تاقیکردنەوەیەکی جیۆسیاسی بۆ ڕێگەچارەیەكی سەخت
داهاتووی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)دان لە باکووری عێراق
ئامادەكردن: یەكەی لێكۆڵینەوەكانی عێراق | وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: ئایندەناسی
خاڵە بنچینەییەكان
لە کاتێکدا کە هیوایەک بۆ کۆتاییهێنان بە جموجووڵە سەربازییانەی تورکیا لە چیاکانی قەندیل و دەوروبەری دەرکەوتووە، کە بۆ چەندین دەیە بەردەوام بووە، کێشەیەک سەبارەت بە چۆنیەتیی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە ئەنجامی کشانەوەی شەڕڤانانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە بەجێی دەهێڵێت، بە تایبەتی لە بنكە سەرەكییەكانیان لە زنجیرەچیاکانی قەندیل کە بەرزترین لوتکەی عێراق (هەڵگورد) لەخۆ دەگرێت و بە بنكە و قەڵای سەرەکیی پارتەکە دادەنرێت و هەمان كات ناوەندێكی گرنگ و ستراتیژیی پارتەكەیە بۆ جێبەجێکردنی بنەما تیۆری و ئایدۆلۆژییەكانی وەک “کۆنفیدراڵیەتی دیموکراتیک” کە لە كرۆكی بیروڕا فەلسەفییە چەپگەراكەی عەبدوڵا ئۆجەڵانەوە ئیلهامی وەرگرتووە. هەر بۆیە داهاتووی ئەو ناوچانەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکووری عێراق کۆنترۆڵی كردبوو؛ دەكەونە ژێر گریمانەی چەندین ئەگەر، کە خۆی لە خۆیدا دەرهاویشتەی ئاڵۆزی و ململانێ مێژوویی و بەردەوامەكانی نێوان پارتەکە و دەوڵەتی تورکیایە، هەمان كات لێكەوتەی كاریگەرییەكی ناوچەییە كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بارودۆخی ناوخۆیی عێراقەوە هەیە، هەر بۆیە ئەو ڕێگەیەی تاوەكوو ئێستا خراوەتە ڕوو، زیاتر پشت بە توانای دۆزینەوە و تێگەیشتنێکی سیاسی و ئەمنیی هاوسەنگ لە نێوان بەغدا، هەولێر و ئەنقەرە دەبەستێت، کە دووبارە خواستی یەکخستنەوەی گوندە سنوورییەکان لە ناو پێکهاتە و لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی دەوڵەتدا دێنێتە كایەوە.
لەم بارەدا چارەسەرکردنی كێشە و ئاریشەكانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەرفەتێکی نایاب و دەگمەن بۆ گواستنەوەی هەلومەرجی ناوچەکە لە دۆخێكی ئاڵۆزی پڕ ململانێوە بۆ دۆخێكی سەقامگیر دەهێنێتە كایەوە، بە مەرجێک کە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنێكی گونجاو و هاوكار بن، ئەویش بە پشتیوانییەكی نێودەوڵەتیی بەرچاو و ئامادە، ئەگەرچی تاكوو ئێستا ئەم هەنگاوانە خاڵی دڵنیایی و خاوبوونەوەی تێدا بەدی ناكرێت.
دەركەوتنی ئاسۆی گۆڕانکارییە گشتگیرە و هەمەلایەنەكان
چارەنووس و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) وەک وەڵامێکی گونجاو بۆ بانگەوازی ڕابەری مێژوویی پارتەكە و خودی عەبدوڵا ئۆجەڵان لە کۆتایی شوباتی ٢٠٢٥ هاتە كایەوە، شەپۆلێک پرسیار و گریمانەکانی سەبارەت بە داهاتوو، چارەنووس و ئایندەی سیاسی و ناوچەكانی ژێر هەژموون و دەستەڕۆیی پارتی كرێكارانی كوردستان دروست كردووە. ئەم پرسیارانە لە سەر چارەنووس و ئایندەی ئەو پارتە بە پشتەبەندیی گرفت و ئاریشە سنوورییەكانی نێوان عێراق و تورکیا و عێراق و ئێران، جەخت لەوە دەکەنەوە ئەم ناوچانەی كە لە نووسراوەکانی پارتەکەدا بە ناوی “ناوچەکانی پاراستنی میدیا” ناسراون، کە پێگەی جیۆسیاسییان لە چیاکانی قەندیل و سێگۆشەی سنووریدا كۆ بووەتەوە، بە تێكڕا بووەتە مەیدانی ململانێیەكی بەردەوام و ئامانجە ستراتیژی و سەرچاوەی مانۆڕە سەربازییەكانی دەوڵەتی توركیا.
لە نێو ئەو بارودۆخەشدا، ئەگەر پڕۆسەی چارەسەری ئاشتیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان سەرکەوتوو بێت، کە هێشتا لە قۆناغی ڕاگوزەر و تاقیکردنەوەدایە، ئەوا بە تەنها لە پرسە هەنووكەییەكانی وەک کۆتاییهێنان بە كار و كردەوە و مانۆڕی چەكداری و سەربازیی دوولایەن بەكۆتا نایەت، بەڵکوو گۆڕانکاریی جیۆسیاسی و ئەمنی لە قووڵایی هاوکێشەی ناوچەییدا دروست دەکات، بە تایبەتی لە عێراق كە گریمانەی كاردانەوەی خێرا و دەستبەجێی تیادا بەدی دەكرێت.
ئامار و دەیتا بەردەستەكان
بە پێی ڕاپۆرتی كۆڵینەوەی ڕێکخراوە ناوخۆییەکان، نزیکەی ١١٩٠ گوندی کوردی هەن کە چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان تیایاندا بڵاو بووەتەوە و هاوكات بوونەتە مەیدانێكی گرنگی ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرانبەر هێزە سەربازییەكانی دەوڵەتی توركیا، بە تایبەت لە ناوچەكانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی عێراق. بەرمەبنای ئەم ناكۆكییانە، هێزەکانی تورکیا بە پاساوی پاراستنی سنوور و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی هێرشە چەكدارییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، بە قووڵایی دەگاتە ٤٠ کیلۆمەتر و بە درێژایی پشتەبەندی سنووری باکووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوە، زیاتر لەوە تاكوو سەرەتای ساڵی 2025 نزیکەی ١٣٦ بنکە و پێگەی سەربازییان لەو ناوچانەدا دروست کردووە. بەم پێودانگە ئەم مەیدانە بەربڵاوەی شەڕ و پێكدادانەكان كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر ڕێگە چارەسەرییەكانی داهاتوو لە نێوان تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان جێ دەهێڵێت.
هەر چەندە تاكوو ئێستا بە هۆی كاریگەری و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، نزیكەی 183 گوند بە تەواوی ئاوارە بوون و گۆڕانکاریی دیمۆگرافییان لە 602 گوندی دیکەدا دروست کردووە، بەڵام هێشتا 405 گوند هەن کە بە هۆی پێکدادانی چەکدارییەوە دانیشتووانیان ناتوانن بگەڕێنەوە. ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بەشێکی زۆری ئەو ناوچە سنوورییانەی كە پێگەی شەڕی ڕاستەوخۆن، لە دەرەوەی کۆنترۆڵی فەرمیی هەردوو بەغدا و هەولێر دەمێننەوە و هەر پڕۆسەیەکی گواستنەوەش لە داهاتوودا زیاتر بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەکات.
جیا لەوانە، بەشێک لەو گوند و ناوچانە کە لە قەزای پێنجوێن نزیک سنووری ئێرانەوە تاكوو سێگۆشەی سنووری لەگەڵ تورکیا درێژ دەبنەوە، لە ژێر کۆنترۆڵ و هەژموونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دان، کە ئەم ناوچەیە بە ”ناوچەکانی پاراستنی میدیا” دادەنرێن، ئەویش ناونانێكی خوازراوە وەک هێمایەک بۆ میراتی كۆن و دێرینی ماددەكان، کە یەکەم قەوارەی جیۆگرافیی دەسەڵاتدار و مێژووی كوردە لە قۆناغی پێش زایینی. هەر بۆیە پارتی كرێكارانی كوردستان بە دیاریكراوی لە دوای ساڵی (٢٠٠٠)ەوە دەستی بە بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە کرد، هەر چەندە یەکەمین بلۆکی بنیاتنانی ئەم قەوارە زیاتر لە ساڵانی نەوەدەكاندا شێوەی گرتووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە عێراقدا. هەر چۆن بێت ئەو پارتە خاڵە ئەمنییەکانی دامەزراندووە، لە نێویاندا خاڵی گومرگی بۆ ئەو کاڵایانە کە لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردە دەکرێن. بەڵام ئەم هەرێمە دیفاکتۆیە ئێستا لە ئەنجامی دەستدرێژییەکانی تورکیادا پارچە پارچە بووە، بە تایبەتی لە ناوچە ناڕێکەکانی دەوروبەری ناوچەی زاب و ئاڤاشین، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک. لەوێدا شەڕڤانانی پارتی كرێكرانی كوردستان سەرقاڵی شەڕێکی گەریلایین کە بە تاکتیکێكی پارتیزانی تایبەتمەند مانۆڕەكانیان ئەنجام دەدەن، ئەویش بەو واتایەی کۆنترۆڵ و هەژموونی پارتەكە لەو ناوچانەدا نە هەمیشەیی و نە سەقامگیرە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ناوچەیە گرنگییەکی ستراتیژیی ناوازەی هەیە، نەک تەنها بە هۆی زەوییە شاخاوییەکەیەوە کە قەڵغانێکی سروشتیی بۆ دابین كردووە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی تۆڕێکی بەرفراوانی قەڵا و تونێلەکانی تێدایە کە ئەو حیزبە بە درێژایی دەیان ساڵ دروستی کردوون، هاوشێوەی ئەو مۆدێلەی کە بزووتنەوەکانی وەک حیزبوڵا لە باشووری لوبنان و حەماس لە کەرتی غەززە گرتوویانەتە بەر. ئەم قەڵایانە هەڵگری ستراتیژێکی چەکی بچووک و مامناوەندی پارتەکەیە، هەروەها مووشەکی دژەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی مەودای مامناوەندی تێدایە، لەوانەش ئەو پشتیوانییە سەربازییەی کە لە کاتی هاوپەیمانیی باڵی سووریا لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا وەریگرتووە. بۆیە چارەنووسی ئەم پشتێنە ئەمنییە دەبێتە یەکێک لە پرسە دڕکاوییەکان لە هەر ڕێککەوتنێکی بەرنامەبۆداڕێژراو كە زیاتر باس لە نیشتەجێبوون و سڕینەوەی شوێنەواری ئەو ناوەندە چەكدارییەی پارتەكە دەکات، بە تایبەت ئەگەر پەیوەندیی بە ڕادەستكردنی چەک و جبەخانەكانیەوە هەبێت.
لە ڕووی ئیداری و سیاسییەوە ئەم “هەرێمە سەپێنراوە” لە ناوچەکانی دەسەڵاتی کوردی لە عێراقدا خۆی دەردەخات، کە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دابەش کراوە، ناوچەکانی نزیک دهۆک و هەولێر بە پارتی دیموکراتەوە بەستراونەتەوە، لە کاتێکدا پێنجوێن و قەڵادزە و پشدەر و ڕانیە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستاندان.
سەرەڕای ئەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان (وەک مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی) هاتوچۆیان بۆ هەندێک لەو ناوچانە هەیە، بەڵام کۆنترۆڵی ڕاستەقینە لە دەستی پارتی کرێکاراندا مایەوە لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا. پارتەکە ئەو ناوچانەی بە ئەنجوومەنە گەلییەکان و شارەوانییە حزبییە خۆجێییەکانەوە بەڕێوە بردووە تاكوو ئەو کاتەی بۆردوومانی تورکی لە ساڵانی دواییدا توندتر بوو.
پاش ئەوەی کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتەکە لە مایسی ٢٠٢٥دا بە ئامادەبوونی ٢٣٢ ئەندام گرێ درا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارت و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بە ناوە مێژووییەکەی “PKK” دەرکرد، لێرەوە چارەنووسی ئەم کییانە سنوورییە نەناسراوە بووە قەیرانێکی ناوەندی لە گفتوگۆ هەرێمییەکاندا. بەڵام پارتەکە مەرجەکانی بۆ ئەم پڕۆسەیە بەو جۆرە خستە ڕوو، كە گرنگترینیان بەڕێوەبردنی چارەسەرەکە لە لایەن خودی ئۆجەلانەوە، دانپێدانان بە دیموکراسیەت و دابینکردنی دڵنیاییە یاساییەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکییەوە. ئەم مەرجانەش تاكوو ئێستا گریمانەیەكی تەماوی لە سەر چارەنووسی تەواوی پڕۆسەکە دەهێڵنەوە.
توانایی ئابووریی ناوچەکە
ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق بە سروشتە چڕ و جوگرافیا دەوڵەمەند و جۆراوجۆرەکەیان ناسراون، زنجیرەشاخی قەندیل بڕبڕەی سەرەکیی ئەم جوگرافیا شاخاوییە پێک دەهێنێت و بە جۆرێک درێژ دەبێتەوە بەرەو قووڵایی خاكی توركیا، ئەمەش ڕەهەندێکی جیۆسیاسیی زیادەی پێ دەدات. ئەم زنجیرەیە، لەگەڵ شاخەکانی خانیرە و هەڵگورد و نەفتانین، بەشێکن لە قەراخی شاخاویی ناسراو بە “زاگرۆس”، کە بەربەستێکی سروشتی پێک دەهێنێت و عێراق لە هەردوو ئێران و تورکیا جیا دەکاتەوە، هەروەها بە درێژایی ماوەیەكی زۆر پەناگایەکی سروشتی و شوێنێک بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە سەردەمە کۆنەکانەوە بووە، بە گوێرەی ئەوەی ئەنجامەکانی هەڵکۆڵینە شوێنەوارییەکان لە نزیک ناوچەکە پشتڕاستی دەکەنەوە.
ئەم زنجیرەیە بەرزترین لوتکەی شاخاویی لە عێراق لەخۆ گرتووە، لە پێشەوەیان لوتکەی “شێخ دار” کە بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی ٣٦١١ مەتر، دواتریش لوتکەی “هەڵگورد” بە بەرزیی ٣٦٠٧ مەتر لە ئاستی دەریاوە، ئەمەش تایبەتمەندییەکی تۆپۆگرافیی ئاڵۆز بە ئەم جوگرافیایە دەبەخشێت، و دەیکاتە ناوچەیەک کە گرنگیی ستراتیژی و ژینگەیی و گەشتیاریی تایبەتی هەیە.
لە سەر بنارەکانی ئەم شاخانە سەدان گوندی کوردی بڵاو بوونەتەوە، کە لە ڕووی ژییارییەوە پشت بە کشتوکاڵی نەریتی و ئاژەڵداری دەبەستن، هەروەها سەرچاوەیەکی ژیانی پێک دەهێنن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی شارە کوردییەکان لە گۆشت و میوە و سەوزە، جگە لە بەرهەمەکانی شیر و هەنگوینی سروشتی. هەروەها ئەم زنجیرەیە جۆراوجۆریی ژینگەیی نایابی لەخۆ گرتووە، جۆرەکانی ئاژەڵ و باڵندەی نایاب تێیدا بڵاو بوونەتەوە، لەگەڵ ئەو دەرفەتە ئایندەییە بەڵێنپێدراوانەی کە بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری دەیخاتە ڕوو، چونکە بە دیمەنی سەرنجڕاکێش و کەشوهەوای میانەیی تایبەتمەندە کە دەتوانێت بیکاتە یەکێک لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
سەرەڕای دەوڵەمەندیی ئەم ناوچەیە بە سامانە سروشتییەکان، بەڵام دۆخە ئەمنییە ئاڵۆزەکان، بە تایبەتی بە هۆی ناکۆکیی درێژخایەن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا، ڕێگر بوون لە ئەنجامدانی پڕۆسەی گەڕان و هەڵکەندن لەو ناوچانەدا تاوەكوو ئێستا. بەڵام هەندێک لە لایەنەکانی، بە تایبەتی ئەوانەی دەوروبەری ناوچەکانی ئاتروش و سەرسەنگ، نزیکن لە شوێنەکانی کێڵگە نەوتییەكان، هەروەها ڕاپۆرتی سەرەتایی و لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە ئەگەری بوونی یەدەگی گەورەی ئاسن و مس دەکەن، هەروەها دەرفەتی بەڵێنپێدراوی سەرەتایی بۆ بوونی کانزای نایاب وەک یورانیۆم و لیسیۆم.
جگە لەمەش، ناوچەکە دەرگا سنوورییە چالاکەکانی لەگەڵ ئێران لەخۆ گرتووە کە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا بەکار دێن، ئەمەش ڕەهەندێکی ستراتیژیی زیادەی پێ دەدات، جا لە ڕووی ئابووری یان ئەمنییەوە بێت، هەروەها کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچانە یان یەکخستنیان لە ناو میکانیزمە كارگێڕییە فەرمییەکاندا دەکاتە بابەتێکی زۆر گرنگ لە هەر گریمانەیەكی چارەسەركاریی ئایندەدا.
سیناریۆکانی ئایندە
بە گوێرەی ڕەوتی چارەسەر لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان و هەڵوێستی هێزە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزە نێودەوڵەتییە کاراکان، بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چوار سیناریۆی سەرەکی ئەگەر بۆ ئایندەی ناوچە شاخاوییەکانی قەندیل نیشان دەدەن:
سیناریۆی یەکەم: یەکخستنی تەواو لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان
بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە کە گریمانەی زیاتر و پەسەندترە، بەرپرسیاریەتیی بەڕێوەبردنی ناوچە لەدەستچووەكانی ژێر کۆنترۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان بە تەواوی دەگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەولێر، بە پشتبەستن بە نەخشەکانی دابەشکردنی ئیداریی پارێزگا و قەزاکان. دەزگا خزمەتگوزارییەکان و شارەوانییە کوردییەکان دووبارە دەسەڵاتیان لەو گوندانە بڵاو دەکەنەوە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە حزبە کوردییەکان لە چوارچێوەی مۆدێلی پاسەوانی کە لە دەستووردا شوێن و پێگەیان پارێزراوە. هەندێک دەنگی کوردی لە ناو هەرێمدا بانگەشەی ئەم گریمانەیە بە ئاشكرا دەكات.
سەرەڕای بوونی ئەم پێشنیارە، بەڵام بەر ئاستەنگی میدانیی هەستیار دەکەوێت کە گرنگترینیان: چارەنووسی کۆگای چەکداریی پارتی کرێکارانە و ڕەتکردنەوەی ئاشکرای ئەوان بۆ خستنەبەردەستی ئەو چەكانە، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هاوپەیمانی تورکیایە. تەنانەت یەکێتیی نیشتمانی کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ پارتی کرێکاران هەڵبەزو دابەزی كردووە، لەم پاشەكشەیەدا بۆچوونی ڕوون نییە، جگە لەمە، پارتی کرێکاران کۆمەڵگەی گەورەی دانیشتووانی لەم ناوچانە دروست کردووە، کە بە دەیان هەزار کوردی باكوور دەخەمڵێنرێت و تەنانەت بەڕێوەبردنیشیان ئەرکێکی ئاڵۆز بووە.
ئەم سیناریۆیە بە زۆرەملێ پێویستی بە وازهێنانی لایەنی تورکی هەیە لەو ناوچە جوگرافییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ناو خاکی عێراقدا دەسەڵاتی بەسەردا هەیە، ئەم بژاردەیەش بە لایەنی کەم لە ئێستادا لە لایەنی تورکییەوە گریمانەی قایلبوونی لێ ناكرێت، هەروەها لە گرنگترین ئەو كێشانەی كە دەکرێت دەسەڵاتەکانی هەرێم ڕووبەڕووی ببنەوە ئەگەر بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناوچەکە و دووبارە وەبەرهێنانی لەئەستۆ بگرن، لاوازیی توانایی ئابووریی هەرێم و قەیرانە داراییە بەردەوامەکەیەتی.
لە گرنگترین هۆکارەکانی دەکرێت ئەم بژاردەیە بەرجەستە بکات؛ پشتگیریی ڕاستەوخۆی ئەمەریكایە، كە هێشتا هەرێمی كوردستان لە ژێر بەڕێوەبەرایەتیی نوێی ئەمەریکیدا كاریگەریی هەیە، بە تایبەتی لەگەڵ هەبوونی کۆنسوڵخانەیەکی گەورە لە هەولێر و بنکەی سەربازیی حەریری ستراتیژی لە لایەن ئەمەریکییەکانەوە. ئاسایشی ئەم ناوچەیەش بەشێکە لە كارنامە بنچینەییەكانی ئەمەریکا، ئەگەر گرنگیی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن بەردەوام بێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەدیهێنانی ئەم سیناریۆیە پێویستی بە پشتگیریی سیاسی و دارایی و ئەمنی هەیە بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەهێزکردنی پێگەی گفتوگۆکارییان و دووبارە سەپاندنی کۆنترۆڵیان لە سەر ناوچەکە.
سیناریۆی دووەم: بەنێودەوڵەتیکردن لە ڕێگای هەماهەنگیی سیانەیی
ئەم سیناریۆیە دڵنیایی لە مانەوەی سوپای تورکی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەوروبەری ئەم ناوچانە دەدات، بۆ دوورکەوتنەوە لە گۆڕینیان بۆ پەناگەیەکی نوێ بۆ ڕێکخراوە کوردییە چەکدارەکان بە ناوی نوێ. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە کاتی سەردانەکەی بۆ پایتەختی ئازەربایجان؛ باکوو، ئاماژەی بەم ئاڕاستەیە کرد، کاتێک باسی هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ بەغدا و هەولێر کرد سەبارەت بە چەكدانانی پارتی کرێکارانی كوردستان.
ئەم بژاردەیە ئەوە دەگەیەنێت کە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە سەر هێڵی سنوور بڵاو ببنەوە، لە کاتێکدا خاڵە چاودێرییە تورکییەکان لە ناو تیشکی ئاسایشیدا دەمێننەوە، بە قووڵایی لە ناو خاکی عێراقدا، بۆ دڵنیایی لە ئاسایشی سنوور و ڕێگرتن لە دووبارە پێکهاتنی پارتەکە یان گۆڕینی ناوچەکە بۆ سەرچاوەی مەترسیی ئایندە.
بەردەوامبوونی مانەوەی هێزە تورکییەکان لە ناو خاکی عێراقدا تەنانەت دوای چارەسەری پرسی پارتی کرێکاران، دەبێتە هۆی ناڕەزایەتییەكی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی، جا لە بەغدا بێت یان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها لە لایەن ئێرانەوە کە هێشتا چارەسەری هاوشێوەی لەگەڵ لقی ئێرانی پارتی کرێکاران (پژاک) نەگرتووەتە بەر و لە ڕێگای دەستە ملیشیاییەکانی لە عێراقەوە کار دەکات لە سەر درێژەپێدانی ئاڵۆزی لەم ناوچەیەدا، لە ڕێگەی پشتگیریی دابەشبوونەکان لە ناو پارتی کرێکاران و چەکدارکردنی دابەشبووەکان بۆ دڵنیایی لە بەردەوامیی کۆنترۆڵیان لە سەر ناوچە شاخاوییەكانی قەندیل. هەروەها بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری سەر بە دەسەڵاتی بەغدا لە كارنامەی بنەڕەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت مەگەر ئەو هێزانە کورد بن.
سیناریۆی سێیەم: هەرێم دەگۆڕێت بۆ بنکەیەکی ئەلتەرناتیڤ بۆ گرووپە چەکدارەکانی تر
ئەم سیناریۆیە وا گریمانە دەکات کە گرووپەکانی ناو پەکەکە دوای جیابوونەوە و پێکهێنانی گرووپی نوێ لە ناوچەکەدا بمێننەوە، بە تایبەتی ئەوانەی لە ترسی لێپێچینەوە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا. لێرەدایە کە باڵی ئێرانی ئەو حزبە کە بە پژاک ناسراوە، دێتە گۆڕەپانەکەوە. تورکیا دەتوانێت چاوی لە چالاکییەکانی کوتلە دژە ئێرانییەکانی ناو پژاک لە چوارچێوەی کێبڕکێی ناوچەییدا دابخات و وەک چەقۆیەک لە دژی تاران بەکاریان بهێنێت. تاران کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی میلیشیاکانی عێراقەوە پشتیوانیی لە پەکەکە کردووە، ئەمەش وای لێ دەکات بەردەوام بێت لە شەڕەکەی، هەروەها هەوڵ دەدات فراکسیۆنە توندڕەوەکانی ناو ئەو حزبە هان بدات کە چەکدانان ڕەت بكەنەوە و كار بۆ درێژەدان بە خەباتی چەکداری خۆیان بكەن.
بەڵام ئەم سیناریۆیە لەڕادەبەدەر مەترسیدارە، چونکە دەکرێت ناوچەکە ببێتە بۆشایییەکی ئەمنی کە میلیشیا ناکۆکەكان لە هەموو ئاڕاستەکانەوە ڕابکێشێت، لەوانەش پاشماوەی ڕێکخراوە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک داعش و ئەنسارولئیسلام، کە دەتوانن بگەنە ئەو ناوچانە و خۆیان جێگیر بکەن.
سیناریۆی چوارەم: ئامادەبوونی شكڵی پارتی لە ژێر پەردەی ئاشتیی بەردەوامدا
ئەم سیناریۆیە وا گریمانە دەکات کە پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکان ئامادەیی بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە فەرمی هەڵوەشاندنەوە و داماڵینی چەکەکەی ڕابگەیەنرێت. چەند سەرکردەیەکی پەکەکە ڕەخنەیان لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە دەربڕیوە و هەڕەشەیان کردووە کە چەکەکانیان دانەنێین لە کاتێکدا سوپای تورکیا تەنها چەند مەترێک لە پێگەکانیانەوە دوورە. بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، چەکدارانی پەکەکە لە شاخ دەمێننەوە، بە بێ ئەوەی بەشداریی شەڕ بکەن، تاوەكوو چارەنووسی نیشتەجێبوونەکە دەربكەوێت، ئەگەری ئەوە هەیە سەرکردە دیارەکان وەک فۆرمێک لە “دەربەدەریی خۆبەخشانە” وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ گەڕانەوە بۆ تورکیا، بۆ دوورکەوتنەوە لەو گۆشەگیری و ڕووبەڕووبوونەوە چاوەڕوانکراوانەی لەوێ بمێننەوە.
بەدیهاتنی ئەم سیناریۆیە پەیوەستە بە جددیەتیی لایەنی تورکیا لە دامەزراندنی بناغەکانی یەکلاکردنەوەی هەمیشەیی. لە ئەگەری هەر پاشەکشەیەک لە پڕۆسەی نیشتەجێبوون لە سەر زەوی، دەکرێت چالاکیی چەکداری لە لایەن باڵەکانی دیکەی قەندیلەوە چالاک بکرێتەوە. ئەمەش پرسێكە کە تورکیا نایەوێت، بەو پێیەی ڕایگەیاندووە کە کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم پرسە دەکات.
پوختە و دەرەنجامەکان:
- ئاستەمە چارەنووسی ئەو پرسە بەو ساناییە دیاری بکرێت، کە ڕەنگە ناوی “هەرێمی پەکەکە” بێت. بەڵام ئەوەی دڵنیاییە ئەوەیە کە ئەم ناوچە جوگرافییە لە پەراوێزی جیۆپۆلەتیکدا نامێنێتەوە، بەڵکوو ڕەنگە ببێتە مژارێكی تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بە درێژخایەنترین شەڕی چەکداری لە مێژووی مۆدێرنی تورکیادا.
- ئایندەی ئەم هەرێمە بە ڕووی فرە ئەگەردا کراوەیە، کە ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزییەکانی ململانێی مێژوویی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەوڵەتی تورکیایە، هەروەها یاریکردن بە یەکتر کاریگەریی ناوچەیی و ناوخۆیی لەسەر عێراقیش دروست دەكات، ڕێگای پێشنیارکراوی تاوەكوو ئێستا پەیوەستە بە توانای دامەزراندنی لێکتێگەیشتنێکی هاوسەنگیی سیاسی و ئەمنی لە نێوان بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە، کە دڵنیایی دەدات لە یەکخستنەوەی گوندە سنوورییەکان بۆ ناو پێکهاتەکانی دەوڵەت. بەڵام مەترسییەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی کۆگا و تونێلە سەربازییەکان و گۆڕانی دڵسۆزیی شەڕڤانان؛ ئاڵنگارییەكی گەورەن بۆ هەر پڕۆسەیەکی نیشتەجێکردن، ئەویش پێویستی بە میکانیزمی توند هەیە بۆ داماڵینی چەک و چاودێریکردنی جێبەجێکردن.
- هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەرفەتێکی دەگمەنە بۆ گواستنەوەی ناوچەکە لە دۆخی ناکۆکییەوە بۆ دۆخی سەقامگیر، بەو مەرجەی هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم یەک بگرن، لەگەڵ پاڵپشتییەکی بەرجەستەی نێودەوڵەتی کە هێشتا گەرەنتی نەکراوە.
سەرچاوە: مركز الامارات للسیاسات، 29/5/2025
لینك: https://shorturl.at/kCXrF