان دادەنرا، لە دوای هاتنەسەرکاری لە ساڵی (٢٠٠٣). ئەردۆغان وەک کاندیدی هاوپەیمانیی کۆمار (ئاکپارتی + مەهەپە) لە هەڵبژاردنەکاندا خۆی کاندیدکرد. لەلایەن کەمال کلیچدارئۆغڵووەوە ڕکابەریدەکرا، کە کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوو بە ناوی هاوپەیمانیی نەتەوەوە، کە شەش پارتی ئیسلامیو عەلمانیو نەتەوەپەرستو میانڕەوی لەخۆگرتبوو. لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا تیشکخرایەسەر پرسی ئابووری، بەدەمەوەچوونى دەوڵەت بۆ بومەلەرزەکەی (٦)ی شوباتی (٢٠٢٣)، پرسی دیموکراسیو ئازادیی ڕادەربڕینو پرسی پەنابەرانی سوریا. سەرەڕای چاوەڕوانیی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرکەوتن، بەڵام ئەردۆغان بە کۆکردنەوەى (٥٢،٢٪)ی دەنگەکان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناو شەرعیەتی بەهێزترکردو گەرەنتیی خولی سەرۆکایەتیی هەتا ساڵی (٢٠٢٨) مسۆگەرکرد(١٧).
ئۆپۆزسیۆنی لاوازو دابەشبوونی سیاسی
دوا بە دوای شکستی هەڵبژاردن، ئۆپۆزسیۆن چووەناو دۆخێکی توندى دووبەرەکیو کەمبوونەوەى بنکەى جەماوەرییەوە، بە تایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکتر تۆمەتبارکردن لە ناو هاوپەیمانیی نەتەوەدا، هەروەها پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە بە ڕابەرو ئاڵاهەڵگری بەرەی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت، نەیتوانی دیدێکی ئابووریی قەناعەتپێکەر بخاتەڕوو یان سەرنجی جەماوەرى پارێزکار بە لاى خۆیدا ڕابکێشێتو دەنگەکانیان بەدەستبهێنێت، ئەمەیش دابەزینی بنکەى جەماوەری، لاوازیی چاودێریی پەرلەمانی لێکەوتەوە، دوای ئەوەی هاوپەیمانیی کۆمار زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
بەردەوامیی ئاڵنگارییەکان لە دوای (٢٠٢٣)
سەرەڕای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان، ئەردۆغان ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی بووەوە. بۆ نموونە زیادبوونی گوشارەکانى شەقام بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە، سەرهەڵدانی جوڵانەوەى ئەو لاوانەى کە داوای گۆڕانکارییان دەکرد، بەبێ ئەوەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی تەقلیدی بن، پرسی پەنابەرانی سوریا کە بارگرژیی ناوخۆیی دروستکردو گوتارى ڕەگەزپەرستانەى پەرەپێدا، بەردەوامیی گوشارەکانی ئەوروپاو ئەمریکا بە هۆى کەمبوونەوەى ئازادییە گشتییەکانو پێشێلکارییەکانى مافی مرۆڤەوە ) ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ کاتو شەقامو ئابووریدا چووە ڕکابەرییەکی نوێی تاقەتپڕوکێنەوە)(١٨).
بەشی پێنجەم: تورکیا لە ژینگەیەکی جیۆپۆلەتیکیی گۆڕاودا
گواستنەوەى قەیرانەکان بۆ (٢٠٢٥)
تورکیا بە بارگرانیی قەیرانە ئابووریو کەڵەکەبوونی ئاڵنگاریی سیاسیی ناوخۆییەوە پێینایەناو ساڵی (٢٠٢٥)ەوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ چالاکییە دیبلۆماسیو سەربازییەکاندا لە دەرەوەی وڵات، بە ئامانجى فراوانکردنی هەژموونی تورکیا. لیرەی تورکی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە یەک لە سەر سێی بەهاکەی لەدەستدا(١٩)، ڕێژەی هەڵئاوسان لە (٤٤٪)ەوە بۆ زیاتر لە (٦٨٪) بەرزبووەوە. ڕێژەی سوو لە (٨،٥٪) بۆ (٤٠٪) هەڵکشانى بەخۆیەوەبینی، لە هەوڵێکدا بۆ سنووردارکردنی هەڵئاوسان، بەڵام ئەم هەنگاوەیش پاشەکشەی ئابووریی قووڵترکردەوە(٢٠). ئەوەیش کە ئەردۆغان وەک چارەسەر پێشنیازیکرد، تێکەڵەیەک بوو لە ڕێکارى جیۆپۆلەتیکی (نزیکبوونەوە لە کەنداو، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ یۆنانو میسر) لە بەرانبەر پاڵپشتیی دارایی، گۆڕانکاری لە تیمی ئابووری (دامەزراندنی مەهمەت شیمشەک وەک وەزیری داراییو حەفیزە ئەرکان وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی)، بەبێ چاکسازیی پێکهاتەیی ڕاستەقینە(٢١).
دیمەنی سیاسیی ناوخۆ؛ لەدەستدانی شارە گەورەکانو پلان بۆ مانەوە
لەدەستدانی ئەستەنبوڵو ئەنقەرە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا، گورزێکی کەمەرشکێن بوو لە پارتی دادو گەشەپێدان، لە لایەکى دیکەوە پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی؛ هاوپەیمانەکەی، بۆ ئازادکردنی ئۆجالان لە بەرانبەر چەکدانانی پەکەکەو خۆهەڵوەشاندنەوەی، دەرگای بە سەر ئەگەرى سیاسیی گەورەدا کردەوە، کە ڕەنگە ببێت بە فریادڕەسێک بۆ دەسەڵات. ئاکپارتی وەک پلانێک بۆ مانەوە دەیەوێت ئەوپەڕى سوود وەربگرێت لە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەى پارتى کرێکارانى کوردستان، کە ئامانج لێی دروستکردنی شۆکێکی میدیاییو جوانکردنى وێنەی تورکیا بووە لە ناوخۆو دەرەوەدا، بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی پرسە هەستیارەکانی ناوخۆی وەک دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو؛ سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵو شپرزەیی درێژخایەنی قەیرانی ئابووری. ئەردۆغان هەوڵدەدات کۆدەنگیی کوردو نەتەوەپەرستەکان مسۆگەربکات، بۆئەوەی دەستوورێکی نوێ بە سیمایەکی ئیسلامییەوە دابڕێژرێتەوە، هەتا بتوانێت جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکاندا خۆی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار کاندیدبکاتەوە(٢٢).
سیاسەتی دەرەوە؛ مانۆڕکردن لە نێوان کێڵگەى میندا
لە دوای ڕوخانی بەشار ئەسەدەوە، تورکیا کاردەکات لە سەر پێکهێنانی ڕژێمێکی نزیک لە خۆی لە دیمەشق، کە گەرەنتیی سنووردارکردنى کورد، گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا لە تورکیا، دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست مسۆگەربکات(٢٣)، بەڵام ئەو ڕژێمەی لە سوریا؛ تورکیا پشتیوانییدەکات، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی وەک نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی، نیگەرانیی عەرەب لە هەژموونی ئیسلامی، هەڕەشەی ڕێکخراوە جیهادییەکان بووەتەوە، ئەمەیش پڕۆسەکە قورستردەکات(٢٤).
پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکادا
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئەمریکا بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، کە لە لایەکەوە بە بارگرژیی دوولایەنەو لە لایەکی دیکەوە بە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوە تایبەتمەندە، ئەمەیش بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی پرسە ئاڵۆزەکانى وەک هەڵوێست بەرانبەر بە حەماسو شەڕی غەززەو ڕۆڵی کورد لە سوریا.
لە دوای دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە تشرینی دووەمى (٢٠٢٣)، تورکیا بە سەرکردایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵوێستێکی توندی لە دژی ئیسرائیل گرتەبەرو بە دەوڵەتێکی تیرۆریستی ناوزەندیکرد، کە فەڵەستینییەکان جینۆسایددەکات. هەروەها پێشوازیی لە شاندەکانی حەماس کردو ڕەتیکردەوە بزوتنەوەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەندبکات، کە ئەمەیش ڕاستەوخۆ پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکایە.
ئەم هەڵوێستە واشنتۆنی توڕەکردو بوو بە هۆی داخستنى هەندێک کەناڵی وتووێژی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات لە مانگەکانی یەکەمی شەڕدا.سەرەڕای گرژییەکان، تورکیا هەوڵیدا هەندێک کەناڵی هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی بایدندا بپارێزێت، بە تایبەتی سەبارەت بە ڕێککەوتنی (F-16)، کە ئەولەویەتی سەربازیی سەرەکییە بۆ ئەنقەرە. ڕێککەوتنەکە بریتییە لە نوێکردنەوەی فڕۆکەکانى جۆرى (ئێف-١٦)ی تورکیاو کڕینی فڕۆکەی نوێ، ئەم کارەیش هەتا ئاستێک بەسترایەوە بە ڕەزامەندیى تورکیاوە لە سەر ئەندامیەتیی سوید لە ناتۆ. لە لایەکى دیکەوە پرسی هێزەکانی سوریای دیموکراتو یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) یەکێکى دیکەیە لە کێشە ئاڵۆزەکانی نێوان هەردوو وڵات. تورکیا یەپەگە بە درێژکردنەوەی ڕاستەوخۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت، واشنتۆنیش وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە شەڕی داعشدا دەیبینێت.
سەرباری ناکۆکیی سیاسی، ئەنقەرەو واشنتۆن بەردەوامن لە هاوکارییەکانیان لە پرسەکانی وەک دەریای ڕەش، چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی ڕوسیا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە دەرەوەی سوریاو پرسی ئۆکرانیا. تورکیا هەوڵدەدات کارتە جیۆپۆلەتیکییەکانى خۆی بەکاربهێنێت، هەتا ئەمریکا ناچاربکات ملبدات بۆ جێبەجێکردنى خواستەکانى تورکیا بەبێ ئەوەی پردەکانی هاوکاریی نێوانیان بە تەواوەتى بڕوخێت(٢٥).
مانۆڕکردن لە ئۆراسیاو دەریای ڕەش
تورکیا سیاسەتێکی جیۆپۆلەتیکیی وردو ئاڵۆز لە ناوچەی ئۆراسیادا پەیڕەودەکات. هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیاداو پابەندبوونەکانی بە ناتۆو ڕۆڵی ناوچەیی لە دەریای ڕەشدا ڕابگرێت، بەبێ ئەوەی بکێشرێتەناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکى ڕاستەوخۆوە. تورکیا هەوڵدەدات پەیوەندییە ئابووریو سەربازییەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا بەهێزتربکات، بە تایبەتی لە بوارەکانی وەک هێڵی بۆڕیی تورکستریم، کە غازی ڕوسیا لە ڕێگەی تورکیاوە دەگوازێتەوە بۆ ئەوروپا. لە هەمان کاتدا تورکیا دان بە گرنگیی ئەندامیەتی لە ناتۆدا دەنێتو هەوڵدەدات پێش بە داڕمانی متمانە لەگەڵ ڕۆژئاوا بگرێت، بە تایبەتی لەبەر ڕۆشنایی گرژیی نێوان ڕوسیاو ناتۆدا.
تورکیا ڕۆڵی سەرەکیی بینی لە ڕێککەوتنی دانەوێڵەی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا بە ناوبژیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکانو وێنەی خۆی وەک گەمەکارێکى هاوسەنگ نمایشکرد، لە لایەکى دیکەوە ڕەتیکردەوە دان بە لکاندنی خاکە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیادا بنێت بە ڕوسیاوە، بەڵام وەک ئەوروپا سزای هەمەلایەنەی بە سەر ڕوسیادا نەسەپاندووە.
لە دەریای ڕەشیش تورکیا هەوڵدەدات بەر بە بەسەربازیکردنی دەریای ڕەش لەلایەن ناتۆ یان ڕوسیاوە بگرێتو ڕۆڵی سەرەکی لە چاودێریکردنی بازرگانیی دەریاییو پاراستنی ئاسایشی دەریای ڕەش لە چەتەی دەریاییو میندا بگێڕێت(٢٦).
بەشی شەشەم: بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پارتى کرێکارانى کوردستان وەک ئاڵنگاریى نوێى دەسەڵات
بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)
لە (٥-٧)ی ئایاری (٢٠٢٥) پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆنگرەی نائاسایی دوانزەیەمی ئەنجامداو لە ڕاگەیەنراوێکدا لە (١٢)ی ئایار هەڵوەشاندنەوەی خۆیو کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداریی ڕاگەیاند. لە بەیاننامەی کۆتاییدا دووپاتکراوەتەوە، کە ئەرکی مێژوویی پەکەکە تەواوبووەو رێگای دیموکراسی تاکە چارەسەرە. ئەو ڕاگەیاندنە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی نهێنیی نێوان سەرکردەو نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیایش هات، لەوانە نێوەندگیریی پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)و وەفدی ئیمراڵی، هەروەها لە پڕۆسەکەدا ڕاوێژ لەگەڵ پەیەدەو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانو پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق کراوە(٢٧). کاتی ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەکە ناتوانرێت لە دۆخی ناوچەییو نێودەوڵەتیو بە تایبەت پەیوەندییەکانی تورکیاو ئەمریکا جیابکرێتەوە. لەگەڵ بەردەوامیی هاوکارییەکانی نێوان ئەمریکاو هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، پرسی پەکەکە وەک ڕەگەزێکى ناوەندی لە هەر لێکتێگەیشتنێکی نێوان ئەنقەرەو واشنتۆندا دەمێنێتەوە.
داماڵینی چەک لە پارتی کرێکارانی کوردستان بە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی هەژماردەکرێت لە یەکێک لە ململانێ درێژخایەنەکانى ناوچەکە، ئەمەیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر دۆخی ئەمنیو سیاسیی ناوچەکە بە تایبەت عێراقو هەرێمى کوردستان هەیە، وەک عێراق داواکارییەکانى دەرکردنى هێزەکانى تورکیا لە عێراق ڕوو لە هەڵکشان دەکاتو وەک هەرێمیش پارسەنگى هێز لە بەرژەوەندیى پارتى دیموکراتى کوردستان دەگۆڕێت لە بەرانبەر یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستاندا(٢٨).
لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەییو کۆتاییهاتنی چالاکیی چەکداری لەلایەن پەکەکەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، گوتارێکی نوێی لە سەر بنەمای هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێى پەسەندکرد، بەڵام بە مەرجی جێبەجێکردنی بەڵێننامەى پڕۆسەى داماڵینی چەکى پارتەکە لە ژێر چاودێریی دەزگای هەواڵگریی نیستیمانیی تورکیا (میت) لە سوریاو عێراق. لەو چوارچێوەیەیشدا حکومەت پڕۆژەیاسایەکی پێشنیازکردووە، کە بڕیارە هەتا مانگی حوزەیران بخرێتەبەردەم پەرلەمان، کە ئازادکردنی مەرجداری زیاتر لە (٦٠) هەزار زیندانی لەخۆدەگرێت، لە ناویاندا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسیی کورد، کە لە ساڵی (٢٠١٦)وە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” دەستگیرکراون(٢٩).
ئاڵنگاریى نوێى دەسەڵات
بیست ساڵە فەرمانڕەوایی ئاکپارتی لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانو زیاتر لە چل ساڵە مەهەپە، کار لە سەر تەخوینکردنى پەکەکە دەکەن. ئەم گوتارە بەردەوامبووە لە سڕینەوەى شوناسی کوردو وەک دوژمنێکی ناوخۆیی لێیڕوانیوەو تاکى تورکی هەر لە منداڵییەوە گۆشکراوە لە سەر ڕەتکردنەوەى بوونى کوردو پەکەکەیش وەک هەڕەشەیەکی بنەڕەتی بۆ سەر ناسنامەی تورک وێناکراوە. مەهەپە بە سەرۆکایەتیی دەوڵەت باخچەلی ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە هاندانی هەستی دژەکورد. ئەو پارتە بە شێوەیەکی توند هەر جۆرە ئاشتییەکى لەگەڵ کورد یان پێدانى مافو دەستکەوتێک بۆ کورد ڕەتکردووەتەوەو پێیوایە دانوستان لەگەڵ کوردو پەکەکەدا دەبێتە هۆی پشێویی زیاترو هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی(٣٠). بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی دوورودرێژی تەخوینو ناشرینکردنى وێنەى کورد، سروشتییە گەلی تورکیا بە زەحمەت پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورددا قبوڵبکات. جەماوەرێک کە لە سەر ئەو بیرۆکەیە وروژێنراوە، کە پەکەکە مەترسییەکی گەورە بووە لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، ڕەنگە بە زەحمەت لە ماوەیەکی کورتدا ئەو تێڕوانینانە بگۆڕێت. نەتەوەى تورک پێیوایە دانوستان لەگەڵ پەکەکەدا دەتوانێت ببێتە هۆی پێدانى مافو دەستکەوتی زیاتر بە کورد، کە دەتوانێت هەڕەشە لە سەر ناسنامەی نەتەوەیی تورکیا دروستبکات(٣١). بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی بازاڕی بۆرسەی تورکیایش لە دوای ڕاگەیاندنی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، مەرج نییە متمانەی ڕاستەقینە دەربخات، بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ پێشهاتە ئابوورییە جیهانییەکاندا. دامەزراوە داراییەکان ڕوونیانکردووەتەوە، کە باشتربوونی بەهاى لیرە بۆ پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە، لەوانە کەمبوونەوەی گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکاو چینو ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەوە نییە. هەروەها هەندێک لە شرۆڤەکاران ئاماژەیان بە دابەزینی بەهای پشکەکانی بەشێک لە کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا لە هەمان ڕۆژدا کردووە، وەک ئاسێلسان(٣٢).
بەشی حەوتەم: چەند پێشبینییەک بۆ دەیەی داهاتووى دەسەڵاتی ئەردۆغان (٢٠٢٥-٢٠٣٥)
درێژەدان بە حوکمڕانی بە فۆڕمێکی پاوانخوازانە، ئەردۆغانو هاوپەیمانیی گەل بە سەرۆکایەتیی پارتی دادو گەشەپێدان بەردەوامدەبن لە کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت لە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەریی بەسیاسیکراو، میدیای ئاڕاستەکراو، کۆنتڕۆڵکردنى سوپاو میتەوە.
دووبارە جێگیرکردنەوەی دەستەبژێرە سیاسیو بیرۆکراتییەکان لە پۆستە گرنگەکاندا: ئەردۆغان پشت بەو دەستەبژێرە سیاسیو بیرۆکراتییانە دەبەستێت، کە نزیکن لە خۆیەوە، وەک بزنسمانە ئیسلامییەکان، سەرۆک_شارەوانییەکانى پێشوو، سەرکردە ناوخۆییەکان، لە هەمان کاتدا سەرکردەکانى ئۆپۆزسیۆن، وەک ئەکرێم ئیمام ئۆغڵو یان مەنسور یاڤاش بە ستراتیژی یاساییو ئیداری پەراوێزدەخرێن.
درێژەدان بە ڕۆڵی یەکلاییکەرەوەی ناوچەیی: پێشبینیدەکرێت تورکیا دەستوەردانى لە کاروبارى ناوخۆیى سوریا، لیبیا، خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، قەفقازو ئاسیاى ناوەنددا زیاتربکاتو پەیوەندییەکانى بە شێوەیەکى هاوسەنگ لە نێوان ڕوسیاو ڕۆژئاوادا ڕابگرێت.
بەردەوامبوونى قەیرانى ئابوورى: سەرەڕای بانگەشەی تورکیا بۆ گەشەی ئابوورى، پێشبینیدەکرێت، کە ڕێژەی هەڵئاوسان بە بەرزی بمێنێتەوەو زیاتر پشتببەسترێت بە کەنداوو سەرمایەی چین بۆ تێپەڕاندنى ئەو قەیرانە.
دەرئەنجام
لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا، تورکیا گواستنەوەی ڕوونى بەرەو سەقامگیریو گەشەی ئابووریو کرانەوەی ڕێژەیی سیاسی بەخۆیەوەبینی، ئەمەیش بووە هۆی زیادبوونی بنکەى جەماوەری لە سەر ئاستی ناوخۆو قبوڵکردنى مۆدێلى حوکمڕانییەکەى لە سەر ئاستى نێودەوڵەتی. لە دەیەى دووەمى دەسەڵاتى ئەردۆغاندا، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوەبینی، لە مۆدێلی نێوەندگیریی سەرکەوتووەوە گۆڕا بۆ لایەنێکی دەستوەردانکارو لە سیاسەتی سفرکردنەوەی کێشەکانەوە گۆڕا بۆ سیاسەتی بوون لە چەندین بەرەی شەڕى کراوەدا. ئەم ناجێگیرییە، بووە هۆی لەدەستدانی زۆرێک لە هاوبەشە ناوچەییەکانو ناسەقامگیریی لە پێگەی نێودەوڵەتیی تورکیادا دروستکرد.
هەرچەندە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کۆتاییەکی یەکلاکەرەوەی ململانێیەکی دەیان ساڵە نییە، بەڵام دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی شەڕێکى درێژخایەن. سەرکەوتنی پڕۆسەکە پەیوەستە بە ڕاستیى نیازەکانو شەفافیەتی ڕێکارەکانو بوونی گەرەنتی ڕاستەقینەی ناوخۆییو دەرەکییەوە. گۆڕانی لەناکاوی هەڵوێستەکانی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، لە ئیدانەکردنی توندی پەکەکەوە بۆ قبوڵکردنی پڕۆسەی ئاشتی، یەکێکە لە گەورەترین ئاڵنگارییە سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووى ئەردۆغانو دەوڵەتى قووڵ دەبێتەوە لە تورکیادا.ئەردۆغان سەرکەوتوو بوو لە قۆستنەوەى گۆڕانکارییەکانی سوریا لە بەرژەوەندیی خۆى، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت لە داهاتوودا شەڕى هێشتنەوەى ئەحمەد شەرع بکات لە بەرەى تورکیا لە بەرانبەر هەژموونى ئەمریکا، ئەوروپا، وڵاتانی عەرەبیو کەنداودا.
سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، ئەردۆغان توانای خۆگونجاندنى هەیە لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێکانداو بەمەیش ئەگەری بەردەوامبوونی لە دەسەڵاتدا بۆ ساڵانی داهاتوودا بەهێزتردەبێت.
سەرچاوەکان
– بارکی، هنری ج. (٢٠٠٢). حزب العدالة والتنمية التركي. التاريخ المعاصر (Current History)، العدد (٦٥١)١٠١، ص٣٨٩-٣٩٥. https://online.ucpress.edu/currenthistory
– چاغاپتای، سونر. (٢٠١٤). صعود تركيا: أول قوة مسلمة في القرن الحادي والعشرين. دار نشر بوتوماك. https://www.potomacbooksinc.com
– البنك الدولي. (٢٠١٤). نظرة عامة على تركيا. https://www.worldbank.org/en/country/turkey
– صندوق النقد الدولي. (٢٠١٣). تركيا: ورقة قضايا مختارة. تقرير البلد رقم (٣٦٤/١٣).
https://www.imf.org/en/Publications/CR/Issues/2016/12/31/Turkey-Selected-Issues-41111
– يافوز، حكان. (٢٠٠٩). العلمانية والديمقراطية الإسلامية في تركيا. مطبعة جامعة كامبريدج.
https://www.cambridge.org/core/books/secularism-and-muslim-democracy-in-turkey
– ألتونشك، ملك بينار & مارتن، لین گینس. (٢٠١١). فهم السياسة الخارجية التركية في الشرق الأوسط تحت حكم حزب العدالة والتنمية. دراسات تركية (Turkish Studies)، العدد (٤)١٢، ص٥٦٩-٥٨٧. https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/14683849.2011.622509
– زاراكول، آیست. (٢٠١٤). احتجاجات غزي وأزمة الديمقراطية التركية. مراجعة تركية(Turkish Review)، العدد ٤، ص١٠٤-١٠٩.https://turkishreview.org
– زكريا، فريد. (٢٠١٣). قناع الديمقراطية لدى أردوغان يتشقق. واشنطن بوست. https://www.washingtonpost.com
– هيومن رايتس ووتش. (٢٠١٧). شيك على بياض: حملة القمع بعد محاولة الانقلاب في تركيا.
https://www.hrw.org/report/2017/02/14/blank-check/turkeys-post-coup-crackdown
– أوزبودن، أرتغرول. (٢٠١٨). الرئاسية التركية: من السلطوية إلى الحكم الفردي. مجلة مجتمع وسياسة جنوب أوروبا، العدد (٤)٢٣، ص٥٥٩-٥٨١. https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/13608746.2018.1529656
– بيانات صندوق النقد الدولي. (٢٠٢٣). التضخم في تركيا: الاتجاهات والتحديات.
https://data.imf.org
– الإيكونوميست. (٢٠٢٢). سوء إدارة الاقتصاد التركي: رئيس يتحدى علم الاقتصاد.
https://www.economist.com
– فريدوم هاوس. (٢٠٢٣). تقرير الحرية في العالم: تركيا. https://freedomhouse.org/country/turkey/freedom-world/2023
– شتاين، آرون. (٢٠١٧). الخريطة الاستراتيجية الجديدة للشرق الأوسط. المجلس الأطلسي(Atlantic Council). https://www.atlanticcouncil.org
– حسين، فادي. (٢٠١٩). السياسة الخارجية التركية بعد الربيع العربي. مركز كارنيغي للشرق الأوسط.
https://carnegie-mec.org
– دويتشه فيلە. (٢٠٢٣). تركيا بعد الزلزال: ماذا يقول المواطنون عن أداء الحكومة؟
https://www.dw.com/ar
– (TRT) وورلد. (٢٠٢٣). أردوغان يفوز في جولة الإعادة للانتخابات (٢٠٢٣). https://www.trtworld.com
– (BBC) عربي. (٢٠٢٣). أردوغان في عهدة جديدة… إلى أين تتجه تركيا؟
https://www.bbc.com/arabic
– فايننشال تايمز، الليرة تنهار وسط تصاعد التضخم في تركيا. https://www.ft.com
– المونيتور، البنك المركزي التركي يرفع سعر الفائدة إلى (٤٠٪). https://www.al-monitor.com
– بلومبرغ، أردوغان يراهن على الجغرافيا السياسية لدعم اقتصاد تركيا. https://www.bloomberg.com
– ميدل إيست آي، الدستور الجديد لأردوغان في ظل صفقة مع حزب العمال الكردستاني.
https://www.middleeasteye.net
– الغارديان، سوريا بعد الأسد: هل تصبح الحدود المقبلة لتركيا؟ ديسمبر (٢٠٢٤).
https://www.theguardian.com
– العربية، الدول العربية تحذر من التوسع التركي في المنطقة، يناير (٢٠٢٥). https://www.alarabiya.net
ديفنس نيوز، تركيا تأمل بصفقة طائرات (F-16) خلال رئاسة ترامب، مارس (٢٠٢٥).
https://www.defensenews.com
– تي آر تي وورلد، ممر زانكيزور: ساحة جديدة للتوتر بين تركيا وإيران، فبراير (٢٠٢٥).
https://www.trtworld.com
– محمد هادیفر: تحولات پس از انحلال پ. ک. ک. https://n9.cl/w2rjsb
– محمد آلچا، ميدل ایست آی: پیامدهای خلع سلاح پ. ک. ک برای بغداد واربیل. https://n9.cl/da62o
– کرد پرس: احتمال آزادی مشروط زندانیان کرد پس از انحلال پ. ک. ک. https://n9.cl/0zw16
– مع اقتراب الانتخابات في تركيا، خطاب أردوغان المعادي للأكراد يغذي القمع.
– أصوات تركيا: رأي الشعب في عملية السلام.
https://eismena.com/en/article/voices-of-turkey-the-peoples-opinion-on-the-peace-process-2025-05-14eismena.com+1P.A. Turkey
– سهم تركيا تقفز، والسندات ترتفع مع إضافة حل حزب العمال الكردستاني إلى ارتياح التجارة.