ئایا ئیسرائیلو تورکیا نزيكبوونەوەتەوە لە پێکدادان؟
نوسینی: عەلى باکیر (Ali Bakir)
ناوەندی بڵاوکردنەوەی سەرنجی نیشتیمانی (The National Interest)
وەرگێڕانی: تورکیاناسی

عەلی باکیر (Ali Bakir)
پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە زانکۆی قەتەر. پسپۆڕی کاروباری نێودەوڵەتیو ئاسایشو بەرگرییە. ئەندامى باڵایە لە دەستپێشخەریی سکۆکرۆفت بۆ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەر بە ئەنجومەنی ئەتڵەسیو پڕۆگرامەکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی.
ناوەندی بڵاوکردنەوەی سەرنجی نیشتیمانی (The National Interest)
ناوەندی بڵاوکردنەوەی سەرنجی نیشتیمانی (The National Interest) ناوەندێکی لێکۆڵینەوەیە لە بوارەکانی بەرگری، ئاسیشی نیشتیمانی، سەربازی، سیاسەتی دەرەوەو سیاسەتی ئەمریکاو بابەتەکانی تەنها لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاودەکاتەوە.
پەیوەندیی نێوان ئیسرائیلو تورکیا بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو خراپبوون دەچێتو گەیشتووەتە لێواری ڕووبەڕووبوونەوەى چەکداری. پەیوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە ماوەی دە ساڵى ڕابردوودا پێیناوەتە مەترسیدارترین قۆناغی خۆیەوە، ئێستا هەردوو وڵات بە ئاشکرا باس لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەکەن. ئەوەی وەک گرژیی دیبلۆماسی لە سەر غەززە دەستیپێکرد، پەرەیسەندووە بۆ کێبڕکێیەکی ستراتیژیی فراوانتر، کە هەڕەشەی دووبارە داڕشتنەوەى ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات. لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەنقەرەو تەلئەبیب دەریدەخەن، کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە نزمترین ئاستدایە لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردووداو کاریگەریی لە سەر ناوچە جێناکۆکەکان لە سوریا دروستکردووە.
تێکچوونى پەیوەندییەکان ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە داینامیکی دەسەڵاتی ناوچەییدا، کە دەتوانێت کاریگەریی دوورمەودای لە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، سەقامگیریی ناوچەییو ململانێی فراوانتر بۆ کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت. لە کاتێکدا ئیسرائیل بە دوای ئەو شتەدا دەگەڕێت، کە سەرۆکوەزیران؛ بنیامین ناتانیاهۆ بە ئیسرائیلی گەورە ناویدەبات؛ پڕۆژەیەکی هەژموونی فراوان، کە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە کارى بۆ دەکرێت، بەتایبەتی لە دوای جەنگی شەش ڕۆژەی حوزەیرانی (١٩٦٧)ەوە. لە کاتێکدا تورکیا مۆدێرنیزاسیۆنی سەربازیو بەرنامەی پیشەسازیی بەرگریی خۆی خێراتردەکات، گۆڕەپانەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەک ئامادەبووە، کە ڕەنگە بتوانێت دیمەنی ستراتیژیی ناوچەکە لەقاڵببداتەوە.
هەڕەشەکردن لە یەکتر گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ئێستا شارەزایانی ئەمنیی ئیسرائیل بە ئاشکرا تورکیا بە هەڕەشەیەکی گەورەی ناوچەیی وەسفدەکەن. ئەم هەڵسەنگاندنە لە بەرزترین ئاستەکانی پلاندانانی ستراتیژیی ئیسرائیلدا بە فەرمی باسیلێوەکراوە. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، کۆمیتەی ناگل (لیژنەیەک کە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە ڕاسپێردرابوو) ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە تورکیای وەک مەترسیی ستراتیژی دەستنیشانکردو داوای لە ئیسرائیل کرد خۆی بۆ ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئەنقەرەدا ئامادەبکات.
بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل پەرەسەندنی هاوپەیمانی نێوان تورکیاو قەتەر بە مەترسیی ستراتیژی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەزانن. بە هەمان شێوە ئەمیخای چیکلی وەزیری کاروباری جولەکەکان لە دەرەوەی وڵاتو ئەندامی پارتی لیکودی نەتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، دوای ئێران پێویستە تورکیا ببێتە ئامانجی داهاتوو، پێشنیاریشیکرد ئیسرائیل هەڵمەتێکی میدیایی نێودەوڵەتی دژی تورکیا دەستپێبکات.
لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکە زۆر ڕوونە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، نەتانیاهۆ گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە هەمان کاتدا بەرپرسانی تورکیا ڕەفتاری نایاسایی ئیسرائیل بە هەڕەشەیەکی ڕوون بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی وەسفدەکەن. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشەکانیەوە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکو یەکگرتوویی نیشتمانیی وڵاتانی ناوچەکە بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
ئەم لێدوانانە، ڕەنگدانەوەی لێکدانەوەیەکى ستراتیژیی قووڵترە. بەرپرسانی تورکیا لۆمەی قەیرانی ئێستا دەخەنە ئەستۆی نەتانیاهۆو سیاسەتەکانی بە جێی پرسیارو نادروست دەزانن. ستراتیژە سیاسییەکانی نەتانیاهۆ جۆرێکە لە خۆدزینەوە لە لێپرسینەوەی ناوخۆییو بووە بە هۆی دروستبوونی ململانێی ناوچەیی لە غەززەوە تا لوبنانو سوریا. ئەنقەرە پێیوایە ڕاگەیاندنی ئەم دواییەی نەتانیاهۆ سەبارەت بە پلانەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززەو بەدیهێنانی پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورە ناسەقامگیرىی ناوچەکەى لێدەکەوێتەوە، کە ئامانج لێی دابەشکردنى وڵاتانی دراوسێیە بۆ ناوچەی تائیفی یان قەومیو سەپاندنی هەژموونی ئیسرائیلە لە ڕێگەی هەژموونی سەربازییەوە.
بەدواداچوون بۆ ئەوەی نەتانیاهۆ بە ساتەکانی (١٩٦٧) ناویدەبات (ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی یەکلاییکەرەوەی ئیسرائیل لە جەنگی شەش_ڕۆژەدا)، نوێنەرایەتیی هەوڵێک دەکات بۆ گۆڕینی هەمیشەیی هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە. کاربەدەستانی تورکیا ئەمە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەزانن، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە سوریا، کە هێزەکانی تورکیا ئامادەیی بەرچاویان هەیەو لە پێشینەی کارەکانیان پاراستنی یەکێتیو یەکپارچەیی خاکی وڵاتو گەیشتن بە سەقامگیرییە.
ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمی (٢٠٢٤)دا سوریای لە گۆڕەپانی شەڕی بەوەکالەتەوە گۆڕی بۆ شوێنێک، کە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیاو ئیسرائیلى تێدایە. لەگەڵ ئەوەی هەر وڵاتێک پلانێکى ناکۆک بۆ داهاتووی سوریا پەیڕەودەکات، مەترسییەکانی لێکدانەوەى هەڵە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیادیکردووە. سەرەڕای چەندین کۆبوونەوەو هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانیان لە ئازەربایجان، بەڵام هێشتا هیچ پێشکەوتنێک لە ڕێگریکردن لە ململانێی ئەگەری بەدینەهاتووە.
جوگرافیای سەربازی وادەکات بەریەککەوتنى چەکدارى نزیک بێت لە ڕودان. هێزەکانی تورکیا بەشێکی بەرچاویان لە باکووری سوریا کۆنترۆڵکردووە، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە باشوورو ناوەڕاست چڕتربووەتەوە. دوو کایەی کاریگەر بە شێوەیەکی مەترسیدار لە بەرژەوەندیی خۆیان کاردەکەن. بۆئەوەی ئەنقەره به تەواوی سوود له سوریای نوێ وەربگرێت، پێویستى بە بەدەستهێنانی دەوڵەتێکی سەقامگیرو یەکگرتوو و سەربەخۆو دوور له تیرۆرو خۆشگوزەرانە، کە له سوریادا ببێت. ئەم دیدە نەک تەنها لەگەڵ خواستەکانی دراوسێکانی سوریادا هاوتەریبە، بەڵکو لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەکتەرە ناوچەییو نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش سعودیە، قەتەر، ئەمریکاو ئەوروپا یەکانگیرە، بەڵام دوو ئەکتەری ناوچەیی (ئیسرائیلو ئێران) سوریایەکی لەو شێوەیە بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان دەزانن.
ئیسرائیل سەرهەڵدانی سوریایەکی بەهێز کە حکومەتەکەی نوێنەرایەتی زۆرینەی هەبێت نەک کەمینە، وەک ڕژێمی لەسەرکارلادراوی ئەسەد، وەک ئاڵنگارییەک بۆ دەسەڵاتو هەژموونی ناوچەیی خۆی دەزانێت. ستراتیژی ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سوریا وەک دەوڵەتێکی شکستخواردوو بە حکومەتێکی لاوازو کۆمەڵگەیەکی پارچە پارچەو تێوەگلاو لە ململانێی تائیفیو نەتەوەیی ناوخۆییدا بمێنێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئیسرائیل بەرفراوانترین هەڵمەتی ئاسمانی لە مێژووی خۆیدا لە دژی هێزە نوێیەکانی سوریا دەستپێکرد، لە دوای لابردنی ڕژێمەکەى ئەسەد. ئۆپراسیۆنەکە بە مەبەستی ڕێگریکردن بوو لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی وڵات لەلایەن حکومەتی نوێوە. ئیسرائیل بە تایبەتی لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا پێگە سەرەکییەکانی حکومەتی دیمەشقی کردە ئامانج، لەوانە وەزارەتی بەرگریو نوسینگەی سەرۆکایەتیی کۆمار. جگە لەوەش، ئیسرائیل بە ئاشکرا پشتگیری لە کەمینە نەتەوەییو تائیفییەکان دەکات لە دژی حکومەتی ناوەندی، هانیاندەدات داوای سەربەخۆیی بکەنو ئەگەری هەیە بکەونەژێر کاریگەریی ئیسرائیلەوە، بە تایبەتی بەشێک لە سەرکردەى دروزەکانو کوردەکان کە داوای دروستکردنی ڕێڕەوی داودیان کردووە، کە ناوچەی باشووری سوریا کە کەمینەی دروزەکانی تێدا نیشتەجێیە، بە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە دەبەستێتەوە، کە پێگەى پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)ی لێیە. ئەم ڕێڕەوە بە شێوەیەکی کاریگەر، کاریگەریی جوگرافیای ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوەوە تا ڕۆژهەڵاتی سوریاو عێراق لە سەر سنوورەکانی تورکیا درێژدەکاتەوە، پلانێک کە ئەنقەرە وەک هەڕەشەیەکی بەرچاوی ئاسایشی نیشتیمانی دەیبینێت.
ئەم ئامانجە دژبەیەکانەی تورکیاو ئیسرائیل ئەوەیان دروستکردووە، کە شرۆڤەکارە سەربازییەکان ڕەنگە ناویبنێن ئەندازەیی پێکدادان، کە تێیدا ناتوانرێت بەرژەوەندیو ئامانجە بنەڕەتییەکانی هەردوولا لە یەک کاتدا بەدیبهێنرێت. لە (٢١)ی تەمموزی ئەمساڵ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا بە توندی جەختی لەوە کردەوە، کە هێنانەکایەی دۆخێکی لەو شێوەیە هێڵی سوورە، بەڵێنیدا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا بکاتو ئەگەر پێویستبکات، دەستوەربدات بۆ ڕێگریکردن لە پلانێکی لەو شێوەیە. وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ هاکان فیدان ئەم هەڵوێستەی پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند، کە تورکیا دەستوەردەدات لە دژی هەر هەوڵێک بۆ پارچە پارچەکردنی سوریاو هەوڵەکانی پارچە پارچەکردن یان خۆسەری لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا سەیردەکاتو وتی: ئەگەر دیبلۆماسی شکستیهێنا، دەستوەردان بژاردەیەکى بەهێز دەبێت.
فاکتەرە پێکهاتەییەکانی بزوێنەری ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، سەرکردایەتیی تاکەکەسیو سوریا تێدەپەڕێنێت. دەرکەوتنی تورکیا وەک هێزێکی ناوچەیی کە خواستى جیهانی هەیە، لە بنەڕەتدا لەگەڵ دیدی ئیسرائیل بۆ بەدەستهێنانی باڵادەستی ناوچەیی بە سەر دراوسێکانیدا لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە ناکۆکە. لەگەڵ کەمبوونەوەی کاریگەریی ئێران، تورکیاو ئیسرائیل دەرفەتێک دەبینن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی دەسەڵاتەى کە دروستبووە (کێبڕکێیەک کە ڕەنگە تەنها لە ڕێگەی دیبلۆماسییەوە مەیسەرنەبێت).
دوای شەڕی (12) ڕۆژەی ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، زۆرێک لە بەرپرسانو پسپۆڕانی ئیسرائیل بە خۆشحاڵیییەوە بە ئاشکرا ڕایانگەیاند، کە تورکیا دەبێت ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل بێت. بیرمەندانی ئەمنیو سەربازیی ئیسرائیل بەدوای هاوپەیمانییەکی ناوچەیی فراوانتردا دەگەڕێن دژی ئەنقەرە، کە قوبرسی باشوورو یۆنانو وڵاتانی دیکەش لەخۆبگرێت. ڕۆژنامەی هایۆمی ئیسرائیلی پێشنیاریکردووە، کە ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ یۆنانو قوبرسی باشووردا، ئامادەکاریبکات بۆ ئۆپەراسیۆنێک، بۆ ڕزگارکردنی باکووری دوورگەی قوبرس.
وەڵامی تورکیا بۆ هەڕەشەی ئیسرائیل لە دوای شەڕی تەلئەبیب لەگەڵ ئێراندا گشتگیرو مەترسیداربووە. ئەردۆغان پلانەکانی بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی تورکیاو گەیشتن بە تواناکانی پیشەسازییەکی بەرگریی تەواو سەربەخۆ ڕاگەیاند، بە ڕوونی ئەم هەوڵانەی بە پەرەسەندنی ململانێی ئیسرائیلو ئێرانەوە بەستەوە. یاشار گولەر؛ وەزیری بەرگریی تورکیا “هێرشە نایاساییەکان”ی ئیسرائیلی ئیدانەکردو لە هەمان کاتدا ستراتیژییەکی فراوانتری بۆ پاراستنی وڵاتەکەى لە ژێر سیستەمی بەرگریی گومەزى پۆڵایین خستەڕوو.
مەودای مۆدێرنیزاسیۆنی سەربازیی تورکیا ڕەنگدانەوەی جددیەتی هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکانی سەر ئەو وڵاتەیە. ناوەندێکی بیرکردنەوەی لایەنگری حکومەت بە ڕاشکاوی هۆشدارییداوە، کە تورکیا دەبێت خۆی بۆ سیناریۆی فرەبەرەیی ئامادەبکات، کە هاوپەیمانیی ئیسرائیل لەگەڵ یۆناندا، بە پشتیوانیی زلهێزە بیانییەکان لەخۆبگرێت. پەردەلادان لە سەر یەکەم موشەکی هایپەرسۆنیکی تورکیا، کە ناوی تایفون (بلۆک-4)ە، هەروەها بۆمبی سەنگەرشکێن بە ناوی غەززەوە لە تەمموزی (٢٠٢٥)دا، ئاماژەیەکی ڕوون دەنێرێت سەبارەت بە ئەولەویەتە سەربازییەکانی ئەنقەرەو پەیامەکانی بەرپەرچدانەوە. ئەم جۆرە چەکانە بە تایبەتی بۆ ئەوە دانراون، کە بە وردی دامەزراوە ژێرزەمینییە بەهێزکراوەکان بکەنە ئامانج (ئەو جۆرە ژێرخانەی کە ئیسرائیل بۆ پاراستنی سامانە ستراتیژییەکانی گەشەیپێداوە).
پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری، لەوانەش فڕۆکەی جەنگیی (KAAN)، سیستەمی پێشکەوتووی فڕۆکەیبێفڕۆکەوانو تەقەمەنیەکانی سەنگەرشکێن، کە لەم دواییانەدا پەردەیان لە سەر لادرا، لەلایەن تورکیاوە وەڵامێکی ستراتیژییە بۆ ئەوەی ئەنقەرە چیدى متمانەی بە هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی ڕۆژئاوا نەماوە. هەرچەندە بەهێزکردنى توانا سەربازییەکانی تورکیا ئامانجی ستراتیژیی فراوانتری لە پشتە، بەدەر لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، بەڵام جەختکردنەوە لە توانا خۆییەکان ڕەنگدانەوەی خواستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دابینکەرانی ڕۆژئاوایە، کە ڕەنگە گواستنەوەی چەک لە کاتی قەیرانی ناوچەییدا سنوورداربکات. هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییە ئەمنییەکاندا، ڕەنگە لە هەمووی نیگەرانکەرتر، داواکارییە ناوخۆییەکانى تورکیا بێت بۆ بەدەستهێنانى چەکی ئەتۆمی. ململانێی ئەم دواییەی ئیسرائیلو ئێرانو پشتیوانیی بێسنووری ڕۆژئاوا بۆ ئیسرائیل لە کاتی شەڕەکانی غەززە، لوبنان، سوریاو ئێران، بووە بە هۆی پەرەسەندنی داواکارییە ناوخۆییەکان بۆ پەرەپێدانی توانا ئەتۆمییەکانی تورکیا. ئەگەرچی گەشەسەندنێکی لەو شێوەیە کاتێکی زۆری دەوێت تا بەدییبهێنێتو بە دڵنیاییەوە، ڕووبەڕووی ئاڵنگارىی بەرچاو دەبێتەوە. خودى پەنابردن بۆ بژاردە ئەتۆمییەکانیش ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی تورکیایە بۆ ئەو مەترسییە جددییەی کە ئیسرائیل دروستیکردووە.
لە کاتێکدا نەتانیاهۆ پێیوایە، کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تورکیادا حەتمییە. مەرج نییە بەرپرسانی تورکیا لەگەڵیدا هاوڕا بن، بەڵام دان بەوەدا دەنێن، کە مەترسییەکان لە ژێر سەرکردایەتیی ئێستای ئیسرائیلو ئەجێندای ناوچەییە ناسەقامگیرکەرەکەیدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە. سەربارى ئەوەش، هەروەک ئاماژەمانپێدا، بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن، کە هەردوولا خۆیان بۆ شەڕ ئامادەدەکەن. پلاندانەرانی ستراتیژی ئیسرائیل هۆشدارییانداوە، کە ئیسرائیل دەبێت خۆی بۆ ئەگەری شەڕ لەگەڵ تورکیادا ئامادەبکات، لە کاتێکدا بەرپرسانی تورکیا باس لە پێویستیی ڕێگریکردنو ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل دەکەن.
بۆ ئەمریکا، ڕکابەریی نێوان تورکیاو ئیسرائیل دووڕیانێکی توندو تایبەت دروستدەکات. پەیوەندییە نزیکەکانی واشنتۆن لەگەڵ هەردوو وڵاتدا پابەندبوونی کێبڕکێکار دروستدەکات، کە ڕەنگە ئاشتبوونەوەیان مەحاڵ بێت. هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی هاوبەشییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ئەنقەرەو تەلئەبیبدا، ئەگەر گرژییەکان بەرەو ململانێی ڕاستەقینە پەرەبسێنن، وادەکات بژاردەکانى ئەمریکا سەختتر بێت سەبارەت بە ئەولەویەتە ناوچەییو پابەندبوونەکانى بە هاوپەیمانەکانەوە.
ڕەوتی ئێستا ئەوە نیشاندەدات، کە سەربارى هەوڵە دیبلۆماسییە دەستبەجێیەکان، پێدەچێت هەندێک جۆری کێبڕکێی ستراتیژی لە مەودای کورتخایەنو مامناوەنددا بەردەوامببێت. ئاڵنگاریی داڕێژەرانی سیاسەت لە واشنتۆن ئەوەیە، کە مەترسییەکان بۆ کەمترین ئاست کەمبکەنەوەو ڕێگریبکەن لەوەى ئەمریکا بە هۆى سیاسەتەکانى ئیسرائیلەوە ڕابکێشرێت بۆ ناو زۆنگاوێکى دیکەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پێناچێت لە کورتمەوداو درێژمەودادا سوودی بۆ ئیسرائیل هەبێت. ئەم کارەش پێویستی بەوە دەبێت، ئەمریکا تەنها پشت بە ئاواتخواستن نەبەستێت، بەڵکو فشارێکی جددی لە سەر نەتانیاهۆ دروستبکات، تا دەستهەڵبگرێت لە سیاسەتی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە. پرسیاری سەرەکیش لێرەدا ئەمەیە: ئایا دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو حیکمەتو ئیرادە سیاسییەی هەیە، کە پێش ئەوەی درەنگببێت، ڕێگریبکات لە پیسهاتێکی مەترسیداری لەو جۆری ئاماژەمانپێدا؟
لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت:
https://nationalinterest.org/blog/middle-east-watch/are-israel-and-turkey-on-a-collision-course
كوردی

