بایراکتارو شاهید؛ دوو دیوی تری کێبڕکێی تورکیاو ئێران
نوسینی: ئەحمەد محەمەد فال |ناوەندی جەزیرە بۆ لێکۆڵینەوە
وەرگێڕانی: عەبدولقادر فاروق

فڕۆکەیبێفڕۆکەوانی تورکیو ئێرانی ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە جەنگی ڕووسی – ئۆکرانی لە هەردوو دیوی جەنگەکە.
بێفڕۆکەوانەکانی بایراکتاری تورکی توانستیان بەخشییە ئۆکرانیا بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی ڕووسیاو سوپای ئۆکرانی بە هێزەوە لەگەڵ دەستپێکی جەنگ بەکاریهێنا، هەر بۆیە وەک نیشانەی بەرخۆدانی ئۆکرانی نیشاندرا.
لە هەمان کاتدا، ڕووسیا بێفڕۆکەوانەکانی شاهیدی ئێرانی بە چڕی بەکاردەهێنێتو توانیی لە ماوەی شەوێکدا لە ئابی ساڵی ڕابردوو بە (٥٤٦) فڕۆکەیبێفڕۆکەوان بۆردومانی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا بکات.
هەروەها ڕووسیا فڕۆکەخانەی تایبەت بە ناردنی بەکۆمەڵی بێفڕۆکەوانەکانی شاهیدی دروستکردو لە ڕێگەیەوە زیانێکی گەورەی گەیاندە هێزەکانو ژێرخانی ئابووریی ئۆکرانیا.
دەپرسین: ئایا چەکی تورکیو ئێرانی چ ڕۆڵێک دەیگێڕێت لە ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیاو ڕۆژئاوا؟ دەسکەوتەکانی تورکیاو ئێران چین لەمەدا؟ چی لە پشتی کێبڕکێی نێوان ئەنقەرەو تارانەوەیە لە جەنگەکانی ناوچەکەو جیهاندا؟
بایراکتار پێشڕەویی ڕووسەکان ڕادەگرێت
بە پێی ڕاپۆڕتێکی سایتی “زە وار زۆن”ی جیهانیی تایبەتمەند بە کاروباری جەنگ، کە لە سەرەتای ئەیلوولی ڕابردوودا بڵاوکراوەتەوە، کە لەلایەن توێژەر هوارد ئەڵتمانەوە ئامادەکراوە، دەڵێت، کە فڕۆکەکانی “بایراکتار تی بی٢” بێفڕۆکەوانێکی دووکلکیی بەرزی ناوەندە، کە چەکی بچووکی ئاڕاستەکراو بەردەداتەوە، کە لە یەک دەرچوونی ئاسمانیدا دەتوانێت زیاد لە ئامانجێک بپێکێتو لە دوای ماوەی دابڕان دیسان گەڕایەوە بۆ جێبەجێکردنی هێرشە کاریگەرەکانی دژ بە هێزەکانی ڕووسیا.
نوێترین ئەم هێرشانە لە سەر بەلەمێکی ڕووسی بوو لە کەناری دەریای ڕەش، کە کاری گواستنەوەی سەرباز بوو. لە ئەکاونتی فەرمیی خۆیدا لە تیلیگرام، هێزی دەریایی ئۆکرانی ڕایگەیاند، کە “بەلەمێکی خێرای سەر بە هێزی دەریایی ڕووسییان لە دەریای ڕەش لەناوبرووە، کە هەوڵی گواستنەوەی یەکەیەکی دەدا بۆ تێندریفسکا”.
لە درێژەی بابەتەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی بەرگریی ئۆکرانی پێش چەند هەفتەیەک ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، کە هێرشێکی دیکەیان بۆ سەر بەلەمێکی بچووکی ڕووسی لە ڕێگەی فڕۆکەی (تی بی2)ەوە کردووە، بەڵام ئەم جارەیان لە نزیکی بەندەری زالینی لە ناوچەی خێرسۆن بووە.
لە حوزەیرانی ڕابردوودا هێزی دەریایی ئۆکرانی لە گرتەڤیدیۆیەکدا هێرشێکی فڕۆکەی بایراکتاری تی بی2 بۆ سەر کەشتییەکی نیشتنەوەی ڕووسی نیشاندا، لە کەناری ڕۆژئاوا لە خیرسۆن.
بە پێی ڕاپۆرتی زە واڕ زۆن، فڕۆکەی بایراکتار ڕۆڵی وەکو چەکێکی زۆر کاریگەر گێڕا لە لای ئۆکرانییەکان لە ڕۆژەکانی سەرەتای جەنگدا، کە ئەرکی هێرشبردنو گەڕانی سەرەکی جێبەجێکردو ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا لە ڕاگرتنی هێزێکی زەبەلاحی ڕووسی، کە پێشڕەوییاندەکرد بەرەو کیێڤ.
فڕۆکەکانی بایراکتار هاوکاری ئۆکرانیا بوون لە گێڕانەوەی دوورگەی مار لە ڕۆژئاوای دەریای ڕەش، لە ڕێگەی هێرشکردنەسەر ئامانجەکانمان هەر لە دەرکەوتنەکانیان لە وشکانیو بەئامانجگرتنی ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت پێیانبکەن.
ئەم سەرکەوتنەی بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هیوایەکی بچووکی دەگمەنی بەخشییە ئۆکرانیا، هەروەها ئەم سەرکەوتنە ئیلهامبەخش بوو بۆ هونەرمەند تاراس بۆرۆفۆکی ئۆکرانی، کە گۆرانییەکی سەرنجڕاکێشی دەرکرد لە سەر فڕۆکەکانی بایراکتار، کە جۆشوخرۆشی بەخشییە ئۆکرانییەکانو بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت بڵاوبووەوە.
بە پێی قسەکانی توێژەر ئەڵتمان، ئۆکرانیا دەستیکرد بە بەکارهێنانی بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا پێش لەشکرکێشیی تەواوەتیی ڕووسیا. لە کاتێکدا یەکەم لێدان لە ڕێکەی ئەم فڕۆکانەوە لە تشرینی یەکەمی (٢٠٢١) بوو، کە بۆ لەناودانی سەکۆی تۆپخانەی سەر بە هێزی جودای پاڵپشتکراو لەلایەن ڕووسیاوە بووە لە ناوچەی دۆنباس.
ڕۆژنامەی “يونايتد 24″ی ئۆکرانی حوزەیرانی ڕابردوودا باسی لەوە کرد، کە “ڕووسیا بە هێرشەکانی تی بی٢ ڕاهاتووەو ئێستا بەرپەچیدەداتەوە، ئەمەش وایکردووە سوپای ئۆکرانی بەکارهێنانی بۆ ئەم فڕۆکەیە بەرتەسکبکاتەوەو تەنها بۆ گەڕانو دیاریکردنی ئامانجی لێدانە دەگمەنەکانو دیاریکردنی ناوچە لاوازەکانی بەرگری بەکاریبێنێت”.
لە ڕاپۆرتێکیدا ڕۆژنامەی “ئۆکرانیا دیڤێنس ئێکسپرێس”ی هەواڵی هێرشەکانی فڕۆکەی “بایراکتار”، کە لە ڕۆژەکانی دواییدا کەوتووەتەسەر هێزەکانی ڕووسیا، بە خاوەنی گرنگییەکی تایبەتی دەزانێتو ئەوە دەگەیەنێت، کە هێزی بەرگریی ئۆکرانیا بە پێی سیستەمێکی دیاریکراو کاریکردووەتەسەر لاوازکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسی، کە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، کە فڕۆکەکانی بایراکتار توانای ئەوەی هەیە، کە بە سەرکەوتوویی هێرشەکانی بەجێبگەیەنێت.
بە پێی قسەکانی توێژەر ئەڵتمان، فاکتەرێکی گرنگ هەیە، کە زیاتر هانی ئۆکرانیا دەدات بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بایراکتار تی بی٢، ئەوەش بەرهەمهێنانی فڕۆکەکەیە لە ناوخۆی ئۆکرانیادا، لە ماوەی کۆتاییشدا ڕووسیا کارگەیەک بەئامانجگرت، کە تێیدا فڕۆکەی بایراکتار دروستدەکراو ئەمە چوارەم لێدان بوو لە ماوەی شەش مانگدا بۆ سەر کارگەکە، کە بە دەیان ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کراوە.
شاهید ترس دەخاتە دڵی ئۆکرانییەکانەوە
بە پێی شیکارییەکی سەنتەری ئەمریکیی توێژینەوە ستراتیژییەکانو نێودەوڵەتییەکان، ڕێژەی بەکارهێنانی “شاهید” لەلایەن ڕووسییەکان بەرزبووەتەوە بۆ بەکارخستنی (٢٠٠) لە هەفتەیەکدا لە ماوەی (٢٠٢٤)داو بۆ زیاتر لە هەزار فڕۆکە لە هەفتەیەکدا لە ماوەی (٢٠٢٥)دا.
بە پێی ڕاپۆڕتێکی ڕۆژنامەنووس گیۆم مۆڕێس لە تۆڕی فڕانس-24 بە ناونیشانی “ڕووسیا فڕۆکەخانەو ژێرخانی ئابووریی تایبەت دروستدەکات بۆ بەکارخستنی بێفڕۆکەوانەکانی شاهیدی ئێرانی بۆ سەر ئۆکرانیا”، ئەم فڕۆکانە کە مەودایان لە نێوان (1700) بۆ (2500) کیلۆمەتردایە، بە هەڕەشەیەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ سەر ئۆکرانییەکان.
هەرچەندە خێراییەکەی تا ڕادەیەک کەمە، کە دەگاتە (180) کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، بەڵام “شاهید” ئاسانتر دەمێنێت لە ڕووی بەکارخستنەوە، کە دەتوانرێت زۆرینەی لە سەر بارهەڵگرێک یان سەکۆیەکی بەکارخستنی زەمینیی سادە یەکاربخرێن، تەنانەت لە سەر ئۆتۆمبێلێکی (4×4)ی ئاسایی.
بە پێی قسەکانی ڕۆژنامەنووس مۆڕێس، ڕووسیا بێفڕۆکەوانەکانی “شاهید” دژ بە ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت لە تشرینی یەکەمی (2022)ەوە، بە سوودبینین لە نرخە نزمەکەی، بە ڕەچاوکردنی ئاسانیی دروستکردنیو توانای بەرهەمهێنانی بە چڕی، کە تێچووەکەی لە نێوان (20) هەزار بۆ (50) هەزار دۆلاردا مەزندەدەکرێت، بە پێی تایبەتمەندیی هەر مۆدێلێکی، لە کاتێکدا ڕووسیا لە نێوان ملیۆنێک بۆ دوو ملیۆن دۆلار خەرجدەکات لە دروستکردنی مووشەکی جۆری کرۆزدا.
هەر لە سەرەتای (2023)وە، ڕووسیا دەستیکرد بە دروستکردنی بێفڕۆکەوانەکانی “شاهيد” لە خاکەکەی بە بڕێکی زۆرو ناوی (جيران-2)ی لێنا، لەگەڵ هێشتنەوەی چەند پێکهاتەیەکی ئێرانیدا.
ڕۆژنامەنووس مۆڕێس لە زمانی هەندێک هاوڵاتیی ئۆکرانییەوە، ترسیان لە دەنگی فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا دەگێڕێتەوە، کە بە بەردەوامی لە ئاسمانی وڵاتەکەیاندا دەفڕێتو دەبێت بە هۆی کوشتنی زۆرینەیان. یەکێک لەوانە هاواریکرد: “کاتێک فڕۆکەکە بە سەر شارەکەمدا دەفڕێت، هەر لە دوورەوە گوێم لێیەتی. دەنگە بەرزەکەی بەو دەنگە دەکات، کە لە ماتۆڕسکیڵێک دەردەچێت لە دوای لابردنی دەنگبڕەکەی (کاتم)”.
بە پێی قسەکانی مۆڕێس، هێزەکانی ڕووسیا لە هەوڵی چڕکردنەوەی بەکارهێنانی بێفڕۆکەوانەکانی “شاهيد”ن بە ڕادەی نقومبوونو لاوازکردنی بەرگریی مووشەکی ئۆکرانیو ترساندنی لە هەمان کاتدا، بە جۆرێک کە توانای مامەڵەکردنی نەبێت لەگەڵ دۆخەکەدا بە هۆی زەبەلاحیی ژمارەی ئەو فڕۆکانەی کە هێرشیانهێناوەو ئەم تاکتیکە ڕێگە بە ڕووسیا دەدات، کە نەخشەی تۆڕی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا بکێشێت، بۆئەوەی بەئامانجیبگرێت.
بە پێی لێکۆڵینەوەی مۆڕێس، ڕووسیا ژێرخانێکی ئابووریی نوێ دروستدەکات بۆ بەکارهێنانی بێفڕۆکەوانەکانی شاهید، تا ئێستا (١١) شوێنی ڕووسیا بە درێژایی سنوور ئاشکرابووە بۆ بەکارخستنی ئەم فڕۆکانە.
بنکەی تسیمبۆلۆفا، کە بنکەی سەرەکیی بەکارخستنی بێفڕۆکەوانەکانی “شاهيد”ه، دەکەوێتە نزیک شاری ئۆریۆڵ لە دووریی (١٧٠) کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاو هەشت سەکۆی زەمینیی بەکارخستنو ڕێگەیەک بە درێژایی (٢.٨) کیلۆمەتر لە سەر ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بۆ بەکارخستنی فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکان لەخۆدەگرێت. ڕێگە بەم شوێنە دەدرێت (١٤)و نزیکەی (١٠٠) دانە لە شەوێکدا فڕۆکەیبێفڕۆکەوان لە یەک کاتدا بەکاربخات.
فڕۆکەی شاهیدی (١٣٦) بی ئێرانی بەوە ناسراوە، کە سەرێکی سەربازی لەخۆدەگرێت، کە (٥٠) کیلۆگرام تەقینەوەی تێدایە (میدیای ئێرانی).
تورکیاو پڕۆسەی سەختی هاوسەنگکردنەوە
بێگومان سەرکەوتنی سەربازیی فڕۆکەکانی بایراکتاری تورکی لە سەر مەیدانی جەنگی ئۆکرانی وا لە تورکیا دەکات، کە متمانەپێکردنی تەکنەلۆژی زیادبکاتو سەرنجی کڕیاری نوێ ڕابکێشێتو سوودی سیاسی وەربگرێت لەم تەکنەلۆژیایە.
توێژینەوەیەکی پێشووی توێژەر ساچا میکایلێس کە سایتی “ڕاس”ی کەنەدی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هاوکاریکردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لەلایەن تورکیاوە بە پێدانی فڕۆکەی بایراکتار، بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوە نییە بۆ هەبوونی هاوپەیمانیی سەربازی لە نێوان ئەنقەرەو کیێڤدا.
توێژەر میکایلێس وایدەبینێت، کە ئەنقەرە باوەڕی وایە پڕۆسەی هاوسەنگکردنەوە پێویستە بۆ دڵنیاکردنەوەی لایەنگیریی خۆی بۆ هاوپەیمانیی ناتۆ لە دوای گرژییەکانی نێوان خۆیو هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا بۆ چەند هۆکارێک، کە یەکێکیان کڕینی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیی (S-400) بوو لەلایەن ئەنقەرەوەو کڕینی غازی ڕووسی بالڕۆبڵ بوو.
تورکیا کار لە سەر بەدیهێنانی پڕۆسەی سەختی هاوسەنگی دەکات بە کۆکردنەوەی هەردوولا، کە ڕەزامەندی ناتۆ بەدەست دەهێنێت لەڕێی پێدانی بێفڕۆکەوانەکانی بایراکتار بە ئۆکرانیا، وە دووەمیان ڕەزامەندی ڕووسییەکانە بە ڕەتکردنەوەی جێبەجێ کردنی سزای سەپێنراو لە سەر کەرملێن لەلایەن ڕۆژئاواو بەردەوامی پێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا کە بە سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی دادەنرێت لەگەڵ تورکیادا.
توێژەر میکایلێس هەماهەنگیی تورکەکانو ئۆکرانییەکان وادەبینێت، کە وەڵامدانەوەیەک بێت بۆ دوودڵیی هاوبەشی نێوان هەردوولا بەرانبەر بە باڵادەستیی پێشبینیکراوی ڕووسیا لە دەریای ڕەش، ئەو ڕێگایەی کە ئەم دەریایە فەراهەمیدەکات بۆ گەیشتن بە دەریای سپیی ناوەڕاست، وایلێدەکات ببێتە پرسێکی ستراتیژی، بە تایبەت بڕی هایدرۆکاربۆناتو بەرهەمە کشتوکاڵییە هەناردەکراوەکان، کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دێتو پێیدا تێدەپەڕێت.
ئۆکرانیاو ڕووسیا بە گەورەترین هەناردەکاری دانو گڵۆبەڕۆژەو پەیين دادەنرێنو دەریای ڕەش بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی هەناردەکراوەکانیان.
تورکیا، کە قازانجی ئابووریو سیاسیی جۆراوجۆر بەدەستدەهێنێت لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی هەردوو تەنگەبەری بۆسفۆڕو دەردەنیلەوە، هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات لە هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ بەردەستکردنی دەروازەیەک بۆ “دەریا گەرمەکان” (بە تایبەت دەریای سپیی ناوەڕاست) لە ڕێگەی بەهێزکردنی کاریگەریی ڕووسیاوە لە دەریای ڕەش، بە پێی وتەی خودی توێژەرەکە.
بە نیسبەت میکایلێس، بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان کیێڤو ئەنقەرە بەشدارە لە بەرەنگاربوونەوەی ئامانجەکانی ڕووسیا لە دەریای ڕەشو بوونی تورکیا لە مەیدانی ئۆکرانیدا ئاماژەیە بۆ گرنگیپێدانی تورکیا بە تەتەرەکانی قرەم (دانیشتوانی ڕەسەنی ئۆکرانیا).
ئێرانو هاوپەیمانی لەگەڵ ڕووسیا
هەر لە مێژوودا، پاڵپشتیی ئێرانی پەیوەستکرا بە نزیکیی ئایدۆلۆژیی ڕوون لەگەڵ ڕووسیادا. هەر لە دروستبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەرپرسەکانی ڕاهاتن بەو ژینگە نێودەوڵەتییە دژبەرە وەک هێرشێک لە سەر مانەوەیان، ئەم وێنایەش دوژمنایەتیی توندی ڕۆژئاوا بەهێزتریدەکات.
پێدانی فڕۆکەیبێفڕۆکەوان بە ڕووسیا لەلایەن ئێرانەوە دڵنیایی بوونی هاوپەیمانیی ڕووسی پێدەبەخشێتو دووردەبێت لە جودایی لە مەیدانی نێودەوڵەتیداو پێچدانەوەیە لەو سزایانەی ڕۆژئاوا، کە ئامانجی خنکاندنی ئابووریی ئێرانە.
شیکەرەوەی سیاسی؛ بلاوۆن نیکیڤۆڕۆڤ، لە وتارێک کە لە سایتی ڕیدڵی تایبەت بە کاروباری ڕووسیی بڵاویکردووەتەوە بە ناونیشانی “ڕووسیا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؛ لە نێوان پاڵپشتیی ئێرانیو کێبڕکێی تورکیدا”، پێیوایە، کە زۆر جار گێڕانەوە میدیاییەکان زیادەڕەویدەکەن لە باسی هەبوونی هاوپەیمانیی ڕووسی – ئێرانی، کە ژمارەیەکی زۆر لە سیاسییەکانو شارەزایانی ڕۆژئاوا هاوکار بوون بۆ چەسپاندنی وێنای خەیاڵیی ئەم هاوپەیمانییە.
شیکەرەوەکە وایدەبینێت، کە لایەنی ڕووسی بە مەبەست پەرەو بەردەوامیی بەم وێنایە داوە، بە نموونە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا؛ سێرگی لاڤرۆڤ، دڵنیایکردەوە، کە ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژیی گشتگیر، کە لە کانوونی دووەمی (٢٠٢٥)دا واژۆکراوە، هەماهەنگییەکی گشتگیر لە بواری ئاسایشو بەرگری لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سیمایەکی گەورەی ئاهەنگگێڕان بەخۆیەوەدەبینێت.
نیکیڤۆڕۆڤ لە بارەی باسی پەیوەست بە کاردانەوەی خۆپارێزیی ڕووسیاوە بەرانبەر بە جەنگی (١٢) ڕۆژەی نێوان ئیسرائیلو ئێران، کە پێیوایە ئەو کاردانەوەیە هۆکارەکەی سەرقاڵبوونی کرملین نەبوو بە ئامادەکارییە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا، بەڵکو دەرئەنجامی مەنتیقی سیاسەتی ڕووسیا بوو لە بنیاتنانی هاوپەیمانیەتییەکان. تەنانەت لە ماوەی پێش ئۆکرانیادا، مۆسکۆ نەیدەتوانی زیاتر لە پاڵپشتییەکی ڕەمزی ببەخشێتە ئێران، هەر وەک “دانەسەر شانێک”.
توێژەر کان کاسابۆگلۆ، وایدەبینێت کە جەنگی ڕووسی – ئۆکرانی پەیوەندیی سەربازیی پیشەسازیی لە نێوان مۆسکۆو تاراندا پتەوترکرد، کە تێیدا مۆسکۆ هاوکاریی تەکنیکیی پێشکەش بە تاران کرد لە کۆمەڵێک بواری سەرەکیدا، لەوانە بەرنامەی فەزایی، کە دەتوانێت یارمەتیدەری بێت بۆ بەرەوپێشبردنی موشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکانی.
لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت
كوردی

